Old/New Testament
شاول دەیەوێت داود بکوژێت
19 ئیتر شاول بە یۆناتانی کوڕی و هەموو خزمەتکارەکانی گوت کە داود بکوژن. بەڵام یۆناتانی کوڕی شاول لە دڵەوە داودی خۆشدەویست. 2 جا یۆناتان بە داودی ڕاگەیاند و گوتی: «شاولی باوکم دەیەوێ بتکوژێت. بەیانی ئاگات لە خۆت بێت و لە حەشارگەیەکدا بمێنەوە، خۆت بشارەوە. 3 منیش دەچم و لەتەنیشت باوکمەوە لەو کێڵگەیەدا ڕادەوەستم کە خۆتت تێیدا شاردووەتەوە، لەبارەی تۆوە قسە لەگەڵ باوکم دەکەم و تەماشا دەکەم بزانم چی دەبێت و پێتی ڕادەگەیەنم.»
4 ئینجا یۆناتان بە چاکە دەربارەی داود بۆ شاولی باوکی قسەی کرد و گوتی: «با پاشا خراپەیەک دەرهەق بە داودی خزمەتکاری خۆی نەکات، چونکە ئەو خراپەی دەرهەق بە تۆ نەکردووە و کارەکانیشی دەرهەق بە تۆ زۆر چاکن. 5 ئەو ژیانی خۆی خستە سەر دەستی و فەلەستییەکەی کوشت، یەزدانیش ڕزگارییەکی گەورەی بۆ هەموو ئیسرائیل هێنایە ئاراوە، تۆ خۆت بینیت و دڵخۆش بوویت، ئیتر بۆچی خراپە دەرهەق بە خوێنی بێتاوانێک دەکەیت، بەبێ هۆ داود دەکوژیت؟»
6 شاولیش گوێی لە دەنگی یۆناتان گرت، شاول سوێندی خوارد: «بە یەزدانی زیندوو، داود ناکوژرێت.»
7 ئینجا یۆناتان داودی بانگکرد و هەموو ئەو قسانەی پێ ڕاگەیاند، یۆناتان داودی هێنایەوە لای شاول و ئیتر وەک جاران لەبەردەمیدا بوو.
8 جارێکی دیکە جەنگ هەڵگیرسا و داود چوو لە دژی فەلەستییەکان بجەنگێت، گورزێکی گەورەی لێ وەشاندن و لەبەردەمی هەڵاتن.
9 بەڵام کاتێک شاول لە ماڵەوە دانیشتبوو و ڕمێکی بەدەستەوە بوو، دیسان ڕۆحێکی بەد لەلایەن یەزدانەوە هاتەوە سەری. کاتێک داود قیسارەکەی دەژەند، 10 شاول ویستی بە ڕمەکەی لە داود بدات و بە دیوارەکەوە هەڵیبواسێت، بەڵام ئەو لەبەردەم شاولدا هەڵات، جا لە دیوارەکەی دا و داودیش هەڵات و ئەو شەوە دەرباز بوو.
11 پاشان شاول چەند نێردراوێکی بۆ ماڵی داود نارد هەتا چاودێری بکەن و لە بەیانیدا بیکوژن. بەڵام میخەلی ژنی پێی ڕاگەیاند و گوتی: «ئەگەر ئەمشەو دەرباز نەبیت، بۆ سبەینێ کوژراویت.» 12 ئیتر میخەل داودی لە پەنچەرەکەوە شۆڕکردەوە، ئەویش ڕۆیشت، ڕایکرد و دەرباز بوو. 13 پاشان میخەل پەیکەرێکی برد و خستییە ناو جێگاکەیەوە، هەندێک مووی بزنیشی لە جێی سەری دانا و بە جلوبەرگ دایپۆشی.
14 شاولیش چەند نێردراوێکی نارد هەتا داود بگرن، میخەلیش گوتی: «نەخۆشە.»
