Old/New Testament
داود و گۆلیات
17 ئەوە بوو فەلەستییەکان هێزەکانیان بۆ جەنگ کۆکردەوە و لە سۆکۆی یەهودا کۆبوونەوە، لەنێوان سۆکۆ و عەزێقا لە ئەفەس دەمیم خێوەتگایان هەڵدا. 2 شاول و پیاوانی ئیسرائیلیش لە دۆڵی ئێلە کۆبوونەوە و خێوەتگایان بۆ جەنگ هەڵدا، بەرەیان بەست بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی فەلەستییەکان. 3 جا فەلەستی و ئیسرائیلییەکان لەسەر دوو گردی بەرامبەر یەکتر ڕاوەستابوون، دۆڵێکیشیان لەنێوان بوو.
4 پاڵەوانێکی خەڵکی گەت کە ناوی گۆلیات بوو لەناو خێوەتگای فەلەستییەکان هاتە دەرەوە، درێژییەکەی شەش باڵ و بستێک[a] بوو. 5 کڵاوێکی بڕۆنز لەسەری و زرێیەکی[b] پولەکەداریشی لەبەردا بوو، کێشی زرێیەکە پێنج هەزار شاقل[c] بڕۆنز بوو. 6 هەروەها پارچەیەک بڕۆنز لولاقی پۆشیبوو، تیرێکی بڕۆنزیش لەنێو شانەکانی بوو، 7 دەسکی ڕمەکەی وەک نۆردی جۆڵاکان وابوو، نووکەکەشی شەش سەد شاقل[d] ئاسن بوو، هەڵگری قەڵغانەکەی لەبەردەمیەوە دەڕۆیشت.
8 جا گۆلیات وەستا و بانگی ڕیزەکانی ئیسرائیلی کرد و پێی گوتن: «بۆچی هاتوونەتە دەرەوە تاکو بۆ جەنگ ڕیزببەستن؟ ئایا من فەلەستی و ئێوەش خزمەتکارانی شاول نین؟ جا پیاوێک بۆ خۆتان هەڵبژێرن با بۆم بێتە خوارەوە. 9 ئەگەر توانی لەگەڵمدا بجەنگێت و بمکوژێت، ئەوا دەبینە خزمەتکارتان، بەڵام ئەگەر من بەسەریدا زاڵ بووم و کوشتم، ئەوا ئێوە دەبنە خزمەتکارمان و خزمەتمان دەکەن.» 10 ئینجا فەلەستییەکە گوتی: «من ئەمڕۆ تەحەدای ڕیزەکانی ئیسرائیل دەکەم، پیاوێکم بدەنێ بۆ ئەوەی پێکەوە لەگەڵ یەکتری بجەنگین.» 11 کاتێک شاول و هەموو ئیسرائیل گوێیان لە قسەکانی فەلەستییەکە بوو، سڵەمینەوە و زۆر ترسان.
12 داودی کوڕی یەسای ئەفراتی، لە بێتلەحمی یەهودا بوو. یەسا هەشت کوڕی هەبوو، لە ماوەی پاشایەتی شاولدا لە تەمەنی پیریدا بوو. 13 هەر سێ کوڕە گەورەکەی یەسا بۆ جەنگ دوای شاول کەوتبوون، ناوی سێ کوڕەکەی کە بۆ جەنگ چووبوون، ئەلیاب نۆبەرەکە و دووەمیان ئەبیناداب و سێیەمیان شەمما بوو. 14 داودیش بچووکترینیان بوو، سێ کوڕە گەورەکەش دوای شاول کەوتبوون. 15 جا داود هاتوچۆی دەکرد، ناوبەناو لەلای شاول دەگەڕایەوە بۆ لەوەڕاندنی مەڕەکانی باوکی لە بێتلەحم.
16 بۆ ماوەی چل ڕۆژ، بەیانییان و ئێواران، فەلەستییەکە دەهاتە پێش و دەوەستا.
