Old/New Testament
داود و نابال و ئەبیگایل
25 ئەوە بوو ساموئێل مرد، هەموو ئیسرائیل کۆبوونەوە و شیوەنیان بۆ گێڕا، لە ماڵەکەی خۆیدا لە ڕامە ناشتیان.
دوای ئەوە داود هەستا و بەرەو چۆڵەوانی ماعۆن دابەزی. 2 پیاوێک هەبوو لە ماعۆن موڵک و ماڵی لە کەرمەل[a] بوو. زۆر دەوڵەمەند بوو، سێ هەزار سەر مەڕ و هەزار سەر بزنی هەبوو، لە کەرمەل دەیبڕینەوە. 3 پیاوەکە ناوی نابال بوو، ئەبیگایلی ژنی تێگەیشتوو و ڕوخسار جوان بوو، بەڵام پیاوەکە کە لە خێڵی کالێبی بوو، دڵڕەق و بەد ڕەفتار بوو.
4 داود لە چۆڵەوانییەوە بیستی کە نابال مەڕەکانی دەبڕێتەوە، 5 دە خزمەتکاری نارد و پێی گوتن: «سەربکەون بۆ کەرمەل و بڕۆن بۆ لای نابال و بە ناوی منەوە سڵاوی لێ بکەن، 6 ئاوا بڵێن: ”تەمەن درێژ بیت، خۆت و خاووخێزانت سەلامەت بن و هەرچیت هەیە سەلامەت بێت!
7 «”ئێستا بیستوومە کە لەلای ئێوە کاتی بڕینەوەی مەڕەکانە. بە درێژایی ئەو ماوەیەی شوانەکانت لەگەڵ ئێمە لە کەرمەل بوون ئازارمان نەدان و هیچیان لێ بزر نەبوو. 8 لە خزمەتکارەکانی خۆت بپرسە و ئەوان پێت دەڵێن. لەبەر ئەوە با ئەو خزمەتکارانەم پەسەند بن لەلات. لەبەر ئەوەی لە ڕۆژێکی چاکدا هاتووین، ئەوەی لە دەستت دێت بیدە خزمەتکارەکانت و داودی کوڕت.“»
9 کاتێک خزمەتکارەکان هاتن و بە ناوی داودەوە تەواوی ئەم پەیامەیان بە نابال ڕاگەیاند، چاوەڕێیان کرد.
10 نابالیش وەڵامی خزمەتکارەکانی داودی دایەوە و گوتی: «داود کێیە و کوڕی یەسا کێیە؟ لەم ڕۆژانەدا ئەو خزمەتکارانە زۆر بوون کە هەریەکە و لەبەردەم گەورەکەی هەڵدێت. 11 ئایا نان و ئاو و ئەو ئاژەڵانەی سەرم بڕییوە بۆ ئەوانەی خوری مەڕەکانم دەبڕنەوە، بیبەم و بیدەمە خەڵکێک کە نازانم خەڵکی کوێن؟»
12 جا خزمەتکارەکانی داود بە ڕێگاکەیاندا گەڕانەوە، هاتن و هەموو ئەو قسانەیان پێی ڕاگەیاند. 13 داودیش بە پیاوەکانی گوت: «با هەریەکە و شمشێرەکەی لە خۆی ببەستێت!» جا هەریەکە و شمشێرەکەی لە خۆی بەست، داودیش شمشێرەکەی لە خۆی بەست. نزیکەی چوار سەد پیاو بەدوای داودەوە سەرکەوتن، دوو سەد کەسیش لەلای کەلوپەلەکان مانەوە.
14 یەکێک لە خزمەتکارەکان بە ئەبیگایلی ژنی نابالی ڕاگەیاند و گوتی: «داود چەند نێردراوێکی لە چۆڵەوانییەوە نارد بۆ سڵاوکردن لە گەورەمان، ئەویش بەڕوویاندا تەقییەوە، 15 ئەو پیاوانەش چاکەی زۆریان بۆمان بووە و ئەزیەتیان نەداوین، بە درێژایی ئەو ماوەیەی کە لە کێڵگە لەگەڵیاندا بووین هیچمان لێ بزر نەبووە. 16 هەموو ئەو ماوەیەی کە لەگەڵیان بووین و مەڕمان دەلەوەڕاند، شەو و ڕۆژ شوورای دەورمان بوون. 17 ئێستاش بزانە و ببینە چی دەکەیت، چونکە بۆ گەورەمان و بۆ ماڵەکەی کارەسات بەڕێوەیە، گەورەمان کابرایەکی بەدفەڕە و قسەی لەگەڵدا ناکرێت.»
