Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Old/New Testament

Each day includes a passage from both the Old Testament and New Testament.
Duration: 365 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
دووەم ساموئێل 3-5

جەنگ لەنێوان بنەماڵەی شاول و ماڵی داود درێژەی کێشا، هەتا دەهات داود بەهێزتر دەبوو، بنەماڵەی شاولیش هەتا دەهات لاوازتر دەبوون.

داود لە حەبرۆن چەند کوڕێکی بوو:

کوڕە نۆبەرەکەی ئەمنۆن بوو کە لە ئەحینۆعەمی یەزرەعیلی بوو؛

دووەمیان کیلئیاڤ لە ئەبیگایل بوو کە بێوەژنەکەی نابالی کەرمەلی بوو؛

سێیەمیان ئەبشالۆمی[a] کوڕی مەعکای کچی تەلمەی پاشای گەشوور بوو؛

چوارەمیان ئەدۆنیای کوڕی حەگیس بوو؛

پێنجەمیان شەفەتیای کوڕی ئەبیتەل بوو؛

شەشەمیان یەترعام لە عەگلای ژنی داود بوو.

ئەمانە لە حەبرۆن بۆ داود لەدایک بوون.

ئەبنێر دەچێتە پاڵ داود

ئەوە بوو کاتێک جەنگ لەنێوان بنەماڵەی شاول و ماڵی داود بەرپا بوو، ئەبنێر پێگەی خۆی لەناو بنەماڵەی شاول بەهێز دەکرد، شاول کەنیزەیەکی هەبوو ناوی ڕیچپای کچی ئەییا بوو، ئیشبۆشەتیش بە ئەبنێری گوت: «بۆچی لەگەڵ کەنیزەکەی باوکم جووتبوویت؟»

ئەبنێر بە قسەکەی ئیشبۆشەت زۆر تووڕە بوو و گوتی: «ئایا من سەری سەگم، دەستی یەهودام؟ هەتا ئەمڕۆ من دڵسۆز بووم لەگەڵ ماڵی شاولی باوکت و لەگەڵ براکانی و هاوڕێیەکانی، هەروەها تۆم نەداوەتە دەست داودەوە. تۆش بەهۆی پەیوەندیم بەو ژنەوە گومانم لێدەکەیت؟ با خودا توندترین سزای ئەبنێر بدات، ئەگەر من پاڵپشتی داود نەکەم و سوێندەکەی یەزدان نەهێنمە دی، 10 بۆ گواستنەوەی پاشایەتییەکە لە بنەماڵەی شاولەوە، هەروەها دامەزراندنی تەختی داود لە ئیسرائیل و یەهودا، لە دانەوە هەتا بیری شابەع[b] 11 ئیتر ئیشبۆشەتیش نەیتوانی بە یەک وشە وەڵامی ئەبنێر بداتەوە، چونکە لێی دەترسا.

12 ئینجا ئەبنێر نێردراوی بۆ لای داود نارد بۆ ئەوەی بە ناوی ئەوەوە بڵێن: «ئەم خاکە هی کێیە؟» هەروەها بڵێن: «پەیمانی خۆتم لەگەڵدا ببەستە، ئەوەتا منیش دەستم لەگەڵتدایە بۆ ئەوەی هەموو ئیسرائیل بۆ خۆت بگەڕێنیتەوە.»

13 داودیش گوتی: «باشە، من پەیمانی خۆمت لەگەڵدا دەبەستم، بەڵام یەک شتت لێ داوا دەکەم، ئەویش ئەوەیە، ڕووی من نابینیت، ئەگەر یەکەم جار میخەلی کچی شاول لەگەڵ خۆتدا نەهێنیت، کاتێک دێیت بۆ ئەوەی بمبینیت.» 14 ئینجا داود نێردراوی بۆ لای ئیشبۆشەتی کوڕی شاول نارد و گوتی: «میخەلی ژنم بدەوە کە بە سەد پێستی سەری ئەندامی نێرینەی فەلەستییەکان لە خۆمم مارە کردووە.»

