Old/New Testament
پشتگیری کۆرش بۆ گەڕانەوەی ڕاپێچکراوەکان
1 لە ساڵی یەکەمی کۆرشی پاشای فارس، بۆ بەدیهێنانی پەیامی یەزدان کە لەسەر زاری یەرمیاوە فەرمووبووی، یەزدان ڕۆحی کۆرشی پاشای فارسی هەژاند. ئینجا بانگەوازێکی بەناو هەموو شانشینەکەیدا ڕاگەیاند، هەروەها بە نووسراویش فەرمانی دا:
2 «کۆرشی پاشای فارس ئاوا دەڵێت:
«”یەزدان، خودای ئاسمان هەموو شانشینەکانی زەوی داوەتە دەستم، ڕایسپاردووم پەرستگایەکی لە ئۆرشەلیمی یەهودا بۆ بنیاد بنێم. 3 کێ لە ئێوە سەر بە گەلەکەی ئەوە، با خودای خۆی لەگەڵ بێت و بەرەو ئۆرشەلیمی یەهودا بڕوات، پەرستگاکەی یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل بنیاد بنێتەوە. ئەو ئەو خودایەیە کە لە ئۆرشەلیمە. 4 هەرکەسێکیش لە هەر شوێنێک کە تێیدا ئاوارەیە و ماوەتەوە، با دانیشتووانی شوێنەکەی بە زێڕ و زیو و کەلوپەل و ئاژەڵی ماڵی یارمەتی بدەن، لەگەڵ ئەو بەخشینە ئازادانەی[a] کە دەیبەخشن بۆ پەرستگای خودا لە ئۆرشەلیم.“»
5 ئینجا گەورەی بنەماڵەکانی یەهودا و بنیامین لەگەڵ کاهین و لێڤییەکان، هەموو ئەوانەی خودا ڕۆحی هەژاندن، هەستان بۆ ئەوەی بچنە ئۆرشەلیم تاکو لەوێ ماڵەکەی یەزدان بنیاد بنێنەوە. 6 هەموو دراوسێکانیان بە قاپوقاچاغی زێڕ و زیو، بە کەلوپەل و ئاژەڵی ماڵی و بە دیاری نایاب یارمەتییان دان، سەرباری هەموو بەخشینە ئازادەکان. 7 کۆرشی پاشاش قاپوقاچاغەکانی پەرستگای یەزدانی دەرهێنا، ئەوانەی نەبوخودنەسر لە ئۆرشەلیمەوە دەریهێنابوون و لە پەرستگای خوداوەندەکەی خۆی داینابوو. 8 کۆرشی پاشای فارس لەسەر دەستی میترەداتی خەزنەدار دەریهێنا و بۆ شێشبەچەری میری یەهودای ژماردن.
9 ئەمەش ژمارەکەیانە:
سی لەگەنی زێڕین و هەزار لەگەنی زیوین؛
بیست و نۆ تاوەی زیوین؛
10 سی پەرداخی زێڕین لەگەڵ چوار سەد و دە پەرداخی زیوین؛
هەزار پارچە قاپوقاچاغی دیکە.
11 هەموو ئەو قاپوقاچاغەنەی لە زێڕ و زیو بوون، پێنج هەزار و چوار سەد پارچە بوون. لەگەڵ سەرکەوتنی ڕاپێچکراوەکان لە بابلەوە بۆ ئۆرشەلیم شێشبەچەر هەموو ئەمانەی لەگەڵ خۆی هێنا.
ئەوانەی لە ڕاپێچکراوی گەڕانەوە
2 ئەمانەش خەڵکی هەرێمەکەن، ئەوانەی لە ڕاپێچکراوی گەڕانەوە، ئەوانەی نەبوخودنەسری پاشای بابل بۆ بابل ڕاپێچی کردبوون، گەڕانەوە ئۆرشەلیم و یەهودا، هەریەکە بۆ شارۆچکەکەی خۆی. 2 ئەوانەی لەگەڵ زروبابل هاتنەوە، یەشوع، نەحەمیا، سەرایا، ڕەعێلایا، مۆردەخای، بیلشان، میسپار، بیگڤەی، ڕەحوم و بەعەنا.
