Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Old/New Testament

Each day includes a passage from both the Old Testament and New Testament.
Duration: 365 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
یەکەم ساموئێل 15-16

ڕەتکردنەوەی شاول لە پاشایەتی

15 ساموئێل بە شاولی گوت: «یەزدان منی نارد بۆ ئەوەی تۆ وەک پاشایەک دەستنیشان بکەم لەسەر ئیسرائیلی گەلەکەی. جا ئێستا گوێت لە فەرمایشتی یەزدان بێت، یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت: ”سزای[a] عەمالێقییەکان دەدەم لەسەر ئەوەی بە ئیسرائیلیان کرد، کاتێک لەسەر ڕێگا لە دژیان وەستان کە لە میسر هاتنە دەرەوە. ئێستاش بڕۆ گورز لە عەمالێقییەکان بوەشێنە، هەموو ئەوەی هەیانە بە تەواوی قڕیان بکە[b]، دەستیان لێ مەپارێزە و بیانکوژە، پیاو و ژن و منداڵ و شیرەخۆرە، گا و مەڕ و وشتر و گوێدرێژ.“»

جا شاول سوپاکەی بانگکرد و لە تەلائیم کۆی کردنەوە، دوو سەد هەزار پیادە[c] و دە هەزار پیاوی یەهودا. ئینجا شاول چوو بۆ شاری عەمالێق و لە شیوەکەدا خۆی مات کرد، بە قێنییەکانی گوت: «بڕۆن و دوورەپەرێز بن و لەنێو عەمالێقییەکان بچنە دەرەوە، نەوەک ئێوەش لەگەڵ ئەواندا لەناو ببەم، چونکە ئێوە چاکەتان لەگەڵ هەموو نەوەی ئیسرائیلدا کردووە، کاتێک لە میسرەوە سەرکەوتن.» جا قێنییەکان خۆیان لە عەمالێقییەکان دوورەپەرێز گرت.

ئینجا شاول لە عەمالێقییەکانی دا، لە حەڤیلایەوە هەتا شوور کە لە ڕۆژهەڵاتی میسرە. هەروەها ئەگاگی پاشای عەمالێقییەکانی بە زیندوویی گرت و هەموو گەلەکەی بە شمشێر بە تەواوی قڕکرد. بەڵام شاول و سوپاکە دەستیان لە ئەگاگ پاراست، هەروەها باشترینی مەڕوماڵات و گاوگۆتاڵ و دابەستە و هەموو ئەوەی باش بوو نەیانویست بە تەواوی قڕیان بکەن، بەڵام هەموو ئەو ماڵەی بێ نرخ و لاواز بوو بە تەواوی قڕیان کرد.

10 ئینجا فەرمایشتی یەزدان هات بۆ ساموئێل و فەرمووی: 11 «خەفەتبارم لەوەی کە شاولم کردە پاشا، چونکە لێم هەڵگەڕاوەتەوە و فەرمانەکانی منی بەجێنەگەیاند.» جا ساموئێل دڵتەنگ بوو، بە درێژایی ئەو شەوە هاواری بۆ یەزدان کرد.

12 بەیانی زوو ساموئێل بۆ بینینی شاول هەستا، جا بە ساموئێل ڕاگەیەنرا: «شاول چوو بۆ کەرمەل[d] و ئەوەتا تاوەرێکی یادەوەری بۆ خۆی داناوە، سووڕاوەتەوە و پەڕیوەتەوە و دابەزیوە بۆ گلگال.»

13 جا ساموئێل هات بۆ لای شاول، شاول پێی گوت: «با بەرەکەتی یەزدانت لەسەر بێت، من فەرمانی یەزدانم بەجێگەیاند.»