15 ئینجا شاول چەند نێردراوێکی بۆ بینینی داود نارد و گوتی: «بە جێگاکەیەوە بۆ منی بهێنن هەتا بیکوژم.» 16 بەڵام کاتێک نێردراوەکان هاتنە ژوورەوە، تەماشایان کرد ئەوەتا پەیکەرێک لەناو جێگاکەیە و هەندێک مووی بزنیش لە جێی سەرییەتی.
17 جا شاول بە میخەلی گوت: «بۆچی ئاوا هەڵتخەڵەتاندم، دوژمنەکەی منت بەڕەڵا کرد و دەرباز بوو؟»
میخەلیش بە شاولی گوت: «ئەو پێی گوتم: ”ئەگەر بەڕەڵام نەکەی دەتکوژم.“»
18 کاتێک داود ڕایکرد و دەرباز بوو، چوو بۆ لای ساموئێل لە ڕامە، هەموو ئەوەی شاول پێی کردبوو پێی ڕاگەیاند. ئینجا داود لەگەڵ ساموئێل چوون و لە نایۆت مانەوە. 19 جا بە شاول ڕاگەیەنرا و گوترا: «داود وا لە نایۆتە لە ڕامە.» 20 شاولیش چەند نێردراوێکی نارد بۆ گرتنی داود، کاتێک کۆمەڵی پێغەمبەرانیان بینی حاڵیان گرتووە و ساموئێلیش وەک سەرۆک بەسەریانەوە ڕاوەستاوە، ڕۆحی خودا بەسەر نێردراوەکانی شاولیشدا هات و ئەوانیش حاڵیان گرت. 21 ئەمەیان بە شاول ڕاگەیاند، ئەویش چەند نێردراوێکی دیکەی نارد، هەروەها ئەوانیش حاڵیان گرت. ئینجا بۆ جاری سێیەم چەند نێردراوێکی نارد و ئەوانیش حاڵیان گرت. 22 ئینجا خۆی چوو بۆ ڕامە، گەیشتە ئەمباراوە گەورەکە، ئەوەی لە سەخویە، پرسیاری کرد: «ساموئێل و داود لەکوێن؟»
پێی گوترا: «لە نایۆتن، لە شارۆچکەی ڕامە.»
23 جا شاول چوو بۆ ئەوێ، بۆ نایۆت لە ڕامە. تەنانەت ئەویش ڕۆحی خودا هاتە سەری و بە ڕۆیشتنەوە حاڵی گرت هەتا گەیشتە نایۆت. 24 جلەکانی لەبەر خۆی داکەند و ئەویش لەبەردەم ساموئێل حاڵی گرت، بە درێژایی ئەو شەو و ڕۆژە بە ڕووتی خۆی دا بە زەویدا. لەبەر ئەوەیە دەڵێن، «ئایا شاولیش لەنێو پێغەمبەرەکانە؟»
داود و یۆناتان
20 پاشان داود لە نایۆتی ڕامەوە ڕایکرد، چووە بەردەم یۆناتان و لێی پرسی: «چیم کردووە و تاوانم چییە، چ گوناهێکم بەرامبەر بە باوکت کردووە، هەتا بمکوژێت؟»
2 یۆناتانیش وەڵامی دایەوە: «لە تۆ بەدوور بێت، نامریت! ئەوەتا باوکم هیچ شتێکی گەورە یان بچووک ناکات هەتا پێم نەڵێت، ئیتر بۆچی باوکم ئەمەم لێ بشارێتەوە؟ نەخێر وا نییە.»
3 داودیش سوێندی خوارد: «باوکت باش دەزانێت کە تۆ منت خۆشدەوێت، لەبەر ئەوە وا بیر دەکاتەوە و دەڵێت: ”با یۆناتان بەم کارە نەزانێت نەوەک خەفەت بخوات.“ بەڵام بە یەزدانی زیندوو و بە گیانی تۆ، نێوان من و مەرگ تەنها هەنگاوێکە.»
4 یۆناتانیش بە داودی گوت: «هەرچی دەڵێیت ئەوەت بۆ دەکەم.»