15 لەبەر ئەوە ئیشبۆشەت ناردی و لە مێردەکەی وەریگرتەوە، لە پەلتیێلی کوڕی لایش. 16 مێردەکەی لەگەڵی دەڕۆیشت و بەدوایدا دەگریا هەتا گەیشتە بەحوریم. ئینجا ئەبنێر پێی گوت: «بڕۆ، بگەڕێوە!» ئەویش گەڕایەوە.

17 پاشان ئەبنێر لەگەڵ پیرانی ئیسرائیل قسەی کرد و گوتی: «ئێوە لەمێژە داوای داودتان دەکرد ببێتە پاشاتان، 18 کەواتە ئێستا ئەوە بکەن! چونکە یەزدان بە داودی فەرمووە: ”من بە دەستی داودی بەندەم ئیسرائیلی گەلم لە دەست فەلەستییەکان و سەرجەم دوژمنەکانیان ڕزگار دەکەم.“»

19 هەروەها ئەبنێر لەگەڵ بنیامینییەکان قسەی کرد. پاشان ئەبنێر چوو بۆ ئەوەی لە حەبرۆن لەگەڵ داود قسە بکات دەربارەی هەموو ئەوەی ئیسرائیل و هەموو بنەماڵەی بنیامین پەسەندیان کردووە. 20 کاتێک ئەبنێر لەگەڵ بیست پیاو هاتە حەبرۆن بۆ لای داود، داود خوانێکی ساز کرد بۆ ئەبنێر و ئەو پیاوانەی لەگەڵیدا بوون. 21 ئەبنێر بە داودی گوت: «هەڵدەستم و دەڕۆم، هەتاوەکو هەموو ئیسرائیل بۆ پاشای گەورەم کۆبکەمەوە، بۆ ئەوەی پەیمانت لەگەڵدا ببەستن و تۆش بەپێی هەموو ئەوانەی کە دڵت ئارەزووی دەکات فەرمانڕەوایی بکەیت.» داودیش ئەبنێری بەڕێکرد و ئەویش بە سەلامەتی ڕۆیشت.

کوشتنی ئەبنێر لەلایەن یۆئابەوە

22 لەو کاتەدا یۆئاب و پیاوانی داود لە پەلامارێک دەگەڕانەوە و دەستکەوتێکی زۆریان لەگەڵ خۆیاندا هێنابوو. بەڵام ئەبنێر لە حەبرۆن لەگەڵ داود نەبوو، چونکە بەڕێی کردبوو و بە سەلامەتی ڕۆیشتبوو. 23 کاتێک یۆئاب و هەموو ئەو لەشکرەی لەگەڵی بوو هاتن، بە یۆئابیان ڕاگەیاند و گوتیان: «ئەبنێری کوڕی نێر هات بۆ لای پاشا و ئەویش بەڕێی کرد و بە سەلامەتی ڕۆیشت.»

24 لەبەر ئەوە یۆئاب بۆ لای پاشا چووە ژوورەوە و گوتی: «چیت کرد؟ ئەبنێر هات بۆ لات، بۆچی بەڕێت کرد بڕوات؟ ئێستا ڕۆیشتووە! 25 تۆ دەزانیت کە ئەبنێری کوڕی نێر تەنها بۆ ئەوە هاتووە فریوت بدات، بە هاتوچۆکردنت بزانێت، هەموو ئەو شتانە بزانێت کە دەیکەیت.»

26 کاتێک یۆئاب داودی بەجێهێشت، چەند نێردراوێکی بەدوای ئەبنێردا نارد و لە ئەمباراوی سیرادا گەڕاندیانەوە، بەڵام داود ئاگای لەمە نەبوو. 27 کاتێک ئەبنێر گەڕایەوە حەبرۆن، یۆئاب بۆ ئەوەی بە نهێنی قسەی لەگەڵدا بکات بردییە کەناری دەروازەکەوە و لەوێدا لە تۆڵەی خوێنی عەساهێلی برای سکی هەڵدڕی و کوشتی.

