Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Old/New Testament

Each day includes a passage from both the Old Testament and New Testament.
Duration: 365 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
دووەم پوختەی مێژوو 23-24

23 لە ساڵی حەوتەم یەهۆیاداع خۆی بەهێز کرد و پەیمانی بەست لەگەڵ فەرماندەی یەکەی سەدان، عەزەریای کوڕی یەرۆحام و ئیسماعیلی کوڕی یەهۆحانان و عەزەریای کوڕی عوبێد و مەعسێیاهوی کوڕی عەدایا و ئەلیشافاتی کوڕی زکری. ئەوانیش بەناو یەهودا گەڕان و لێڤییەکانیان لە هەموو شارۆچکەکانی یەهودا کۆکردەوە، لەگەڵ گەورەی بنەماڵەکانی ئیسرائیل و هاتن بۆ ئۆرشەلیم. ئینجا هەموو کۆمەڵەکە لەناو پەرستگای خودا پەیمانێکیان لەگەڵ پاشادا بەست.

یەهۆیاداع پێی گوتن: «کوڕەکەی پاشا دەبێت بە پاشا هەروەک چۆن یەزدان لەبارەی نەوەی داودەوە فەرمووی. ئەمە ئەو کارەیە کە ئێوە دەیکەن، سێیەکی ئێوە لە کاهین و لێڤییەکان کاتێک لە شەممەکاندا دەچنە ژوورەوە، با دەرگاوانی دەرگاکان بن، سێیەکیش لە کۆشکی پاشا و سێیەکیش لە دەروازەی بناغەکە، هەموو گەلیش لە حەوشەکانی پەرستگای یەزدان دەبن. جگە لەو کاهین و لێڤییانەی کە نۆرەی بەشەکانیانە بۆ خزمەت، با کەس نەچێتە ناو پەرستگای یەزدان، چونکە ئەوان تەرخانکراون و با هەموو گەلیش فەرمانەکانی یەزدان بەجێبگەیەنن. لێڤییەکان با چواردەوری پاشا بگرن، هەرکەسە و چەکەکەی لە دەست بێت، ئەوەی بێتە پەرستگاکەوە دەکوژرێت، لەگەڵ پاشا بن بۆ هەرکوێیەک بچێت.»

پاش ئەوە لێڤییەکان و هەموو یەهودا ئەوەیان کرد کە یەهۆیاداعی کاهین فەرمانی پێ کردن. هەر یەکێک پیاوەکانی خۆی برد و هاتنە لای یەهۆیاداعی کاهین، ئەوانەی لە ڕۆژی شەممە لەسەر ئەرکەکانیانن و ئەوانەی لەسەر ئەرک نین، چونکە یەهویاداعی کاهین کەسی بەڕێ نەکرد. هەروەها یەهۆیاداع ڕمەکان و قەڵغانە گەورە و بچووکەکانی داودی پاشا، ئەوانەی کە لە پەرستگای خودا بوون دایە فەرماندەی یەکەی سەدان و 10 هەموو پاسەوانەکانی، هەریەکە چەکەکەی بە دەستیەوە لەلای باشووری پەرستگاکەوە هەتا لای باکوور بە چواردەوری قوربانگاکە و پەرستگاکەدا، لە دەوری پاشا ڕاوەستاند.

11 ئەو کاتە کوڕەکەی پاشایان هێنایە دەرەوە و تاجەکەیان لەسەر سەری دانا، وێنەیەکی پەیمانەکەیان دایێ و کردیانە پاشا، یەهۆیاداع و کوڕەکانیشی دەستنیشانیان کرد و گوتیان: «بژی پاشا.»

12 کاتێک عەتەلیا گوێی لە دەنگی گەل بوو ڕادەکەن و ستایشی پاشا دەکەن، هاتە لای گەل کە لە پەرستگای یەزدان بوون، 13 تەماشای کرد وا پاشا لە دەروازەکەدا لەلای کۆڵەکەکەی ڕاوەستاوە، سەرکردەکان و کەڕەنا لێدەرەکان لەلای پاشان، هەموو گەلی خاکەکە دڵخۆشن و کەڕەنا لێ دەدەن. گۆرانیبێژەکان بە ئامێرەکانی مۆسیقا سەرپەرشتی ستایشکردنیان دەکرد. ئینجا عەتەلیا جلەکانی لەبەرخۆی دادڕی و گوتی: «ناپاکییە! ناپاکییە!»

