Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Old/New Testament

Each day includes a passage from both the Old Testament and New Testament.
Duration: 365 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
دووەم پاشایان 17-18

هۆشێیەعی دواهەمین پاشای ئیسرائیل

17 لە ساڵی دوازدەیەمی ئاحازی پاشای یەهودا، هۆشێیەعی کوڕی ئێلە لە سامیرە بوو بە پاشا، ماوەی نۆ ساڵ پاشایەتی ئیسرائیلی کرد. لەبەرچاوی یەزدان خراپەکاری کرد، بەڵام نەک وەکو پاشاکانی ئیسرائیل، ئەوانەی کە لەپێش خۆی بوون.

شەلمەنئەسەری پاشای ئاشور هێرشی کردە سەری. پێشتر هۆشێیەع ملکەچی بوو و سەرانەی دەدایێ، بەڵام پاشای ئاشور ناپاکی لە هۆشێیەع بینی، لەبەر ئەوەی چەند نێردراوێکی بۆ سۆئای[a] پاشای میسر ناردبوو، هەروەها ئەو سەرانەی کە ساڵانە دەیدایە پاشای ئاشوری ڕایگرتبوو. ئیتر شەلمەنئەسەر گرتی و زیندانی کرد. پاشای ئاشور هێرشی کردە سەر هەموو خاکەکە و سەر سامیرە، سێ ساڵ گەمارۆی دا. لە ساڵی نۆی پاشایەتی هۆشێیەع، پاشای ئاشور سامیرەی داگیر کرد و خەڵکی ئیسرائیلی ڕاپێچی ئاشور کرد، لە حەلەح و گۆزانی کەناری ڕووباری خابوور و شارۆچکەکانی مادی نیشتەجێی کردن.

بە دیل گرتنی ئیسرائیل بەهۆی گوناهەوە

هەموو ئەمانە ڕوویدا، لەبەر ئەوەی خەڵکی ئیسرائیل گوناهیان کردبوو بەرامبەر بە یەزدانی پەروەردگاریان، ئەوەی لە خاکی میسرەوە لەژێر دەستی فیرعەونی پاشای میسر دەریهێنان. بەڵام خودای دیکەیان[b] پەرست و بەدوای بەجێهێنانی نەریتی ئەو گەلانە کەوتن کە یەزدان لەبەردەم نەوەی ئیسرائیل دەریکردبوون، پەیڕەویان لە کار و کردەوەی پاشاکانی ئیسرائیل کرد. نەوەی ئیسرائیل بە نهێنی چەند کارێکیان لە دژی یەزدانی پەروەردگاریان کرد کە ڕاست نەبوون. لە قوللەکانی چاودێرییەوە هەتا شارە قەڵابەندەکان لە هەموو شارۆچکەکان نزرگەی سەر بەرزاییان بنیاد نا. 10 لەسەر هەموو گردێکی بەرز و لەژێر هەموو دارێکی سەوز بەردی تەرخانکراو و ستوونە ئەشێراکانیان بۆ خۆیان دامەزراند. 11 لەوێ لەسەر هەموو نزرگەکانی سەر بەرزایی بخووریان سووتاند، وەک ئەو گەلانەی یەزدان لەپێشیان ڕایماڵین، بە کارە خراپەکانیان یەزدانیان پەست کرد. 12 ئەو بتانەیان پەرست کە یەزدان پێی فەرمووبوون، «ئەم شتە نەکەن.» 13 یەزدانیش لە ڕێگەی هەموو پێغەمبەران و ڕاگەیەنەرانی پەیامی خودا ئیسرائیل و یەهودای ئاگادار کردەوە، فەرمووی: «لە ڕێگا خراپەکانتان بگەڕێنەوە و فەرمان و فەرزەکانم بەجێبهێنن، بەگوێرەی تەواوی ئەو تەوراتەی کە باوباپیرانی ئێوەم پێی ڕاسپارد، ئەوەی لە ڕێگەی بەندە پێغەمبەرەکانمەوە بۆم ناردن.»

14 بەڵام گوێیان نەگرت و وەک باوباپیرانیان کەللەڕەقییان کرد، ئەوانەی بڕوایان بە یەزدانی پەروەردگاریان نەکرد. 15 فەرزەکانی ئەویان ڕەتکردەوە، هەروەها ئەو پەیمانەی کە لەگەڵ باوباپیرانیان بەستبووی و ئەو ئاگادارکردنەوانەی کە پێیدان ڕەتیان کردەوە. دوای بتی پووچ کەوتن و پووچ بوون. بەدوای ئەو گەلانەی دەوروبەریان کەوتن، کە یەزدان فەرمانی پێ کردبوون، «وەک ئەوان نەکەن.»

