Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Old/New Testament

Each day includes a passage from both the Old Testament and New Testament.
Duration: 365 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
دووەم پوختەی مێژوو 13-14

پاشایەتی ئەبیا

13 لە هەژدەیەمین ساڵی پاشایەتی یارۆڤعام، ئەبیا بوو بە پاشای یەهودا. سێ ساڵ لە ئۆرشەلیم پاشایەتی کرد، ناوی دایکی مەعکای کچی ئوریێل بوو، خەڵکی گیڤعا بوو.

ئەوە بوو جەنگ لەنێوان ئەبیا و یارۆڤعام هەڵگیرسا. ئەبیا بە سوپایەکی چوار سەد هەزار جەنگاوەری توانادارەوە چووە ناو جەنگەکە، یارۆڤعامیش بەرەی بەست بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو بە هەشت سەد هەزار جەنگاوەری هەڵبژاردەوە لە پیاوانی پاڵەوان.

ئەبیا لەسەر کێوی چەمارایم کە لە ناوچە شاخاوییەکانی ئەفرایمە ڕاوەستا و گوتی: «یارۆڤعام و هەموو ئیسرائیل گوێم لێ بگرن! ئایا نازانن کە یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل پاشایەتی ئیسرائیلی بە پەیمانی نمەک[a] بە داود و نەوەکانی داوە بۆ هەتاهەتایە؟ کەچی یارۆڤعامی کوڕی نەڤات، خزمەتکاری سلێمانی کوڕی داود هەستا و لە گەورەکەی یاخی بوو، جا کۆمەڵێک پیاوخراپ و سووکوچروک لێی کۆبوونەوە و خۆیان لە دژی ڕەحەڤەعامی کوڕی سلێمان بەهێز کرد و ڕەحەڤەعامیش گەنجێکی پێنەگەیشتوو بوو و خۆی لەبەردەمیاندا نەگرت.

«ئێستاش ئێوە دەڵێن کە خۆتان لەبەردەم پاشایەتی یەزداندا ڕادەگرن کە بە دەستی نەوەی داودەوەیە. ڕاستە ئێوە کۆمەڵێکی زۆرن و گوێرەکە زێڕەکانیشتان لەگەڵدایە کە یارۆڤعام کردوونی بە خوداوەندەکانتان. بەڵام ئایا ئێوە کاهینەکانی یەزدان، نەوەکانی هارون و لێڤییەکانتان دەرنەکرد و وەک گەلانی خاکەکانی دیکە کاهینتان بۆ خۆتان دانەنا؟ ئەوەی بێت بۆ خۆتەرخانکردن بە جوانەگایەک[b] و حەوت بەرانەوە، دەبێت بە کاهینی ئەوانەی کە خودا نین.

10 «بەڵام سەبارەت بە ئێمە یەزدان خودامانە و وازمان لێ نەهێناوە. ئەو کاهینانەی کە خزمەتی یەزدان دەکەن، ئەوان نەوەی هارون و لێڤییەکان یارمەتییان دەدەن. 11 هەموو بەیانییەک و ئێوارەیەک قوربانی سووتاندن بۆ یەزدان دەکەن، بخووری بۆنخۆش دەسووتێنن و نانی تەرخانکراویش لەسەر مێزە زێڕە بێگەردەکە دادەنێن، چرادانە زێڕەکە و چراکانیشی هەموو ئێوارەیەک دادەگیرسێنن، چونکە ئێمە فەرمانەکانی یەزدانی پەروەردگاری خۆمان پاراستووە، بەڵام ئێوە وازتان لێ هێناوە. 12 خودا لەگەڵماندایە و ئەو سەرکردەمانە. کاهینەکانی بە کەڕەنا دەستپێکی جەنگ لە دژی ئێوە ڕادەگەیەنن. جا ئەی نەوەی ئیسرائیل، لە دژی یەزدانی پەروەردگاری باوباپیرانتان مەجەنگن، چونکە سەرکەوتوو نابن.»