ژمارەی پیاوانی گەلی ئیسرائیل:
3 نەوەی پەرعۆش، دوو هەزار و سەد و حەفتا و دوو؛
4 نەوەی شەفەتیا، سێ سەد و حەفتا و دوو؛
5 نەوەی ئارەح، حەوت سەد و حەفتا و پێنج؛
6 نەوەی پەحەتمۆئاب لە نەوەی یێشوع و یۆئاب، دوو هەزار و هەشت سەد و دوازدە؛
7 نەوەی ئیلام، هەزار و دوو سەد و پەنجا و چوار؛
8 نەوەی زەتو، نۆ سەد و چل و پێنج؛
9 نەوەی زەکای، حەوت سەد و شەست؛
10 نەوەی بانی، شەش سەد و چل و دوو؛
11 نەوەی بێڤەی، شەش سەد و بیست و سێ؛
12 نەوەی عەزگاد، هەزار و دوو سەد و بیست و دوو؛
13 نەوەی ئەدۆنیقام، شەش سەد و شەست و شەش؛
14 نەوەی بیگڤەی، دوو هەزار و پەنجا و شەش؛
15 نەوەی عادین، چوار سەد و پەنجا و چوار؛
16 نەوەی ئاتێر لە حەزقیا، نەوەد و هەشت؛
17 نەوەی بێسای، سێ سەد و بیست و سێ؛
18 نەوەی یۆرا، سەد و دوازدە؛
19 نەوەی حاشوم، دوو سەد و بیست و سێ؛
20 نەوەی گیبار، نەوەد و پێنج.
21 پیاوانی بێتلەحم، سەد و بیست و سێ؛
22 پیاوانی نەتۆفا، پەنجا و شەش؛
23 پیاوانی عەناتۆت، سەد و بیست و هەشت؛
24 پیاوانی عەزماڤەت، چل و دوو؛
25 پیاوانی قیریەت یەعاریم، کەفیرا و بئێرۆت، حەوت سەد و چل و سێ؛
26 پیاوانی ڕامە و گەڤەع، شەش سەد و بیست و یەک؛
27 پیاوانی میخماس، سەد و بیست و دوو؛
28 پیاوانی بێتئێل و عای، دوو سەد و بیست و سێ؛
29 پیاوانی نەبۆ، پەنجا و دوو؛
30 پیاوانی مەگبیش، سەد و پەنجا و شەش؛
31 پیاوانی ئیلامەکەی دیکە، هەزار و دوو سەد و پەنجا و چوار؛
32 پیاوانی حاریم، سێ سەد و بیست؛
33 پیاوانی لۆد، حادید و ئۆنۆ، حەوت سەد و بیست و پێنج؛
34 پیاوانی ئەریحا، سێ سەد و چل و پێنج؛
35 پیاوانی سەنائا، سێ هەزار و شەش سەد و سی.
36 کاهینەکان:
نەوەی یەدایا لە بنەماڵەی یێشوع، نۆ سەد و حەفتا و سێ.
37 نەوەی ئیمێر، هەزار و پەنجا و دوو.
38 نەوەی پەشحور، هەزار و دوو سەد و چل و حەوت.
39 نەوەی حاریم، هەزار و حەڤدە.
40 لێڤییەکان:
نەوەی یێشوع و قەدمیێل لە نەوەی هۆدەیڤاهو، حەفتا و چوار.
41 گۆرانیبێژەکان:
نەوەی ئاساف، سەد و بیست و هەشت.
42 نەوەی دەرگاوانەکانی پەرستگا:
نەوەکانی
شەلوم، ئاتێر، تەلمۆن، عەقوڤ، حەتیتا و شۆڤای، هەموویان سەد و سی و نۆ.
43 کۆیلە تەرخانکراوەکان[b]:
نەوەکانی
چیحا، حەسوفا، تەباعۆت،
44 قێرۆس، سیعەها، پادۆن،
45 لەڤانا، حەگاڤا، عەقوڤ،
46 حاگاڤ، شەلمای، حانان،
47 گیدێل، گەحەر، ڕەئایا،
48 ڕەچین، نەقۆدا، گەزام،
49 عوزە، پاسێیەح، بێسەی،
50 ئەسنا، مەعونیم، نەفوسیم،
51 بەقبوق، حەقوفا، حەرحور،
52 بەچلوت، مەحیدا، حەرشا،
53 بەرقۆس، سیسرا، تەمەح،
54 نەچیەح و حەتیفا.
