Old/New Testament
پاشایەتی یەهۆئاحاز
13 لە ساڵی بیست و سێیەمی پاشایەتی یۆئاشی کوڕی ئەحەزیای پاشای یەهودا، یەهۆئاحازی کوڕی یێهو بۆ ماوەی حەڤدە ساڵ لە سامیرە پاشایەتی ئیسرائیلی کرد. 2 لەبەرچاوی یەزدان خراپەکاری کرد، بەدوای گوناهەکانی یارۆڤعامی کوڕی نەڤات کەوت و هەمان گوناهی ئەوی کرد کە بەهۆیەوە وای کردبوو ئیسرائیل گوناه بکات، لێی لا نەدا. 3 ئیتر تووڕەیی یەزدان بەسەر ئیسرائیلدا جۆشا، ماوەیەکی درێژ لەژێر دەسەڵاتی حەزائێلی پاشای ئارام و بەنهەدەدی کوڕی هێشتنییەوە.
4 ئینجا یەهۆئاحاز لە یەزدان پاڕایەوە و یەزدانیش گوێی لێ گرت، چونکە بینی چۆن پاشای ئارام ئیسرائیل دەچەوسێنێتەوە. 5 یەزدان ڕزگارکەرێکی دایە ئیسرائیل، لەژێر دەستی ئارامییەکان ڕزگار بوون و وەک جاران لەناو ماڵەکانیان نیشتەجێ بوون. 6 بەڵام خۆیان لە گوناهەکانی بنەماڵەی یارۆڤعام لانەدا، هەمان گوناهی ئەویان کرد کە بەهۆیەوە وای کردبوو ئیسرائیل گوناه بکات، لەسەری بەردەوام بوون، هەروەها ستوونە ئەشێراکەش[a] لە سامیرە لە جێی خۆی ماوە.
7 یەهۆئاحاز سوپای بۆ نەمابووەوە، جگە لە پەنجا سوار و دە گالیسکە و دە هەزار پیادە، چونکە پاشای ئارام لەناویبردبوون و وەک خۆڵی ژێر پێی لێکردبوون.
8 ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی یەهۆئاحاز و هەموو ئەوەی کردی و هەموو دەستکەوتەکانی لە پەڕتووکی کاروباری ڕۆژانەی پاشاکانی ئیسرائیل تۆمار کراون.
9 یەهۆئاحاز لەگەڵ باوباپیرانی سەری نایەوە و لە سامیرە ناشتیان. ئیتر یەهۆئاشی کوڕی لەدوای خۆی بوو بە پاشا.
پاشایەتی یەهۆئاش
10 لە ساڵی سی و حەوتەمی پاشایەتی یۆئاشی پاشای یەهودا، یەهۆئاشی کوڕی یەهۆئاحاز بۆ ماوەی شازدە ساڵ لە سامیرە پاشایەتی ئیسرائیلی کرد. 11 لەبەرچاوی یەزدان خراپەکاری کرد، لە هیچ یەکێک لە گوناهەکانی یارۆڤعامی کوڕی نەڤات لای نەدا، هەمان گوناهی ئەوی کرد کە بەهۆیەوە وای کردبوو ئیسرائیل گوناه بکات، بەڵکو لەسەریان بەردەوام بوو.
12 ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی یەهۆئاش و هەموو ئەوەی کردی و پاڵەوانییەکەی کە چۆن لە دژی ئەمەسیای پاشای یەهودا جەنگا لە پەڕتووکی کاروباری ڕۆژانەی پاشاکانی ئیسرائیل تۆمار کراون.
13 یەهۆئاش لەگەڵ باوباپیرانی سەری نایەوە و یارۆڤعام لەسەر تەختەکەی دانیشت، یەهۆئاشیش لە سامیرە نێژرا، لەگەڵ پاشاکانی ئیسرائیل.
14 ئەلیشەعیش نەخۆش کەوت بەو نەخۆشییەی کە پێی مرد، جا یەهۆئاشی پاشای ئیسرائیل چووە خوارەوە بۆ لای و لەسەری گریا، گوتی: «باوکە ڕۆ! باوکە ڕۆ! ئەی گالیسکەی ئیسرائیل و سوارەکانی!»
