Old/New Testament
7 ئینجا پیاوانی قیریەت یەعاریم هاتن و سندوقی یەزدانیان سەرخست و بردیانە ژوورەوە بۆ ماڵی ئەبیناداب کە لەسەر گردەکە بوو، ئەلعازاری کوڕیان تەرخان کرد بۆ پارێزگاریکردن لە سندوقی یەزدان.
پاڕانەوەی ساموئێل لە پێناو ئیسرائیل
2 ئەوە بوو لە ڕۆژی داگرتنی سندوقەکەوە لە قیریەت یەعاریم، ماوەکە درێژەی کێشا و بیست ساڵی خایاند، هەموو بنەماڵەی ئیسرائیل لەبەردەم یەزدان بە لاوانەوەوە نزایان دەکرد. 3 ساموئێل بە هەموو بنەماڵەی ئیسرائیلی گوت: «ئەگەر ئێوە دەتانەوێ بە هەموو دڵتانەوە بگەڕێنەوە بۆ لای یەزدان، ئەوا ئەو خوداوەندە بێگانانە و عەشتۆرەتەکان لەنێو خۆتان دووربخەنەوە و دڵتان بۆ یەزدان ئامادە بکەن و تەنها ئەو بپەرستن، ئەویش لە دەست فەلەستییەکان فریاتان دەکەوێت.» 4 نەوەی ئیسرائیلیش بەعلەکان و عەشتۆرەتەکانیان دوورخستەوە و بە تەنها یەزدانیان پەرست.
5 ئینجا ساموئێل گوتی: «هەموو ئیسرائیل لە میچپا کۆبکەنەوە هەتا لە پێناوی ئێوە لە یەزدان بپاڕێمەوە.» 6 ئەوانیش لە میچپا کۆبوونەوە، ئاویان کێشا و لەبەردەم یەزداندا ڕشتیان، لەو ڕۆژەدا بەڕۆژوو بوون، لەوێ گوتیان: «ئێمە گوناهمان لە دژی یەزدان کردووە.» ساموئێل لە میچپادا ڕابەرایەتی نەوەی ئیسرائیلی کرد.
7 کاتێک فەلەستییەکان بیستیان نەوەی ئیسرائیل لە میچپا کۆبوونەوەتەوە، حوکمڕانە فەلەستییەکان سەرکەوتن بۆ هێرشبردنە سەر ئیسرائیل، نەوەی ئیسرائیلیش کە ئەمەیان بیست لە فەلەستییەکان ترسان. 8 نەوەی ئیسرائیل بە ساموئێلیان گوت: «لە پێناوی ئێمە بەردەوام بە لە هاوارکردن بۆ یەزدانی پەروەردگارمان، بەڵکو لە دەست فەلەستییەکان ڕزگارمان بکات.» 9 ساموئێلیش بەرخۆڵەیەکی شیرەخۆرەی برد و کردییە قوربانی سووتاندنێکی تەواو بۆ یەزدان. ساموئێل لە پێناوی ئیسرائیل هاواری بۆ یەزدان کرد و یەزدانیش وەڵامی دایەوە.
10 ئەوە بوو کاتێک کە ساموئێل قوربانی سووتاندنەکەی پێشکەش دەکرد، فەلەستییەکان هاتنە پێش بۆ جەنگ لە دژی ئیسرائیل، بەڵام لەو ڕۆژەدا یەزدان بە دەنگێکی گەورە بەسەر فەلەستییەکاندا گرماندی و ئەوانی پەشۆکاند و لەبەردەم ئیسرائیلدا بەزین. 11 پیاوانی ئیسرائیلیش لە میچپا هاتنە دەرەوە و بەدوای فەلەستییەکان کەوتن و هەتا خوار بێتکار لێیان دان.
12 ئینجا ساموئێل بەردێکی هەڵگرت و لەنێوان میچپا و شێن بە ستوونی ڕاگیری کرد و ناوی لێنا بەردی یارمەتی، گوتی: «یەزدان هەتا ئێرە یارمەتی داین.» 13 بەم جۆرە فەلەستییەکان چاویان شکا و جارێکی دیکە نەهاتنەوە سەر سنووری ئیسرائیل.
