Old/New Testament
بەزاندنی عەمۆنییەکان
19 دوای ماوەیەک ناحاشی پاشای عەمۆنییەکان مرد و کوڕەکەی لەدوای ئەو بوو بە پاشا. 2 داود گوتی: «لەگەڵ حانوونی کوڕی ناحاش دڵسۆز دەبم، چونکە باوکی لەگەڵم دڵسۆز بوو.» لەبەر ئەوە داود شاندێکی نارد بۆ ئەوەی سەرەخۆشی لە حانوون بکەن سەبارەت بە باوکی.
کاتێک شاندەکەی داود هاتنە لای حانوون لە خاکی عەمۆنییەکان بۆ ئەوەی سەرەخۆشی لێ بکەن، 3 میرەکانی عەمۆنییەکان بە حانوونیان گوت: «تۆ لەو باوەڕەدایت کە داود لەبەر ڕێزگرتن لە باوکت شاندی ناردووە بۆ ئەوەی سەرەخۆشیت لێ بکات؟ ئایا خزمەتکارەکانی بۆ پشکنین و سەرەوژێرکردن و سیخوڕیکردن بەسەر خاکەکەوە نەهاتوون بۆ لات؟» 4 ئیتر حانوون پیاوەکانی داودی گرت و ڕیشی تاشین، جلەکانیشیان لە نیوەوە هەتا پاشەڵیانی دادڕی و بەڕەڵای کردن.
5 کاتێک هەندێک کەس چوون و سەبارەت بەو پیاوانە بە داودیان ڕاگەیاند، ئەویش چەند کەسێکی نارد بۆ پێشوازییان، چونکە پیاوەکان زۆر شەرمیان دەکرد، پاشاش گوتی: «هەتا ڕیشتان دێتەوە لە ئەریحا بمێننەوە، ئینجا بگەڕێنەوە.»
6 کاتێک عەمۆنییەکان بینییان لەلایەن داودەوە قێزەون بوون، حانوون و عەمۆنییەکان هەزار تالنت[a] زیویان نارد هەتا لە ئارامییەکانی دوو ڕووبار[b] و لە ئارامییەکانی مەعکا و لە چۆڤا گالیسکە و گالیسکەسوار بەکرێ بگرن. 7 جا سی و دوو هەزار گالیسکە و گالیسکەسواریان بەکرێ گرت، هەروەها پاشای مەعکا لەگەڵ سوپاکەی هات و لە بەرامبەر مێدەبا دامەزران، عەمۆنییەکانیش لە شارۆچکەکانیانەوە کۆبوونەوە و هاتن بۆ جەنگ.
8 کاتێک داود ئەمەی بیستەوە یۆئاب و هەموو سوپا شەڕکەرەکانی نارد. 9 عەمۆنییەکان هاتنە دەرەوە و لە دەمی دەروازەی شارەکەیان بۆ جەنگ ڕیزیان بەست، بەڵام ئەو پاشایانەی کە هاتبوون بە جیا لە دەشتودەر بوون.
10 کاتێک یۆئاب بینی کە بەرەکانی جەنگ لەپێشی و لەپاشییەوەن، لە باشترین جەنگاوەرانی ئیسرائیل چەند هێزێکی هەڵبژارد، بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئارامییەکان ڕیزی کردن. 11 ئەو پیاوانەی کە مانەوە دایە دەست ئەبیشەیی برای و ئەویش بۆ بەرەنگاربوونەوەی عەمۆنییەکان ڕیزی کردن. 12 یۆئاب گوتی: «ئەگەر ئارامییەکان لە من بەهێزتر بوون، ئەوا تۆ بەهانامەوە دێیت؛ بەڵام ئەگەر عەمۆنییەکان لە تۆ بەهێزتر بوون، ئەوا من بەهاناتەوە دێم. 13 ئازابە و با بەهێز بین لە پێناوی گەلەکەمان و لە پێناوی شارەکانی خوداکەمان، یەزدانیش چی پێ باشە ئەوە دەکات.»
14 ئینجا یۆئاب و ئەو لەشکرەی لەگەڵی بوون بۆ جەنگ لە دژی ئارامییەکان چوونە پێشەوە، ئەوانیش لەبەردەمیدا هەڵاتن. 15 کاتێک عەمۆنییەکان بینییان ئارامییەکان هەڵدەهاتن، ئەوانیش لەبەردەم ئەبیشەی هەڵاتن و چوونە ناو شارەکە. ئیتر یۆئاب گەڕایەوە ئۆرشەلیم.
