Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Old/New Testament

Each day includes a passage from both the Old Testament and New Testament.
Duration: 365 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
یەکەم پاشایان 14-15

پەیامی ئاحییا لە دژی یارۆڤعام

14 لەو کاتەدا ئەبیای کوڕی یارۆڤعام نەخۆش کەوت. یارۆڤعام بە ژنەکەی گوت: «هەستە و شێوەی خۆت بگۆڕە هەتا نەزانن کە تۆ ژنی یارۆڤعامیت و بڕۆ بۆ شیلۆ، ئەوەتا لەوێ ئاحییا پێغەمبەری لێیە، ئەو دەربارەی من گوتی کە دەبمە پاشای ئەم گەلە. لەگەڵ دەستت دە نان و هەندێک کێک و گۆزەیەک هەنگوین ببە و بڕۆ لای، ئەو پێت ڕادەگەیەنێت کوڕەکە چی لێدێت.» ژنەکەی یارۆڤعامیش بەو جۆرەی کرد و هەستا و چوو بۆ شیلۆ، چوو بۆ ماڵی ئاحییا.

ئاحییاش نەیدەتوانی ببینێت، چونکە بەهۆی پیرییەوە چاوەکانی کز ببوون. یەزدانیش بە ئاحییای فەرموو: «ئەوەتا ژنەکەی یارۆڤعام دێتە لات هەتا شتێکت لەبارەی کوڕەکەیەوە لێ بپرسێت، چونکە نەخۆشە. تۆش ئەمە و ئەوەی پێ بڵێ، کە دێتە ژوورەوەش شێوەی خۆی گۆڕیوە.»

ئەوە بوو کە ئاحییا گوێی لە دەنگی پێی بوو لە دەرگاکەوە دەهاتە ژوورەوە، گوتی: «ژنەکەی یارۆڤعام وەرە ژوورەوە. بۆچی وا شێوەی خۆتت گۆڕیوە؟ من نێردراوی هەواڵێکی ناخۆشم بۆ تۆ. بڕۆ و بە یارۆڤعام بڵێ: یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: ”لەنێو گەل پایەبەرزم کردیت و تۆم کردە فەرمانڕەوای ئیسرائیلی گەلەکەم. پاشایەتییەکەم لە بنەماڵەی داود سەندەوە و دامە تۆ، تۆش وەک داودی بەندەم نەبوویت، ئەوەی کاری بە ڕاسپاردەکانم کرد و ئەوەی بە هەموو دڵییەوە دوام کەوت، بۆ ئەوەی تەنها ئەوەی لەبەرچاومدا ڕاستە بیکات. بەڵام تۆ لە هەموو ئەوانەی پێش خۆت زیاتر خراپەت کرد و چوویت خودای دیکەت لەگەڵ بتە داڕێژراوەکان بۆ خۆتت دروستکرد، هەتا پەستم بکەیت، منیشت پشتگوێ خست.

10 «”لەبەر ئەوە، بنەماڵەی یارۆڤعام تووشی کارەسات دەکەم و هەموو نێرینەیەکی کۆیلە یان ئازادی یارۆڤعام لە ئیسرائیل بنبڕ دەکەم، پاشماوەی بنەماڵەی یارۆڤعام دەسووتێنم، هەروەک چۆن تەپاڵە هەتا تەواو دەبێت دەسووتێنرێت. 11 هەرکەسێکی یارۆڤعام لەناو شار بمرێت سەگ دەیخوات و هەرکەسێکیش لە دەشتودەر بمرێت باڵندەی ئاسمان دەیخوات. ئەوە فەرمایشتی یەزدانە!“

12 «تۆش هەستە و بگەڕێوە ماڵەکەت، کە پێ دەخەیتە ناو شارەکە کوڕەکەت دەمرێت. 13 هەموو ئیسرائیلیش شیوەنی بۆ دەگێڕن و دەینێژن، چونکە تەنها ئەم لە نەوەی یارۆڤعام دەچێتە ناو گۆڕ، لەبەر ئەوەی یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل لە هەموو بنەماڵەی یارۆڤعام تەنها لە ئەودا چاکەی بینی.