18 ئەبیگایلیش بە پەلە دوو سەد نان و دوو مەشکە شەراب و پێنج مەڕی کەوڵکراو و پێنج پێوانە[b] دانەوێڵەی برژاو و سەد هێشووە کشمیش و دوو سەد نانە هەنجیری برد و لە گوێدرێژەکانی بارکرد، 19 بە خزمەتکارەکانی گوت: «لەپێشمەوە بڕۆن، منیش وا لە دواتانەوە دێم.» بەڵام بە نابالی مێردی نەگوت.
20 کاتێک بە سواری گوێدرێژەکە دەڕۆیشت و بەناو شیوەکەدا دەهاتە خوارەوە، بینی وا داود و پیاوەکانی بەرەو ڕووی دێنە خوارەوە، چاوی پێیان کەوت. 21 داودیش قسەی دەکرد و دەیگوت: «بێ سوود هەموو شتەکانی ئەو پیاوەم لە چۆڵەوانیدا پاراست و لە هەموو ئەوەی هی ئەو بوو هیچ بزر نەبوو، کەچی لە جیاتی چاکە خراپەم دەداتەوە. 22 با خودا توندترین سزای داود بدات، ئەگەر هەتا بەرەبەیان نێرینەم هێشتەوە لە هەموو ئەوەی هی ئەوە!»
23 کاتێک ئەبیگایل داودی بینی، بە پەلە لە گوێدرێژەکە دابەزی و لەبەردەم داود لەسەر ڕوو کەوت، کڕنۆشی برد، 24 خۆی فڕێدا بەرپێی و گوتی: «گەورەم، ئەم تاوانە با لەسەر من بێت، با کارەکەرەکەت پێت بڵێت و گوێ لە قسەکانی بگرە. 25 تکایە با گەورەم دڵی خۆی بە نابالەوە خەریک نەکات، ئەو پیاوە بەدفەڕە، چونکە ناوی بە خۆیەوەیە، ناوی نابالە و گێلایەتی لەلای ئەوە. بەڵام من کارەکەری تۆم و ئەو خزمەتکارانەی تۆم نەبینی کە ناردبووتن.
26 «ئێستاش گەورەم، بە یەزدانی زیندوو و بە گیانی خۆت، یەزدان کە ڕێگای لێ گرتوویت لە خوێنڕشتن و تۆڵەسەندنەوە بە دەستی خۆت، ئێستا با دوژمنەکانت وەک نابالیان لێ بێت لەگەڵ هەموو ئەوانەی داوای خراپەت بۆ دەکەن. 27 ئێستاش ئەم دیارییەی کارەکەرەکەت هێناویەتی بۆ گەورەم، با بدرێتە ئەو خزمەتکارانە کە لەدوای گەورەمەوە دەڕۆن.
28 «هەروەها لە تاوانی کارەکەرەکەت خۆشبە، لەبەر ئەوە بێگومان یەزدان بنەماڵەیەکی چەسپاو بۆ گەورەکەم دروستدەکات، چونکە گەورەکەم لە پێناوی یەزدان دەجەنگێت. با بە درێژایی ژیانت خراپەت تێدا بەدی نەکرێت. 29 ئەگەر پیاوێک ڕاست بێتەوە و ڕاوت بنێت و بیەوێ بتکوژێت، یەزدانی پەروەردگارت ژیانی گەورەم لەگەڵ چەپکی ژیان دەپێچێتەوە، ژیانی دوژمنانیشت لەناو لەپی بەردەقانییەوە تووڕ دەدرێن[c]. 30 هەروەها کاتێک کە یەزدان هەموو ئەو چاکەیەی سەبارەت بە تۆ فەرموویەتی دەیکات، دەتکاتە فەرمانڕەوای ئیسرائیل، 31 با ئەمە نەبێتە بارێکی گران و کۆسپ لەسەر دڵی گەورەم، کە بڵێن خوێنێکی بەخۆڕاییت ڕشتووە، هەروەها گەورەم بە دەستی خۆی تۆڵەی خۆی کردووەتەوە. جا کە یەزدان چاکەی لەگەڵ گەورەمدا کرد، کارەکەرەکەت لەبیر بێت.»