5 داود بە یۆناتانی گوت: «سەیر بکە، سبەینێ جەژنی سەرەمانگە، دەبێت منیش بۆ نانخواردن لەگەڵ پاشا دانیشم، بەڵام تۆ ڕێگام پێبدە بڕۆم و منیش هەتا ئێوارەی ڕۆژی سێیەم لەناو کێڵگەکەدا خۆم دەشارمەوە. 6 ئەگەر باوکت بەسەری کردمەوە، پێی بڵێ: ”داود بە پەرۆشەوە داوای لێکردم هەتا بە پەلە بچێتە بێتلەحمی شارەکەی خۆی، چونکە لەوێ قوربانی ساڵانە بۆ هەموو خێڵەکەی سەردەبڕدرێت.“ 7 ئەگەر گوتی: ”باشە،“ ئەوا خزمەتکارەکەت سەلامەت دەبێت. بەڵام ئەگەر زۆر تووڕە بوو ئەوا بزانە نیازی خراپە. 8 کەواتە بە باشی هەڵسوکەوت لەگەڵ خزمەتکارەکەتدا بکە، چونکە تۆ لەبەردەم یەزدان منت خستووەتە ناو پەیمانێکەوە. ئەگەر تاوانێک لە مندا هەبێت، ئەوا خۆت بمکوژە، ئیتر بۆچی دەمدەیتە دەستی باوکت؟»
9 یۆناتانیش گوتی: «لە تۆ بەدوور بێت، چونکە ئەگەر بەڕاستی بمزانیایە باوکم بەرامبەر بە تۆ نیازی خراپە، ئایا پێم ڕانەدەگەیاندیت؟»
10 داودیش لە یۆناتانی پرسی: «ئەگەر باوکت بە ڕەقی وەڵامی دایتەوە، کێ پێم ڕادەگەیەنێت؟»
11 یۆناتانیش بە داودی گوت: «وەرە با بچینە دەرەوە بۆ کێڵگەکە.» جا هەردووکیان پێکەوە چوون.
12 ئینجا یۆناتان بە داودی گوت: «بە یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل، سبەینێ یان دوو سبەی وەک ئەم کاتە دەمی باوکم تاقی دەکەمەوە، جا ئەگەر بۆ تۆ باش بوو، ئەوا هەواڵت بۆ دەنێرم و ئاگادارت دەکەمەوە. 13 بەڵام ئەگەر باوکم نیازی خراپەی لەگەڵ تۆ هەبوو، با یەزدان توندترین سزای یۆناتان بدات، ئەگەر بۆت ئاشکرا نەکەم و بە سەلامەتی بەڕێت نەکەم. با یەزدان لەگەڵتدا بێت وەک چۆن لەگەڵ باوکم بوو. 14 بە درێژایی ژیانم خۆشەویستی نەگۆڕی یەزدانم نیشان بدە بۆ ئەوەی نەمرم، 15 بەڵکو هەتاهەتایە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت لەگەڵ بنەماڵەکەم مەبڕە، تەنانەت هەتا ئەو کاتەش کە یەزدان هەموو دوژمنەکانی داود لەسەر زەوی دەبڕێتەوە.»
16 جا یۆناتان پەیمانی لەگەڵ بنەماڵەی داود بەست و گوتی: «با یەزدان لێپرسینەوە لەگەڵ دوژمنەکانی داود بکات.» 17 یۆناتان سوێندەکەی بە داود دووپات کردەوە کە ئەوی خۆشدەوێت، چونکە وەک خۆی خۆشی دەویست.
