Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Old/New Testament

Each day includes a passage from both the Old Testament and New Testament.
Duration: 365 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
دووەم پاشایان 19-21

پێشبینی ڕزگاربوونی ئۆرشەلیم

19 کاتێک حەزقیای پاشا گوێی لەمە بوو، جلەکانی لەبەر خۆیدا دادڕی و بەرگی لە گوش دروستکراوی پۆشی و چووە ناو پەرستگای یەزدان. ئینجا ئەلیاقیمی سەرپەرشتیاری کۆشک و شەڤنای خامەی نهێنی و کاهینانی باڵا کە هەموویان جلوبەرگی گوشیان پۆشیبوو ناردیانە لای ئیشایا پێغەمبەری کوڕی ئامۆچ، پێیان گوت: «حەزقیا وا دەڵێت، ئەمڕۆ ڕۆژی تەنگانە و سەرزەنشت و سووکایەتییە، وەک کاتێک کە کۆرپە لە سکی دایکیدا ئامادەیە بێتە دەرەوە، بەڵام دایکەکەی هێزی پاڵدانی نییە بۆ ئەوەی منداڵەکەی ببێت. بەڵکو یەزدانی پەروەردگارت گوێی لە هەموو قسەکانی فەرماندەی ناوچەکە بێت، کە گەورەکەی، پاشای ئاشور ناردی، هەتا سووکایەتی بە خودای زیندوو بکات، با یەزدانی پەروەردگارت سەرزەنشتی بکات لەسەر ئەو قسانەی یەزدانی پەروەردگارت گوێی لێبوو. ئیتر نوێژ بکە لە پێناوی ئەوانەی ماونەتەوە.»

کاتێک خزمەتکارەکانی حەزقیای پاشا هاتنە لای ئیشایا، ئیشایاش پێی گوتن: «بە گەورەکەتان بڵێن: ”یەزدان ئەمە دەفەرموێت: لەو قسانە مەترسە کە گوێت لێیان بوو، کە خزمەتکارەکانی پاشای ئاشور کفریان بەرامبەر بە من کرد. گوێ بگرە! من وای لێ دەکەم هەواڵێک ببیستێت و بگەڕێتەوە خاکەکەی خۆی، لەوێش بە شمشێر لەناوی دەبەم.“»

کاتێک فەرماندەی ناوچەکە بیستییەوە کە پاشای ئاشور لاخیشی بەجێهێشتووە، کشایەوە، بینی پاشای ئاشور لە دژی لیڤنا دەجەنگێت.

سەنحێریب دەربارەی تیرهاقای پاشای کوش[a] هەواڵی پێگەیشت کە لە میسرەوە لە دژی ئەو سوپای جوڵاندووە. ئیتر گەڕایەوە و نێردراوی بۆ لای حەزقیا نارد، گوتی: 10 «بە حەزقیای پاشای یەهودا بڵێن: ڕێگا مەدە خوداوەندەکەت ئەوەی کە پشتت پێی بەستووە فریوت بدات بەوەی کە دەڵێت: ”ئۆرشەلیم ناکەوێتە دەست پاشای ئاشور.“ 11 بە دڵنیاییەوە تۆ خۆت بیستووتە کە پاشاکانی ئاشور چییان بە هەموو خاکەکان کردووە، بە تەواوی لەناویانبردوون. ئایا تۆ دەرباز دەبیت؟ 12 ئایا خوداوەندەکانی ئەو نەتەوانە فریای ئەوان کەوتن، ئەو نەتەوانەی باوباپیرانم لەناویانبردن، خوداوەندەکانی گۆزان و حەڕان و ڕەچەف و نەوەی عەدەن ئەوەی لە تێل‌ئەسار بوو؟ 13 کوان پاشای حەمات و پاشای ئەرپاد و پاشای شارەکانی سفەرڤەیم، هێنەع و عیڤا؟»

نوێژی حەزقیا

14 حەزقیا نامەکەی لە دەستی نێردراوەکان وەرگرت و خوێندییەوە. ئینجا سەرکەوت بۆ پەرستگای یەزدان، لەبەردەم یەزدان ڕایخست. 15 حەزقیا نوێژی بۆ یەزدان کرد و گوتی: «ئەی یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل، تۆ لەسەر تەخت لەنێوان کەڕوبەکان دانیشتوویت،[b] تۆ بە تەنها خودای هەموو شانشینەکانی زەویت، تۆ ئاسمان و زەویت دروستکرد. 16 ئەی یەزدان، گوێ شل بکە و ببیستە، ئەی یەزدان، چاوەکانت بکەرەوە و ببینە، گوێ لە پەیامەکەی سەنحێریب بگرە کە ناردوونی، هەتا سووکایەتی بە خودای زیندوو بکات.

