Old/New Testament
داود و چیڤا
16 کاتێک کە داود تۆزێک لە لووتکەکە ڕەت بوو، بینی چیڤای بریکاری مەفیبۆشەت بە دوو گوێدرێژی کورتانکراوەوە چاوەڕێی دەکات، دوو سەد کولێرە و سەد هێشووە کشمیش و سەد نانە هەنجیر و مەشکەیەک شەرابی بارکردبوو.
2 پاشا بە چیڤای گوت: «ئەمانەت بۆ چییە؟»
چیڤاش گوتی: «دوو گوێدرێژەکە بۆ ماڵی پاشا بۆ سواربوونە، کولێرە و هەنجیرەکەش بۆ پیاوەکانتە با بیخۆن، شەرابەکەش با ئەوانە بیخۆنەوە کە لە چۆڵەوانیدا شەکەت بوون.»
3 پاشاش لێی پرسی: «ئەی کوڕەزای گەورەکەت لەکوێیە؟»
چیڤاش بە پاشای گوت: «ئەوەتا ئەو لە ئۆرشەلیم ماوەتەوە، چونکە گوتی: ”ئەمڕۆ بنەماڵەی ئیسرائیل پاشایەتییەکەی باپیرم بۆ دەگەڕێننەوە.“»
4 ئینجا پاشا بە چیڤای گوت: «وا هەموو ئەوانەی هی مەفیبۆشەتن بۆ تۆیە.»
چیڤاش گوتی: «کڕنۆش دەبەم. هیوادارم پاشای گەورەم لێم ڕازی بێت.»
نەفرەتکردنی شیمعی لە داود
5 کاتێک داودی پاشا لە بەحوریم نزیک بووەوە، پیاوێک لەوێوە هات کە لە خێڵی شاول بوو، ناوی شیمعیی کوڕی گێرا بوو، دەهاتە دەرەوە و نەفرەتی دەکرد. 6 داودی پاشا و هەموو کاربەدەستانی بەردباران دەکرد، هەرچەندە هەموو سوپا و پاڵەوانەکانیش لەلای ڕاست و چەپی بوون. 7 شیمعی کە نەفرەتی دەکرد دەیگوت: «بڕۆ دەرەوە! بڕۆ دەرەوە، ئەی پیاوی خوێنڕێژ، ئەی پیاوی سووکوچروک! 8 یەزدان تۆڵەی هەموو خوێنی ماڵی شاولی لێکردیتەوە کە لە جێی ئەو بوویت بە پاشا. یەزدان پاشایەتییەکەی دایە دەست ئەبشالۆمی کوڕت، تۆ بە خراپەی خۆت لەناودەچیت، چونکە تۆ پیاوێکی خوێنڕێژیت!»
9 ئەبیشەی کوڕی چەرویاش بە پاشای گوت: «بۆچی ئەم سەگە تۆپیوە نەفرەت لە پاشای گەورەم دەکات؟ لێمگەڕێ با بۆی بچم و سەری لێ بکەمەوە.»
10 بەڵام پاشا گوتی: «ئەی کوڕانی چەرویا، چی لەنێوان من و ئێوە هەیە؟ لێیگەڕێن با نەفرەت بکات، ئەگەر یەزدان پێی فەرمووبێت نەفرەت لە داود بکە، کێ هەیە بتوانێت بڵێت: ”بۆ ئەمە دەکەیت؟“»
11 ئینجا داود بە ئەبیشەی و بە هەموو کاربەدەستەکانی گوت: «ئەوەتا من کوڕەکەی خۆم، ئەوەی لە پشتی خۆمەوە هاتووە دەیەوێت بمکوژێت، چ جای بنیامینییەک! لێیگەڕێن با نەفرەت بکات، چونکە یەزدان پێی فەرمووە. 12 بەڵکو یەزدان بڕوانێتە زەلیلییەکەم و لە جیاتی ئەو نەفرەتەی ئەمڕۆ، بە چاکە پاداشتم بداتەوە.»
13 ئیتر داود و پیاوەکانی بە ڕێگادا دەڕۆیشتن و شیمعییش بە قەراغ چیاکەدا لە بەرامبەری دەڕۆیشت، بە ڕێگاوە نەفرەتی دەکرد و لە بەرامبەری بەردی تێدەگرت و خۆڵی بە بادا دەکرد. 14 پاشا و هەموو ئەو گەلەی لەگەڵی بوون گەیشتنە تەنکاوەکە، ماندوو بوون، لەوێ حەوانەوە.
