Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Old/New Testament

Each day includes a passage from both the Old Testament and New Testament.
Duration: 365 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
دووەم ساموئێل 21-22

تۆڵەسەندنەوەی داود بۆ گبعۆنییەکان

21 لە سەردەمی پاشایەتی داود سێ ساڵ لەدوای یەک قاتوقڕی هەبوو، داودیش پرسیاری لە یەزدان کرد و یەزدانیش فەرمووی: «بەهۆی شاول و ماڵە خوێنڕێژەکەیەتی، لەبەر ئەوەی گبعۆنییەکانی کوشت.»

پاشا گبعۆنییەکانی بانگکرد و لەگەڵیاندا دوا. گبعۆنییەکان لە نەوەی ئیسرائیل نەبوون، بەڵکو لە پاشماوەی ئەمورییەکان بوون و نەوەی ئیسرائیل سوێندیان بۆ پەیمانی ئاشتی خواردبوو، بەڵام شاول بەهۆی دڵگەرمی بۆ ئیسرائیل و یەهودا هەوڵی لەناوبردنی دان. جا داود بە گبعۆنییەکانی گوت: «چیتان بۆ بکەم و بە چی کەفارەت بکەم تاوەکو داوای بەرەکەت بۆ میراتی یەزدان بکەن؟»

گبعۆنییەکانیش وەڵامیان دایەوە: «بۆمان نییە داوای زێڕ و زیو لە شاول و ماڵەکەی بکەین، هەروەها بۆشمان نییە کەس لە ئیسرائیلدا بکوژین.»

داودیش گوتی: «هەرچی بڵێن بۆتان دەکەم.»

ئەوانیش بە پاشایان گوت: «ئەو پیاوەی کە قڕی کردین و پیلانی لە دژمان گێڕا هەتا لەناومان ببات و لە هەموو سنوورەکانی ئیسرائیلدا نەمێنینەوە، با حەوت پیاومان لە کوڕەکانی پێبدرێت، تاوەکو بۆ یەزدان هەڵیانواسین، لە گیڤعای شاولی هەڵبژێردراوی یەزدان.»

پاشاش گوتی: «من پێتان دەدەم.»

پاشا دەستی لە مەفیبۆشەتی کوڕی یۆناتانی کوڕی شاول پاراست، لەبەر ئەو سوێندەی یەزدان کە لەنێوان داود و یۆناتانی کوڕی شاول هەبوو. بەڵام پاشا ئەمانەی برد: ئەرمۆنی و مەفیبۆشەت، هەردوو کوڕەکەی ڕیچپای کچی ئەییا کە لە شاول ببووی، لەگەڵ هەر پێنج کوڕەکەی مێرەڤی کچی شاول کە لە عەدرئێلی کوڕی بەرزیلەیی مەحۆلاتی ببووی. کوڕەکانی دایە دەست گبعۆنییەکان، ئەوانیش لەسەر چیا لەبەردەم یەزداندا بە کوژراوی هەڵیانواسین، هەر حەوتیان پێکەوە کەوتن، لە ڕۆژانی دروێنە لە سەرەتای دەستپێکردنی دروێنەی جۆ کوژران.

10 ڕیچپای کچی ئەییا گوشێکی[a] برد و لەسەر بەردێک بۆ خۆی ڕایخست. هەر لە سەرەتای دروێنەدا هەتا ئەو کاتەی باران لە ئاسمان باری نەیهێشت نە باڵندەی ئاسمان لە ڕۆژ و نە ئاژەڵی کێوی لە شەو دابەزنە سەر تەرمەکانیان. 11 ئیتر ئەوەی ڕیچپای کچی ئەییا کەنیزەکەی شاول کردی بە داود ڕاگەیەنرا، 12 داودیش چوو و ئێسکەکانی شاول و ئێسکەکانی یۆناتانی کوڕی لەلای دانیشتووانی یاڤێش گلعاد هێنا، ئەوانەی لە گۆڕەپانی بێت‌شانەوە دزیبوویان، لەو شوێنەدا کە فەلەستییەکان ئەو ڕۆژەی کە لە شاولیان دا لە گلبۆع هەڵیانواسیبوون. 13 داود لەوێوە ئێسکەکانی شاول و یۆناتانی کوڕی هێنا و ئێسکی هەڵواسراوەکانیشی کۆکردەوە.

14 ئینجا ئێسکەکانی شاول و یۆناتانی کوڕیان لە زەوی بنیامین لە چێلاع لەناو گۆڕەکەی قیشی باوکی ناشت و هەموو ئەو شتانەی پاشا فەرمانی پێدابوو کردیان. پاش ئەوە خودا وەڵامی ئەو پاڕانەوەی دایەوە کە لە پێناوی زەوییەکە کرا.

