Old/New Testament
تەرخانکردنی پەرستگاکە
7 کاتێک سلێمان لە نوێژکردن بووەوە، ئاگرێک لە ئاسمانەوە هاتە خوارەوە و قوربانی سووتاندنەکە و قوربانییە سەربڕدراوەکانی دیکەشی هەڵلووشی و شکۆی یەزدان پەرستگاکەی پڕکرد. 2 کاهینەکان نەیانتوانی بچنە ناو پەرستگای یەزدانەوە، چونکە شکۆی یەزدان پەرستگاکەی پڕکردبوو. 3 هەموو نەوەی ئیسرائیلیش تەماشایان دەکرد، کاتێک ئاگرەکە هاتە خوارەوە و شکۆی یەزدان بەسەر پەرستگاکەوە بوو، جا لەسەر شۆستەکە بە ڕوودا کەوتن و بەچۆکدا هاتن و کڕنۆشیان برد و سوپاسی یەزدانیان کرد، گوتیان:
«بێگومان خودا چاکە،
خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەتاهەتاییە.»
4 ئینجا پاشا و هەموو گەلیش قوربانییان لەبەردەم یەزدان سەربڕی. 5 سلێمانی پاشا بیست و دوو هەزار مانگا و سەد و بیست هەزار مەڕ و بزنی کردە قوربانی. ئیتر پاشا و هەموو گەل پەرستگای خودایان تەرخان کرد. 6 کاهینەکانیش لەسەر خزمەتەکەی خۆیان ڕاوەستابوون، هەروەها لێڤییەکانیش بە ئامێرە مۆسیقییەکانەوە کە داودی پاشا بۆ سوپاسکردنی یەزدان دروستی کردبوون بە هەمان شێوەی داود ستایشی پێ دەکردن، دەیانگوت: «خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەتاهەتاییە.» کاهینەکان بەرامبەریان کەڕەنایان لێدەدا، هەموو ئیسرائیلیش ڕاوەستابوون.
7 هەروەها سلێمان ناوەڕاستی حەوشەکەی بەردەم پیرۆزگاکەی یەزدانی تەرخان کرد و لەوێدا قوربانی سووتاندن و پیوی قوربانییەکانی[a] هاوبەشی[b] پێشکەش کرد، چونکە ئەو قوربانگا بڕۆنزییەی کە سلێمان دروستی کردبوو جێگای قوربانی سووتاندنەکان و دانەوێڵە پێشکەشکراوەکان و پیوی قوربانییەکان نەدەبووەوە.
8 لەو کاتە سلێمان بۆ ماوەی حەوت ڕۆژ ئاهەنگی بۆ جەژنەکە گێڕا، هەموو ئیسرائیلیش لەگەڵی بوون، هەموو خەڵکی نێوان دەروازەی حەمات هەتا دۆڵی میسر، کۆمەڵێکی زۆر گەورە. 9 لە ڕۆژی هەشتەم ئاهەنگیان گێڕا، چونکە لە حەوت ڕۆژدا تەرخانکردنی قوربانگاکەیان ئەنجام دا و جەژنیش حەوت ڕۆژ بوو. 10 ئینجا لە بیست و سێیەمین ڕۆژی مانگی حەوت گەلی بە شادمانی و دڵخۆشییەوە بۆ ماڵەوە بەڕێکردن، بەهۆی ئەو چاکەیەی کە یەزدان لەگەڵ داود و سلێمان و ئیسرائیلی گەلی خۆی کردی.
دەرکەوتنی یەزدان بۆ سلێمان
11 پاش ئەوەی سلێمان پەرستگای یەزدان و کۆشکی پاشای تەواو کرد، هەروەها هەموو ئەوانەشی کە بەبیریدا هات لە پەرستگای یەزدان و کۆشکەکەی خۆی بیکات تێیدا سەرکەوتوو بوو، 12 یەزدان لە شەودا بۆ سلێمان دەرکەوت و فەرمووی:
«گوێم لە نوێژەکەت بوو، ئەم شوێنەم هەڵبژارد تاکو ببێتە پەرستگای قوربانی بۆ من.