14 «یەزدان خۆی پاشایەک بۆ ئیسرائیل دادەنێت کە ماڵی یارۆڤعام بنبڕ دەکات. ئەمە ڕۆژەکەیە! بەڵێ، ئەمە ڕۆژەکەیە. 15 یەزدان لە ئیسرائیلیش دەدات، وەک قامیشێک کە چۆن لەناو ئاو دەلەرێتەوە. ئیسرائیل لەم زەوییە چاکە ڕیشەکێش دەکات کە داویەتییە باوباپیرانیان و بۆ ئەوبەری ڕووباری فورات پەرتەوازەیان دەکات، لەبەر ئەوەی ستوونە ئەشێراکانیان[a] دروستکرد و یەزدانیان پەست کرد. 16 بەهۆی گوناهەکانی یارۆڤعام واز لە ئیسرائیلیش دەهێنێت، کە گوناهی کرد و وای لە ئیسرائیلیش کرد گوناه بکات.»

17 ئینجا ژنەکەی یارۆڤعام هەستا و ڕۆیشت، چوو بۆ تیرزە. کاتێک گەیشتە بەردەرگای ماڵ کوڕەکە مرد. 18 ناشتیان و هەموو ئیسرائیل شیوەنی بۆ گێڕا، هەروەک یەزدان لە ڕێگەی بەندەی خۆی، ئاحییای پێغەمبەرەوە فەرمووی.

19 ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی یارۆڤعامیش کە چۆن جەنگاوە و چۆن پاشایەتی کردووە، لە پەڕتووکی کاروباری ڕۆژانەی پاشاکانی ئیسرائیل تۆمار کراون.

20 یارۆڤعام بیست و دوو ساڵ پاشایەتی کرد، ئینجا لەگەڵ باوباپیرانی سەری نایەوە. ئیتر نادابی کوڕی لەدوای خۆی بوو بە پاشا.

پاشایەتی ڕەحەڤەعام لە یەهودا

21 ڕەحەڤەعامی کوڕی سلێمان، کە نەعمای عەمۆنی دایکی بوو، لە تەمەنی چل و یەک ساڵی لە یەهودا بوو بە پاشا. حەڤدە ساڵ لە ئۆرشەلیم پاشایەتی کرد، ئەو شارەی یەزدان لەناو هەموو هۆزەکانی ئیسرائیل هەڵیبژارد هەتا ناوی خۆی تێدا دابنێت.

22 گەلی یەهوداش لەبەرچاوی یەزدان خراپەکارییان کرد، ئینجا بەو گوناهانەی کە کردیان لە باوباپیرانیان زیاتر ئیرەیی یەزدانیان وروژاند. 23 هەروەها ئەوانیش نزرگەی سەر بەرزایی و بەردی تەرخانکراو[b] و ستوونە ئەشێراکانیان لەسەر هەر گردێکی بەرز و لەژێر هەر دارێکی سەوز بۆ خۆیان دامەزراند. 24 تەنانەت پیاوی لەشفرۆشیش لە نزرگەکانی خاکەکە هەبوو، هەموو نەریتە قێزەونەکانی ئەو گەلانەیان کرد کە یەزدان لەبەردەم نەوەی ئیسرائیل وەدەرینان.

25 لە پێنجەمین ساڵی پاشایەتی ڕەحەڤەعام، شیشەقی پاشای میسر هێرشی کردە سەر ئۆرشەلیم. 26 گەنجینەکانی پەرستگای یەزدان و کۆشکی پاشا و هەرچی هەبوو بردی، هەموو قەڵغانە زێڕینەکانیشی برد، کە سلێمان دروستی کردبوون. 27 لەبەر ئەوە ڕەحەڤەعام پاشا لە جێی ئەوانە قەڵغانی بڕۆنزی دروستکرد و دایە دەستی سەرکردەی پاسەوانەکانی دەروازەی کۆشکی شاهانە. 28 هەر کاتێک پاشا بۆ پەرستگای یەزدان دەچوو، پاسەوانەکان قەڵغانەکانیان هەڵدەگرت و پاشان دەیانگەڕاندەوە ژووری پاسەوانەکان.