17 «ڕاستە ئەی یەزدان، پاشاکانی ئاشور نەتەوەکان و خاکەکانیان وێران کردووە. 18 خوداوەندەکانیشیان لێ فڕێدانە ناو ئاگرەوە و لەناویانبردن، چونکە ئەوانە خودا نەبوون، بەڵکو تەنها دار و بەرد و دەستکردی مرۆڤ بوون. 19 ئێستاش ئەی یەزدانی پەروەردگارمان، لە دەستی ئەو ڕزگارمان بکە، تاکو هەموو شانشینەکانی زەوی بزانن کە بە تەنها تۆ، ئەی یەزدان، خودایت.»

پێشبینی ڕووخانی پاشایەتی سەنحێریب

20 ئینجا ئیشایای کوڕی ئامۆچ ناردی بۆ لای حەزقیا و گوتی: «یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل دەفەرموێت: گوێم لە نوێژەکەت بوو سەبارەت بە سەنحێریبی پاشای ئاشور. 21 ئەمە ئەو فەرمایشتەیە کە یەزدان لەسەر ئەو فەرموویەتی:

«”سییۆنی کچە[c] پاکیزە[d]
    بێزت لێ دەکاتەوە و گاڵتەت پێ دەکات.
ئۆرشەلیمی کچ،
    کە تۆ هەڵدێیت پێت پێدەکەنێت.
22 سووکایەتی و کفرت بە کێ کرد؟
    دەنگت بەسەر کێدا بەرز کردەوە و
چاوەکانت بە فیزەوە هەڵدەبڕیت؟
    لەسەر خودا پیرۆزەکەی ئیسرائیل!
23 لەسەر دەستی نێردراوەکانت
    سووکایەتیت بە پەروەردگار کرد.
هەروەها دەڵێیت:
    ’بە زۆری گالیسکەکانمەوە
من سەرکەوتمە سەر بەرزایی چیاکان،
    هەتا ئەوپەڕی لوبنان.
بەرزترین دار ئورز و
    باشترین دار سنەوبەرم بڕییەوە.
چوومە ئەوپەڕی سنوورەکانی،
    ناو چڕی دارستانەکانی.
24 من لە خاکی بێگانەکان چەندین بیرم لێدا و
    ئاوم لێیان خواردەوە.
بە بنی پێیەکانم
    هەموو لقەکانی نیلم کوێر کردەوە.‘

25 «”ئەی گوێت لێ نەبووە؟
    من لەمێژە دیاریم کردووە،
لە ڕۆژگاری کۆنەوە نەخشەم کێشاوە،
    ئێستاش دەیهێنمە دی،
کە تۆ بێیت شارە قەڵابەندەکان بڕووخێنیت،
    هەتا ببنە وێرانەیەک لە کەڵەکە بەرد.
26 دانیشتووانەکانیان بێ دەسەڵاتن،
    ڕەنگ زەرد و شەرمەزار بوون،
بوونە گیای کێڵگە،
    ڕووەکی سەوز،
گژوگیای سەربان،
    هەڵبزڕکاو بەر لەوەی گەشە بکات.