15 ئەلیشەعیش پێی گوت: «کەوانێک و چەند تیرێک هەڵگرە.» ئەویش کەوانێک و چەند تیرێکی هەڵگرت. 16 بە پاشای ئیسرائیلی گوت: «دەستت لەسەر کەوانەکە دابنێ.» ئەویش دەستی دانا، ئەلیشەعیش دەستی خستە سەر دەستی پاشا.
17 ئینجا گوتی: «پەنجەرەکەی ڕووەو ڕۆژهەڵات بکەوە.» ئەویش کردییەوە. ئەلیشەع گوتی: «بیهاوێ!» ئەویش هاویشتی. ئەلیشەع گوتی: «ئەمە تیری سەرکەوتنە لە یەزدانەوە، تیری سەرکەوتنە بە سەر ئارام، لە ئەفێق بە تەواوی ئارامییەکان لەناودەبەیت.»
18 هەروەها گوتی: «تیرەکان ببە.» پاشاکەش بردنی، ئینجا ئەلیشەع بە پاشای ئیسرائیلی گوت: «لە زەوییەکە بدە.» ئەویش سێ جار لێیدا و وەستا. 19 جا پیاوەکەی خودا لێی تووڕە بوو و گوتی: «دەبووایە پێنج یان شەش جار لە زەوییەکەت بدایە، ئینجا بە تەواوی لە ئارامت دەدا هەتا لەناودەچوون، ئێستاش تەنها سێ جار لە ئارام دەدەیت.»
20 پاشان ئەلیشەع مرد و ناشتیان.
چەتەکانی مۆئاب هەموو بەهارێک دەهاتنە ناو خاکەکە. 21 جارێک پیاوێکیان دەناشت، لەناکاو چەتەکانیان بینی، ئیتر تەرمی پیاوەکەیان فڕێدایە ناو گۆڕەکەی ئەلیشەع. جا کە پیاوەکە بەر ئێسقانەکانی ئەلیشەع کەوت، زیندوو بووەوە و هەستایەوە سەر پێیەکانی.
22 حەزائێلی پاشای ئارامیش بە درێژایی سەردەمی یەهۆئاحاز ئیسرائیلی چەوساندەوە. 23 بەڵام یەزدان لەگەڵیان میهرەبان و بە بەزەیی بوو، لەبەر پەیمانەکەی لەگەڵ ئیبراهیم و ئیسحاق و یاقوب ئاوڕی لێ دانەوە، هەتا ئێستاش نەیویست ڕیشەکێشیان بکات و دووریان بخاتەوە.
24 پاشان حەزائێلی پاشای ئارام مرد و بەنهەدەدی کوڕی لەدوای خۆی بوو بە پاشا. 25 ئینجا یەهۆئاشی کوڕی یەهۆئاحاز گەڕایەوە و بە جەنگ شارۆچکەکانی لە دەست بەنهەدەدی کوڕی حەزائێل وەرگرتەوە، ئەوەی لە دەستی یەهۆئاحازی باوکی بردبووی، یەهۆئاش سێ جار بەزاندی و شارۆچکەکانی ئیسرائیلی گەڕاندەوە.
پاشایەتی ئەمەسیا لە یەهودا
14 لە ساڵی دووەمی پاشایەتی یەهۆئاشی کوڕی یەهۆئاحازی پاشای ئیسرائیل، ئەمەسیای کوڕی یۆئاش بوو بە پاشای یەهودا. 2 کاتێک بوو بە پاشا گەنجێکی بیست و پێنج ساڵان بوو، بیست و نۆ ساڵ لە ئۆرشەلیم پاشایەتی کرد. دایکیشی ناوی یەهۆعەدین بوو، خەڵکی ئۆرشەلیم بوو. 3 ئەوەی لەبەرچاوی یەزدان ڕاست بوو کردی، بەڵام نەک وەکو داودی باپیرە گەورەی، بەڵکو وەک هەموو ئەوەی یۆئاشی باوکی کردی ئەویش کردی. 4 لەگەڵ ئەوەش نزرگەکانی سەر بەرزایی تێکنەدران، هێشتا گەل لەسەر بەرزاییەکان قوربانییان سەردەبڕی و بخووریان دەسووتاند.
