Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Old/New Testament

Each day includes a passage from both the Old Testament and New Testament.
Duration: 365 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
یەکەم پوختەی مێژوو 10-12

خۆکوشتنی شاول

10 فەلەستییەکان لە دژی ئیسرائیل جەنگان و پیاوانی ئیسرائیل لەبەردەم فەلەستییەکان هەڵاتن، ژمارەیەکی زۆریان بە کوژراوی لە کێوی گلبۆع کەوتن. فەلەستییەکان بە گوڕەوە دوای شاول و کوڕەکانی کەوتن، یۆناتان و ئەبیناداب و مەلکی‌شوەعی کوڕەکانی شاولیان کوشت. جەنگەکە لەسەر شاول توندتر بوو، تیرهاوێژەکان دۆزییانەوە و پێکایان.

شاول بە هەڵگری تفاقەکانی گوت: «شمشێرەکەت دەربێنە و بمکوژە، نەوەک ئەو خەتەنە نەکراوانە بێن و سووکایەتیم پێ بکەن.»

بەڵام هەڵگری تفاقەکانی ڕازی نەبوو، چونکە زۆر ترسا. جا شاول شمشێرەکەی برد و خۆی بەسەریدا دا. کاتێک هەڵگری تفاقەکانی بینی شاول مردووە، ئەویش خۆی بەسەر شمشێرەکەیدا دا و مرد. شاول و هەر سێ کوڕەکەی و هەموو ماڵەکەی پێکەوە مردن.

کاتێک هەموو ئەو ئیسرائیلییانەی لەناو دۆڵەکەدا بوون، بینییان کە سوپاکە هەڵاتوون و شاول و کوڕەکانی مردوون، شارۆچکەکانیان بەجێهێشت و هەڵاتن، فەلەستییەکانیش هاتن و تێیاندا نیشتەجێ بوون.

بۆ ڕۆژی دوای ئەوە کاتێک فەلەستییەکان بۆ تاڵانکردنی کوژراوەکان هاتن، شاول و کوڕەکانی ئەویان دۆزییەوە لە کێوی گلبۆع کەوتبوون. ئینجا ڕووتیان کردەوە و کەللەسەر و زرێیەکەیان[a] برد، بە هەموو لایەکدا نێردراویان بۆ خاکی فەلەستییەکان نارد، تاوەکو مژدە بدەنە بتەکانیان و گەلەکەیان. 10 ئینجا زرێیەکەیان لە پەرستگای خوداوەندەکانیاندا دانا و کەللەسەریشیان لەناو پەرستگای داگۆن هەڵواسی.

11 کاتێک هەموو دانیشتووانی یاڤێش گلعاد ئەو شتانەیان بیستەوە کە فەلەستییەکان بە شاولیان کردبوو، 12 هەموو پیاوە دلێرەکانیان هەستان و لاشەکەی شاول و لاشەی کوڕەکانی ئەویان هەڵگرت و هێنایاننە یاڤێش. لەژێر دار بەڕووەکەی یاڤێش ئێسکەکانیان ناشت، حەوت ڕۆژ بەڕۆژوو بوون.

13 شاول مرد بەهۆی ناپاکییەکەی کە لە بەرامبەر یەزدان کردی، کە فەرمایشتی یەزدانی پەیڕەو نەکرد، تەنانەت پرسوڕای بە نێوانگر[b] کرد بۆ ڕێنمایی و 14 داوای ڕێنمایی لە یەزدان نەکرد، جا یەزدان کوشتی و پاشایەتییەکەشی دایە دەست داودی کوڕی یەسا.