27 «”بەڵام من هەستان و دانیشتنت و
    کاتی هاتوچۆکەت دەزانم،
    هەروەها هەڵچوونت لە دژی من.
28 لەبەر ئەوەی هەڵچوونت لێم و
    خۆبەزلزانیت گەیشتنە گوێم،
قولاپەکەم دەخەمە لووتت و
    لغاوەکەم لە لێوەکانت و
بەو ڕێگایەدا دەتنێرمەوە
    کە لێوەی هاتوویت.“

29 «ئەی حەزقیا، ئەمەش نیشانەیە بۆ تۆ:

«ئەم ساڵ دەغڵی خۆڕسک دەخۆن،
    ساڵی دووەم ئەوەی لەوەوە بەردەگرێت،
بەڵام لە ساڵی سێیەم دەکێڵن و
    دەدورنەوە و مێو دەچێنن و لە بەرەکەی دەخۆن.
30 ئەوانەی لە بنەماڵەی یەهودا دەرباز بوون و ماونەتەوە،
    جارێکی دیکە لە ژێرەوە ڕەگ دادەکوتن و لە سەرەوەش بەر دەگرن.
31 چونکە ئەوانەی ماونەتەوە لە ئۆرشەلیمەوە دێنە دەرەوە و
    دەربازبووانیش لە کێوی سییۆنەوە،

دڵگەرمی یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەکات.»

32 «لەبەر ئەوە یەزدان لەبارەی پاشای ئاشورەوە ئەمە دەفەرموێت:

«نایەتە ناو ئەم شارەوە و
    تیرێکیش بۆ ئەوێ ناهاوێژێت.
بە قەڵغانیشەوە لێی نایەتە پێشەوە و
    سەنگەریشی لێ ناگرێت.
33 نایەتە ناو ئەم شارەوە،
    بەو ڕێگایەدا دەگەڕێتەوە کە پێیدا هاتووە.
            ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
34 بەرگری لەم شارە دەکەم و دەیپارێزم،
    لە پێناوی خۆم و لە پێناوی داودی بەندەم.»

35 ئیتر لەو شەوەدا فریشتەی یەزدان هات و سەد و هەشتا و پێنج هەزار کەسی لەناو ئۆردوگای ئاشور کوشت، بەیانی زوو کە هەستان بینییان هەموویان لاشەی مردوون. 36 ئینجا سەنحێریبی پاشای ئاشور دەستی کێشایەوە و ڕۆیشت، گەڕایەوە و لە نەینەوا مایەوە.

37 لەدوای ئەوە، کاتێک سەنحێریب لە پەرستگای نیسرۆخی خوداوەندی کڕنۆشی بردبوو، هەردوو کوڕەکەی، ئەدرەمەلەک و سەرئەچەر، بە شمشێر لێیاندا و ڕایانکرد بۆ خاکی ئارارات. ئیتر ئێسەرحەدۆنی کوڕی لەدوای خۆی بوو بە پاشا.

نەخۆشکەوتنی حەزقیا

20 لەو ڕۆژانەی[e] حەزقیا نەخۆش کەوت، لە سەرە مەرگ بوو، ئیشایا پێغەمبەر کوڕی ئامۆچ هات بۆ لای و پێی گوت: «یەزدان ئەمە دەفەرموێت: وەسیەت بۆ ماڵەکەت بکە، چونکە دەمریت و ناژیت.»

حەزقیا ڕووی لە دیوارەکە کرد و نوێژی بۆ یەزدان کرد، گوتی: «ئای یەزدان، ئەوەت لەیاد بێت کە چۆن بە دڵسۆزی و پڕ بە دڵ دۆستایەتیم کردیت، ئەوەی پێت باش بوو کردم.» ئینجا حەزقیا بەکوڵ گریا.

بەر لەوەی ئیشایا هەیوانی کۆشکەکە بەجێبهێڵێت، فەرمایشتی یەزدانی بۆ هات، فەرمووی: «بگەڕێوە و بە حەزقیای فەرمانڕەوای گەلەکەم بڵێ: ”یەزدان، پەروەردگاری داودی باپیرە گەورەت ئەمە دەفەرموێت: گوێم لە پاڕانەوەکەت بوو و فرمێسکەکانتم بینی، ئێستا چاکت دەکەمەوە و لە ڕۆژی سێیەم دەچیتە پەرستگای یەزدان. پازدە ساڵ لە تەمەنت زیاد دەکەم و لە دەستی پاشای ئاشور فریای خۆت و ئەم شارەش دەکەوم، لە پێناوی خۆم و لە پێناوی داودی بەندەم بەرگری لەم شارە دەکەم.“»

ئینجا ئیشایا گوتی: «نیوەلمەکێک[f] لە هەنجیر دروستبکەن.» ئەوانیش هێنایان و خستیانە سەر دومەڵەکە و چاک بووەوە.