16 وازیان لە هەموو فەرمانەکانی یەزدانی پەروەردگاریان هێنا و بۆ خۆیان دوو گوێرەکەی لەقاڵبدراویان دروستکرد و ستوونە ئەشێرایەکیان دروستکرد، کڕنۆشیان بۆ هەموو ئەستێرەکانی ئاسمان برد و بەعلیان پەرست. 17 کوڕ و کچەکانیان وەک قوربانی سووتاند. فاڵیان گرتەوە و جادووگەرییان کرد، خۆیان فرۆشت بۆ ئەنجامدانی ئەوەی لەبەرچاوی یەزدان خراپ بوو، ئیتر پەستیان کرد.

18 لەبەر ئەوە یەزدان زۆر لە ئیسرائیل تووڕە بوو و لەبەردەمی خۆی دووری خستنەوە. تەنها هۆزی یەهودای هێشتەوە، 19 هەروەها یەهوداش فەرمانەکانی یەزدانی پەروەردگاریان بەجێنەگەیاند. نەریتەکانی ئیسرائیلیان پەیڕەو کرد کە دایانهێنابوو. 20 لەبەر ئەوە یەزدان هەموو وەچەی ئیسرائیلی ڕەتکردەوە، زەلیلی کردن و ڕادەستی تاڵانکەرانی کردن، هەتا ئەوەی لەبەردەم خۆی دووری خستنەوە.

21 کاتێک خودا ئیسرائیلی لە بنەماڵەی داود جیا کردەوە، یارۆڤعامی کوڕی نەڤاتیان کردە پاشای خۆیان. یارۆڤعام ئیسرائیلی لە شوێنکەوتنی یەزدان دوورخستەوە و بووە هۆی ئەوەی کە ئەوان گوناهێکی گەورە بکەن. 22 نەوەی ئیسرائیلیش هەموو ئەو گوناهانەی یارۆڤعامیان پەیڕەو کرد کە کردنی و خۆیان لێی لانەدا، 23 هەتا ئەوەی یەزدان ئیسرائیلی لەبەردەم خۆی دوورخستەوە، هەروەک چۆن لە ڕێگەی هەموو بەندە پێغەمبەرەکانییەوە فەرمووبووی. ئیتر ئیسرائیل لە خاکەکەی خۆیانەوە ڕاپێچی ئاشور کران، هەتا ئەمڕۆش هەر لەوێن.

نیشتەجێکردنی خەڵکی بێگانە لە سامیرە

24 ئینجا پاشای ئاشور خەڵکی لە بابل و کووتا و عەڤا و حەمات و سفەرڤەیمەوە هێنا و لە شارۆچکەکانی سامیرە لە جێی نەوەی ئیسرائیل نیشتەجێی کردن. سامیرە بووە موڵکیان و لە شارۆچکەکانی نیشتەجێ بوون. 25 لە سەرەتای حەوانەوەیان لەوێ، لە یەزدان نەترسان، ئیتر یەزدان شێری ناردە سەریان و لێی دەکوشتن. 26 هەواڵیان گەیاندە پاشای ئاشور و گوتیان: «ئەو گەلانەی ڕاپێچت کردوون و لە شارۆچکەکانی سامیرە نیشتەجێت کردوون، داواکارییەکانی خوداوەندی خاکەکە نازانن، ئەویش شێری ناردووەتە سەریان و لێیان دەکوژێت، چونکە نازانن داواکارییەکانی خوداوەندی خاکەکە چییە.»

27 پاشای ئاشور فەرمانی دا و گوتی: «یەکێک لەو کاهینانەی کە لەوێوە ڕاپێچتان کردوون بینێرنە ئەوێ، با بچێت و لەوێ نیشتەجێ بێت، یاساکانی خوداوەندی خاکەکەیان فێر بکات.» 28 ئیتر یەکێک لەو کاهینانەی کە لە سامیرەوە ڕاپێچیان کردبوون هات و لە بێت‌ئێل نیشتەجێ بوو، فێری کردن کە چۆن یەزدان بپەرستن.

