Old/New Testament
گەڕاندنەوەی سندوقی پەیمان
13 داود ڕاوێژی لەگەڵ هەموو ئەفسەرەکانی کرد، فەرماندەی هەزاران و سەدان، 2 ئینجا بە هەموو کۆمەڵی ئیسرائیلی گوت: «ئەگەر پێتان باشە و بەپێی خواستی یەزدانی پەروەردگارمانە، با بەدوای هەموو هاونیشتیمانەکانماندا بنێرین لە هەموو لایەکی خاکی ئیسرائیل، هەروەها لەدوای ئەو کاهین و لێڤییانەی کە لە شارۆچکەکان و دەشتەکان لەگەڵیان دەژین، هەتا لەگەڵمان کۆببنەوە. 3 با سندوقی خودامان بهێنینەوە لای خۆمان، چونکە بە درێژایی پاشایەتی شاول لێمان نەپرسیوەتەوە.» 4 هەموو کۆمەڵەکەش گوتیان ئاوا دەکەین، چونکە لەلای هەموو گەل پەسەند بوو.
5 ئیتر داود هەموو ئیسرائیلی لە ڕووباری شیحۆری میسرەوە هەتا دەروازەی حەمات کۆکردەوە، هەتا سندوقی خودا لە قیریەت یەعاریمەوە بهێنن. 6 ئینجا داود و هەموو ئیسرائیل چوونە بەعلەی یەهودا کە قیریەت یەعاریمە، بۆ ئەوەی لەوێوە سندوقی خودای پەروەردگار بهێننەوە، ئەوەی لەنێوان کەڕوبەکان[a] لەسەر تەخت دانیشتووە، ئەو سندوقە کە ناوی لێنراوە «ناوەکە».
7 لە ماڵی ئەبینادابەوە سندوقی خودایان لە عەرەبانەیەکی نوێ بارکرد، عوزا و ئەحیۆ عەرەبانەکەیان لێدەخوڕی. 8 داود و هەموو ئیسرائیلیش بە هەموو توانایانەوە لەبەردەم خودا ئاهەنگیان دەگێڕا، بە سروود و قیسارە و ساز و دەف و سەنج و کەڕەناوە.
9 کاتێک گەیشتنە سەر جۆخینەکەی[b] کیدۆن، عوزا دەستی بۆ سندوقەکە درێژکرد و گرتی، چونکە گایەکان سەرسمیان دا. 10 ئەو ساتە تووڕەیی یەزدان بەسەر عوزادا جۆشا و لێیدا، لەبەر ئەوەی دەستی بۆ سندوقەکە درێژکرد و هەر لەوێدا لەبەردەم خودا مرد.
11 داودیش تووڕە بوو، چونکە یەزدان بە تەواوی عوزای لەناوبرد، ئەو شوێنەش هەتا ئەمڕۆ بە پێرێز عوزا[c] ناودەبردرێت.
12 ئەو ڕۆژە داود لە خودا ترسا و گوتی: «چۆن سندوقی خودا بۆ لای خۆم بهێنم؟» 13 لەبەر ئەوە داود سندوقەکەی نەگواستەوە بۆ لای خۆی بۆ شاری داود، بەڵکو بردییە ماڵی عوبێد ئەدۆمی گەتی. 14 سێ مانگ سندوقی خودا لە ماڵی عوبێد ئەدۆم مایەوە، یەزدانیش ماڵی عوبێد ئەدۆم و هەموو ئەو شتانەی کە هی ئەو بوون بەرەکەتداری کردن.
کۆشک و خێزانی داود
14 پاشان حیرامی پاشای سور چەند نێردراوێکی بۆ لای داود نارد لەگەڵ داری ئورز و نەقاڕ و دارتاش بۆ ئەوەی کۆشکێکی بۆ دروستبکەن. 2 ئینجا داود زانی کە یەزدان وەک پاشای ئیسرائیل جێگیری کردووە، پاشایەتییەکەشی لە پێناوی ئیسرائیلی گەلەکەیدا زۆر پایەدار کردووە.
3 هەروەها داود چەند ژنێکی دیکەی لە ئۆرشەلیم هێنا، ئینجا کوڕ و کچی دیکەی داود لەدایک بوون. 4 ئەمەش ناوی ئەو منداڵانەیەتی کە لە ئۆرشەلیم لەدایک بوون: شەموع، شۆڤاڤ، ناتان، سلێمان، 5 ئیڤحار، ئەلیشوع، ئەلپەلەت، 6 نۆگە، نەفەگ، یافیع، 7 ئەلیشاماع، بەعەلیاداع و ئەلیفەلەت.