14 بەڵام ساموئێل گوتی: «ئەی باعەباعی ئەو مەڕانە چییە لە گوێمدا دێت، ئەی بۆڕەبۆڕی ئەو مانگایانە چییە دەیبیستم؟»

15 شاولیش وەڵامی دایەوە: «لەلای عەمالێقییەکانەوە هێناویانە، ئەوانەیە کە گەل لە باشەکان دەستیان لێ پاراست، لە مەڕ و مانگا، بۆ ئەوەی بۆ یەزدانی پەروەردگارت سەری ببڕن، ئەوانی دیکەشمان بە تەواوی قڕکرد.»

16 ئینجا ساموئێل بە شاولی گوت: «بێدەنگ بە! با ئەوەت پێ ڕابگەیەنم کە یەزدان دوێنێ شەو چی پێ فەرمووم.»

ئەویش گوتی: «پێم بڵێ.»

17 ساموئێل گوتی: «هەرچەندە لەبەرچاوی خۆت بچووکیت، ئایا نەبوویت بە سەرۆکی هۆزەکانی ئیسرائیل؟ ئایا یەزدان دەستنیشانی نەکردیت ببیتە پاشای ئیسرائیل؟ 18 یەزدان بە ئەرکێک ڕەوانەی کردیت و فەرمووی: ”بڕۆ عەمالێقییە گوناهبارەکان بە تەواوی قڕ بکە و لە دژیان بجەنگە هەتا لەناودەچن.“ 19 ئیتر بۆچی گوێڕایەڵی یەزدان نەبوویت و پەلاماری دەستکەوتەکەت دا و لەبەرچاوی یەزداندا ئەم خراپەیەت کرد؟»

20 شاولیش بە ساموئێلی گوت: «من گوێڕایەڵی یەزدان بووم و ئەو ئەرکەم بەجێهێنا کە پێی سپاردم، ئەگاگی پاشای عەمالێقم هێنا و عەمالێقییەکانم بە تەواوی قڕکرد. 21 جەنگاوەران لە دەستکەوتەکە مەڕ و مانگایان برد، باشترینی تەرخانکراوەکان بۆ خودا[e]، تاکو لە گلگال بۆ یەزدانی پەروەردگارت سەری ببڕن.»

22 بەڵام ساموئێل گوتی:

«ئایا یەزدان دڵخۆشە بە قوربانی سووتاندن و سەربڕدراوەکان
    یان بە گوێڕایەڵبوون بۆ فەرمایشتی یەزدان؟
گوێڕایەڵی لە سەربڕین باشترە،
    سەرنجدانیش لە چەوری بەرانەکان.
23 چونکە یاخیبوون وەک گوناهی فاڵگرتنەوەیە[f]،
    کەللەڕەقی تاوان و بتپەرستییە.
لەبەر ئەوەی فەرمایشتی یەزدانت ڕەتکردەوە،
    ئەویش لە پاشایەتی ڕەتی کردوویتەوە.»

24 ئینجا شاول بە ساموئێلی گوت: «گوناهم کرد. سەرپێچی فەرمانی یەزدان و قسەی تۆم کرد، چونکە لە گەل ترسام و بە قسەی ئەوانم کرد. 25 ئێستاش تکایە لە گوناهم خۆشبە و لەگەڵمدا بگەڕێوە، بۆ ئەوەی کڕنۆش بۆ یەزدان ببەم.»

26 بەڵام ساموئێل بە شاولی گوت: «لەگەڵتدا ناگەڕێمەوە، چونکە فەرمایشتی یەزدانت ڕەتکردەوە، یەزدانیش وەک پاشای ئیسرائیل ڕەتی کردوویتەوە.»

27 کاتێک ساموئێل ئاوڕی دایەوە بۆ ئەوەی بڕوات، شاول دامێنی کەواکەی گرت و دڕا. 28 ساموئێلیش پێی گوت: «یەزدان ئەمڕۆ پاشایەتی ئیسرائیلی لێت دابڕی و دای بە نزیکەکەت کە لە تۆ باشترە. 29 هەروەها شکۆی[g] ئیسرائیل درۆ ناکات و بڕیاری ناگۆڕێت، چونکە ئەو مرۆڤ نییە تاکو بڕیاری بگۆڕێت.»