13 پێشتر یارۆڤعام هێزێکی ناردبوو تاکو بسووڕێنەوە بۆ پشتی سوپای یەهودا. ئیتر کە یارۆڤعام بەرامبەر ڕیزی سوپای یەهودا بووەوە، بۆسەیەکیش لە پشتیانەوە بوو. 14 کاتێک نەوەی یەهودا ئاوڕیان دایەوە، بینییان لەپێشەوە و لەپاشەوە ڕووبەڕووی جەنگ بوونەتەوە، ئیتر هاواریان بۆ یەزدان کرد. پاشان کاهینەکان کەڕەنایان لێدا و 15 پیاوانی یەهودا نەعرەتەی جەنگیان کێشا. لە دەنگی نەعرەتە کێشانی جەنگیان، خودا لەبەردەم ئەبیا و پیاوانی یەهودا یارۆڤعام و هەموو ئیسرائیلی تێکشکاند. 16 ئیتر نەوەی ئیسرائیل لەبەردەم یەهودا هەڵاتن و خودا ئەوانی دا بەدەستیانەوە. 17 ئەبیا و سوپاکەی زیانێکی گەورەیان پێ گەیاند و پێنج سەد هەزار پیاوی هەڵبژاردە لە ئیسرائیل کوژران. 18 لەو کاتەدا نەوەی ئیسرائیل زەلیل بوون و نەوەی یەهودا ورەیان بەرز بوو، چونکە پشتیان بە یەزدانی پەروەردگاری باوباپیرانیان بەستبوو.

19 پاش ئەوەی ئەبیا یارۆڤعامی ڕاونا و شارۆچکەکانی بێت‌ئێل و یەشانا و عەفرۆنی لێ سەند، لەگەڵ گوندەکانیان، 20 یارۆڤعام چیتر لە ماوەی پاشایەتی ئەبیا بەهێز نەبووەوە و یەزدانیش لێیدا و مرد.

21 بەڵام ئەبیا بەردەوام بەهێز بوو. چواردە ژنی هێنا و بیست و دوو کوڕ و شازدە کچی بوو.

22 ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی ئەبیا، ئەوەی کردی و ئەوەی بەسەر لێویدا هات، لە پەڕتووکی لێکدانەوەی مێژووی عیدۆی پێغەمبەر تۆمار کراون.

14 ئەبیا لەگەڵ باوباپیرانی سەری نایەوە و لە شاری داود نێژرا. ئیتر ئاسای کوڕی لەدوای خۆی بوو بە پاشا. لە سەردەمی پاشایەتی ئەو خاکەکە ماوەی دە ساڵ لە ئاشتیدا بوو.

پاشایەتی ئاسا

ئاساش ئەوەی لەبەرچاوی یەزدانی پەروەردگاری خۆی باش و ڕاست بوو کردی. قوربانگا نامۆکان و نزرگەکانی سەر بەرزایی تێکدا، بەردە تەرخانکراوەکانی[c] شکاند، ستوونە ئەشێراکانی[d] بڕییەوە. بە خەڵکی یەهودای گوت کە ڕوویان لە یەزدان بکەن، خودای باوباپیرانیان، کار بە فێرکردن و فەرمانەکانی بکەن. لە هەموو شارۆچکەکانی یەهوداش نزرگەکانی سەر بەرزاییەکان و قوربانگاکانی بخووری تێکدا، پاشایەتییەکە لە سایەیدا حەسایەوە. ئەو شارە قەڵابەندەکانی یەهودای ئاوەدان کردەوە، چونکە ئاشتی لە خاکەکەدا بەرقەرار بوو. لەو ساڵانە جەنگ ڕووی نەدا، چونکە یەزدان پاشای حەساندەوە.

بە یەهودای گوت: «با ئەم شارۆچکانە بنیاد بنێینەوە، با دەوریان بە شوورا و قوللە و دەروازە و شمشیرە[e] بگرین. خاکەکە هێشتا لەژێر دەستی ئێمەیە، چونکە ڕوومان لە یەزدانی پەروەردگارمان کردووە؛ ڕوومان لەو کرد و ئەویش لە هەموو لایەکەوە ئێمەی حەساندەوە.» ئیتر کاری بیناسازییان کرد و سەرکەوتوو بوون.