18 پاشان یۆناتان بە داودی گوت: «سبەینێ جەژنی سەرەمانگە، دەربارەی تۆ پرسیار دەکەن، چونکە جێگات بەتاڵ دەبێت. 19 دوو سبەی بە خێرایی دابەزە و بڕۆ بۆ ئەو شوێنەی کە پێشتر لە ڕۆژی کارەکەدا خۆتت تێیدا شاردەوە[a]، لەلای گابەردی ئەزەل دابنیشە. 20 منیش سێ تیر دەگرمە تەنیشتی بەردەکە وەک ئەوەی بیگرمە نیشانێک. 21 ئینجا کوڕێک دەنێرم و دەڵێم: ”بڕۆ ئەو تیرانە بدۆزەوە.“ ئەگەر بە کوڕەکەم گوت: ”ئەوەتا تیرەکان لەولاتەوەن، بیانهێنە،“ تۆ وەرە، بە یەزدانی زیندوو، سەلامەت دەبیت و هیچ مەترسییەک نییە. 22 بەڵام ئەگەر بە کوڕەکەم گوت: ”ئەوەتا تیرەکان لەو بەرتن،“ ئەوا بڕۆ، چونکە یەزدان بەڕێی کردوویت. 23 ئەو قسەیەش کە من و تۆ کردمان، ئەوەتا یەزدان هەتاهەتایە لەنێوان من و تۆدا شایەتە.»
24 داود خۆی لە کێڵگەکەدا شاردەوە، کاتێک جەژنی سەرەمانگ هات، پاشا بۆ نانخواردن لەسەر خوان دانیشت. 25 پاشا وەک هەموو جارێک لە شوێنەکەی خۆی لەلای دیوارەکەوە لە بەرامبەر یۆناتان دانیشت، ئەبنێریش لەتەنیشت شاولەوە دانیشت، بەڵام جێگای داود بەتاڵ بوو. 26 لەو ڕۆژەدا شاول هیچی نەگوت، چونکە وا بیری کردەوە: «لەوانەیە شتێک بەسەر داود هاتبێت، لەشی پاک نەبێت، دیارە لەشی پاک نییە.» 27 ئەوە بوو بۆ سبەینێ لە دووی مانگیشدا جێگای داود هەر بەتاڵ بوو، شاولیش بە یۆناتانی کوڕی گوت: «بۆچی نە دوێنێ و نە ئەمڕۆ، کوڕەکەی یەسا نەهاتووە بۆ نانخواردن؟»
28 یۆناتانیش وەڵامی شاولی دایەوە: «داود بە پەرۆشەوە داوای لێکردم بچێت بۆ بێتلەحم و 29 گوتی: ”تکایە ڕێم بدە، چونکە لە شارۆچکەکەدا قوربانی سەربڕاوی خێڵەکەمان هەیە و براکەم فەرمانی پێ کردووم، جا ئێستا ئەگەر جێی ڕەزامەندیتم، تکایە ڕێم بدە با براکانم ببینم،“ لەبەر ئەوە نەهاتووە بۆ خوانی پاشا.»
30 ئینجا شاول زۆر لە یۆناتان تووڕە بوو و پێی گوت: «هەی کوڕی ژنە خواروخێچ و یاخیبووەکە! بۆ من نازانم؟ دۆستایەتیت لەگەڵ کوڕەکەی یەسا شەرمەزاری دێنێتە سەر خۆت و داوێنی دایکت. 31 هەتا کوڕەکەی یەسا لەسەر زەوی زیندوو بێت، نە خۆت و نە پاشایەتییەکەت جێگیر نابن. ئێستاش بنێرە و با بۆ منی بهێنن، چونکە پێویستە بمرێت!»
32 یۆناتانیش وەڵامی شاولی باوکی دایەوە: «بۆچی دەبێت بکوژرێت؟ چی کردووە؟» 33 بەڵام شاول ڕمەکەی تێگرت بۆ ئەوەی بیکوژێت. بەم کارە یۆناتان زانی کە باوکی سوورە لەسەر کوشتنی داود.
34 جا یۆناتان زۆر بە تووڕەیی لەسەر خوانەکە هەستا و لە ڕۆژی دووەمی مانگدا هیچی نەخوارد، چونکە دڵتەنگ بوو بۆ داود، لەبەر ئەوەی باوکی شەرمەزاری کرد.
