Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Old/New Testament

Each day includes a passage from both the Old Testament and New Testament.
Duration: 365 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
ڕابەران 19-21

پیاوێکی لێڤی و کەنیزەکەی

19 لەو سەردەمەدا هیچ پاشایەک لەناو ئیسرائیلدا نەبوو.

پیاوێکی لێڤی لە شوێنێکی دوورەدەستی ناوچە شاخاوییەکانی ئەفرایمدا نیشتەجێ بوو، کەنیزەیەکی هێنا خەڵکی بێت‌لەحمی یەهودا بوو. ئیتر کەنیزەکە داوێنپیسی کرد و چووەوە بۆ ماڵی باوکی لە بێت‌لەحمی یەهودا، چوار مانگ لەوێ مایەوە. ئینجا پیاوەکەی هەستا و بەدوایدا چوو بۆ ئەوەی ئاشتی بکاتەوە و بیگەڕێنێتەوە، ئیتر خزمەتکارەکەی و دوو گوێدرێژی لەگەڵ خۆی برد. ژنەکەش پیاوەکەی بردە ناو ماڵی باوکی. کاتێک باوکی کیژەکە بینی بە دڵخۆشییەوە بەخێرهاتنی کرد. خەزووری واتە باوکی کیژەکە گلی دایەوە و سێ ڕۆژ لەگەڵیدا مایەوە، خواردیان و خواردیانەوە و لەوێ مایەوە.

لە ڕۆژی چوارەمدا بەیانی زوو لە خەو هەستان و لێڤییەکە خۆی ئامادە کرد بۆ ڕۆیشتن، باوکی کیژەکە بە زاواکەی گوت: «تۆ بە پارووە نانێک بەری دڵت بگرە و پاشان لەگەڵ ئەوان بڕۆ.» ئینجا هەردووکیان دانیشتن و خواردیان و پێکەوە خواردیانەوە، باوکی کیژەکە بە پیاوەکەی گوت: «ڕازی بە و ئەمشەویش بە خۆشی بەسەربەرە.» جا کە پیاوەکە هەستا بڕوات، خەزووری زۆری لێکرد، تاکو شەوێکی دیکە لەوێ بمێنێتەوە. پاشان بۆ سبەینێ لە ڕۆژی پێنجەمدا هەستا بۆ ئەوەی بڕوات، باوکی کیژەکە گوتی: «بەری دڵت بگرە ئینجا بڕۆ!» ئینجا هەتا دوای نیوەڕۆ مانەوە و هەردووکیان نانیان خوارد.

ئیتر پیاوەکە هەستا بۆ ئەوەی لەگەڵ کەنیزەکەی و خزمەتکارەکەیدا بڕوات، جا خەزووری، واتە باوکی کیژەکە، گوتی: «ئەوا ڕۆژ لە ئاوابوونە، لەبەر ئەوە بمێنەوە. وا کۆتایی ڕۆژە، ئەمشەویش بە خۆشی بەسەربەرە، سبەینێ زوو بکەوە ڕێ و بگەڕێوە بۆ شوێنی خۆت.» 10 بەڵام پیاوەکە نەیویست بمێنێتەوە، بەڵکو هەستا و ڕۆیشت، گەیشتە بەرامبەر یەبوس، واتە ئۆرشەلیم، دوو گوێدرێژە کورتانکراوەکەی و کەنیزەکەی لەگەڵدا بوو.

11 لەو کاتەدا لە نزیک یەبوس بوون و ڕۆژ زۆر نزیک بوو لە ئاوابوون، خزمەتکارەکە بە گەورەکەی گوت: «وەرە با بچین بۆ ئەم شارەی یەبوسییەکان و تێیدا بمێنینەوە.»

12 بەڵام گەورەکەی پێی گوت: «ناچین بۆ شارێکی بێگانە کە هیچ کەسێکی لێ نییە لە نەوەی ئیسرائیل بێت، بەڵکو دەپەڕینەوە بۆ گیڤعا.» 13 ئینجا بە خزمەتکارەکەی گوت: «با بەرەو پێش بچین، بەڵکو شەو لە گیڤعا یان لە ڕامە بمێنینەوە.» 14 ئیتر پەڕینەوە و ڕۆیشتن، لە نزیک گیڤعای بنیامینەوە خۆریان لێ ئاوابوو. 15 بەلای گیڤعادا لایاندا و چوونە ئەوەی تاکو شەو لەوێ بمێننەوە. لە مەیدانی شارەکە دانیشتن، بەڵام کەس نەیگرتنە خۆیان بۆ ئەوەی لە ماڵەکەیدا بمێننەوە.

