Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Old/New Testament

Each day includes a passage from both the Old Testament and New Testament.
Duration: 365 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
دووەم پوختەی مێژوو 1-3

داواکردنی دانایی لەلایەن سلێمانەوە

سلێمانی کوڕی داود دەسەڵاتی خۆی بەسەر پاشایەتییەکەیدا بەهێز کرد، چونکە یەزدانی پەروەردگاری خۆی لەگەڵی بوو، زۆر مەزنی کرد.

پاشان سلێمان قسەی لەگەڵ هەموو ئیسرائیل کرد، لەگەڵ فەرماندەکانی هەزاران و سەدان، هەروەها دادوەرەکان و هەموو سەرکردەکان لە هەموو ئیسرائیل کە گەورەی بنەماڵەکان بوون. ئیتر سلێمان و هەموو کۆمەڵەکە لەگەڵی چوونە سەر ئەو نزرگەیەی لەسەر بەرزاییەکەی گبعۆنە، چونکە چادری چاوپێکەوتنی خودا ئەوەی موسای بەندەی یەزدان لە چۆڵەوانیدا دروستی کرد، لەوێ بوو. داود لە قیریەت یەعاریمەوە سندوقی خودای هێنا بۆ ئەو شوێنەی کە ئامادەی کردبوو، لەبەر ئەوە لە ئۆرشەلیم چادرێکی بۆ هەڵدابوو. بەڵام ئەو قوربانگا بڕۆنزییەی کە بەسەلئێلی کوڕی ئوری کوڕی حوور دروستی کردبوو، لە گبعۆن لەبەردەم چادرەکەی پەرستنی یەزدان بوو، ئیتر سلێمان و کۆمەڵەکە لەوێ پرسیاریان لە یەزدان کرد. سلێمان لە یەزدان چووە پێشەوە و هەزار قوربانی سووتاندنی سەرخستە سەر قوربانگا بڕۆنزییەکە کە لەبەردەم چادری چاوپێکەوتندا بوو.

لەو شەوەدا خودا بۆ سلێمان دەرکەوت و پێی فەرموو: «داوا بکە، چیت پێ بدەم؟»

سلێمانیش بە خودای گوت: «تۆ لەگەڵ داودی باوکم چاکەی گەورەت کردووە، منت لە جێی ئەو کردووەتە پاشا. ئێستاش ئەی یەزدانی پەروەردگار، با بەڵێنەکەت لەگەڵ داودی باوکمدا بچەسپێت، چونکە تۆ منت کردووەتە پاشای گەلێکی زۆر کە وەک خۆڵی زەوییە. 10 ئێستا دانایی و زانینم پێ ببەخشە بۆ ئەوەی ڕابەرایەتی ئەم گەلە بکەم، چونکە کێ دەتوانێت فەرمانڕەوایەتی ئەم گەلە گەورەیەت بکات؟»

11 خوداش بە سلێمانی فەرموو: «لەبەر ئەوەی ئەمە لە دڵتدا بوو و داوای دەوڵەمەندی و پارە و پوول و پایەداری و مردنی دوژمنەکانت و داوای تەمەن درێژیت نەکرد، بەڵکو داوای دانایی و زانینت بۆ خۆت کرد، بۆ ئەوەی دادوەرایەتی گەلەکەم بکەیت، ئەوەی تۆم کردووەتە پاشای، 12 ئەوا دانایی و زانینت پێ دەبەخشم. سەرباری ئەوەش دەوڵەمەندی و پارە و پوول و پایەدارییەکی وات پێ دەبەخشم کە شتی وا نەبووبێت بۆ پاشاکانی پێش تۆ و بۆ ئەوانەی لەدوای تۆش دێن.»

13 پاشان سلێمان لە چادری چاوپێکەوتنەوە کە لەسەر بەرزاییەکەی گبعۆن بوو چوو بۆ ئۆرشەلیم و پاشایەتی ئیسرائیلی کرد.