14 یەهۆیاداعی کاهینیش فەرماندەی یەکەی سەدان و ئەفسەرانی لەشکری نارد و پێی گوتن: «بیبەنە دەرەوەی ڕیزەکان و ئەوەش کە بەدوای کەوت بە شمشێر بیکوژن،» چونکە پێشتر کاهینەکە گوتبووی، «لەناو پەرستگای یەزدان مەیکوژن.» 15 ئیتر کە گەیشتە شوێنی هاتنە ژوورەوەی کۆشکی پاشا گرتیان و لەوێ لەلای دەروازەی ئەسپەکان کوشتیان.

16 یەهۆیاداعیش پەیمانی لەنێوان خۆی و هەموو گەل و پاشادا بەست، هەتا ببنە گەلی یەزدان. 17 هەموو گەل هاتنە ناو پەرستگای بەعل و تێکیاندا و قوربانگا و بتەکانیان شکاند، مەتانی کاهینی بەعلیان لەبەردەم قوربانگاکان کوشت.

18 ئینجا یەهۆیاداع چاودێریکردنی پەرستگای یەزدانی دایە دەست کاهینە لێڤییەکان، ئەوانەی داود لە پەرستگای یەزداندا دابەشی کردن بۆ سەرخستنی قوربانی سووتاندنەکانی یەزدان، هەروەک لە تەوراتی موسادا نووسراوە، بە خۆشی و گۆرانییەوە لەسەر دەستی داود. 19 هەروەها دەرگاوانی بۆ دەرگاکانی پەرستگای یەزدان دانا بۆ ئەوەی ڕێگا نەدەن بە هیچ کەسێک کە گڵاو بووبێت بە شتێک، بێتە ژوورەوە.

20 پاشان فەرماندەی سەدان و شازادەکان و دەسەڵاتداران بەسەر گەل و هەموو گەلی خاکەکەی برد و پاشای لە پەرستگای یەزدانەوە هێنایە خوارەوە و بەناو دەروازەی سەرەوەدا چوونە ژوورەوە بۆ کۆشکی پاشا و پاشایان لەسەر تەختی پاشایەتییەکە دانا. 21 هەموو گەلی خاکەکەش دڵخۆش بوون و شارەکە حەوایەوە، عەتەلیاشیان بە شمشێر کوشت.

نۆژەنکردنەوەی پەرستگا

24 یۆئاش کە بوو بە پاشا، کوڕێکی حەوت ساڵان بوو، چل ساڵ لە ئۆرشەلیم پاشایەتی کرد، دایکی ناوی چیڤیا بوو، خەڵکی بیری شابەع بوو. یۆئاش لەبەرچاوی یەزدان ئەوەی ڕاست بوو کردی لە ماوەی کاهینیێتی یەهۆیاداع. یەهۆیاداع دوو ژنی بۆ یۆئاش هێنا و کوڕ و کچی بوو.

دوای ماوەیەک یۆئاش بڕیاری دا کە پەرستگای یەزدان نۆژەن بکاتەوە. کاهینە لێڤییەکانی کۆکردەوە و پێی گوتن: «بڕۆن بۆ شارۆچکەکانی یەهودا و لە هەموو ئیسرائیل ئەو زیوە کۆبکەنەوە کە ساڵانە بۆ چاککردنەوەی پەرستگای خوداتان دەدرێت. ئێوە لەم کارە بە پەلە بن.» بەڵام لێڤییەکان پەلەیان نەکرد.

لەبەر ئەوە پاشا یەهۆیاداعی سەرۆکی کاهینی بانگکرد و پێی گوت: «بۆچی داوات لە لێڤییەکان نەکردووە هەتا لە یەهودا و ئۆرشەلیمەوە باجەکەی موسای بەندەی یەزدان و کۆمەڵی ئیسرائیل بۆ چادری پەیمان بهێنن؟»

ئەوە بوو کوڕەکانی عەتەلیای خراپەکار پەرستگای خودایان تاڵان کردبوو، هەروەها هەموو شتە پیرۆزکراوەکانی پەرستگای یەزدانیان کردبووە هی بەعلەکان.