16 لەو کاتەدا پیرەمێردێک دەمەو ئێوارە لە کێڵگەوە لە کار دەگەڕایەوە، ئەم پیاوە خەڵکی ناوچە شاخاوییەکانی ئەفرایم بوو، لە گیڤعادا نیشتەجێ بوو، خەڵکی شارەکەش بنیامینی بوون. 17 پیرەمێردەکە چاوی هەڵبڕی و پیاوە ڕێبوارەکەی لەناو مەیدانی شارەکەدا بینی، پێی گوت: «بۆ کوێ دەچیت و لەکوێوە هاتوویت؟»

18 ئەویش پێی گوت: «ئێمە لە بێت‌لەحمی یەهوداوە هاتووین بۆ شوێنێکی دوورەدەستی ناوچە شاخاوییەکانی ئەفرایم دەچین. من خەڵکی ئەوێم و چووم بۆ بێت‌لەحمی یەهودا، ئێستا بەرەو ماڵی یەزدان[a] دەچم و کەسیش نییە بمگرێتە خۆی. 19 هەروەها کا و ئالیکمان پێیە بۆ گوێدرێژەکانمان، خۆم و ژنەکەم و خزمەتکارەکەم نان و شەرابمان پێیە. پێویستمان بە هیچ نییە.»

20 پیرەمێردەکە گوتی: «بەخێر بێیت، هەموو پێداویستییەکانت لەسەر من، بەڵام لە مەیدانەکە مەمێنەوە.» 21 ئینجا بردی بۆ ماڵی خۆی و ئالیکی دایە گوێدرێژەکانیان، قاچیان شوشت و خواردیان و خواردیانەوە.

22 لەو کاتەدا کە دەحەوانەوە، پیاوە بەدڕەوشتەکانی شارەکە ماڵەکەیان گەمارۆ دا و لە دەرگاکەیان دا، لەگەڵ پیرەمێردەکەی خاوەنی ماڵەکە قسەیان کرد و گوتیان: «ئەو پیاوەی کە هاتە ناو ماڵەکەت بیهێنە دەرەوە بۆ ئەوەی لەگەڵی جووت بین.»

23 خاوەن ماڵەکە چووە دەرەوە بۆ لایان و پێی گوتن: «نا براکانم، کاری خراپ مەکەن. لەبەر ئەوەی ئەم پیاوە هاتووەتە ناو ماڵەکەی من، ئەم بێ ئابڕووییە مەکەن. 24 ئەوەتا کچە پاکیزەکەم و کەنیزەی پیاوەکە، تکایە با بیانهێنمە دەرەوە و لاقەیان بکەن، چیتان پێ خۆشە لەگەڵیاندا بیکەن، بەڵام ئەم بێ ئابڕووییە لەگەڵ ئەم پیاوەدا مەکەن.»

25 بەڵام پیاوەکان نەیانویست گوێی لێ بگرن. ئیتر پیاوەکە کەنیزەکەی گرت و ناردییە دەرەوە بۆیان. ئەوانیش بە درێژایی شەو هەتا بەیانی لاقەیان کرد و بە خراپی لەگەڵیدا ڕایانبوارد، بەرەبەیان بەڕەڵایان کرد. 26 بەرەبەیان ژنەکە هات و هەتا ڕۆژ بووەوە لە بەردەرگای ماڵی پیاوەکەدا کەوت، کە گەورەکەشی لەوێ بوو.

27 کاتێک گەورەکەی بەیانی هەستا و دەرگاکانی ماڵەکەی کردەوە و هاتە دەرەوە هەتا بەڕێ بکەوێت، لەو کاتەدا ژنە کەنیزەکەی لە بەردەرگای ماڵەکە کەوتبوو و دەستی لەسەر سەکۆیەکە بوو. 28 پێی گوت: «هەستە با بڕۆین.» بەڵام وەڵام نەبوو. ئینجا خستییە سەر گوێدرێژەکە و گەڕایەوە بۆ شوێنەکەی خۆی.