14 سلێمان گالیسکە و ئەسپ سواری کۆکردەوە، هەزار و چوار سەد گالیسکە و دوازدە هەزار ئەسپ سواری هەبوو. لە شارەکانی گالیسکەکان و لەگەڵ خۆیدا لە ئۆرشەلیم داینان. 15 پاشا کارێکی وای کرد کە لە ئۆرشەلیم زێڕ و زیو وەک بەردیان لێ بێت، دار ئورزیش لە زۆری وەک دار هەنجیری زوورگەکان بێت. 16 ئەسپەکانی سلێمان لە میسر و لە قەڤێیەوە[a] هاوردە دەکران. بازرگانەکانی پاشا لە قەڤێیەوە بە نرخێکی بازاڕ وەریاندەگرتن. 17 گالیسکە لە میسرەوە بە شەش سەد شاقل[b] زیو و ئەسپیش بە سەد و پەنجا[c] هاوردەیان دەکرد، هەروەها بۆ هەموو پاشاکانی حیتی و ئارامی هەناردەیان دەکرد.

ئامادەکاری بۆ بنیادنانی پەرستگا

سلێمان فەرمانی دا بە بنیادنانی پەرستگایەک بۆ ناوی یەزدان و کۆشکێکیش بۆ پاشایەتییەکەی. بێگاری بە حەفتا هەزار پیاوی بارهەڵگر و هەشتا هەزار نەقاڕ کرد لە چیا، هەروەها بە سێ هەزار و شەش سەد کەس کە وەک سەرکاری ئەوان داینا.

سلێمان ناردی بۆ لای حیرامی پاشای سور و گوتی:

«وەک ئەوەم لەگەڵ بکە کە لەگەڵ داودی باوکم کردت، بەوەی کە داری ئورزت بۆ نارد هەتا کۆشکێک بۆ خۆی بنیاد بنێت و تێیدا نیشتەجێ بێت. ئێستا من پەرستگایەک بۆ ناوی یەزدانی پەروەردگارم بنیاد دەنێم، هەتا بۆی تەرخان بکەم بۆ سووتاندنی بخووری بۆنخۆش لەبەردەمی و بۆ نانی تەرخانکراوی بەردەوام و قوربانی سووتاندن لە بەیانییان و ئێواران، لە شەممە و سەرەمانگ و جەژنەکانی یەزدانی پەروەردگارمان، ئەمە هەتاهەتایە لەسەر ئیسرائیل دەبێت.

«ئەو پەرستگایەش کە من بنیادی دەنێم گەورەیە، چونکە خودامان لە هەموو خوداوەندەکان گەورەترە. بەڵام کێ دەتوانێت پەرستگایەکی بۆ بنیاد بنێت، چونکە ئاسمان و ئاسمانی ئاسمانەکان جێی ئەویان تێدا نابێتەوە! ئیتر من کێم هەتا پەرستگایەکی بۆ بنیاد بنێم، ئەگەر تەنها بۆ سووتاندنی بخوور نەبێت لەبەردەمیدا؟

«ئێستاش پیاوێکم بۆ بنێرە دانا بێت لە کاری زێڕ و زیو و بڕۆنز و ئاسن و ڕیسی ئەرخەوانی و سووری تۆخ و مۆر، کارامە بێت لە پیشەی هەڵکۆڵین، هەتا لەگەڵ پیاوە داناکانی لای خۆم بێت لە یەهودا و ئۆرشەلیم، ئەوانەی داودی باوکم ئامادەی کردن.

«لە لوبنانەوە داری ئورز و سنەوبەر و ئەلگومم[d] بۆ بنێرە، چونکە دەزانم کە خزمەتکارەکانت لە بڕینی داری لوبناندا کارامەن. خزمەتکارەکانم ئامادەن لەگەڵ خزمەتکارەکانت کار بکەن بۆ ئەوەی دارێکی زۆرم بۆ ئامادە بکەن، چونکە دەبێت ئەو پەرستگایەی بنیادی دەنێم گەورە و سەرسوڕهێنەر بێت. 10 ئەو خزمەتکارانەت کە دارەکان دەبڕنەوە، بیست هەزار کۆر[e] گەنم و بیست هەزار کۆر جۆ[f] و بیست هەزار بەت[g] شەراب و بیست هەزار بەت زەیتیان دەدەمێ.»