17 ئەوە بوو یەسا بە داودی کوڕی گوت: «ئێستا ئێفەیەک[e] لەم دانەوێڵە برژاوە و ئەم دە نانە بۆ براکانت ببە و ڕابکە بۆ خێوەتگاکەیان، 18 ئەم دە پارچە پەنیرەش بە فەرماندەی یەکەکە بدە و سەلامەتی براکانت بەسەربکەوە و نیشانەیەکیان لێ وەربگرە. 19 شاول و ئەوان و هەموو پیاوانی ئیسرائیل لە دۆڵی ئێلە لە دژی فەلەستییەکان دەجەنگان.»
20 بەیانی زوو داود لە خەو هەستا و مەڕەکانی لەلای پاسەوانێک بەجێهێشت، بارگەکەی هەڵگرت و ڕۆیشت، هەروەک یەسای باوکی فەرمانی پێ کردبوو. لە هەمان ئەو کاتەدا گەیشتە خێوەتگاکە کە سوپا بۆ بەرەکانی جەنگ دەچوون و نەعرەتەی جەنگیان دەکێشا. 21 جا ئیسرائیل و فەلەستییەکان ڕیزیان دەبەست، ڕیز بەرامبەر ڕیز. 22 داودیش شتومەکەکەی کە پێی بوو بە پاسەوانی شتومەکەکان سپارد، بۆ بەرەی جەنگ ڕایکرد، هات و لە سەلامەتی براکانی پرسی. 23 کاتێک قسەی لەگەڵ دەکردن، پاڵەوانەکەی خەڵکی گەت، گۆلیاتی فەلەستی لە بەرەی فەلەستییەکانەوە هاتە پێشەوە، بە هەمان شێوازی پێشوو هاواری کرد، داودیش گوێی لێبوو. 24 هەموو پیاوانی ئیسرائیلیش کە پیاوەکەیان بینی زۆر ترسان و لێی هەڵاتن.
25 پیاوانی ئیسرائیل قسەیان دەکرد و دەیانگوت: «ئەو پیاوەتان بینی کە هاتە پێشەوە؟ بۆ تەحەداکردنی ئیسرائیل بوو. ئەو پیاوەی بیکوژێت پاشا زۆر دەوڵەمەندی دەکات و کچەکەی خۆی دەداتێ، ماڵی باوکیشی لە ئیسرائیل لە باج دەبەخشرێت.»
26 داودیش بەو پیاوانەی گوت کە لەگەڵی ڕاوەستابوون: «چی دەکرێت بۆ ئەو پیاوەی ئەو فەلەستییە بکوژێت، ئەو شەرمەزارییە لەسەر ئیسرائیل لاببات؟ ئەو فەلەستییە خەتەنە نەکراوە کێیە هەتا تەحەدای سوپای خودای زیندوو بکات؟»
27 ئەوانیش قسەکەیان بۆ دووبارە کردەوە کە دەیانگوت، پێیان گوت: «ئاوا دەکرێت بۆ ئەو پیاوەی کە ئەمە بکوژێت.»
28 کاتێک ئەلیابی برا گەورەی گوێی لێبوو کە داود لەگەڵ پیاوەکان قسە دەکات، ئەلیاب زۆر لێی تووڕە بوو و گوتی: «بۆ دابەزیت؟ ئەو کەمە مەڕەت لە چۆڵەوانیدا بەسەر کێدا بەجێهێشت؟ من دەزانم چەند لەخۆباییت و دڵت چەند خراپە، چونکە تۆ تەنها بۆ تەماشاکردنی جەنگەکە دابەزیویت.»
29 داودیش گوتی: «ئێستا من چیم کردووە؟ هەر قسەکردن نییە؟» 30 ئینجا لەلای ئەو چوو بۆ لای یەکێکی دیکە و هەمان قسەی کردەوە و جەنگاوەرەکانیش هەمان وەڵامیان دایەوە. 31 ئەو قسانەی داود گوتی بیسترانەوە و بە شاول ڕاگەیەنرا و ئەویش ناردی بە شوێنیدا.
32 داود بە شاولی گوت: «کەس بەهۆی ئەوەوە دڵی خورپە نەکات. خزمەتکارەکەت دەچێت و لەگەڵ ئەو فەلەستییە دەجەنگێت.»
