Old/New Testament
19 کاتێک یەهۆشافاتی پاشای یەهودا بە سەلامەتی گەڕایەوە کۆشکەکەی لە ئۆرشەلیم، 2 یێهوی کوڕی حەنانی، ئەوەی پەیامی خودای بە پاشا ڕادەگەیاند، چووە لای و بە یەهۆشافات پاشای گوت: «ئایا دەبوو یارمەتی خراپەکار بدەیت و ئەوانەت خۆشبوێت کە ڕقیان لە یەزدانە؟ لەبەر ئەوە تووڕەیی یەزدانت لەسەرە. 3 بەڵام هەندێک کاری چاکت لێ بەدی کراوە، چونکە ستوونە ئەشێراکانت لە خاکەکەدا داماڵی و خۆتت تەرخان کردووە بۆ ڕوو لە خودا کردن.»
دانانی دادوەر لە شارە قەڵابەندەکان
4 یەهۆشافات لە ئۆرشەلیم نیشتەجێ بوو، دیسان لە ئۆرشەلیم هاتە دەرەوە و بەناو گەلدا گەڕا، لە بیری شابەعەوە هەتا ناوچە شاخاوییەکانی ئەفرایم و ئەوانی بۆ لای یەزدانی خودای باوباپیرانیان گەڕاندەوە. 5 هەروەها دادوەری لە هەموو شارە قەڵابەندەکانی یەهودا دانا و 6 بە دادوەرەکانی گوت: «ئاگاداربن ئێوە چی دەکەن، چونکە ئێوە دادوەری بۆ مرۆڤ ناکەن، بەڵکو بۆ یەزدان، ئەویش لە بڕیارداندا لەگەڵتان دەبێت. 7 ئێستاش با ترسی یەزدانتان لە دڵدا بێت و ئاگاداربن و کار بکەن، چونکە لەلای یەزدانی پەروەردگارمان ناڕەوایی و لایەنگری و بەرتیل خواردن نییە.»
8 هەروەها یەهۆشافات لە لێڤی و کاهین و گەورەی بنەماڵەکانی ئیسرائیل چەند کەسێکی لە ئۆرشەلیم دانا بۆ دادوەریکردن بەگوێرەی فێرکردنی یەزدان و بۆ ناوبژیکردنی ناکۆکییەکان، ئەوانیش لە ئۆرشەلیم دانیشتن. 9 فەرمانی پێ کردن و گوتی: «ئاوا کار دەکەن، بە لەخواترسی و بە دڵسۆزی و بە دڵێکی تەواوەوە. 10 هەر داوایەک کە برایانی دانیشتووی شارەکانتان دەیهێننە لاتان، پەیوەست بێت بە خوێنڕشتن یان بە فێرکردنەکان سەبارەت بە فەرمان و حوکمەکان، ئەوا ئاگاداریان بکەنەوە لە دژی یەزدان تاوان نەکەن، نەوەک تووڕەیی یەزدان بێتە سەر خۆتان و گەلەکەتان. ئەگەر بەم شێوەیە بکەن، تاوان ناکەن.
11 «ئەمەریای سەرۆک کاهین لە هەموو کاروبارەکانی یەزدان سەرپەرشتیتان دەکات، زەڤەدیای کوڕی ئیسماعیلیش سەرۆکی هۆزی یەهودایە و لە هەموو کاروبارەکانی پاشا سەرپەرشتیتان دەکات و لێڤییەکانیش وەکو کاربەدەست یارمەتیدەرتان دەبن. ئازابن و دەستبەکار بن، با یەزدانیش لەگەڵ چاکەکاران بێت.»
بەزاندنی مۆئاب و عەمۆن
20 پاش ئەوەی مۆئابی و عەمۆنییەکان کە هەندێک مەعونیشیان لەگەڵ بوو، هاتن بۆ ئەوەی لە دژی یەهۆشافات بجەنگن.
2 کەسانێک هاتن و بە یەهۆشافاتیان ڕاگەیاند و گوتیان: «سوپایەکی زۆر گەورە لەوبەری دەریای مردووەوە[a] لە ئەدۆمەوە بەڕێکەوتوون بێنە سەرت، وا لە حەچەچۆن تامارن کە کانی گەدییە.» 3 یەهۆشافاتیش ترسا و بڕیاری دا پرسیار لە یەزدان بکات، ئیتر لە هەموو یەهودا ڕۆژووی ڕاگەیاند. 4 خەڵکی یەهودا کۆبوونەوە بۆ نزا و داواکردنی یارمەتی لە یەزدان، هەروەها لە هەموو شارۆچکەکانی یەهوداوە هاتن هەتا ڕوو لە یەزدان بکەن.