جەنگی دیکە لەگەڵ فەلەستییەکان

15 جارێکی دیکە جەنگ لەنێوان فەلەستییەکان و ئیسرائیلدا بەرپابوو، داود لەگەڵ خزمەتکارەکانی دابەزین و لە دژی فەلەستییەکان جەنگان، داود شەکەت بوو. 16 جا یەشبی بەنۆڤ کە یەکێک بوو لە نەوەی ڕافا و کێشی ڕمەکەی سێ سەد شاقل بڕۆنز[b] بوو، شمشێرێکی نوێی لە کەمەری بەستبوو، گوتی کە داود دەکوژێت. 17 بەڵام ئەبیشەی کوڕی چەرویا بە هانایەوە هات و لە فەلەستییەکەی دا و کوشتی. ئینجا پیاوەکانی داود سوێندیان بۆ خوارد و گوتیان: «نابێت جارێکی دیکە بۆ جەنگ لەگەڵمان بێیتە دەرەوە، نەوەک چرای ئیسرائیل بکوژێنرێتەوە.»

18 پاش ئەمانە جەنگێکی دیکە لەگەڵ فەلەستییەکان لە گۆڤ هەڵگیرسا، لەو کاتەدا سیبەخەیی حوشاتی، سەفی کوشت کە یەکێک بوو لە نەوەی ڕافا.

19 جارێکی دیکەش لەگەڵ فەلەستییەکان لە گۆڤ جەنگ هەڵگیرسایەوە، ئەلحانانی کوڕی یاعیری بێت‌لەحمی برای گۆلیاتی گەتی[c] کوشت، دەسکی ڕمەکەی وەک نۆردی جۆڵاکان بوو.

20 دیسان لە گەت جەنگ هەڵگیرسایەوە، پیاوێکی زەبەلاح هەبوو هەر پەلێکی شەش پەنجەی هەبوو، بیست و چوار پەنجەی هەبوو، ئەویش هەر لە نەوەی ڕافا بوو. 21 کاتێک سووکایەتی بە ئیسرائیل کرد، یۆناتانی کوڕی شیمەعای برای داود کوشتی.

22 ئەو چوارە لە نەوەی ڕافا بوون لە گەت، بە دەستی داود و خزمەتکارەکانی کوژران.

سروودی داود بۆ ستایشی خودا

22 داود ئەم سروودەی بۆ یەزدان گوت، دوای ئەوەی یەزدان لە دەستی هەموو دوژمنەکانی و لە دەستی شاول ڕزگاری کرد. گوتی:

«یەزدان تاشەبەردی منە، قەڵا و دەربازکەرمە،
    خودام ئەو تاشەبەردەیە کە پەنای بۆ دەبەم،
    قەڵغان و هێزی ڕزگاریمە،
پەناگا و حەشارگەمە، ڕزگارکەری منە،
    لە ستەم ڕزگارم دەکات.

«لە یەزدان دەپاڕێمەوە، ئەوەی کە شایانی ستایشە،
    لە دوژمنەکانم ڕزگار دەبم.
شەپۆلی مەرگ منی پێچایەوە،
    لێشاوی لەناوچوون زەندەقی بردم.
پەتی جیهانی مردووان بە دەورمدا تەنراوە،
    داوی مردن لەبەردەمم دانراوە.

«لە تەنگانەمدا لە یەزدان پاڕامەوە،
    هاوارم بردە بەر خودام،
لە پەرستگاکەیەوە گوێی لە دەنگی من بوو،
    گوێی لە هاوارم بوو.
ئینجا زەوی لەرزی و هەژا،
    بناغەکانی ئاسمان ڕاژەنین،
    لە تووڕەیی ئەو لەرزین.
دووکەڵ لە لووتی بەرزبووەوە،
    ئاگرێکی لووشدەر لە دەمی هاتە دەرەوە،
    وەک ژیلەمۆی پشکۆی داگیرساو بوو.
10 ئاسمانی لێککردەوە و دابەزییە خوارەوە،
    هەوری تاریک لەژێر پێی بوو.
11 سواری کەڕوب[d] بوو و فڕی،
    بەسەر باڵی بادا بەرزبووەوە.
12 تاریکی کردە ڕەشماڵ لە دەوری خۆی،
    هەوری تاریکی پڕ بارانی ئاسمان.
13 لە ڕۆشنایی ئامادەبوونی ئەو
    پشکۆ ئاگرەکان داگیرسان.
14 یەزدان لە ئاسمانەوە گرماندی،
    ئەو خودایەی هەرەبەرزە دەنگی خۆی لەرزاندەوە.
15 تیرەکانی هاویشت و بڵاوەی بە دوژمنەکانی کرد،
    بە بروسکەی گەورە پەرێشانی کردن.
16 بنی دەریا دەرکەوت،
    بناغەکانی زەوی ئاشکرا بوون،
لە سەرزەنشتی یەزدان،
    لە گەرمی هەناسەی لووتی.

