Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Old/New Testament

Each day includes a passage from both the Old Testament and New Testament.
Duration: 365 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
یەکەم پاشایان 1-2

یاخیبوونی ئەدۆنیا

داودی پاشا پیر بوو و تەمەنی گەورە بوو، هەرچەندە بە جلوبەرگ دایاندەپۆشی گەرم نەدەبووەوە. ئینجا خزمەتکارەکانی پێیان گوت: «با بەدوای کچێکی پاکیزەدا بگەڕێین و بیهێنین بۆ پاشای گەورەمان، تاکو خزمەتی پاشا بکات و بایەخی پێبدات، لە باوەشیدا پاڵ بکەوێت، هەتا پاشای گەورەمان گەرم بێتەوە.»

ئینجا لە هەموو ناوچەکانی ئیسرائیل بەدوای کچێکی جواندا گەڕان، ئەبیشەگی شونەمییان دۆزییەوە و بۆ پاشایان هێنا. کچەکە زۆر جوان بوو، چاودێری پاشای دەکرد و خزمەتی دەکرد، بەڵام پاشا لەگەڵی جووت نەبوو.

ئەدۆنیای کوڕی داود کە لە حەگیسی ژنی بوو، ڕاست بووەوە و گوتی: «من دەبمە پاشا.» گالیسکە و ئەسپ سواری بۆ خۆی ئامادە کرد، لەگەڵ پەنجا پیاو کە لەپێشیەوە ڕایاندەکرد. باوکی هیچ کاتێک سەرزەنشتی نەکردبوو پێی بڵێ، «بۆچی وات کردووە؟» هەروەها زۆر قۆز بوو. دایکی لەدوای ئەبشالۆم ئەوی ببوو.

ئەدۆنیا لەگەڵ یۆئابی کوڕی چەرویا و ئەبیاتاری کاهین قسەی کرد، ئەوانیش پشتگیرییان کرد. بەڵام سادۆقی کاهین و بەنایای کوڕی یەهۆیاداع و ناتانی پێغەمبەر و شیمعی و ڕێعی و پاڵەوانەکانی داود، لەگەڵ ئەدۆنیا نەبوون.

ئیتر ئەدۆنیا لەلای بەردی زۆحەلەت ئەوەی لەتەنیشتی کانی ڕۆگێلە، مەڕ و مانگا و گوێرەکەی قەڵەوی سەربڕی. هەموو براکانی، واتە کوڕەکانی پاشا، لەگەڵ هەموو پیاوانی یەهودا کە خزمەتکاری پاشا بوون بانگهێشتی کردن. 10 بەڵام ناتانی پێغەمبەر و بەنایا و پاڵەوانەکان و سلێمانی برای بانگهێشت نەکرد.

11 پاشان ناتان بە بەتشەبەعی دایکی سلێمانی گوت: «نەتبیستووە کە ئەدۆنیای کوڕی حەگیس بووەتە پاشا و داودی گەورەشمان بەمە نازانێت؟ 12 ئێستاش وەرە ئامۆژگارییەکی باشت بکەم، تاکو گیانی خۆت و گیانی سلێمانی کوڕت بپارێزیت. 13 بڕۆ ژوورەوە بۆ لای داودی پاشا و پێی بڵێ: ”ئەی پاشای گەورەم، ئایا تۆ سوێندت بۆ کەنیزەکەت نەخوارد و گوتت، کە سلێمانی کوڕت لەدوای خۆت دەبێتە پاشا، ئەو لەسەر تەختەکەت دادەنیشێت؟ ئیتر بۆچی ئەدۆنیا بووەتە پاشا؟“ 14 لەو کاتەدا کە تۆ هێشتا لەوێ قسە لەگەڵ پاشا دەکەیت، من لەدوای تۆوە دێمە ژوورە و پشتگیری لە قسەکەت دەکەم.»