30 شاولیش گوتی: «ئێستا گوناهم کردووە، تکایە لەبەردەم پیرانی گەلەکەم و لەبەردەم ئیسرائیلدا ڕێزم لێبنێ، لەگەڵمدا بگەڕێوە تاکو کڕنۆش بۆ یەزدانی پەروەردگارت ببەم.» 31 ئینجا ساموئێل بەدوای شاولدا گەڕایەوە، شاول کڕنۆشی بۆ یەزدان برد.

32 پاشان ساموئێل گوتی: «ئەگاگی پاشای عەمالێقم بۆ بهێننە ئێرە.»

ئەگاگیش بە متمانەوە چوو بۆ لای و گوتی: «بێگومان تاڵی مەرگ ڕەوییەوە.»

33 بەڵام ساموئێل گوتی:

«وەک چۆن شمشێرەکەت ژنانی وەجاخکوێر کرد،
    ئاواش دایکت وەجاخکوێر دەبێت.»

ئینجا ساموئێل لە گلگال لەبەردەم یەزدان ئەگاگی پارچەپارچە کرد.

34 پاشان ساموئێل چوو بۆ ڕامە و شاولیش سەرکەوت بۆ ماڵەکەی لە گیڤعای شاولدا. 35 ئیتر ساموئێل هەتا ڕۆژی مردنی نەگەڕایەوە بۆ بینینی شاول، هەرچەندە شیوەنیشی بۆ دەگێڕا. یەزدانیش خەفەتبار بوو کە شاولی کردە پاشای ئیسرائیل.

دەستنیشانکردنی داود لەلایەن ساموئێل

16 جا یەزدان بە ساموئێلی فەرموو: «هەتا کەی شیوەن بۆ شاول دەگێڕیت؟ چونکە من ڕەتم کردووەتەوە پاشای ئیسرائیل بێت، قۆچەکەت پڕ بکە لە زەیت و بڕۆ، دەتنێرم بۆ لای یەسای بێت‌لەحمی، لەنێو کوڕەکانیدا پاشایەکم بۆ خۆم هەڵبژاردووە.»

ساموئێلیش گوتی: «چۆن بڕۆم؟ ئەگەر شاول ئەمە ببیستێتەوە دەمکوژێت.»

یەزدانیش فەرمووی: «گوێرەکەیەکی مێینەی سێ ساڵە[h] لەگەڵ دەستت دەبەیت و دەڵێیت: ”بۆ قوربانی سەربڕین بۆ یەزدان هاتووم.“ جا یەسا بۆ قوربانییە سەربڕدراوەکە بانگهێشت دەکەیت و من فێرت دەکەم چی بکەیت و ئەو کەسەم بۆ دەستنیشان[i] دەکەیت کە پێت دەفەرمووم.»

ساموئێل ئەوەی کرد کە یەزدان پێی فەرموو، هات بۆ بێت‌لەحم و پیرانی شارۆچکەکە بە ترسەوە پێشوازییان کرد و گوتیان: «بە ئاشتی هاتوویت؟»

ساموئێلیش وەڵامی دایەوە: «بە ئاشتییە، هاتووم بۆ سەربڕینی قوربانی بۆ یەزدان، خۆتان تەرخان بکەن و لەگەڵمدا وەرن بۆ قوربانییەکە.» ئینجا یەسا و کوڕەکانی تەرخان کرد و بۆ قوربانییەکە بانگهێشتی کردن.

کاتێک هاتن، ساموئێل تەماشای ئەلیابی کرد و لەبەرخۆیەوە گوتی: «بە دڵنیاییەوە ئەوەیە یەزدان دەستنیشانی کردووە، لەبەردەمیەتی.»

بەڵام یەزدان بە ساموئێلی فەرموو: «تەماشای سەروسیما و بەرزی باڵای مەکە، چونکە ڕەتم کردووەتەوە. یەزدان وەک مرۆڤ تەماشا ناکات، چونکە مرۆڤ تەماشای ڕوخساری دەرەوە دەکات، بەڵام یەزدان تەماشای دڵ دەکات.»