35 بۆ بەیانی یۆناتان بۆ دیدەنی داود بەرەو کێڵگە چوو، کوڕێکی بچووکیشی لەگەڵ بوو. 36 بە کوڕەکەی گوت: «ڕابکە ئەو تیرانە بدۆزەرەوە کە من دەیانهاوێژم.» لەو کاتەدا کە کوڕەکە ڕایدەکرد، تیرێکی هاویشت و لەوی تێپەڕاند. 37 کاتێک کوڕەکە گەیشتە شوێنی تیرەکە کە یۆناتان هاویشتبووی، جا یۆناتان هاواری لێکرد: «ئەوە تیرەکە نییە، لەوبەری تۆ، لە سەرەوە؟» 38 ئینجا یۆناتان هاواری لە کوڕەکە کرد: «خێرا بکە، پەلە بکە، مەوەستە!» کوڕەکەش تیرەکەی هەڵگرتەوە و بۆ لای گەورەکەی گەڕایەوە. 39 کوڕەکەش هیچی نەدەزانی، بەڵام یۆناتان و داود تێدەگەیشتن. 40 ئینجا یۆناتان چەکەکەی بە خزمەتکارەکەی خۆی دا و پێی گوت: «بڕۆ بیبەوە بۆ شار.»
41 کوڕەکە ڕۆیشت و داودیش لەلای باشووری گابەردەکەوە هەستا، سێ جار لەبەردەم یۆناتان کڕنۆشی برد و لەسەر ڕوو کەوت. ئینجا یەکتریان ماچکرد و پێکەوە گریان، بەڵام داود زیاتر گریا.
42 جا یۆناتان بە داودی گوت: «بە سەلامەتی بڕۆ، چونکە ئێمە هەردووکمان سوێندمان بە ناوی یەزدان خواردووە و گوتوومانە: ”یەزدان بۆ هەتاهەتایە لەنێوان من و تۆ و نەوەکانمان شایەت بێت.“» ئینجا داود هەستا و ڕۆیشت، یۆناتانیش گەڕایەوە شار.
داود لە شاری نۆڤ
21 داود هاتە نۆڤ بۆ لای ئەحیمەلەخی کاهین، ئەحیمەلەخ کە داودی بینی شڵەژا و پێی گوت: «بۆ بە تەنهایت و کەست لەگەڵ نییە؟»
2 داودیش وەڵامی ئەحیمەلەخی کاهینی دایەوە: «پاشا فەرمانی ئەرکێکی پێکردووم، پێی گوتم: ”نابێت کەس هیچ شتێک لەبارەی ئەم ئەرکەوە بزانێت کە من تۆی بۆ دەنێرم و پێم سپاردوویت.“ لەگەڵ پیاوەکانیشم شوێنێکم بۆ دیاری کردوون کە چاویان پێم بکەوێت، 3 ئێستاش چیت لەبەردەستە؟ پێنج نان یان ئەوەی هەیە بمدەرێ.»
4 کاهینەکەش وەڵامی داودی دایەوە: «نانی ئاساییم لەلا دەستناکەوێت، بەڵام نانی پیرۆز[b] هەیە، بە مەرجێک پیاوەکان خۆیان پاراستبێت لە ژنان[c].»
5 داودیش وەڵامی کاهینەکەی دایەوە: «بێگومان ژنمان لێ قەدەغەکراوە، وەک هەموو جارێک کە بۆ ئەرکێک چووبم، قاپوقاچاغەکانی پیاوەکانم پیرۆزن، تەنانەت ئەگەر ئەرکەکەش ئاسایی بووبێت، ئایا دەبێت ئەمڕۆ قاپوقاچاغەکانیان چەند پیرۆز بن؟» 6 لەبەر ئەوە کاهینەکە نانە پیرۆزەکەی پێدا، چونکە هیچ نانێکی دیکە لەوێ نەبوو، جگە لە نانی تەرخانکراو، ئەوەی لەبەردەم یەزدان لابردرابوو، هەتا لە هەمان ڕۆژدا بە نانی گەرم جێی بگرێتەوە.
7 لەو ڕۆژەدا پیاوێک لە خزمەتکارەکانی شاول لەبەردەم یەزداندا دەستبەسەر بوو، ناوی دۆئێگی ئەدۆمی بوو، گەورەی شوانەکانی شاول بوو.