ڕاوێژی ئەحیتۆفەل و حوشەی
15 هەر لەو کاتەدا، ئەبشالۆم و هەموو سوپای ئیسرائیل هاتنە ئۆرشەلیم و ئەحیتۆفەلیشیان لەگەڵ بوو. 16 ئینجا حوشەی ئەرکی هاوڕێی داود هاتە لای ئەبشالۆم، حوشەی بە ئەبشالۆمی گوت: «بژی پاشا، بژی پاشا!»
17 ئەبشالۆمیش بە حوشەی گوت: «ئەمە خۆشەویستییەکەتە بۆ هاوڕێکەت؟ بۆچی لەگەڵ برادەرەکەت نەڕۆیشتیت؟»
18 حوشەیش بە ئەبشالۆمی گوت: «نەخێر، بەڵکو ئەوەی یەزدان و ئەم گەلە و هەموو پیاوانی ئیسرائیل هەڵیانبژاردووە، من لایەنگری ئەو دەبم و لەگەڵ ئەودا دەمێنمەوە. 19 پاشان، من خزمەتی کێ دەکەم؟ ئایا لەبەردەم کوڕەکەی نییە؟ هەروەک چۆن لەبەردەم باوکت خزمەتم کرد، ئاواش لەبەردەم تۆدا خزمەت دەکەم.»
20 ئەبشالۆم بە ئەحیتۆفەلی گوت: «تەگبیر بکەن، چی بکەین؟»
21 ئەحیتۆفەلیش بە ئەبشالۆمی گوت: «لەگەڵ کەنیزەکانی باوکت جووتبە، ئەوانەی بۆ پاراستنی کۆشکەکە بەجێی هێشتن. ئینجا هەموو ئیسرائیل دەیبیستێتەوە کە لەبەرچاوی باوکت کەوتوویت، بەو شێوەیە دەستی هەموو ئەوانە بەهێزتر دەبێت کە لەگەڵتدان.» 22 لە سەربان چادرێکیان بۆ ئەبشالۆم دامەزراند و لەبەرچاوی هەموو ئیسرائیل لەگەڵ کەنیزەکانی باوکی جووتبوو.
23 لەو سەردەمەدا ڕاوێژی ئەحیتۆفەل کە ڕاوێژی پێ دەکرا، وەک ئەوەی لە خوداوە بێت. هەموو ڕاوێژەکانی ئەحیتۆفەل ئاوا بوون بۆ داود و بۆ ئەبشالۆمیش.
17 ئەحیتۆفەل بە ئەبشالۆمی گوت: «پێم باشە دوازدە هەزار پیاو هەڵبژێریت و هەستیت و هەر ئەمشەو بەدوای داود بکەویت. 2 کە هێشتا ماندووە و دەستی شلە بەسەریدا بدە، ئینجا بیتۆقێنە، ئیتر هەموو ئەو گەلەی لەگەڵیدان هەڵدێن. بە تەنها لە پاشا بدە، 3 هەموو گەلت بۆ دەگەڕێتەوە. مەرگی ئەو پیاوەی داوای دەکەیت، واتای گەڕانەوەی هەمووانە، جا هەموو گەل لە ئاشتیدا دەبن.» 4 ئەم تەگبیرەی لەلایەن ئەبشالۆم و هەموو پیرانی ئیسرائیلەوە پەسەند کرا.