32 داودیش بە ئەبیگایلی گوت: «ستایش بۆ یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل، ئەوەی ئەمڕۆ تۆی ناردووە بۆ پێشوازیکردنم. 33 هەروەها ژیریت بەرەکەتدار بێت، بەرەکەتدار بیت کە ئەمڕۆ منت گەڕاندەوە لە خوێنڕشتن و تۆڵەسەندنەوە بە دەستی خۆم. 34 بە یەزدانی زیندوو، خودای ئیسرائیل، ئەوەی نەیهێشت خراپەت لەگەڵ بکەم، ئەگەر بە پەلە بەپیرمەوە نەدەهاتیت، هەتا ڕووناکی بەرەبەیان نێرێکم بۆ نابال نەدەهێشتەوە.»
35 ئینجا ئەوەی بۆی هێنابوو داود لە دەستی وەرگرت و پێی گوت: «بە سەلامەتی سەربکەوە بۆ ماڵەکەت و ببینە من گوێم لێ گرتیت و داواکارییەکەی تۆم بەجێهێنا.»
36 پاشان ئەبیگایل هاتەوە لای نابال، بینی ئەوەتا لە ماڵەکەیدا خوان ئامادەکراوە وەک خوانی پاشا، نابال دڵخۆشە و زۆر سەرخۆش بووە. ئینجا هەتا ڕووناکی بەرەبەیان، نە کەم و نە زۆر هیچ شتێکی بۆ نەگێڕایەوە. 37 ئەوە بوو بۆ بەیانی کاتێک سەرخۆشییەکە نابالی بەردا، ژنەکەی ئەو قسانەی بۆ گێڕایەوە، جا تووشی شۆک بوو، وەک بەردی لێ هات. 38 ئیتر نزیکەی دوای دە ڕۆژ یەزدان لە نابالی دا و مرد.
39 کاتێک داود بیستییەوە کە نابال مردووە، گوتی: «ستایش بۆ یەزدان کە لە کێشەکەم دادپەروەری بۆ کردم، لەو سووکایەتییەی لەلایەن نابالەوە پێم کرا، بەندەکەی لە خراپەکردن پاراست، یەزدان خراپەکەی نابالی بەسەر خۆیدا هێنایەوە.»
ئینجا داود ناردی و لەگەڵ ئەبیگایل قسەی کرد هەتا ببێتە ژنی. 40 جا خزمەتکارەکانی داود هاتنە کەرمەل بۆ لای ئەبیگایل و پێیان گوت: «داود ئێمەی بۆ لات ناردووە هەتا بتکاتە ژنی خۆی.»
41 ئەویش هەستا و کڕنۆشی برد و سەری خستە سەر زەوی، گوتی: «ئەوەتا کارەکەرەکەت کەنیزەیە بۆ شوشتنی پێی خزمەتکارەکانی گەورەم.» 42 بە پەلە هەستا و سواری گوێدرێژێک بوو، پێنج کچە کارەکەریش لەگەڵ پێیدا ڕۆیشتن و دوای نێردراوەکانی داود کەوت و بوو بە ژنی. 43 هەروەها داود پێشتر ئەحینۆعەمی یەزرەعیلی هێنابوو، جا هەردووکیان ژنی بوون. 44 شاولیش میخەلی کچی کە ژنی داود بوو، دابوویە پەلتیێلی کوڕی لایش کە خەڵکی گەلیم بوو.
بۆ جاری دووەم داود، شاول دەبەخشێت
26 زیفییەکان هاتنە گیڤعا بۆ لای شاول و گوتیان: «ئایا داود لە گردی حەکیلای بەرامبەر یەشیمۆن خۆی نەشاردووەتەوە؟»
2 شاولیش هەستا و دابەزی بۆ چۆڵەوانی زیف و سێ هەزار پیاوی هەڵبژاردەی ئیسرائیلیشی لەگەڵدا بوو، بۆ ئەوەی لە چۆڵەوانی زیف بەدوای داود بگەڕێت. 3 ئینجا شاول لە گردی حەکیلا کە بەرامبەر یەشیمۆنە لەسەر ڕێگاکە چادری هەڵدا، داودیش لە چۆڵەوانییەکەدا مایەوە. کاتێک بینی وا شاول بەدوایدا هاتووە بۆ چۆڵەوانی، 4 داود چەند سووسەکەرێکی[d] نارد و بە دڵنیاییەوە زانی کە شاول هاتووە.