پاشا فەرمانی دا و سندوقێکیان دروستکرد، لەلای دەروازەی پەرستگای یەزدان بۆ دەرەوە دایاننا. بەناو یەهودا و ئۆرشەلیمدا بانگەوازیان کرد کە باجەکەی موسای بەندەی خودا ئەوەی لە چۆڵەوانی لەسەر ئیسرائیل دانرابوو، بۆ یەزدانی بهێنن. 10 هەموو سەرکردەکان و هەموو گەل بە خۆشی و شادمانییەوە باجەکانی خۆیان هێنا و خستیانە ناو سندوقەکە، هەتا پڕ بوو. 11 کاتێک لێڤییەکان سندوقەکەیان دەهێنا بۆ لای کاربەدەستانی پاشا و ئەوانیش دەیانبینی زیوەکە زۆر بووە، خامەی نهێنی[a] پاشا و بریکاری سەرۆکی کاهینیش دەهاتن و سندوقەکەیان بەتاڵ دەکرد و دەیانبردەوە بۆ شوێنەکەی خۆی، بەردەوام بەو جۆرەیان دەکرد، تاکو زیوێکی زۆریان کۆکردەوە. 12 پاشا و یەهۆیاداع دایانە ئەوانەی بە کارەکە هەڵدەستان، خزمەتکارانی پەرستگای یەزدان، ئەوانیش نەقاڕ و دارتاش و ئاسنگەر و بڕۆنزگەریان بەکرێ دەگرت بۆ نۆژەنکردنەوە و نوێکردنەوەی پەرستگای یەزدان.

13 ئەوانەی بە کارەکە هەڵدەستان کارەکەیان کرد، کارەکە لە دەستیان سەرکەوتوو بوو، پەرستگای خودایان لەسەر شێوەی یەکەمجاری بنیاد نایەوە و تۆکمەیان کرد. 14 کاتێک تەواو بوون، ئەوەی لە زیوەکە مابووەوە هێنایانە بەردەم پاشا و یەهۆیاداع، جا قاپوقاچاغیان بۆ پەرستگای یەزدان دروستکرد، قاپوقاچاغی خزمەتکردن و پێشکەشکردن و کەوچک و جامی زێڕین و چەند کەلوپەلێکی دیکە لە زێڕ و زیو. بە درێژایی ژیانی یەهۆیاداع بەردەوام قوربانی سووتاندنیان لە پەرستگای یەزدان پێشکەش دەکرد.

15 یەهۆیاداع پیر بوو و چووە ساڵەوە و لە تەمەنی سەد و سی ساڵیدا مرد. 16 لە شاری داود لەگەڵ پاشاکان ناشتیان، چونکە لە ئیسرائیل چاکەی لەگەڵ خودا و پەرستگاکەی کرد.

بەدکاری یۆئاش

17 پاش مردنی یەهۆیاداع پیاوە گەورەکانی یەهودا هاتن و کڕنۆشیان بۆ پاشا برد، ئینجا پاشا گوێی لێ گرتن. 18 ئیتر وازیان لە پەرستگای یەزدان، خودای باوباپیرانی خۆیان هێنا و ستوونە ئەشێرا و بتەکانیان پەرست، جا لەبەر ئەم تاوانەیان تووڕەیی خودا هاتە سەر خاکی یەهودا و ئۆرشەلیم. 19 هەرچەندە یەزدان پێغەمبەری بۆ ناردن هەتا بۆ یەزدانیان بگێڕنەوە و شایەتییان لەسەر بدەن، بەڵام گوێیان نەگرت.

