Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Old/New Testament

Each day includes a passage from both the Old Testament and New Testament.
Duration: 365 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
دووەم پوختەی مێژوو 21-22

21 ئیتر یەهۆشافات لەگەڵ باوباپیرانی سەری نایەوە، لە شاری داود لەگەڵ باوباپیرانی نێژرا. یەهۆرامی کوڕی لەدوای خۆی بوو بە پاشا. یەهۆرامی کوڕی یەهۆشافات چەند برایەکی هەبوو، عەزەریا، یەحیێل، زەکەریا، عەزرەیاهو، میکائیل و شەفەتیا، هەموو ئەمانە کوڕی یەهۆشافاتی پاشای ئیسرائیل[a] بوون. باوکیان لە زێڕ و زیو و شتی گرانبەها زۆری پێدابوون، لەگەڵ شارە قەڵابەندەکان لە یەهودا، بەڵام پاشایەتییەکەی بە یەهۆرام دا، چونکە نۆبەرە بوو.

پاشایەتی یەهۆرام

کاتێک یەهۆرام جڵەوی پاشایەتییەکەی باوکی گرتە دەست و بەهێز بوو، هەموو براکانی و هەندێک لە میرەکانی ئیسرائیلی بە شمشێر کوشت. یەهۆرام تەمەنی سی و دوو ساڵ بوو کاتێک بوو بە پاشا، هەشت ساڵ لە ئۆرشەلیم پاشایەتی کرد و هەمان ڕێچکەی پاشاکانی ئیسرائیل و بنەماڵەی ئەحاڤی گرتەبەر، چونکە کچەکەی ئەحاڤ ژنی بوو، لەبەرچاوی یەزدان خراپەکاری کرد. لەگەڵ ئەوەش یەزدان نەیویست بنەماڵەی داود لەناوببات، لەبەر ئەو پەیمانەی لەگەڵ داود بەستبووی، هەروەک پێی فەرموو بۆ هەتاهەتایە چرایەک دەداتە خۆی و نەوەکانی.

لە سەردەمی پاشایەتی یەهۆرام، ئەدۆم لە یەهودا یاخی بوو، پاشایەکیان بۆ خۆیان دانا. ئیتر یەهۆرام لەگەڵ سەرکردەکانی و هەموو گالیسکەکانی پەڕییەوە. لەوێ ئەدۆمییەکان ئابڵوقەیان دان، بەڵام شەو خۆی و سەرکردەی گالیسکەکانی هەستان و ئابڵوقەکەیان شکاند و دەرباز بوون. 10 هەتا ئێستاش ئەدۆم لە یەهودا یاخییە.

هەر لەو کاتەدا لیڤناش یاخی بوو، چونکە یەهۆرام وازی لە یەزدانی پەروەردگاری باوباپیرانی خۆی هێنابوو. 11 هەروەها ئەو نزرگەکانی سەر بەرزایی لە چیاکانی یەهودا دروستکرد و وای لە دانیشتووانی ئۆرشەلیم کرد داوێنپیسی بکەن و یەهودای گومڕا کرد.

12 یەهۆرام نامەیەکی لەلایەن ئەلیاس پێغەمبەرەوە وەرگرت کە تێیدا نووسرابوو:

«یەزدانی پەروەردگاری داودی باوکت ئەمە دەفەرموێت: ”لەبەر ئەوەی تۆ ڕێچکەی یەهۆشافاتی باوکت و ئاسای پاشای یەهودات نەگرتەبەر، 13 بەڵکو ڕێچکەی پاشاکانی ئیسرائیلت گرتەبەر و وات لە یەهودا و دانیشتووانی ئۆرشەلیم کرد وەک ماڵی ئەحاڤ داوێنپیسی بکەن، هەروەها براکانی خۆتت کوشت، ئەوانەی ماڵی باوکت کە لە تۆ باشتر بوون. 14 ئەوەتا یەزدان گورزێکی جەرگ بڕ لە گەلەکەت، کوڕەکانت، ژنەکانت و هەموو ئەوەی هەتە دەوەشێنێت، 15 خۆشت تووشی نەخۆشییەکی ڕیخۆڵە دەبیت کە سەخت و درێژخایەن دەبێت، هەتا ڕیخۆڵەکانت لە لەشت دێنە دەرەوە.“»