حەزقیا لە ئیشایای پرسی بوو: «ئەو نیشانەیە چییە کە یەزدان چاکم دەکاتەوە و لە ڕۆژی سێیەم دەچمە پەرستگای یەزدان؟»

ئیشایا وەڵامی دایەوە: «یەزدان ئەو شتە دەکات کە پێشتر بەڵێنی پێدابووی. ئەمە لەلایەن یەزدانەوە نیشانەیە بۆت: ئایا دەتەوێ سێبەر دە پلە بچێتە پێش یان دە پلە بگەڕێتەوە دواوە؟»[g]

10 حەزقیاش گوتی: «بۆ سێبەر ئاسانە دە پلە بچێتە پێش. کەواتە وا بکە دە پلە بگەڕێتەوە دواوە.»

11 ئینجا ئیشایای پێغەمبەر نزای بۆ یەزدان کرد و ئەویش دە پلە سێبەری گەڕاندەوە دواوە، بەپێی پلەبەندییەکەی ئاحاز پێی هاتە خوارەوە.

نێردراوانی بابل

12 لەو کاتەدا مەرۆدەخ بەلەدانی کوڕی بەلەدانی پاشای بابل نامە و دیاری بۆ حەزقیا نارد، چونکە بیستی کە حەزقیا نەخۆش کەوتووە. 13 حەزقیا پێشوازی لێکردن و هەموو ماڵ و سامانەکەی پیشان دان، لە زێڕ و زیو و بۆن و زەیتی چاک و جبەخانەکەی و هەموو ئەو شتانەی کە لە گەنجینەکانی بوون. هیچ شتێک لە کۆشکەکەی و لە شانشینەکەی نەمایەوە کە حەزقیا پیشانیان نەدات.

14 ئینجا ئیشایا پێغەمبەر هاتە لای حەزقیای پاشا و لێی پرسی: «ئەو پیاوانە چییان گوت و لەکوێوە هاتوونەتە لات؟»

حەزقیاش وەڵامی دایەوە: «لە خاکێکی دوورەوە، لە بابلەوە هاتوون.»

15 ئیشایا لێی پرسی: «چییان لە کۆشکەکەت بینی؟»

حەزقیاش وەڵامی دایەوە: «هەموو شتەکانی ناو کۆشکەکەمیان بینی، لە گەنجینەکانم هیچ نەمایەوە کە پیشانیان نەدەم.»

16 ئینجا ئیشایا بە حەزقیای گوت: «گوێ لە پەیامی یەزدان بگرە، 17 یەزدان دەفەرموێت: بێگومان سەردەمێک دێت هەموو ئەوەی لە کۆشکەکەتدایە و هەموو ئەوەی باوباپیرانت هەتا ئەمڕۆ پاشەکەوتیان کردووە بۆ بابل بار دەکرێن، هیچ شتێک بەجێناهێڵدرێت. 18 لە نەوەکانیشت، ئەوانەی لە تۆ دەبن، ئەوانەی بۆت لەدایک دەبن، لێیان دەبردرێت و لە کۆشکی پاشای بابل دەبنە کاربەدەستی خەسێنراو.»

19 حەزقیا وەڵامی ئیشایای دایەوە و گوتی: «ئەو پەیامەی یەزدان کە بە منت دا، پەیامێکی باشە،» چونکە لەبیری خۆیدا گوتی: «ئایا ئاشتی و ئاسوودەیی لە ماوەی پاشایەتی خۆمدا نابێت؟»

20 ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی حەزقیا، هەموو دەستکەوتەکانی و چۆن گۆمەکە و جۆگەکەی[h] دروستکرد و ئاوی هێنایە ناو شارەکەوە لە پەڕتووکی کاروباری ڕۆژانەی پاشاکانی یەهودا تۆمار کراون.

21 حەزقیا لەگەڵ باوباپیرانی سەری نایەوە، ئیتر مەنەشەی کوڕی لەدوای خۆی بوو بە پاشا.