28 پاشان داود ئەمەی بیستەوە و گوتی: «من خۆم و پاشایەتییەکەم هەتاهەتایە لای یەزدان لە خوێنی ئەبنێری کوڕی نێر بێبەرین. 29 با لە ملی یۆئاب و هەموو ماڵی باوکی بێت! با لە ماڵی یۆئاب زامی درێژخایەن و گەڕوگولی[c] و دارشەقە بەدەست و بە شمشێر کوژراو و برسی نان نەبڕێتەوە.»

30 یۆئاب و ئەبیشەی برای ئەبنێریان کوشت، چونکە ئەو عەساهێلی برایانی لە گبعۆن لە جەنگدا کوشت.

31 ئینجا داود بە یۆئاب و هەموو گەل و ئەوانەی لەگەڵیدا بوون، پێی گوتن: «جلەکانتان لەبەر خۆتان دابدڕن و جلوبەرگی گوش[d] بپۆشن و لەبەردەم ئەبنێردا شیوەن بگێڕن.» داودی پاشاش لەدوای دارەمەیتەکە[e] دەڕۆیشت. 32 ئەبنێریان لە حەبرۆن ناشت. پاشا بە گریانەوە لەسەر گۆڕی ئەبنێر دەنگی بەرزکردەوە، هەموو گەل گریان.

33 هەروەها پاشا بۆ ئەبنێر لاواندییەوە و گوتی:

«ئایا دەبێت وەک مردنی گێلێک ئەبنێر بمرێت؟
34     دەستەکانت نەبەسترابوونەوە و
    پێیەکانت بە زنجیر کۆت نەکرابوون.
کەوتی، هەروەک یەکێک لەبەردەم بەدکاران کەوتبێت.»

جا هەموو گەل دەستیان بە گریان کردەوە بۆی.

35 ئیتر هەموو گەل هاتن بۆ ئەوەی نان بدەنە داود و بیخوات. هێشتا ڕۆژ بوو، بەڵام داود سوێندی خوارد: «با خودا توندترین سزام بدات، ئەگەر پێش خۆرئاوابوون نان یان هەر شتێکی دیکە بخۆم.»

36 هەموو گەل زانییان و لەلایان پەسەند بوو، هەروەها هەموو ئەو شتانەی کە پاشا کردی لەلایەن هەموو گەلەوە پەسەند بوو. 37 ئینجا لەو ڕۆژەدا هەموو گەل و هەموو ئیسرائیل زانییان کە کوشتنی ئەبنێری کوڕی نێر لەلایەن پاشاوە نەبوو.

38 پاشا بە خزمەتکارەکانی گوت: «ئایا نازانن ئەمڕۆ لە ئیسرائیلدا میرێک و گەورە پیاوێک کەوتووە؟ 39 منیش ئەمڕۆ لاوازم، هەرچەندە دەستنیشانکراوم بە پاشا، ئەو پیاوانەش، هەروەها ئەم کوڕانەی چەرویا لە من بەهێزترن. یەزدان خراپەکار بەپێی خراپەکەی سزا دەدات!»

کوشتنی ئیشبۆشەت

کاتێک ئیشبۆشەتی کوڕی شاول بیستییەوە کە ئەبنێر لە حەبرۆن کوژراوە، دەستی شل بوو و هەموو ئیسرائیل ترسیان لێ نیشت. کوڕەکەی شاول دوو پیاوی هەبوو کە سەردەستەی چەتەکان بوون، یەکێکیان ناوی بەعەنا و ئەوی دیکەیان ناوی ڕێکاب بوو، هەردووکیان کوڕی ڕیمۆنی بئێرۆتی بوون کە لە نەوەی بنیامین بوو. بئێرۆت لەسەر بنیامین دادەنرێت، چونکە بئێرۆتییەکان بۆ گیتەیم هەڵاتبوون و ئاوارەی ئەوێ بوون، هەتا ئەمڕۆ لەوێن.