5 ئینجا یەهۆشافات لەنێو کۆمەڵی یەهودا و ئۆرشەلیم لە پەرستگای یەزدان بەرامبەر بە حەوشە نوێیەکە وەستا و 6 گوتی:
«ئەی یەزدان، خودای باوباپیرانمان، ئایا تۆ ئەو خودایە نیت کە لە ئاسمانە؟ تۆ فەرمانڕەوای هەموو پاشایەتی نەتەوەکانیت. هێز و توانا لە دەستی تۆدایە و کەس نییە خۆی لەبەردەمت ڕابگرێت. 7 ئەی خودامان، ئایا تۆ نەبوویت کە دانیشتووانی ئەم خاکەت لەبەردەم ئیسرائیلی گەلت وەدەرنا و هەتاهەتایە بە وەچەی ئیبراهیمی دۆستی خۆتت دا؟ 8 تێیدا نیشتەجێ بوون و لەناویدا پیرۆزگایەکیان بۆ ناوت بنیاد نا و گوتیان: 9 ”ئەگەر خراپە بێتە سەرمان، شمشێر و حوکم بەسەردادان و پەتا و قاتوقڕی، لەبەردەم ئەم پەرستگایە و لەبەردەمت ڕادەوەستین، چونکە ئەم پەرستگایە کە هەڵگری ناوی تۆیە و لە تەنگانەماندا هاوارت بۆ دەکەین و گوێت لێ دەبێت و ڕزگارمان دەکەیت.“
10 «ئێستاش تەماشا بکە، سوپاکانی عەمۆن و مۆئاب و کێوی سێعیر، ئەوانەی ڕێگات بە ئیسرائیل نەدا پەلاماریان بدەن کاتێک لە خاکی میسرەوە هاتن. ئیتر ئیسرائیلیش خۆی لێیان لادا و لەناویان نەبردن. 11 ببینە، چۆن ئێستا ئەوان بە خراپە پاداشتمان دەدەنەوە، لەو موڵکە دەرماندەکەن کە تۆ بە میرات پێتداین. 12 ئەی خودای ئێمە، ئایا حوکمیان بەسەردا نادەیت؟ چونکە ئێمە توانامان نییە بەرامبەر ئەو سوپا زۆر گەورەیەی پەلامارمان دەدەن و ئێمە نازانین چی بکەین بەڵام چاومان لە تۆیە.»
13 هەموو پیاوانی یەهوداش لەبەردەم یەزدان ڕاوەستابوون، هەروەها ژن و منداڵ و کوڕەکانیشیان.
14 ئینجا لەنێو کۆمەڵەکە ڕۆحی یەزدان هاتە سەر یەحەزیێلی کوڕی زەکەریای کوڕی بەنایای کوڕی یەعیێلی کوڕی مەتەنیای لێڤی لە نەوەی ئاساف.
15 گوتی: «ئەی هەموو یەهودا و دانیشتووانی ئۆرشەلیم و یەهۆشافاتی پاشا گوێ بگرن! یەزدان بەم جۆرە بە ئێوە دەفەرموێت: ”مەترسن و ورە بەرمەدەن لەبەردەم ئەو سوپا زۆرە، چونکە جەنگەکە هی ئێوە نییە بەڵکو هی خودایە. 16 سبەینێ دابەزنە سەریان، ئەوان وا لە هەورازەکەی چیچ سەردەکەون، لەوپەڕی دەربەندەکە لە بەرامبەر چۆڵەوانی یەروئێل دەیاندۆزنەوە. 17 پێویست ناکات لەم شەڕە بجەنگن. ئەی یەهودا و ئۆرشەلیم، ڕاوەستن و مەجوڵێن و تەماشا بکەن چۆن یەزدان ڕزگارتان دەکات. مەترسن و ورە بەرمەدەن، سبەینێ بۆ بەرەنگاربوونەوەیان بچن و یەزدان لەگەڵتان دەبێت.“»
18 یەهۆشافات کڕنۆشی برد و سەری خستە سەر زەوی، هەموو یەهودا و دانیشتووانی ئۆرشەلیمیش لەبەردەم یەزدان لەسەر ڕوو کەوتن و کڕنۆشیان برد. 19 ئینجا لێڤییەکان لە نەوەی قەهاتی و قۆرەحییەکان هەستانەوە بۆ ستایشکردنی یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل بە دەنگێکی زۆر بەرز.
