Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Old/New Testament

Each day includes a passage from both the Old Testament and New Testament.
Duration: 365 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
دووەم ساموئێل 23-24

دواهەمین وشەکانی داود

23 ئەمانەش دواهەمین وشەکانی داودن:

«پەیامی داودی کوڕی یەسا،
    ئەو پیاوەی کە لەلایەن خودای هەرەبەرز پایەبەرز بووە،
دەستنیشانکراوەکەی خودای یاقوب و
    زەبووربێژە دەنگ خۆشەکەی ئیسرائیل:

«ڕۆحی یەزدان لە ڕێگەی منەوە دوا،
    وشەکەشی لەسەر زمانم بوو.
خودای ئیسرائیل فەرمووی،
    تاشەبەردەکەی ئیسرائیل[a] لەگەڵ من دوا:
”کاتێک کەسێک بە ڕاستودروستی فەرمانڕەوایەتی خەڵک دەکات،
    کاتێک بە لەخواترسییەوە فەرمانڕەوایەتی دەکات،
ئەوا وەک ڕووناکی بەیانە لە کاتی خۆرهەڵاتن
    لە بەیانییەکی ساماڵ،
وەک ڕووناکی بێگەردی پاش بارانە
    کە گیای تازە لە زەوییەوە دەهێنێتە دەرەوە.“

«ئایا ماڵەکەم لەلای خودا بەم جۆرە نییە؟
    چونکە پەیمانێکی هەتاهەتایی لەگەڵ بەستووم،
    کە لە هەموو ڕووێکەوە ڕێکوپێک و مسۆگەرە.
ئایا هەموو ڕزگارییەکەم و
    هەموو ئارەزووەکانم ناهێنێتە دی؟
بەڵام بەدکاران هەموویان وەک دڕک فڕێدەدرێن،
    کە بە دەست کۆناکرێنەوە.
هەرکەسێک کە خۆی لە دڕکەکان بدات،
    ئامێری ئاسن و داری ڕم بەکاردەهێنێت؛
    ئەمانە لە شوێنی خۆیاندا بە ئاگر دەسووتێنرێن.»

پاڵەوانەکانی داود

ئەمانەش ناوی پاڵەوانەکانی داودن:

یۆشێڤ بەشەڤەتی تەحکەمۆنی یەکێک بوو لە سێ پاڵەوانەکەی نێو هێزی تایبەت. ئەو بوو بە ڕمەکەی لە شەڕێکدا هەشت سەد کەسی کوشت.

پاش یۆشێڤ، ئەلعازاری کوڕی دۆدایی ئەحۆحی هەبوو، کە یەکێک بوو لە سێ پاڵەوانەکە. ئەو لە پەس دەممیم[b] لەگەڵ داود بوو، کاتێک گاڵتەی بەو فەلەستییانە کرد کە بۆ جەنگ کۆببوونەوە، پیاوانی ئیسرائیلیش پاشەکشەیان کرد. 10 ئەو هەستا و هەتا دەستی شل بوو لە فەلەستییەکانی دا، دەستی بە شمشێرەکەیەوە نووسا و یەزدانیش لەو ڕۆژەدا ڕزگارییەکی گەورەی ئەنجام دا. کاتێک لەشکرەکەشی بۆ لای ئەلعازار گەڕانەوە هیچ نەمابوو تەنها تاڵانکردن نەبێت.

11 پاش ئەلعازاریش، شەممای کوڕی ئاگێی هاراری دێت. کاتێک فەلەستییەکان لەشکریان لە شوێنی پەڵە نیسکێکدا کۆکردەوە، لەشکری ئیسرائیل لەبەردەم فەلەستییەکاندا هەڵات. 12 بەڵام شەمما لەناوەڕاستی پەڵە نیسکەکەدا ڕاوەستا و بەرگری کرد و لە فەلەستییەکانی دا، یەزدانیش سەرکەوتنێکی گەورەی پێ بەخشی.