5 کاتێک جڵەوی پاشایەتییەکە لە دەستی جێگیر بوو، سزای مردنی بەسەر ئەو کاربەدەستانەدا سەپاند کە پاشای باوکیان کوشتبوو. 6 بەڵام کوڕی بکوژەکانی نەکوشت، بەگوێرەی ئەوەی لە پەڕتووکی تەوراتی موسادا نووسراوە، کە یەزدان فەرمانی داوە و فەرموویەتی: «باوک لە جیاتی کوڕ ناکوژرێت و کوڕ لە جیاتی باوک ناکوژرێت، هەر یەکێک لەسەر گوناهی خۆی دەکوژرێت.»[b]
7 ئەوە بوو لە دۆڵی خوێ[c] دە هەزار کەسی لە ئەدۆم کوشت و بە جەنگ سەلەعی گرت و ناوی لێنا یۆقتئێل، هەتا ئەمڕۆش ئەوە ناویەتی.
8 پاشان ئەمەسیا نێردراوی ناردە لای یەهۆئاشی کوڕی یەهۆئاحازی کوڕی یێهوی پاشای ئیسرائیل و پێی گوت: «وەرە، با ڕووبەڕوو شەڕ بکەین.»
9 یەهۆئاشی پاشای ئیسرائیلیش وەڵامی ئەمەسیای پاشای یەهودای دایەوە و گوتی: «خڕنووکی لوبنانی ناردی بۆ لای دار ئورزی لوبنانی و گوتی: ”کچەکەت بدە بە کوڕەکەم هەتا ببێتە ژنی.“ ئینجا ئاژەڵێکی کێوی لە لوبنان بەسەر خڕنووکەکەدا ڕۆیشت و پانی کردەوە. 10 تۆ ئەدۆمت شکاند، ئێستا لەخۆبایی بوویت. بەڕێزبە و لە ماڵی خۆت بمێنەوە! بۆچی بەڵا بەسەر خۆتدا دەهێنیت؟ ئینجا دەکەویت، خۆت و یەهوداش لەگەڵت.»
11 بەڵام ئەمەسیا گوێی نەگرت، لەبەر ئەوە یەهۆئاشی پاشای ئیسرائیل هێرشی برد، لەگەڵ ئەمەسیای پاشای یەهودا لە بێتشەمەشی یەهودا ڕووبەڕووی یەکتر بوونەوە. 12 لە ئەنجامدا یەهودا بەرامبەر بە ئیسرائیل تێکشکان، هەرکەسە و بەرەو ماڵەکەی خۆی هەڵات. 13 ئەمەسیای پاشای یەهودا، کوڕی یۆئاشی کوڕی ئەحەزیا، لەلایەن یەهۆئاشی پاشای ئیسرائیلەوە لە بێتشەمەش بە دیل گیرا. پاشان یەهۆئاش چوو بۆ ئۆرشەلیم و شوورای ئۆرشەلیمی لە دەروازەی ئەفرایمەوە هەتا دەروازەی گۆشەکە وێران کرد، کە چوار سەد باڵ[d] بوو. 14 هەموو زێڕ و زیو و قاپوقاچاغەکانی ناو پەرستگای یەزدان و ناو گەنجینەکانی کۆشکی پاشای برد، هەروەها چەندین بارمتەی گرت و گەڕایەوە سامیرە.
15 ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی یەهۆئاش، ئەوەی کردی و پاڵەوانییەکەی کە نواندی، چۆن لە دژی ئەمەسیای پاشای یەهودا جەنگا، لە پەڕتووکی کاروباری ڕۆژانەی پاشاکانی ئیسرائیل تۆمار کراون.
16 یەهۆئاش لەگەڵ باوباپیرانی سەری نایەوە و لە سامیرە لەگەڵ پاشاکانی ئیسرائیلدا نێژرا. ئیتر یارۆڤعامی کوڕی لەدوای خۆی بوو بە پاشا.