13 «کاتێک ئاسمان دادەخەم و باران نابارێت و کاتێک فەرمان بە کوللە دەکەم بەروبوومی خاکەکە بخوات یان پەتا دەنێرمە ناو گەلەکەم، 14 ئینجا کە گەلەکەم ئەوەی بە ناوی منەوە بانگ دەکرێت، بێفیز بوون و نوێژیان کرد و ڕوویان لە من کرد و لە ڕێگا خراپەکانیان گەڕانەوە، من لە ئاسمانەوە گوێ دەگرم و لە گوناهەکانیان خۆشدەبم و خاکەکەیان چاک دەکەمەوە. 15 ئێستاش چاوەکانم کراوە دەبن و گوێیەکانیشم شل دەبن بۆ نوێژی ئەم شوێنە. 16 ئێستاش ئەم پەرستگایەم هەڵبژاردووە و پیرۆزم کردووە بۆ ئەوەی هەتاهەتایە ناوی منی تێدابێت و دڵ و چاوم هەمیشە لەوێ دەبن.
17 «تۆش ئەگەر بە دڵسۆزییەوە دۆستایەتیم بکەیت وەک ئەوەی داودی باوکت کردی، هەموو ئەوەی فەرمانم پێ کردوویت بیکەیت و فەرز و حوکمەکانم بەجێبهێنیت، 18 ئەوا تەختی پاشایەتییەکەت جێگیر دەکەم، هەروەک چۆن پەیمانم لەگەڵ داودی باوکت بەست و فەرمووم: ”پیاو لە تۆ نابڕێت بۆ فەرمانڕەوایەتیکردنی ئیسرائیل.“
19 «بەڵام ئەگەر لاتان دا و وازتان لە فەرز و فەرمانەکانم هێنا کە پێم داون، چوون و خودای دیکەتان پەرست و کڕنۆشتان بۆ بردن، 20 ئەوا لە خاکەکەم ڕیشەکێشتان دەکەم کە پێم داون و ئەم پەرستگایەش کە بۆ ناوی خۆم تەرخانم کردووە لەبەرچاوم نایهێڵم و دەیکەمە پەند و مایەی گاڵتەجاڕی لەنێو هەموو گەلان، 21 ئەم پەرستگا پایەبەرزەش، هەرکەسێک پێیدا تێبپەڕێت سەری سوڕدەمێنێت و دەڵێت: ”بۆچی یەزدان وای لەم خاکە و لەم پەرستگایە کرد؟“ 22 ئینجا خەڵکی وەڵام دەدەنەوە: ”لەبەر ئەوەی وازیان لە یەزدانی پەروەردگاری باوباپیرانی خۆیان هێناوە، ئەوەی لە خاکی میسرەوە دەریهێنان و دەستیان بە خودای دیکەوە گرتووە و کڕنۆشیان بۆ بردوون و ئەوانیان پەرستووە، لەبەر ئەوە یەزدان تووشی ئەم هەموو کارەساتەی کردن.“»
چالاکی دیکەی سلێمان
8 لە کۆتایی ئەو بیست ساڵەی کە سلێمان تێیدا پەرستگای یەزدان و کۆشکەکەی خۆی بنیاد نا، 2 سلێمان ئەو گوندانەی بنیاد نایەوە کە حیرامی پاشا پێیدا و نەوەی ئیسرائیلی تێیاندا نیشتەجێ کرد. 3 ئینجا سلێمان چوو بۆ حەمات چۆڤا و گرتی. 4 هەروەها تەدمۆری لە چۆڵەوانیدا ئاوەدان کردەوە، لەگەڵ هەموو ئەو کۆگایانەی[c] کە لە حەماتدا بنیادی نابوون. 5 ئینجا بێتحۆرۆنی سەروو و بێتحۆرۆنی خوارووی بنیاد نایەوە و کردنی بە شاری قەڵابەند بە شوورا و دەروازە و شمشیرە[d]. 6 شارۆچکەی بەعەلاتیشی ئاوەدان کردەوە، لەگەڵ هەموو کۆگاکانی سلێمان، هەروەها ئەو شارۆچکانەی سەربازگەی گالیسکە و ئەو شارۆچکانەی سەربازگەی ئەسپ سوارەکان و هەموو ئەوەی سلێمان ئارەزووی کرد لە ئۆرشەلیم و لە لوبنان و لە هەموو خاکی ژێر دەسەڵاتی خۆی بنیادی بنێت.