یۆناتانی کوڕی شاولیش کوڕێکی هەبوو کە هەردوو قاچی شەل بوون، کاتێک هەواڵی شاول و یۆناتان لە یەزرەعیلەوە گەیشت تەمەنی پێنج ساڵان بوو، ئیتر دایەنەکەی هەڵیگرت و هەڵات، بەڵام لەبەر ئەوەی بە پەلە بوو بۆ هەڵاتن، منداڵەکە کەوت و شەل بوو، ناویشی مەفیبۆشەت بوو.

کوڕەکانی ڕیمۆنی بئێرۆتی ڕێکاب و بەعەنا ڕۆیشتن و لە گەرمەی ڕۆژدا خۆیان بە ماڵی ئیشبۆشەتدا کرد کە سەرخەوی نیوەڕۆی دەشکاند. چوونە ناو ماڵەکەوە بە بیانووی ئەوەی بارە گەنم ببەن، شمشێرێکیان لە سکی دا. پاشان ڕێکاب و بەعەنای برای دەرباز بوون.

لە کاتی هاتنە ژوورەوەیان بۆ ناو ماڵەکە ئەو لەسەر قەرەوێڵەکەی لە ژووری نوستنەکەی پاڵکەوتبوو، جا لێیاندا و کوشتیان، سەریان بڕی و سەرەکەیان برد، بە درێژایی ئەو شەوە بەناو عەراڤادا ڕۆیشتن. سەری ئیشبۆشەتیان هێنایە حەبرۆن، بۆ لای داودی پاشا، پێیان گوت: «ئەوەتا ئەوە سەری ئیشبۆشەتی کوڕی شاولی دوژمنی تۆیە ئەوەی دەیویست بتکوژێت. یەزدانیش ئەمڕۆ بە پاشای گەورەی منی داوە تۆڵە لە شاول و لە نەوەکەی بکاتەوە.»

داودیش وەڵامی ڕێکاب و بەعەنای برای دایەوە کە کوڕەکانی ڕیمۆنی بئێرۆتین و پێی گوتن: «بە یەزدانی زیندوو، ئەوەی ژیانی منی لە هەموو تەنگانەیەک کڕییەوە، 10 کاتێک یەکێک هەواڵی پێدام و گوتی: ”شاول مردووە“ و خۆی بە مزگێنیدەر دەزانی، گرتم و لە چیقلەگ کوشتم، بەوە موژدانەکەیم دایەوە. 11 ئەی دەبێت ئەمەیان چەند زۆرتر بێت ئەگەر دوو پیاوی بەدکار پیاوێکی ڕاستودروست لەناو ماڵەکەی خۆیدا و لەسەر قەرەوێڵەکەی بکوژن. ئێستاش ئایا داوای خوێنەکەی ئەوتان لێ نەکەم و لەسەر زەوی نەتانسڕمەوە؟»

12 جا داود فەرمانی بە خزمەتکارەکان کرد و ئەوانیان کوشت، دەست و پێیان بڕین، لەلای گۆمەکەی حەبرۆن هەڵیانواسین. بەڵام سەری ئیشبۆشەتیان بردە حەبرۆن و لە گۆڕەکەی ئەبنێردا ناشتیان.

دەستنیشانکردنی پاشای هەموو ئیسرائیل

هەموو هۆزەکانی ئیسرائیل هاتنە حەبرۆن بۆ لای داود، گوتیان: «ئەوەتا ئێمە لە گۆشت و خوێنی تۆین. لە ڕابردوودا کاتێک شاول پاشامان بوو، تۆ ڕابەرایەتی سوپای ئیسرائیلت دەکرد، یەزدانیش پێی فەرموویت: ”تۆ شوانایەتی ئیسرائیلی گەلەکەم دەکەیت و دەبیتە فەرمانڕەوایان.“»

هەروەها هەموو پیرانی ئیسرائیل هاتنە حەبرۆن بۆ لای پاشا، داودی پاشاش لەبەردەم یەزدان لە حەبرۆن پەیمانی لەگەڵدا بەستن، داودیان بە پاشای ئیسرائیل دەستنیشان کرد.