17 ئەمەسیای کوڕی یۆئاشی پاشای یەهوداش لەدوای مردنی یەهۆئاشی کوڕی یەهۆئاحازی پاشای ئیسرائیل، پازدە ساڵ ژیا. 18 ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی ئەمەسیا لە پەڕتووکی کاروباری ڕۆژانەی پاشاکانی یەهودا تۆمار کراون.
19 لە ئۆرشەلیم پیلانیان لە دژی گێڕا و هەڵات بۆ لاخیش، ئینجا چەند پیاوێکیان بەدوایدا ناردە شاری لاخیش و لەوێ کوشتیان. 20 بە ئەسپ هێنرایەوە ئۆرشەلیم و لەوێ لە شاری داود لەگەڵ باوباپیرانی نێژرا.
21 پاشان هەموو گەلی یەهودا عەزەریای[e] گەنجی شازدە ساڵانیان برد و لە جێی ئەمەسیای باوکی کردیانە پاشا. 22 ئەو بەندەری ئێلەتی بنیاد ناوە و گەڕاندییەوە سەر یەهودا، پاش ئەوەی ئەمەسیا لەگەڵ باوباپیرانی سەری نایەوە.
پاشایەتی یارۆڤعامی دووەم
23 لە ساڵی پازدەیەمینی پاشایەتی ئەمەسیای کوڕی یۆئاشی پاشای یەهودا، یارۆڤعامی کوڕی یەهۆئاشی پاشای ئیسرائیل ماوەی چل و یەک ساڵ لە سامیرە پاشایەتی کرد. 24 لەبەرچاوی یەزدان خراپەکاری کرد، لە هیچ یەکێک لە گوناهەکانی یارۆڤعامی کوڕی نەڤات لای نەدا، کە بەهۆیەوە وای کردبوو ئیسرائیل گوناه بکات. 25 ئەو بوو کە سنوورەکانی ئیسرائیلی گەڕاندەوە، لە دەروازەی حەماتەوە هەتا دەریای مردوو، بەپێی فەرمایشتی یەزدان کە لە ڕێگەی بەندەکەیەوە، لە ڕێگەی یونسی کوڕی ئەمیتەیەوە فەرمووبووی، ئەو پێغەمبەرەی خەڵکی گەت حێفەر بوو.
26 یەزدان زەلیلی تاڵی کۆیلە و ئازادی ئیسرائیلی بینی، کەس نییە یارمەتی ئیسرائیل بدات. 27 یەزدانیش نەیفەرمووبوو کە ناوی ئیسرائیل لەژێر ئاسماندا دەسڕێتەوە، جا بە دەستی یارۆڤعامی کوڕی یەهۆئاش ڕزگاری کردن.
28 ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی یارۆڤعام و هەموو ئەوەی کردی و پاڵەوانییەکەی، چۆن جەنگا و چۆن دیمەشق و حەماتی گەڕاندەوە سەر ئیسرائیل، لە پەڕتووکی کاروباری ڕۆژانەی پاشاکانی ئیسرائیل تۆمار کراون.
29 یارۆڤعام لەگەڵ باوباپیرانی، لەگەڵ پاشاکانی ئیسرائیل سەری نایەوە. ئیتر زەکەریای کوڕی لەدوای خۆی بوو بە پاشا.
شایی لە قانا
2 لە ڕۆژی سێیەم لە قانای جەلیل شاییەک هەبوو، دایکی عیساش لەوێ بوو. 2 عیسا و قوتابییەکانیشی بۆ شاییەکە بانگهێشتکراوبوون. 3 کاتێک شەراب نەما، دایکی بە عیسای گوت: «شەرابیان نییە!»
4 عیساش پێی فەرموو: «ژنەکە، چیت لە من دەوێ؟ هێشتا کاتی من نەهاتووە!»
5 ئینجا دایکی بە خزمەتکارانی گوت: «هەرچییەکتان پێ دەڵێ، بیکەن.»
6 شەش کوپەی بەردین، لەو جۆرەی کە جولەکەکان بۆ پاککردنەوە بەکاریاندەهێنا، لەوێ دانرابوون، هەریەکەی هەشتا هەتا سەد و بیست لیتریان دەگرت[a].