33 شاولیش بە داودی گوت: «ناتوانیت بچیت بۆ ئەو فەلەستییە و لەگەڵیدا بجەنگیت، چونکە تۆ منداڵیت و ئەویش لە منداڵییەوە جەنگاوەرە.»
34 داودیش بە شاولی گوت: «خزمەتکارەکەت شوانی مەڕەکانی باوکی بووە. هەر کاتێک شێرێک یان ورچێک دەهات و مەڕێکیان لە مێگەلەکە دەبرد، 35 من بەدوایدا دەچووم و دەمکوشت و لە دەمی دەربازم دەکرد، کاتێک بۆم هەڵدەستا ملیم دەگرت و لێم دەدا و دەمکوشت. 36 خزمەتکارەکەت شێر و ورچی دەکوشت و ئەو فەلەستییە خەتەنە نەکراوەش وەک یەکێک دەبێت لەوان، چونکە تەحەدای ڕیزەکانی سوپای خودای زیندووی کردووە. 37 یەزدان کە منی لە چنگی شێر و ورچ دەرباز کردووە، هەر ئەو لە چنگ ئەم فەلەستییە دەربازم دەکات.»
شاولیش بە داودی گوت: «بڕۆ، با یەزدان لەگەڵتدا بێت.»
38 ئینجا شاول کراسەکەی خۆی لەبەر داود کرد و کڵاوێکی بڕۆنزی لەسەر سەری دانا و زرێیەکی لەبەرکرد. 39 داودیش شمشێرەکەی لەسەر کراسەکەی بەست و ویستی پێیانەوە بڕوات، چونکە تاقی نەکردبووەوە.
ئینجا داود بە شاولی گوت: «ناتوانم پێیانەوە بڕۆم، چونکە تاقیم نەکردوونەتەوە.» جا داود لە خۆی کردنەوە و 40 گۆچانەکەی بەدەستەوە گرت، پێنج بەردی لووسی لە دۆڵەکەدا هەڵبژارد و خستییە ناو توورەکەی شوانییەکەی لەناو هەگبەکەی، قۆچەقانییەکەی بەدەستەوە گرت و لە فەلەستییەکە چووە پێش.
41 لەو کاتەدا فەلەستییەکە هات و لە داود نزیک بووەوە، هەڵگری قەڵغانەکەشی لەپێشیەوە دەڕۆیشت. 42 کاتێک فەلەستییەکە تەماشای کرد و داودی بینی، بە سووکی سەیری کرد، چونکە منداڵێکی سوورە و قۆز بوو. 43 فەلەستییەکە بە داودی گوت: «من سەگم هەتا تۆ بە گۆچانەوە بۆم بێیت؟» ئینجا بە خوداوەندەکانی خۆی نەفرەتی لە داود کرد و 44 پێی گوت: «بۆم وەرە هەتا گۆشتی تۆ بدەمە باڵندەکانی ئاسمان و دڕندەکانی دەشتودەر!»
45 داودیش بە فەلەستییەکەی گوت: «تۆ بە شمشێر و ڕم و تیر بۆم دێیت، بەڵام منیش بە ناوی یەزدانی سوپاسالارەوە بۆت دێم، خودای سوپای ئیسرائیل، ئەوەی تەحەدات کرد. 46 ئەمڕۆ یەزدان لە دەستمدا بەندت دەکات و دەتکوژم و سەرت لێ دەکەمەوە، ئەمڕۆ لاشەکانی سوپای فەلەستییەکان بە باڵندەکانی ئاسمان و ئاژەڵەکانی زەوی دەدەم، جا هەموو زەوی دەزانێت کە ئیسرائیل خودای هەیە. 47 هەموو ئەم کۆمەڵەش دەزانن کە ڕزگاریی یەزدان بە شمشێر و ڕم نییە، چونکە ئەم جەنگە هی یەزدانە و ئێوەمان دەداتە دەست.»