بەزاندنی فەلەستییەکان
8 کاتێک فەلەستییەکان بیستیانەوە کە داود بە پاشای هەموو ئیسرائیل دەستنیشانکراوە، هەموو فەلەستییەکان بۆ گەڕان بەدوای داود سەرکەوتن. بەڵام کاتێک داود ئەمەی بیستەوە دابەزی بۆ بەرەنگاربوونەوەیان. 9 ئەو کاتە فەلەستییەکان هاتبوون و دەستیان کردبوو بە تاڵانکردنی دۆڵی ڕفایم. 10 داودیش پرسیاری لە خودا کرد و گوتی: «ئایا بچم بۆ پەلاماردانی فەلەستییەکان؟ ئایا دەیاندەیتە دەستم؟»
یەزدانیش بە داودی فەرموو: «بڕۆ، دەیاندەمە دەستت.»
11 ئینجا داود و پیاوەکانی چوونە بەعلپراچیم[d] و لەوێ دوژمنەکانی بەزاند، گوتی: «خودا بە دەستی من دڕی بە دوژمنەکانم دا وەک دڕپێدادانی ئاو.» لەبەر ئەوە ئەو شوێنە بە بەعلپراچیم ناو برا. 12 هەروەها لەوێدا بتەکانیان بەجێهێشت و داود فەرمانی دا و سووتێنران.
13 دووبارە فەلەستییەکان هاتنەوە و دەستیان کردەوە بە تاڵانکردن لە دۆڵەکە، 14 داودیش پرسیاری لە خودا کرد، خوداش پێی فەرموو: «بەدوایاندا مەڕۆ، بەڵکو بسووڕێوە بۆ پشتیان و بەرامبەر بە دار بەلسەمەکان پەلاماریان بدە. 15 کاتێک لەسەر دار بەلسەمەکانەوە گوێت لە دەنگی پێ بوو، لەو کاتەدا وەرە دەرەوە بۆ جەنگ، چونکە خودا بۆ لێدانی ئۆردوگای فەلەستییەکان لەپێشتەوە ڕۆیشتووە.» 16 داودیش بەو جۆرەی کرد کە خودا فەرمانی پێ کرد و لە گبعۆنەوە هەتا گەزەر لە سوپای فەلەستییەکانیان دا.
17 بەو شێوەیە ناوبانگی داود بەناو هەموو خاکەکاندا بڵاو بووەوە و یەزدانیش ترسی ئەوی خستە ناو دڵی هەموو نەتەوەکانەوە.
هێنانی سندوقی پەیمان بۆ ئۆرشەلیم
15 داود چەند تەلارێکی بۆ خۆی لە شاری داود دروستکرد و شوێنێکی بۆ سندوقی خودا ئامادە کرد و چادرێکی بۆی هەڵدا. 2 ئینجا داود گوتی: «کەس بۆی نییە سندوقی خودا هەڵبگرێت، تەنها لێڤییەکان نەبێت، چونکە یەزدان ئەوانی هەڵبژاردووە بۆ هەڵگرتنی سندوقی یەزدان و خزمەتکردنی هەتاهەتایە.»
3 داود هەموو ئیسرائیلی لە ئۆرشەلیم کۆکردەوە بۆ هێنانی سندوقی یەزدان بۆ ئەو شوێنەی کە بۆی ئامادە کردبوو. 4 هەروەها داود نەوەی هارون و لێڤییەکانی کۆکردەوە.
5 لە نەوەی قەهات،
ئوریێلی سەرکردە و سەد و بیست کەس لە خزم و نزیکەکانی.
6 لە نەوەی مەراری،
عەسایای سەرکردە و دوو سەد و بیست کەس لە خزم و نزیکەکانی.
7 لە نەوەی گێرشۆن،
یۆئێلی سەرکردە و سەد و سی کەس لە خزم و نزیکەکانی.
8 لە نەوەی ئەلیچافان،
شەمەعیای سەرکردە و دوو سەد کەس لە خزم و نزیکەکانی.
9 لە نەوەی حەبرۆن،
ئەلیێلی سەرکردە و هەشتا کەس لە خزم و نزیکەکانی.
10 لە نەوەی عوزیێل،
عەمینادابی سەرکردە و سەد و دوازدە کەس لە خزم و نزیکەکانی.