15 پاش ئەوە بەتشەبەع چوو بۆ لای پاشا لە ژووری نوستنەکەی، پاشا زۆر پیر ببوو، ئەبیشەگی شونەمیش خزمەتی پاشای دەکرد. 16 بەتشەبەع بەچۆکدا هات و کڕنۆشی بۆ پاشا برد.

پاشاش پێی گوت: «چیت دەوێ؟»

17 ئەویش پێی گوت: «گەورەم تۆ سوێندت بە یەزدانی پەروەردگارت خوارد بۆ کەنیزەکەت و گوتت کە سلێمانی کوڕت لەدوای خۆت دەبێتە پاشا، ئەو لەسەر تەختەکەت دادەنیشێت. 18 ئەی پاشای گەورەم، بەڵام وا ئەدۆنیا بووەتە پاشا، تۆش لەوە بێئاگای. 19 ئەو گا و دابەستە و مەڕێکی زۆری سەربڕیوە، هەموو کوڕەکانی پاشا و ئەبیاتاری کاهین و یۆئابی فەرماندەی گشتی سوپای بانگهێشت کردووە، بەڵام سلێمانی خزمەتکاری تۆی بانگهێشت نەکردووە. 20 ئەی پاشای گەورەم، هەموو ئیسرائیل چاوەڕێی تۆ دەکەن هەتا پێیان ڕابگەیەنیت کێ لەدوای پاشای گەورەم لەسەر تەختەکەی دادەنیشێت. 21 ئەگینا کاتێک پاشای گەورەم لەگەڵ باوباپیرانی سەری نایەوە، من و سلێمانی کوڕم بە تاوانبار هەژمارد دەکرێین.»

22 هێشتا ئەو قسەی لەگەڵ پاشا دەکرد، ناتانی پێغەمبەر هات. 23 بە پاشایان ڕاگەیاند و گوتیان: «ناتانی پێغەمبەر لێرەیە.» ئینجا چووە ژوورەوە بۆ بەردەم پاشا، کڕنۆشی بۆ پاشا برد و سەری خستە سەر زەوی.

24 ناتان گوتی: «پاشای گەورەم، ئایا تۆ ڕاتگەیاندووە کە ئەدۆنیا لەپاش تۆ دەبێتە پاشا، ئەو لەسەر تەختەکەت دادەنیشێت؟ 25 چونکە ئەو ئەمڕۆ چووە خوارەوە، گا و دابەستە و مەڕێکی زۆری سەربڕیوە. هەموو کوڕانی پاشا و سەرکردەکانی سوپا و ئەبیاتاری کاهینی بانگهێشت کردووە. ئێستا لەبەردەمی ئەو دەخۆن و دەخۆنەوە و دەڵێن: ”بژی ئەدۆنیای پاشا!“ 26 بەڵام منی خزمەتکارت و سادۆقی کاهین و بەنایای کوڕی یەهۆیاداع و سلێمانی خزمەتکاری تۆی بانگهێشت نەکردووە. 27 ئایا ئەم کارە لەلای پاشای گەورەمەوەیە، ئەی بە خزمەتکارانی خۆتت نەفەرمووە کێ لەدوای پاشای گەورەم لەسەر تەختەکەت دادەنیشێت؟»

داود سلێمان دەکاتە پاشا

28 داودی پاشا وەڵامی دایەوە و گوتی: «بەتشەبەعم بۆ بانگ بکەن.» ئەویش هاتە ژوورەوە بۆ لای پاشا، لەبەردەم پاشا ڕاوەستا.

29 ئینجا پاشا سوێندی خوارد: «بە یەزدانی زیندوو، ئەوەی گیانی منی لە هەموو تەنگانەیەک کڕییەوە، 30 ئەمڕۆ هەروەک ئەوە دەکەم کە چۆن بە یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل سوێندم بۆ خواردی و گوتم، کە سلێمانی کوڕت لەپاش من دەبێتە پاشا، ئەو لە شوێنی من لەسەر تەختەکەم دادەنیشێت.»