پاشایەتی مەنەشە

21 مەنەشە کوڕێکی دوازدە ساڵان بوو کە بوو بە پاشا، پەنجا و پێنج ساڵ لە ئۆرشەلیم پاشایەتی کرد، ناوی دایکیشی حەفچیڤا بوو. لەبەرچاوی یەزدان خراپەکاری کرد، وەک نەریتە قێزەونەکانی ئەو گەلانەی کە یەزدان لەبەردەم نەوەی ئیسرائیل دەریکردبوون. جا گەڕایەوە و ئەو نزرگانەی سەر بەرزایی بنیاد ناوە کە حەزقیای باوکی وێرانی کردبوون، هەروەها چەند قوربانگایەکی بەعلی دانا و ستوونە ئەشێرایەکی دروستکرد، وەک ئەوەی ئەحاڤی پاشای ئیسرائیل دروستی کردبوو، کڕنۆشی بۆ هەموو هێزەکانی ئاسمان برد و ئەوانی پەرست. چەند قوربانگایەکیشی لە پەرستگای یەزدان بنیاد نا، ئەوەی یەزدان فەرمووی، «ناوی خۆم لە ئۆرشەلیم دادەنێم.» لە هەردوو حەوشەکەی پەرستگای یەزدان قوربانگای بۆ هەموو هێزەکانی ئاسمان بنیاد نا. کوڕەکەشی وەک قوربانی سووتاند، بەختی خوێندەوە و فاڵی گرتەوە، نێوانگر[i] و ڕۆح ئامادەکاری[j] بەکارهێنا، لەبەرچاوی یەزدان خراپەی زیاتریشی کرد بۆ پەستکردنی.

ئەو ستوونە ئەشێرایەش کە دروستی کرد و نەخشی لەسەر هەڵکەند، لەناو ئەو پەرستگایە داینا کە یەزدان لەبارەیەوە بە داود و سلێمانی کوڕی فەرمووبوو: «لەم پەرستگایە و لە ئۆرشەلیم ئەوەی لەناو هەموو هۆزەکانی ئیسرائیل هەڵمبژاردووە بۆ هەتاهەتایە ناوی خۆمی تێدا دادەنێم. جارێکی دیکە وا ناکەم ئیسرائیل ئەو خاکە بەجێبهێڵێت کە بۆ باوباپیرانیان دیاریم کرد، تەنها ئەگەر ئاگاداربن لە جێبەجێکردنی هەموو ئەوەی فەرمانم پێ کردوون، لەگەڵ هەموو ئەو تەوراتەی کە موسای بەندەم فەرمانی پێ کردوون.» بەڵام ئەوان گوێیان نەگرت. مەنەشە گومڕای کردن، هەتا لەو گەلانە خراپتر بکەن کە یەزدان لەبەردەم نەوەی ئیسرائیلدا قڕی کردن.

10 یەزدان لە ڕێگەی بەندە پێغەمبەرەکانییەوە فەرمووی: 11 «لەبەر ئەوەی مەنەشەی پاشای یەهودا ئەم کردەوە قێزەونانەی کردووە، خراپتریشی کرد لە هەموو ئەوەی ئەمورییەکانی پێش خۆی کردیان، بەهۆی بتەکانییەوە یەهوداشی تووشی گوناه کرد. 12 لەبەر ئەوە یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل وای فەرموو: ”ئەوەتا من بەڵایەک بەسەر ئۆرشەلیم و یەهودا دەهێنم کە هەرکەس بیبیستێتەوە گوێی بزرنگێتەوە. 13 هەمان گوریس کە بۆ پێوانەی سامیرە و هەمان شاووڵ کە بۆ پێوانی ماڵی ئەحاڤ بەکارمهێنا بەسەر ئۆرشەلیمدا ڕایدەکێشمەوە. هەروەک چۆن یەکێک قاپێک دەسڕێتەوە و سەرەونخوونی دەکات ئاوا ئۆرشەلیم دەسڕمەوە. 14 پاشماوەی میراتەکەم ڕەت دەکەمەوە و دەیاندەمە دەست دوژمنەکانیان، دەبنە دەستکەوت و تاڵانی بۆ هەموو دوژمنانیان، 15 چونکە لەو ڕۆژەوەی کە باوباپیرانیان لە میسرەوە هاتوونەتە دەرەوە لەبەرچاوی من خراپەیان کرد، هەتا ئەمڕۆش پەستم دەکەن.“»

16 هەروەها مەنەشە خوێنێکی بێتاوانی زۆر زۆری ڕشت، تاکو ئۆرشەلیمی پڕکرد، لەم سەرەوە بۆ ئەو سەر، بێجگە لەو گوناهەی کە وای لە یەهودا کرد لەبەرچاوی یەزدان خراپە بکەن.