11 حیرامی پاشای سوریش لە نووسراوێکدا کە بۆ سلێمان ناردی نووسیبووی:

«لەبەر ئەوەی یەزدان گەلەکەی خۆی خۆشدەوێت، تۆی کردووەتە پاشایان.»

12 هەروەها حیرام گوتی:

«ستایش بۆ یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل، ئەوەی ئاسمان و زەویی دروستکردووە! ئەوەی کوڕێکی دانا و زانا و تێگەیشتووی داوەتە داودی پاشا، کە پەرستگایەک بۆ یەزدان و کۆشکێک بۆ پاشایەتییەکەی بنیاد دەنێت.

13 «ئێستا من پیاوێکی دانا و شارەزا و تێگەیشتووت بۆ دەنێرم بە ناوی حورام‌ئاڤی[h]، 14 کوڕی ژنێکە لە نەوەی دان و باوکیشی خەڵکی شاری سورە. شارەزایە لە کاری زێڕ و زیو، بڕۆنز و ئاسن، بەرد و دار، ڕیسی ئەرخەوانی و مۆر و سووری تۆخ، لەگەڵ کەتانی ناسک، هەروەها هەڵکۆڵینی هەموو جۆرە نەخشێک و داهێنانی هەموو داهێنانێک کە پێی بسپێردرێت، با لەگەڵ پیاوە داناکانت و لەگەڵ پیاوە داناکانی گەورەم داودی باوکت بێت.

15 «ئێستاش ئەو گەنم و جۆ و زەیتی زەیتوون و شەرابەی کە گەورەم باسی کردوون با بۆ خزمەتکارەکانی بنێرێت و 16 ئێمەش لە لوبنانەوە بەپێی پێویستیت دارت بۆ دەبڕین و دەیکەینە کەڵەک و دەیدەین بە دەم دەریاوە بۆ یافا و تۆش بۆ ئۆرشەلیم سەری بخە.»

17 سلێمان پاش ئەو سەرژمێرییەی کە داودی باوکی ئەنجامی دا، هەموو پیاوە بیانییەکانی ناو خاکی ئیسرائیلی سەرژمێری کرد، ژمارەیان سەد و پەنجا و سێ هەزار و شەش سەد پیاو بوون. 18 حەفتا هەزاریانی کردە بارهەڵگر و هەشتا هەزاریشی لە چیادا کردە نەقاڕ و سێ هەزار و شەش سەدەکەی دیکەشی کردە سەرکار بۆ ئەوەی کار بە گەل بکەن.

بنیادنانی پەرستگای سلێمان

ئینجا سلێمان دەستی بە بنیادنانی پەرستگای یەزدان کرد لە ئۆرشەلیم لە کێوی مۆریا، کە لەوێدا یەزدان خۆی بۆ داودی باوکی دەرخستبوو. پەرستگاکە لەسەر جۆخینەکەی ئەرەونای یەبوسی بوو، ئەو شوێنەی کە داود ئامادەی کردبوو. لە دووی مانگی دووەمی ساڵی چوارەمی پاشایەتییەکەی دەستی بە بنیادنان کرد.

سلێمان ئەم بناغەیەی لێدا بۆ بنیادنانی پەرستگای خودا، درێژییەکەی بە باڵ بەپێی پێوانە کۆنەکە، شەست باڵ[i] و پانییەکەی بیست باڵ[j] بوو. هەیوانی بەردەم پیرۆزگاکە درێژییەکەی وەک پانی پیرۆزگاکە بیست باڵ بوو، بەرزییەکەشی بیست باڵ بوو.