31 بەتشەبەع سەری دانەواند و کڕنۆشی بۆ پاشا برد، گوتی: «بژی داودی پاشای گەورەم، بۆ هەتاهەتایە!»

32 داودی پاشا گوتی: «سادۆقی کاهین و ناتانی پێغەمبەر و بەنایای کوڕی یەهۆیاداعم بۆ بانگ بکەن.» ئەوانیش هاتنە ژوورەوە بۆ بەردەم پاشا. 33 پاشا پێی گوتن: «خزمەتکارەکانی گەورەتان لەگەڵ خۆتان ببەن، سلێمانی کوڕم سواری هێسترەکەی خۆم بکەن و بیبەنە خوارەوە بۆ گیحۆن. 34 با سادۆقی کاهین و ناتانی پێغەمبەر لەوێ وەک پاشای ئیسرائیل دەستنیشانی بکەن[a]، فوو بە کەڕەنادا بکەن و بڵێن: ”بژی سلێمانی پاشا!“ 35 ئینجا لەدوای ئەوەوە سەربکەون، ئەویش دێت و لەسەر تەختەکەم دادەنیشێت، لە شوێنی من دەبێتە پاشا. من فەرمانم داوە ئەو ببێتە فەرمانڕەوای ئیسرائیل و یەهودا.»

36 بەنایای کوڕی یەهۆیاداع وەڵامی پاشای دایەوە و گوتی: «ئامین! با یەزدان، خودای پاشای گەورەم ئەمە بکات. 37 هەروەک چۆن یەزدان لەگەڵ پاشای گەورەم بوو، بەو شێوەیەش لەگەڵ سلێمانیش بێت، تەختەکەشی لە تەختی داودی پاشای گەورەم مەزنتر بکات!»

38 ئیتر سادۆقی کاهین و ناتانی پێغەمبەر و بەنایای کوڕی یەهۆیاداع و کریتی و پەلەتییەکان[b] چوونە خوارەوە، سلێمانیان سواری هێسترەکەی داودی پاشا کرد و بردیانە گیحۆن. 39 سادۆقی کاهین قۆچە زەیتەکەی لە چادرەکەوە برد و سلێمانی پێ دەستنیشان کرد، ئینجا فوویان بە کەڕەنادا کرد، هەموو گەل گوتیان: «بژی سلێمانی پاشا!» 40 هەموو گەل لەدوای ئەو سەرکەوتن. گەل شمشاڵیان لێدەدا و زۆر دڵخۆش بوون، زەوی لەبەر دەنگیان دەلەرزی.

41 ئەدۆنیا و هەموو بانگهێشتکراوان، ئەوانەی لەگەڵی بوون، پاش ئەوەی لە خواردن بوونەوە گوێیان لە دەنگی ئەوان بوو. یۆئاب گوێی لە دەنگی کەڕەناکە بوو و گوتی: «ئەو دەنگە دەنگە چییە لە شارەوە دێت؟»

42 کاتێک هێشتا قسەی دەکرد، یۆناتانی کوڕی ئەبیاتاری کاهین هات، ئەدۆنیاش گوتی: «وەرە، چونکە تۆ پیاوێکی چاکیت، دیارە مژدەی خۆشیت هێناوە.»

43 یۆناتانیش وەڵامی دایەوە و بە ئەدۆنیای گوت: «بە پێچەوانەوە! داودی پاشای گەورەمان، سلێمانی کردە پاشا. 44 پاشاش سادۆقی کاهین و ناتانی پێغەمبەر و بەنایای کوڕی یەهۆیاداع و کریتی و پەلەتییەکانی لەگەڵ ناردووە، سواری هێسترەکەی پاشایان کردووە. 45 سادۆقی کاهین و ناتانی پێغەمبەریش لە گیحۆن بە پاشا دەستنیشانیان کردووە[c]، لەوێشەوە بە خۆشییەوە سەرکەوتوون و شار خرۆشاوە، ئەمە ئەو دەنگەیە کە گوێتان لێی دەبێت. 46 هەروەها سلێمان لەسەر تەختی پاشایەتییەکە دانیشتووە. 47 خزمەتکارانی پاشاش بۆ پیرۆزبایی لە داودی پاشای گەورەمان هاتن و گوتیان: ”با خوداکەت ناوی سلێمان لە ناوی تۆ ناودارتر بکات، تەختەکەشی لە تەختەکەی تۆ مەزنتر بکات!“ پاشا لەسەر قەرەوێڵەکەی کڕنۆشی برد. 48 پاشا گوتی: ”ستایش بۆ یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل، ئەوەی ئەمڕۆ کەسێکی پێداوم کە لەسەر تەختەکەم دانیشێت و چاوەکانیشم دەیبینێت.“»