16 ئینجا یەزدان ڕۆحی فەلەستییەکان و عەرەبەکانی لای کوشییەکانی لە یەهۆرام وروژاند و 17 پەلاماری یەهودایان دا و داگیریان کرد و هەرچی لە کۆشکی پاشادا هەبوو لەگەڵ کوڕەکانی و ژنەکانیدا بردیان و هیچی بۆ نەمایەوە جگە لە ئەحەزیای کوڕە بچکۆلەی.

18 پاش هەموو ئەمانەش یەزدان یەهۆرامی تووشی نەخۆشی ڕیخۆڵە کرد و چارەسەریشی نەبوو. 19 نەخۆشییەکە بۆ ماوەیەک بەردەوام بوو هەتا لەدوای دوو ساڵ ڕیخۆڵەکانی هاتنە دەرەوە و بە ئازاری زۆرەوە مرد، گەلەکەشی ئاگرێکی وەک ئاگری[b] باوباپیرانیان بۆ نەکردەوە.

20 یەهۆرام لە تەمەنی سی و دوو ساڵیدا بوو بە پاشا و هەشت ساڵ لە ئۆرشەلیم پاشایەتی کرد و کە ڕۆیشت کەس بۆی بە داخ نەبوو و لە شاری داود ناشتیان، نەک لە گۆڕستانی پاشاکاندا.

پاشایەتی ئەحەزیا

22 دانیشتووانی ئۆرشەلیم ئەحەزیای بچووکترین کوڕی یەهۆرامیان لە جێی ئەو کردە پاشا، چونکە هەموو ئەوانی پێش ئەم بە دەستی چەتەکان کوژران، ئەوانەی لەگەڵ عەرەبەکاندا هاتنە ناو ئۆردوگاکەوە. لەبەر ئەوە ئەحەزیای کوڕی یەهۆرامی پاشای یەهودا بوو بە پاشا.

ئەحەزیا گەنجێکی بیست و دوو ساڵان بوو کە بوو بە پاشا، یەک ساڵ لە ئۆرشەلیم پاشایەتی کرد، دایکی ناوی عەتەلیای کچەزای عۆمری بوو.

ئەحەزیا ڕێچکەی بنەماڵەی ئەحاڤی گرتەبەر، چونکە دایکی هانی دەدا کاری خراپە بکات. ئەویش هەروەک بنەماڵەی ئەحاڤ لەبەرچاوی یەزدان خراپەکاری کرد، چونکە لەدوای مردنی باوکی ئەوان ڕاوێژکاری بوون و بوونە هۆی لەناوبردنی. هەروەها بە ڕاوێژی ئەوانی کرد و لەگەڵ یۆرامی کوڕی ئەحاڤی پاشای ئیسرائیلدا چووە جەنگ لە دژی حەزائێلی پاشای ئارام لە ڕامۆتی گلعاد. ئارامییەکان یۆرامیان پێکا، لەبەر ئەوە گەڕایەوە یەزرەعیل هەتا لەوێ لەو برینانەی چاک بێتەوە کە لە ڕامۆت [c] لە کاتی شەڕکردنی لە دژی حەزائێلی پاشای ئارام پێکرابوو.

لەدوای ئەوە ئەحەزیای کوڕی یەهۆرامی پاشای یەهوداش چوو بۆ یەزرەعیل هەتا چاوی بە یۆرامی کوڕی ئەحاڤ بکەوێت، چونکە نەخۆش بوو.