یەزدانیش بە درێژایی ژیانی ساموئێل لە دژی فەلەستییەکان بوو. 14 ئەو شارۆچکانەش کە فەلەستییەکان لە ئیسرائیلیان بردبوو گەڕایەوە بۆ ئیسرائیل، لە عەقرۆنەوە هەتا گەت، ئیسرائیل سنوورەکانی خۆی لە چنگ فەلەستییەکان دەرهێنا. لەو کاتەدا لەنێوان گەلی ئیسرائیل و ئەمورییەکانیشدا پەیمانی ئاشتی هەبوو.
15 ساموئێلیش بە درێژایی ژیانی ڕابەرایەتی ئیسرائیلی کرد و 16 ساڵ لەدوای ساڵ دەڕۆیشت و دەگەڕا بەناو بێتئێل و گلگال و میچپادا و لە هەموو ئەو شوێنانەدا ڕابەرایەتی ئیسرائیلی دەکرد. 17 بەڵام هەمیشە دەگەڕایەوە بۆ ڕامە، چونکە ماڵەکەی لەوێ بوو و لەوێ ڕابەرایەتی ئیسرائیلی دەکرد و لەوێدا قوربانگایەکی بۆ یەزدان بنیاد نا.
ئیسرائیل داوای پاشایەک دەکات
8 ئەوە بوو کە ساموئێل پیر بوو کوڕەکانی کردە ڕابەری ئیسرائیل. 2 ناوی کوڕە نۆبەرەکەی یۆئێل و ئەوەی دیکەشیان ئەبیا بوو، لە بیری شابەع دادوەرییان دەکرد. 3 بەڵام کوڕەکانی بە ڕێگای ئەودا نەڕۆیشتن، بەڵکو بەلای دەستکەوتی ناڕەوا لایاندا و بەرتیلیان وەرگرت و دادپەروەرییان لە ڕێی ڕاست لادا.
4 جا هەموو پیرانی ئیسرائیل کۆبوونەوە و هاتنە ڕامە بۆ لای ساموئێل. 5 پێیان گوت: «ئەوەتا تۆ پیر بوویت و کوڕەکانت بە ڕێگای تۆدا ناڕۆن. ئێستاش وەک هەموو نەتەوەکان پاشایەکمان بۆ دابنێ تاکو ڕابەرایەتیمان بکات.»
6 بەڵام ئەم شتە لەبەرچاوی ساموئێل خراپ بوو کاتێک گوتیان، «پاشایەکمان بدەرێ هەتا ڕابەرایەتیمان بکات،» جا ساموئێل نوێژی بۆ یەزدان کرد. 7 یەزدانیش بە ساموئێلی فەرموو: «گوێ لە دەنگی ئەم گەلە بگرە لە هەموو ئەوەی کە پێت دەڵێن، چونکە ئەوان تۆیان ڕەت نەکردووەتەوە، بەڵکو منیان ڕەتکردووەتەوە، وەک پاشایان. 8 ئەوان ئێستا وا ڕەفتارت لەگەڵ دەکەن هەروەک لەگەڵ من کردیان لەو ڕۆژەی لە میسرەوە دەرمهێنان هەتا ئەمڕۆ، وازیان لە من هێنا و خودای دیکەیان پەرست. 9 ئێستاش گوێ لە دەنگیان بگرە، بەڵام بە ڕاستی ئاگاداریان بکەرەوە و پێیان ڕابگەیەنە لە مافەکانی ئەو پاشایە کە حوکمڕانییان دەکات.»