49 لێرەدا هەموو ئەوانەی ئەدۆنیا بانگی کردبوون تۆقین و هەستان، هەریەکە بە ڕێگای خۆیدا ڕۆیشت. 50 ئەدۆنیاش لە سلێمان ترسا، هەستا و چوو دەستی بە قۆچەکانی قوربانگاکەوە گرت. 51 ئینجا بە سلێمان ڕاگەیەنرا: «ئەوەتا ئەدۆنیا لە سلێمانی پاشا دەترسێت، دەستی بە قۆچەکانی قوربانگاکەوە گرتووە و دەڵێت: ”با ئەمڕۆ سلێمانی پاشا سوێندم بۆ بخوات کە خزمەتکارەکەی بە شمشێر ناکوژێت.“»

52 سلێمانیش گوتی: «ئەگەر پیاوێکی چاک بێت، تاڵە مووێکی قژی ناکەوێتە سەر زەوی، بەڵام ئەگەر خراپەی تێدا بینرا، ئەوا دەکوژرێت.» 53 ئینجا سلێمانی پاشا ناردی و ئەدۆنیایان لە قوربانگاکەوە هێنایە خوارەوە، ئەویش هات و کڕنۆشی بۆ سلێمانی پاشا برد، سلێمانیش پێی گوت: «بڕۆوە ماڵەکەی خۆت.»

ڕاسپاردەکانی داود بۆ سلێمان

کاتێک تەمەنی داود لە مردن نزیک بووەوە، داود ئەرکی بە سلێمانی کوڕی سپارد و گوتی:

«من بەو ڕێگایەدا دەڕۆم کە هەموو گیانێکی زیندووی سەر زەوی پێیدا دەڕوات، جا بەهێزبە و مەردبە. ئەوە بەجێبهێنە کە پێویستە بۆ یەزدانی پەروەردگارت بەجێبهێنرێت: ڕێگاکانی ئەو بگرەبەر، فەرز و فەرمان و حوکم و یاساکانی بەجێبهێنە، هەروەک لە تەوراتی موسادا نووسراوە، بۆ ئەوەی سەرکەوتوو بیت لە هەر شتێک کە دەیکەیت و بۆ هەرکوێیەک کە دەڕۆیت. ئەمە بکە تاوەکو یەزدان ئەو بەڵێنەی خۆی بهێنێتە دی کە بە منی دا: ”ئەگەر نەوەکانت ڕەوشتی خۆیان بپارێزن، بەوەی بە دڵسۆزی و بە هەموو دڵ و هەموو گیانیانەوە دۆستایەتیم بکەن، لەسەر تەختی ئیسرائیل پیاو لە تۆ نابڕێتەوە.“

«هەروەها تۆ خۆت ئەوە دەزانیت کە یۆئابی کوڕی چەرویا پێی کردم، چی بە دوو فەرماندەی گشتی سوپای ئیسرائیل کرد، ئەبنێری کوڕی نێر و عەماسای کوڕی یەتەر. لە کاتی ئاشتی ئەوانی کوشت، بەو خوێنە پشتێنەکەی کەمەری و پێڵاوەکانی پێی سوور کرد. ئینجا بە دانایی خۆت بکە و مەهێڵە بە ئارامییەوە مووە سپییەکانی بۆ ناو جیهانی مردووان شۆڕ ببێتەوە.

