Old/New Testament
بنیادنانی پەرستگا
6 لە چوار سەد و هەشتایەمین ساڵی هاتنە دەرەوەی نەوەی ئیسرائیل لە خاکی میسر، کە دەکاتە ساڵی چوارەمی پاشایەتی سلێمان لە ئیسرائیل، لە مانگی زیڤ کە مانگی دووە، سلێمان دەستی بە بنیادنانی پەرستگاکەی یەزدان کرد.
2 ئەو پیرۆزگایەی سلێمانی پاشا بۆ یەزدان بنیادی نا، درێژییەکەی شەست باڵ[a] و پانییەکەی بیست باڵ[b] و بەرزاییەکەشی سی باڵ[c] بوو. 3 هەیوانی بەردەم هۆڵی سەرەکی پیرۆزگاکەش درێژییەکەی بەرامبەر بوو بە پانی پیرۆزگاکە، واتە بیست باڵ بوو، پانییەکەشی لەبەردەم پیرۆزگاکەوە دە باڵ بوو[d]. 4 هەروەها کڵاوڕۆژنەی[e] کەتیبەداری بۆ پیرۆزگاکە دروستکرد. 5 ئینجا لەسەر دیواری سەر بە هۆڵە سەرەکییەکە و دیواری شوێنەکەی هەرەپیرۆز چەند نهۆمێکی بنیاد نا، واتە لە دەوری دیوارەکانی پیرۆزگاکە، ژووری لاتەنیشت لە دەوریان هەبوو. 6 نهۆمی ژێرەوە پانییەکەی پێنج باڵ[f] و نهۆمی ناوەڕاست پانییەکەی شەش باڵ[g] و سێیەمیشیان پانییەکەی حەوت باڵ[h] بوو، بەم شێوەیە لە دەرەوە لێواری لە دەوری پیرۆزگاکە کرد هەتا کاریتەکان نەخاتە ناو دیوارەکان.
7 لە کاتی بنیادنانی پەرستگاکەدا بەردی نایابی ئامادەکراو بەکارهێنرا، بەڵام دەنگی چەکوش و تەور و هیچ ئامێرێکی ئاسن لە پەرستگاکە نەبیسترا.
8 داڵانی نهۆمی ژێرەوە لەلای باشووری پەرستگاکە بوو، بە پەیژەی پێچاوپێچ سەردەکەوتن بۆ ناوەڕاست و لەناوەڕاستیشەوە بۆ نهۆمی سێیەم. 9 پەرستگاکەی بنیاد نا و تەواوی کرد، بە تەختەداری پان و کاریتەی ئورز سەری پەرستگاکەی گرت. 10 هەموو ئەو ژوورە لاتەنیشتانەش کە لە دەوری پیرۆزگاکە بنیادی نان، بەرزاییەکەیان پێنج باڵ بوو، بە داری ئورز بە پیرۆزگاکەی گەیاندن.
11 فەرمایشتی یەزدان بۆ سلێمان هات و فەرمووی: 12 «ئەم پەرستگایەی کە تۆ دروستی دەکەیت، ئەگەر بە ڕێگای فەرزەکانمدا بڕۆیت و حوکمەکانم پەیڕەو بکەیت، هەروەها هەموو فەرمانەکانم بەجێبهێنیت بۆ پەیڕەوکردنی، ئەوا ئەو بەڵێنەی بە داودی باوکی تۆم دا لە ڕێگەی تۆوە دەیهێنمە دی. 13 هەروەها لەنێو نەوەی ئیسرائیلدا نیشتەجێ دەبم و ئیسرائیلی گەلم بەجێناهێڵم.»
14 سلێمان پەرستگاکەی بنیاد نا و تەواوی کرد. 15 دیواری ناوەوەی پیرۆزگاکە هەتا بنمێچەکەی بە تەختەی داری ئورز ڕووپۆش کرد، هەروەها زەمینەکەشی بە تەختەی دار سنەوبەر. 16 بیست باڵیشی لە بەشی دواوەی پیرۆزگاکە بە دیوارێک لە تەختەی دار ئورز جیا کردەوە، هەتا ببێتە پیرۆزگای ناوەوەی پەرستگاکە، کە شوێنی هەرەپیرۆزە. 17 هۆڵە سەرەکییەکە لەبەردەم ئەم ژوورەوە چل باڵ[i] بوو. 18 دار ئورزی پەرستگاکە بە دیوی ناوەوەی پەرستگاکە لەسەر شێوەی سەوزەوات[j] و گوڵی کراوە نەخشێنرابوو، هەمووی داری ئورز بوو، هیچ بەردێک نەدەبینرا.