داود تەمەنی سی ساڵ بوو کاتێک بوو بە پاشا، چل ساڵ پاشایەتی کرد. حەوت ساڵ و شەش مانگ لە حەبرۆن پاشایەتی یەهودای کرد، سی و سێ ساڵیش لە ئۆرشەلیم پاشایەتی هەموو ئیسرائیل و یەهودای کرد.

داگیرکردنی ئۆرشەلیم

پاشا و پیاوەکانی چوونە ئۆرشەلیم بۆ شەڕکردن لە دژی یەبوسییەکانی دانیشتووانی خاکەکە. ئەوانیش بە داودیان گوت: «تۆ نایەیتە ژوورەوە بۆ ئێرە، تەنانەت نابینا و شەلەکان ڕێگات لێ دەگرن.» وا بیریان کردەوە: «داود ناتوانێت بێت بۆ ئێرە.» بەڵام داود دەستی بەسەر قەڵای سییۆندا[f] گرت، کە ئێستا بە شاری داود ناسراوە.

جا لەو ڕۆژەدا داود گوتی: «هەرکەسێک سەربکەوێت بۆ بەزاندنی یەبوسییەکان، دەبێت بگاتە کارێزەکە و ئەو شەل و کوێرانە بکوژێت کە ناحەزی داودن[g].» هەر لەبەر ئەوە دەڵێن: «”نابینا و شەل“ نایەنە ناو کۆشکەکەوە.»

پاشان داود لە قەڵاکە نیشتەجێ بوو، ناوی لێنا شاری داود، چواردەورەکەی بنیاد نا، لە تەلانەکانەوە[h] بەرەو ناوەوە. 10 هەروەها داود هەتا دەهات مەزنتر دەبوو، یەزدانی پەروەردگاری سوپاسالاریش لەگەڵی بوو.

11 پاشان حیرامی پاشای هەرێمی سور چەند نێردراوێکی بۆ لای داود نارد لەگەڵ داری ئورز و دارتاش و نەقاڕ، کۆشکێکیان بۆ داود دروستکرد. 12 ئینجا داود زانی کە یەزدان وەک پاشای ئیسرائیل جێگیری کردووە، پاشایەتییەکەشی لە پێناوی ئیسرائیلی گەلەکەیدا پایەدار کردووە.

13 هەروەها داود پاش ئەوەی لە حەبرۆنەوە هاتە ئۆرشەلیم چەند کەنیزە و ژنێکی دیکەی هێنا، ئینجا کوڕ و کچی دیکەی داود لەدایک بوون. 14 ئەمەش ناوی ئەو منداڵانەیەتی کە لە ئۆرشەلیم لەدایک بوون: شەموع، شۆڤاڤ، ناتان، سلێمان، 15 ئیڤحار، ئەلیشوع، نەفەگ، یافیع، 16 ئەلیشاماع، ئەلیاداع و ئەلیفەلەت.

بەزاندنی فەلەستییەکان

17 کاتێک فەلەستییەکان بیستیانەوە کە داود بە پاشای ئیسرائیل دەستنیشانکراوە، هەموو فەلەستییەکان بۆ گەڕان بەدوای داود سەرکەوتن، بەڵام کاتێک داود ئەمەی بیستەوە دابەزی بۆ ناو قەڵاکە. 18 فەلەستییەکان هاتبوون و لە دۆڵی ڕفایم بڵاو ببوونەوە. 19 داودیش پرسیاری لە یەزدان کرد و گوتی: «ئایا بچم بۆ پەلاماردانی فەلەستییەکان؟ ئایا دەیاندەیتە دەستم؟»

یەزدانیش بە داودی فەرموو: «بڕۆ، چونکە بێگومان دەیاندەمە دەستت.»