«بەڵام چاکە لەگەڵ کوڕانی بەرزیلەیی گلعادی بکە، با لەنێو ئەوانە بن کە لەسەر خوانەکەت نان دەخۆن، چونکە کاتێک لە دەست ئەبشالۆمی برات هەڵاتم پشتیوانییان لێکردم.

«لەبیرت بێت شیمعی کوڕی گێرای بنیامینی خەڵکی بەحوریم لەگەڵ تۆدایە، ئەو ڕۆژەی کە بۆ مەحەنەیم چووم ئەو بە توندی نەفرەتی لێکردم. کاتێک بۆ پێشوازیکردنم هاتە خوارەوە بۆ ڕووباری ئوردون، بە یەزدان سوێندم بۆ خوارد[d] و گوتم: ”بە شمشێر ناتکوژم.“ بەڵام ئێستا بێتاوانی مەکە. تۆ پیاوێکی دانایت و دەزانیت چی لێ دەکەیت، مووە سپییەکانی بە خوێنەوە بخەرە ناو جیهانی مردووان.»

10 ئینجا داود لەگەڵ باوباپیرانی سەری نایەوە و لە شاری داود نێژرا. 11 ئەو ماوەیەش کە داود پاشایەتی ئیسرائیلی کرد چل ساڵ بوو، حەوت ساڵ لە حەبرۆن و سی و سێ ساڵیش لە ئۆرشەلیم پاشایەتی کرد. 12 ئیتر سلێمان لەسەر تەختەکەی داودی باوکی دانیشت و پاشایەتییەکەی بە باشی چەسپا و جێگیر بوو.

جێگیربوونی پاشایەتییەکە لە دەستی سلێمان.

13 پاشان ئەدۆنیای کوڕی حەگیس چوو بۆ لای بەتشەبەعی دایکی سلێمان و ئەویش لێی پرسی: «ئایا بۆ ئاشتی هاتوویت؟»

وەڵامی دایەوە: «بۆ ئاشتی.»

14 پاشان پێی گوت: «قسەیەکم لەگەڵت هەیە.»

ئەویش گوتی: «قسە بکە.»

15 ئینجا گوتی: «تۆ دەزانیت پاشایەتییەکە هی من بوو، هەموو ئیسرائیل ڕوویان لە من کرد هەتا ببمە پاشا، بەڵام پاشایەتییەکە گواسترایەوە و بووە هی براکەم، چونکە لەلایەن یەزدانەوە بووە هی ئەو. 16 ئێستاش یەک داواکاریم لێت هەیە، ڕەتی مەکەرەوە.»

ئەویش پێی گوت: «بڵێ.»

17 گوتی: «بە سلێمانی پاشا بڵێ، چونکە ئەو قسەی تۆ ڕەت ناکاتەوە، با ئەبیشەگی شونەمیم پێبدات ببێتە ژنم.»

18 بەتشەبەعیش گوتی: «باشە، من دەربارەی تۆ قسە لەگەڵ پاشا دەکەم.»

19 ئینجا بەتشەبەع چووە ژوورەوە بۆ لای سلێمانی پاشا هەتا دەربارەی ئەدۆنیا قسەی لەگەڵ بکات. پاشا بۆ پێشوازیکردنی هەستا، کڕنۆشی بۆ برد و لەسەر تەختەکەی دانیشتەوە، تەختێکیشی بۆ شاژنی دایک دانا، ئەویش لەلای ڕاستیەوە دانیشت.

20 گوتی: «داواکارییەکی بچکۆلەم لێت هەیە و قسەکەم ڕەت مەکەرەوە.»

پاشاش پێی گوت: «دایکە، داوا بکە، چونکە من قسەی تۆ ڕەت ناکەمەوە.»

21 ئەویش گوتی: «ئەبیشەگی شونەمی بدە ئەدۆنیای برات، هەتا ببێتە ژنی.»