10 ئینجا ساموئێل هەموو وشەکانی یەزدانی بەو خەڵکە گوت کە داوای پاشایان لێکرد. 11 گوتی: «ئاوا دەبێت مافەکانی ئەو پاشایەی دەبێتە پاشاتان، کوڕەکانتان دەبات و دایاندەنێت بۆ گالیسکەکانی و بۆ سوارەکانی و لەپێش گالیسکەکانییەوە ڕادەکەن. 12 هەندێک وەک فەرماندەی هەزاران و پەنجاکان بۆ خۆی دادەنێت، هەندێکیش بۆ کێڵانی زەوییەکەی و دروێنەکردنی بەروبوومەکەی، هەندێکی دیکەشیان دادەنێت چەکی جەنگ و کەلوپەلی گالیسکەکانی بۆ دروستبکەن. 13 کچەکانیشتان دەبات ببن بە بۆنگرەوە و چێشتلێنەر و نانکەر. 14 باشترین کێڵگە و ڕەزی مێو و باغی زەیتوونەکانیشتان دەبات و دەیدات بە خزمەتکارەکانی. 15 دەیەکی دانەوێڵە و ڕەزەمێوەکانتان دەبات و دەیداتە کاربەدەست و خزمەتکارەکانی. 16 کۆیلە و کەنیزە و باشترین گا و گوێدرێژەکانتان دەبات و بۆ ئیشوکاری خۆی بەکاریاندەهێنێت. 17 دەیەکی مەڕوماڵاتتان دەبات و ئێوە دەبنە کۆیلەی[a] ئەو. 18 جا لەو ڕۆژەدا لەبەر پاشاکەتان هاوار دەکەن کە خۆتان هەڵتانبژاردووە، یەزدانیش لەو ڕۆژەدا وەڵامتان ناداتەوە.»
19 بەڵام گەل گوێیان لە ساموئێل نەگرت و گوتیان: «نەخێر! ئێمە پاشایەکمان دەوێت پاشایەتیمان بکات، 20 تاکو ئێمەش وەک هەموو نەتەوەکانی دیکە بین، پاشایەک ڕابەرایەتیمان بکات و لەپێشمانەوە بڕوات و لە جەنگەکان بۆمان بجەنگێت.»
21 جا ساموئێل گوێی لە هەموو قسەکانی گەل گرت و هەمووشی بە گوێی یەزداندا دا. 22 یەزدانیش بە ساموئێلی فەرموو: «گوێ لە دەنگیان بگرە و پاشایەکیان بۆ دابنێ.»
ئینجا ساموئێل بە پیاوانی ئیسرائیلی گوت: «با هەرکەسە و بەرەو شارۆچکەکەی خۆی بڕواتەوە.»
ساموئێل شاول دەستنیشان دەکات
9 پیاوێکی بنیامینی هەبوو ناوی قیشی کوڕی ئەبیێلی کوڕی چەڕۆری کوڕی بەخۆرەتی کوڕی ئەفییەحی بنیامینی بوو، بە توانا و دەوڵەمەند بوو. 2 کوڕێکی گەنج و قۆزی هەبوو ناوی شاول بوو، هیچ پیاوێک لەنێو نەوەی ئیسرائیل نەبوو لەو قۆزتر بێت، لە هەموو گەل هیچ کەس باڵای نەدەگەیشتە سەر شانی.
3 چەند ماکەرێکی قیشی باوکی شاول بزر بوون و قیشیش بە شاولی کوڕی گوت: «تکایە یەکێک لە خزمەتکارەکان لەگەڵ خۆتدا ببە و هەستە و بڕۆ بەدوای ماکەرەکاندا بگەڕێ.» 4 ئەوانیش لە ناوچە شاخاوییەکانی ئەفرایم و بە دەوروبەری شالیشادا تێپەڕین، بەڵام نەیاندۆزینەوە. ئینجا لە زەوی شەعەلیم پەڕینەوە، بەڵام دیار نەبوون. ئینجا لە خاکی بنیامین پەڕینەوە، بەڵام نەیاندۆزینەوە.