ئاسا سوپایەکی سێ سەد هەزار کەسی پڕ چەککراوی بە قەڵغانی گەورە و ڕم هەبوو لە یەهودا، سوپایەکی دوو سەد و هەشتا هەزار کەسیشی لە تیرهاوێژ و قەڵغان بە دەست هەبوو لە بنیامین، هەر هەموویان پاڵەوانی بەهێز بوون.

زەرەحی کوشی سوپایەکی بێشوماری بە سێ سەد گالیسکەوە لە دژیان جوڵاند و هەتا مارێشا هات. 10 ئاساش چوو بۆ بەرەنگاربوونەوەیان و لە دۆڵی چەفیتا لەلای مارێشادا بۆ جەنگ ڕیزیان بەست.

11 ئینجا ئاسا هاواری بۆ یەزدانی پەروەردگاری خۆی کرد و گوتی: «ئەی یەزدان، کەس وەک تۆ نییە یارمەتی لاوازەکان بدات لە دژی بە هێزەکان. ئەی یەزدانی پەروەردگارمان یارمەتیمان بدە، چونکە ئێمە پشتمان بە تۆ بەستووە و بە ناوی تۆوە هاتووین بۆ شەڕ لەگەڵ ئەم سوپا زەبەلاحە. ئەی یەزدان، تۆ خودامانیت، ڕێگا مەدە هیچ مرۆڤێک بەسەرتدا زاڵ بێت.»

12 یەزدان لەبەردەم ئاسا و یەهودا کوشییەکانی تێکشکاند، جا کوشییەکان هەڵاتن و 13 ئاسا و ئەو لەشکرەش کە لەگەڵی بوو هەتا گرار ڕاویان نان، کوشییەکان ئەوەندە کەسیان لێ کوژرا کە نەیانتوانی هەستنەوە، چونکە لەبەردەم یەزدان و سوپاکەی شکان. پیاوانی یەهودا تاڵانێکی زۆریان دەست کەوت. 14 پاشان هەموو گوندەکانی دەوروبەری گراریان وێران کرد، چونکە ترسی یەزدان باڵی بەسەریاندا کێشابوو. هەموو شارۆچکەکانیشیان تاڵان کرد، چونکە تاڵانێکی زۆریان تێدابوو. 15 هەروەها هێرشیان کردە سەر چادری شوان و وشترەوانەکان، مەڕ و بزن و وشتری زۆریان دایە پێش خۆیان و گەڕانەوە ئۆرشەلیم.

یۆحەنا 12:1-26

چەورکردنی عیسا بۆ مردن

12 شەش ڕۆژ پێش جەژنی پەسخە عیسا هاتە بێت‌عەنیا کە لەعازری لێبوو، ئەوەی عیسا لەنێو مردووان هەڵیستاندەوە. لەوێ شێوێکیان بۆ ئامادە کرد، مەرسا خزمەتی دەکرد، لەعازریش یەکێک بوو لەوانەی لەگەڵی پاڵیدابووەوە. مریەمیش نیو لیتر بۆنی ناردینی بێگەردی گرانبەهای هێنا و پێی عیسای چەورکرد، ئینجا بە قژی پێیەکانی عیسای سڕییەوە و ماڵەکەش پڕبوو لە بۆنی خۆش.

یەهوزای ئەسخەریوتی کە یەکێک بوو لە قوتابییەکانی و بەتەمابوو بە گرتنی بدات، گوتی: «بۆچی ئەم بۆنە بە سێ سەد دینار نەفرۆشرا و نەدرا بە هەژاران؟» ئەمەی گوت نەک لەبەر ئەوەی خەمی هەژاران دەخوات، بەڵکو لەبەر ئەوەی دز بوو و سندوقی پارەشی لەلا بوو، هەرچی تێدا دابنرابووایە دەیبرد.