5 بەڵام ئەبشالۆم گوتی: «حوشەی ئەرکیش بانگ بکەن، با بزانین ئەویش چی دەڵێت.» 6 ئیتر حوشەی هاتە لای، ئەبشالۆم پێی گوت: «ئەحیتۆفەل ئەم قسەیەی کردووە، ئایا بە قسەی بکەین؟ ئەگەر نا، تۆ چی دەڵێت؟»
7 حوشەیش بە ئەبشالۆمی گوت: «ڕاوێژەکەی ئەم جارەی ئەحیتۆفەل باش نییە. 8 تۆ باوکت و پیاوەکانی دەناسیت، پاڵەوانن، وەک دەڵەورچێک کە لە دەشتودەرە بەچکەکانی ڕاوکرابێت تووڕەن. جگە لەوەش باوکت پیاوی جەنگە و لەگەڵ لەشکر شەو بەسەرنابات. 9 ئێستا ئەو لە ئەشکەوتێک یان لە شوێنێکدا خۆی شاردووەتەوە. ئەگەر لە سەرەتادا هەندێکتان لێ بکوژرێت و خەڵکی بیبیستنەوە و بڵێن، ”ئەو لەشکرەی لەگەڵ ئەبشالۆم بوو، تێکشکاوە،“ 10 ئەوا تەنانەت ئەو پاڵەوانەی دڵی وەک شێر وایە دڵی دەتوێتەوە، چونکە هەموو ئیسرائیل دەزانن کە باوکت پاڵەوانە و ئەوانەی لەگەڵیدان قارەمانن.
11 «لەبەر ئەوە من ئامۆژگاریت دەکەم کە هەموو ئیسرائیل لە دانەوە هەتا بیری شابەع، وەک لمی سەر دەریا لێت کۆببنەوە لە زۆریدا، بەڕێزیشت سەرکردایەتی جەنگەکە بکە. 12 ئینجا بۆی دەچینە یەکێک لەو شوێنانەی کە ئەوی لێیە، وەک شەونمی سەر زەوی بەسەریدا دادەبارین. هیچ کەسیان لێ ناهێڵینەوە، نە خۆی و نە هەموو ئەو پیاوانەی لەگەڵیدان. 13 ئەگەر بۆ شارێک پاشەکشەی کرد، با هەموو ئیسرائیل گوریس بۆ ئەو شارە ببەن و دیوارەکانی شارەکە بۆ ناو دۆڵەکە ڕادەکێشین بۆ ئەوەی تەنانەت بەردێکیشی لەوێ نەبینرێتەوە.»
14 ئینجا ئەبشالۆم و هەموو پیاوانی ئیسرائیل گوتیان: «ئامۆژگارییەکەی حوشەی ئەرکی لە ڕاوێژەکەی ئەحیتۆفەل باشترە.» ئیتر پووچەڵکردنەوەی ڕاوێژە باشەکەی ئەحیتۆفەل بە فەرمانی یەزدان بوو، بۆ ئەوەی یەزدان بەڵا بەسەر ئەبشالۆمدا بهێنێت.
15 حوشەی بە سادۆق و بە ئەبیاتاری گوت، هەردوو کاهینەکە: «ئەحیتۆفەل بەو شێوەیە ئامۆژگاری بۆ ئەبشالۆم و پیرانی ئیسرائیل کردووە، منیش بەم شێوەیە ڕاوێژم کردووە. 16 ئێستاش بە پەلە بنێرن و بە داود ڕابگەیەنن و بڵێن: ”ئەمشەو لەسەر تەنکاوەکەی بەرەو چۆڵەوانی بەسەرمەبە، لە ڕووبارەکە بپەڕەوە، نەوەک پاشا و ئەو گەلەی لەگەڵیدان هەڵبلووشرێن.“»
17 یۆناتان و ئەحیمەعەچ نەیاندەویست بچنە ناو شارەکە و ببینرێن، لەلای کانی ڕۆگێل چاوەڕێی کارەکەرێک بوون پەیامێکیان پێ ڕابگەیەنێت، ئەوانیش بچن و بە داودی پاشای ڕابگەیەنن. 18 بەڵام گەنجێک هەردووکیانی بینی و بە ئەبشالۆمی ڕاگەیاند، لەبەر ئەوە هەردووکیان بە پەلە ڕۆیشتن و چوونە ناو ماڵی پیاوێک لە بەحوریم، بیرێک لەناو حەوشەکەیدا هەبوو، هەردووکیان شۆڕ بوونەوە ناوی. 19 ژنەکەی دەمی بیرەکەی بە ڕووپۆشێک داپۆشی و دانەوێڵەی بەسەردا بڵاوکردەوە، کەس پێی نەزانی.