بەپاشابوونی داود لە ئیسرائیل

11 هەموو ئیسرائیل هاتنە حەبرۆن بۆ لای داود، گوتیان: «ئەوەتا ئێمە لە گۆشت و خوێنی تۆین. لە ڕابردوودا و تەنانەت کاتێک کە شاولیش پاشامان بوو، تۆ هەر ڕابەرایەتی سوپای ئیسرائیلت دەکرد، یەزدانی خوداشت پێی فەرموویت: ”تۆ شوانایەتی ئیسرائیلی گەلەکەم دەکەیت و دەبیتە فەرمانڕەوایان.“»

هەروەها هەموو پیرانی ئیسرائیل هاتنە حەبرۆن بۆ لای پاشا، داودیش لەبەردەم یەزدان لە حەبرۆن پەیمانی لەگەڵدا بەستن، ئەوانیش بەپێی فەرمایشتی یەزدان کە لە ڕێگەی ساموئێلەوە فەرمووبووی، داودیان بە پاشای ئیسرائیل دەستنیشان کرد.

داود ئۆرشەلیم داگیر دەکات

داود و هەموو ئیسرائیل چوونە ئۆرشەلیم، یەبوسە[c] و یەبوسییەکانی دانیشتووانی خاکەکەش بە داودیان گوت: «تۆ ناتوانێت بێیت بۆ ئێرە.» بەڵام داود دەستی بەسەر قەڵای سییۆندا گرت کە ئێستا بە شاری داود ناسراوە.

داود پێشتر گوتبووی: «ئەوەی یەکەم جار لە یەبوسییەکان بدات دەبێتە فەرماندەی گشتی سوپا.» یۆئابی کوڕی چەرویا یەکەم جار سەرکەوت و بووە سەرکردە.

پاشان داود لە قەڵاکە نیشتەجێ بوو، لەبەر ئەوە ناویان نا شاری داود. شارەکەی بە چواردەوریدا فراوان کرد، لە تەلانەکانەوە[d] هەتا شووراکەی چواردەوری. یۆئابیش پاشماوەی شارەکەی نۆژەن کردەوە. هەروەها داود هەتا دەهات مەزنتر دەبوو، یەزدانی سوپاسالاریش لەگەڵی بوو.

پاڵەوانەکانی داود

10 ئەمانەش سەرکردە پاڵەوانەکانی داود بوون، ئەوانەی کە لەگەڵ هەموو ئیسرائیل پشتگیری بەهێزیان لە پاشایەتییەکەی دەکرد، بۆ ئەوەی هەموو خاکەکە بخەنە ژێر ڕکێفی داود، هەروەک چۆن یەزدان بەڵێنی پێدابوو. 11 ئەمەش لیستی پاڵەوانەکانی داودە:

یاشۆڤەعامی کوڕی حەکمۆنی یەکێک بوو لە سێ پاڵەوانەکەی نێو هێزی تایبەت. ئەو بوو بە ڕمەکەی لە شەڕێکدا سێ سەد کەسی کوشت.

12 پاش ئەویش، ئەلعازاری کوڕی دۆدایی ئەحۆحی هەبوو، کە یەکێک بوو لە سێ پاڵەوانەکە. 13 ئەو لە پەس دەممیم لەگەڵ داود بوو، کاتێک فەلەستییەکان لەوێ بۆ جەنگ کۆببوونەوە. لە کێڵگەیەکی پڕ لە جۆ لەشکرەکە لەبەردەم فەلەستییەکاندا هەڵات، 14 بەڵام ئەوان لەناوەڕاستی کێڵگەکەدا ڕاوەستان. بەرگرییان کرد و لە فەلەستییەکانیان دا، یەزدانیش سەرکەوتنێکی گەورەی پێ بەخشین.