دوای ئەوەی یەسا ئەبینادابی بانگکرد و بە بەردەم ساموئێلدا تێپەڕی کرد، ساموئێلیش گوتی: «یەزدان ئەمەشی هەڵنەبژاردووە.» ئینجا یەسا شەممای تێپەڕاند و ساموئێلیش گوتی: «یەزدان ئەمەشی هەڵنەبژاردووە.» 10 یەسا هەر حەوت کوڕەکەی لەبەردەم ساموئێلدا تێپەڕاند. ساموئێلیش بە یەسای گوت: «یەزدان لەمانەی هەڵنەبژاردووە.» 11 لە یەسای پرسی: «ئایا هەموو کوڕەکانت لێرەن؟»

ئەویش گوتی: «بچووکترینیان هێشتا ماوە و مەڕ دەلەوەڕێنێت.»

ساموئێلیش گوتی: «بنێرە بەدوایدا و بیهێنە، چونکە دانانیشین هەتا ئەو دێتە ئێرە.»

12 ئەویش بەدوایدا ناردی و هێنای، سوورەیەکی چاوجوانی قۆز بوو.

ئینجا یەزدان فەرمووی: «هەستە و دەستنیشانی بکە، چونکە ئەمە خۆیەتی.»

13 ساموئێل قۆچە زەیتەکەی برد و لەنێو براکانیدا دەستنیشانی کرد و لەو ڕۆژە بەدواوە ڕۆحی یەزدان بە تواناوە هاتە سەر داود. پاشان ساموئێل هەستا و چوو بۆ ڕامە.

داود لە خزمەتی شاولدا

14 ڕۆحی یەزدانیش لە شاول جیا بووەوە و بە فەرمانی یەزدان ڕۆحێکی بەد هەراسانی کرد.

15 جا خزمەتکارەکانی شاول پێیان گوت: «ئەوەتا ئێستا ڕۆحێکی بەد لەلایەن خوداوە هەراسانت دەکات. 16 با ئێستا گەورەمان فەرمان بە خزمەتکارەکانی بەردەمی بکات بەدوای پیاوێکدا بگەڕێن کە شارەزایی لە قیسارە ژەنین هەبێت، جا هەر کاتێک ئەو ڕۆحە بەدەی لەلایەن خوداوەیە بێتە سەرت، قیسارە بژەنێت تۆ باش دەبیت.»

17 شاولیش بە خزمەتکارەکانی گوت: «ئێستا پیاوێکم بۆ ببیننەوە قیسارە بە چاکی بژەنێت و بۆ منی بهێنن.»

18 جا یەکێک لە خزمەتکارەکان وەڵامی دایەوە و گوتی: «کوڕێکی یەسای بێت‌لەحمیم بینیوە، دەزانێت قیسارە بژەنێت. هەروەها قارەمانێکی بەهێزە و جەنگاوەرە، زمان ڕەوانە و پیاوێکی قۆزە، یەزدانیشی لەگەڵدایە.»

19 شاولیش نێردراوی بۆ لای یەسا نارد و گوتی: «داودی کوڕتم بۆ بنێرە، ئەوەی مەڕ دەلەوەڕێنێت.» 20 یەساش گوێدرێژێکی هێنا، نان و مەشکەیەک شەراب و کارەبزنێکی لێ بارکرد، بە دەستی داودی کوڕیدا بۆ شاولی نارد.

21 ئیتر داود هاتە لای شاول و دەستی بە خزمەتکردنی کرد. شاولیش داودی زۆر خۆشویست و کردییە یەکێک لە هەڵگری تفاقەکانی. 22 شاول بۆ یەسای نارد و گوتی: «تکایە با داود لە خزمەتی مندا بمێنێتەوە، چونکە لەلام پەسەندە.»