عیساش فەرمووی: «وازی لێ بهێنن، بۆ ڕۆژی ناشتنم هەڵیگرتبوو، چونکە هەژاران هەمیشە لەگەڵتانن، بەڵام من هەمیشە لەلاتان نیم.»

کاتێک ژمارەیەکی زۆر لە جولەکەکان زانییان عیسا لەوێیە، هاتن، نەک تەنها لەبەر عیسا، بەڵکو بۆ بینینی لەعازریش کە لەنێو مردووان هەڵیستاندەوە. 10 ئەوسا کاهینانی باڵا تەگبیریان کرد لەعازریش بکوژن، 11 چونکە ژمارەیەکی زۆر لە جولەکەکان بەهۆی ئەوەوە دەڕۆیشتن و باوەڕیان بە عیسا دەهێنا.

کەژاوەی پاشایانە

12 بۆ بەیانی ئەو ئاپۆرەیە لە خەڵک کە هاتبوون بۆ جەژن، بیستیان کە عیسا دێت بۆ ئۆرشەلیم. 13 لقە دار خورمایان برد و بەرەوپیری چوون، هاواریان دەکرد:

«هۆسانا![a] [پیرۆزە ئەوەی بە ناوی یەزدانەوە دێت!][b]»

«پیرۆزە پاشای ئیسرائیل!»

14 عیسا جاشکێکی بینی، سواری بوو، وەک نووسراوە:

15 [ئەی شاری سییۆن[c] مەترسە،
    ئەوەتا پاشاکەت دێت
    بە سواری جاشی ماکەرێک.][d]

16 سەرەتا قوتابییەکانی لەمانە تێنەگەیشتن. بەڵام پاش ئەوەی عیسا شکۆدار کرا[e]، بیریان کەوتەوە کە ئەمانە دەربارەی ئەو نووسراوە، ئەوانیش ئەمانەیان بۆ ئەو کرد.

17 هەروەها ئەو خەڵکەش کە لەگەڵی بوون کاتێک لەعازری لەناو گۆڕەکەوە بانگکرد و لەنێو مردوواندا هەڵیستاندەوە، شایەتییان بۆی دەدا. 18 لەبەر ئەوە بوو خەڵکەکە چوونە دەرەوە بۆ ئەوەی پێشوازیی لێ بکەن، چونکە بیستیان ئەو پەرجووەی کردووە. 19 فەریسییەکانیش بە یەکتریان گوت: «دەبینن ئێوە هیچتان لە دەست نایەت؟ ئەوەتا هەموو جیهان دوای کەوتووە!»

مردن دەرگایە بۆ ژیان

20 هەندێک یۆنانی[f] لەنێو ئەوانە بوون کە هاتبوون لە جەژندا خواپەرستی بکەن، 21 ئەمان هاتنە لای فیلیپۆسی خەڵکی بێت‌سەیدای جەلیل، پێیان گوت: «گەورەم، دەمانەوێت عیسا ببینین.» 22 فیلیپۆسیش هات و بە ئەندراوسی گوت، ئینجا ئەندراوس و فیلیپۆس هاتن و بە عیسایان گوت.

23 عیساش وەڵامی دانەوە و فەرمووی: «کاتی شکۆدارکردنی کوڕی مرۆڤ هاتووە. 24 ڕاستی ڕاستیتان پێ دەڵێم، دەنکە گەنم ئەگەر نەکەوێتە ناو زەوی و نەمرێت، بە تەنها دەمێنێتەوە. بەڵام کە مرد، ئەوسا بەرهەمی زۆر دەدات. 25 ئەوەی ژیانی خۆی خۆشدەوێت دەیدۆڕێنێت، بەڵام ئەوەی لەم جیهانەدا ڕقی لە ژیانی خۆی دەبێتەوە، ئەوا بۆ هەتاهەتاییە ژیانی دەپارێزێت. 26 ئەوەی خزمەتم دەکات با بەدوام بکەوێت. ئیتر من لە هەر شوێنێک بم، خزمەتکاریشم لەوێیە. ئەگەر یەکێک خزمەتم بکات باوکم ڕێزی لێ دەگرێت.»

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.