22 سلێمان پاشاش وەڵامی دایکی دایەوە، گوتی: «بۆچی داوای ئەبیشەگی شونەمی بۆ ئەدۆنیا دەکەیت؟ واتا داوای پاشایەتییەکەی بۆ دەکەی، چونکە ئەو برامە و لە من گەورەترە، پاشایەتییەکە بۆ ئەو و ئەبیاتاری کاهین و یۆئابی کوڕی چەرویا بێت!»

23 ئینجا سلێمانی پاشا سوێندی بە یەزدان خوارد و گوتی: «با خودا توندترین سزام بدات، ئەگەر ئەدۆنیا ئەم قسەیەی لە دژی خۆی نەکردبێت! 24 ئێستاش، بە یەزدانی زیندوو ئەوەی جێگیری کردم و لەسەر تەختی داودی باوکم داینیشاندم، ئەوەی هەروەک چۆن بەڵێنی دابوو ئاوا ماڵی بۆ دروستکردم. ئەمڕۆ ئەدۆنیا دەمرێت!» 25 سلێمانی پاشا فەرمانی بە بەنایای کوڕی یەهۆیاداع کرد، ئەویش بەسەر ئەدۆنیایدا دا و مرد.

26 ئینجا پاشا بە ئەبیاتاری کاهینی گوت: «بڕۆ بۆ کێڵگەکانت لە عەناتۆت، چونکە تۆ شایانی سزای مردنیت، بەڵام من ئەمڕۆ ناتکوژم، چونکە تۆ سندوقی یەزدانی باڵادەستت لەپێش داودی باوکم هەڵدەگرت، تۆ لە هەموو ماندووبوونەکانی باوکم بەشدار بوویت.» 27 جا سلێمان ئەبیاتاری لە کاهینیێتی بۆ یەزدان دەرکرد، بۆ هێنانەدی فەرمایشتی یەزدان، ئەوەی لە شیلۆ[e] دەربارەی بنەماڵەی عێلی گوتبووی.

28 کاتێک هەواڵەکە گەیشتە یۆئاب، چونکە دوای ئەدۆنیا کەوت، لەگەڵ ئەوەش کە دوای ئەبشالۆم نەکەوتبوو، یۆئاب هەڵات بۆ ناو چادری یەزدان و دەستی بە قۆچەکانی قوربانگاکەوە گرت. 29 بە سلێمانی پاشا ڕاگەیەنرا کە یۆئاب هەڵاتووە بۆ ناو چادری یەزدان و وا لەتەنیشت قوربانگاکەیە. ئینجا سلێمان بەنایای کوڕی یەهۆیاداعی نارد و پێی گوت: «بڕۆ و بیکوژە!»

30 بەنایاش هاتە ناو چادری یەزدان و پێی گوت: «پاشا دەڵێت: ”وەرە دەرەوە!“»

ئەویش گوتی: «نەخێر، بەڵکو لێرە دەمرم.»

بەنایاش وەڵامی بۆ پاشا گەڕاندەوە و گوتی یۆئاب ئاوای گوت و ئاوا وەڵامی دامەوە.

31 پاشاش فەرمانی بە بەنایا کرد: «ئەوە بکە کە گوتی، بیکوژە و بینێژە، ئەو خوێنە بێتاوانە لەسەر خۆم و ماڵی باوکم لاببە کە یۆئاب ڕشتی. 32 یەزدان خوێنی خۆی خستە ئەستۆی خۆی، لەبەر ئەوەی بەسەر دوو پیاوی دادا لە خۆی ڕاستودروستتر و چاکتر، بەبێ زانیاری داودی باوکم ئەوانی بە شمشێر کوشت. ئەوانیش ئەبنێری کوڕی نێری فەرماندەی گشتی سوپای ئیسرائیل و عەماسای کوڕی یەتەری فەرماندەی گشتی سوپای یەهودا بوون. 33 با هەتاهەتایە خوێنەکەیان لە ئەستۆی یۆئاب و نەوەکانی بێت، بۆ داود و نەوەکانی و ماڵەکەی و تەختەکەشی هەتاهەتایە لەلایەن یەزدانەوە ئاشتییان بۆ دەبێت.»