19 لەناوەڕاستی پەرستگاکە، شوێنی هەرەپیرۆزی ئامادە کرد هەتا سندوقی پەیمانی یەزدان لەوێ دابنێت. 20 شوێنی هەرەپیرۆز، کە بیست باڵ درێژ و بیست باڵ پان و بیست باڵیش بەرز بوو، بە زێڕی بێگەرد ڕووپۆشی کرد، قوربانگاکەشی بە ئورز ڕووپۆش کرد. 21 سلێمان دیوی ناوەوەی پیرۆزگاکەی بە زێڕی بێگەرد ڕووپۆش کرد، زنجیری زێڕیشی لەبەردەم شوێنی هەرەپیرۆز ڕاکێشا، بە زێڕ ڕووپۆشی کرد. 22 تەواوی قوربانگای شوێنی هەرەپیرۆز و تەواوی دیوی ناوەوەی پیرۆزگاکەشی بە زێڕ ڕووپۆش کرد.
23 لەناو شوێنی هەرەپیرۆزیش دوو کەڕوبی[k] لە داری زەیتوون دروستکرد، بەرزی هەریەکەیان دە باڵ بوو. 24 هەر کەڕوبێک دوو باڵی هەبوو، درێژی هەر باڵێک پێنج باڵ بوو،[l] لە سەری باڵێکییەوە هەتا سەری باڵەکەی دیکە دە باڵ بوو. 25 هەردوو کەڕوبەکە یەک ئەندازە و یەک شێوەیان هەبوو. 26 بەرزی کەڕوبی یەکەم دە باڵ بوو، کەڕوبی دووەمیش بە هەمان شێوە. 27 هەردوو کەڕوبەکەی لەناوەڕاستی شوێنی هەرەپیرۆز دانا و باڵی کەڕوبەکانی کردەوە. باڵی یەکێک لە کەڕوبەکان بەر دیوارێک کەوت و باڵی کەڕوبی دووەمیان بەر دیوارەکەی بەرامبەری کەوت، لەناوەڕاستی ژوورەکەش بەر یەکتری دەکەوتن، باڵ بە باڵ. 28 هەردوو کەڕوبەکەشی بە زێڕ ڕووپۆش کرد.
29 لەسەر هەموو دیوارەکانی پیرۆزگاکە، لەناو هەردوو ژوورەکەی، ژووری ناوەوە و ژووری دەرەوەش، وێنەی کەڕوب و دار خورما و گوڵی کراوەی نەخشاند. 30 زەمینی ژووری ناوەوە و ژووری دەرەوەی پیرۆزگاکەشی بە زێڕ ڕووپۆش کرد.
31 بۆ داڵانەکەی شوێنی هەرەپیرۆزیش، دەرگایەکی دوو دەری لە داری زەیتوون دروستکرد، بە شێوەی پێنج چوارچێوە لەناو یەکدا. 32 لەسەر هەردوو لای دەرگاکەش کە لە داری زەیتوون بوون، کەڕوب و دار خورما و گوڵی کراوەی لەسەر نەخشاند و بە زێڕ ڕووپۆشی کردن. 33 بە هەمان شێوە لە داڵانی هۆڵە سەرەکییەکەش چوار چوارچێوەی لەناو یەکدا لە داری زەیتوون دروستکرد. 34 هەروەها دوو دەرگای بە داری سنەوبەر دروستکرد، هەردووکیان دوو دەری بوون کە بە نەرمادە[m] بەسترا بوون و دەسووڕانەوە. 35 کەڕوب و دار خورما و گوڵی کراوەی لەسەر نەخشاندن و بە زێڕی کوتراو لەسەر نەخشەکە ڕووپۆشی کردن.
36 هەروەها حەوشەکەی ناوەوەی بنیاد نا بە سێ ڕیز بەردی تاشراو و ڕیزێک کاریتەی ئورز.