29 لەگەڵ ئەوەش هەر گەلە لەو شارۆچکەیەی کە تێیدا نیشتەجێ ببوون بتیان بۆ خۆیان دروستکرد و لە نزرگەکانی سەر بەرزایی کە سامیرەییەکان دروستیان کردبوون دایاننان. 30 جا خەڵکی بابل سوکۆت بەنۆتیان دروستکرد، خەڵکی کووتا نێرگەلیان دروستکرد، خەڵکی حەمات ئەشیمایان دروستکرد؛ 31 عەڤییەکان نیڤحەز و تەرتاقیان دروستکرد، سفەرڤییەکانیش کوڕەکانی خۆیان دەسووتاند وەک قوربانی بۆ ئەدرەمەلەخ و عەنەمەلەخ، دوو خوداوەندی شاری سفەرڤەیم بوون. 32 یەزدانیان دەپەرست و لەنێوان خۆشیاندا کاهینیان بۆ نزرگەی بەرزاییەکان دەستنیشان دەکرد، هەتا لە نزرگەکانی سەر بەرزایی قوربانییەکانیان بکەن. 33 یەزدانیان دەپەرست، بەڵام خوداوەندەکانی خۆشیان دەپەرست، وەک نەریتی ئەو گەلانەی کە لێیەوە ڕاپێچ کرابوون.

34 هەتا ئەمڕۆش هەروەک نەریتی یەکەم جاریان دەکەن. نە یەزدان دەپەرستن، نە ئەو فەرز و حوکم و فێرکردن و فەرمانانەی بەجێدەهێنن کە یەزدان دایە نەوەی یاقوب، کە ناوی لێنا ئیسرائیل. 35 کاتێک یەزدان پەیمانی لەگەڵ بەستن و فەرمانی پێ کردن و فەرمووی: «لە خودای دیکە مەترسن و کڕنۆشیان بۆ مەبەن و مەیانپەرستن و قوربانییان بۆ سەر مەبڕن. 36 بەڵکو دەبێت یەزدان بپەرستن، ئەوەی بە توانایەکی مەزن و دەستێکی بەهێزەوە لە خاکی میسر دەریهێنان، کڕنۆش بۆ ئەو ببەن و قوربانی بۆ ئەو سەرببڕن. 37 بەردەوام فەرز و حوکم و فێرکردن و فەرمانەکان کە بۆی نووسین بەجێی بهێنن. خودای دیکە مەپەرستن. 38 ئەو پەیمانەش کە لەگەڵتان بەستم لە یادی مەکەن، خودای دیکە مەپەرستن، 39 بەڵکو یەزدانی پەروەردگارتان بپەرستن، ئەو لە دەست هەموو دوژمنەکانتان فریاتان دەکەوێت.»

40 بەڵام گوێیان نەگرت، بەڵکو وەک نەریتی پێشوویان کرد. 41 ئەو گەلانە یەزدانیان دەپەرست، لە هەمان کاتیشدا خزمەتی بتەکانی خۆیان دەکرد. هەروەها کوڕەکانیان و کوڕی کوڕەکانیشیان وەک باوباپیرانیان دەکەن، هەتا ئەمڕۆش.

پاشایەتی حەزقیا

18 لە ساڵی سێیەمی پاشایەتی هۆشێیەعی کوڕی ئێلەی پاشای ئیسرائیل، حەزقیای کوڕی ئاحاز بوو بە پاشای یەهودا. گەنجێکی بیست و پێنج ساڵان بوو کە بوو بە پاشا، بیست و نۆ ساڵ لە ئۆرشەلیم پاشایەتی کرد، ناوی دایکی ئەبیای کچی زەکەریا بوو. بە هەمان شێوەی داودی باپیرە گەورەی ئەوەی لەبەرچاوی یەزدان ڕاست بوو کردی. ئەو نزرگەکانی سەر بەرزایی تێکدا، بەردە تەرخانکراوەکانی شکاند و ستوونە ئەشێراکانی بڕییەوە. مارە بڕۆنزییەکەی وردوخاش کرد، ئەوەی موسا دروستی کرد، چونکە هەتا ئەو ڕۆژانەش نەوەی ئیسرائیل بخووریان بۆ دەسووتاند و ناویان لێ نابوو نەحوشتان.