20 ئینجا ڕۆحی خودا هاتە سەر زەکەریای کوڕی یەهۆیاداعی کاهین. بەرامبەر گەل ڕاوەستا و پێی گوتن: «خودا ئەمە دەفەرموێت: ”بۆچی سەرپێچی فەرمانەکانی یەزدان دەکەن؟ لەبەر ئەوە سەرکەوتوو نابن، چونکە وازتان لە یەزدان هێنا، ئەویش وازی لێ هێنان.“»

21 بەڵام پیلانیان لێی گێڕا و بە فەرمانی پاشا لە حەوشەی پەرستگای یەزدان بەردبارانیان کرد. 22 یۆئاشی پاشا ئەو دڵسۆزییەی لەبیر چوو کە یەهۆیاداعی باوکی زەکەریا لەگەڵی کردی و کوڕەکەی ئەوی کوشت، ئەویش لەسەرەمەرگیدا گوتی: «یەزدان دەبینێت و پاداشت دەداتەوە.»

23 ئەوە بوو لە بەهاری ساڵ، سوپای ئارامییەکان هێرشیان کردە سەر یۆئاش، پەلاماری یەهودا و ئۆرشەلیمیان دا و هەموو ڕابەرەکانی گەلیان کوشت، ئیتر هەموو تاڵانی و دەستکەوتەکانیان بۆ پاشای دیمەشق نارد. 24 هەرچەندە سوپای ئارامییەکان بە کۆمەڵێکی کەمەوە هاتبوون، بەڵام یەزدان بەسەر سوپایەکی گەورەتردا زاڵی کردن. لەبەر ئەوەی گەلی یەهودا وازیان لە یەزدانی پەروەردگاری باوباپیرانی خۆیان هێنا، سەبارەت بە یۆئاشیش دادوەریان بەجێگەیاند. 25 کاتێک ئارامییەکان کشانەوە، ئەویان بە برینێکی سەختەوە بەجێهێشت. کاربەدەستەکانی پیلانیان لێی گێڕا لەبەر خوێنی کوڕەکانی یەهۆیاداعی کاهین، جا لەسەر قەرەوێڵەکەی لێیاندا و کوشتیان. لە شاری داود ناشتیان، بەڵام لە گۆڕستانی پاشاکان نەیانناشت.

26 ئەو دوو کەسە بوون کە پیلانیان لێی گێڕا: زاڤاد[b] کە کوڕی ژنێکی عەمۆنی بوو بە ناوی شیمەعات، یەهۆزاڤاد کە کوڕی ژنێکی مۆئابی بوو بە ناوی شیمریت. 27 بەڵام سەرگوزەشتەی کوڕەکانی و زۆری پێشبینییەکان سەبارەت بە ئەو و نۆژەنکرنەوەی پەرستگای خودا، وا لە لێکدانەوەی پەڕتووکی پاشایان نووسراونەتەوە. ئەمەسیای کوڕی لەدوای خۆی بوو بە پاشا.

یۆحەنا 15

من مێوی ڕاستەقینەم

15 «منم مێوی ڕاستەقینە، باوکیشم ڕەزەوانەکەیە. هەر لقێک لە مندا بەر نەگرێت لێی دەکاتەوە. هەر لقێکیش بەر بگرێت پاکی دەکاتەوە تاکو بەرهەمی زیاتر بدات. ئێوە ئێستا بەهۆی ئەو قسەیەی بۆم کردن پاکن. بە منەوە پەیوەست بن و منیش بە ئێوەوە. چۆن لق بەتەنها ناتوانێت بەرهەم بدات ئەگەر بە دار مێوەکەوە پەیوەست نەبێت، ئێوەش ئاوان، ئەگەر بە منەوە پەیوەست نەبن.

«منم مێوەکە و ئێوەش لقەکانن. ئەوەی بە منەوە پەیوەست بێت و منیش بەوەوە، ئەوا بەرهەمی زۆر دەگرێت، چونکە بەبێ من ناتوانن هیچ شتێک بکەن. ئەوەی بە منەوە پەیوەست نەبێت وەک لق فڕێدەدرێتە دەرەوە، وشک دەبێت و کۆدەکرێتەوە، فڕێدەدرێتە ناو ئاگر و دەسووتێت. ئەگەر بە منەوە پەیوەست بن و وتەکانم لە ناختان بچەسپێت، هەرچییەکتان دەوێ داوای بکەن بۆتان دەبێت. باوکم بەمە شکۆدار دەبێت، کە بەرهەمی زۆر بهێنن، بەم شێوەیە دەبنە قوتابی من.