13 سێ پاڵەوانی هەڵبژاردە لە ڕیزی سی پاڵەوانەکەی هێزی تایبەت لە وەرزی دروێنەدا دابەزین بۆ لای داود لە ئەشکەوتی عەدولام، لەشکری فەلەستییەکانیش لە دۆڵی ڕفایم دامەزرابوون. 14 لەو کاتەدا داود لە قەڵاکە بوو، سەربازگەی فەلەستییەکانیش لە بێت‌لەحم بوو. 15 داود ئاهی هەڵکێشا و گوتی: «کێ لە بیرەکەی بێت‌لەحم، ئەوەی لەلای دەروازەکەیە ئاوم بۆ دەهێنێت؟» 16 ئیتر سێ پاڵەوانەکە هێڵی ئۆردوگای فەلەستییەکانیان بەزاند و لە بیرەکەی بێت‌لەحمەوە ئەوەی لەلای دەروازەکەیە ئاویان هەڵکێشا و هەڵیانگرت، هێنایان بۆ داود، ئەویش نەیویست بیخواتەوە، بەڵکو وەک پێشکەشکراوێک بۆ یەزدان ڕشتی. 17 گوتی: «ئەی یەزدان، لە من بەدوور بێت ئەمە بکەم. ئەمە خوێنی ئەو پیاوانەیە کە ژیانی خۆیان خستە مەترسییەوە.» لەبەر ئەوە داود نەیویست بیخواتەوە.

ئەمانە چەند نموونەیەک بوون لە ئازایەتییەکانی سێ پاڵەوانەکە.

18 ئەبیشەی برای یۆئاب، کوڕی چەرویاش ڕابەری سێ پاڵەوانەکەی هێزی تایبەت بوو. ئەو بە ڕمەکەی لەگەڵ سێ سەد کەس جەنگا و کوشتنی، وەک سێ پاڵەوانەکە ناوبانگی هەبوو. 19 ئایا ئەو زیاتر لە سێ پاڵەوانەکە ڕێزی لێ نەدەگیرا؟ ئەو بوو بە فەرماندەیان، بەڵام ناوبانگی نەدەگەیشتە سێیەکەی یەکەم.

20 بەنایای کوڕی یەهۆیاداعی خەڵکی قەڤچەئێل کوڕێکی بەجەرگ بوو، زۆر قارەمانیێتی نواندبوو. هەر ئەو لە دوو شێرە پیاوەکەی مۆئابی دا، هەروەها لە ڕۆژێکی بەفردا دابەزییە ناو چاڵێک و شێرێکی کوشت. 21 ئەویش بوو کە لە پیاوێکی میسری زەبەلاحی دا، پیاوە میسرییەکە ڕمێکی بەدەستەوە بوو، بەنایاش بە گۆچانێکەوە بۆی دابەزی. ڕمەکەی لە دەستی میسرییەکە ڕفاند و بە ڕمەکەی خۆی کوشتی. 22 ئەمانە چەند نموونەیەک بوون لە ئازایەتییەکانی بەنایای کوڕی یەهۆیاداع، وەک سێ پاڵەوانەکە ناوبانگی پەیدا کرد. 23 لە سی پاڵەوانەکە زیاتر ڕێزی لێ دەگیرا، بەڵام ناوبانگی نەگەیشتە سێیەکە، ئیتر داود کردییە بەرپرسی پاسەوانەکانی خۆی.

24 ئەمانە لە ڕیزی سی پاڵەوانەکە بوون:

عەساهێلی برای یۆئاب،

ئەلحانانی کوڕی دۆدۆی بێت‌لەحمی،

25 شەممای حەرۆدی،

ئەلیقای حەرۆدی،

26 حەلەچی پەلتیی،

عیرای کوڕی عیقێشی تەقۆعی،

27 ئەڤیعەزەری عەناتۆتی،

مەڤونەیی حوشاتی،

28 چەلمۆنی ئەحۆحی،

مەهەرەیی نەتۆفاتی،

29 حێلەدی کوڕی بەعەنای نەتۆفاتی،

ئیتەیی کوڕی ڕیڤەی کە خەڵکی گیڤعای بنیامین،

30 بەنایای پیرعاتۆنی،

هیدەیی شیوەکانی گاعەش،

31 ئەبی‌عەلڤۆنی عەرڤاتی،

عەزماڤەتی بەرحومی،

32 ئەلیەحبای شەعەلڤۆنی،

کوڕەکانی یاشێن،

یۆناتانی کوڕی 33 شەممای هاراری،

ئەحیامی کوڕی شاراری هاراری،

34 ئەلیفەلەتی کوڕی ئەحەسبەیی مەعکاتی،

ئەلیعامی کوڕی ئەحیتۆفەلی گیلۆنی،

35 حەسرۆی کەرمەلی،

پەعەرەیی ئەربی،

36 یەگالی کوڕی ناتانی چۆڤائی،

کوڕی هەگری،

37 چەلەقی عەمۆنی،

نەحەرەیی بئێرۆتی کە هەڵگری تفاقەکانی یۆئابی کوڕی چەرویا بوو،

38 عیرای یەتری،

گارێڤی یەتری و

39 ئوریای حیتی.