48 جا کاتێک فەلەستییەکە نزیک بووەوە بۆ هێرشکردنە سەر داود، داود بە پەلە ڕووەو ڕیزی جەنگەکە ڕایکرد بۆ بەرەنگاربوونەوەی فەلەستییەکە. 49 داود دەستی بۆ توورەکەکەی درێژکرد و بەردێکی لێ دەرهێنا و بە قۆچەقانییەکەی تێی گرت و لە ناوچەوانی فەلەستییەکەی دا، بەردەکە لە ناوچەوانی چەقی و بە ڕوودا کەوتە سەر زەوی.
50 بەم جۆرە داود بە قۆچەقانی و بە بەرد بەسەر فەلەستییەکەدا سەرکەوت، کاتێک لە فەلەستییەکەی دا و کوشتی، داود هیچ شمشێری بەدەستەوە نەبوو.
51 ئینجا داود ڕایکرد و چووە سەر فەلەستییەکە، شمشێرەکەی هەڵگرت و لە کێلانەکەیەوە[f] ڕایکێشا، کوشتی و بە شمشێرەکەی سەری لێکردەوە.
کاتێک فەلەستییەکان بینییان وا پاڵەوانەکەیان مردووە، هەڵاتن. 52 دوای ئەوە پیاوانی ئیسرائیل و یەهودا هەستان و هاواریان کرد و دوای فەلەستییەکان کەوتن هەتا گەت و دەروازەکانی عەقرۆن. جا کوژراوەکانی فەلەستییەکان لە ڕێگای شەعەرایم هەتا گەت و عەقرۆن کەوتن. 53 کاتێک نەوەی ئیسرائیل لە ڕاونانی فەلەستییەکان گەڕانەوە، خێوەتگاکەیان تاڵان کردن، 54 داودیش سەری فەلەستییەکەی هەڵگرت و بردی بۆ ئۆرشەلیم، چەکەکانی فەلەستییەکەشی لەناو چادرەکەی خۆی دانا.
55 کاتێک شاول داودی بینی کە بۆ بەرەنگاربوونەوەی فەلەستییەکە چووە، لە ئەبنێری فەرماندەی گشتی سوپاکەی پرسی: «ئەبنێر، ئەو گەنجە کوڕی کێیە؟»
ئەویش وەڵامی دایەوە: «بە گیانی پاشا نازانم.»
56 پاشاش گوتی: «بپرسە، بزانە ئەم گەنجە کوڕی کێیە؟»
57 کاتێک داود لە کوشتنی فەلەستییەکە گەڕایەوە، ئەبنێر بردی بۆ بەردەم شاول و سەری فەلەستییەکەشی بەدەستەوە بوو.
58 شاولیش پێی گوت: «ئەی گەنج تۆ کوڕی کێیت؟»
داودیش گوتی: «کوڕی یەسای بێتلەحمیم، خزمەتکاری تۆ.»
پەیمانی داود و یۆناتان
18 ئەوە بوو کە داود لەگەڵ شاولدا لە قسەکردن بووەوە، ڕۆحی یۆناتان و ڕۆحی داود پەیمانێکیان بەست، یۆناتان داودی وەک خۆی خۆشویست. 2 شاولیش لەو ڕۆژەوە داودی بردە لای خۆی و نەیهێشت بۆ ماڵی باوکی بگەڕێتەوە. 3 یۆناتان لەگەڵ داود پەیمانی بەست، چونکە وەک خۆی خۆشی ویست. 4 ئینجا یۆناتان کەواکەی کە لەبەری بوو دایکەند و دای بە داود، لەگەڵ کراسەکەی کە پۆشیبووی، تەنانەت شمشێر و کەوان و کەمەربەندەکەشی.
5 داود لە هەر ئەرکێک سەرکەوتوو دەبوو کە شاول بۆی دەنارد، لەبەر ئەوە شاول داودی بەسەر جەنگاوەرەکان دانا، ئەمەش لەلای هەموو سەرباز و ئەفسەرەکانی شاول پەسەند بوو.
