Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Old/New Testament

Each day includes a passage from both the Old Testament and New Testament.
Duration: 365 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
یەکەم پاشایان 19-20

هەڵاتنی ئەلیاس بۆ چیای حۆرێڤ

19 ئەحاڤ هەموو ئەوەی بە ئیزابێل ڕاگەیاند کە ئەلیاس کردی، هەروەها کە چۆن هەموو پێغەمبەرەکانی بە شمشێر کوشتووە. ئینجا ئیزابێل نێردراوێکی بۆ لای ئەلیاس نارد و گوتی: «با خوداوەندەکان توندترین سزام بدەن، ئەگەر سبەینێ لەم کاتە گیانت وەک گیانی یەکێک لەوانە لێ نەکەم.»

ئەلیاس ترسا، هەڵات بۆ ئەوەی گیانی خۆی دەرباز بکات. کاتێک گەیشتە بیری شابەع، ئەوەی کە سەر بە یەهودایە، خزمەتکارەکەی لەوێ بەجێهێشت. خۆشی ڕۆژە ڕێیەک بە دەشتودەردا ڕۆیشت هەتا هات و لەژێر دار گەزێک[a] دانیشت و داوای مەرگی بۆ گیانی خۆی کرد، گوتی: «ئەی یەزدان، ئیتر بەسە، گیانم بکێشە، چونکە من لە باوباپیرانم باشتر نیم.» ئینجا لەژێر دار گەزەکە پاڵکەوت و نوست.

لەناکاو فریشتەیەک دەستی لێدا و فەرمووی: «هەستە، بخۆ.» ئەویش تەماشای کرد ئەوەتا لەلای سەرییەوە کولێرەیەکی بە بەردی داغ برژاو و گۆزەیەک ئاوی لێیە، ئیتر خواردی و خواردیەوە، دیسان پاڵکەوتەوە.

دووبارە فریشتەکەی یەزدان گەڕایەوە و دەستی لێدایەوە و فەرمووی: «هەستە بخۆ، چونکە ڕێگاکە لە توانای تۆ زیاترە.» ئەویش هەستا و خواردی و خواردیەوە، بە هێزی ئەو خواردنە چل شەو و چل ڕۆژ هەتا حۆرێڤی کێوی خودا ڕۆیشت. لەوێ چووە ناو ئەشکەوتێک و شەوی تێدا بەسەربرد.

دەرکەوتنی یەزدان بۆ ئەلیاس

لەناکاو فەرمایشتی یەزدانی بۆ هات، پێی فەرموو: «ئەلیاس، لێرە چی دەکەیت؟»

10 ئەویش وەڵامی دایەوە: «دڵگەرمییەکی زۆرم هەیە بۆ یەزدانی پەروەردگاری سوپاسالار، نەوەی ئیسرائیلیش پەیمانەکەی تۆیان شکاندووە، قوربانگاکانی تۆیان وێران کردووە، پێغەمبەرەکانی تۆیان بە شمشێر کوشتووە، منیش بە تەنها ماومەتەوە، ئەوانیش بەدوامدا دەگەڕێن هەتا بمکوژن.»

11 یەزدانیش فەرمووی: «وەرە دەرەوە و لەسەر چیاکە لەبەردەم یەزدان ڕابوەستە، چونکە وا یەزدان تێدەپەڕێت.»

ئینجا بایەکی مەزن و بەهێز چیاکانی شەق کرد و تاشەبەردەکانی لەبەردەم یەزدان شکاند، بەڵام یەزدان لەناو بایەکەدا نەبوو. لەدوای بایەکە بوومەلەرزەیەک هات، یەزدان لە بوومەلەرزەکەشدا نەبوو. 12 لەدوای بوومەلەرزەکە ئاگرێک هات، یەزدان لە ئاگرەکەشدا نەبوو. لەدوای ئاگرەکە چرپەی دەنگێک هات. 13 ئەوە بوو کە ئەلیاس گوێی لە چرپەکە بوو، دەموچاوی بە کەواکەی داپۆشی، چووە دەرەوە و لەبەردەمی ئەشکەوتەکەدا ڕاوەستا.