5 کاتێک گەیشتنە ناو ناوچەی چوف، شاول بە خزمەتکارەکەی گوت ئەوەی کە لەگەڵیدا بوو: «وەرە با بگەڕێینەوە، نەوەک باوکم خەمی ماکەرەکان لەبیر بکات و لە خەمی ئێمەدا بێت.»
6 بەڵام خزمەتکارەکەش پێی گوت: «وا پیاوێکی خودا لەم شارۆچکەیەیە، پیاوێکی ڕێزدارە و هەموو ئەوەی دەیڵێت، دەبێت. با ئێستا بچین بۆ ئەوێ، بەڵکو پێمان بڵێت کام ڕێگا بگرینەبەر.»
7 شاولیش بە خزمەتکارەکەی گوت: «بەڵام ئەگەر بچین، چی بۆ پیاوەکە ببەین؟ نان لەناو هەگبەکانماندا نەماوە و هیچ دیارییەک نییە بیبەین بۆ پیاوەکەی خودا، چیمان پێیە؟»
8 خزمەتکارەکەش وەڵامی شاولی دایەوە گوتی: «ئەوەتا من چارەکە شاقلێکی زیوم پێیە، دەیدەم بە پیاوەکەی خودا و ڕێگاکەی خۆمان پێ دەڵێت.» 9 پێشتر لە ئیسرائیل هەر کاتێک پیاوێک بۆ زانینی خواستی خودا دەچوو، وای دەگوت: «بڕۆ با بچین بۆ لای پێشبینیکەرەکە،» چونکە پێغەمبەری ئەمڕۆ پێشتر پێشبینیکەری پێ دەگوترا.
10 شاولیش بە خزمەتکارەکەی گوت: «قسەکەت باشە، وەرە با بڕۆین.» جا ڕۆیشتن بۆ ئەو شارۆچکەیەی کە پیاوەکەی خودای لێبوو.
11 کاتێک ئەوان لە هەورازەکە بۆ شارۆچکەکە سەردەکەوتن، چەند کچێکیان بینی کە بۆ ئاوکێشان هاتبوونە دەرەوە و لێیان پرسین: «ئایا پێشبینیکەرەکە لێرەیە؟»
12 ئەوانیش وەڵامیان دانەوە و گوتیان: «بەڵێ، ئەوەتا لەپێشتانە، ئێستا خێرا بکەن، چونکە ئەمڕۆ بۆ شارۆچکەکە هاتووە، چونکە ئەمڕۆ گەل لە نزرگەکەی سەر بەرزایی[b] قوربانی سەردەبڕن. 13 کە دەچنە ناو شارۆچکەکە دەستبەجێ دەیدۆزنەوە، بەر لەوەی سەربکەوێتە نزرگەی سەر بەرزاییەکە بۆ ئەوەی نان بخوات، چونکە گەل نان ناخۆن هەتا ئەو دێت، چونکە ئەو داوای بەرەکەت بۆ قوربانییەکە دەکات. پاش ئەوە بانگهێشتکراوەکان نان دەخۆن. ئێستاش سەربکەون چونکە لەم کاتەدا چاوتان پێی دەکەوێت.»
14 ئینجا سەرکەوتن بۆ شارۆچکەکە، لەو کاتەدا هاتنە ناو شارۆچکەکە، ئەوەتا ساموئێل بەرەو ڕوویان هاتە دەرەوە تاکو بۆ نزرگەی سەر بەرزاییەکە سەربکەوێت.
15 بە ڕۆژێک بەر لە هاتنی شاول، یەزدان بۆ ساموئێلی ئاشکرا کردبوو و فەرمووبووی: 16 «سبەینێ لەم کاتەدا لە خاکی بنیامینەوە پیاوێکت بۆ دەنێرم، تۆش بە فەرمانڕەوای ئیسرائیلی گەلەکەم دەستنیشانی[c] دەکەیت، جا گەلەکەم لە دەست فەلەستییەکان ڕزگار دەکات، چونکە تەماشای گەلەکەمم کرد، لەبەر ئەوەی هاواریان گەیشتە لای من.»