29 کاتێک گەیشتەوە ماڵ، چەقۆیەکی هێنا و کەنیزەکەی گرت و پەلپەلی کرد، کردی بە دوازدە پارچە و ناردنی بۆ هەموو هەرێمەکانی ئیسرائیل. 30 جا هەرکەسێک بینی گوتی: «لە ڕۆژی کۆچکردنی نەوەی ئیسرائیل لە خاکی میسرەوە هەتا ئەمڕۆ شتی وا نەبووە و نەبینراوە. لێی وردبنەوە و ڕاوێژ بکەن و قسەی لەسەر بکەن!»

جەنگی ئیسرائیل لەگەڵ بنیامین

20 ئینجا هەموو نەوەی ئیسرائیل هاتنە دەرەوە و کۆمەڵەکە وەک یەک پیاو لەبەردەم یەزدان کۆبوونەوە[b] لە میچپا، لە دانەوە هەتا بیری شابەع[c] و هەروەها خاکی گلعاد. سەرۆکەکانی هەموو گەل، هەموو هۆزەکانی ئیسرائیل لە کۆبوونەوەی گەلی خودا وەستان و ژمارەیان چوار سەد هەزار پیادەی شمشێر بەدەست بوو. نەوەی بنیامینیش بیستیانەوە کە نەوەی ئیسرائیل سەرکەوتوون بۆ میچپا. جا نەوەی ئیسرائیل گوتیان: «قسە بکەن ئەم کارە خراپە چۆن ڕوویدا؟»

پیاوە لێڤییەکە مێردی ژنە کوژراوەکە وەڵامی دایەوە و گوتی: «من و کەنیزەکەم هاتینە گیڤعای بنیامین بۆ ئەوەی شەو لەوێ بەسەربەرین. جا خەڵکی گیڤعا شەو هاتنە سەرم و لە ماڵەکەدا گەمارۆیان دام و بەتەمابوون بمکوژن، کەنیزەکەی منیان لاقە کرد هەتا مرد. منیش کەنیزەکەی خۆمم گرت و لەتلەتم کرد و ناردم بۆ هەموو هەرێمەکانی ئیسرائیل، چونکە ئەوانە ئەوپەڕی بەدڕەوشتییان لە ئیسرائیل ئەنجام داوە. ئێستاش هەموو نەوەی ئیسرائیل لێرەیە، جا ڕاوێژ و بڕیاری خۆتان بڵێن.»

ئینجا هەموو گەل وەک یەک پیاو هەستان و گوتیان: «کەس لە ئێمە ناچێتەوە بۆ چادرەکەی و کەسیش لا نادات بۆ ماڵەکەی. ئێستاش ئەمە ئەو کارەیە کە بە گیڤعای دەکەین: بەپێی تیروپشک، لە دژیان سەردەکەوین. 10 لەناو هەموو هۆزەکانی ئیسرائیلدا بۆ جیاکردنەوەی دە پیاو لە هەر سەد پیاوێک و سەد لە هەزار و هەزار لە دە هەزار جیا دەکەینەوە بۆ هێنانی خواردن بۆ سوپا بۆ ئەوەی لە کاتی چوونە ژوورەوەیان بۆ گیڤعای بنیامین بەپێی هەموو ئەو بێ ئابڕووییەی لە ئیسرائیل کردیان، سزا بدرێن.» 11 ئینجا هەموو پیاوانی ئیسرائیل وەک یەک پیاو کۆبوونەوە لە دژی شارەکە.

12 جا هۆزەکانی ئیسرائیل چەند پیاوێکیان بۆ هەموو هۆزەکانی بنیامین نارد و گوتیان: «ئایا ئەو بەدکارییە چی بوو لەنێوتاندا ڕوویدا؟ 13 جا ئێستا ئەو پیاوە بەدڕەوشتانەی کە لە گیڤعادان بیاندەنە دەستمان بۆ ئەوەی بیانکوژین و خراپە لە ئیسرائیلدا ڕیشەکێش بکەین.»