6 لە کاتی گەڕانەوەی جەنگاوەران بۆ ماڵەوە، پاش ئەوەی داود فەلەستییەکەی کوشت، ئافرەتان لە هەموو شارۆچکەکانی ئیسرائیلەوە بە گۆرانی و سەماوە بۆ پێشوازی شاولی پاشا هاتنە دەرەوە، بە گۆرانی شادی و دەف و عوودەوە. 7 ژنە سەماکەرەکان بەدەم گۆرانییەوە دەیانگوت:
«شاول هەزارانی کوشت و
داودیش دەیان هەزار.»[g]
8 ئەم قسەیە شاولی پەست کرد و زۆر تووڕە بوو، گوتی: «دەیان هەزارەکانیان دایە داود و بە منیش هەزارەکان، هەر ئەوە ماوە پاشایەتییەکە بۆ ئەو بێت.» 9 ئیتر لەو ڕۆژەوە شاول چاوی لەسەر داود بوو.
10 بۆ ڕۆژی دوای ئەوە ڕۆحێکی بەد لەلایەن خوداوە بە تواناوە هاتە سەر شاول، لەناوەڕاستی ماڵەکەدا وڕێنەی دەکرد، داودیش وەک هەموو ڕۆژێک قیسارەکەی لێدەدا و شاولیش ڕمێکی بەدەستەوە بوو. 11 شاول ڕمەکەی تێگرت و گوتی: «لە داود دەدەم و بە دیوارەکەوە هەڵیدەواسم.» بەڵام داود دوو جار خۆی لە ڕمەکە لادا.
12 لەبەر ئەوەی یەزدان لەگەڵ داود بوو و وازی لە شاول هێنابوو، شاول لێی دەترسا. 13 ئیتر شاول داودی لە خۆی دوورخستەوە و کردی بە سەرکردەی هەزار، ڕابەرایەتی سوپاکەی کرد. 14 داود لە هەموو ئەرکەکانی سەرکەوتوو بوو، لەبەر ئەوەی یەزدانی لەگەڵدا بوو. 15 جا کە شاول بینی زۆر سەرکەوتووە، لێی ترسا. 16 بەڵام هەموو ئیسرائیل و یەهودا داودیان خۆشویست، چونکە لە شەڕ پێشڕەوی دەکردن.
17 ئەوە بوو شاول بە داودی گوت: «من وا مێرەڤی کچە گەورەکەی خۆمت دەدەمێ ببێتە ژنت، تەنها ئەوەندەی کە ئازا بیت بۆم و لە جەنگەکانی یەزدان شەڕ بکەیت.» جا شاول لەبەر خۆیەوە گوتی: «با دەستی منی بەسەرەوە نەبێت، بەڵکو دەستی فەلەستییەکانی بەسەرەوە بێت.»
18 داودیش بە شاولی گوت: «من کێم و ژیانی من و خێڵەکەی باوکم لە ئیسرائیلدا چییە هەتا ببمە زاوای پاشا؟» 19 ئەوە بوو لەو کاتەی کە دەبووایە مێرەڤی کچی شاول بدرێتە داود، کەچی درایە عەدرئێلی مەحۆلاتی و بووە ژنی ئەو.
20 بەڵام میخەلی کچی شاول داودی خۆشویست، جا بە شاولیان ڕاگەیاند، ئەویش ئەم کارەی بەلاوە باش بوو. 21 شاول لە دڵی خۆیدا گوتی: «پێی دەدەم، جا بۆی دەبێت بە تەڵە، دەستی فەلەستییەکانی بەسەرەوە دەبێت.» ئینجا شاول بە داودی گوت: «دەرفەتێکی دیکەت دەدەمێ، ئەمڕۆ دەبیت بە زاوای من؟»
22 شاول فەرمانی بە خزمەتکارەکانی کرد: «بەدزییەوە قسە لەگەڵ داود بکەن و پێی بڵێن: ”ئەوەتا پاشا پێت دڵخۆشە و هەموو خزمەتکارەکانیشی تۆیان خۆشدەوێ، جا ئێستا ببە بە زاوای پاشا.“»
23 خزمەتکارەکانی شاول ئەو قسانەیان بە داود گوت و داودیش پێی گوتن: «ئایا زاوایەتیکردنی پاشا بە کەم دەزانن، لە کاتێکدا من پیاوێکی هەژار و گەدام؟»
24 ئینجا خزمەتکارەکانی شاول قسەکانی داودیان گەیاند. 25 شاولیش گوتی: «ئاوا بە داود بڵێن: ”خۆشی پاشا لە شیربایی نییە، بەڵکو بە سەد پێستی سەری ئەندامی نێرینەی فەلەستییەکانە، بۆ تۆڵەسەندنەوە لە دوژمنەکانی پاشا.“» شاول بیری لەوە دەکردەوە کە داود بە دەستی فەلەستییەکان بکوژرێت.