17 جا کە ساموئێل شاولی بینی، یەزدان پێی فەرموو: «ئەوەتا ئەو پیاوەی کە پێم فەرموویت، ئەمە حوکمڕانی گەلەکەم دەکات.»
18 ئینجا شاول لەناوەڕاستی دەروازەکە بەرەو ساموئێل چووە پێش و پێی گوت: «تکایە، پێم بڵێ ماڵی پێشبینیکەرەکە لەکوێیە؟»
19 ساموئێلیش وەڵامی شاولی دایەوە و گوتی: «من پێشبینیکەرەکەم. لەپێشمەوە سەربکەون بۆ نزرگەی سەر بەرزاییەکە و ئەمڕۆ نانم لەگەڵ بخۆن بەیانی ڕێگات دەدەم بڕۆیت و هەموو ئەوەی لە دڵتدایە پێتی دەڵێم، 20 ئەو ماکەرانەش کە سێ ڕۆژە لێت بزر بوون، دڵت لەلایان نەبێت، چونکە دۆزراونەتەوە. ئەی هەموو خواستی ئیسرائیل بۆ کێیە، ئایا بۆ تۆ و بۆ هەموو ماڵی باوکت نییە؟»[d]
21 شاولیش وەڵامی دایەوە و گوتی: «ئایا من بنیامینی نیم، لە بچووکترین هۆزی ئیسرائیلدا و خێڵەکەشم لە هەموو خێڵەکانی دیکەی هۆزی بنیامین بچووکتر نییە؟ ئیتر بۆچی بەو شێوەیە قسەم لەگەڵدا دەکەیت؟»
22 ئینجا ساموئێل شاول و خزمەتکارەکەی برد و هەردووکیانی بۆ ناو دیوەخانەکە بردە ژوورەوە و لە سەرووی هەموو بانگهێشتکراوان داینان کە نزیکەی سی پیاو دەبوون. 23 ساموئێل بە چێشتلێنەرەکەی گوت: «ئەو بەشە بهێنە کە پێم دایت و پێم گوتی، لەلای خۆت هەڵیبگرە.» 24 چێشتلێنەرەکەش ڕانەکە و ئەوەی لەسەری بوو بەرزی کردەوە و لەبەردەم شاول داینا، ساموئێل گوتی: «ئەوەتا ئەوەی ماوەتەوە، بیخەرە بەردەمت و بخۆ، چونکە لە کاتی بانگهێشتی میواندارییەکەمەوە هەتا ئەم کاتە بۆ تۆ هەڵگیراوە.» جا شاول لەو ڕۆژەدا لەگەڵ ساموئێل نانی خوارد.
25 ئینجا لە نزرگەکەی سەر بەرزاییەوە بۆ شارۆچکەکە دابەزین و ساموئێل لە سەربان لەگەڵ شاول قسەی کرد. 26 زوو لە خەو هەستان و نزیکی بەرەبەیان ساموئێل لە سەربانەکە بانگی شاولی کرد و گوتی: «هەستە تاکو بەڕێت بکەم.» شاولیش هەستا، هەردووکیان، شاول و ساموئێل پێکەوە چوونە دەرەوە. 27 کاتێک هەردووکیان بەرەو کەناری شارۆچکەکە دادەبەزین، ساموئێل بە شاولی گوت: «بە خزمەتکارەکەت بڵێ با لەپێشمانەوە بڕوات.» ئەویش لەپێشیانەوە ڕۆیشت. ساموئێل پێی گوت: «بەڵام تۆ ئێستا ڕابوەستە بۆ ئەوەی پەیامی خودات پێ ڕابگەیەنم.»
پەترۆس دان بە مەسیحدا دەنێت
18 کاتێک عیسا بە تەنها نوێژی دەکرد، قوتابییەکان لەگەڵی بوون، لێی پرسین: «خەڵکەکە دەڵێن من کێم؟»
19 وەڵامیان دایەوە: «یەحیای لەئاوهەڵکێش، هەندێکیش ئەلیاس، خەڵکی دیکەش دەڵێن کە یەکێک لە پێغەمبەرانی کۆنە زیندووبووەتەوە.»