11 ئینجا داود بانگی سادۆق و ئەبیاتاری کرد کە هەردووکیان کاهین بوون، هەروەها بانگی ئوریێل و عەسایا و یۆئێل و شەمەعیا و ئەلیێل و عەمینادابی کرد کە لە لێڤییەکان بوون. 12 پێی گوتن: «ئێوە گەورەی بنەماڵەکانی لێڤین، خۆتان و براکانتان تەرخان بکەن و سندوقی یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل بۆ ئەو شوێنە بهێنن کە بۆم ئامادە کردووە، 13 چونکە یەکەم جار ئێوەی لێڤی ئەوتان هەڵنەگرت، ئیتر یەزدانی پەروەردگارمان دڕی پێداین، لەبەر ئەوەی پرسمان بە خودا نەکرد کە چۆن ئەو کارە بکەین.» 14 ئینجا کاهین و لێڤییەکان خۆیان تەرخان کرد بۆ هێنانی سندوقی یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل. 15 نەوەی لێڤییەکان هەروەک چۆن موسا بەپێی فەرمایشتی یەزدان فەرمانی دابوو ئاوا سندوقی خودایان بە دوو دارەکەی لەسەر شانیان هەڵگرت.
16 داود بە سەرکردە لێڤییەکانی گوت کە برا گۆرانیبێژەکانیان بە ئامێرەکانی مۆسیقاوە دابنێن، بە ساز و قیسارە و سەنجەوە، هەتا بە خۆشییەوە و بە دەنگی بەرز گۆرانی بڵێن.
17 لێڤییەکانیش ئەمانەیان دانا: هێیمانی کوڕی یۆئێل و لە براکانیشی ئاسافی کوڕی بەرەخیا و لە نەوەی مەراریش لە براکانیان، ئێیتانی کوڕی قوشایاهو، 18 لەگەڵیشیان خزم و کەسە پلە دووەکانیان: زەکەریا، یەعزیێل، شەمیرامۆت، یەحیێل، عونی، ئەلیاب، بەنایا، مەعسێیاهو، مەتیسیا، ئەلیفەلێهو و میقنێیاهو و هەردوو دەرگاوانەکان، عوبێد ئەدۆم و یەعیێل.
19 مۆسقاژەنەکانیش، هێیمان و ئاساف و ئێیتان سەنجی بڕۆنزیان لێدەدا. 20 زەکەریا و عەزیێل و شەمیرامۆت و یەحیێل و عونی و ئەلیاب و مەعسێیاهو و بەنایا سازیان بە شێوەی عەلامۆت[e] دەژەند. 21 مەتیسیا و ئەلیفەلێهو و میقنێیاهو و عوبێد ئەدۆم و یەعیێل و عەزەزیاهو قیسارەیان بۆ ڕابەرایەتیکردن بە شێوەی شەمینیت[f] دەژەند. 22 کەنەنیاهوی بەهۆی شارەزاییە باشەکەی لە مۆسیقا، ڕابەرایەتی ژەنیارە لێڤییەکانی دەکرد.
23 بەرەخیا و ئەلقانەش دەرگاوانی سندوقی پەیمانەکە بوون. 24 کاهینەکانیش شەڤەنیا و یۆشافات و نەتەنێل و عەماسەی و زەکەریا و بەنایا و ئەلیعەزەر لەبەردەم سندوقی خودا فوویان بە کەڕەنادا دەکرد و عوبێد ئەدۆم و یەحیاش دەرگاوانی سندوقی پەیمانەکە بوون.
25 داود و پیرانی ئیسرائیل و فەرماندەی یەکەکانی هەزاران بە خۆشییەوە چوون بۆ هێنانی سندوقی پەیمانی یەزدان لە ماڵی عوبێد ئەدۆمەوە. 26 کاتێک خودا یارمەتی لێڤییەکانی هەڵگرانی سندوقی پەیمانی یەزدانی دا، حەوت گا و حەوت بەرانیان وەک قوربانی سەربڕی. 27 داود و هەموو لێڤییەکانی کە سندوقی پەیمانیان هەڵدەگرت، مۆسیقاژەنەکان و کەنەنیاهوی ڕابەری مۆسیقای تیپی گۆرانیبێژەکان، هەمووان کەوای کەتانی ناسکیان لەبەردا بوو، هەروەها داود ئێفۆدێکی کەتانی لەبەردا بوو. 28 هەموو ئیسرائیل بە هاواری خۆشی و بە لێدانی کەڕەنا و کەڕەنای قۆچە بەران و سەنج، هەروەها بە ژەنینی ساز و قیسارە، سندوقی پەیمانی یەزدانیان هێنا.
29 کاتێک سندوقی پەیمانی یەزدان هاتە ناو شاری داود، میخەلی کچی شاول لە پەنجەرەکەوە سەیری خوارەوەی کرد و بینی داودی پاشا سەما دەکات و هەڵدەبەزێتەوە، لە دڵی خۆیدا بە سووکی زانی.
