Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Old/New Testament

Each day includes a passage from both the Old Testament and New Testament.
Duration: 365 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
ڕابەران 11-12

11 یەفتاحی گلعادی جەنگاوەرێکی بەهێز بوو، کوڕی لەشفرۆشێک بوو، گلعادیش باوکی بوو. ژنەکەی گلعاد چەند کوڕێکی بوو، کاتێک کوڕەکان گەورە بوون یەفتاحیان دەرکرد و پێیان گوت: «نابیت بە میراتگر لە ماڵی باوکمان، چونکە تۆ کوڕی ژنێکی دیکەیت.» بۆیە یەفتاح لە دەست براکانی هەڵات و لە خاکی تۆڤ نیشتەجێ بوو، چەند پیاوێکی یاخی و چاونەترس لە دەوری کۆبوونەوە و دوای کەوتن.

ئینجا پاش ماوەیەک عەمۆنییەکان لە دژی ئیسرائیل جەنگان. کاتێک عەمۆنییەکان لە دژی ئیسرائیل جەنگان، پیرانی گلعاد چوون بۆ ئەوەی یەفتاح لە خاکی تۆڤەوە بهێنن. بە یەفتاحیان گوت: «وەرە ببە بە سەرکردەمان هەتا لە دژی عەمۆنییەکان بجەنگین.»

یەفتاحیش بە پیرانی گلعادی گوت: «ئایا ئێوە نەبوون کە ڕقتان لێم بووەوە و لە ماڵی باوکم دەرتانکردم؟ بۆچی ئێستا هاتوون بۆ لام کە لە تەنگانە دان؟»

پیرانی گلعادیش بە یەفتاحیان گوت: «بۆیە ئێستا گەڕاوینەتەوە بۆ لات هەتا لەگەڵمان بێیت و لە دژی عەمۆنییەکان بجەنگین و ببیت بە سەرکردەمان بەسەر هەموو دانیشتووانی گلعاد.»

یەفتاحیش بە پیرانی گلعادی گوت: «ئەگەر منتان گەڕاندەوە بۆ جەنگ لە دژی عەمۆنییەکان و یەزدان ئەوانی بەدەستمەوە دا، ئەوا بەڕاستی من دەبمە سەرکردەتان؟»

10 پیرانی گلعادیش بە یەفتاحیان گوت: «با یەزدان لەنێوانمان شایەت بێت، بە دڵنیاییەوە ئاوا دەکەین بەپێی ئەوەی گوتت.» 11 ئینجا یەفتاح لەگەڵ پیرانی گلعاددا ڕۆیشت و گەل کردیان بەسەرکردە و فەرماندەی خۆیان و یەفتاحیش هەموو قسەکانی خۆی لە میچپا لەبەردەم یەزدان دووبارە کردەوە.

12 ئینجا یەفتاح چەند نێردراوێکی بۆ لای پاشای عەمۆنییەکان ڕەوانە کرد و گوتی: «چیم لەگەڵ تۆ هەیە، تۆ هاتوویتە سەرم هەتا لە خاکەکەم لە دژم بجەنگیت؟»

13 پاشای عەمۆنییەکانیش بە نێردراوەکانی یەفتاحی گوت: «لەبەر ئەوەی ئیسرائیل لە کاتی هاتتنیدا لە میسر خاکەکەی بردووم، لە ئەرنۆنەوە هەتا یەبۆق و هەتا ڕووباری ئوردون، ئێستاش بە ئاشتی بیگەڕێنەوە.»

14 ئینجا یەفتاح دووبارە چەند نێردراوێکی بۆ لای پاشای عەمۆنییەکان ڕەوانە کردەوە و 15 پێی گوت:

«یەفتاح ئاوا دەڵێت: ئیسرائیل خاکی مۆئاب و خاکی عەمۆنییەکانی نەبردووە، 16 چونکە لە کاتی هاتنی ئیسرائیل لە میسرەوە بەناو چۆڵەوانیدا هەتا دەریای سوور[a] ڕۆیشت و هات بۆ قادێش. 17 ئیتر ئیسرائیل چەند نێردراوێکی نارد بۆ لای پاشای ئەدۆم و گوتی: ”لێمانگەڕێ با بەناو خاکەکەتدا تێپەڕ بین،“ بەڵام پاشای ئەدۆم گوێی نەگرت. هەروەها نێردراویان بۆ لای پاشای مۆئاب نارد، بەڵام ڕازی نەبوو. ئینجا نەوەی ئیسرائیل لە قادێش مانەوە.

18 «ئینجا بەناو چۆڵەوانیدا ڕۆیشتن و بەدەوری خاکی ئەدۆم و خاکی مۆئابدا سووڕانەوە، لەلای ڕۆژهەڵاتەوە هاتن بۆ خاکی مۆئاب و لە کەناری ئەرنۆن چادریان هەڵدا، نەهاتنە ناو خاکی مۆئاب، چونکە ڕووباری ئەرنۆن سنووری مۆئاب بوو.