«هەروەک چۆن باوک منی خۆشویستووە، ئاوا ئێوەم خۆشویستووە، جا بە خۆشەویستییەکەمەوە پەیوەست بن. 10 ئەگەر ئێوە کار بە ڕاسپاردەکانم دەکەن، بە خۆشەویستییەکەمەوە پەیوەست دەبن، هەروەک من کارم بە ڕاسپاردەکانی باوکم کردووە و بە خۆشەویستییەکەیەوە پەیوەست دەبم. 11 ئەم شتانەم پێ گوتن تاکو خۆشی منتان تێدابێت و خۆشیتان پڕ و تەواو بێت. 12 ڕاسپاردەی من ئەمەیە: یەکتریتان خۆشبوێ وەک خۆشمویستن. 13 کەس خۆشەویستی لەمە گەورەتری نییە کە یەکێک ژیانی خۆی بۆ دۆستەکانی دابنێت. 14 ئێوە دۆستی منن، ئەگەر کار بەوە بکەن کە ڕاتاندەسپێرم. 15 ئیتر بە کۆیلە ناوتان نابەم، چونکە کۆیلە نازانێت گەورەکەی چی دەکات. بەڵام ناوی دۆستم لێنان چونکە هەرچییەکم لە باوکمەوە بیستبوو پێم ڕاگەیاندن. 16 ئێوە منتان هەڵنەبژارد، بەڵکو من ئێوەم هەڵبژارد، دەستنیشانم کردن تاکو بڕۆن بەرهەم بهێنن و بەرهەمەکەتان بمێنێت، تاکو هەرچییەک بە ناوی منەوە لە باوک داوا بکەن دەتانداتێ. 17 بەمانە ڕاتاندەسپێرم تاکو یەکتریتان خۆشبوێ.

ڕقی جیهان

18 «ئەگەر جیهان ڕقی لێتان دەبێتەوە، ئەوە بزانن پێش ئێوە ڕقی لە من بووەتەوە. 19 ئەگەر ئێوە هی جیهان بوونایە، ئەوا جیهانەوە وەکو هی خۆی خۆشی دەویستن. ئێستا ئێوە هی جیهان نین بەڵام من لە جیهان هەڵمبژاردوون، لەبەر ئەوە جیهان ڕقی لێتانە. 20 بیهێننەوە بیرتان چیم پێ گوتن: ”کۆیلە لە گەورەکەی گەورەتر نییە.“[a] ئەگەر منیان چەوساندبێتەوە، ئێوەش دەچەوسێننەوە. ئەگەر وشەی منیان پاراستووە، هی ئێوەش دەپارێزن. 21 بەڵام هەموو ئەمانەتان لەبەر ناوی من پێ دەکەن، چونکە ئەوەی ناردوومی ئەوان نایناسن. 22 ئەگەر نەهاتمایە و قسەم بۆ نەکردنایە، گوناهیان نەدەبوو، بەڵام ئێستا بیانوویان نییە بۆ گوناهەکەیان[b]. 23 ئەوەی ڕقی لە من بێتەوە، ڕقی لە باوکیشمە. 24 ئەگەر لەنێوانیاندا ئەو کارانەم نەکردبووایە کە کەسی دیکە نەیکردووە، گوناهیان نەدەبوو. بەڵام ئێستا بینییان و ڕقیان لە من و لە باوکم بووەتەوە. 25 بەڵام ئەمە ڕوویدا تاکو ئەو وتەیە بێتە دی کە لە تەوراتەکەیاندا نووسراوە: [بەبێ هۆ ڕقیان لێم بووەوە.][c]

26 «جا کاتێک یارمەتیدەرەکە دێت، ئەوەی لەلایەن باوکەوە بۆتانی دەنێرم، کە ڕۆحی ڕاستییە کە لە باوکەوە هەڵدەقوڵێت، ئەو شایەتیم بۆ دەدات. 27 ئێوەش شایەتی دەدەن، چونکە لە سەرەتاوە لەگەڵ منن.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.