7 هەروەها هەموو ئەو خەڵکەی پاشماوەی حیتی و ئەموری و پریزی و حیڤی و یەبوسییەکان بوون، کە لە نەوەی ئیسرائیل نەبوون، 8 پاشماوەی ئەم هەموو نەتەوانەی کە نەوەی ئیسرائیل لەناویان نەبردبوون سلێمان وەک کۆیلە بێگاری بەسەردا سەپاندن، هەتا ئەمڕۆش بەسەریان سەپێنراوە. 9 بەڵام سلێمان بۆ کارەکەی کەسی لە نەوەی ئیسرائیل نەکردە کۆیلە، چونکە ئەوان پیاوی جەنگ و ئەفسەری باڵا، ئەفسەری گالیسکە و گالیسکەسوارەکانی بوون. 10 ئەمانەش ئەو کاربەدەستە باڵایانەی سلێمان پاشا بوون، دوو سەد و پەنجا چاودێر لەسەر ئەو خەڵکەی کارەکەیان دەکرد.
11 سلێمان کچەکەی فیرعەونی لە شاری داودەوە بردە ئەو کۆشکەی کە بۆی بنیاد نا، چونکە گوتی: «ژنی من لە کۆشکی داودی پاشای ئیسرائیل دانانیشێت، لەبەر ئەوەی ئەو شوێنانەی سندوقی یەزدانی چووەتە ناو شوێنی پیرۆزن.»
12 ئینجا سلێمان قوربانی سووتاندنی بۆ یەزدان سەرخستە سەر ئەو قوربانگایەی یەزدان کە لەبەردەم هەیوانەکە بنیادی نا. 13 قوربانی سووتاندنەکان هەریەکە و لە ڕۆژی خۆی، بەپێی فەرمانەکەی موسا، لە شەممەکان و سەرەمانگەکان و جەژنە دیاریکراوەکان، ساڵانە سێ جار، لە جەژنی فەتیرە و لە جەژنی هەفتەکان[e] و لە جەژنی کەپرەشینە. 14 ئینجا بەپێی بڕیاری داودی باوکی، سلێمان بەشی کاهینەکانی بەگوێرەی خزمەتەکانیان دیاری کرد، هەروەها لێڤییەکانی لەسەر ئەرکی خۆیان دانا بۆ ستایشکردن و یارمەتیدانی کاهینەکان، هەریەکە بەگوێرەی پێداویستییەکانی ڕۆژەکەی خۆی. دەرگاوانەکانیشی لە بەشەکانی خۆیان دانا لەسەر هەموو دەرگاکان، چونکە ئەمە فەرمانەکەی داودی پیاوی خودا بوو. 15 لە فەرمانەکانی پاشا لایان نەدا کە سەبارەت بە کاری کاهین و لێڤییەکان درابوو، هەروەها بە کاری گەنجینەکانیش.
16 بەم شێوەیە هەموو کارەکانی سلێمان ئامادە کرا، لە ڕۆژی بناغەدانانییەوە هەتا تەواوبوونی، ئیتر پەرستگای یەزدان تەواو بوو.
17 ئینجا سلێمان چوو بۆ عەچیۆن گەڤەر و ئێلەت لەسەر کەناری دەریا لە خاکی ئەدۆم. 18 حیرام بەدەستی ئەفسەرە کەشتیوانە شارەزاکانی لە دەریا چەند کەشتییەکی نارد، ئەوانیش لەگەڵ خزمەتکارەکانی سلێمان چوونە ئۆفیر و لەوێوە چوار سەد و پەنجا تالنت[f] زێڕیان هەڵگرت و بۆ سلێمان پاشایان هێنا.
سەردانی شاژنی شەبا بۆ لای سلێمان
9 کاتێک شاژنی شەبا ناوبانگی سلێمانی بیست، هاتە ئۆرشەلیم بۆ ئەوەی بە چەند مەتەڵێک تاقی بکاتەوە. بە کەژاوەیەکی زۆر گەورەوە، وشتری بارکراو لە بۆنوبەرام و زێڕی زۆر و بەردی گرانبەها، هاتە لای سلێمان و لەبارەی هەموو ئەو شتانەی لە دڵی بوو قسەی لەگەڵ کرد. 2 سلێمانیش وەڵامی هەموو پرسیارەکانی دایەوە، هیچ شتێک بۆ سلێمان قورس نەبوو وەڵامی بداتەوە. 3 کاتێک شاژنی شەبا دانایی سلێمان و ئەو کۆشکەی بینی کە بنیادی نابوو، 4 هەروەها خواردنی سەر خوانەکەی، دانیشتنی دەستوپێوەندەکانی، ڕێکوپێکی خزمەتکارەکانی و جلوبەرگاکانیان، ساقییەکان و جلوبەرگەکانیان و ئەو قوربانی سووتاندنانەی کە سلێمان لە پەرستگای یەزدان دەیکرد، لە بینینی ئەمانە شەیدا بوو.