26 خزمەتکارەکانی ئەو قسانەیان بە داود ڕاگەیاند، داودیش ئەمەی پێ باش بوو کە ببێت بە زاوای پاشا. بۆیە پێش ئەوەی ماوەکە تەواو بێت، 27 هەستا و لەگەڵ پیاوەکانی ڕۆیشتن، دوو سەد پیاویان لە فەلەستییەکان کوشت. داود پێستی سەری ئەندامە نێرینەکانی ئەوانی هێنا و ژمارەی تەواوی دایە پاشا، هەتا ببێتە زاوای. شاولیش میخەلی کچی دایێ هەتا ببێتە ژنی.
28 جا شاول بینی و زانی یەزدان لەگەڵ داودە و میخەلی کچیشی خۆشی دەوێت. 29 شاول زیاتر لە داود ترسا، ئیتر هەتا کۆتایی ژیانی دوژمنی داود بوو.
30 فەرماندە فەلەستییەکان بەردەوام بۆ جەنگ دەچوون، هەر کاتێک دەچوون داود لە هەموو ئەفسەرەکانی شاول سەرکەوتووتر دەبوو، جا ناوبانگی زۆر بڵاو بووەوە.
فێرکردن دەربارەی نوێژ
11 جارێک عیسا لە شوێنێکدا نوێژی دەکرد، کاتێک لە نوێژەکەی بووەوە، یەکێک لە قوتابییەکانی پێی گوت: «گەورەم، فێری نوێژمان بکە، هەروەک چۆن یەحیا قوتابییەکانی خۆی فێرکرد.»
2 پێی فەرموون: «کاتێک نوێژ دەکەن، بڵێن:
”باوکە،
با ناوت پیرۆز بێت،
با پاشایەتییەکەت بێ،
3 نانی ڕۆژانەمان هەموو ڕۆژێک بدەرێ.
4 لە گوناهەکانمان خۆشبە،
چونکە ئێمەش لەوانە خۆشدەبین کە خراپەمان بەرامبەر دەکەن.
مەمانخەرە تاقیکردنەوە.“»
5 ئینجا پێی فەرموون: «کێ لە ئێوە ئەگەر هاوڕێیەکی هەبێت و لە نیوەشەودا بچێتە لای و پێی بڵێت: ”هاوڕێم، سێ کولێرەم بە قەرز بدەرێ، 6 چونکە هاوڕێیەکم لە دوورەوە بۆ لام هاتووە، هیچم نییە لەبەردەمی دابنێم.“
7 «ئەمەی ژوورەوە وەڵام دەداتەوە: ”هەراسانم مەکە، دەرگا داخراوە، خۆم و منداڵم لەناو جێگاداین، ناتوانم هەستم و بتدەمێ.“ 8 پێتان دەڵێم: ئەگەر لەبەر هاوڕێیەتی هەڵنەستێت و بیداتێ، ئەوا لەبەر ئەوەی ناوبانگی خۆی بپارێزێت هەڵدەستێت و دەیداتێ.
9 «لەبەر ئەوە پێتان دەڵێم، داوا بکەن، پێتان دەدرێت، بگەڕێن دەدۆزنەوە، لە دەرگا بدەن، لێتان دەکرێتەوە، 10 چونکە هەرکەسێک داوا بکات، وەردەگرێت، ئەوەی بگەڕێت، دەدۆزێتەوە. ئەوەش لە دەرگا دەدات لێی دەکرێتەوە.