لەناوەوەش بە زێڕی بێگەرد ڕووکەشی کرد. هۆڵە سەرەکییەکەشی بە تەختەی دار سنەوبەر داپۆشی و بە زێڕی بێگەردیش ڕووکەشی کرد و وێنەی دار خورما و زنجیری لەسەر هەڵکۆڵین و پەرستگاکەی بە بەردی گرانبەها ڕازاندەوە بۆ جوانی و زێڕەکەش زێڕی پەرڤایم[k] بوو. کاریتە و چوارچێوەی دەرگاکان، دیوارەکان و دەرگاکانی پیرۆزگاکەی بە زێڕ ڕووکەش کرد و وێنەی کەڕوبەکانی[l] لەسەر دیوارەکان هەڵکۆڵی.

شوێنی هەرەپیرۆزیشی بنیاد نا کە درێژییەکەی وەک پانی پیرۆزگاکە بیست باڵ بوو و پانییەکەشی بیست باڵ بوو و بە زێڕی بێگەرد ڕووکەشی کرد کە کێشەکەی شەش سەد تالنت[m] بوو. کێشی بزمارەکانیش پەنجا شاقل زێڕ[n] بوو، بەشەکانی سەرەوەشی بە زێڕ ڕووکەش کرد.

10 لە شوێنی هەرەپیرۆزدا پەیکەری دوو کەڕوبی تاشی[o] و بە زێڕ ڕووکەشی کردن. 11 درێژی باڵەکانی هەردوو کەڕوبەکە بیست باڵ بوو: درێژی باڵی کەڕوبەکەی یەکەم پێنج باڵ[p] بوو، بەر دیواری پیرۆزگاکە دەکەوت، درێژی باڵەکەی دیکەشی پێنج باڵ بوو، بەر باڵی کەڕوبەکەی دووەم دەکەوت؛ 12 بە هەمان شێوە درێژی باڵی کەڕوبەکەی دووەم پێنج باڵ بوو و بەر دیواری پیرۆزگاکە دەکەوت و باڵەکەی دیکەشی پێنج باڵ بوو و بەر باڵی کەڕوبەکەی یەکەم دەکەوت. 13 باڵەکانی ئەم دوو کەڕوبە کرابوونەوە و بیست باڵ درێژ بوون، لەسەر پێیەکانیان ڕاوەستا بوون و ڕووشیان ڕووەو هۆڵی سەرەکی پیرۆزگاکە بوو.

14 پەردەکەی لە ڕیسی مۆر و ئەرخەوانی و سووری تۆخ و کەتانی ناسک دروستکرد و وێنەی کەڕوبەکانی لەسەر چنی.

15 لەبەردەم پپرۆزگاکەدا دوو کۆڵەکەی دروستکرد کە درێژی هەریەکەیان سی و پێنج باڵ[q] بوو و ئەو تاجەی کە لەسەر هەر یەکێکیان بوو پێنج باڵ بوو. 16 زنجیری هۆنییەوە و لەسەر سەری دوو کۆڵەکەکە داینان، سەد هەناریشی دروستکرد و بە زنجیرەکانەوە هەڵیواسین. 17 دوو کۆڵەکەشی لەبەردەم پیرۆزگاکە ڕاگرت، یەکێکیان لەلای باشوور و ئەوی دیکەیان لەلای باکوور، کۆڵەکەکەی لای باشووری ناونا یاکین[r] و کۆڵەکەکەی لای باکووریشی ناونا بۆعەز[s].