16 کاتێک ئارامییەکان بینییان لە بەرامبەر ئیسرائیل تێکشکاون، چەند نێردراوێکیان نارد و ئارامییەکانی ئەوبەری ڕووباری فوراتیان هێنا و شوفەخی سەرکردەی سوپاکەی هەدەدعەزەریش لەپێشیانەوە بوو.
17 کاتێک بە داود ڕاگەیەنرا، ئەویش هەموو ئیسرائیلی کۆکردەوە و لە ڕووباری ئوردونەوە پەڕییەوە و بۆیان هات و ڕیزی لێیان بەست، داود بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئارامییەکان ڕیزی بەست بۆ جەنگ و ئەوانیش لە دژی جەنگان. 18 بەڵام ئارامییەکان لەبەردەم ئیسرائیلدا هەڵاتن، داودیش حەوت هەزار گالیسکەسوار و چل هەزار پیادەی لە ئارامییەکان کوشت، هەروەها شوفەخی سەرکردەی سوپاکەشی کوشت.
19 کاتێک ژێردەستەکانی هەدەدعەزەر بینییان کە ئەوان لە بەرامبەر ئیسرائیل تێکشکاون، لەگەڵ داود ئاشت بوونەوە و بوونە ژێردەستەی ئیسرائیل.
ئیتر ئارامییەکان نەیانوێرا بەهانای عەمۆنییەکانەوە بچن.
گرتنی شاری ڕەبە
20 لە بەهاری ساڵ، لە کاتی ڕۆیشتنی پاشاکان بۆ جەنگ، یۆئاب ڕابەرایەتی هێزە چەکدارەکانی دەکرد. خاکی عەمۆنییەکانی وێران کرد و چوو بۆ ڕەبە و گەمارۆی دا، بەڵام داود لە ئۆرشەلیم مایەوە، جا یۆئاب لە ڕەبەی دا و وێرانی کرد. 2 داود تاجی سەری پاشاکەی ئەوانی برد، دەرکەوت کێشەکەی نزیکەی تالنتێک[c] زێڕ بوو، بەردی گرانبەهاشی تێدابوو، ئینجا لەسەر سەری داود دانرا. دەستکەوتێکی زۆریشی لە شارەکە دەرهێنا، 3 ئەو گەلەشی کە تێیدا بوو هێنایە دەرەوە و بێگاری پێکردن بە ئیشکردن بە مشار و پاچی ئاسنین و تەوری ئاسنین. داود ئەم کارەی بە هەموو شارۆچکەکانی عەمۆنییەکان کرد. پاشان داود و هەموو سوپا گەڕانەوە ئۆرشەلیم.
جەنگی فەلەستییەکان
4 پاش ئەمانە لە گەزەر جەنگ لەگەڵ فەلەستییەکان هەڵگیرسا و لەو کاتەدا سیبەخەیی حوشاتی، سیپەیی کوشت کە یەکێک بوو لە نەوەی ڕفائییەکان، دواجار فەلەستییەکان تێکشکان.
5 جارێکی دیکەش لەگەڵ فەلەستییەکان جەنگ هەڵگیرسایەوە و ئەلحانانی کوڕی یاعیر، لەحمیی برای گۆلیاتی[d] گەتی کوشت، کە دەسکی ڕمەکەی وەک نۆردی جۆڵاکان بوو.
6 دیسان لە گەت جەنگ هەڵگیرسایەوە، پیاوێکی زەبەلاح هەبوو هەر پەلێکی شەش پەنجەی هەبوو، بیست و چوار پەنجەی هەبوو، ئەویش هەر لە نەوەی ڕافا بوو. 7 کاتێک سووکایەتی بە ئیسرائیل کرد، یۆناتانی کوڕی شیمەعەی برای داود کوشتی.
8 ئەوانە لە نەوەی ڕافا بوون لە گەت، بە دەستی داود و خزمەتکارەکانی کوژران.
سەرژمێری بۆ پێکهێنانی سوپا
21 شەیتان لە دژی ئیسرائیل ڕاوەستا و داودی لێ هاندان بۆ سەرژمێریکردنی ئیسرائیل. 2 داودیش بە یۆئاب و فەرماندەکانی سوپای گوت: «بڕۆن و سەرژمێری ئیسرائیل بکەن، لە بیری شابەعەوە هەتا دان. پاشان وەرنەوە لام بۆ ئەوەی ژمارەیان بزانم.»