11 «چ باوکێک لە ئێوە ئەگەر کوڕەکەی داوای ماسی بکات لە جیاتی ماسی ماری دەداتێ؟ 12 یان داوای هێلکە بکات دووپشکی دەداتێ؟ 13 جا ئێوە کە خراپن، بزانن شتی باش بدەنە منداڵەکانتان، باوک کە لە ئاسمانە، چەند زیاتر ڕۆحی پیرۆز دەداتە ئەوانەی داوای لێ دەکەن.»
عیسا و سەرۆکی شەیتان
14 عیسا ڕۆحێکی پیسی دەردەکرد کە لاڵ بوو، کاتێک ڕۆحە پیسەکە دەرکرا، لاڵەکە قسەی کرد و خەڵکەکە سەرسام بوون. 15 بەڵام هەندێکیان گوتیان: «بە بەعلزەبولی[a] شای ڕۆحە پیسەکان، ڕۆحی پیس دەردەکات.» 16 هەندێکی دیکەش تاقییان دەکردەوە، داوای نیشانەیەکی ئاسمانییان لێی کرد.
17 ئەویش بە بیرکردنەوەیانی زانی، پێی فەرموون: «هەر شانشینێک دووبەرەکی تێبکەوێت وێران دەبێت، هەر ماڵێکیش دووبەرەکی تێبکەوێت تێکدەچێت. 18 ئەگەر شەیتان دوو بەش بێت، ئیتر چۆن شانشینەکەی خۆی ڕادەگرێت؟ چونکە دەڵێن: ”من بە بەعلزەبول ڕۆحی پیس دەردەکەم.“ 19 باشە ئەگەر من بە بەعلزەبول ڕۆحی پیس دەربکەم، ئەی کوڕانتان بە کێ دەریاندەکەن؟ لەبەر ئەوە ئەوان حوکمتان دەدەن. 20 بەڵام ئەگەر من بە پەنجەی خودا ڕۆحی پیس دەربکەم، ئەوا پاشایەتی خودا هاتووەتە سەرتان.
21 «کاتێک پیاوێکی بەهێز و چەکدار پارێزگاری لە ماڵەکەی دەکات، ماڵەکەی پارێزراوە. 22 بەڵام کاتێک یەکێکی لە خۆی بەهێزتر بێتە سەری دەیبەزێنێت، چەکەکانی لێ دەستێنێ کە پشتی پێی بەستبوو، تاڵانییەکەش دابەش دەکات.
23 «ئەوەی لەگەڵ من نییە لە دژی منە، ئەوەش لەگەڵ من کۆناکاتەوە، بڵاو دەکاتەوە.
گەڕانەوەی ڕۆحی پیس
24 «کاتێک ڕۆحی پیس لە مرۆڤێک دەردەچێت، لە شوێنە وشکەکاندا بەدوای حەوانەوەدا دەگەڕێت و دەستی ناکەوێت. ئینجا دەڵێت: ”دەگەڕێمەوە بۆ ماڵەکەی خۆم کە لێی دەرچووم.“ 25 کاتێک دەگەڕێتەوە، دەبینێت گسکدراوە و ڕێکخراوە. 26 ئەوسا دەچێت و حەوت ڕۆحی پیسی دیکە لە خۆی خراپتر دەهێنێت، دەچنە ژوورەوە و لەوێدا دەژیێن، ئینجا کۆتایی ئەو مرۆڤە لە جاران خراپتر دەبێت.»
27 کاتێک عیسا ئەمانەی دەگوت، ژنێک لەناو خەڵکەکەوە دەنگی بەرز کردەوە و پێی گوت: «خۆزگە دەخوازرێت بەو سکەی هەڵیگرتووی و بەو مەمکەی شیری پێداوی.»
28 ئەویش فەرمووی: «بەڵکو خۆزگە دەخوازرێت بەوانەی کە گوێ لە پەیامی خودا دەگرن و کاری پێدەکەن.»
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.