یۆحەنا 10:1-23

من شوانە دڵسۆزەکەم

10 «ڕاستی ڕاستیتان پێ دەڵێم، ئەوەی لە دەرگاوە نەچێتە ناو پشتیری[a] مەڕەکان، بەڵکو بە ڕێگایەکی دیکەدا بۆی سەربکەوێت، ئەوە دز و جەردەیە. بەڵام ئەوەی لە دەرگاوە بچێتە ژوورەوە، ئەوە شوانی مەڕەکانە. دەرگاوانیش دەرگاکەی لێی دەکاتەوە، مەڕەکانیش گوێ لە دەنگی دەگرن، بە ناو بانگی مەڕەکانی خۆی دەکات و دەیانباتە دەرەوە. کاتێک هەموو ئەوانەی خۆی هێنایە دەرەوە، لەپێشیانەوە دەڕوات و مەڕەکانیش دوای دەکەون، چونکە دەنگی دەناسن. هەرگیز دوای کەسی بێگانە ناکەون، بەڵکو لێی ڕادەکەن، چونکە دەنگی بێگانە ناناسن.» عیسا ئەم نموونەیەی بۆ گێڕانەوە، بەڵام ئەوان تێنەگەیشتن باسی چییان بۆ دەکات.

لەبەر ئەوە دیسان عیسا فەرمووی: «ڕاستی ڕاستیتان پێ دەڵێم، منم دەرگای مەڕەکان. هەموو ئەوانەی پێش من هاتوون دز و جەردە بوون[b]، بەڵام مەڕەکان گوێیان لێ نەگرتن. منم دەرگاکە. ئەوەی لە منەوە بچێتە ژوورەوە ڕزگاری دەبێت، ئازادانە دێتە ژوورەوە و دەچێتە دەرەوە و لەوەڕگا دەدۆزێتەوە. 10 دز نایەت بۆ دزین و کوشتن و لەناوبردن نەبێت. بەڵام من هاتووم تاکو ئەوان ژیانیان هەبێت، ژیانێکی پڕ و تەواو.

11 «منم شوانە دڵسۆزەکە. شوانی دڵسۆزیش ژیانی خۆی لە پێناوی مەڕەکاندا دادەنێت. 12 بەکرێگیراویش شوانی مەڕەکان نییە و مەڕەکانیش هی ئەو نین. کاتێک دەبینێت گورگ دێت، مەڕەکان بەجێدەهێڵێت و ڕادەکات، گورگیش مەڕەکان دەبات و پەرتەوازەیان دەکات. 13 کابرا هەڵدێت چونکە بە کرێ گیراوە و خەمی مەڕەکانی نییە.

14 «منم شوانە دڵسۆزەکە. مەڕی خۆم دەناسم و ئەوانیش من دەناسن، 15 هەروەک چۆن باوک دەمناسێت، منیش باوک دەناسم. ژیانم بۆ مەڕەکان دادەنێم. 16 هەروەها مەڕی دیکەم هەیە سەر بەم پشتیرەیە نین، دەبێ ئەوانیش بهێنم، ئەوانیش گوێیان لە دەنگم دەبێت، جا دەبنە یەک مێگەل و یەک شوان. 17 لەبەر ئەوە باوک منی خۆشدەوێت، چونکە ژیانی خۆم دادەنێم تاکو وەریبگرمەوە. 18 کەس لە منی ناستێنێ، بەڵکو خۆم دایدەنێم. دەسەڵاتم هەیە دایبنێم و دەسەڵاتم هەیە بیبەمەوە. ئەم ڕاسپاردەیەم لە باوکمەوە وەرگرتووە.»

19 بەهۆی ئەم قسانەوە دیسان دووبەرەکی لەنێو جولەکەکان پەیدابوو. 20 زۆربەیان گوتیان: «ڕۆحی پیسی هەیە و وڕێنە دەکات. بۆچی گوێی لێ دەگرن؟»

21 هەندێکی دیکەیان گوتیان: «ئەمە قسەی یەکێک نییە ڕۆحی پیسی تێدابێت. ئایا ڕۆحی پیس دەتوانێت چاوی نابینا چاک بکاتەوە؟»

من و باوک یەکین

22 زستان بوو و لە ئۆرشەلیم جەژنی هەنوکە[c] بوو، 23 عیساش لە حەوشەکانی پەرستگا لە ڕێڕەوە سەر داپۆشراوەکەی سلێمان پیاسەی دەکرد، کە هەردوو لای بە کۆڵەکە گیرابوو.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.