29 ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی ڕەحەڤەعام و هەموو ئەوەی کردی لە پەڕتووکی کاروباری ڕۆژانەی پاشاکانی یەهودا تۆمار کراون.

30 بەردەوام جەنگ لەنێوان ڕەحەڤەعام و یارۆڤعام هەبوو. 31 ئیتر ڕەحەڤەعام لەگەڵ باوباپیرانی سەری نایەوە و لەلای ئەوان لە شاری داود بە خاک سپێردرا، نەعمای عەمۆنی دایکی بوو. ئەبیای کوڕی لەدوای خۆی بوو بە پاشا.

پاشایەتی ئەبیا

15 لە هەژدەیەمین ساڵی پاشایەتی یارۆڤعامی کوڕی نەڤات، ئەبیا بوو بە پاشای یەهودا. سێ ساڵ لە ئۆرشەلیم پاشایەتی کرد، ناوی دایکی مەعکای کچی ئەڤیشالۆم[c] بوو.

بە هەموو گوناهەکانی باوکیدا ڕۆیشت کە لەپێش ئەوەوە کردبوونی، دڵی بە تەواوی لەگەڵ یەزدانی پەروەردگاری خۆی نەبوو، وەک دڵی داودی باپیرە گەورەی. بەڵام یەزدانی پەروەردگاری خۆی لەبەر داود چرایەکی لە ئۆرشەلیم دایێ، بەوەی کە کوڕەکەی لەپاش خۆی پایەدار کرد و ئۆرشەلیمیشی ڕاگرت، چونکە ئەوەی لەبەرچاوی یەزدان ڕاست بوو داود کردبووی، لە هەموو ماوەی ژیانی لە هیچ لای نەدا لە هەموو ئەوەی فەرمانی پێکرابوو، تەنها لە بابەتەکەی ئوریای حیتی نەبێت.

بە درێژایی ماوەی ژیانی ئەبیا جەنگ لەنێوان ڕەحەڤەعام و یارۆڤعام هەبوو. ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی ئەبیا و هەموو ئەوەی کردی لە پەڕتووکی کاروباری ڕۆژانەی پاشاکانی یەهودا تۆمار کراون.

جەنگ لەنێوان ئەبیا و یارۆڤعامیش هەبوو. ئەبیا لەگەڵ باوباپیرانی سەری نایەوە و لە شاری داود نێژرا. ئیتر ئاسای کوڕی لەدوای خۆی بوو بە پاشا.

پاشایەتی ئاسا

لە بیستەمین ساڵی پاشایەتی یارۆڤعامی پاشای ئیسرائیل، ئاسا بوو بە پاشای یەهودا. 10 چل و یەک ساڵ لە ئۆرشەلیم پاشایەتی کرد، داپیری ناوی مەعکای کچی ئەڤیشالۆم بوو.

11 ئاسا بە هەمان شێوەی داودی باوکی ئەوەی لەبەرچاوی یەزدان ڕاست بوو کردی، 12 پیاوە لەشفرۆشەکانی لە خاکەکە ڕاماڵی و هەموو ئەو بتانەشی لابرد کە باوباپیرانی دروستیان کردبوون. 13 ئاسا تەنانەت مەعکای داپیریشی لە پلەی شاژنی دایک لابرد، لەبەر ئەوەی ستوونە ئەشێرایەکی قێزەونی دروستکردبوو. ستوونەکەی بڕییەوە و لە دۆڵی قدرۆن سووتاندی. 14 هەرچەندە نزرگەکانی سەر بەرزایی تێکنەدران، بەڵام دڵی ئاسا بە درێژایی ژیانی بە تەواوی لەگەڵ یەزدان بوو. 15 شتە تەرخانکراوەکانی خۆی و باوکی لە زێڕ و زیو و قاپوقاچاغ هێنایە ناو پەرستگای یەزدان.

16 بە درێژایی ماوەی حوکمڕانیشیان جەنگ لەنێوان ئاسا و بەعشای پاشای ئیسرائیلدا هەبوو. 17 بەعشای پاشای ئیسرائیل هێرشی کردە سەر یەهودا و شارۆچکەی ڕامەی کردە شارێکی قەڵابەند، بۆ ئەوەی لە سنووری ئاسای پاشای یەهودا ڕێی هاتوچۆکردن بگرێت.