17 «لە بەرزاییەوە دەستی درێژکرد و منی گرت،
    لەناو ئاوە قووڵەکانەوە دەریهێنام.
18 لە دوژمنە بە تواناکەم ڕزگاری کردم،
    لە ناحەزەکانم کە زۆر لە من بەهێزتر بوون.
19 لە ڕۆژی لێقەومانم هاتنە سەرم،
    بەڵام یەزدان پشت و پەنام بوو.
20 منی هێنایە دەرەوە بۆ جێگایەکی پان و بەرین،
    ڕزگاری کردم، چونکە دڵخۆشە پێم.

21 «یەزدان بەگوێرەی ڕاستودروستیم پاداشتی داومەتەوە،
    بەگوێرەی دەستپاکیم ڕێزداری کردووم.
22 چونکە من ڕێچکەی یەزدانم گرتووەتەبەر،
    لە خودای خۆم یاخی نەبووم.
23 هەموو حوکمەکانی لەبەرچاومدان،
    لە فەرزەکانی لام نەداوە.
24 لەبەردەمی ئەو بێ کەموکوڕی بووم و
    خۆم لە گوناه پاراستووە.
25 یەزدان بەگوێرەی ڕاستودروستیم پاداشتی داومەتەوە،
    بەگوێرەی دەستپاکیم لەبەردەمی.

26 «لەگەڵ دڵسۆزەکان دڵسۆزی دەنوێنیت،
    لەگەڵ ئەوانەی بێ کەموکوڕین چاکی دەنوێنیت،
27 لەگەڵ پاکەکان پاکی دەنوێنیت،
    بەڵام لەگەڵ خوارەکان زیرەکی دەنوێنیت.
28 تۆ خەڵکی بێفیز ڕزگار دەکەیت،
    بەڵام چاوەکانت لەسەر لووتبەرزانە، دەیانشکێنیت.
29 ئەی یەزدان، تۆ چرای منیت،
    یەزدان تاریکیم ڕووناک دەکاتەوە.
30 بە یارمەتی تۆ دەتوانم لەشکرێک تێکبشکێنم،
    لەگەڵ خودای خۆم دەتوانم بەسەر شووراکاندا سەربکەوم.

31 «ڕێبازی خودا تەواوە،
    بەڵێنی یەزدان بێگەردە،
    ئەو قەڵغانە بۆ هەموو ئەوانەی پەنای بۆ دەبەن.
32 چونکە لە یەزدان بەولاوە کێ خودایە؟
    لە خودامان بەولاوە کێ تاشەبەردەکەیە؟
33 خودایە ئەوەی بە هێز پاڵپشتیم دەکات،
    بە تەواوی ڕێگام لەبەردەمدا دەکاتەوە.
34 پێیەکانم وەک پێی ئاسک لێ دەکات،
    لەسەر بەرزایی ڕامدەگرێت.
35 مەشق بە دەستەکانم دەکات بۆ جەنگ،
    تاکو بتوانم بە بازووم کەوانی بڕۆنز بچەمێنمەوە.
36 تۆ قەڵغانی ڕزگاریی خۆتت پێ بەخشیوم،
    هاوکاریت گەورەم دەکات.
37 جێی هەنگاوەکانم تەخت و فراوان دەکەیت،
    تاکو پێم نەخلیسکێت.

38 «دوژمنەکانم ڕاونا و نابوودم کردن،
    هەتا لەناوم نەبردن نەگەڕامەوە.
39 لەناوم بردن و وردوخاشم کردن، ئیتر نەیانتوانی هەستنەوە،
    لەژێر پێم کەوتن.
40 کەمەری منت توند کرد بۆ جەنگ،
    وات لە بەرهەڵستکارانی من کرد لەبەر پێم کڕنۆش ببەن.
41 دوژمنەکانم پشتیان تێ کردم و ڕایانکرد،
    من ناحەزەکانی خۆمم لەناوبرد.
42 هاواریان هێنا، بەڵام ڕزگارکەر نەبوو،
    هاواریان بۆ یەزدان برد، بەڵام بە دەنگیانەوە نەچوو.
43 وەک تۆزی زەوی ئەوانم هاڕی،
    وەک قوڕی سەر ڕێگا پێم خستە سەریان و پێشێلم کردن.