5 بە پاشای گوت: «ئەو هەواڵەی کە لە خاکەکەمدا لەبارەی کاروبار و داناییەکەت بیستم، ڕاستە. 6 بڕوام بەو هەواڵانە نەکرد هەتا نەهاتم و بە چاوی خۆم نەمبینی، ئەوەتا نیوەی داناییە زۆرەکەی تۆم پێ ڕانەگەیەنراوە، زۆر مەزنتر بوویت لەوەی لەبارەی تۆوە بیستبووم. 7 خۆزگە بە پیاوەکانت دەخوازرێ، خۆزگە بە خزمەتکارەکانت دەخوازرێ، ئەمانە کە هەمیشە لەبەردەمت ڕاوەستاون و داناییەکەت دەبیستن. 8 ستایش بۆ یەزدانی خوداکەت، ئەوەی پێت دڵشادە و لەسەر تەخت دایناویت ببیتە پاشا بۆ یەزدانی پەروەردگارت. خوداکەت لەبەر ئەوەی ئیسرائیلی خۆشویستووە و ویستی هەتاهەتایە جێگیری بکات، تۆی کردووەتە پاشا تاکو ڕاستودروستی و دادپەروەری پیادە بکەیت.»
9 ئینجا سەد و بیست تالنت[g] زێڕ و بۆنوبەرامێکی زۆر و بەردی گرانبەهای دایە پاشا، جارێکی دیکە بۆنوبەرامی بەو جۆرە زۆر نەهاتەوە، هێندەی ئەوەی شاژنی شەبا پێشکەشی سلێمان پاشای کرد.
10 هەروەها خزمەتکارەکانی حیرام و خزمەتکارەکانی سلێمان، ئەوانەی لە ئۆفیرەوە زێڕیان هێنابوو، دار ئەلگوم و بەردی گرانبەهاشیان هێنابوو. 11 پاشا لەو دار ئەلگومانە پێپلیکانەی بۆ پەرستگای یەزدان و کۆشکی پاشا دروستکرد، هەروەها قیسارە و سازیش بۆ گۆرانیبێژەکان، وەک ئەو دارانە پێشتر لە خاکی یەهودا نەبینرابوون.
12 سلێمانی پاشا هەموو ئەو شتانەی دایە شاژنی شەبا کە ئارەزووی کرد، جگە لەوەی پاشا پێیدا لە بەرامبەر ئەوەی بۆی هێنابوو. پاشان لەگەڵ خزمەتکارەکانی بەڕێکەوت و گەڕایەوە خاکەکەی خۆی.
دانایی و دەوڵەمەندی سلێمان
13 کێشی ئەو زێڕەش کە لە ساڵێکدا بۆ سلێمان دەهات، شەش سەد و شەست و شەش تالنت[h] زێڕ بوو، 14 جگە لەو باجەی لە بازرگان و فرۆشیارەکانەوە وەردەگیرا. هەروەها هەموو پاشایانی عەرەبستان و فەرمانڕەوایانی خاکەکە زێڕ و زیویان بۆ سلێمان دەهێنا.
15 سلێمانی پاشا دوو سەد قەڵغانی گەورەی لە زێڕی کوتراو دروستکرد، شەش سەد شاقل زێڕی[i] کوتراو بۆ هەر قەڵغانێک. 16 سێ سەد قەڵغانی بچووکیشی لە زێڕی کوتراو دروستکرد، سێ سەد شاقل زێڕ[j] بۆ هەر قەڵغانێک. ئینجا پاشا لە کۆشکی دارستانەکەی لوبنان داینان.