بەڵام نەوەی بنیامین نەیانویست گوێ لە براکانیان و لە نەوەی ئیسرائیل بگرن. 14 ئینجا نەوەی بنیامین لە شارۆچکەکانی خۆیانەوە بۆ گیڤعا کۆبوونەوە هەتا بۆ جەنگان لە دژی ئیسرائیل بێنە دەرەوە. 15 نەوەی بنیامین لەو ڕۆژەدا لە شارۆچکەکانی خۆیانەوە بیست و شەش هەزار پیاوی شمشێر بە دەستیان کۆکردەوە جگە لە دانیشتووانی گیڤعا کە ژمارەیان حەوت سەد پیاوی هەڵبژاردە بوو. 16 لە هەموو ئەم گەلە حەوت سەد پیاوی هەڵبژاردەی هەبوون کە بە دەستی چەپ بە بەردەقانی[d] نیشانیان لە موو دەگرت و دەیانپێکا.

17 جا نەوەی ئیسرائیلیش بێجگە لە بنیامین، چوار سەد هەزار پیاوی شمشێر بەدەستیان کۆکردەوە و هەموویان پیاوی جەنگ بوون.

18 جا نەوەی ئیسرائیل هەستان و سەرکەوتن بۆ بێت‌ئێل و پرسیاریان لە خودا کرد و گوتیان: «کێ لە ئێمە یەکەم جار سەردەکەوێت بۆ جەنگ لە دژی نەوەی بنیامین؟»

یەزدانیش گوتی: «یەکەم جار یەهودا.»

19 ئینجا بۆ بەیانی نەوەی ئیسرائیل هەستان و چادریان هەڵدا لە دژی گیڤعا. 20 ئینجا پیاوانی ئیسرائیل بۆ جەنگ لە دژی بنیامین هاتنە دەرەوە و پیاوانی ئیسرائیل لە نزیک گیڤعاوە بۆ جەنگ ڕیزیان بەست. 21 نەوەی بنیامینیش لە گیڤعاوە هاتنە دەرەوە و لەو ڕۆژەدا بیست و دوو هەزار پیاویان لە نەوەی ئیسرائیل لەناوبرد. 22 بەڵام پیاوانی ئیسرائیل یەکتریان هاندا و دووبارە بۆ جەنگ لەو شوێنەدا ڕیزیان بەستەوە کە لە ڕۆژی یەکەمدا تێیدا ڕیزیان بەست. 23 پاشان نەوەی ئیسرائیل سەرکەوتن و هەتا ئێوارە لەبەردەم یەزدان گریان و پرسیاریان لە یەزدان کرد و گوتیان: «ئایا بگەڕێینەوە بۆ جەنگ لە دژی بنیامینی برامان؟»

یەزدانیش گوتی: «سەربکەونە سەرەوە بۆیان.»

24 ئینجا نەوەی ئیسرائیل لە ڕۆژی دووەمدا لە دژی نەوەی بنیامین چوونە پێشەوە و 25 بنیامینیش لە ڕۆژی دووەمدا لە گیڤعاوە بۆ بەرەنگاربوونەوەیان چوونە دەرەوە و دووبارە هەژدە هەزار پیاویان لە نەوەی ئیسرائیل لەناوبرد کە هەموو شمشێر بەدەست بوون.

26 ئینجا هەموو نەوەی ئیسرائیل، هەموو گەل سەرکەوتن، هاتن بۆ بێت‌ئێل و گریان، لەوێدا لەبەردەم یەزداندا دانیشتن، لەو ڕۆژەدا هەتا ئێوارە بە ڕۆژوو بوون و قوربانی سووتاندن و قوربانی هاوبەشییان[e] لەبەردەم یەزدان پێشکەش کرد. 27 جا نەوەی ئیسرائیل لە یەزدانیان پرسی. لەو سەردەمەدا سندوقی پەیمانی خودا لەوێ بوو، 28 هەروەها لەو سەردەمەدا فینەحاسی کوڕی ئەلعازاری کوڕی هارون لەبەردەمیدا خزمەتی دەکرد. لە یەزدانیان پرسی و گوتیان: «ئایا بگەڕێینەوە بۆ جەنگ لە دژی نەوەی بنیامینی برامان یان واز بهێنین؟»

یەزدانیش گوتی: «سەربکەون، چونکە سبەینێ دەیاندەم بەدەستتانەوە.»