20 بەیانی زوو لە خەو هەستان و چوون بۆ چۆڵەوانی تەقۆعە، لە کاتی بەڕێکەوتنیان یەهۆشافات ڕاوەستا و گوتی: «ئەی خەڵکی یەهودا و ئۆرشەلیم، گوێم لێ بگرن! بڕواتان بە یەزدانی پەروەردگارتان هەبێت، دڵنیابن و بڕواتان بە پێغەمبەرەکانی هەبێت سەرکەوتوو دەبن.» 21 لەدوای ئەوەی یەهۆشافات ڕاوێژی بە گەل کرد، گۆرانیبێژی دانا بۆ ئەوەی ستایشی یەزدان بکەن بۆ شکۆی پیرۆزی، کاتێک لەپێش سوپاکە دەڕۆن بڵێن:
«سوپاسی یەزدان بکەن،
چونکە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەتاهەتاییە.»
22 کاتێک دەستیان بە گۆرانی و ستایش کرد، یەزدان چەند بۆسەیەکی بۆ عەمۆنی و مۆئابییەکان و خەڵکی کێوی سێعیر نایەوە کە هاتبوون بۆ پەلاماردانی یەهودا، ئیتر شکان. 23 عەمۆنی و مۆئابییەکان هەڵیانکوتایە سەر دانیشتووانی کێوی سێعیر هەتا قڕیان بکەن و لەناویان ببەن، کە لە دانیشتووانی سێعیر بوونەوە، بەربوونە یەکتری و یەکترییان لەناوبرد.
24 کاتێک پیاوانی یەهودا گەیشتنە شوێنی چاودێریکردن لە چۆڵەوانی، تەماشای ئاپۆرەی سوپاکەیان کرد هەموو لاشەن و لەسەر زەوییەکە کەوتوون و کەس دەرباز نەبووە. 25 ئیتر یەهۆشافات و گەلەکەی هاتن بۆ تاڵانکردنی دەستکەوتەکان، جا شتومەک و جلوبەرگ و کەلوپەلی گرانبەهای زۆریان دۆزییەوە، بەڵام هێندە زۆر بوو کە نەیانتوانی باریان بکەن. سێ ڕۆژ خەریکی تاڵان بردن بوون. 26 لە ڕۆژی چوارەم لە دۆڵی بەراخا کۆبوونەوە، لەوێش ستایشی یەزدانیان کرد، لەبەر ئەوە شوێنەکەیان ناونا دۆڵی بەراخا[b] کە هەتا ئەمڕۆش بەو ناوەوە ناودەبردرێت.
27 ئینجا هەموو پیاوانی یەهودا و ئۆرشەلیم بە ڕابەرایەتی یەهۆشافات بە خۆشییەوە گەڕانەوە بۆ ئۆرشەلیم، چونکە یەزدان بە دوژمنەکانیان خۆشی کردن. 28 بە قیسارە و ساز و کەڕەناوە چوونە ناو ئۆرشەلیمەوە بۆ پەرستگای یەزدان.
29 بەو شێوەیە ترسی یەزدان لە هەموو پاشایەتی خاکەکانی دیکە نیشت، کاتێک کە بیستیانەوە یەزدان شەڕی لەگەڵ دوژمنەکانی ئیسرائیلدا کردووە. 30 ئیتر ئاشتی لەنێو پاشایەتییەکەی یەهۆشافات بەرقەرار بوو، خودا لە هەموو لایەکەوە حەساندییەوە.
کۆتایی پاشایەتی یەهۆشافات
31 یەهۆشافات بەم شێوەیە پاشایەتی یەهودای کرد. لە تەمەنی سی و پێنج ساڵی بوو بە پاشای یەهودا، بیست و پێنج ساڵ لە ئۆرشەلیم پاشایەتی کرد، ناوی دایکی عەزوڤای کچی شیلحی بوو. 32 ڕێچکەی ئاسای باوکی گرتەبەر و لێی لانەدا، ئەوەی لەبەرچاوی یەزدان ڕاستە کردی. 33 بەڵام هێشتا نزرگەکانی سەر بەرزایی تێکنەدران و گەل هێشتا بە تەواوی دڵیان بە خودای باوباپیرانیان نەدابوو.
34 ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی یەهۆشافات لە سەرەتاوە هەتا کۆتایی، لە پەڕتووکی کاروباری ڕۆژانەی یێهوی کوڕی حەنانی تۆمار کراون، ئەوەی لە پەڕتووکی پاشاکانی ئیسرائیل تۆمار کراون.