هەموویان سی و حەوت کەس بوون.

سەرژمێری بۆ پێکهێنانی سوپا

24 دووبارە تووڕەیی یەزدان لە ئیسرائیل جۆشا و داودی لێ هاندان و فەرمووی: «بڕۆ سەرژمێری ئیسرائیل و یەهودا بکە.»

پاشا بە یۆئاب و بەو فەرماندانەی سوپای گوت کە لەلای بوون: «ئێستا بەناو هەموو هۆزەکانی ئیسرائیلدا بگەڕێن، لە دانەوە هەتا بیری شابەع، جەنگاوەران تۆمار بکەن بۆ ئەوەی ژمارەیان بزانم.»

یۆئابیش بە پاشای گوت: «با یەزدانی پەروەردگارت جەنگاوەران سەد ئەوەندە زیاتر بکات و پاشای گەورەم بە چاوی خۆی ئەوە ببینێت، بەڵام بۆچی پاشای گەورەم ئەم کارەی پێ باشە؟»

لەگەڵ ئەوەشدا پاشا بڕیارەکەی خۆی بەسەر یۆئاب و سەرکردەکانی سوپادا سەپاند، ئیتر ئەوان لەبەردەم پاشا چوونە دەرەوە تاوەکو جەنگاوەرانی ئیسرائیل تۆمار بکەن.

دوای ئەوەی لە ڕووباری ئوردون پەڕینەوە، لە نزیکی عەرۆعێر لەلای باشووری شارۆچکەکە کە لەناو دەربەندەکەیە چادریان هەڵدا. پاشان چوونە ناو خاکی گاد و دوای ئەوەش بەردەوام بوون هەتا شارۆچکەی یەعزێر. پاشان چوونە گلعاد و ناوچەی تەحتیم حۆدشی و ئینجا چوونە دان یەعەن و سوڕانەوە بۆ سەیدا. دوای ئەوە چوونە قەڵای سور و هەموو شارۆچکەکانی حیڤی و کەنعانییەکان. لە کۆتاییدا چوونە نەقەبی یەهودا بۆ بیری شابەع.

بەناو هەموو خاکەکەدا گەڕان و دوای نۆ مانگ و بیست ڕۆژ گەڕانەوە ئۆرشەلیم.

یۆئاب ئەنجامی سەرژمێرییەکەی دایە پاشا: لە ئیسرائیل هەشت سەد هەزار پیاوی بە توانا لە بەکارهێنانی شمشێر هەبوون، لە یەهوداش پێنج سەد هەزار هەبوون.

10 پاش سەرژمێریکردنی گەل، داود تووشی ئازاری ویژدان بوو، بە یەزدانی گوت: «زۆر گوناهم کرد لەوەی کە کردم. ئێستاش ئەی یەزدان، لە تاوانی خزمەتکارەکەت خۆشبە، چونکە ڕەفتارێکی زۆر گێلانەم کرد.»

11 پێش ئەوەی داود بەیانی لە خەو هەستێت، فەرمایشتی یەزدان بۆ گادی پێغەمبەر هاتبوو، ئەوەی پەیامی خودای بە داود ڕادەگەیاند، پێی فەرمووبوو: 12 «بڕۆ بە داود بڵێ: ”یەزدان ئەمە دەفەرموێت: من سێ هەڵبژاردە دەخەمە بەردەمت و تۆش یەکێکیان هەڵبژێرە هەتا جێبەجێی بکەم لەسەرت.“»

13 ئیتر گاد چوو بۆ لای داود و پێی گوت: «ئایا لە خاکەکەتدا سێ ساڵ[c] قاتوقڕیت بەسەربێت؟ یان سێ مانگ لەبەردەم دوژمنەکانت هەڵبێیت و ئەوانیش ڕاوت بنێن؟ یان سێ ڕۆژ دەرد لە خاکەکەتدا بڵاو ببێتەوە؟ ئێستا بزانە و ببینە، چی وەڵامی خودا بدەمەوە کە منی ناردووە.»

14 داودیش بە گادی گوت: «زۆر لە تەنگانەدام، با بکەوینە دەستی یەزدان، چونکە ئەو بەزەیی زۆرە، بەڵام با نەکەوینە ژێر دەستی مرۆڤەوە.»