29 ئینجا نەوەی ئیسرائیل لە چواردەوری گیڤعا بۆسەیان دانا و 30 لە ڕۆژی سێیەم هێرشیان کردە سەر نەوەی بنیامین و وەک جاری یەکەم و دووەم لە نزیک گیڤعاوە ڕیزیان بەست. 31 نەوەی بنیامینیش بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەل چوونە دەرەوە و لە شارەکە دوورکەوتنەوە. وەک دوو جارەکەی پێشتر دەستیان بە لێدانی گەل کرد و نزیکەی سی پیاویان لە نەوەی ئیسرائیل کوشت، لەو دوو ڕێگایەی کە یەکێکیان سەردەکەوت بۆ بێت‌ئێل و ئەوەی دیکەیان لە دەشتودەرەوە بۆ گیڤعا دەچوو.

32 نەوەی بنیامین گوتیان: «وەک یەکەم جار لەبەردەمماندا بەزیوون.» بەڵام نەوەی ئیسرائیل گوتیان: «با هەڵبێین و لە شارەکە دووریان بخەینەوە بەرەو ڕێگاکان.»

33 ئینجا هەموو پیاوانی ئیسرائیل لە شوێنەکانیانەوە هەستان و لە بەعل‌تاماردا ڕیزیان بەست، ئیسرائیلییەکان لە بۆسەکەیانەوە لە ڕۆژئاوای گیڤعا ڕاپەڕین. 34 لە بەرامبەر گیڤعاوە دە هەزار پیاوی هەڵبژاردە لە هەموو ئیسرائیلەوە هاتن و شەڕەکە گەرم بوو، بەڵام بنیامینییەکانیش نەیانزانی کە چ بەڵایەکیان بەسەرهاتووە. 35 جا یەزدان لەبەردەم ئیسرائیلدا لە نەوەی بنیامینی دا و نەوەی ئیسرائیل لەو ڕۆژەدا بیست و پێنج هەزار و سەد پیاویان لە بنیامین لەناوبرد و هەموو ئەوانەش شمشێر بە دەست بوون. 36 ئینجا نەوەی بنیامین بینییان کە تێکشکاون.

پیاوانی ئیسرائیلیش لە بەرامبەر بنیامین کشانەوە، چونکە ئەوان پشتیان بەو بۆسەیە بەستبوو کە لە گیڤعادا نابوویانەوە. 37 ئینجا پیاوانی بۆسەکە هەستان و چوونە ناو گیڤعاوە و شاڵاویان برد و بە شمشێر لە هەموو شارەکەیان دا. 38 نیشانەی نێوان پیاوانی ئیسرائیل و پیاوانی بۆسەکەش ئەوە بوو کە دووکەڵێکی زۆر لە شارەکەوە بەرز بکەنەوە، 39 جا پیاوانی ئیسرائیل لە جەنگەکەدا ئاوڕ دەدەنەوە و دەگەڕێنەوە.

پێشتر نەوەی بنیامین سی پیاویان لە نەوەی ئیسرائیل کوشتبوو و گوتیان: «بە دڵنیاییەوە وەک جەنگی یەکەم لەبەردەمماندا بەزیوون.» 40 ئینجا کاتێک ستوونی دووکەڵ لە شارەکە بەرزبووەوە، نەوەی بنیامین ئاوڕیان دایەوە بۆ دواوە و تەماشایان کرد دووکەڵی هەموو شارەکە بە ئاسماندا دەچێت. 41 ئینجا پیاوانی ئیسرائیل گەڕانەوە بۆیان و پیاوانی بنیامین تۆقین، چونکە زانییان بەڵایان بەسەرهاتووە. 42 جا لەبەردەم پیاوانی ئیسرائیلدا بەرەو دەشتودەر هەڵاتن، بەڵام شەڕەکە پێیان گەیشت و ئەوانەش چووبوونە ناو شارۆچکەکانەوە لێیان ڕاپەڕین و لەناویانبردن. 43 ئینجا بنیامینەکانیان گەمارۆ دا و بە ئاسانی ڕاویان نان و بەرامبەر بە گیڤعا لەلای ڕۆژهەڵاتەوە پێیان گەیشتنەوە. 44 جا هەژدە هەزار جەنگاوەری بە توانا لە بنیامین کوژران. 45 ئینجا بەرەو دەشتودەر سووڕانەوە و بۆ تاشەبەردی ڕیمۆن هەڵاتن، جا لە ڕێگادا پێنج هەزار پیاویان لێ کوشتن. هەتا گدعۆم ڕاویان نان و دوو هەزار پیاوی دیکەیان لێ کوشتن.