37 لە ساڵی چوارەم پەرستگای یەزدانی دامەزراند، لە مانگی زیڤ. 38 لە ساڵی یازدەیەمینیش، لە مانگی بول کە مانگی هەشتە، هەموو بەشەکانی پەرستگاکە بە هەموو وردەکارییەکانییەوە تەواو کرا، بە حەوت ساڵ بنیادی نا.
بنیادنانی کۆشکی سلێمان
7 بەڵام سلێمان کۆشکەکەی خۆی بە سێزدە ساڵ بنیاد نا و هەمووی تەواو کرد. 2 کۆشکی دارستانەکەی لوبنانیشی بە درێژی سەد باڵ و پانی پەنجا باڵ و بەرزی سی باڵ بنیاد نا، لەسەر چوار ڕیز کۆڵەکەی ئورز و کاریتەی ئورزیشی لەسەر کۆڵەکەکان دانا. 3 سەری ئەو دارانەشی لە سەرەوە بە ئورز گرت، ئەوانەی لەسەر چل و پێنج کۆڵەکە بوون، هەر ڕیزە و پازدە. 4 پەنجەرەکانیشی بە سێ ڕیز دانرابوون، پەنجەرە بەرامبەر پەنجەرە. 5 هەموو دەروازەکان چوارگۆشە بوون، لە هەر ڕیزێک سێ دەرگا و بەرامبەر بە یەکتری.
6 ڕێڕەوێکی سەر داپۆشراوی دروستکرد کە هەردوو لای بە کۆڵەکە گیرابوو، درێژییەکەی پەنجا باڵ و پانییەکەی سی باڵ بوو. هەیوانێک لەبەردەم ڕێڕەوەکە هەبوو، لەبەردەم ئەویش چەند کۆڵەکەیەک و تارمەیەک هەبوو.
7 هۆڵی تەختی پاشایەتییەکەش ئەوەی تێیدا دادوەری دەکرد، واتە هۆڵی دادوەری ئەویشی دروستکرد و تەواوی دیوارەکەی بە ئورز ڕووپۆش کرد. 8 کۆشکی نیشتەجێبوونی خۆشی بە هەمان شێوەی ئەم هۆڵە لە پشتی ئەو بنیاد نا. هەروەها ماڵێکیشی وەک ئەم هۆڵە بۆ کچەکەی فیرعەون دروستکرد، ئەوەی کە هێنابووی.
9 هەموو تەلارەکانی کۆشکی پاشایەتی، لە دەرەوە بۆ ژوورەوە، لە بناغەوە هەتا سەرەوە، لە بەردی نایابی نەقاڕکراو بوون. 10 لە بناغەشەوە بەردی نایاب بوو، بەردی گەورە، هەندێکی دە باڵ و هەندێکی هەشت باڵ[n]. 11 لە سەریشەوە بە بەردی نایابی بە ئەندازە داتاشراو و بە داری ئورز بوو. 12 دیواری سنووری کۆشکەکە وەک دیواری حەوشەی پیرۆزگای یەزدان بە سێ ڕیز بەردی داتاشراو و ڕیزێک کاریتەی ئورز دروستکرابوو.