جا لەناوچوونی ئەحەزیا لەلای خوداوە بوو بە هاتنی بۆ لای یۆرام. کاتێک کە هات لەگەڵ یۆرامدا چوون بۆ لای یێهوی کوڕی نیمشی، ئەوەی یەزدان بۆ بنبڕکردنی ماڵی ئەحاڤ دەستنیشانی کرد. ئەوە بوو کاتێک یێهو سزای دادوەرانەی بەسەر ماڵی ئەحاڤدا دەدا، تووشی بوو بە تووش سەرکردەکانی یەهودا و برازاکانی ئەحەزیاوە ئەوانەی خزمەتی ئەحەزیایان دەکرد و کوشتنی. ئینجا بەدوای ئەحەزیادا گەڕا و لە سامیرە پیاوەکانی دەستگیریان کرد، کە خۆی شاردبووەوە، هێنایان بۆ لای یێهو و کوشتیان و ناشتیان، چونکە گوتیان: «ئەو لە نەوەی یەهۆشافاتە ئەوەی بە هەموو دڵییەوە ڕووی لە یەزدان کرد.» ئیتر کەس لە ماڵی ئەحەزیادا نەبوو توانای پاشایەتییەکەی هەبێت.

عەتەلیا و یۆئاش

10 کاتێک عەتەلیای دایکی ئەحەزیاش کە بینی کوڕەکەی مردووە، هەستا و هەموو ڕەچەڵەکی شاهانەی بنەماڵەی یەهودای لەناوبرد. 11 بەڵام یەهۆشەڤەعی کچی یەهۆرام پاشا، پێش کوشتنی شازادەکان یۆئاشی کوڕی ئەحەزیای برد و ڕفاندی و لەگەڵ دایەنەکەی لە ژووری نوستن داینا. یەهۆشەڤەعی کچی یەهۆرامی پاشا ژنی یەهۆیاداعی کاهین بوو، هەروەها خوشکی ئەحەزیا بوو، ئیتر برازاکەی لە عەتەلیا شاردەوە هەتا نەتوانێ بیکوژێت. 12 ماوەی شەش ساڵ لەگەڵیاندا بە نهێنی لە پەرستگای خودا مایەوە، عەتەلیاش شاژنی خاکەکە بوو.

یۆحەنا 14

ماڵی باوکم

14 «نیگەران مەبن. پشت بە خودا ببەستن[a]، پشت بە منیش ببەستن. ماڵی باوکم ژووری زۆری لێیە، ئەگەر ئاوا نەبووایە پێم دەگوتن. من دەچم تاکو شوێنتان بۆ ئامادە بکەم. جا کە ڕۆیشتم و شوێنم بۆ ئامادەکردن، دێمەوە و دەتانبەمە لای خۆم، تاکو ئێوەش لەو شوێنە بن کە من لێی دەبم. ئێوەش ڕێگای ئەو شوێنە دەزانن کە بۆی دەچم.»

من ڕێگا و ڕاستی و ژیانم

تۆماس پێی گوت: «گەورەم، نازانین بۆ کوێ دەچیت، چۆن ڕێگاکە بزانین؟»

عیساش پێی فەرموو: «منم ڕێگا و ڕاستی و ژیان. کەس نایەتە لای باوک لە ڕێگەی منەوە نەبێت. ئەگەر ئێوە منتان بناسیایە، باوکیشمتان دەناسی. لە ئێستاوە دەیناسن و بینیوتانە.»

فیلیپۆس پێی گوت: «گەورەم، باوکمان پیشان بدە و بەسمانە.»

عیساش پێی فەرموو: «فیلیپۆس، ئایا ماوەیەکی درێژە لەگەڵتانم و نەتناسیوم؟ ئەوەی منی بینیوە باوکی بینیوە. ئیتر چۆن دەڵێی: ”باوکمان نیشان بدە“؟ 10 ئایا باوەڕ ناکەی من لە باوکدام و باوکیش لە مندایە؟ ئەو قسانەی پێتانی دەڵێم لە خۆمەوە نایڵێم، بەڵکو باوک کە لە مندا نیشتەجێیە، ئەو کارەکانی خۆی دەکات. 11 باوەڕم پێ بکەن کە من لە باوکدام و باوکیش لە مندایە، ئەگەر نا بەهۆی کارەکان خۆیانەوە باوەڕ بکەن. 12 ڕاستی ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئەوەی باوەڕم پێ بهێنێت، ئەو کارانە دەکات کە من دەیکەم، لەمانەش گەورەتر[b] دەکات، چونکە بۆ لای باوک دەچم. 13 هەرچییەک بە ناوی منەوە داوا بکەن دەیکەم، تاکو باوک لە کوڕەکەدا شکۆدار بێت. 14 ئەگەر شتێکتان بە ناوی منەوە داوا کرد، دەیکەم.