15 لەبەر ئەوە یەزدان لە بەیانییەوە هەتا کاتی دیاریکراو دەردی خستە ناو ئیسرائیلەوە، ئیتر لە دانەوە هەتا بیری شابەع حەفتا هەزار پیاو مردن. 16 فریشتەکە دەستی بۆ ئۆرشەلیم درێژکرد بۆ ئەوەی وێرانی بکات، بەڵام یەزدان کارەساتەکەی ڕاگرت، بەو فریشتەیەی فەرموو کە گەلی لەناودەبرد: «بەسە! ئێستا دەست هەڵبگرە!» لەو کاتەدا فریشتەکەی یەزدان لەسەر جۆخینەکەی ئەرەونای یەبوسی بوو.

17 کاتێک داود فریشتە لەناوبەرەکەی گەلی بینی، بە یەزدانی گوت: «من گوناه و تاوانم کردووە، بەڵام ئەم مەڕانە چییان کردووە؟ تکایە با سزاکەت بۆ من و بنەماڵەکەم بێت.»

بنیادنانی قوربانگایەک لەلایەن داودەوە

18 لەو ڕۆژەدا گاد چوو بۆ لای داود و پێی گوت: «سەربکەوە و لەسەر جۆخینەکەی ئەرەونای یەبوسی قوربانگایەک بۆ یەزدان دابمەزرێنە.» 19 داودیش بەپێی قسەکەی گاد، هەروەک یەزدان فەرمانی دابوو سەرکەوت. 20 کاتێک ئەرەونا تەماشای کرد و بینی وا پاشا و خزمەتکارەکانی دێنە لای، ئەرەونا چووە دەرەوە، کڕنۆشی بۆ پاشا برد و سەری خستە سەر زەوی.

21 ئەرەونا گوتی: «پاشای گەورەم بۆچی هاتووە بۆ لای خزمەتکارەکەی؟»

داودیش گوتی: «بۆ ئەوەی جۆخینەکەت لێ بکڕم تاکو قوربانگایەک بۆ یەزدان بنیاد بنێم و دەردەکە لە کۆڵ گەل ببێتەوە.»

22 ئەرەوناش بە داودی گوت: «با پاشای گەورەم ئەوەی بەلایەوە باشە بیبات و بیکاتە قوربانی. تەماشا بکە. ئەوە گا بۆ قوربانی سووتاندن و جەنجەڕ و نیری گایەکان بۆ دار. 23 ئەی پاشا، ئەرەونای خاوەنیان هەمووی دەداتە پاشا.» هەروەها ئەرەونا بە پاشای گوت: «یەزدانی پەروەردگارت لێت ڕازی بێت.»

24 بەڵام پاشا بە ئەرەونای گوت: «نەخێر، بەڵکو بە نرخ لە تۆی دەکڕم و قوربانی سووتاندنی بە خۆڕایی بۆ یەزدانی پەروەردگارم سەر ناخەم.»

لەبەر ئەوە داود جۆخینەکە و گایەکانی بە پەنجا شاقل زیو[d] کڕی. 25 داود لەوێ قوربانگایەکی بۆ یەزدان بنیاد نا و قوربانی سووتاندن و قوربانی هاوبەشی سەرخست. ئیتر یەزدانیش لەبەر خاکەکە وەڵامی دایەوە و دەردەکە لە ئیسرائیل دوورکەوتەوە.

لۆقا 19:1-27

عیسا دەبێتە میوانی زەکا

19 ئینجا چووە ناو ئەریحا و پێیدا تێدەپەڕی. لەوێ کابرایەکی لێبوو بە ناوی زەکا، دەوڵەمەند و گەورەی باجگران بوو. دەیویست ببینێت عیسا کێیە، بەڵام لەبەر خەڵکەکە نەیدەتوانی، چونکە کورتەباڵا بوو. ڕایکرد و سەرکەوتە سەر دار هەنجیرێک تاکو بیبینێت، چونکە عیسا بەوێدا تێدەپەڕی.

کە عیسا گەیشتە شوێنەکە، چاوی هەڵبڕی و پێی فەرموو: «زەکا، خێرا وەرە خوارەوە، چونکە دەبێت ئەمڕۆ لە ماڵی تۆ بمێنمەوە.» جا خێرا هاتە خوارەوە و بە خۆشییەوە پێشوازی لێکرد.