پاشان دەنگێک هاتە بەرگوێی و پێی فەرموو: «ئەلیاس، لێرە چی دەکەیت؟»

14 ئەویش گوتی: «دڵگەرمییەکی زۆرم هەیە بۆ یەزدانی پەروەردگاری سوپاسالار، نەوەی ئیسرائیلیش پەیمانەکەی تۆیان شکاندووە، قوربانگاکانی تۆیان وێران کردووە و پێغەمبەرەکانی تۆیان بە شمشێر کوشتووە، منیش بە تەنها ماومەتەوە، ئەوانیش بەدوامدا دەگەڕێن هەتا بمکوژن.»

15 ئینجا یەزدان پێی فەرموو: «بڕۆ و بە ڕێگاکەتدا بگەڕێوە بۆ دەشتودەری دیمەشق، کاتێک گەیشتییە ئەوێ حەزائێل وەک پاشای ئارام دەستنیشان بکە. 16 هەروەها یێهوی کوڕی نیمشی وەک پاشای ئیسرائیل دەستنیشان بکە و ئەلیشەعی کوڕی شافاتیش کە خەڵکی ئابێلی مەحۆلایە لە جێی خۆت وەک پێغەمبەر دەستنیشانی بکە. 17 جا ئەوە ڕوودەدات، هەرکەس لە شمشێری حەزائێل دەرباز بێت، یێهو دەیکوژێت و هەرکەسیش لە شمشێری یێهو دەرباز بێت، ئەلیشەع دەیکوژێت. 18 لەگەڵ ئەوەشدا حەوت هەزار کەس لە ئیسرائیل دەهێڵمەوە؛ هەموو ئەوانەی کە چۆکیان بۆ بەعل نەچەماندووەتەوە، بە دەم ماچیان نەکردووە.»

بانگکردنی ئەلیشەع

19 ئیتر ئەلیاس لەوێ ڕۆیشت و ئەلیشەعی کوڕی شافاتی دۆزییەوە زەوی دەکێڵا، دوازدە جووت گا لەپێشییەوە بوون، ئەو لەگەڵ جووتی دوازدەیەمین بوو. ئینجا ئەلیاس بەلایدا تێپەڕی و کەواکەی فڕێدایە سەری. 20 ئەلیشەعیش گایەکانی بەجێهێشت و لەدوای ئەلیاس ڕایکرد و گوتی: «دایک و باوکم ماچ دەکەم و دوات دەکەوم.»

ئەلیاسیش پێی گوتی: «بڕۆ و بگەڕێوە، چونکە من چ ڕێگرییەکم لێکردوویت؟»

21 ئەلیشەعیش لەدوای گەڕایەوە و جووتە گایەکەی برد و سەری بڕین، گاسنەکەی سووتاند بۆ ئەوەی گۆشتەکە بکوڵێنێت، دایە خەڵکەکە و خواردیان. ئینجا هەستا و دوای ئەلیاس کەوت و بووە خزمەتکاری.

هێرشبردنی بەن‌هەدەد بۆ سەر سامیرە

20 ئەوە بوو بەن‌هەدەدی پاشای ئارام هەموو هێزەکەی کۆکردەوە و سی و دوو پاشاش بە ئەسپ و گالیسکەوە لەگەڵی بوون، سوپای جوڵاند و سامیرەی گەمارۆ دا و لە دژی جەنگا. چەند نێردراوێکی ناردە شارەکە بۆ لای ئەحاڤی پاشای ئیسرائیل. پێی گوت: «بەن‌هەدەد ئاوا دەڵێت: ”زێڕ و زیوەکەت هی منە، ژن و کوڕە چاکەکانت هی منن.“»

پاشای ئیسرائیلیش وەڵامی دایەوە: «پاشای گەورەم، ئەوەی گوتت وا دەبێت، خۆم و هەموو ئەوانەشی کە هەمە هی تۆن.»