18 ئاساش هەموو ئەو زێڕ و زیوەی کە لە گەنجینەکانی پەرستگای یەزدان و کۆشکی پاشادا مابووەوە دەریهێنا و دایە دەست کاربەدەستەکانی. ئاسای پاشا ناردی بۆ بەن‌هەدەدی کوڕی تەڤڕیمۆنی کوڕی حەزیۆنی پاشای ئارام کە لە دیمەشق دادەنیشت، گوتی: 19 «با پەیمانێک لەنێوان من و تۆدا هەبێت وەک ئەوەی لەنێوان باوکم و باوکتدا هەبوو. من وا زێڕ و زیوم بە دیاری بۆ ناردوویت، ئێستا وەرە پەیمانەکەت لەگەڵ بەعشای پاشای ئیسرائیل هەڵوەشێنەوە، هەتا لەلای من بکشێتەوە.»

20 بەن‌هەدەدیش بە قسەی ئاسا پاشای کرد، سەرکردەکانی سوپاکەی ناردە سەر شارۆچکەکانی ئیسرائیل، عییۆن و دان و ئابێلی بێت‌مەعکا و هەموو کینەرەت و هەموو خاکی نەفتالی داگیر کرد. 21 کاتێک بەعشا ئەمەی بیستەوە دەستی لە بنیادنانی ڕامە هەڵگرت و کشایەوە تیرزە. 22 ئاسا پاشاش هەموو یەهودای بانگکرد، بێ ئەوەی کەسیانی لێ بەدەر بکات، ئەو بەرد و دارانەی هەڵگرت کە بەعشا لە شارۆچکەی ڕامە بەکاریهێنابوون، ئینجا ئاسا پاشا بەوان گەڤەعی لە خاکی بنیامین و میچپای ئاوەدان کردەوە.

23 ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی ئاسا، هەموو دەستکەوتەکانی و هەموو ئەوەی کردی و هەموو ئەو شارانەی بنیادی نا، لە پەڕتووکی کاروباری ڕۆژانەی پاشاکانی یەهودا تۆمار کراون، بەڵام لە سەردەمی پیری پێیەکانی تووشی نەخۆشی بوون. 24 پاشان ئاسا لەگەڵ باوباپیرانی سەری نایەوە، لەگەڵ باوباپیرانی لە شاری داودی باپیرە گەورەی نێژرا. ئیتر یەهۆشافاتی کوڕی لەدوای خۆی بوو بە پاشا.

پاشایەتی ناداب لە ئیسرائیل

25 نادابی کوڕی یارۆڤعامیش لە ساڵی دووەمی ئاسای پاشای یەهودا، بوو بە پاشای ئیسرائیل، دوو ساڵ پاشایەتی ئیسرائیلی کرد. 26 لەبەرچاوی یەزدان خراپەکاری کرد، بەدوای ڕێگای باوکی کەوت و هەمان گوناهی ئەوی کرد کە بەهۆیەوە وای کردبوو ئیسرائیل گوناه بکات.

27 ئینجا بەعشای کوڕی ئاحییای بنەماڵەی یەساخار پیلانی لە دژی گێڕا: کاتێک ناداب و هەموو ئیسرائیل گەمارۆی گیبەتۆنیان دابوو، بەعشا لە گیبەتۆنی فەلەستییەکان لە نادابی دا و کوشتی. 28 لە سێیەمین ساڵی ئاسای پاشای یەهودا کوشتی و لە جێی ئەو بوو بە پاشا.

29 کە بەعشا بوو بە پاشا، هەموو بنەماڵەی یارۆڤعامی کوشت. هیچ هەناسەیەکی لە بنەماڵەی یارۆڤعام نەهێشت، هەمووی لەناو بردن، هەروەکو فەرمایشتەکەی یەزدان کە لە ڕێگەی خزمەتکارەکەی ئاحییای شیلۆنی فەرمووبووی. 30 ئەمەش لەبەر ئەو گوناهانە بوو کە یارۆڤعام کردبوونی و بەهۆیانەوە وای لە ئیسرائیل کرد گوناه بکەن، هەروەها یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیلیان پەست کرد.