17 ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی مەنەشە و هەموو ئەوەی کردی و گوناهەکانی لە پەڕتووکی کاروباری ڕۆژانەی پاشاکانی یەهودا تۆمار کراون.

18 مەنەشە لەگەڵ باوباپیرانی سەری نایەوە و لە باخچەی کۆشکەکەی، لە باخچەی عوزە نێژرا. ئیتر ئامۆنی کوڕی لەدوای خۆی بوو بە پاشا.

پاشایەتی ئامۆن

19 ئامۆن گەنجێکی بیست و دوو ساڵان بوو کاتێک بوو بە پاشا، دوو ساڵ لە ئۆرشەلیم پاشایەتی کرد، ناوی دایکی مەشولەمەتی کچی حاروچی خەڵکی یۆتڤا بوو. 20 ئەمیش وەک مەنەشەی باوکی لەبەرچاوی یەزدان خراپەکاری کرد. 21 هەموو ئەو ڕێگایانەی گرتەبەر کە باوکی پەیڕەوی کردبوون، ئەو بتانەی پەرست کە باوکی دەیپەرستن، کڕنۆشی بۆ بردن. 22 وازی لە یەزدانی پەروەردگاری باوباپیرانی خۆی هێنا و ڕێبازی یەزدانی پەیڕەو نەکرد.

23 پاشان خزمەتکارەکانی ئامۆن پیلانیان لە دژی گێڕا و پاشایان لە کۆشکەکەی خۆی کوشت. 24 ئینجا گەلی خاکەکە هەموو پیلانگێڕەکانی ئامۆن پاشایان کوشت، هەروەها یۆشیای کوڕییان لە جێی ئەو کردە پاشا.

25 ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی ئامۆن و ئەوەی کردی لە پەڕتووکی کاروباری ڕۆژانەی پاشاکانی یەهودا تۆمار کراون.

26 ئامۆن لە گۆڕەکەی خۆی لە باخچەی عوزە ناشتیان. ئیتر یۆشیای کوڕی لەدوای خۆی بوو بە پاشا.

یۆحەنا 4:1-30

ژنێکی سامیری

فەریسییەکان بیستیان کە عیسا لە یەحیا زیاتر قوتابی دروستکردووە و لە ئاو هەڵکێشاوە، هەرچەندە عیسا خۆی خەڵکی لە ئاو هەڵنەدەکێشا، بەڵکو قوتابییەکانی. کاتێک عیسا ئەمەی زانی[a] یەهودیای بەجێهێشت و گەڕایەوە جەلیل.

جا دەبووایە بە ناوچەی سامیرەدا تێبپەڕێت، گەیشتە شارۆچکەیەکی سامیرە کە ناوی سوخار بوو، نزیک ئەو پارچە زەوییەی یاقوب دابوویە یوسفی کوڕی. بیری یاقوبیش لەوێ بوو. جا عیسا لە گەشتەکە ماندوو بوو، لەلای بیرەکە دانیشت، نزیکەی کاتژمێر دوازدە[b] بوو.

ژنێکی سامیرەیی هات بۆ ئەوەی ئاو ببات، عیسا پێی فەرموو: «هەندێک ئاوم بدەرێ.» لەو کاتەدا قوتابییەکانی چووبوونە ناو شار تاکو خواردن بکڕن.

جا ژنە سامیرەییەکە پێی گوت: «تۆ جولەکەیت و منیش ژنێکی سامیرەییم، چۆن داوای ئاوم لێ دەکەیت؟» چونکە جولەکەکان تێکەڵی سامیرەییەکان نابن.