35 پاش ئەمانە یەهۆشافاتی پاشای یەهودا لەگەڵ ئەحەزیای پاشای ئیسرائیلدا کە خراپەکار بوو هاوپەیمانییەتی بەست، 36 ئینجا یەکیانگرت لە دروستکردنی کەشتی بازرگانی، لە عەچیۆن گەڤەر چەند کەشتیگەلێکیان دروستکرد. 37 بەڵام ئەلیعەزەری کوڕی دۆداڤاهو کە خەڵکی مارێشا بوو لەسەر یەهۆشافات پێشبینی کرد و گوتی: «لەبەر ئەوەی لەگەڵ ئەحەزیا هاوپەیمانییەتیت بەست، ئەوەی ئێوە دروستتان کرد یەزدان تێکیدەشکێنێت.» ئیتر کەشتییەکان شکان و نەیانتوانی گەشتی بازرگانی بکەن.
ناپاکی یەهوزا
21 کاتێک عیسا ئەمانەی فەرموو، ڕۆحی خەمبار بوو و شایەتی دا: «ڕاستی ڕاستیتان پێ دەڵێم: یەکێکتان بە گرتنم دەدات.»
22 قوتابییەکان سەیری یەکتریان دەکرد و دڵنیا نەبوون مەبەستی لە کێیە. 23 یەکێک لە قوتابییەکان کە عیسا خۆشی دەویست لەتەنیشتی پاڵیدابووەوە، 24 شیمۆن پەترۆس ئاماژەی بۆ کرد تاکو پرسیار لە عیسا بکات کە مەبەستی لە کێیە.
25 ئەویش شانی دا بەسەر سنگی عیسادا و پێی گوت: «گەورەم، کێیە؟»
26 عیسا وەڵامی دایەوە: «ئەو کەسەیە کە ئەم پارووە نانە لە قاپەکە هەڵدەکێشم و دەیدەمێ.» ئینجا پارووەکەی لە قاپەکە هەڵکێشا و دای بە یەهوزای کوڕی شیمۆنی ئەسخەریوتی. 27 هەر کە پارووەکەی وەرگرت، شەیتان چووە ناویەوە.
عیساش پێی فەرموو: «ئەوەی بەتەمای بیکەیت، خێرا بیکە.» 28 هیچ کەسێک لەوانەی لەسەر خوانەکە لەگەڵی دانیشتبوون تێنەگەیشتن بۆچی عیسا ئەمەی پێ فەرموو. 29 هەندێکیان وایانزانی عیسا پێی دەفەرموێ کە چییان پێویستە بۆ جەژن بیکڕێت، یان شتێک بداتە هەژاران، چونکە سندوقی پارەش لەلای یەهوزا بوو. 30 ئەویش کە پارووەکەی وەرگرت یەکسەر چووە دەرەوە. ئەو کاتە شەو بوو.
ڕاسپاردەی نوێ
31 کاتێک چووە دەرەوە، عیسا فەرمووی: «ئێستا کوڕی مرۆڤ شکۆدار کرا و خوداش تێیدا شکۆدار کرا. 32 جا ئەگەر خودا تێیدا شکۆدار کرا، خوداش کوڕەکە لە خۆیدا شکۆدار دەکات، دەستبەجێ شکۆداری دەکات.
33 «ڕۆڵەکانم، ماوەیەکی کورت لەگەڵتاندا دەبم. جا بەدوامدا دەگەڕێن، بەڵام وەک چۆن بە جولەکەکانم گوت، ئێستا بە ئێوەشی دەڵێم: ئێوە ناتوانن بێنە ئەو شوێنەی کە من بۆی دەچم.
34 «من ڕاسپاردەیەکی نوێتان دەدەمێ: یەکتریتان خۆشبوێ. وەک خۆشمویستن، ئێوەش بەو جۆرە یەکتریتان خۆشبوێ. 35 بەمە هەموو خەڵک دەزانن کە قوتابی منن، ئەگەر خۆشەویستیتان بۆ یەکتری هەبێت.»
پێشبینیکردنی نکۆڵی پەترۆس
36 شیمۆن پەترۆسیش لێی پرسی: «گەورەم، بۆ کوێ دەچیت؟»
عیساش وەڵامی دایەوە: «ئەو شوێنەی بۆی دەچم، ئێستا ناتوانیت دوامبکەویت، بەڵام دواتر دوام دەکەویت.»
37 دیسان پەترۆس لێی پرسی: «گەورەم، بۆچی ئێستا ناتوانم دواتبکەوم؟ ژیانم بۆ تۆ دادەنێم.»
38 عیسا وەڵامی دایەوە: «ژیانت بۆ من دادەنێیت؟ ڕاستی ڕاستیت پێ دەڵێم: پێش خوێندنی کەڵەشێر، تۆ سێ جار نکۆڵیم لێ دەکەیت!
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.