نێردراوەکان هاتنەوە و گوتیان: «بەن‌هەدەد ئەمە دەڵێت: ”من چەند نێردراوێکم بۆ لات نارد و گوتم، زێڕ و زیو و ژن و کوڕە چاکەکانت دەدەیتە من، بەڵام سبەینێ لەم کاتەدا کاربەدەستەکانم دەنێرمە لات، کۆشکەکەت و ماڵی کاربەدەستەکانت دەپشکنن. جا هەموو ئەوەی پەسەندە لەبەرچاوی تۆ دەستی بەسەردا دەگرن و دەیبەن.“»

پاشای ئیسرائیل هەموو پیرانی خاکەکەی بانگکرد و گوتی: «بزانن و ببینن، ئەمە داوای شەڕ دەکات، چونکە ناردی بۆ داواکردنی ژن و کوڕ و زێڕ و زیوەکەم، ڕەتم نەکردەوە.»

هەموو پیران و هەموو گەل وەڵامیان دایەوە: «گوێی لێ مەگرە و ڕازی مەبە.»

ئەویش بە نێردراوەکانی بەن‌هەدەدی گوت: «بە پاشای گەورەم بڵێن: ”منی خزمەتکارت هەموو ئەوە جێبەجێ دەکەم کە لە سەرەتادا داوات کردووە، بەڵام ناتوانم ئەم کارە بکەم.“» ئینجا نێردراوەکان گەڕانەوە و وەڵامەکەیان بۆ بەن‌هەدەد گێڕایەوە.

10 ئینجا بەن‌هەدەد ناردی بۆ لای ئەحاڤ و گوتی: «با خوداوەندەکان توندترین سزام بدات، ئەگەر خۆڵی سامیرە بەشی مشتی هەموو ئەو گەلە بکات کە دوام کەوتوون.»

11 پاشای ئیسرائیلیش وەڵامی دایەوە و گوتی: «پێی بڵێن: ”شەڕکردن شانازی نییە، بەڵکو سەرکەوتن.“»

12 کاتێک بەن‌هەدەد لەگەڵ پاشاکان لەنێو چادرەکان دەیخواردەوە گوێی لەم قسەیە بوو، بە خزمەتکارەکانی گوت: «ڕیز ببەستن.» ئەوانیش ڕیزیان بەست و بەریان لە شارەکە گرت.

بەزینی بەن‌هەدەد

13 ئەوە بوو پێغەمبەرێک لە ئەحاڤی پاشای ئیسرائیل هاتە پێشەوە و گوتی: «یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ”هەموو ئەو سوپا گەورەیەت بینی؟ ئەوەتا من ئەمڕۆ دەیدەمە دەستی تۆ، تاوەکو بزانیت کە من یەزدانم!“»

14 ئەحاڤیش گوتی: «بە کێ؟»

پێغەمبەرەکەش گوتی: «یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ”بەو ئەفسەرە گەنجانەی کە لەژێر دەسەڵاتی فەرماندەکانی هەرێمەکانن.“»

ئەویش گوتی: «کێ دەست بە جەنگەکە دەکات؟»

پێغەمبەرەکەش گوتی: «تۆ.»

15 لەبەر ئەوە ئەحاڤ ئەفسەرە گەنجەکانی فەرماندەی هەرێمەکانی بانگکرد، دوو سەد و سی و دوو پیاو بوون، پاش ئەوانیش پاشماوەی ئیسرائیلییەکانیشی کۆکردەوە، کە حەوت هەزار پیاو بوون. 16 لە نیوەڕۆدا بەڕێکەوتن و بەن‌هەدەدیش لە چادرەکانەوە لەگەڵ سی و دوو پاشاکەی دیکەی هاوپەیمانی دەیانخواردەوە و سەرخۆش بوون. 17 یەکەم جار ئەفسەرە گەنجەکانی فەرماندەی هەرێمەکان بەڕێکەوتن.

ئەوە بوو بەن‌هەدەد چەند سووسەکەرێکی[b] ناردبوو، ئەوانیش پێیان ڕاگەیاند: «چەند پیاوێک لە سامیرەوە بە ڕێگاوەن.»

18 ئەویش گوتی: «ئەگەر بۆ ئاشتی هاتوونەتە دەرەوە بە زیندووێتی بیانگرن، ئەگەر بۆ شەڕیش هاتوونەتە دەرەوە، هەر بە زیندووێتی بیانگرن.»