3 بەڵام یۆئاب وەڵامی دایەوە: «با یەزدان جەنگاوەرەکانی سەد ئەوەندە زیاتر بکات. ئەی پاشای گەورەم، ئایا هەموویان خزمەتکاری گەورەم نین؟ ئیتر بۆچی گەورەم داوای ئەمە دەکات؟ بۆچی ئیسرائیل تووشی تاوان بکات؟»
4 لەگەڵ ئەوەشدا پاشا بڕیارەکەی خۆی بەسەر یۆئابدا سەپاند، ئیتر یۆئاب چووە دەرەوە و بە هەموو ئیسرائیلدا گەڕا، ئینجا هاتەوە ئۆرشەلیم. 5 یۆئاب ئەنجامی سەرژمێرییەکەی دایە داود: لە هەموو ئیسرائیل ملیۆنێک و سەد هەزار پیاوی بە توانا لە بەکارهێنانی شمشێر هەبوون، لە یەهوداش چوار سەد و حەفتا هەزار هەبوون.
6 بەڵام یۆئاب لێڤی و بنیامینییەکانی لەگەڵیان نەژمارد، چونکە ڕقی لە فەرمانەکەی پاشا دەبووەوە. 7 ئەم فەرمانە لەلای خوداش خراپ بوو، لەبەر ئەوە سزای ئیسرائیلی دا.
8 داودیش بە خودای گوت: «زۆر گوناهم کرد لەوەی کە کردم، ئێستاش تکایە لە تاوانی بەندەکەت خۆشبە، چونکە ڕەفتارێکی زۆر گێلانەم کرد.»
9 یەزدانیش لەگەڵ گاد، ئەوەی پەیامی خودای بە داود ڕادەگەیاند، دوا و پێی فەرموو: 10 «بڕۆ بە داود بڵێ: ”یەزدان ئەمە دەفەرموێت: من سێ هەڵبژاردە دەخەمە بەردەمت و تۆش یەکێکیان هەڵبژێرە هەتا جێبەجێی بکەم لەسەرت.“»
11 ئیتر گاد چوو بۆ لای داود و پێی گوت: «یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ”بۆ خۆت هەڵبژێرە، 12 سێ ساڵ قاتوقڕی، یان سێ مانگ هەڵاتن لەبەردەم دوژمنەکەت کە بە شمشێر ڕاوت دەنێت، یان سێ ڕۆژ شمشێری یەزدان بە دەرد لە خاکەکە دەدات و فریشتەی یەزدانیش لە هەموو سنوورەکانی ئیسرائیلدا وێرانکاری دەکات.“ ئێستا ببینە چی وەڵامی خودا بدەمەوە کە منی ناردووە.»
13 داودیش بە گادی گوت: «زۆر لە تەنگانەدام، با بکەومە دەستی یەزدان، چونکە ئەو بەزەیی زۆر زۆرە، بەڵام با نەکەومە ژێر دەستی مرۆڤەوە.»
14 لەبەر ئەوە یەزدان دەردی خستە ناو ئیسرائیلەوە، ئیتر حەفتا هەزار پیاو لە ئیسرائیل مردن. 15 هەروەها خودا فریشتەیەکی بۆ سەر ئۆرشەلیم نارد بۆ ئەوەی وێرانی بکات، کاتێک وێرانی دەکرد، یەزدان تەماشای کرد و کارەساتەکەی ڕاگرت، بە فریشتە وێرانکەرەکەی فەرموو: «بەسە! ئێستا دەست هەڵبگرە!» فریشتەکەی یەزدان لەو کاتەدا لەسەر جۆخینەکەی ئەرەونای یەبوسی ڕاوەستابوو.
16 داود سەری هەڵبڕی و بینی فریشتەکەی یەزدان لەنێوان زەوی و ئاسماندا ڕاوەستاوە، شمشێرەکەی بەدەستەوەیە و بەسەر ئۆرشەلیمدا ڕایکێشاوە. داود و ئەو پیرانەی کە جلوبەرگی گوشیان[e] پۆشیبوو بەسەر ڕوویاندا کەوتن.
17 داود بە خودای گوت: «ئایا من نەبووم کە فەرمانم دا سەرژمێری گەل بکەن؟ منم ئەوەی کە گوناهم کردووە، لە ڕاستیدا من خراپەم کرد، بەڵام ئەم مەڕانە چییان کردووە؟ ئەی یەزدان، خودای من، تکایە با سزاکەت بۆ من و بنەماڵەکەم بێت، نەک ئەم دەردە لەسەر گەلەکەت بەردەوام بێت.»