کەلوپەلەکانی پەرستگا
13 سلێمانی پاشا ناردی و حورامی لە شاری سورەوە هێنا. 14 ئەو کوڕی بێوەژنێک بوو لە هۆزی نەفتالی، باوکیشی پیاوێکی خەڵکی سور بوو، پیشەوەری بڕۆنز بوو. حورام پڕ بوو لە دانایی و تێگەیشتن، شارەزایی لە دروستکردنی هەموو کارێکی بڕۆنز هەبوو. هاتە لای سلێمانی پاشا و هەموو کارەکانی بۆ ئەنجام دا. 15 دوو کۆڵەکەی بڕۆنزی داڕشت کە بەرزی هەر یەکێکیان هەژدە باڵ[o] و چێوەکەی دوازدە باڵ[p] بوو. 16 هەروەها دوو تاجی بڕۆنزی لەقاڵبدراوی دروستکرد هەتا لەسەر سەری هەردوو کۆڵەکەکە دابنرێن، بەرزی هەر یەکێکیان پێنج باڵ[q] بوو. 17 تۆڕێکی لە زنجیری چنراو بە تاجەکان هەڵواسیبوو، کە لەسەر کۆڵەکەکان بوون، بۆ هەر تاجێک حەوت تۆڕ. 18 دوو ڕیز هەناری لە دەوری هەر تۆڕێک دروستکرد بۆ ڕازاندنەوەی ئەو تاجانەی کە لەسەر کۆڵەکەکان بوون. بۆ هەر تاجێک هەمان شتی کرد. 19 ئەو تاجانەش کە لە هەیوانەکە لەسەر کۆڵەکەکان بوون لە شێوەی گوڵی سەوسەن بوون، بەرزییان چوار باڵ[r] بوو. 20 لەسەر تاجەکانی سەر هەردوو کۆڵەکەکە، لە سەرووی ئەو بەشەی تاجەکە کە لە شێوەی قاپ بوو، لەتەنیشتی تۆڕەکە، دوو سەد هەنار بە ڕیز لە دەوری هەبوو. 21 دوو کۆڵەکەشی لە هەیوانی پیرۆزگاکە ڕاگرت، کۆڵەکەکەی لای باشووری ناونا یاکین[s] و کۆڵەکەکەی لای باکووریشی ناونا بۆعەز[t]. 22 سەری کۆڵەکەکانیش لەسەر شێوەی گوڵی سەوسەن بوون، بەم شێوەیە کاری کۆڵەکەکان تەواو بوو.
23 حەوزە بڕۆنزییەکەشی[u] بە بازنەیی بە قاڵب دروستکرد، لە لێوارەوە هەتا لێوار دە باڵ بوو، پێنج باڵ بەرزی، چێوەکەشی گوریسێکی سی باڵ بوو. 24 لەژێر لێوارەکەی لە هەر چواردەورەی وێنەی سەوزەوات[v] نەخشێنرابوو، دە وێنە بۆ هەر باڵێک، بەدەوری حەوزە بڕۆنزییەکە بە دوو ڕیز، وێنەی سەوزەواتەکان لەگەڵ حەوزە بڕۆنزییەکە لەقاڵبدرابوون.
25 حەوزە بڕۆنزییەکەش لەسەر دوازدە گا ڕاوەستابوو، سێیان ڕوویان لە باکوور، سێ ڕوویان لە ڕۆژئاوا، سێ ڕوویان لە باشوور، سێش ڕوویان لە ڕۆژهەڵات بوو. حەوزە بڕۆنزییەکەش لەسەریان دانرابوو، هەمووشیان پاشەڵیان ڕوو لەناوەوە بوو. 26 ئەستووراییەکەی چوار پەنجە بوو، لێوارەکەی وەک لێواری جام دروستکرابوو، لە شێوەی گوڵی سەوسەن، هەروەها جێی دوو هەزار بەتی[w] تێدا دەبووەوە.
27 دە عەرەبانەی ئاوگواستنەوەشی لە بڕۆنز دروستکرد، درێژی هەر عەرەبانەیەک چوار باڵ و پانییەکەی چوار باڵ، بەرزییەکەشی سێ باڵ[x] بوو. 28 ئەمەش شێوەی عەرەبانەکان بوو، لە چەند تەختەدارێکی چوارگۆشە دروستکرا بوون، تەختەکانیش لەنێوان دوو ستوون بوون. 29 هەروەها وێنەی شێر و گا و کەڕوب هەبوون لەسەر ستوونەکان و لەسەر ئەو تەختانەی کە لەنێوان دوو ستوونەکە بوون. لە سەرەوە و لە خوارەوەی شێر و گایەکان تاجەگوڵینە شۆڕببوونەوە. 30 چوار چەرخی بڕۆنزیش بۆ هەر عەرەبانەیەک، تەوەرەکانیش بڕۆنز بوون. گۆشەکانیش کە چوار بوون، شانیان هەبوو لەژێر دەستشۆرەکە، شانەکانیش لەقاڵبدرابوون لەتەنیشت هەر تاجەگوڵینەیەکەوە. 31 لێواری حەوزەکەی ناو عەرەبانەکە بازنەیی بوو کە یەک باڵ لە عەرەبانەکە بەرزتر بوو، لێوارەکەی بازنەیی بوو، لەگەڵ بەشی خوارەوە قووڵاییەکەی باڵ و نیوێک بوو، لێوارەکە نەخشێنرابوو، تەختەدارەکانی عەرەبانەکەش چوارگۆشەیی بوون، نەک بازنەیی. 32 چوار چەرخەکانیش لەژێر تەختەکانەوە بوون، بە تەوەر چەرخەکان بە عەرەبانەکەوە بەسترابوون بوون، چێوەی هەر چەرخێک باڵ و نیوێک بوو. 33 چەرخەکانیشی لەسەر شێوەی چەرخی گالیسکە دروستکرابوو، تەوەر و چێوە و ڕاگر و ناوکی چەرخەکان هەموو لەقاڵبدرابوون.