20 ئیتر خزمەتکارەکانی ئەبشالۆم هاتن بۆ لای ژنەکە بۆ ماڵەکە و گوتیان: «ئەحیمەعەچ و یۆناتان لەکوێن؟»
ژنەکەش وەڵامی دانەوە: «لە جۆگەی ئاوەکە پەڕینەوە.» جا پاش ئەوەی بەدوایاندا گەڕان و نەیاندۆزینەوە، گەڕانەوە ئۆرشەلیم.
21 پاش ئەوەی خزمەتکارەکانی ئەبشالۆم ڕۆیشتن، ئەحیمەعەچ و یۆناتان لە بیرەکە هاتنە دەرەوە و ڕۆیشتن و بە داود پاشایان ڕاگەیاند و بە داودیان گوت: «هەستن و بە پەلە لە تەنکاوەکە بپەڕنەوە، چونکە ئەحیتۆفەل ئاوا ئامۆژگاری کردوون.» 22 لەبەر ئەوە داود و هەموو ئەو گەلەی لەگەڵیدا بوون هەستان و لە ڕووباری ئوردون پەڕینەوە و لە بەرەبەیاندا کەس نەمابوو لە ڕووباری ئوردون نەپەڕیبێتەوە.
23 بەڵام کاتێک ئەحیتۆفەل بینی کار بە ڕاوێژەکەی نەکراوە، گوێدرێژەکەی کورتان کرد و هەستا، بەرەو ماڵەکەی لە شارەکەی خۆیدا بەڕێکەوت و وەسیەتی بۆ ماڵەکەی کرد و خۆی خنکاند و مرد، جا لە گۆڕەکەی باوکی ناشتیان.
24 ئینجا داود هات بۆ مەحەنەیم و ئەبشالۆمیش خۆی و هەموو ئەو پیاوانەی ئیسرائیل کە لەگەڵیدا بوون لە ڕووباری ئوردونەوە پەڕینەوە. 25 ئەبشالۆم لە جیاتی یۆئاب عەماسای کردبوو بە سوپاسالار و عەماساش کوڕی پیاوێک بوو ناوی یەتەری ئیسرائیلی بوو، کە ئەبیگایلی کچی ناحاش، خوشکی چەرویا، دایکی یۆئاب خێزانی بوو. 26 ئیسرائیل و ئەبشالۆم لە خاکی گلعاددا چادریان هەڵدا.
27 کاتێک داود گەیشتە مەحەنەیم، شۆڤیی کوڕی ناحاش لە شاری ڕەبەی عەمۆنییەکان و ماکیری کوڕی عەمیێل لە لۆدەڤار و بەرزیلەیی گلعادی لە ڕۆگەلیمەوە 28 ڕاخەر و تەشت و قاپوقاچاغی گڵین و گەنم و جۆ و ئارد و دانەوێڵەی برژاو و پاقلە و نیسک و نۆکی برژاو و 29 هەنگوین و دەڵەمە[a] و مەڕ و پەنیری مانگایان پێشکەشی داود و ئەو گەلەی لەگەڵیدا بوون کرد هەتا بیخۆن، چونکە گوتیان: «گەل لە چۆڵەوانیدا برسی و ماندوو و تینوون.»
مەرگی ئەبشالۆم
18 داود سەرژمێری ئەو پیاوانەی کرد کە لەگەڵیدا بوون، فەرماندەی هەزاران و سەدانی بەسەرەوە دانان. 2 ئینجا داود سێیەکی سەربازەکانی بە دەستی یۆئابدا نارد، سێیەکیش بە دەستی ئەبیشەی کوڕی چەرویای برای یۆئاب، سێیەکیش بە دەستی ئیتتایی گەتی. پاشا بە سوپاکەی گوت: «هەروەها بە دڵنیاییەوە منیش لەگەڵتان دەبم.»
3 بەڵام سەربازەکان گوتیان: «مەچووە دەرەوە، چونکە ئەگەر ئێمە هەڵبێین گوێمان پێ نادەن، ئەگەر نیوەشمان لێ بمرێت هەر گوێمان پێ نادەن، بەڵام تۆ هێندەی دە هەزار کەسی لە ئێمە، ئێستاش باشترە کە تۆ بۆ یارمەتیدانمان لە شارەکە بیت.»
4 پاشاش وەڵامی دانەوە: «ئەوەی پێتان باشە دەیکەم.»