8 ئینجا داود بە ئەحیمەلەخی گوت: «ئایا لێرە ڕمێک یان شمشێرێکت لەبەردەستدا هەیە؟ چونکە نە شمشێرەکەم و نە هیچ چەکێکی دیکەم نەهێناوە، ئەرکەکەی پاشا زۆر بە پەلە بوو.»
9 کاهینەکەش گوتی: «شمشێرەکەی گۆلیاتی فەلەستی، ئەوەی لە دۆڵی ئێلە کوشتت، ئەوەتا لە جلێکەوە پێچراوە لە پشت ئێفۆدەکە، ئەگەر ئەو بۆ خۆت دەبەیت، بیبە، چونکە جگە لەو هیچی دیکە لێرە نییە.»
داودیش گوتی: «لەوە باشتر نابێت، بمدەرێ.»
داود بۆ گەت هەڵدێت
10 هەر لەو ڕۆژەدا داود هەستا و لەبەردەم شاول ڕایکرد، هات بۆ لای ئاخیشی پاشای گەت[d]. 11 خزمەتکارەکانی ئاخیش بە پاشایان گوت: «ئەرێ ئەمە داودی پاشای خاکەکە نییە؟ ئەی بۆ ئەم نەبوو بەدەم گۆرانی و سەماوە دەیانگوت:
«”شاول هەزارانی کوشت و
داودیش دەیان هەزار“؟»
12 داود ئەم قسانەی خستە ناو دڵییەوە و زۆر لە ئاخیشی پاشای گەت ترسا، 13 لەبەرچاویاندا هەڵسوکەوتی خۆی گۆڕی، لەبەردەستیان خۆی شێتکرد و دەستی بە ڕووشاندنی چوارچێوەی دەروازەکان کرد، لیک بە ڕیشیدا دەهاتە خوارەوە.
14 ئینجا ئاخیش بە خزمەتکارەکانی گوت: «ئەوەتا دەبینن ئەم پیاوە شێتە؟ ئیتر بۆچی دەیهێننە لای من؟ 15 ئایا من پێویستم بە شێت هەیە، هەتا ئەمەم بۆ بهێنن و لەبەردەمم شێتی بیگرێت؟ ئایا ئەمە بێتە ناو ماڵەکەمەوە؟»
نیشانەی یونس
29 کاتێک خەڵکەکە زیاتر کۆدەبوونەوە، عیسا دەستی کرد بە قسەکردن و فەرمووی: «ئەم نەوەیە نەوەیەکی بەدکارە، داوای نیشانە دەکات، بەڵام نیشانەی نادرێتێ، جگە لە نیشانەی یونس. 30 هەروەک چۆن یونس بۆ خەڵکی نەینەوا بوو بە نیشانە، کوڕی مرۆڤیش بۆ ئەم نەوەیە ئاوا دەبێت. 31 شاژنی باشوور[a] لە ڕۆژی لێپرسینەوەدا لەگەڵ ئەم نەوەیە لە مردن هەڵدەستێتەوە و تاوانباری دەکات، چونکە لەوپەڕی زەوییەوە هات بۆ گوێگرتن لە دانایی سلێمان. ئەوەتا لە سلێمان مەزنتر لێرەیە. 32 خەڵکی نەینەوا لە ڕۆژی لێپرسینەوەدا لەگەڵ ئەم نەوەیە لە مردن هەڵدەستنەوە و تاوانباری دەکەن، چونکە تۆبەیان کرد کاتێک یونس پەیامی خودای ڕاگەیاند. ئەوەتا لە یونس مەزنتر لێرەیە.
چاو چرای لەشە
33 «کەس چرا هەڵناکات و لە جێیەکی شاراوە یان لەژێر تەشت دایبنێت، بەڵکو لەسەر چرادان، تاکو ئەوانەی دێنە ژوورەوە ڕووناکییەکە ببینن. 34 چاوت چرای جەستەتە. کاتێک چاوت ساغ بێت ئەوا جەستەت هەمووی ڕووناکییە، بەڵام کە نەساغ بێت ئەوا جەستەت هەمووی تاریکییە. 35 کەواتە ئاگاداربە ئەو ڕووناکییەی لە تۆدایە نەبێت بە تاریکی. 36 لەبەر ئەوە ئەگەر هەموو لەشت پڕبێت لە ڕووناکی و هیچ بەشێکی تاریکی تێدا نەبێت، ئەوا هەمووی پڕدەبێت لە ڕووناکی، وەک چرایەک کە بە تیشکی ڕووناکیت بۆ بدات.»