55 نەوەی خزمەتکارەکانی سلێمان:
نەوەکانی
سۆتەی، هەسۆفەرەت، پەرودا،
56 یەعلا، دەرقۆن، گیدێل،
57 شەفەتیا، حەتیل،
پۆخەرەتهەچەڤایم و ئامی.
58 سەرجەم کۆیلە تەرخانکراوەکان و نەوەکانی خزمەتکارانی سلێمان، سێ سەد و نەوەد و دوو بوون.
59 ئەمانەش ئەوانەن کە لە شارۆچکەکانی تێلمەلەح، تێلحەرشا، کەروڤ، ئەدۆن و ئیمێرەوە سەرکەوتن، بەڵام نەیانتوانی پێناسەی بنەماڵە و ڕەچەڵەکیان دیاری بکەن کە لە نەوەی ئیسرائیلن:
60 نەوەکانی
دەلایا، تۆڤییا و نەقۆدا، شەش سەد و پەنجا و دوو.
61 لە نەوەی کاهینەکانیش:
نەوەکانی
حۆڤەیا، هەقۆچ و بەرزلای، کە کچێکی بەرزیلەیی گلعادی هێنا و بە نازناوی ئەوانەوە ناونرا.
62 ئەمانە بەدوای ڕەچەڵەکنامەکانیاندا گەڕان، بەڵام نەدۆزرانەوە، لەبەر ئەوە لە کاهینیێتی قەدەغە کران. 63 پارێزگارەکە پێی گوتن، نابێت لە هەرەپیرۆزەکان بخۆن هەتا ئەو کاتەی کاهینێک بۆ ئوریم و تومیم[c] دادەنرێت.
64 هەموو کۆمەڵەکە پێکەوە چل و دوو هەزار و سێ سەد و شەست کەس بوون، 65 جگە لە خزمەتکار و کارەکەرەکانیان کە حەوت هەزار و سێ سەد و سی و حەوت کەس بوون، هەروەها دوو سەد گۆرانیبێژی پیاو و ژنیان هەبوو. 66 حەوت سەد و سی و شەش ئەسپ، دوو سەد و چل و پێنج هێستر، 67 چوار سەد و سی و پێنج وشتر و شەش هەزار و حەوت سەد و بیست گوێدرێژیشیان لەگەڵدا بوو.
68 هەندێک لە گەورەی بنەماڵەکان لە کاتی گەیشتنیان بۆ ماڵی یەزدان لە ئۆرشەلیم، بە خواستی دڵی خۆیان بەخشینی ئازادیان پێشکەش کرد بۆ ماڵی یەزدان، بۆ بنیادنانەوەی ماڵی یەزدان لە شوێنەکەی خۆی. 69 بەپێی توانای خۆیان بە گەنجینەی بەڕێوەبردنی کارەکەیان بەخشی، شەست و یەک هەزار درهەمی زێڕ و پێنج هەزار مەنای[d] زیو، لەگەڵ سەد کراس بۆ کاهینەکان.
70 کاهین و لێڤی و گۆرانیبێژ و دەرگاوان و کۆیلە تەرخانکراوەکان، لەگەڵ هەندێک کەسانی دیکە، لە شارۆچکەکانی خۆیاندا نیشتەجێ بوون، پاشماوەی ئیسرائیلییەکانیش لە شارۆچکەکانی خۆیان نیشتەجێ بوون.
23 کاتێک سەربازەکان عیسایان لە خاچ دا، جلەکانیان برد و کردیانە چوار پارچە، بۆ هەر سەربازێک پارچەیەک. کراسەکەشیان برد، کراسەکە بێ دروومان بوو، لەسەرڕا یەک پارچە چنرابوو.
24 لەبەر ئەوە بە یەکتریان گوت: «با نەیدڕێنین. با تیروپشکی لەسەر بکەین بزانین بۆ کێ دەبێت.»