ڕقی جیهان لە عیسا
7 دوای ئەمانە عیسا بە جەلیلدا دەگەڕا و نەیدەویست لە یەهودیا بگەڕێ، چونکە ڕابەرانی جولەکەی ئەوێ هەوڵیان دەدا بیکوژن. 2 جەژنی کەپرەشینەی[a] جولەکەش نزیک بوو، 3 براکانی پێیان گوت: «ئێرە بەجێبهێڵە و بڕۆ یەهودیا، تاکو قوتابییەکانی خۆشت کارەکانت ببینن کە تۆ دەیکەیت، 4 هیچ کەسێک بە نهێنی شتێک ناکات ئەگەر بیەوێت ئاشکرابێت. ئەگەر ئەم شتانە دەکەیت، خۆت پیشانی جیهان بدە.» 5 براکانی وایان پێ گوت، چونکە تەنانەت ئەوانیش باوەڕیان پێی نەدەکرد.
6 عیساش پێی فەرموون: «جارێ کاتم نەهاتووە، بەڵام هەردەم کاتی ئێوە گونجاوە. 7 جیهان ناتوانێت ڕقی لێتان بێتەوە، بەڵام ڕقی لە من دەبێتەوە، چونکە شایەتی لەسەر دەدەم کە کردەوەی خراپە. 8 ئێوە بڕۆنە جەژنەکە، من نایەمە ئەم جەژنە، چونکە هێشتا کاتم تەواو نەبووە.» 9 ئەمانەی فەرموو و لە جەلیل مایەوە.
10 بەڵام کە براکانی بۆ جەژنەکە چوون، ئەویش ڕۆیشت، بەڵام بە ئاشکرا نا، 11 ڕابەرانی جولەکە لە جەژنەکەدا بەدوایدا دەگەڕان و دەیانگوت: «ئەو لەکوێیە؟»
12 لەنێو خەڵکەکەدا چرپەچرپێکی زۆری لەسەر بوو، هەندێکیان دەیانگوت: «چاکە.»
خەڵکی دیکەش دەیانگوت: «نەخێر، بەڵکو خەڵک گومڕا دەکات.» 13 بەڵام کەس لە ترسی جولەکەکان بە ئاشکرا باسی نەدەکرد.
بیروڕای جیاواز دەربارەی عیسا
14 کاتێک نیوەی جەژن بوو، عیسا چووە حەوشەکانی پەرستگا و خەڵکی فێردەکرد. 15 جولەکەکان سەرسام بوون و پرسییان: «ئەمە کە فێرنەکراوە[b] چۆن ئەم هەموو زانیارییەی هەیە؟»
16 عیسا وەڵامی دانەوە: «فێرکردنم هی خۆم نییە، بەڵکو هی ئەوەیە کە ناردوومی. 17 ئەگەر کەسێک بیەوێت بە خواستی ئەو بکات، لە فێرکردن دەزانێت ئاخۆ هی خودایە یان لە خۆمەوە دەدوێم. 18 ئەوەی لە خۆیەوە بدوێت، داوای شکۆی خۆی دەکات، بەڵام ئەوەی داوای شکۆی ئەوە بکات کە ناردوویەتی، ئەمە ڕاستگۆیە و فڕوفێڵی تێدا نییە. 19 ئایا موسا تەوراتی نەداونەتێ؟ بەڵام کەس لە ئێوە بە قسەی تەورات ناکات. بۆچی هەوڵی کوشتنم دەدەن؟»
20 خەڵکەکە وەڵامیان دایەوە: «ڕۆحی پیست هەیە! کێ هەوڵی کوشتنت دەدات؟»
21 عیسا پێی فەرموون: «کارێکم کرد و هەموو سەرسام بوون. 22 لە ڕۆژی شەممەدا کوڕ خەتەنە دەکەن، چونکە دەڵێن کە موسا خەتەنەکردنی پێ سپاردوون، هەرچەندە خەتەنەکردن لە موساوە نەبووە، بەڵکو لە باپیرانتانەوەیە. 23 ئەگەر کوڕ لە ڕۆژی شەممە خەتەنە بکرێت تاکو تەوراتی موسا نەشکێت، باشە لە من تووڕە دەبن کە لە ڕۆژی شەممە سەراپای مرۆڤێکم چاککردەوە؟ 24 بە ڕواڵەت حوکم مەدەن، بەڵکو حوکمێکی دادپەروەرانە بدەن.»
25 لەبەر ئەوە هەندێک لە خەڵکی ئۆرشەلیم دەیانگوت: «ئەمە نییە ئەوەی دەیانەوێت بیکوژن؟ 26 ئەوەتا بە ئاشکرا قسە دەکات و هیچی پێ ناڵێن. ئایا سەرۆکەکان بەڕاستی بۆیان دەرکەوتووە کە ئەمە مەسیحەکەیە[c]؟ 27 بەڵام ئێمە دەزانین ئەمە خەڵکی کوێیە. کاتێک مەسیحیش دێت کەس نازانێت خەڵکی کوێیە.»
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.