34 هەر عەرەبانەیەک چوار دەسکی هەبوو، هەر دەسکێک لە گۆشەیەک، دەسکەکان بەشێک بوون لە عەرەبانەکە. 35 لە بەشی سەرەوەی عەرەبانەکە بە بەرزی نیو باڵ قەیدێکی بازنەیی هەبوو، لاشان و تەختەکانی بە بەشی سەرەوەی عەرەبانەکە بەسترا بوون. 36 لەسەر ڕووی لاشان و تەختەکانی عەرەبانەکە کەڕوب و شێر و دار خورمای نەخشاند، لە کەلێنی نەخشەکان چەند تاجەگوڵینەیەکی لە دەوروبەری دروستکرد. 37 بەم جۆرە دە عەرەبانەکەی دروستکرد، یەک قاڵب و یەک ئەندازە و یەک شێوە.
38 هەروەها دە دەستشۆری بڕۆنزی دروستکرد کە هەریەکەیان چل بەتی[y] دەگرت و تیرەکەی چوار باڵ بوو، هەریەکەشیان لەسەر عەرەبانەیەک لە دە عەرەبانەکە بوون. 39 پێنج عەرەبانەی لەلای باشوور و پێنجەکەی دیکەشی لەلای باکووری پیرۆزگاکە دانا، حەوزە بڕۆنزییەکەشی لەلای باشووری پیرۆزگاکە دانا، لە گۆشەی باشووری ڕۆژهەڵات. 40 هەروەها حورام مەنجەڵ و خاکەناز و تاسەکانی[z] دروستکرد.
حورام کارەکانی تەواو کرد، ئەوانەی بۆ سلێمان پاشا بۆ پەرستگای یەزدان کردی:
41 دوو کۆڵەکەکە؛
دوو شێوە قاپەکە کە لەسەر دوو کۆڵەکەکە بوون؛
دوو تۆڕەکە بۆ ڕازاندنەوەی دوو شێوە قاپەکە کە لەسەر دوو کۆڵەکەکە بوون؛
42 هەروەها چوار سەد هەنارەکە بۆ دوو تۆڕەکە، دوو ڕیز هەنار بۆ هەر تۆڕێک بۆ ڕازاندنەوەی دوو شێوە قاپەکە کە لەسەر دوو کۆڵەکەکە بوون؛
43 دە عەرەبانەکە و دە دەستشۆرەکەی سەر عەرەبانەکان؛
44 حەوزە بڕۆنزییەکە و دوازدە گایەکەی ژێری؛
45 هەروەها مەنجەڵ و خاکەناز و تاسەکان.
حورام هەموو ئەو کەلوپەلانەی بۆ سلێمانی پاشا بۆ پەرستگای یەزدان لە بڕۆنزی سافکراو دروستکرد. 46 پاشا لە دەشتی ڕووباری ئوردون لەنێوان سوکۆت و چەرەتان لە قاڵبی قوڕ دایڕشتن. 47 سلێمانیش هەموو ئەو شتومەکانەی بە نەکێشراوی بەجێهێشت، چونکە گەلێک زۆر بوون، کێشی بڕۆنزەکەی نەدەزانرا.