20 پێی فەرموون: «ئەی ئێوە، دەڵێن من کێم؟»
پەترۆس وەڵامی دایەوە: «مەسیحی[a] خودا.»
21 ئەویش ئاگاداری کردنەوە و ڕایسپاردن ئەمە بە کەس نەڵێن.
باسی مردن و هەستانەوەی عیسا
22 هەروەها فەرمووی: «کوڕی مرۆڤ دەبێت زۆر ئازار بچێژێت و پیران و کاهینانی باڵا و مامۆستایانی تەورات ڕەتی بکەنەوە، بکوژرێت و لە ڕۆژی سێیەم هەستێنرێتەوە.»
23 ئینجا بە هەمووانی فەرموو: «ئەگەر یەکێک ویستی دوام بکەوێت، با نکۆڵی لە خۆی بکات و ڕۆژانە خاچەکەی هەڵبگرێت و دوام بکەوێت، 24 چونکە ئەوەی بیەوێت ژیانی خۆی ڕزگار بکات دەیدۆڕێنێت، بەڵام ئەوەی لە پێناوی من ژیانی خۆی بدۆڕێنێت، ڕزگاری دەکات[b]. 25 چی بەکەڵکی مرۆڤ دێت ئەگەر هەموو جیهان بباتەوە، بەڵام خۆی بدۆڕێنێت یان خۆی لە دەست بدات؟ 26 ئەوەی شەرمی بە من و بە وتەکانم بێت، کوڕی مرۆڤیش شەرمی پێی دەبێت، کاتێک بە شکۆی خۆی و باوک و فریشتە پیرۆزەکانەوە دێتەوە. 27 بەڵام ڕاستیتان پێ دەڵێم، هەندێک لەوانەی لێرە ڕاوەستاون مردن ناچێژن تاکو شانشینی خودا دەبینن.»
شێوە گۆڕانی عیسا
28 نزیکەی هەشت ڕۆژ لەدوای ئەم وتانە، عیسا پەترۆس و یۆحەنا و یاقوبی برد و سەرکەوتە سەر چیایەک تاکو نوێژ بکات. 29 کاتێک نوێژی دەکرد، ڕوخساری گۆڕا و جلەکانی سپی بریسکەدار هەڵگەڕان. 30 دوو پیاویش لەگەڵی دەدوان، موسا و ئەلیاس بوون. 31 بە شکۆوە دەرکەوتن و لەبارەی بەجێهێشتنی جیهان کە دەبووایە بەم نزیکانە لە ئۆرشەلیم ڕووی بدایە، گفتوگۆیان کرد. 32 بەڵام پەترۆس و هاوڕێیانی خەو چاوی قورس کردبوون، کاتێک بە تەواوی خەبەریان بووەوە شکۆی ئەو و دوو پیاوەکەیان بینی کە لەگەڵی ڕاوەستابوون. 33 کاتێک پیاوەکان لە عیسا جیا دەبوونەوە، پەترۆس بە عیسای گوت: «گەورەم، پێمان باشە لێرە بین. با سێ کەپر دروستبکەین، یەکێک بۆ تۆ، یەکێک بۆ موسا، یەکێکیش بۆ ئەلیاس.» ئەمەی گوت بێ ئەوەی بزانێت باسی چی دەکات.
34 کاتێک لەم قسانەدا بوو، هەورێک هات و باڵی بەسەریاندا کێشا، کە کەوتنە ناو هەورەکە، ترسان. 35 دەنگێک لەناو هەورەکەوە هات: «ئەمە کوڕی منە، ئەوەی هەڵمبژاردووە، گوێی لێ بگرن.» 36 کە دەنگەکە دوا، عیسا بە تەنها بینرا. ئەوانیش بێدەنگ بوون و لەو ڕۆژانەدا لەلای کەس باسی ئەو شتانەیان نەکرد کە بینییان.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.