هەموو بینییان و دەستیان کرد بە بۆڵەبۆڵکردن و گوتیان: «چووە بووەتە میوانی گوناهبارێک.»

بەڵام زەکا ڕاوەستا و بە مەسیحی خاوەن شکۆی گوت: «گەورەم، ئەوەتا نیوەی سامانەکەم دەدەمە هەژاران و ئەگەر بە هەر شێوەیەک فێڵم لە کەسێک کردبێت، چوارقاتی دەدەمەوە.»

عیساش پێی فەرموو: «ئەمڕۆ ڕزگاری بۆ ئەم ماڵە هات، لەبەر ئەوەی ئەویش کوڕی ئیبراهیمە، 10 چونکە کوڕی مرۆڤ هاتووە بەدوای لەناوچواندا[a] بگەڕێت و ڕزگاریان بکات.»

نموونەی دە مەناکە

11 کاتێک گوێیان لەمانە دەگرت، درێژەی پێدا و نموونەیەکی هێنایەوە، چونکە لە ئۆرشەلیم نزیک بوو، وایان دەزانی کە پاشایەتی خودا خەریکە ئێستا دەردەکەوێت. 12 ئینجا فەرمووی: «پیاوماقوڵێک بۆ وڵاتێکی دوور ڕۆیشت، تاوەکو شانشینێک بۆ خۆی وەربگرێت و بێتەوە. 13 دە لە کۆیلەکانی خۆی بانگکرد و دە کیسە زیوی[b] پێدان و پێی گوتن، هەتا دێمەوە بازرگانی بکەن.

14 «بەڵام دانیشتووانی ناوچەکە ڕقیان لێی بوو، شاندێکیان بەدوایدا نارد و گوتیان: ”نامانەوێت ئەمە پاشایەتیمان بکات.“

15 «ئەوە بوو کە گەڕایەوە پاشایەتییەکەی وەرگرتبوو، فەرمانی دا ئەو کۆیلانەی زیوەکەی پێدابوون بانگ بکرێنە لای، تاکو بزانێت چییان لە بازرگانی قازانج کردووە.

16 «یەکەمیان هات و گوتی: ”گەورەم، کیسە زیوەکەت دە کیسە زیوی قازانج کردووە.“

17 «ئەویش پێی گوت: ”ئافەرین کۆیلەی چاک، چونکە لە کەمترین شت دەستپاک بوویت، ببە بە فەرمانڕەوای دە شار.“

18 «دووەمیان هات و گوتی: ”گەورەم، کیسە زیوەکەت پێنج کیسە زیوی قازانج کردووە.“

19 «بەمەشیانی گوت: ”تۆش ببە بە فەرمانڕەوای پێنج شار.“

20 «ئەوی دیکە هات و گوتی: ”گەورەم ئەوەتا کیسە زیوەکەت، لە دەستەسڕێک پێچابوومەوە و هەڵمگرتبوو. 21 لە ڕاستیدا لێت ترسام، لەبەر ئەوەی پیاوێکی سەختیت، ئەوەی داتنەناوە دەیبەیت و ئەوەی نەتچاندووە دروێنەی دەکەیت.“

22 «ئەویش پێی گوت: ”ئەی کۆیلەی بەدکار، بە زارت تاوانبارت دەکەم، کە دەتزانی کابرایەکی توندم، ئەوەی دامنەناوە دەیبەم و ئەوەی نەمچاندووە دروێنەی دەکەم. 23 ئیتر بۆچی زیوەکەمت لە بانک دانەنا، کاتێک دەهاتمەوە لەگەڵ قازانجەکەی وەرمدەگرتەوە؟“

24 «بەوانەی گوت کە لەوێ ڕاوەستابوون: ”کیسە زیوەکەی لێ بسەننەوە و بیدەنە ئەوەی دە کیسە زیوەکەی پێیە.“

25 «ئەوانیش پێیان گوت: ”گەورەم، دە کیسە زیوی هەیە!“

26 «وەڵامی دایەوە: ”پێتان دەڵێم: ئەوەی هەیەتی پێی دەدرێت، بەڵام ئەوەی نییەتی، تەنانەت ئەوەی هەشیەتی لێی دەسەنرێتەوە. 27 دوژمنانیشم، ئەوانەی نەیاندەویست پاشایەتییان بکەم، بیانهێننە ئێرە و لەبەردەمم بیانکوژن.“»

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.