23 هەر کاتێک ڕۆحەکە لەلایەن خوداوە بۆ سەر شاول دەهات، داود قیسارەکەی بەدەستەوە دەگرت و دەیژەند، شاولیش دڵی دەکرایەوە و باش دەبوو، ڕۆحە بەدەکە وازی لێ دەهێنا.

لۆقا 10:25-42

نموونەی سامیرەییە چاکەکە

25 تەوراتناسێک هەستا تاکو تاقی بکاتەوە، گوتی: «مامۆستا چی بکەم تاکو ژیانی هەتاهەتایی بە میرات وەربگرم؟»

26 ئەویش پێی فەرموو: «لە تەوراتدا چی نووسراوە؟ چۆن دەیخوێنیتەوە؟»

27 وەڵامی دایەوە: «[بە هەموو دڵ و بە هەموو گیان و بە هەموو توانا و هەموو بیرتانەوە یەزدانی پەروەردگاری خۆتان خۆشبوێت،][a] هەروەها [نزیکەکەت وەک خۆت خۆشبوێت.][b]»

28 عیسا پێی فەرموو: «وەڵامەکەت ڕاستە، ئەمە بکە، ژیانی هەتاهەتایی بەدەستدەهێنیت.»

29 بەڵام ویستی پاکانە بۆ خۆی بکات، بە عیسای گوت: «نزیکەکەم کێیە؟»

30 عیسا وەڵامی دایەوە: «پیاوێک لە ئۆرشەلیمەوە بۆ ئەریحا[c] دەچوو، کەوتە دەست جەردە، برینداریان کرد، ئینجا بە نیوەمردوویی بەجێیان هێشت و ڕۆیشتن. 31 وا ڕێککەوت کاهینێک بەو ڕێگایەدا دەڕۆیشت، کاتێک ئەوی بینی لەو بەرەوە تێپەڕی. 32 هەروەها کابرایەکی لێڤیش[d] بە هەمان شێوە گەیشتە شوێنەکە، هات و سەیری کرد و لەو بەرەوە تێپەڕی. 33 بەڵام سامیرەییەکی[e] ڕێبوار هاتە سەری، بینی و دڵی پێی سووتا، 34 لێی چووە پێش و ڕۆن و شەرابی بەسەر برینەکاندا کرد و پێچایەوە، سواری وڵاخەکەی خۆی کرد و بردییە خانێک و چاودێری کرد. 35 ڕۆژی پاشتر دوو دیناری دەرهێنا و دایە خانچییەکە و گوتی: ”چاودێری بکە و هەرچی زیاترت خەرجکرد، کە گەڕامەوە دەتدەمەوە.“

36 «کام لەم سێ کەسە بە نزیک دەزانیت بۆ ئەو پیاوەی کە کەوتە دەست جەردەکان؟»

37 تەوراتناسەکە گوتی: «ئەوەی بەزەیی پێیدا هاتەوە.»

عیساش پێی فەرموو: «تۆش بڕۆ و بەو شێوەیە بکە.»

لە ماڵی مریەم و مەرسا

38 کاتێک دەڕۆیشتن چووە گوندێک، ژنێک لە ماڵەکەی خۆی پێشوازی لێکرد ناوی مەرسا بوو. 39 خوشکێکی هەبوو ناوی مریەم بوو، لەبەرپێی مەسیح دانیشت و گوێی لە فەرمایشتەکانی دەگرت. 40 بەڵام مەرسا لەبەر زۆری خزمەتکردن شڵەژا بوو، ڕاوەستا و گوتی: «گەورەم، باکت نییە خوشکم بە تەنها بەجێی هێشتووم و خزمەت دەکەم؟ پێی بفەرموو با یارمەتیم بدات.»

41 مەسیح وەڵامی دایەوە: «مەرسا، مەرسا، تۆ خەم لە زۆر شت دەخۆیت و نارەحەتیت. 42 بەڵام یەک شت پێویستە، مریەم شتە باشەکەی هەڵبژاردووە کە لێی ناسەنرێتەوە.»

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.