15 سێ پاڵەوانی هەڵبژاردە لە ڕیزی سی پاڵەوانەکەی هێزی تایبەت بۆ لای داود دابەزین، بۆ سەر گابەردەکە لە ئەشکەوتی عەدولام، لەشکری فەلەستییەکانیش لە دۆڵی ڕفایم دامەزرابوون. 16 لەو کاتەدا داود لە قەڵاکە بوو، سەربازگەی فەلەستییەکانیش لە بێت‌لەحم بوو. 17 داود ئاهی هەڵکێشا و گوتی: «کێ لە بیرەکەی بێت‌لەحم، ئەوەی لەلای دەروازەکەیە ئاوم بۆ دەهێنێت؟» 18 ئیتر ئەو سێیە هێڵی ئۆردوگای فەلەستییەکانیان بەزاند و لە بیرەکەی بێت‌لەحمەوە ئەوەی لەلای دەروازەکەیە ئاویان هەڵکێشا و هەڵیانگرت، هێنایان بۆ داود، ئەویش نەیویست بیخواتەوە، بەڵکو وەک پێشکەشکراوێک بۆ یەزدان ڕشتی. 19 گوتی: «ئەی خودایە، لە من بەدوور بێت، ئەمە بکەم. ئایا خوێنی ئەم پیاوانە بخۆمەوە کە ژیانی خۆیان خستە مەترسییەوە؟» لەبەر ئەوەی بە گیان لەسەر دەستی هێنایان، داود نەیویست بیخواتەوە.

ئەمانە چەند نموونەیەک بوون لە ئازایەتییەکانی سێ پاڵەوانەکە.

20 ئەبیشەی برای یۆئاب ڕابەری سێ پاڵەوانەکەی هێزی تایبەت بوو. ئەو بە ڕمەکەی لەگەڵ سێ سەد کەس جەنگا و کوشتنی، وەک سێ پاڵەوانەکە ناوبانگی هەبوو. 21 ئەو دوو ئەوەندە زیاتر لە سێ پاڵەوانەکە ڕێزی لێ دەگیرا و بووە فەرماندەیان، بەڵام ناوبانگی نەدەگەیشتە سێیەکەی یەکەم.

22 بەنایای کوڕی یەهۆیاداعی خەڵکی قەڤچەئێل کوڕێکی بەجەرگ بوو، زۆر قارەمانیێتی نواندبوو. هەر ئەو لە دوو شێرە پیاوەکەی مۆئابی دا، هەروەها لە ڕۆژێکی بەفردا دابەزییە ناو چاڵێک و شێرێکی کوشت. 23 ئەویش بوو کە لە پیاوێکی میسری زەبەلاحی دا، باڵای پێنج باڵ[e] بوو، پیاوە میسرییەکە ڕمێکی بەدەستەوە بوو وەک نۆردی جۆڵاکان بوو، بەنایاش بە گۆچانێکەوە بۆی دابەزی. ڕمەکەی لە دەستی میسرییەکە ڕفاند و بە ڕمەکەی خۆی کوشتی. 24 ئەمانە چەند نموونەیەک بوون لە ئازایەتییەکانی بەنایای کوڕی یەهۆیاداع، وەک سێ پاڵەوانەکە ناوبانگی پەیدا کرد. 25 لە سی پاڵەوانەکە زیاتر ڕێزی لێ دەگیرا، بەڵام ناوبانگی نەگەیشتە سێیەکە، ئیتر داود کردییە بەرپرسی پاسەوانەکانی خۆی.

26 ئەمانەش جەنگاوەرە قارەمانەکان بوون:

عەساهێلی برای یۆئاب،

ئەلحانانی کوڕی دۆدۆی بێت‌لەحمی،

27 شەمۆتی هەراری،

حەلەچی پەلۆنی،

28 عیرای کوڕی عیقێشی تەقۆعی،

ئەڤیعەزەری عەناتۆتی،

29 سیبەخەیی حوشاتی،

عیلەیی ئەحۆحی،

30 مەهەرەیی نەتۆفاتی،

حێلەدی کوڕی بەعەنای نەتۆفاتی،

31 ئیتەیی کوڕی ڕیڤەی کە خەڵکی گیڤعای بنیامین بوو،

بەنایای پیرعاتۆنی،

32 حورەیی خەڵکی شیوەکانی گاعەش،

ئەبیێلی عەرڤاتی،

33 عەزماڤەتی بەحەرومی،

ئەلیەحبای شەعەلڤۆنی،

34 کوڕەکانی هاشێمی گیزۆنی،

یۆناتانی کوڕی شاگێی هاراری،

35 ئەحیامی کوڕی ساکاری هاراری،

ئەلیفەلی کوڕی ئوور،

36 حێفەری مەخێراتی،

ئاحییای پەلۆنی،

37 حەسرۆی کەرمەلی،

نەعرەیی کوڕی ئەزبای،

38 یۆئێلی برای ناتان،

میڤحاری کوڕی هەگری،

39 چەلەقی عەمۆنی،

نەحەرەیی بێرۆتی کە هەڵگری تفاقەکانی یۆئابی کوڕی چەرویا بوو،

40 عیرای یەتری،

گارێڤی یەتری،

41 ئوریای حیتی،

زاڤادی کوڕی ئەحلای،

42 عەدینای کوڕی شیزای ڕەئوبێنی کە سەرۆکی ڕەئوبێنییەکان بوو و سی پیاوی لەگەڵدا بوو،

43 حانانی کوڕی مەعکا،

یۆشافاتی میسنی،

44 عوزییای عەشتەراتی،

کوڕەکانی حۆتامی عەرۆعێری کە شاماع و یەعیێل بوون،

45 یەدیعێلی کوڕی شیمری و

براکەشی بە ناوی یۆحای تیچی،

46 ئەلیێلی مەحەڤی،

هەردوو کوڕەکەی ئەلناعەم کە یەریڤەی و یۆشەڤیا بوون،

هەروەها یەتمای مۆئابی،

47 ئەلیێل، عوبێد و یەعسیێلی مەچۆڤایای.

هاتنەپاڵی پاڵەوانان بۆ لای داود

12 ئەمەش ناوی ئەو پیاوانەیە کە هاتنە لای داود بۆ چیقلەگ، کاتێک کە هێشتا لە ئامادەبوونی لەبەردەم شاولی کوڕی قیش دوورخرابووەوە. ئەوانە لەو پاڵەوانانە بوون کە لە جەنگدا یارمەتیدەری بوون. لە خزم و کەسوکارە نزیکەکانی شاول و لە هۆزی بنیامین بوون، ئەوان دەیانتوانی بە دەستە ڕاست و دەستە چەپیشیان تیر بە کەوان بهاوێژن و بەردیش بە قۆچەقانی:

ئەمانە بە سەرکردایەتی ئەحیعەزەری هاتن لەگەڵ یۆئاشی برای، هەردوو کوڕەکەی شەماعای گڤعاتی بوون. هەردوو کوڕەکەی عەزماڤەت، یەزیێل و پالەت، بەراخا و یێهوی عەناتۆتی، یەشمەعیای گبعۆنی پاڵەوانێک بوو لەنێو سی پاڵەوانەکە و فەرماندەیان بوو. هەروەها یەرمیا و یەحەزیێل و یۆحانان و یۆزاڤادی گەدێراتی و ئەلعوزەی و یەریمۆت و بەعەلیاهو و شەمەریاهو و شەفەتیای حەروفی؛ ئەلقانە و ییشیا و عەزەرئێل و یۆعەزەر و یاشۆڤەعام لە بنەماڵەی قۆرەحییەکان؛ هەروەها یۆعێلە و زەڤەدیا کە هەردوو کوڕی یەرۆحامی خەڵکی گەدۆر بوون.

کاتێک داود لەو قەڵایە بوو کە لە چۆڵەوانی بوو، هەندێک لە گادییەکان هاتنە پاڵ داود کە پاڵەوانی ئازا و پیاوی مەشقپێکراو بۆ جەنگ و شارەزا لە بەکارهێنانی قەڵغان و ڕم، ڕوویان وەک ڕووی شێر و وەک ئاسک لەسەر چیادا خێرا بوون.

عێزەر فەرماندە بوو،

عۆبەدیا دووەم و ئەلیاب سێیەم و

10 میشمەنا چوارەم و یەرمیا پێنجەم و

11 عەتەی شەشەم و ئەلیێل حەوتەم و

12 یۆحانان هەشتەم و ئەلزاڤاد نۆیەم و

13 یەرمیا دەیەم و مەخبەنەی یازدەیەم بوو.