ئیتر پاشا لەلای دەروازەکەوە وەستا و هەموو پیاوان بە یەکەی سەدان و بە هەزاران چوونە دەرەوە. 5 پاشا فەرمانی بە یۆئاب و ئەبیشەی و ئیتتای کرد و گوتی: «لەبەر من، لەگەڵ ئەو گەنجە نەرم بن، لەگەڵ ئەبشالۆم.» هەموو سەربازەکانیش گوێیان لێبوو کاتێک پاشا سەبارەت بە ئەبشالۆم فەرمانی بە سەرکردەکان کرد.
6 سوپای داود چوونە دەرەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئیسرائیل لە دەشتودەر، شەڕەکەش لە دارستانی ئەفرایم ڕوویدا. 7 لەوێ سوپای ئیسرائیل لەبەردەم خزمەتکارەکانی داود شکان، لەو ڕۆژەدا کوشتارێکی گەورە ڕوویدا، بیست هەزار پیاو کوژرا. 8 شەڕەکە لە هەموو ناوچەکەدا بڵاو بووەوە، لەو ڕۆژەدا ئەوانەی لەناو دارستانەکەدا لەناوچوون زیاتر بوون لەوانەی بە شمشێر لەناوچوون.
9 ئەبشالۆم بە سواری هێسترەکەیەوە بەڕێکەوت تووشی خزمەتکارەکانی داود بوو. هێسترەکە چووە ژێر لقەکانی دار بەڕووێکی گەورە و سەری ئەبشالۆم لەنێوان لقەکانی دار بەڕووەکەدا گیربوو، لەنێوان ئاسمان و زەویدا هەڵواسرا، هێسترەکەی ژێریشی ڕۆیشت.
10 پیاوێک بینی و بە یۆئابی ڕاگەیاند: «هەر ئێستا ئەبشالۆمم بینی بە دار بەڕووەکەوە هەڵواسرابوو.»
11 یۆئابیش بەو پیاوەی گوت کە پێی ڕاگەیاند: «هەر ئێستا بینیت؟ ئەی بۆچی لەوێ بە زەویتدا نەدا، هەتا دە شاقل[b] زیو و پشتێنێکت بدەمێ؟»
12 بەڵام پیاوەکە بە یۆئابی گوت: «تەنانەت ئەگەر هەزار شاقل[c] زیویش بکێشن و بە دەستم بگات، بە هیچ جۆرێک دەستم بۆ کوڕی پاشا درێژ ناکەم، چونکە پاشا لەبەردەمی ئێمە فەرمانی بە تۆ و ئەبیشەی و ئیتتای کرد و گوتی: ”لەبەر من ئەو گەنجە، ئەبشالۆم بپارێزن و دەستی لێ مەدەن.“ 13 ئەگەر نا ستەمم لەگەڵ خۆم دەکرد، پاشاش هیچی لێ ناشاردرێتەوە، تۆش لە دژم دەوەستایت.»
14 یۆئابیش گوتی: «من بەم شێوەیە لەبەردەمتدا ئارام ناگرم.» جا سێ ڕمی گرت بە دەستیەوە و لە دڵی ئەبشالۆمی گرت کە هێشتا لەناو دار بەڕووەکەدا زیندوو بوو. 15 دە خزمەتکار کە هەڵگرانی تفاقەکانی یۆئاب بوون چواردەوریان دا، لە ئەبشالۆمیان دا و کوشتیان.
16 ئەوسا یۆئاب فووی بە کەڕەنادا کرد و ڕێگای لەسەر سەربازەکان گرت، سەربازەکانیش لە ڕاونانی ئیسرائیل گەڕانەوە. 17 ئیتر ئەبشالۆمیان هەڵگرت و لە دارستانەکەدا فڕێیاندایە ناو چاڵێکی گەورە، بەردێکی زۆریان لەسەری کەڵەکە کرد. هەموو ئیسرائیلیش هەریەکە و بۆ شوێنی خۆی هەڵات.
18 پێشتر ئەبشالۆم کە هێشتا زیندوو بوو، ئەو کۆڵەکەیەی کە لە دۆڵی پاشادا بوو بردبووی و بۆ خۆی دایمەزراندبوو، چونکە گوتبووی: «کوڕێکم نییە بۆ یادکردنەوەی ناوەکەم.» کۆڵەکەکەشی بە ناوی خۆیەوە ناونا، هەتا ئەمڕۆش پێ دەگوترێت «یادەوەری ئەبشالۆم».