18 ئینجا فریشتەکەی یەزدان بە گادی فەرموو، کە بە داود بڵێت، با داود سەربکەوێت و لەسەر جۆخینەکەی ئەرەونای یەبوسی قوربانگایەک بۆ یەزدان دابمەزرێنێت. 19 داودیش بەپێی قسەکەی گاد کە بە ناوی یەزدانەوە گوتی، سەرکەوت.
20 لە کاتێکدا ئەرەونا گەنمی دەکوتا، ئاوڕی دایەوە و فریشتەکەی بینی، چوار کوڕەکەی ئەرەونا کە لەگەڵیدا بوون خۆیان شاردەوە. 21 پاشان داود بەرەو لای ئەرەونا هات، ئەرەونا چاوی هەڵبڕی بینی کە داود بەرەو لای ئەو دێت، لە جۆخینەکە چووە دەرەوە، کڕنۆشی بۆ داود برد و سەری خستە سەر زەوی.
22 داود بە ئەرەونای گوت: «شوێنی جۆخینەکەم بدەرێ تاکو قوربانگایەک بۆ یەزدان بنیاد بنێم و دەردەکە لە کۆڵ گەل ببێتەوە، بە نرخی تەواوی خۆی بمدەرێ.»
23 ئەرەوناش بە داودی گوت: «بۆ خۆتی ببە و با پاشای گەورەم چی بە چاک دەزانێت ئەوە بکات. تەماشا بکە. ئەوە گا بۆ قوربانی سووتاندن و جەنجەڕ بۆ دار و گەنمەکەش بۆ پێشکەشکراوی دانەوێڵە. هەمووی دەدەم.»
24 بەڵام داودی پاشا بە ئەرەونای گوت: «نەخێر، بەڵکو بە نرخی تەواوی خۆی دەیکڕم، چونکە ئەوەی هی تۆیە نایبەم بۆ یەزدان، قوربانی سووتاندنی بەخۆڕایی سەر ناخەم.»
25 لەبەر ئەوە داود بەرامبەر بە شوێنەکە شەش سەد شاقل زێڕی دایە ئەرەونا. 26 داود لەوێ قوربانگایەکی بۆ یەزدان بنیاد نا و قوربانی سووتاندن و قوربانی هاوبەشی سەرخست. لە یەزدان پاڕایەوە، ئەویش بە ئاگر لە ئاسمانەوە بۆ سەر قوربانگاکەی قوربانی سووتاندن وەڵامی دایەوە.
27 پاشان یەزدان فەرمانی بە فریشتەکە کرد و ئەویش شمشێرەکەی گەڕاندەوە ناو کێلانەکەی[f]. 28 لەو کاتەدا کە داود بینی یەزدان لەسەر جۆخینەکەی ئەرەونای یەبوسی وەڵامی دایەوە، لەوێدا قوربانی سەربڕی. 29 لەو کاتەدا چادرەکەی پەرستنی یەزدان کە موسا لە چۆڵەوانیدا دروستی کردبوو، لەگەڵ قوربانگاکەی قوربانی سووتاندن، لەسەر بەرزاییەکەی گبعۆن بوون. 30 بەڵام داود نەیتوانی بچێتە بەردەمی هەتا پرسیار لە خودا بکات، چونکە لە شمشێرەکەی فریشتەی یەزدان دەترسا.
8 بەڵام عیسا چوو بۆ کێوی زەیتوون.
ژنێکی داوێنپیس
2 عیسا لە بەرەبەیاندا گەڕایەوە حەوشەکانی پەرستگا، هەموو خەڵک هاتنە لای و ئەویش دانیشت و فێری دەکردن. 3 مامۆستایانی تەورات[a] و فەریسییەکان ژنێکیان هێنا کە لە کاتی داوێنپیسیدا گیرابوو، لە ناوەڕاستی خەڵکەکە ڕایانگرت، 4 پێیان گوت: «مامۆستا، ئەم ژنە لە کاتی ئەنجامدانی داوێنپیسیدا گیراوە. 5 موساش لە تەوراتدا فەرمانی پێ کردووین ژنی ئاوا بەردباران بکرێت. تۆ چی دەڵێی؟» 6 ئەمەیان بۆ تاقیکردنەوەی عیسا گوت، تاکو شتێکیان هەبێت سکاڵای لێ بکەن.