34 لەبەر ئەوە بەنایای کوڕی یەهۆیاداع چوو بەسەر یۆئابی دادا و کوشتی، لە ماڵەکەی خۆی لە دەشتودەر ناشتی. 35 پاشاش بەنایای کوڕی یەهۆیاداعی لە جێی یۆئاب لەسەر سوپا دانا، هەروەها پاشا سادۆقی کاهینی لە جێی ئەبیاتار دانا.

36 ئینجا پاشا بەدوای شیمعیدا نارد، بانگی کرد و پێی گوت: «لە ئۆرشەلیم ماڵێک بۆ خۆت بنیاد بنێ و لەوێ نیشتەجێ بە، لەوێوە بۆ ئەم لا و ئەو لا دەرمەچو. 37 باش بزانە، ئەو ڕۆژەی بچیتە دەرەوە و لە دۆڵی قدرۆن بپەڕیتەوە ئەوا بێگومان دەمریت، خوێنی خۆشت لە ئەستۆی خۆت دەبێت.»

38 شیمعیش بە پاشای گوت: «ئەم قسەیە باشە، ئەوەی پاشای گەورەم گوتی، خزمەتکارەکەت وا دەکات.» ئیتر شیمعی ماوەیەکی درێژ لە ئۆرشەلیم نیشتەجێ بوو.

39 بەڵام سێ ساڵ دوای ئەوە، دوو کۆیلەی شیمعی بۆ لای ئاخیشی کوڕی مەعکای پاشای گەت هەڵاتن. جا بە شیمعییان ڕاگەیاند، «وا دوو کۆیلەکەت لە گەتن.» 40 شیمعیش هەستا و کورتانی لە گوێدرێژەکەی بەست و چوو بۆ گەت بۆ لای ئاخیش، بۆ گەڕان بەدوای کۆیلەکانی. شیمعی چوو هەردوو کۆیلەکەی لە گەتەوە هێنایەوە.

41 ئینجا بە سلێمان ڕاگەیەنرا کە شیمعی لە ئۆرشەلیمەوە چووە بۆ گەت و گەڕاوەتەوە. 42 پاشاش ناردی و شیمعی بانگکرد، پێی گوت: «ئەی من بە یەزدان سوێندم نەدایت، ئاگادارم نەکردیتەوە و گوتم: ”باش بزانە ئەو ڕۆژەی کە لێرە بچیتە دەرەوە و بە ئەم لا و ئەو لا بڕۆیت، دڵنیابە کە دەمریت“؟ تۆش پێت گوتم: ”ئەم قسەیە باشە و گوێڕایەڵی دەبم.“ 43 ئەی بۆچی سوێندەکەی یەزدانت نەپاراست لەگەڵ ئەو فەرمانەی فەرمانم پێکردیت؟»

44 هەروەها پاشا بە شیمعی گوت: «تۆ هەموو ئەو خراپەیە دەزانیت کە دڵت دەیزانێت، ئەوەی دەرهەق بە داودی باوکی منت کرد، یەزدانیش خراپەکەت بەسەر خۆتدا دەهێنێتەوە. 45 بەڵام سلێمانی پاشا بەرەکەتدار دەکرێت و تەختی داودیش هەتاهەتایە لەبەردەم یەزدان جێگیر دەبێت.»

46 ئینجا پاشا فەرمانی بە بەنایای کوڕی یەهۆیاداع کرد، ئەویش چووە دەرەوە و بەسەر شیمعی دادا و مرد.

پاشایەتییەکەش لە دەستی سلێمان جێگیر بوو.