حەزقیا پشتی بە یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل بەست، لەنێو هەموو پاشاکانی یەهودا کەس وەک ئەو نەبوو، چ ئەوانەی پێش خۆی و چ ئەوانەی دوای خۆی. دەستی بە یەزدانەوە گرت و لێی لانەدا. فەرمانەکانی پاراست، کە یەزدان فەرمانی بە موسا کردبوو. یەزدان لەگەڵی بوو، لە هەموو ئەو کارانەی دەیکرد سەرکەوتنی بەدەستدەهێنا، هەروەها لە پاشای ئاشور یاخی بوو، ملکەچی نەبوو. فەلەستییەکانیشی هەتا غەزە و سنوورەکانی بەزاند، لە قوللەی چاودێرەکانەوە هەتا شاری قەڵابەند.

لە ساڵی چوارەمی حەزقیا پاشا، کە دەکاتە ساڵی حەوتەمی هۆشێیەعی کوڕی ئێلەی پاشای ئیسرائیل، شەلمەنئەسەری پاشای ئاشور لە دژی سامیرە لەشکری جوڵاند و گەمارۆی دا. 10 ئاشورییەکان لەدوای سێ ساڵ سامیرەیان گرت. لە ساڵی شەشەمی حەزقیا کە دەکاتە ساڵی نۆیەمی هۆشێیەعی پاشای ئیسرائیل، سامیرە داگیر کرا. 11 ئینجا پاشای ئاشور ئیسرائیلی ڕاپێچی ئاشور کرد و لە حەلەح و گۆزانی کەناری ڕووباری خابوور و شارۆچکەکانی مادی داینان. 12 ئەمە لەبەر ئەوە ڕوویدا چونکە گوێڕایەڵی یەزدانی پەروەردگاری خۆیان نەبوون، بەڵکو پەیمانەکەیان شکاند و هەموو ئەو شتانەی کە موسای بەندەی یەزدان فەرمانی پێ کرد، نە گوێیان لێ گرت و نە کاریشیان پێ کرد.

13 لە ساڵی چواردەیەمی حەزقیا پاشا، سەنحێریبی پاشای ئاشور هێرشی کردە سەر هەموو شارە قەڵابەندەکانی یەهودا و داگیری کردن. 14 لەبەر ئەوە حەزقیا پاشای یەهودا پەیامی بۆ پاشای ئاشور نارد لە لاخیش، گوتی: «من هەڵەیەکی گەورەم کرد. لەلای من بکشێوە، ئەوەی لەسەرم دەیسەپێنی دەیدەم.» پاشای ئاشور سێ سەد تالنت[c] زیو و سی تالنت[d] زێڕی لەسەر حەزقیای پاشای یەهودا سەپاند. 15 حەزقیاش هەموو زیوەکانی ناو پەرستگای یەزدان و ناو گەنجینەکانی کۆشکی پاشای دایێ.

16 لەو کاتە حەزقیا پاشای یەهودا ئەو زێڕەی داڕنی کە پەرستگای یەزدان و چوارچێوەی دەرگاکانی پێ ڕووپۆش کردبوو، دایە پاشای ئاشور.

هەڕەشەی سەنحێریب لە ئۆرشەلیم

17 پاشای ئاشور فەرماندەی گشتی و سەرۆکی دیوان و فەرماندەی ناوچەکەی بە سوپایەکی گەورەوە لە لاخیشەوە ناردە سەر حەزقیای پاشا لە ئۆرشەلیم. کاتێک سەرکەوتن و هاتن لەلای ئاوباری گۆمەکەی سەرەوە ڕاوەستان، کە لەسەر ڕێگای شوێنی جلشۆرینەکەیە، 18 بانگی پاشایان کرد، ئەلیاقیمی کوڕی حیلقیا سەرپەرشتیاری کۆشک و شەڤنای خامەی نهێنی[e] و یۆئاحی تۆمارکار کوڕی ئاساف چوونە دەرەوە بۆ لایان.

19 فەرماندەی ناوچەکە پێی گوتن: «بە حەزقیا بڵێن:

«”پاشای گەورە، پاشای ئاشور دەڵێت: تۆ پشتت بە چی بەستووە؟ 20 تۆ دەڵێیت کە پلان و هێزت هەیە بۆ جەنگ، بەڵام ئەوە قسەی پووچە. ئێستاش پشتت بە کێ بەستووە تاکو لێم یاخی بیت؟ 21 وا پشتت بە پاڵپشتی ئەو قامیشە شکاوەی میسر بەستووە، ئەوەی کە هەرکەسێک خۆی بەسەردا بچەمێنێتەوە لەپی دەستی بریندار دەبێت و کونی دەکات! فیرعەونی پاشای میسر ئاوایە بۆ هەموو ئەوانەی پشتی پێ دەبەستن. 22 ئەگەر پێشم بڵێن: ’پشتمان بە یەزدانی پەروەردگارمان بەستووە.‘ ئایا ئەوە ئەو نەبوو کە حەزقیا نزرگەکانی سەر بەرزایی و قوربانگاکانی تێکدا و بە یەهودا و ئۆرشەلیمی گوت: ’دەبێت لەبەردەم ئەم قوربانگایە کڕنۆش ببەن کە لە ئۆرشەلیمە‘؟