20 داود چوو بۆ بەعل‌پراچیم و لەوێ ئەوانی بەزاند، گوتی: «یەزدان دڕی بە دوژمنەکانم دا، وەک دڕپێدادانی ئاو.» لەبەر ئەوە ئەو شوێنە بە بەعل‌پراچیم ناو برا.[i] 21 هەروەها فەلەستییەکان لەوێدا بتەکانیان بەجێهێشت، داود و پیاوەکانیشی لایان بردن.

22 ئینجا دووبارە فەلەستییەکان سەرکەوتنەوە و لە دۆڵی ڕفایم بڵاو بوونەوە. 23 داودیش پرسیاری لە یەزدان کرد، ئەویش فەرمووی: «سەرمەکەوە، بەڵکو بسووڕێوە بۆ پشتیان و بەرامبەر بە دار بەلسەمەکان پەلاماریان بدە. 24 کاتێک لەسەر دار بەلسەمەکانەوە گوێت لە دەنگی پێ بوو، لەو کاتەدا وریابە، چونکە یەزدان بۆ لێدانی ئۆردوگای فەلەستییەکان لەپێشتەوە ڕۆیشتووە.» 25 داودیش هەروەک یەزدان فەرمانی پێ کرد ئاوای کرد، لە گبعۆنەوە هەتا گەزەر لە فەلەستییەکانی دا.

لۆقا 14:25-35

ئەوەی لە قوتابییان داوادەکرێ

25 خەڵکێکی زۆر لەگەڵ عیسا دەڕۆیشتن بە ڕێگادا، ئاوڕی دایەوە و پێی گوتن: 26 «ئەگەر یەکێک بێتە لام و ڕقی[a] لە دایک و باوکی، ژن و منداڵی، برا و خوشکەکانی نەبێتەوە، بگرە لە خۆشی، ناتوانێت ببێتە قوتابی من. 27 ئەوەی خاچەکەی هەڵنەگرێت و دوام نەکەوێت، ناتوانێت ببێتە قوتابی من.

28 «کێ لە ئێوە ئەگەر بیەوێت قوللەیەک دروستبکات، یەکەم جار دانانیشێت و خەرجییەکەی ناخەمڵێنێت، ئاخۆ ئەوەندەی هەیە بۆ تەواوکردنی؟ 29 نەوەک بناغەکەی دابنێت و نەتوانێت تەواوی بکات، ئەوسا هەموو ئەوانەی دەیبینن گاڵتەی پێ دەکەن، 30 دەڵێن: ”ئەم پیاوە دەستی پێکرد بینا بکات و نەیتوانی تەواوی بکات.“

31 «یان چ پاشایەک دەچێتە شەڕی پاشایەکی دیکە و یەکەم جار دانانیشێت و ڕاوێژ ناکات، ئایا بە دە هەزار کەسەوە دەتوانێت بەرەنگاری ئەوە ببێتەوە کە بە بیست هەزارەوە دێتە سەری؟ 32 ئەگینا خۆ تاکو دوورە، شاندێکی بۆ دەنێرێت و داوای ئاشتی دەکات. 33 بەم شێوەیە، هەر یەکێکتان ئەگەر واز لە هەموو شتێک نەهێنێت کە هەیەتی، ناتوانێت ببێتە قوتابی من.

نموونەی خوێ

34 «خوێ باشە، بەڵام ئەگەر سوێرییەکەی نەما، بە چی سوێر دەکرێتەوە؟ 35 ئەوسا نە بەکەڵکی زەوی دێت و نە بەکەڵکی پەیین دێت، بەڵکو فڕێدەدرێتە دەرەوە.

«ئەوەی گوێی بۆ بیستن هەیە، با ببیستێت.»

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.