14 ئەمانە لە نەوەی گاد بوون و هەموویان سەرکردەی سوپا بوون، بچووکەکەیان بەسەر سەد کەسدا زاڵ دەبوو، گەورەکەشیان بەسەر هەزار کەسدا زاڵ دەبوو. 15 ئەمان بوون لە مانگی یەک لە ڕووباری ئوردون پەڕینەوە، کاتێک ئاو هەتا هەموو کەنارەکانی هەڵچوو بوو، هەموو خەڵکی دۆڵەکانیان بەزاند، لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوادا.

16 هەروەها هەندێک لە نەوەی بنیامین و یەهوداش بۆ لای داود هاتنە قەڵاکە. 17 داود بۆ پێشوازییان چوو و پێی گوتن: «ئەگەر بۆ ئاشتی و یارمەتیدان هاتوونەتە لام، یەک دڵم دەبێت لەگەڵتان، بەڵام ئەگەر بۆ بەدەستەوەدانم بۆ دوژمنەکەم هاتوون لە کاتێکدا کە هیچ ستەمێکم نەکردووە، با خودای باوباپیرانمان تەماشا بکات و دادوەری بکات.»

18 ئینجا ڕۆحی خودا ڕژایە سەر عەماسەیی سەرۆکی سییەکە و گوتی:

«بۆ تۆین داود،
    لەگەڵتداین کوڕەکەی یەسا،
ئاشتی، ئاشتیت بۆ ببێت،
    ئاشتی بۆ یارمەتیدەرانت بێت،
        چونکە خودات یارمەتیدەرتە.»

ئینجا داود وەریگرتن و کردنییە سەرکردەی یەکەکانی سوپا.

19 کاتێک کە داود لەگەڵ فەلەستییەکاندا لە دژی شاول بۆ جەنگ چوو، هەندێک لە پیاوانی نەوەی مەنەشەش چوونە پاڵی. بەڵام داود و پیاوەکانی یارمەتی فەلەستییەکانیان نەدا، چونکە حوکمڕانە فەلەستییەکان پاش ڕاوێژکردن، گەڕاندیانەوە و گوتیان: «بە کەللەسەری ئێمەوە دەگەڕێتەوە پاڵ شاولی گەورەی.» 20 ئەمە ناوی هەندێک لەو پیاوانەی نەوەی مەنەشەیە کە کاتێک داود چوو بۆ چیقلەگ، چوونە پاڵی: عەدنەح و یۆزاڤاد و یەدیعێل و میکائیل و یۆزاڤاد و ئەلیهو و چیلەتەی، هەموو ئەمانەش فەرماندەی یەکەی هەزارانی مەنەشە بوون. 21 ئەوان یارمەتی داودیان دا لە دژی چەتەکان، چونکە هەموویان پاڵەوانی ئازا بوون و فەرماندەی سوپا بوون. 22 هەروەها ڕۆژ لەدوای ڕۆژ پیاوان بۆ یارمەتیدانی داود دەهاتن، هەتا بوونە سوپایەکی گەورە، وەک سوپای خودا.

هاتنەپاڵی پیاوانی دیکە بۆ لای داود

23 ئەمەش ژمارەی ئەو پیاوە چەکدارانەیە کە هاتنە حەبرۆن بۆ لای داود، بۆ ئەوەی بەپێی فەرموودەی یەزدان پاشایەتییەکەی شاولی ڕادەست بکەن:

24 لە نەوەی یەهودا، شەش هەزار و هەشت سەد پیاوی چەکدار بە ڕم و قەڵغان.

25 لە نەوەی شیمۆن، حەوت هەزار و سەد پاڵەوانی ئازای ئامادەباش بۆ جەنگ.

26 لە نەوەی لێڤی چوار هەزار و شەش سەد پیاو، 27 لەوانە سێ هەزار و حەوت سەد پیاو لەگەڵ یەهۆیاداعی سەرۆکی بنەماڵەی هارونییەکان بوون. 28 سادۆقیش لاوێکی پاڵەوانی ئازا بوو، لەگەڵ بیست و دوو ئەفسەر کە لە بنەماڵەی ئەو بوون.