23 «”ئێستاش گرەو لەگەڵ پاشای ئاشوری گەورەم بکە، من دوو هەزار ئەسپت دەدەمێ، ئەگەر تۆ بتوانیت بۆ خۆت سوار لەسەریان دابنێیت! 24 ئیتر چۆن دەتوانیت تاکە ئەفسەرێک لە خزمەتکارە بچووکەکانی گەورەکەم بگەڕێنیتەوە، تەنانەت ئەگەر پشت بە میسریش ببەستیت بۆ گالیسکە و سوار؟ 25 لە کۆتاییدا ئایا من بەبێ فەرمانی یەزدان هاتووم بۆ سەر ئەم شوێنە هەتا وێرانی بکەم؟ یەزدان خۆی پێی فەرمووم: بەسەر ئەو خاکەدا بدە و وێرانی بکە.“»

26 ئینجا ئەلیاقیمی کوڕی حیلقیا و شەڤنا و یۆئاح بە فەرماندەی ناوچەکەیان گوت: «تکایە لەگەڵ خزمەتکارەکانت بە زمانی ئارامی قسە بکە، چونکە لێی تێدەگەین، لەبەرچاوی خەڵکەکەی سەر شووراکە بە عیبری قسەمان لەگەڵ مەکە.»

27 بەڵام فەرماندەکە وەڵامی دانەوە: «ئایا گەورەم تەنها بۆ لای گەورەکەت و تۆی ناردووم هەتا ئەم قسانە بکەم؟ ئایا بۆ لای ئەو پیاوانەی سەر شووراکەی نەناردووم، هەتا لەگەڵ ئێوە پیسایی خۆیان بخۆن و میزی خۆیان بخۆنەوە؟»

28 ئینجا فەرماندەکە وەستا و بە دەنگێکی بەرز بە زمانی عیبری هاواری کرد و گوتی: «گوێ لە قسەی پاشای گەورە بگرن، پاشای ئاشور! 29 پاشا ئاوا دەڵێت: مەهێڵن حەزقیا فریوتان بدات، چونکە ناتوانێت لە دەستم ڕزگارتان بکات. 30 مەهێڵن حەزقیا واتان لێ بکات پشت بە یەزدان ببەستن و بڵێت: ”بێگومان یەزدان فریامان دەکەوێت و ئەم شارە ناداتە دەست پاشای ئاشور.“

31 «گوێ لە حەزقیا مەگرن، چونکە پاشای ئاشور دەڵێت، ڕازی بن بە ملکەچبوون بۆ من، وەرنە دەرەوە بۆ لام. با هەرکەسە لە مێوەکەی خۆی و لە دار هەنجیرەکەی خۆی بخوات و ئاو لە ئەمباراوەکەی خۆی بخواتەوە، 32 هەتا ئەو کاتەی دێم و دەتانبەمە خاکێکی وەک خاکەکەی خۆتان، خاکی دانەوێڵە و شەرابی نوێ، خاکی نان و ڕەزەمێو، خاکی دار زەیتوون و هەنگوین. ژیان هەڵبژێرن نەک مردن!

«گوێ لە حەزقیا مەگرن، چونکە فریوتان دەدات کە دەڵێت: ”یەزدان ڕزگارمان دەکات.“ 33 ئایا خوداوەندی هیچ نەتەوەیەک توانی خاکەکەی خۆی لە دەست پاشای ئاشور ڕزگار بکات؟ 34 کوان خوداوەندەکانی حەمات و ئەرپاد؟ کوان خوداوەندەکانی سفەرڤەیم و هێنەع و عیڤا؟ ئایا فریای سامیرە کەوتن لە دەستم؟ 35 کام لە هەموو خوداوەندەکانی ئەو خاکانە توانی خاکەکەی خۆی لە دەستی من ڕزگار بکات؟ ئیتر چۆن یەزدان فریای ئۆرشەلیم دەکەوێت لە دەستی من؟»

36 بەڵام گەل بێدەنگ بوون و بە یەک وشەش وەڵامیان نەدایەوە، چونکە پاشا فەرمانی کردبوو: «وەڵامی نەدەنەوە.»