5 ئینجا داود هەستا و چوو بۆ ئەو شوێنەی شاول چادری لێ هەڵداوە، داود سەیری ئەو شوێنەی کرد کە شاول و ئەبنێری کوڕی نێری فەرماندەی گشتی سوپاکەی تێیدا پاڵکەوتبوون. شاول لەناو ئۆردوگاکە پاڵکەوتبوو، سوپاکەش لە چواردەوریدا دامەزرابوون.
6 ئینجا داود لە ئەحیمەلەخی حیتی و لە ئەبیشەیی کوڕی چەرویای برای یۆئابی پرسی: «کێ لەگەڵمدا دێتە خوارەوە، بۆ لای شاول بۆ ناو ئۆردوگاکە؟»
ئەبیشەیش گوتی: «من لەگەڵتدا دێمە خوارەوە.»
7 ئیتر داود و ئەبیشەی بە شەو هاتن بۆ لای سوپاکە و بینییان شاول لەناو ئۆردوگاکە پاڵکەوتووە و نوستووە، ڕمەکەشی لەلای سەرییەوە لە زەوی چەقیبوو، ئەبنێر و سوپاکەش لە چواردەوریدا پاڵکەوتبوون. 8 ئەبیشەی بە داودی گوت: «ئەمڕۆ خودا دوژمنەکەتی داوە بەدەستەوە، ئێستاش لێمگەڕێ با بە یەک ڕم لێدان بە زەویدا بیچەقێنم و لێی دووبارە ناکەمەوە.»
9 بەڵام داود بە ئەبیشەی گوت: «لەناوی مەبە، چونکە کێ دەستی بۆ دەستنیشانکراوی یەزدان درێژکردووە و بێتاوان بووە؟»
10 هەروەها داود گوتی: «بە یەزدانی زیندوو، یان یەزدان خۆی لێی دەدات یان ڕۆژی دێت و دەمرێت، یانیش دەچێت بۆ جەنگ و تێیدا لەناودەچێت. 11 لەلایەن یەزدانەوە لە من بەدوور بێت کە دەست بۆ دەستنیشانکراوی یەزدان درێژ بکەم. ئێستاش ڕمەکە و گۆزە ئاوەکەی لای سەری بهێنە و با بڕۆین.»
12 ئیتر داود ڕمەکە و گۆزە ئاوەکەی لای سەری شاولی برد و ڕۆیشتن، کەس نەیبینی و نەیزانی و بەخەبەر نەهات. هەموویان نوستبوون، چونکە یەزدان ئەوانی خستبووە خەوێکی قووڵەوە.
13 پاشان داود بۆ بەری ئەوبەر پەڕییەوە و لە دوورەوە لەسەر لووتکەی کێوێک وەستا، ماوەی نێوانیان زۆر بوو. 14 ئینجا داود بانگی سوپاکە و ئەبنێری کوڕی نێری کرد و گوتی: «ئەبنێر وەڵام نادەیتەوە؟»
ئەبنێریش گوتی: «تۆ کێیت بانگی پاشا دەکەیت؟»
15 داود بە ئەبنێری گوت: «ئایا تۆ پیاو نیت، کێ لە ئیسرائیلدا وەک تۆ وایە؟ ئەی بۆچی پاشای گەورەی خۆتت نەپاراست، چونکە یەکێک لە گەل هات بۆ ئەوەی پاشای گەورەت لەناو ببات. 16 ئەوەی تۆ کردت باش نەبوو. بە یەزدانی زیندوو، ئێوە شایانی سزای مردنن، چونکە پارێزگاریتان لە گەورەکەتان نەکرد، لە دەستنیشانکراوی یەزدان. ئێستاش سەیر بکە، کوا ڕمەکەی پاشا و ئەو گۆزە ئاوەی کە لەلای سەرییەوە بوو؟»
17 لێرەدا شاول دەنگی داودی ناسییەوە و گوتی: «داود، کوڕم، ئەوە دەنگی تۆیە؟»
داودیش گوتی: «گەورەم، پاشا، دەنگی منە.» 18 ئینجا گوتی: «ئایا بۆچی گەورەم خزمەتکارەکەی ڕاو دەنێت، من چیم کردووە و چ خراپەیەکم هەیە؟ 19 ئێستاش با پاشای گەورەم گوێ لە قسەی خزمەتکارەکەی بگرێت: ئەگەر یەزدان لە دژی من هانی داویت، با پێشکەشکراوم لێ وەربگرێت؛ بەڵام ئەگەر ئادەمیزادیش هانی داویت، با لەبەردەم یەزدان نەفرەت لێکراو بن. ئەمڕۆ منیان لە هاتنە ناو ڕیزی بەشە میراتی یەزدان دەرکردووە، پێم دەڵێن: ”بڕۆ خودای دیکە بپەرستە.“ 20 با خوێنم دوور لە ئامادەبوونی یەزدان نەکەوێتە سەر زەوی، چونکە پاشای ئیسرائیل بەدوای کێچێکدا هاتووەتە دەرەوە، وەک یەکێک لە چیاکاندا کەوێک ڕاو بکات.»