گریانی داود بۆ ئەبشالۆم
19 ئەوە بوو ئەحیمەعەچی کوڕی سادۆق گوتی: «با ڕابکەم و مژدە بدەمە پاشا: ”یەزدان حەقی بۆ سەندیتەوە و لە دوژمنەکانت ڕزگاری کردیت.“»
20 یۆئابیش پێی گوت: «تۆ ئەمڕۆ خاوەن مژدە نیت، لە ڕۆژێکی دیکەدا مژدە بدە و ئەمڕۆ مژدە مەدە، چونکە کوڕی پاشا مردووە.»
21 یۆئاب بە کوشییەکی[d] گوت: «بڕۆ و ئەوەی بینیت بە پاشای ڕابگەیەنە.» کوشییەکەش کڕنۆشی بۆ یۆئاب برد و ڕایکرد.
22 ئەحیمەعەچی کوڕی سادۆق دووبارە بە یۆئابی گوت: «هەرچییەک بووە لێمگەڕێ با منیش بەدوای کوشییەکەدا ڕابکەم.»
یۆئابیش گوتی: «کوڕم، تۆ بۆ ڕادەکەیت، لە کاتێکدا مژدەیەکت نییە شایانی پاداشت بێت؟»
23 ئەویش گوتی: «هەرچی بێت، ڕادەکەم.»
یۆئابیش پێی گوت: «ڕابکە!» ئەوسا ئەحیمەعەچ بە ڕێگای پێدەشتەکەدا ڕایکرد و بە پێش کوشییەکە کەوت.
24 کاتێک داود لەنێوان دەروازەکانی ژوورەوە و دەرەوە دانیشتبوو، ئێشکگرەکە سەرکەوتە سەربانی دەرگاکە بۆ سەر شووراکە، چاوی هەڵبڕی و بینی پیاوێک بە تەنها ڕادەکات. 25 ئێشکگرەکە هاواری کرد و بە پاشای ڕاگەیاند.
پاشاش گوتی: «ئەگەر بە تەنها بێت مژدەی پێیە.» پیاوەکەش ڕایدەکرد و نزیک دەبووەوە.
26 ئینجا ئێشکگرەکە پیاوێکی دیکەی بینی ڕادەکات، بانگی دەرگاوانەکەی کرد و پێی گوت: «ئەوەتا پیاوێک بە تەنها ڕادەکات.»
پاشاش گوتی: «ئەمەش هەر مژدەی پێیە.»
27 ئێشکگرەکە گوتی: «من دەبینم کە ڕاکردنی یەکەم وەک ڕاکردنی ئەحیمەعەچی کوڕی سادۆق وایە.»
پاشاش گوتی: «ئەمە پیاوچاکە و مژدەیەکی چاکیش دەهێنێت.»
28 ئەحیمەعەچ هاواری کرد و بە پاشای گوت: «سڵاو.» کڕنۆشی بۆ پاشا برد و سەری خستە سەر زەوی، گوتی: «ستایش بۆ یەزدانی پەروەردگارت، ئەوەی ئەو خەڵکەی ڕادەست کرد کە لە پاشای گەورەم هەستابوون!»
29 پاشاش گوتی: «ئەو گەنجە، ئەبشالۆم سەلامەتە؟»
ئەحیمەعەچیش گوتی: «گەورەم، کاتێک کە یۆئابی بەردەستی تایبەتی تۆ منی دەنارد، شڵەژانێکی گەورەم بینی، بەڵام نەمزانی چی بوو.»
30 پاشاش گوتی: «بسووڕێوە و لێرە ڕابوەستە.» ئەویش سووڕایەوە و ڕاوەستا.
31 لەو کاتەدا کوشییەکەش هات، کوشییەکە گوتی: «پاشای گەورەم مژدەم بدەرێ، چونکە یەزدان ئەمڕۆ حەقی بۆ سەندیتەوە و لە هەموو ئەوانەی لێت ڕاست بوونەوە ڕزگاری کردیت!»