سەرزەنشتکردنی فەریسییەکان
37 کاتێک عیسا قسەی دەکرد، فەریسییەک بۆ نانخواردن داوەتی کرد. ئەویش چووە ژوورەوە و دانیشت. 38 فەریسییەکە کە بینی عیسا پێش نانخواردن دەستی نەشوشت، سەری سوڕما.
39 ئینجا مەسیحی خاوەن شکۆ پێی فەرموو: «ئێوەی فەریسی دەرەوەی جام و قاپ پاک دەکەنەوە، بەڵام ناختان پڕە لە چڵێسی و بەدکاری. 40 گێلینە، ئایا ئەوەی دەرەوەی دروستکردووە ناوەوەشی دروستنەکردووە؟ 41 بەڵام ئێوە ئەوەی هەتانە بیدەنە هەژاران، ئیتر هەموو شتێک بۆتان پاک دەبێت.
42 «بەڵام قوڕبەسەرتان فەریسییەکان، ئێوە دەیەکی پونگ و ڕازیانە و هەموو سەوزەوات دەدەن، بەڵام دادپەروەری و خۆشەویستی خودا پشتگوێ دەخەن. پێویستە ئەمانە بکەن و ئەوانەش پشتگوێ نەخەن.
43 «قوڕبەسەرتان فەریسییەکان، چونکە حەزتان لە ڕیزی پێشەوەی کەنیشت و سڵاو لێکردنتانە لە بازاڕدا.
44 «قوڕبەسەرتان، ئێوە لەو گۆڕە نادیارانە دەچن کە خەڵکی بێ ئەوەی بزانن بەسەریاندا دەڕۆن.»
45 یەکێکی تەوراتناس وەڵامی دایەوە: «مامۆستا، بە گوتنی ئەمانە، ئێمەش سووک دەکەیت.»
46 عیسا فەرمووی: «قوڕبەسەر ئێوەی تەوراتناسیش، بارێک دەخەنە سەر شانی خەڵکی کە هەڵگرتنی زەحمەتە، بەڵام خۆتان پەنجەیەکیش لە بارەکە نادەن.
47 «قوڕبەسەرتان، چونکە ئێوە گۆڕی پێغەمبەران هەڵدەبەستن، کە باوباپیرانتان کوشتوویانن. 48 کەواتە ئێوە شایەتن و بە کردەوەی باوباپیرانتان ڕازین، ئەوان پێغەمبەرانیان کوشت و ئێوەش گۆڕەکانیان بۆ هەڵدەبەستن. 49 لەبەر ئەوە دانایی خودا فەرمووی: ”من پێغەمبەر و نێردراویان بۆ دەنێرم، بەڵام لێیان دەکوژن و دەیانچەوسێننەوە،“ 50 تاکو خوێنی هەموو پێغەمبەران کە لە دامەزراندنی جیهانەوە ڕژاوە لەم نەوەیە داوا بکرێت، 51 لە خوێنی هابیلەوە هەتا خوێنی زەکەریا کە لەنێوان قوربانگا و پیرۆزگادا لەناوبردرا. بەڵێ پێتان دەڵێم، لەم نەوەیە داوا دەکرێت.
52 «قوڕبەسەرتان تەوراتناسان، چونکە کلیلی زانیاریتان برد، خۆتان نەچوونە ژوورەوە و ڕێتان لەوانەش گرت کە دەچوونە ژوورە.»
53 کاتێک عیسا ئەوێی بەجێهێشت، مامۆستایانی تەورات و فەریسییەکان دەستیان پێکرد تەنگی پێ هەڵچنن و لە زۆر بابەت پرسیاری لێ بکەن، 54 چاوەڕێیان دەکرد بە وشەیەکی دەمی خۆی تووشی بکەن.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.