بەڵام عیسا خۆی چەماندەوە و بە پەنجە لەسەر زەوی دەینووسی. 7 کاتێک ئەوان بەردەوام بوون لە پرسیارکردن، عیسا هەستایەوە و پێی فەرموون: «کامەتان بێ گوناهە با یەکەم بێت بەردێکی تێبگرێ.» 8 دیسان خۆی چەماندەوە و لەسەر زەوی دەینووسی.
9 ئەوانەی گوێیان لێبوو، یەک لەدوای یەک ڕۆیشتن، دەستپێک لە پیرانەوە. ئەوسا عیسا بە تەنها مایەوە، ژنەکەش لەوێ ڕاوەستابوو. 10 عیسا ڕاستبووەوە و پێی فەرموو: «خانم، ئەوانە چییان لێهات؟ کەس تاوانباری نەکردیت؟»
11 گوتی: «نەخێر گەورەم.»
عیسا فەرمووی: «منیش تاوانبارت ناکەم. بڕۆ ئیتر گوناه مەکە.»⌞
من ڕووناکی جیهانم
12 دیسان عیسا قسەی بۆ کردن و فەرمووی: «منم ڕووناکی جیهان. ئەوەی دوام بکەوێت هەرگیز بە تاریکیدا ناڕوات، بەڵکو ڕووناکی ژیانی دەبێت.»
13 ئینجا فەریسییەکان پێیان گوت: «تۆ شایەتی بۆ خۆت دەدەیت. شایەتییەکەت ڕاست نییە.»
14 عیساش پێی فەرموون: «تەنانەت ئەگەر من شایەتی بۆ خۆم بدەم، شایەتییەکەم ڕاستە، چونکە دەزانم لەکوێوە هاتووم و بۆ کوێ دەڕۆم. بەڵام ئێوە نازانن من لەکوێوە هاتووم یان بۆ کوێ دەڕۆم. 15 ئێوە بەگوێرەی پێوانەکانی مرۆڤ حوکم دەدەن، بەڵام من کەس حوکم نادەم. 16 ئەگەر حوکمیش بدەم حوکمدانەکەم ڕاستە، چونکە بە تەنها نیم، بەڵکو من و باوکین، ئەوەی ناردوومی. 17 لە تەوراتی ئێوەشدا نووسراوە کە شایەتی دوو کەس ڕاستە. 18 منم شایەتی بۆ خۆم دەدەم، ئەو باوکەش کە منی ناردووە شایەتیم بۆ دەدات.»
19 ئەوسا لێیان پرسی: «باوکت لەکوێیە؟»
عیسا وەڵامی دایەوە: «نە من دەناسن و نە باوکیشم. ئەگەر منتان بناسیایە باوکی منیشتان دەناسی.» 20 ئەو قسانەی لە کاتێکدا فەرموو کە لەناو حەوشەکانی پەرستگا لە نزیک گەنجینەکە[b] خەڵکی فێردەکرد، بەڵام کەس نەیگرت، چونکە هێشتا کاتی نەهاتبوو.
21 دیسان عیسا پێی فەرموون: «من دەڕۆم و ئێوە بەدوامدا دەگەڕێن، بەڵام لەناو گوناهەکانتان دەمرن. ئێوە ناتوانن بێنە ئەو شوێنەی من بۆی دەچم.»
22 جولەکەکان دەیانگوت: «ئایا خۆی دەکوژێت؟ چونکە دەڵێ: ”ئێوە ناتوانن بێنە ئەو شوێنەی من بۆی دەچم.“»
23 ئیتر عیسا پێی فەرموون: «ئێوە هی خوارەوەن، من هی سەرەوەم. ئێوە هی ئەم جیهانەن، بەڵام من هی ئەم جیهانە نیم. 24 لەبەر ئەوە پێم گوتن: لەناو گوناهەکانتان دەمرن، چونکە ئەگەر باوەڕ نەهێنن کە من ئەوم، ئەوا لەناو گوناهەکانتان دەمرن.»
25 لێیان پرسی: «تۆ کێیت؟»
عیسا پێی فەرموون: «من هەر ئەوەم کە لە سەرەتاوە پێم گوتن. 26 زۆر شتم هەیە لەسەرتان کە بیڵێم و ئێوەی پێ حوکم بدەم. بەڵام ئەوەی ناردوومی جێی متمانەیە، هەرچیم لەو بیستووە بە جیهانی دەڵێم.»
27 ئەوان تێنەگەیشتن کە باسی باوکی دەکات.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.