44 «لە هێرشی گەلان ڕزگارت کردم،
    تۆ منت بە سەرۆکی نەتەوەکان هێشتەوە.
گەلێک کە نەمدەناسین خزمەتم دەکەن،
45     بێگانەکان ملکەچیم بۆ دەنوێنن،
    هەر کە دەنگم دەبیستن گوێڕایەڵم دەبن.
46 بێگانەکان ورە بەر دەدەن و
    بە لەرزەوە لە قەڵاکانیان دێنە دەرەوە.

47 «یەزدان زیندووە، ستایش بۆ تاشەبەردەکەم!
    خودای ڕزگارکەرم تاشەبەردەکەیە، پایەبەرزە!
48 خودایە کە تۆڵەم بۆ دەکاتەوە،
    گەلان ملکەچی من دەکات،
49     لە چنگی دوژمنەکانم دەرمدەهێنێت.
پایەبەرزی کردم بەسەر ناحەزانم،
    لە دەست کەسە توندوتیژەکان ڕزگارت کردم.
50 لەبەر ئەوە ئەی یەزدان، لەنێو نەتەوەکاندا ستایشت دەکەم،
    گۆرانی ستایش بۆ ناوت دەڵێم.

51 «سەرکەوتنی گەورە بە پاشای خۆی دەبەخشێت،
    خۆشەویستی نەگۆڕ بەسەر دەستنیشانکراوەکەیدا دەبارێنێت،
    بۆ سەر داود و نەوەکانی بۆ هەتاهەتایە.»

لۆقا 18:24-43

24 کاتێک عیسا ئەوی بە خەمناکی بینی، فەرمووی: «چەند گرانە بۆ دەوڵەمەندان بچنە ناو شانشینی خوداوە! 25 ئاسانترە وشترێک بە کونی دەرزییەکەوە بچێت لەوەی دەوڵەمەندێک بچێتە ناو شانشینی خوداوە.»

26 ئەوانەی گوێیان لێبوو گوتیان: «کەواتە کێ دەتوانێت ڕزگاری بێت؟»

27 عیسا فەرمووی: «ئەوەی لەلای خەڵکی مەحاڵە، لای خودا دەبێت.»

28 پەترۆس گوتی: «ئەوەتا هەموو شتێکمان بەجێهێشتووە و دوات کەوتووین.»

29 ئەویش پێی فەرموون: «ڕاستیتان پێ دەڵێم: کەس نییە ماڵ یان ژن یان برا یان دایک و باوک یان منداڵی لەبەر شانشینی خودا بەجێهێشتبێت، 30 لەم دنیایە چەند ئەوەندە لە بەرامبەری وەرنەگرێتەوە و لەو دنیاش ژیانی هەتاهەتایی.»

باسی مردن و هەستانەوەی عیسا

31 عیسا دوازدە قوتابییەکەی برد و پێی فەرموون: «ئەوا بەرەو ئۆرشەلیم سەردەکەوین، هەرچی پێغەمبەران لەبارەی کوڕی مرۆڤەوە نووسیویانە دێتە دی. 32 دەدرێتە دەستی نەتەوەکان، گاڵتەی پێ دەکرێت و جنێوی پێدەدرێت و تفی لێ دەکرێت، 33 بە قامچی لێی دەدەن و دەیکوژن. لە ڕۆژی سێیەمیش هەڵدەستێتەوە.»

34 بەڵام هیچ لەمە تێنەگەیشتن و ئەم باسە لێیان شاراوە بوو، ئەوەی گوترا درکیان پێی نەکرد.

عیسا کەسێکی نابینا چاک دەکاتەوە

35 کاتێک عیسا لە ئەریحا نزیک بووەوە، کەسێکی نابینا لەسەر ڕێگا دانیشتبوو سواڵی دەکرد. 36 کە گوێی لە خەڵکەکە بوو دەڕۆیشتن، پرسیاری کرد ئەمە چییە. 37 پێیان گوت: «عیسای ناسیرەیی لێرەوە تێدەپەڕێت.»

38 جا هاواری کرد: «عیسای کوڕی داود، بەزەییت پێمدا بێتەوە!»

39 ئەوانەی لەپێشەوە دەڕۆیشتن سەرزەنشتیان کرد بۆ ئەوەی بێدەنگ بێت، بەڵام ئەو زۆر زیاتر هاواری دەکرد: «کوڕی داود، بەزەییت پێمدا بێتەوە!»

40 عیسا ڕاوەستا و فەرمانی دا بیهێننە لای. کاتێک نزیک بووەوە، لێی پرسی: 41 «چیت دەوێ بۆت بکەم؟» گوتی: «گەورەم، دەمەوێ ببینم.»

42 عیساش پێی فەرموو: «ببینە، باوەڕەکەت تۆی چاککردەوە.» 43 دەستبەجێ بینی، دوای کەوت و ستایشی خودای دەکرد. هەروەها هەموو خەڵکەکەش کە بینییان ستایشی خودایان کرد.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.