32 پاشاش بە کوشییەکەی گوت: «ئەو گەنجە، ئەبشالۆم سەلامەتە؟»
کوشییەکەش گوتی: «با دوژمنەکانی پاشای گەورەم و هەموو ئەوانەی بۆ خراپە لە دژی تۆ سەرهەڵدەدەن وەک ئەو گەنجەیان لێ بێت.»
33 جا پاشا نیگەران بوو، دەگریا و سەرکەوتە ژووری سەر دەروازەکە، بە دەم ڕۆیشتنەوە ئاوای دەگوت: «کوڕەکەم ئەبشالۆم! کوڕەکەم، کوڕەکەم ئەبشالۆم! خۆزگە لە جێی تۆ بمردبامایە، کوڕەکەم ئەبشالۆم! کوڕەکەم!»
هاتنی پاشایەتی خودا
20 کە فەریسییەکان پرسیاریان لێکرد، کەی پاشایەتی خودا دێت، وەڵامی دانەوە: «پاشایەتی خودا بە جۆرێک نایەت کە ببینرێت، 21 خەڵکیش ناڵێن: ”ئەمەتا،“ یان ”ئەوەتا،“ چونکە پاشایەتی خودا لە نێوتاندایە.»
22 جا بە قوتابییەکانی فەرموو: «ڕۆژانێک دێت کە تامەزرۆن ڕۆژێک لە ڕۆژانی کوڕی مرۆڤ ببینن، بەڵام نایبینن. 23 ئینجا پێتان دەڵێن: ”ئەوەتا لەوێیە،“ یان ”ئەمەتا لێرەیە،“ مەڕۆن و بەدوایدا مەچن، 24 چونکە وەک ئەو بروسکەیەی لە لایەکەوە لەژێر ئاسماندا بروسکە دەدات لایەکی دیکە لەژێر ئاسماندا ڕووناک دەکاتەوە، کوڕی مرۆڤیش لە ڕۆژی خۆیدا بەو شێوەیە دەبێت. 25 بەڵام دەبێت یەکەم جار زۆر ئازار بچێژێت و ئەم نەوەیەش ڕەتی بکەنەوە.
26 «وەک ئەوەی لە سەردەمی نوحدا بوو، لە سەردەمی کوڕی مرۆڤیشدا ئاوا دەبێت. 27 دەیانخوارد و دەیانخواردەوە، ژنیان دەهێنا و مێردیان دەکرد، تاکو ئەو ڕۆژەی نوح چووە ناو کەشتییەکە، لافاوەکە هات و هەموویانی لەناوبرد.
28 «دیسان وەک ئەوەی لە سەردەمی ڵوت بوو، دەیانخوارد و دەیانخواردەوە، دەیانکڕی و دەیانفرۆشت، دەیانچاند و بنیادیان دەنا. 29 بەڵام لەو ڕۆژەی ڵوت لە سەدۆم هاتە دەرەوە، خودا لە ئاسمانەوە ئاگر و گۆگردی باراند و هەموویانی لەناوبرد.
30 «لەو ڕۆژەدا کوڕی مرۆڤ ئاشکرا دەکرێت، ئاوا دەبێت. 31 ئەوەی لەو ڕۆژەدا لە سەربانە و شتەکانی لە ناو ماڵە، با نەیەتە خوارەوە بۆ بردنی. ئەوەی لە کێڵگەشە با نەگەڕێتەوە. 32 ژنەکەی ڵوتتان بەبیر بێتەوە! 33 ئەوەی بیەوێ ژیانی خۆی بباتەوە دەیدۆڕێنێت، ئەوەش کە دەیدۆڕێنێت دەیباتەوە. 34 پێتان دەڵێم: لەو شەوەدا دووان لەناو یەک جێگان، یەکیان دەبردرێت و ئەوی دیکە بەجێدەهێڵدرێت. 35 دوو ژن دەستاڕ دەگێڕن، یەکیان دەبردرێت و ئەوی دیکە بەجێدەهێڵدرێت. ⌟ 36 دووان لە کێڵگە دەبن، یەکیان دەبردرێت و ئەوی دیکە بەجێدەهێڵدرێت.⌞»
37 لێیان پرسی: «لەکوێ گەورەم؟»
پێی فەرموون: «کەلاک لەکوێ بێت، داڵ لەوێ کۆدەبێتەوە.»
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.