21 شاولیش پێی گوت: «من گوناهم کرد، داود کوڕم، بگەڕێوە، ئیتر خراپەت لەگەڵ ناکەم، پاش ئەوەی ئەمڕۆ ژیانی من لەبەرچاوی تۆ بەهادار بوو، من گێلایەتیم کرد و زۆر گومڕا بووم.»
22 داودیش وەڵامی دایەوە و گوتی: «ئەوە ڕمەکەی پاشایە، با یەکێک لە خزمەتکارەکان بپەڕێتەوە و بیبات. 23 یەزدانیش پاداشتی هەر پیاوێک بەپێی ڕاستودروستی و دەستپاکییەکەی دەداتەوە، چونکە ئەمڕۆ یەزدان تۆی بەدەستمەوە دا، بەڵام نەمویست دەست بۆ دەستنیشانکراوی یەزدان درێژ بکەم. 24 وەک چۆن ئەمڕۆ ژیانت لەبەرچاوی من بەهادار بوو، با ژیانی منیش لەبەرچاوی یەزدان بەهادار بێت و لە هەموو تەنگانەیەک فریام بکەوێت.»
25 ئینجا شاول بە داودی گوت: «داود کوڕم، تۆ بەرەکەتداریت، چونکە تۆ کاری گەورە دەکەیت و سەردەکەویت.»
دوای ئەوە داود ڕێگای خۆی گرتەبەر، شاولیش بۆ شوێنەکەی خۆی گەڕایەوە.
32 «مەترسە ئەی مێگەلی بچووک، چونکە باوکتان خۆشحاڵە شانشینەکەتان بداتێ. 33 ئەوەی هەتانە بیفرۆشن و بە خێر بیبەخشن، بۆ خۆتان جزدانێک دابین بکەن کە نەفەوتێت، گەنجینەیەک لە ئاسمان کە لەبن نایەت، لەوێ نە دز لێی نزیک دەبێتەوە و نە مۆرانە لێی دەدات، 34 چونکە گەنجینەکەت لەکوێ بێت، دڵیشت لەوێ دەبێت.
نموونەی کۆیلە دەستپاکەکان
35 «با پشتێنتان بەستراو و چراتان هەڵکراو بێت، 36 وەک ئەوانە بن کە چاوەڕێی گەورەکەیان دەکەن تاکو لە شایی بگەڕێتەوە، کە هاتەوە و لە دەرگای دا، دەستبەجێ لێی بکەنەوە. 37 خۆزگە بەو کۆیلانە دەخوازرێت کە گەورە دێتەوە دەبینێت بەخەبەرن. ڕاستیتان پێ دەڵێم، گەورەکە ناوقەدی خۆی دەبەستێت و کۆیلەکان دادەنیشێنێت، دێت و خزمەتیان دەکات. 38 جا ئەگەر لە نیوەی شەودا یان نزیکی بەرەبەیان بێتەوە و ئەوان بەو شێوەیە ببینێت، خۆزگە بەو کۆیلانە دەخوازرێت. 39 بەڵام ئەوەش بزانن: ئەگەر گەورەی ماڵ بزانێت لە چ کاتژمێرێک دز دێتە سەری، نایەڵێت ماڵەکەی ببڕدرێت. 40 ئێوەش ئامادەبن، چونکە کوڕی مرۆڤ لە کاتێکدا دێتەوە کە بیری لێ ناکەنەوە.»