29 لە نەوەی بنیامینیش، لە خزم و کەسوکاری شاول، سێ هەزار کە زۆربەیان هەتا ئەو کاتەش دڵسۆز بوون لەگەڵ ماڵی شاول.

30 لە نەوەی ئەفرایم، بیست هەزار و هەشت سەد پاڵەوانی ئازا و ناوداری بنەماڵەکانیان.

31 لە نیوەی هۆزی مەنەشەش، هەژدە هەزار پیاو کە بە ناو دیاری کرابوون هەتا بێن و داود بکەنە پاشا.

32 لە نەوەی یەساخار، دوو سەد سەرکردە کە شارەزای بارودۆخی ڕۆژگار بوون، دەیانزانی ئیسرائیل دەبێت چی بکات، هەروەها هەموو خزم و کەسەکانیشیان لەژێر فەرمانی ئەواندا بوون.

33 لە زەبولونیش، پەنجا هەزار پیاوی مەشقپێکراو هەبوون لەسەر شەڕ و هەموو جۆرە چەکێکی جەنگ، کە بەبێ دوو دڵی ئامادە بوون بۆ یارمەتیدانی داود.

34 لە نەفتالی، هەزار سەرکردە و سی و حەوت هەزار پیاوی چەکدار بە قەڵغان و ڕمیان لەگەڵ بوو.

35 لە دانیش، بیست و هەشت هەزار و شەش سەد پیاوی ئامادەباش بۆ جەنگ.

36 لە ئاشێریش، چل هەزار ڕاهێنراو لەسەر شەڕ و ئامادەکراو بۆ جەنگ.

37 لە بەری ڕۆژهەڵاتی ڕووباری ئوردونیشەوە، لە ڕەئوبێن و گادییەکان و نیوەی هۆزی مەنەشە، سەد و بیست هەزار پیاوی پڕچەککراو بە هەموو جۆرە چەکێکی جەنگ.

38 هەموو ئەمانە جەنگاوەری خۆبەخش بوون لە ڕیزی لەشکرەکانی و بە هەموو دڵیانەوە هاتبوونە حەبرۆن هەتا داود بکەنە پاشای هەموو ئیسرائیل، هەروەها هەموو پاشماوەی ئیسرائیلیش یەک بڕیار بوون بۆ ئەوەی داود بکەنە پاشا. 39 لەوێ بۆ ماوەی سێ ڕۆژ لەگەڵ داود مانەوە، دەیانخوارد و دەیانخواردەوە لە هەموو ئەوەی کەسوکارەکانیان بۆیان ئامادە کردبوون، 40 هەروەها نزیکەکانیشیان لە یەساخار و زەبولون و نەفتالییەوە، بە گوێدرێژ و وشتر و هێستر و مانگا نانیان دەهێنا. خواردنێکی زۆریان هەبوو لە ئارد و نانە هەنجیر و هێشووی کشمیش و شەراب و زەیت و مانگا و مەڕ، چونکە لەناو ئیسرائیل خۆشی هەبوو.

یۆحەنا 6:45-71

45 لە پەڕتووکی پێغەمبەراندا نووسراوە: [هەموو لە خوداوە فێر دەبن.][a] جا ئەوەی لە باوکەوە بیستبێتی و فێربووبێت دێتە لام. 46 کەس باوکی نەبینیوە جگە لەوەی لە خوداوەیە، تەنها ئەوەی لە خوداوەیە باوکی بینیوە. 47 ڕاستی ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئەوەی باوەڕ بهێنێت ژیانی هەتاهەتایی هەیە. 48 منم نانی ژیان. 49 باوباپیرانتان لە چۆڵەوانیدا مەنیان خوارد و مردن. 50 بەڵام ئەمە ئەو نانەیە کە لە ئاسمانەوە دابەزیوە، تاکو ئەوەی لێی بخوات نەمرێت. 51 منم ئەو نانە زیندووەی کە لە ئاسمانەوە دابەزیوە. ئەگەر یەکێک لەم نانە بخوات بۆ هەتاهەتایە دەژیێت. ئەو نانەش کە بۆ ژیانی جیهان دەیبەخشم، جەستەمە.»