46 لەو ڕۆژەدا بیست و پێنج هەزار پیاوی شمشێر بەدەست لە بنیامین کوژران و هەموویان جەنگاوەری بە توانا بوون. 47 بەڵام شەش سەد پیاو سووڕانەوە و بەرەو دەشتودەر هەڵاتن بۆ تاشەبەردی ڕیمۆن و چوار مانگ لە تاشەبەردی ڕیمۆندا مانەوە. 48 ئینجا پیاوانی نەوەی ئیسرائیل گەڕانەوە بۆ نەوەی بنیامین و لەناو هەموو شارەکەدا بە شمشێر لە خۆیان و ئاژەڵەکانیان و لە هەموو شتەکانی شارەکەیان دا و هەروەها هەموو ئەو شارۆچکانەی پێی گەیشتن سووتاندیانن.

پەیداکردنی ژن بۆ نەوەی بنیامین

21 پێشتر پیاوانی ئیسرائیل لە میچپا سوێندیان خواردبوو و گوتبوویان: «کەس لە ئێمە کچی خۆی ناداتە نەوەی بنیامین بۆ هاوسەرگیری.»

ئینجا گەل چوون بۆ بێت‌ئێل و هەتا ئێوارە لەوێدا لەبەردەم خودا مانەوە و دەنگیان بەرزکردەوە و گریان، گریانێکی بەکوڵ. گوتیان: «ئەی یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل، بۆچی ئەمە لە ئیسرائیلدا ڕوویدا، هەتا ئەمڕۆ نەوەی ئیسرائیل هۆزێک لە دەست بدات؟»

بۆ ڕۆژی دواتر گەل زوو هەستا و لەوێدا قوربانگایەکیان دروستکرد و قوربانی سووتاندن و قوربانی هاوبەشییان پێشکەش کرد.

ئینجا نەوەی ئیسرائیل گوتیان: «لە هەموو هۆزەکانی ئیسرائیل کێ بۆ کۆبوونەوەکە نەهاتە بەردەم یەزدان؟»[f] چونکە سوێندێکی گەورەیان خواردبوو دەربارەی ئەو کەسەی نایەتە میچپا بۆ بەردەم یەزدان کە دەبێ ئەو کەسە بکوژرێت.

ئینجا نەوەی ئیسرائیل ئاخیان بۆ بنیامینی برایان هەڵکێشا و گوتیان: «ئەمڕۆ هۆزێک لە ئیسرائیلدا دابڕا. بۆ ئەوانەی لێیان ماونەتەوە چی بکەین لەبارەی ژنەوە، چونکە ئێمە سوێندمان بە یەزدان خواردووە کە لە کچەکانمان ژنیان نەدەینێ؟» ئینجا گوتیان: «چ هۆزێک لە هۆزەکانی ئیسرائیل نەهاتووەتە بەردەم یەزدان بۆ میچپا؟» جا بۆیان دەرکەوت کەس لە دانیشتووانی یاڤێش گلعاد بۆ کۆبوونەوەکەی ئۆردوگا نەهاتووە، چونکە کاتێک گەلیان ژمارد، تەماشایان کرد تەنها یەک پیاویش لە دانیشتووانی یاڤێش گلعاد نەهاتووە.