41 پەترۆس گوتی: «گەورەم، ئەم نموونەیە بە ئێمە دەڵێی یان بە هەمووان؟»
42 مەسیح فەرمووی: «ئەو سەرکارە دڵسۆز و ژیرە کێیە کە گەورە دەیکاتە چاودێری کۆیلەکانی تاکو لە کاتی خۆیدا بەشە خۆراکیان بداتێ؟ 43 خۆزگە دەخوازرێت بەو کۆیلەیە، ئەوەی کاتێک گەورەکەی دێتەوە دەبینێت ئاوا دەکات. 44 ڕاستیتان پێ دەڵێم: بەسەر هەموو ماڵەکەیەوە دایدەنێت. 45 بەڵام ئەگەر ئەم کۆیلەیە لە دڵی خۆیدا گوتی: ”گەورەکەم درەنگ دێتەوە،“ ئیتر دەست بکات بە لێدانی کۆیلە و کارەکەرەکانی دیکە، هەروەها بخوا و بخواتەوە و سەرخۆش بێت، 46 ئەوسا گەورەی ئەو کۆیلەیە لە ڕۆژێکدا دێتەوە کە چاوەڕێی ناکات و لە کاتژمێرێک کە نایزانێت، ئینجا پارچەپارچەی دەکات و بەشی لەگەڵ بێباوەڕان دەبێت.
47 «ئەو کۆیلەیەش کە خواستی گەورەکەی دەزانێت، ئامادە نابێت و بە خواستی ئەو ناکات، زۆری لێ دەدرێت. 48 بەڵام ئەوەی نازانێت و کردەوەکەی شایانی لێدانە، ئەوا کەمی لێ دەدرێ. ئەوەی زۆری دراوەتێ داوای زۆری لێ دەکرێت، ئەوەش زۆری لەلا دانراوە داوای زیاتری لێ دەکرێت.
عیسا و جیهان
49 «هاتووم تاکو ئاگر هەڵدەمە سەر زەوی، چەندە خوازیارم پێشوەخت گڕی گرتبێت! 50 بەڵام ئازارێکم[a] لە ڕێگایە و دەبێت پێیدا تێبپەڕم، چەند ناڕەحەتم هەتا تەواو دەبێت. 51 وادەزانن من هاتووم ئاشتی بهێنمە سەر زەوی؟ پێتان دەڵێم: نەخێر، بەڵکو دووبەرەکی. 52 لەمەودوا لە ماڵێکدا پێنجی تێدا دەبێت جیا دەبنەوە، سێ لە دوو و دوو لە سێ. 53 باوک لە کوڕ و کوڕ لە باوک، دایک لە کچ و کچ لە دایک، خەسوو لە بووک و بووک لە خەسوو جیا دەبنەوە.»
54 دیسان بە خەڵکەکەی فەرموو: «کاتێک هەورێک دەبینن لە ڕۆژئاواوە بەدەردەکەوێت، خێرا دەڵێن: ”بارانی بەدەمەوەیە،“ هەر بەو شێوەیەش دەبێت. 55 کاتێکیش بای باشوور هەڵدەکات، دەڵێن: ”گەرم دەبێت،“ ئاواش دەبێت. 56 ئەی دووڕووان، دەزانن ڕووی زەوی و ئاسمان بخوێننەوە، چۆن نازانن ئەم سەردەمە بخوێننەوە؟
57 «هەروەها بۆچی بۆ خۆتان بە ڕاستی حوکم نادەن؟ 58 کاتێک لەگەڵ ڕکابەرەکەت بە ڕێگاوەی بۆ لای دادوەر، لە ڕێگا هەوڵ بدە کێشەکەت لەگەڵی ببڕێنیتەوە، ئەگینا ڕاتدەکێشێتە لای دادوەر و دادوەریش دەتداتە دەست پۆلیس، پۆلیسیش فڕێتدەداتە بەندیخانە. 59 پێت دەڵێم: لەوێ دەرناچی هەتا دوایین فلس نەدەیتەوە.»
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.