17 هەروەها پاشا تەختێکی گەورەی لە عاج دروستکرد و بە زێڕی بێگەرد ڕووپۆشی کرد. 18 تەختەکە شەش پێپلیکانەی هەبوو لەگەڵ تەختەپێیەک، هەموویان پێکەوە بەسترابوون، دوو دەسک لەم لاو لەو لایەوە لەسەر شوێنی دانیشتنەکە، دوو شێری ڕاوەستاویش لەتەنیشت دەسکەکان بوون. 19 دوازدە شێری ڕاوەستاویش لەسەر ئەم لاو ئەو لای شەش پێپلیکانەکە هەبوو. لە هیچ پاشایەتییەک شتی وا دروستنەکرابوو. 20 هەموو کاسە و جامەکانی خواردنەوەی سلێمان پاشا زێڕ بوون، هەروەها هەموو قاپوقاچاغەکانی کۆشکی دارستانەکەی لوبنان لە زێڕی بێگەرد بوون، هیچ شتێک لە زیو دروستنەکرابوو، چونکە لە سەردەمی سلێمان زیو بەهایەکی ئەوتۆی نەبوو. 21 کەشتیگەلی[k] پاشا لەگەڵ خزمەتکارەکانی حیرام دەڕۆیشتن و هەر سێ ساڵ جارێک دەهاتن و زێڕ و زیو و عاج و مەیمون و تاوسیان دەهێنا.
22 سلێمان گەورەترین پاشا بوو لەنێو پاشاکانی سەر زەوی چ لە دەوڵەمەندی و چ لە دانایی. 23 هەموو پاشایانی سەر زەوی بە ئاواتەوە بوون ڕووی سلێمان ببینن، هەتا گوێ لە داناییەکەی بگرن کە خودا لە دڵیدا داینابوو. 24 هەریەکە و ساڵ لەدوای ساڵ بە دیاری خۆیانەوە دەهاتن، لە قاپوقاچاغی زێڕ و زیو و جلوبەرگ و چەک و بۆنوبەرام و ئەسپ و هێستر.
25 سلێمان چوار هەزار تەویلەی ئەسپ و گالیسکە و دوازدە هەزار ئەسپی هەبوو. لە شارەکانی گالیسکەکان داینان، هەروەها هەندێکیان لەلای خۆی لە ئۆرشەلیم جێگیر کردن. 26 بەسەر هەموو پاشاکاندا فەرمانڕەوایی دەکرد، لە ڕووباری فوراتەوە هەتا خاکی فەلەستییەکان و سنووری میسر. 27 هەروەها پاشا کارێکی وای کرد کە لە ئۆرشەلیم زیو وەک بەردی لێ بێت، دار ئورزیش لە زۆری وەک دار هەنجیری زوورگەکان بێت. 28 ئەسپەکانی سلێمان لە میسر و هەموو وڵاتانی دیکەوە هاوردە دەکران.
مردنی سلێمان
29 ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی سلێمان لە سەرەتاوە هەتا کۆتایی لە تۆمارەکانی ناتانی پێغەمبەر و لە پەیامەکەی ئاحییای شیلۆنی نووسراون، هەروەها لەو بینینانەش کە عیدۆ سەبارەت بە یارۆڤعامی کوڕی نەڤات ڕایدەگەیاند.
30 سلێمان چل ساڵ لە ئۆرشەلیم پاشایەتی هەموو ئیسرائیلی کرد. 31 پاشان سلێمان لەگەڵ باوباپیرانی سەری نایەوە و لە شارەکەی داودی باوکی نێژرا. ئیتر ڕەحەڤەعامی کوڕی لەدوای خۆی بوو بە پاشا.
مردنی لەعازر
11 پیاوێک بە ناوی لەعازر نەخۆش بوو کە خەڵکی بێتعەنیا بوو، هەمان گوندەکەی مریەم و مەرسای خوشکی[a]. 2 ئەم مریەمە ئەوە بوو کە مەسیحی خاوەن شکۆی بە بۆن چەورکرد، بە پرچی پێیەکانی سڕییەوە، لەعازری نەخۆشیش برای بوو. 3 خوشکەکان هەواڵیان بۆ عیسا نارد و گوتیان: «گەورەم، ئەوەتا ئەوەی خۆشتدەوێ نەخۆشە.»