7 جا عیسا پێی فەرموون: «کوپەکان پڕ بکەن لە ئاو.» ئەوانیش کوپەکانیان هەتا سەر پڕکرد.
8 ئینجا پێی فەرموون: «ئێستا لێی دەربهێنن و بۆ گەورەی شاییەکەی ببەن!»
ئەوانیش بردییان. 9 کاتێک گەورەی شاییەکە تامی ئەو ئاوەی کرد کە ببووە شەراب، سەرچاوەکەی نەدەزانی، بەڵام خزمەتکاران دەیانزانی، ئەوانەی ئاوەکەیان دەرهێنابوو. ئەوسا گەورەی شاییەکە زاوای بانگکرد و 10 پێی گوت: «هەموو کەس یەکەم جار شەرابە چاکەکە دادەنێن، کاتێک مەست بوون، ئینجا خراپەکە. بەڵام تۆ هەتا ئێستا شەرابە چاکەکەت هێشتووەتەوە!»
11 ئەو پەرجووەی[b] عیسا لە قانای جەلیل کردی، یەکەمین نیشانەی بوو بۆ دەرخستنی شکۆی خۆی، قوتابییەکانیشی باوەڕیان پێی هێنا.
12 دواتر لەگەڵ دایکی و براکانی و قوتابییەکانی بەرەو کەفەرناحوم دابەزین، چەند ڕۆژێک لەوێ مانەوە.
پاکسازی حەوشەکانی پەرستگا
13 کە جەژنی پەسخەی[c] جولەکەکان نزیک بووەوە، عیسا چوو بۆ ئۆرشەلیم. 14 لە حەوشەکانی پەرستگا فرۆشیارانی گا و مەڕ و کۆتری بینی، پارەگۆڕەوانیش دانیشتبوون. 15 قامچییەکی لە گوریس دروستکرد و هەمووانی لە حەوشەکانی پەرستگا دەرکرد، مەڕ و گا پێکەوە. پارەی پارەگۆڕەوانی پەرشوبڵاو کردەوە و مێزەکانی وەرگێڕا، 16 ئینجا بە کۆترفرۆشانی فەرموو: «ئەم شتانە لێرە هەڵگرن! ماڵی باوکم مەکەنە بازاڕ!»
17 جا قوتابییەکانی هاتەوە بیریان کە نووسراوە: [دڵگەرمی بۆ ماڵەکەت دەمسووتێنێت.][d]
18 جولەکەکان وەڵامیان دایەوە: «چ پەرجووێکمان نیشان دەدەیت تاکو دەسەڵاتی ئەنجامدانی هەموو ئەم کارانەت بسەلمێنێ؟»
19 عیساش وەڵامی دانەوە: «ئەم پەرستگایە بڕووخێنن، بە سێ ڕۆژ هەڵیدەستێنمەوە.»
20 ئینجا جولەکەکان گوتیان: «ئەم پەرستگایە بە چل و شەش ساڵ بنیاد نراوە، تۆ بە سێ ڕۆژ هەڵیدەستێنیتەوە؟» 21 بەڵام ئەو باسی پەرستگای لەشی خۆی دەکرد. 22 لەبەر ئەوە کاتێک لەناو مردووان هەستایەوە، قوتابییەکانی هاتەوە بیریان کە ئەمەی گوتبوو، ئینجا باوەڕیان هێنا بە نووسراوە پیرۆزەکە[e] و بەو قسەیەی عیسا فەرمووی.
23 کە لە جەژنی پەسخە لە ئۆرشەلیم بوو، زۆر کەس باوەڕیان بە ناوی هێنا، چونکە ئەو پەرجووانەیان[f] بینی کە دەیکرد. 24 بەڵام عیسا لەلای خۆیەوە متمانەی پێ نەکردن، چونکە هەموو خەڵکی دەناسی. 25 لەبەر ئەوە پێویستی بە کەس نەبوو دەربارەی مرۆڤ شایەتی بۆ بدات، چونکە دەیزانی دڵی مرۆڤ چی تێدایە.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.