48 هەروەها سلێمان هەموو ئەو کەلوپەلانەی دروستکرد کە لە پەرستگای یەزدان بوون:
قوربانگا زێڕینەکە؛
مێزە زێڕینەکە کە نانی تەرخانکراوی لەسەر بوو بۆ خودا؛
49 پێنج چرادانیش لەلای ڕاست و پێنج لەلای چەپ لەبەردەم شوێنی هەرەپیرۆز لە زێڕی بێگەرد؛
هەروەها گوڵ و چرا و مەقاشە زێڕینەکان؛
50 تەشت، مەقەست، تاس، چەمچە و بخووردانەکان لە زێڕی بێگەرد؛
نەرمادەی دەرگاکانی ژووری ناوەوە، واتە شوێنی هەرەپیرۆز، هەروەها نەرمادەی دەرگاکانی هۆڵی سەرەکی پیرۆزگاکەش لە زێڕ بوون.
51 کاتێک سلێمان پاشا هەموو کارەکانی پەرستگای یەزدانی تەواو کرد، شتە تەرخانکراوەکانی داودی باوکی کە لە زێڕ و زیو بوون و کەلوپەلەکانی هێنا پێشکەشی کرد بە گەنجینەکانی پەرستگای یەزدان.
زیندووبوونەوە
27 هەندێک سەدوقی[a] هاتن، ئەوانەی دەڵێن هەستانەوە نییە، لێیان پرسی: 28 «مامۆستا، موسا بۆی نووسیوین، ئەگەر یەکێک براکەی بە وەجاخکوێری مرد و ژنەکەی لەپاش خۆی بەجێهێشت، ئەوا براژنەکەی دەخوازێتەوە و وەچە بۆ براکەی دەخاتەوە. 29 ئینجا حەوت برا هەبوون، یەکەمیان ژنی هێنا و بە وەجاخکوێری مرد. 30 دووەمیش و 31 سێیەمیش خواستیانەوە، هەر حەوتیان بە هەمان شێوە بە وەجاخکوێری مردن. 32 لەدوای هەموویان ژنەکەش مرد. 33 ئایا لە هەستانەوەدا ژنەکە بۆ کامیان دەبێت؟ چونکە ژنی هەر حەوتیان بووە.»
34 عیساش پێی فەرموون: «خەڵکی ئەم دنیایە ژن دەهێنن و شوو دەکەن، 35 بەڵام ئەوانەی شایانی گەیشتنن بەو دنیا و هەستانەوەی نێو مردووان، ژن ناهێنن و شوو ناکەن. 36 هەروەها ناتوانن بمرن، چونکە وەک فریشتەن و کوڕی خودان کە کوڕی هەستانەوەن. 37 تەنانەت موساش لە چیڕۆکی دەوەنەکە بۆمان ڕوون دەکاتەوە کە مردووان هەڵدەستنەوە، چونکە یەزدانی ناوبرد بە [خودای ئیبراهیم و خودای ئیسحاق و خودای یاقوب.][b] 38 ئەویش خودای مردووان نییە، بەڵکو هی زیندووانە، چونکە لای ئەو هەموو زیندوون.»
39 هەندێک لە مامۆستایانی تەورات وەڵامیان دایەوە: «مامۆستا، باشت فەرموو.» 40 ئیتر نەیانوێرا هیچی دیکەی لێ بپرسن.
عیسا و داود
41 عیسا پێی فەرموون: «باشە چۆن دەڵێن کە مەسیح کوڕی داودە؟ 42 داود خۆی لە پەڕتووکی زەبووردا دەڵێت:
«[یەزدان بە خاوەن شکۆی منی فەرموو:
”لە دەستەڕاستم دابنیشە
43 هەتا دوژمنانت دەکەمە تەختەپێ بۆ پێیەکانت.“][c]
44 ئەوەتا داود پێی دەڵێ ”خاوەن شکۆ“، ئیتر چۆن دەبێتە کوڕی؟»
ئاگادارکردنەوە
45 کاتێک هەموو خەڵکەکە گوێیان گرتبوو، بە قوتابییەکانی فەرموو: 46 «ئاگاداری مامۆستایانی تەورات بن، حەز دەکەن بە جلی شۆڕەوە بگەڕێن و پێیان خۆشە لە بازاڕدا سڵاویان لێ بکرێت، لە کەنیشتەکان ڕیزی پێشەوە بگرن و لە ڕیزی سەرەوەی میوانداری بن. 47 ماڵی بێوەژن هەڵدەلووشن و بۆ خۆدەرخستن نوێژەکانیان درێژ دەکەنەوە. ئەمانە سزایان گەورەترە.»
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.