4 کاتێک عیسا ئەمەی بیست فەرمووی: «ئەم نەخۆشییە بۆ مردن نییە، بەڵکو بۆ شکۆداری خودایە، تاکو بەهۆیەوە کوڕی خودا شکۆدار بێت.» 5 لەگەڵ ئەوەی عیسا مەرسا و خوشکەکەی و لەعازری خۆشدەویست، 6 بەڵام کاتێک بیستی نەخۆشە، لەو شوێنەی لێی بوو دوو ڕۆژ مایەوە.
7 دوای ئەمە عیسا بە قوتابییەکانی فەرموو: «با بچینەوە یەهودیا.»
8 قوتابییەکان پێیان گوت: «ڕابی، تۆزێک لەمەوبەر جولەکەکانی ئەوێ دەیانویست بەردبارانت بکەن، دیسان دەچیتەوە ئەوێ؟»
9 عیساش وەڵامی دایەوە: «ئایا ڕۆژ دوازدە کاتژمێر نییە؟ ئەوەی بە ڕۆژ بڕوات پێی هەڵناکەوێت، چونکە ڕووناکی ئەم جیهانە دەبینێت. 10 بەڵام ئەوەی بە شەو بڕوات پێی هەڵدەکەوێت، چونکە ڕووناکی تێدا نییە.»
11 ئەمانەی فەرموو، پاشان پێی فەرموون: «لەعازری دۆستمان نوستووە، بەڵام دەڕۆم تاکو بەخەبەری بهێنمەوە.»
12 ئینجا قوتابییەکان پێیان گوت: «گەورەم، ئەگەر ئەو نوستووە، چاکدەبێتەوە.» 13 عیسا باسی مردنی ئەوی کرد، بەڵام ئەوان وایانزانی باس لە نوستنی ئاسایی دەکات.
14 عیساش بە ئاشکرا پێی فەرموون: «لەعازر مردووە. 15 لەبەر ئێوە دڵشادم کە لەوێ نەبووم، تاکو باوەڕ بهێنن. وەرن، با بڕۆین بۆ لای.»
16 تۆماسیش کە بە دووانە بانگ دەکرا، بە قوتابییە هاوەڵەکانی گوت: «با ئێمەش لەگەڵ ئەودا بڕۆین تاکو لەگەڵ ئەودا بمرین.»
منم هەستانەوە و ژیان
17 کاتێک عیسا گەیشت، زانی لەعازر وا چوار ڕۆژە لە گۆڕدایە. 18 بێتعەنیاش نزیکەی پازدە تیرهاوێژ[b] لە ئۆرشەلیمەوە دوور بوو. 19 ژمارەیەکی زۆر لە جولەکەکان هاتبوونە لای مەرسا و مریەم تاکو سەرەخۆشی براکەیان لێ بکەن. 20 کاتێک مەرسا بیستی عیسا هاتووە، بەرەوپیری چوو، بەڵام مریەم لە ماڵ مایەوە.
21 ئینجا مەرسا بە عیسای گوت: «گەورەم، ئەگەر لێرە بوویتایە، براکەم نەدەمرد. 22 ئێستاش دەزانم هەرچی لە خودا داوا بکەیت، خودا دەتداتێ.»
23 عیسا پێی فەرموو: «براکەت زیندوو دەبێتەوە.»
24 مەرساش پێی گوت: «دەزانم لە زیندووبوونەوەی ڕۆژی دوایی هەڵدەستێتەوە.»
25 عیسا پێی فەرموو: «منم زیندووبوونەوە و ژیان. ئەوەی باوەڕم پێ بهێنێت، ئەگەر بشمرێت زیندوو دەبێتەوە. 26 هەروەها هەرکەسێک کە زیندووە و باوەڕم پێ بهێنێت، هەرگیز نامرێت. باوەڕ بەمە دەکەیت؟»
27 پێی گوت: «بەڵێ گەورەم. باوەڕم هێناوە کە تۆ مەسیحەکەیت، کوڕی خودای، ئەوەی بۆ جیهان دێت.»
گریانی عیسا
28 پاشان کە ئەمەی گوت، چوو مریەمی خوشکی بانگکرد و بە نهێنی گوتی: «مامۆستا لێرەیە، بانگت دەکات.» 29 ئەویش کە ئەمەی بیست خێرا هەستا و هاتە لای.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.