10 ئینجا کۆمەڵەکە دوازدە هەزار جەنگاوەریان بۆ ئەوێ نارد و ڕایانسپاردن و گوتیان: «بڕۆن و دانیشتووانی یاڤێش گلعاد بدەنە بەر شمشێر، بە ژن و منداڵەکانیشەوە. 11 دەبێت ئەمەش بکەن، هەموو نێرێک و هەموو ئافرەتێک لەناو ببەن کە لەگەڵ نێر پاڵکەوتبێت.» 12 جا لە دانیشتووانی یاڤێش گلعاددا چوار سەد کچی پاکیزەیان بینییەوە کە لەگەڵ پیاو سەرجێییان نەکردبوو، ئەوانیان هێنا ئۆردوگاکە لە شیلۆ ئەوەی لە خاکی کەنعان بوو.

13 ئینجا هەموو کۆمەڵەکە ناردیان و لەگەڵ نەوەی بنیامین ئەوانەی لە تاشەبەردی ڕیمۆندا بوون قسەیان کرد و بانگیان کردن بۆ ئاشتبوونەوە. 14 جا لەو کاتەدا نەوەی بنیامین گەڕانەوە و ئەو کچانەیان دانێ کە لە یاڤێش گلعاد بە زیندوویی هێشتبوونیانەوە، بەڵام هێشتا بەشی هەموو پیاوەکانی نەوەی بنیامینی نەکرد. 15 گەلیش ئاخیان بۆ نەوەی بنیامین هەڵکێشا، چونکە یەزدان کەلێنی کردە ناو هۆزەکانی ئیسرائیلەوە. 16 ئینجا پیرانی کۆمەڵەکە گوتیان: «ژن لە نەوەی بنیامین نەماوە، چی بۆ ئەوانی دیکە بکەین لەبارەی ژنانەوە؟ 17 پێویستە دەربازبووەکانی بنیامین میراتگریان هەبێت، تاکو هیچ هۆزێک لە ئیسرائیل نەسڕێتەوە. 18 ئێمەش ناتوانین لە کچەکانمان ژنیان بدەینێ، چونکە نەوەی ئیسرائیل سوێندیان خواردووە و گوتوویانە ”نەفرەت لێکراوە ئەو کەسەی ژن دەدات بە نەوەی بنیامین.“ 19 ئەوەتا هەموو ساڵێک لە شیلۆدا جەژن دەگێڕن بۆ یەزدان، لە باکووری بێت‌ئێل لە ڕۆژهەڵاتی ئەو ڕێگایەی لە بێت‌ئێلەوە سەردەکەوێت بۆ شەخەم و لە باشووری لەڤۆنە.»

20 ئینجا فەرمانیان دا بە نەوەی بنیامین و گوتیان: «بڕۆن و لە ڕەزەمێوەکاندا بۆسە بنێنەوە و 21 چاوەڕێ بکەن هەتا کچانی شیلۆ دەچنە ناو سەماکردن، ئینجا ئێوە لە ڕەزەمێوەکانەوە وەرنە دەرەوە و هەریەکە و کچێک لە کچەکانی شیلۆ بۆ خۆتان بڕفێنن، بگەڕێنەوە بۆ خاکی بنیامین. 22 جا ئەگەر باوک و براکانیان هاتن بۆ ئەوەی سکاڵامان لەلا بکەن، پێیان دەڵێین: ”لەبەر ئێمە بەزەییتان پێیاندا بێتەوە، چونکە لە جەنگدا بۆ هەریەکیان ژنێکمان دەست نەکەوت. ئێوەش تاوانبار نین لە شکاندنی سوێندتان، چونکە بە ڕەزامەندی خۆتان کچەکانتان نەدانێ.“»[g]

23 ئینجا نەوەی بنیامین ئاوایان کرد و بەپێی ژمارەیان ژنیان بۆ خۆیان لەو سەماکەرانە ڕفاند، ڕۆیشتن و گەڕانەوە بۆ میراتەکەیان[h] و شارۆچکەکانیان بنیاد ناوە و تێیاندا نیشتەجێ بوون.

24 ئینجا لەو کاتەدا نەوەی ئیسرائیل هەریەکە گەڕایەوە بۆ هۆزەکەی و خێڵەکەی. هەریەکە لەوێوە چووە دەرەوە بۆ میراتەکەی.

25 لەو سەردەمەدا هیچ پاشایەک لەناو ئیسرائیلدا نەبوو و هەرکەس ئەوەی دەکرد کە لەبەرچاوی خۆی ڕاست بوو.