37 ئینجا ئەلیاقیمی کوڕی حیلقیای سەرپەرشتیاری کۆشک و شەڤنای خامەی نهێنی و یۆئاحی کوڕی ئاسافی تۆمارکار هاتنە لای حەزقیا و جلەکانیان دادڕی بوو، قسەکانی فەرماندەی ناوچەکەیان پێی ڕاگەیاند.

یۆحەنا 3:19-36

19 ئەمەش حوکمەکەیە: ڕووناکییەکە هاتە جیهان بەڵام خەڵک لە جیاتی ڕووناکییەکە تاریکییەکەیان خۆشویست، چونکە کردەوەیان خراپ بوو. 20 لەبەر ئەوەی هەرکەسێک خراپە بکات ڕقی لە ڕووناکییەکەیە و نایەتە لای ڕووناکییەکە، نەوەک کردەوەکانی ئاشکرابێت. 21 بەڵام ئەوەی بەگوێرەی ڕاستی دەڕوات، دێتە لای ڕووناکییەکە، تاکو دەربکەوێت کە کردەوەکانی لە خوداوەیە.

عیسا و شایەتی یەحیا

22 دوای ئەمانە عیسا و قوتابییەکانی هاتنە خاکی یەهودیا، لەوێ لەگەڵیان مایەوە و خەڵکی لە ئاو هەڵکێشا. 23 یەحیاش لە ئەینونی[a] نزیک شاری سالیم خەڵکی لە ئاو هەڵدەکێشا، چونکە لەوێ ئاو زۆر بوو، ئیتر دەهاتن و لە ئاو هەڵدەکێشران، 24 چونکە هێشتا یەحیا نەخرابووە زیندانەوە. 25 لەوێ دەربارەی پاککردنەوە گفتوگۆیەک کەوتە نێوان قوتابییەکانی یەحیا و جولەکەیەک. 26 هاتنە لای یەحیا و پێیان گوت: «ڕابی[b]، ئەوەی لەوبەری ڕووباری ئوردون لەگەڵ تۆ بوو، ئەوەی شایەتیت بۆی دا، ئەوەتا خەڵک لە ئاو هەڵدەکێشێت و هەموو خەڵک دێنە لای.»

27 یەحیا وەڵامی دایەوە: «کەس ناتوانێت شتێک وەربگرێت ئەگەر لە ئاسمانەوە پێی نەدرابێت. 28 ئێوە خۆتان شایەتیم بۆ دەدەن کە گوتم: ”من مەسیح نیم، بەڵام پێش ئەو نێردراوم.“ 29 بووک بۆ زاوایە، بەڵام هاوڕێی زاوا کە ڕاوەستاوە و گوێی لێ دەگرێت لەبەر دەنگی زاوا زۆر دڵخۆش دەبێت. لەبەر ئەوە ئەم خۆشییەم هاتە دی. 30 پێویستە ئەو زیاد بکات و منیش کەم.»

31 ئەوەی لە سەرەوە دێت لە سەرووی هەمووانە. بەڵام ئەوەی لە زەوییە ئەوە زەمینییە و وەکو کەسێکی زەمینی دەدوێت. ئەوەی لە ئاسمانەوە دێت لە سەرووی هەمووانە و 32 شایەتی ئەوە دەدات کە بینیویەتی و بیستوویەتی، بەڵام کەس شایەتییەکەی وەرناگرێت. 33 ئەوەی شایەتییەکەی وەردەگرێت، مۆری دەکات کە خودا ڕاستە، 34 چونکە ئەوەی خودا ناردوویەتی بە پەیامی خودا دەدوێت، لەبەر ئەوەی خودا بێ سنوور ڕۆحی پیرۆز دەبەخشێت. 35 باوکی ئاسمانی کوڕی خۆی خۆشدەوێت و هەموو شتێکی داوەتە دەستی. 36 ئەوەی باوەڕ بە کوڕەکە بهێنێت ژیانی هەتاهەتایی هەیە. بەڵام ئەوەی گوێڕایەڵی کوڕەکە نییە ژیان نابینێت، بەڵکو تووڕەیی خودای لەسەر دەمێنێت.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.