19 ئەفسەرە گەنجەکانی فەرماندەی هەرێمەکان و ئەو هێزەی لە دوایان بوون لە شارەکە هاتنە دەرەوە، 20 هەریەکەیان ئەو پیاوە ئارامییەیان دەکوشت کە دەهاتە بەرامبەریان، ئارامییەکانیش هەڵاتن و ئیسرائیلیش ڕاویان نان، بەن‌هەدەدی پاشای ئارامیش بە ئەسپ لەگەڵ سوارەکان دەرباز بوو. 21 پاشای ئیسرائیلیش هاتە دەرەوە و لە ئەسپ و گالیسکەکانی دا، زیانێکی گەورەی بە ئارامییەکان گەیاند.

22 پاشان پێغەمبەرەکە لە پاشای ئیسرائیل هاتە پێشەوە و پێی گوت: «بڕۆ خۆت بەهێز بکە و بزانە و ببینە چی دەکەیت، چونکە لە بەهاری ساڵدا پاشای ئارام پەلامارت دەداتەوە.»

23 هەر لەو ماوەیەدا کاربەدەستەکانی پاشای ئارام بەم جۆرە ئامۆژگاری پاشایان کرد و گوتیان: «خوداوەندەکانیان خوداوەندی شاخن، لەبەر ئەوە لە ئێمە بەهێزتر بوون. بەڵام با لە دەشتدا لە دژیان بجەنگین، لەوان بەهێزتر دەبین! 24 بۆ ئەم کارەش ئەمە بکە، هەریەک لە پاشاکان لە شوێنەکانیان لاببە و سەرکردەکان لە جێیاندا دابنێ. 25 ئیتر بۆ خۆت سوپایەک وەک ئەو سوپایەی کە لە دەستت دا، پێکدەهێنیتەوە، ئەسپ لە جێی ئەسپ و گالیسکە لە جێی گالیسکە. با لە دەشتدا لە دژیان بجەنگین، لەوان بەهێزتر دەبین!» ئەویش گوێی لە قسەکەیان گرت و بەم جۆرەی کرد.

26 ئەوە بوو لە بەهاری ساڵدا، بەن‌هەدەد ئارامییەکانی کۆکردەوە و سەرکەوت بۆ ئەفێق بۆ جەنگ لە دژی ئیسرائیل. 27 نەوەی ئیسرائیلیش کۆکرانەوە و پێداویستییان پێدرا و چوون بۆ بەرەنگاربوونەوەیان، نەوەی ئیسرائیل وەک دوو مێگەلی بچووکی بزن وابوون بەرامبەریان، ئارامییەکانیش دەشتەکەیان پڕکردبوو.

28 ئینجا پیاوەکەی خودا هاتە پێشەوە و بە پاشای ئیسرائیلی گوت: «یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ”لەبەر ئەوەی ئارامییەکان گوتیان، یەزدان خوداوەندێکی شاخەکانە و خوداوەندی دۆڵەکان نییە، ئەم هەموو کۆمەڵە گەورەیە دەدەمە دەستی تۆ، ئیتر ئێوە دەزانن کە من یەزدانم.“»

29 حەوت ڕۆژ بەرامبەر بە یەکتر دامەزران، لە ڕۆژی حەوتەم جەنگەکە هەڵگیرسا، نەوەی ئیسرائیل لە ئارامییەکانیان دا، سەد هەزار پیادەیان لە یەک ڕۆژدا لێ کوشتن. 30 پاشماوەکەیان بۆ شاری ئەفێق هەڵاتن، لەوێش شوورای شارەکە بەسەر بیست و حەوت هەزار پیاویان داڕما، بەن‌هەدەدیش هەڵات و چووە ناو شارەکە، لە ژووری دواوەی ماڵێک خۆی شاردەوە.

31 کاربەدەستەکانی پێیان گوت: «تەماشا بکە، بیستوومانە کە پاشاکانی بنەماڵەی ئیسرائیل پاشای بەخشندەن، با گوش[c] بە کەمەرمانەوە ببەستین و گوریس لەسەر سەرمان دابنێین[d] و بچینە دەرەوە بۆ لای پاشای ئیسرائیل، لەوانەیە دەستت لێ بپارێزێت.»