10 عیساش وەڵامی دایەوە: «ئەگەر بەخشینی خودات بزانیایە و هەروەها ئەوەش کێیە کە پێت دەڵێت ”ئاوم بدەرێ،“ ئەوسا تۆ داوات لێ دەکرد و ئەویش ئاوی ژیانی پێدەدایت.»

11 ژنەکە پێی گوت: «بەڵام گەورەم، دۆلکەت پێنییە و بیرەکەش قووڵە. ئیتر تۆ ئاوی ژیانت لەکوێ بوو؟ 12 خۆ لە یاقوبی باوکمان گەورەتر نیت کە بیرەکەی پێداوین، خۆی و کوڕەکانی و ماڵاتەکانیشی لێیان خواردووەتەوە؟»

13 عیسا وەڵامی دایەوە: «هەرکەسێک لەم ئاوە بخواتەوە جارێکی دیکە تینووی دەبێتەوە. 14 بەڵام ئەوەی لەو ئاوە بخواتەوە کە من دەیدەمێ، هەرگیز تینووی نابێت، بەڵکو ئەو ئاوەی من دەیدەمێ تێیدا دەبێتە کانیاوێک و هەڵدەقوڵێت، ژیانی هەتاهەتایی دەبەخشێ.»

15 ژنەکەش پێی گوت: «گەورەم، ئەو ئاوەم بدەرێ تاکو تینوو نەبم و نەیەمەوە ئێرە بۆ ئاوکێشان.» 16 عیسا پێی فەرموو: «بڕۆ، مێردەکەت بانگ بکە و وەرەوە ئێرە.»

17 ژنەکە وەڵامی دایەوە: «مێردم نییە.» عیساش پێی فەرموو: «ڕاست دەکەیت کە دەڵێی مێردم نییە. 18 لە ڕاستیدا پێنج مێردت هەبوو، ئێستاش ئەوەی هەتە مێردت نییە. ئەمەشت بە ڕاستی گوت.»

19 ژنەکە پێی گوت: «گەورەم، دەبینم تۆ پێغەمبەریت. 20 باوباپیرانمان لەم شاخەدا خودایان پەرستووە، بەڵام ئێوە دەڵێن ئۆرشەلیم[c] ئەو شوێنەیە کە پێویستە پەرستنی لێ بکرێت.»

21 عیسا پێی فەرموو: «خانم، باوەڕم پێ بکە، کاتێک دێت ئێوە باوک دەپەرستن، بەڵام نە لەسەر ئەم شاخە و نە لە ئۆرشەلیم. 22 ئەوەی ئێوە دەیپەرستن نایناسن، بەڵام ئەوەی ئێمە دەیپەرستین دەیناسین، چونکە ڕزگاری لە جولەکەوەیە. 23 بەڵام کاتێک دێت ئەویش کە ئێستایە خواپەرستە ڕاستەقینەکان بە ڕۆحی پیرۆز و ڕاستی باوک دەپەرستن، چونکە باوک داوای ئەم جۆرە خواپەرستانە دەکات. 24 خودا ڕۆحە و پێویستە ئەوانەی دەیپەرستن بە ڕۆحی پیرۆز و ڕاستی بیپەرستن.»

25 ژنەکە پێی گوت: «دەزانم مەسیا دێت، کە پێی دەگوترێ مەسیح، کە ئەو هات هەموو شتێکمان پێ ڕادەگەیەنێت.»

26 عیساش پێی فەرموو: «من ئەوم، ئەوەی قسەت لەگەڵ دەکات.»

27 لەو کاتەدا قوتابییەکانی گەیشتن، سەرسام بوون کە لەگەڵ ژنێک قسە دەکات. بەڵام کەس نەیگوت: «چیت دەوێت؟» یان «بۆچی قسەی لەگەڵ دەکەیت؟»

28 ئینجا ژنەکە گۆزەکەی بەجێهێشت، چووە ناو شار و بە خەڵکی گوت: 29 «وەرن کەسێک ببینن هەرچییەکم کردووە پێی گوتم! دەبێ مەسیح نەبێت؟» 30 ئیتر خەڵکەکە لە شار هاتنە دەرەوە و چوونە لای.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.