لۆقا 19:28-48

کەژاوەی پاشایانە

28 دوای ئەوەی عیسا ئەمەی فەرموو، لە پێشەوە ڕۆیشت و بەرەو ئۆرشەلیم سەرکەوت. 29 کاتێک لە گوندی بێت‌فاجی و بێت‌عەنیا نزیک بووەوە، کە لەلای ئەو کێوەی کە کێوی زەیتوونی پێ دەگوترێت، دووان لە قوتابییەکانی نارد و 30 فەرمووی: «بڕۆنە ئەو گوندەی بەرامبەرتان، کە دەچنە ناوی، دەبینن جاشکێک بەستراوەتەوە هەتا ئێستا کەس سواری نەبووە، بیکەنەوە و بیهێنن. 31 ئەگەر یەکێک پرسیاری لێکردن: ”بۆچی دەیکەنەوە؟“ لە وەڵامدا بڵێن: ”گەورەمان پێویستی پێیەتی.“»

32 دوو قوتابییەکە چوون و چی پێ گوتبوون بینییان. 33 کاتێک جاشکەکەیان دەکردەوە، خاوەنەکانی لێیان پرسین: «بۆچی جاشکەکە دەکەنەوە؟»

34 گوتیان: «گەورەمان پێویستی پێیەتی.»

35 ئینجا بۆ عیسایان هێنا و کەواکانیان خستە سەر جاشکەکە و عیسایان سواری کرد. 36 کاتێک بەڕێوە بوو، خەڵک کەواکانیان لەسەر ڕێگا ڕادەخست.

37 لە لێژاییەکەی کێوی زەیتوون نزیک بووەوە، هەموو کۆمەڵی قوتابییەکان دەستیان پێکرد بە شادی و بە دەنگی بەرز ستایشی خودا بکەن، بۆ هەموو ئەو پەرجووانەی بینییان، دەیانگوت:

38 «[پیرۆزە ئەو پاشایەی بە ناوی یەزدانەوە دێت!][a]»

«ئاشتی لە ئاسمان و شکۆ بۆ خودا لە بەرزایی!»

39 هەندێک فەریسی نێو خەڵکەکە، بە عیسایان گوت: «مامۆستا، قوتابییەکانت سەرزەنشت بکە.»

40 وەڵامی دایەوە: «پێتان دەڵێم: ئەگەر ئەوانە بێدەنگ بن، بەردەکان هاوار دەکەن.»

گریانی عیسا بۆ ئۆرشەلیم

41 کاتێک لە ئۆرشەلیم نزیک بووەوە و شارەکەی بینی، بۆی گریا، 42 فەرمووی: «خۆزگە بتزانیایە، تەنانەت تۆش، لەم ڕۆژەدا چ شتێک بۆت مایەی ئاشتییە! بەڵام ئێستا لەبەرچاوت شاراوەیە. 43 ڕۆژانێکت بەسەردێت، کە دوژمنانت سەنگەرت لێ دەگرن، ئابڵوقەت دەدەن و لە هەموو لایەکەوە دەورت دەگرن. 44 خۆت و منداڵەکانت لەناو شووراکانت لەگەڵ زەوی تەخت دەکرێن. بەردت بەسەر بەردەوە ناهێڵن، چونکە کاتی بەسەرکردنەوەت[b] نەزانی.»

عیسا پەرستگا پاک دەکاتەوە

45 کاتێک عیسا چووە ناو حەوشەکانی پەرستگا، دەستی بە دەرکردنی فرۆشیاران کرد. 46 پێی فەرموون: «نووسراوە: [ماڵەکەم ماڵی نوێژە،][c] کەچی ئێوە کردووتانە بە [ئەشکەوتی دزان!][d]»

47 ڕۆژانە لە پەرستگا خەڵکی فێردەکرد، کاهینانی باڵا و مامۆستایانی تەورات و ڕابەرانی گەل هەوڵیان دەدا بیکوژن. 48 بەڵام هیچیان بۆ ئەنجامدانی نەدەدۆزییەوە، چونکە هەموو گەل پەیوەستی گوێ لێگرتنی بوون.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.