بەڵێنی هاتنی ڕۆحی پیرۆز

15 «ئەگەر منتان خۆشبوێ کار بە ڕاسپاردەکانم دەکەن. 16 منیش داوا لە باوک دەکەم یارمەتیدەرێکی[c] دیکەتان[d] بداتێ کە هەتاهەتایە لەگەڵتان بمێنێتەوە، 17 ڕۆحی ڕاستی، کە جیهان ناتوانێت وەریبگرێت، چونکە نایبینێت و نایناسێت. بەڵام ئێوە دەیناسن، چونکە لەگەڵتان دەمێنێتەوە و لەناو ئێوەدا دەبێت. 18 بە هەتیوی بەجێتان ناهێڵیم، دێمەوە لاتان. 19 پاش ماوەیەکی کەم ئیتر جیهان نامبینێت، بەڵام ئێوە دەمبینن. لەبەر ئەوەی زیندووم و ئێوەش دەژین. 20 لەو ڕۆژەدا دەزانن من لە باوکمدام، ئێوەش لە مندان، منیش لە ئێوەدام. 21 ئەوەی ڕاسپاردەکانی منی لەلایە و کاریان پێ دەکات، ئەوا منی خۆشدەوێت. ئەوەی منی خۆشبوێ، باوکیشمی خۆشدەوێت، منیش خۆشمدەوێت و خۆمی بۆ دەردەخەم.»

22 ئینجا یەهوزایەکی دیکە کە یەهوزای ئەسخەریوتی نەبوو لێی پرسی: «گەورەم، بۆچی دەتەوێ خۆت بۆ ئێمە دەربخەیت، بەڵام بۆ جیهان نا؟»

23 عیسا وەڵامی دایەوە: «ئەوەی منی خۆشبوێ کار بە وتەکانم دەکات، باوکیشم خۆشی دەوێت و من و باوک دێینە لای و لەلای ئەویش نیشتەجێ دەبین. 24 ئەوەش کە منی خۆشناوێت کار بە وتەکانم ناکات. ئەم وتانەی گوێتان لێی دەبێت هی من نییە، بەڵکو هی ئەو باوکەیە کە ناردوومی.

25 «ئەمانەم پێ گوتن کە هێشتا لەلاتانم. 26 بەڵام یارمەتیدەرەکە، ڕۆحی پیرۆز، ئەوەی باوک بە ناوی منەوە دەینێرێت، ئەو هەموو شتێکتان فێردەکات و هەموو ئەو شتانەی پێم گوتوون بیرتان دەخاتەوە[e].

ئاشتی عیسا

27 «ئاشتیتان بۆ بەجێدەهێڵم، ئاشتی خۆمتان دەدەمێ. ئەوەی من دەتاندەمێ وەک ئەوە نییە کە جیهان دەتانداتێ. نیگەران مەبن و مەترسن. 28 گوێتان لێبوو پێم گوتن: ”دەڕۆم و دێمەوە لاتان.“ ئەگەر منتان خۆشبوێ، دڵشاد دەبن کە دەچمە لای باوک، چونکە باوک لە من مەزنترە. 29 ئەوەتا ئێستا پێش ڕوودانی پێم گوتن، تاکو کاتێک ڕوویدا باوەڕ بهێنن. 30 لەمەولا زۆر قسەتان لەگەڵ ناکەم، چونکە سەرۆکی ئەم جیهانە[f] وا دێت. هیچ دەسەڵاتێکی بەسەر مندا نییە، 31 بەڵام ئەو دێت تاکو جیهان بزانێت باوکم خۆشدەوێت و بەو شێوەیە کار دەکەم کە باوک ڕایسپاردووم.

«هەستن با لێرە بڕۆین.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.