52 جولەکەکان لەناو خۆیان دەمەقاڵەیان بوو و دەیانگوت: «ئەمە چۆن دەتوانێ جەستەی خۆیمان بداتێ بیخۆین؟»

53 لەبەر ئەوە عیسا پێی فەرموون: «ڕاستی ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئەگەر جەستەی کوڕی مرۆڤ نەخۆن و خوێنی نەخۆنەوە، ژیان لە ناختاندا نابێت. 54 ئەوەی جەستەم بخوات و خوێنم بخواتەوە ژیانی هەتاهەتایی هەیە، منیش لە ڕۆژی دواییدا زیندووی دەکەمەوە، 55 چونکە جەستەم خۆراکی ڕاستەقینەیە و خوێنیشم خواردنەوەی ڕاستەقینە. 56 ئەوەی جەستەم بخوات و خوێنم بخواتەوە بە منەوە پەیوەست دەبێت و منیش بەوەوە. 57 وەک باوکی زیندوو ناردوومی، منیش بەو باوکە زیندووم، ئاواش ئەوەی لە جەستەی من بخوات بەهۆی منەوە دەژیێت. 58 ئەمە ئەو نانەیە کە لە ئاسمانەوە دابەزیوە، نەک وەکو ئەوەی باوباپیران خواردیان و مردن. ئەوەی لەم نانە بخوات هەتاهەتایە دەژیێت.» 59 ئەمانەی لە کەنیشتێکدا فەرموو، لە کەفەرناحوم خەڵکی فێر دەکرد.

قوتابییەکان گومان دەکەن

60 لەبەر ئەوە زۆر لە قوتابییەکانی کە گوێیان لێبوو، گوتیان: «ئەم قسەیە گرانە! کێ دەتوانێت وەریبگرێت؟»

61 عیسا لە دڵی خۆیدا زانی قوتابییەکانی بەهۆی ئەمەوە بۆڵەبۆڵ دەکەن، پێی فەرموون: «ئایا ئەمە بۆ ئێوە دەبێتە کۆسپ؟ 62 ئەی ئەگەر ببینن کوڕی مرۆڤ بەرزبێتەوە بۆ ئەو شوێنەی یەکەم جار لێی بوو؟! 63 ڕۆحی پیرۆز ژیان دەدات، بەڵام جەستە بە کەڵک نایەت. ئەو قسانەی پێم گوتن ڕۆح و ژیانن. 64 بەڵام هەندێکتان باوەڕ ناکەن،» کە عیسا لە سەرەتاوە ئەوانەی دەناسی کە باوەڕ ناهێنن، هەروەها کێیە ئەوەی بە گرتنی دەدات. 65 ئینجا فەرمووی: «لەبەر ئەوە پێم گوتن، کەس ناتوانێ بێت بۆ لام، مەگەر باوک ڕێگەی پێدابێت.»

66 لەو کاتەوە زۆر لە قوتابییەکانی گەڕانەوە و ئیتر لەگەڵی نەدەگەڕان.

67 لەبەر ئەوە عیسا بە دوازدەکەی[b] فەرموو: «ئەی ئێوە ناتانەوێ بڕۆن؟»

68 شیمۆن پەترۆس وەڵامی دایەوە: «گەورەم، بچینە لای کێ؟ وتەکانی ژیانی هەتاهەتایی لەلای تۆیە. 69 ئێمەش باوەڕمان هێنا و زانیمان کە تۆ پیرۆزەکەی خودایت.»

70 عیسا وەڵامی دانەوە: «ئایا من ئێوەی دوازدەم هەڵنەبژاردووە؟ بەڵام یەکێک لە ئێوە ئیبلیسە!» 71 ئەو باسی یەهوزای شیمۆنی ئەسخەریوتی دەکرد، چونکە بەتەمابوو بە گرتنی بدات کە یەکێکە لە دوازدە قوتابییەکە.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.