32 ئینجا جلوبەرگی گوشیان پۆشی و بەستیان بە کەمەریانەوە و گوریسیش بەسەریانەوە، هاتنە لای پاشای ئیسرائیل، گوتیان: «بەن‌هەدەدی خزمەتکارت دەڵێت: ”با گیانم بپارێزێت.“»

ئەویش گوتی: «هێشتا زیندووە؟ ئەو برامە!»

33 پیاوەکانیش گەشبین بوون و بە پەلە دەستیان بەم وشەیەوە گرت و گوتیان: «بەن‌هەدەد براتە!»

پاشاکەش گوتی: «بڕۆنە ژوورەوە و بیهێنن.» کە بەن‌هەدەد هاتە دەرەوە بۆ لای، ئەحاڤ سەری خستە سەر گالیسکەکەی.

34 بەن‌هەدەدیش پێی گوت: «ئەو شارانەی باوکم لە باوکتی سەندبوو دەیگەڕێنمەوە، بۆ خۆت لە دیمەشق بازاڕیش دابنێ، وەک ئەوەی باوکم لە سامیرە داینا.»

ئەحاڤیش گوتی: «منیش بەم پەیمانە ئازادت دەکەم.» ئەویش پەیمانی لەگەڵ بەست و ئازادی کرد.

تاوانبارکردنی ئەحاڤ لەلایەن پێغەمبەرێک

35 ئەندامێک لە کۆمەڵی پێغەمبەران بە هاوڕێکەی گوت: «بەگوێرەی فەرمایشتی یەزدان، لێم بدە.» هاوڕێکەش ڕازی نەبوو لێی بدات.

36 پێغەمبەرەکەش گوتی: «لەبەر ئەوەی گوێڕایەڵی فەرمایشتی یەزدان نەبوویت، کاتێک لەلای من دەڕۆیت، شێرێک پەلامارت دەدات.» ئەویش لەلای ڕۆیشت و شێرێکی لێ پەیدابوو و پەلاماری دا.

37 پاشان پیاوێکی دیکەی بینییەوە و پێی گوت: «لێم بدە!» پیاوەکەش لێیدا و برینداری کرد. 38 ئینجا پێغەمبەرەکە ڕۆیشت و لەسەر ڕێگاکە بۆ پاشا ڕاوەستا، بە دەمامکێک ڕوخساری خۆی شاردەوە. 39 کاتێک پاشا تێپەڕی هاواری بۆ پاشا کرد و گوتی: «خزمەتکارەکەت چووە ناو جەرگەی شەڕەکە، جەنگاوەرێک لەناکاو دیلێکی بۆ هێنام و گوتی: ”ئاگات لەم پیاوە بێت! ئەگەر بزر بێت، ئەوا گیانت لە جیاتی گیانی ئەو دەبێت یان تالنتێک[e] زیو دەدەیت.“ 40 ئەوە بوو خزمەتکارەکەت لەم لا و ئەو لاوە سەرقاڵ بوو، پیاوەکە دیار نەما.»

پاشای ئیسرائیلیش پێی گوت: «حوکمت وەک ئەوە دەبێت کە گوتت، چونکە خۆت بڕیارت داوە.»

41 پێغەمبەرەکەش خێرا پەڕۆکەکەی لەسەر چاوی لابرد، پاشای ئیسرائیلیش ناسییەوە کە لە پێغەمبەرەکانە. 42 ئەویش بە پاشای گوت: «یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ”لەبەر ئەوەی هێشتت پیاوێک لە دەستت بڕوات کە من بۆ قڕبوونم دانا[f]، گیانت لە جیاتی گیانی دەبێت و گەلەکەشت لە جیاتی گەلەکەی.“» 43 ئینجا پاشای ئیسرائیل بە دڵتەنگی و پەستییەوە چوو بۆ کۆشکەکەی لە سامیرە.

لۆقا 23:1-25

پیلاتۆس و هێرۆدس

23 ئینجا هەموو کۆمەڵەکە هەستان و عیسایان بردە لای پیلاتۆس. دەستیان بە سکاڵا لێکردنی کرد، دەیانگوت: «بینیمان ئەمە گەلەکەمان چەواشە دەکات، هەروەها هانی خەڵکەکە دەدات کە سەرانە بە قەیسەر نەدەن و خۆی بە مەسیحی پاشا ناودەبات.»