لۆقا 7:31-50

31 عیسا بەردەوام بوو و فەرمووی: «ئەم نەوەیە بە چی بەراورد بکەم؟ لە چی دەچن؟ 32 لەو منداڵانە دەچن کە لە بازاڕدا دانیشتوون یەکتری بانگ دەکەن و دەڵێن:

«”زوڕنامان بۆ لێدان و هەڵنەپەڕین،
    شینمان بۆ کردن و نەگریان.“

33 یەحیای لەئاوهەڵکێش هات، نە نان دەخوات و نە شەراب دەخواتەوە، دەڵێن: ”ڕۆحی پیسی تێدایە.“ 34 کوڕی مرۆڤ هات، دەخوات و دەخواتەوە، دەڵێن: ”ئەمە کابرایەکی نەوسن و مەیخۆرە، هاوڕێی باجگران و گوناهبارانە.“ 35 بەڵام دانایی ڕاستەقینە لە بەرهەمیەوە دەردەکەوێت.»

لێخۆشبوون و خۆشەویستی

36 یەکێک لە فەریسییەکان داوای لە عیسا کرد نانی لەگەڵ بخوات، ئەویش چووە ماڵی فەریسییەکە و لەسەر خوان دانیشت. 37 لە شارەکە ئافرەتێکی گوناهبار هەبوو، زانی عیسا لە ماڵی فەریسییەکە دانیشتووە، بوتڵێکی ئەلەباستەریی[a] بۆنی هێنا، 38 لە دواوە بە گریانەوە لەلای پێی ڕاوەستا، پێیەکانی بە فرمێسک تەڕ کرد و بە قژی بۆی سڕییەوە، پێیەکانی ماچکرد و بە بۆنەکە چەوری کردن.

39 ئەو فەریسییەی کە عیسای داوەت کردبوو، کاتێک ئەمەی بینی، لە دڵیدا گوتی: «ئەگەر ئەمە پێغەمبەر بووایە، دەیزانی ئەم ئافرەتەی دەستی لێدەدات کێیە و چییە، چونکە گوناهبارە.»

40 عیسا وەڵامی دایەوە: «شیمۆن، دەمەوێ شتێکت پێ بڵێم.»

گوتی: «بفەرموو مامۆستا.»

41 «کابرایەک قەرزی دابوو بە دوو کەس، بە یەکێکیان پێنج سەد دینار[b]، ئەوەی دیکەیان پەنجا. 42 نەیانبوو بیدەنەوە، کابرا لە هەردووکیان خۆشبوو. کامیان زیاتر کابرای خۆشدەوێت؟»

43 شیمۆن وەڵامی دایەوە: «لەو باوەڕەدام ئەوەی پارە زۆرەکەی لەلابوو.»

پێی فەرموو: «حوکمەکەت ڕاستە.»

44 ڕووی کردە ئافرەتەکە و بە شیمۆنی فەرموو: «ئەم ئافرەتە دەبینیت؟ هاتمە ماڵەکەت و ئاوت نەدامێ بۆ ئەوەی پێیەکانم بشۆم، بەڵام ئەم بە فرمێسک پێی تەڕ کردم و بە قژی سڕییەوە. 45 تۆ ماچت نەکردم، بەڵام ئەم لەو کاتەوەی هاتوومەتە ژوورەوە لە ماچکردنی پێیەکانم نەوەستاوە. 46 تۆ زەیتت لە سەرم نەدا، بەڵام ئەم بە بۆن پێیەکانمی چەورکرد. 47 لەبەر ئەم هۆیە پێت دەڵێم، گوناهە زۆرەکانی بەخشران و ئاوا خۆشەویستییە زۆرەکەی دەردەبڕێت[c]. بەڵام ئەوەی کەم بەخشراوە، کەم خۆشەویستی دەردەبڕێت.»

48 ئینجا بە ئافرەتەکەی فەرموو: «گوناهەکانت بەخشران.»

49 ئەوانەی لەگەڵی دانیشتبوون لە دڵی خۆیاندا گوتیان: «ئەمە کێیە تەنانەت گوناهیش دەبەخشێت؟»

50 عیسا بە ئافرەتەکەی فەرموو: «باوەڕت ڕزگاری کردیت. برۆ بە سەلامەت.»

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.