ئەمەش ڕوویدا تاکو نووسراوە پیرۆزەکە بێتە دی کە فەرموویەتی:
[جلوبەرگەکەی منیان لەنێو خۆیان بەشکرد و
تیروپشکیان لەسەر کراسەکەم کرد.][a]
جا سەربازەکان ئەمەیان کرد.
25 لەلای خاچەکەی عیسا، دایکی و پووری و مریەمی ژنی کلۆپا و مریەمی مەجدەلی ڕاوەستابوون. 26 کاتێک عیسا دایکی بینی و ئەو قوتابییەش کە خۆشی دەویست لەلای ڕاوەستاوە، بە دایکی فەرموو: «ژنەکە، ئەوەتا کوڕی تۆ.» 27 بە قوتابییەکەشی فەرموو: «ئەوەتا دایکی تۆ.» ئیتر لەو کاتەوە قوتابییەکە بردییەوە ماڵی خۆی.
مردنی عیسا
28 پاشان، لەبەر ئەوەی عیسا زانی کە هەموو شتێک تەواو بووە، هەروەها بۆ ئەوەی نووسراوە پیرۆزەکە[b] بێتە دی، فەرمووی: «تینوومە.» 29 گۆزەیەکی پڕ لە سرکە دانرابوو، ئیسفەنجێکی پڕ لە سرکەیان خستە سەر لقە زوفایەک و بەرزیان کردەوە بۆ دەمی. 30 کاتێک عیسا تامی سرکەکەی کرد، فەرمووی: «تەواو بوو.» لەدوای ئەوە سەری دانەواند و گیانی سپارد.
31 پاشان ڕابەرانی جولەکە داوایان لە پیلاتۆس کرد قاچی لەخاچدراوان بشکێنرێن و تەرمەکانیان هەڵبگیردرێن، چونکە ڕۆژی ئامادەکاری بوو، ئەو شەممەیە ڕۆژێکی گەورە بوو، تاکو تەرمەکان لە شەممەدا لەسەر خاچ نەمێنن. 32 ئینجا سەربازەکان هاتن و هەردوو قاچی ئەوەی یەکەم و ئەوی دیکەیان شکاند کە لەگەڵ عیسادا لە خاچ درابوون. 33 بەڵام کاتێک هاتنە لای عیسا بینییان وا مردووە، قاچییان نەشکاند. 34 بەڵام یەکێک لە سەربازەکان ڕمێکی لە کەلەکەی دا، دەستبەجێ خوێن و ئاو دەرچوو. 35 ئەو پیاوەی ئەمەی بینی شایەتی دا، شایەتییەکەشی ڕاستە. خۆی دەزانێت کە ڕاست دەڵێت، تاکو ئێوە باوەڕ بهێنن. 36 ئەمە ڕوویدا تاکو نووسراوە پیرۆزەکە بێتە دی: [هیچ ئێسکێکی ئەو ناشکێنرێت!][c] 37 هەروەها نووسراوێکی پیرۆزی دیکەش دەفەرموێ: [تەماشای ئەوە دەکەن کە ڕمیان لێداوە.][d]
ناشتنی عیسا
38 پاش ئەوە یوسفی خەڵکی ڕامە کە لە ترسی ڕابەرانی جولەکە بە نهێنی قوتابی عیسا بوو، داوای لە پیلاتۆس کرد تاکو تەرمی عیسا ببات، پیلاتۆسیش ڕێی دا. ئەویش هات و تەرمەکەی برد. 39 نیقۆدیمۆسیش هات، ئەوەی یەکەم جار بە شەو هاتە لای عیسا. لەگەڵ خۆی نزیکەی سی لیتر[e] موڕ[f]ی تێکەڵاو بە ئەلوای[g] هێنا. 40 جا تەرمەکەی عیسایان برد و بە کەتان لەگەڵ بۆن پێچایانەوە، وەک نەریتی جولەکەیە لە کفن کردن. 41 لەو شوێنەی عیسای تێدا لە خاچ درا باخچەیەکی لێبوو، لە باخچەکەشدا گۆڕێکی نوێی لێبوو کەسی تێدا نەنێژرابوو. 42 لەبەر ڕۆژی ئامادەکاری جولەکەکان عیسایان لەوێ دانا[h]، چونکە گۆڕەکە نزیک بوو.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.