پیلاتۆس لێی پرسی: «تۆ پاشای جولەکەی؟» وەڵامی دایەوە: «تۆ خۆت وا دەڵێیت.»

پیلاتۆسیش بە کاهینانی باڵا و خەڵکەکەی گوت: «هیچ تاوانێک لەم پیاوە نابینم.»

بەڵام پێیان داگرت و گوتیان: «گەل دەوروژێنێت، لە هەموو یەهودیا خەڵک فێردەکات، دەستپێک لە جەلیلەوە هەتا ئێرە.»

کاتێک پیلاتۆس ئەمەی بیست، پرسیاری کرد ئاخۆ پیاوەکە جەلیلییە. کە زانی عیسا سەر بەو ناوچەیە کە هێرۆدس حوکمڕانی دەکرد، ناردی بۆ لای هێرۆدس، کە لەو ڕۆژانەدا ئەویش لە ئۆرشەلیم بوو.

کاتێک هێرۆدس عیسای بینی، زۆر دڵخۆش بوو، چونکە دەمێک بوو دەیویست بیبینێت لەبەر ئەوەی زۆر شتی لەبارەیەوە بیستبوو و بەو هیوایە بوو کە یەکێک لە پەرجووەکانی ببینێت. جۆرەها پرسیاری لێکرد، بەڵام هیچ وەڵامی نەدایەوە. 10 کاهینانی باڵا و مامۆستایانی تەوراتیش ڕاوەستان و بە توندی سکاڵایان لێی دەکرد. 11 هێرۆدس و سەربازەکانی سووکایەتی و گاڵتەیان پێی دەکرد. کەوایەکی بریسکەداریان لەبەری کرد و ناردیانەوە بۆ لای پیلاتۆس. 12 پیلاتۆس و هێرۆدس پێشتر دوژمنی یەکتری بوون، بەڵام لەو ڕۆژەدا لەگەڵ یەکتری بوونە دۆست.

بڕیاری لەخاچدانی عیسا

13 پیلاتۆس کاهینانی باڵا و پێشەوایان و گەلی بانگکرد و 14 پێی گوتن: «ئەم پیاوەتان هێنایە لام وەک یەکێک خەڵک بۆ یاخیبوون هانبدات. ئەوەتا منیش لەبەردەمتان لێم کۆڵییەوە و هیچ تاوانێکم لەم پیاوەدا نەبینی لەوەی سکاڵای لێدەکەن. 15 نە هێرۆدسیش، چونکە بۆ لای ئێمەی ناردووەتەوە. هەروەک دەبینن، هیچ شتێکی وای نەکردووە کە شایانی سزای مردن بێت. 16 لەبەر ئەوە تەمبێی دەکەم و ئازادی دەکەم.» ⌟ 17 ناچار بوو لە هەموو جەژنێکدا کەسێکیان بۆ ئازاد بکات.⌞

18 بەڵام تێکڕا هاواریان کرد، «ئەمە ببە! باراباسمان بۆ ئازاد بکە!» 19 ئەوەی لەبەر ڕاپەڕینێک کە لە شاردا ڕوویدا بوو و لەبەر کوشتن فڕێدرابووە بەندیخانەوە.

20 پیلاتۆس دیسان بانگی کردن، دەیویست عیسا ئازاد بکات. 21 بەڵام هاواریان دەکرد: «لە خاچی بدە! لە خاچی بدە!»

22 بۆ جاری سێیەم پێی گوتن: «بۆ؟ ئەمە چ خراپەیەکی کردووە؟ تاوانێکی تێدا نابینم کە سزایەکەی مردن بێت. لەبەر ئەوە تەمبێی دەکەم و ئازادی دەکەم.»

23 بەڵام ئەوان پێداگرییان کرد و بە دەنگی بەرز داوایان دەکرد لە خاچ بدرێت، جا بەمە قسەکەیان سەرکەوت. 24 پیلاتۆسیش بڕیاری دا داواکارییەکەیان جێبەجێ بکرێت. 25 ئەوەی لەبەر ڕاپەڕین و کوشتن فڕێدرابووە زیندانەوە ئازادی کرد، ئەوەی داوایان کرد، عیساشی دایە دەست خواستی ئەوان.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.