31 ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی ناداب و هەموو ئەوەی کردی لە پەڕتووکی کاروباری ڕۆژانەی پاشاکانی ئیسرائیل تۆمار کراون.

32 بە درێژایی ماوەی پاشایەتییان جەنگ لەنێوان ئاسا و بەعشای پاشای ئیسرائیلدا هەبوو.

پاشایەتی بەعشا

33 لە سێیەمین ساڵی ئاسای پاشای یەهودا بەعشای کوڕی ئاحییا لە تیرزە بوو بە پاشا، بیست و چوار ساڵ پاشایەتی هەموو ئیسرائیلی کرد. 34 لەبەرچاوی یەزدان خراپەکاری کرد، بەدوای ڕێگای یارۆڤعام کەوت و هەمان گوناهی ئەوی کرد کە بەهۆیەوە وای کردبوو ئیسرائیل گوناه بکات.

لۆقا 22:31-46

لاوازی باوەڕی پەترۆس

31 «شیمۆن، شیمۆن، شەیتان داوای کردوون تاکو تاقیتان بکاتەوە، وەک گەنم لە بێژنگتان بدات. 32 بەڵام من نوێژم بۆ کردیت تاکو باوەڕت لەدەست نەدەیت. تۆش کە دەگەڕێیتەوە برایانت بەهێز بکە.»

33 ئەویش پێی گوت: «گەورەم، من ئامادەم لەگەڵ تۆدا بۆ زیندان و بۆ مردنیش بچم.»

34 کەچی عیسا فەرمووی: «پەترۆس پێت دەڵێم، ئەمڕۆ پێش خوێندنی کەڵەشێر، تۆ سێ جار نکۆڵی لە ناسینی من دەکەیت.»

35 ئینجا پێی فەرموون: «کاتێک ئێوەم بەبێ جزدان و توورەکە و پێڵاو نارد، ئایا پێویستتان بە هیچ بوو؟» گوتیان: «نەخێر.»

36 پێی فەرموون: «بەڵام ئێستا ئەوەی جزدان و توورەکەی هەیە با بیبات لەگەڵ خۆی. ئەوەش کە شمشێری نییە، با جلەکانی بفرۆشێت و شمشێر بکڕێت. 37 من پێتان دەڵێم: ئەمەی نووسراوە: [لەگەڵ یاخیبووان ژمێردرا.][a] پێویستە لە مندا بێتە دی، چونکە ئەو شتانەی لەبارەی منەوە نووسراون دێنە دی.»

38 گوتیان: «گەورەم، ئەوەتا دوو شمشێر لێرەیە.»

پێی فەرموون: «بەسە.»

نوێژی عیسا لە کێوی زەیتوون

39 پاشان عیسا وەک جاران چوو بۆ کێوی زەیتوون، قوتابییەکانیش دوای کەوتن. 40 کاتێک گەیشتە شوێنەکە، پێی فەرموون: «نوێژ بکەن تاکو نەکەونە تاقیکردنەوە.» 41 ئینجا نزیکەی بەردهاوێژێک لێیان دوورکەوتەوە، چۆکی دادا و نوێژی دەکرد. 42 فەرمووی: «باوکە، ئەگەر دەتەوێت ئەم جامەم لەسەر لاببە، بەڵام نەک بە خواستی من، بەڵکو بە خواستی خۆت بێت.» 43 فریشتەیەکیش لە ئاسمانەوە بۆی دەرکەوت بەهێزی دەکرد. 44 کە لە ململانێدا بوو، زۆر بە گوڕتر نوێژی دەکرد و ئارەقەکەی وەک دڵۆپی خوێنی لێهات دەکەوتە سەر زەوی.

45 ئینجا لە نوێژەکە هەستا و هاتە لای قوتابییەکان، بینی لە خەمان خەویان لێ کەوتووە. 46 پێی فەرموون: «بۆچی خەوتوون؟ هەستن، نوێژ بکەن تاکو نەکەونە تاقیکردنەوە.»

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.