19 «پاشان ئیسرائیل چەند نێردراوێکی بۆ لای سیحۆنی پاشای ئەمورییەکان و پاشای حەشبۆن نارد و پێی گوتن: ”لێمانگەڕێن با بەناو خاکەکەتاندا تێپەڕین بۆ شوێنەکەمان.“ 20 بەڵام سیحۆن متمانەی بە ئیسرائیل نەبوو بەناو سنوورەکەیدا تێبپەڕێت، بەڵکو سیحۆن هەموو هێزەکانی کۆکردەوە و لە یەهەچ چادریان هەڵدا و لە دژی ئیسرائیل جەنگان.

21 «ئینجا یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل سیحۆن و هەموو سوپاکەی دا بەدەست نەوەی ئیسرائیلەوە و ئەوانیان بەزاند. ئیتر ئیسرائیل بوو بە خاوەنی هەموو زەوی ئەمورییەکان و دانیشتووانی ئەو خاکە، 22 دەستیان بەسەر هەموو سنووری ئەمورییەکاندا گرت، لە ئەرنۆنەوە هەتا یەبۆق و لە چۆڵەوانییەوە هەتا ڕووباری ئوردون.

23 «ئێستاش کە یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل ئەمورییەکانی لەبەردەم ئیسرائیلی گەلی خۆی دەرکردووە، ئایا بە چ مافێک تۆ خاوەنداریێتی دەکەیت؟ 24 ئایا نابیتە خاوەنی ئەوەی کە کەمۆشی[b] خوداوەندت پێت دەدات؟ ئێمەش خاوەنی هەموو ئەوانەین کە یەزدانی پەروەردگارمان لەبەردەمماندا وەدەرینان. 25 ئێستاش ئایا تۆ بەڕاستی لە بالاقی کوڕی چیپوری پاشای مۆئاب چاکتریت؟ ئایا ئەو بەربەرەکانێی ئیسرائیلی کرد، یاخود لە دژیان جەنگا؟ 26 ئەو کاتەی ئیسرائیل لە حەشبۆن و گوندەکانی و عەرۆعێر و گوندەکانی و هەموو شارۆچکەکانی کەناری ئەرنۆن سێ سەد ساڵ نیشتەجێ بوو، بۆچی لەو کاتەدا بەدەستت نەهێنایەوە؟ 27 من هیچ گوناهم دەرهەق بە تۆ نەکردووە، بەڵام تۆ خراپەم لەگەڵ دەکەیت بە شەڕکردن لەگەڵ من. با ئەمڕۆ یەزدانی دادوەر حوکم لەنێوان ئیسرائیل و عەمۆنییەکاندا بدات.»

28 بەڵام پاشای عەمۆنییەکان گوێی لە قسەکانی یەفتاح نەگرت کە بۆی نارد.

29 جا ڕۆحی یەزدان هاتە سەر یەفتاح، لە گلعاد و مەنەشە پەڕییەوە و لە میچپای گلعادیش پەڕییەوە، لە میچپای گلعادیشەوە بۆ عەمۆنییەکان پەڕییەوە. 30 ئینجا یەفتاح نەزری[c] بۆ یەزدان کرد و گوتی: «ئەگەر عەمۆنییەکانت دا بەدەستمەوە، 31 ئەوا لە کاتی گەڕانەوەمدا بە سەرکەوتوویی لەلای عەمۆنییەکانەوە، ئەوەی بۆ پێشوازیلێکردنم لە دەرگای ماڵەکەمەوە بێتە دەرەوە، ئەوە بۆ یەزدان دەبێت و وەک قوربانی سووتاندن پێشکەشی دەکەم.»

32 ئینجا یەفتاح پەڕییەوە بۆ عەمۆنییەکان بۆ جەنگ لە دژیان و یەزدان ئەوانی دایە دەستی. 33 لەنێوان عەرۆعێرەوە و مینیت هەتا ئابێل کەرامیم بیست شارۆچکەی وێران کرد و بەم شێوەیە عەمۆنییەکان کەوتنە ژێردەستی نەوەی ئیسرائیل.

34 پاشان یەفتاح گەڕایەوە بۆ میچپا بۆ ماڵەکەی و تەماشای کرد وا کچەکەی بە دەفلێدان و سەماکردنەوە هاتووەتە دەرەوە بۆ پێشوازیلێکردنی. ئەو کچەش تاقانە بوو، جگە لەو کوڕ و کچی دیکەی نەبوو. 35 لەو کاتەدا کە چاوی پێکەوت جلەکانی دادڕی و گوتی: «ئای کچەکەم ئەژنۆت شکاندم و ژیانت لێ تاڵ کردم، چونکە سوێندم بۆ یەزدان خواردووە و ناتوانم لێی پاشگەز ببمەوە.»

36 ئەویش پێی گوت: «ئەی باوکە تۆ نەزرت بۆ یەزدان کردووە؟ بەوەم لەگەڵ بکە کە لە دەمت هاتووەتە دەرەوە، چونکە یەزدان تۆڵەی بۆ سەندییەوە لە دوژمنەکانت، لە عەمۆنییەکان.» 37 پاشان بە باوکی گوت: «با ئەو کارەم لەگەڵدا بکرێت، دوو مانگ لێم بگەڕێ هەتا بڕۆم و لەسەر چیاکان بگەڕێم و لەگەڵ هاوڕێیەکانم شیوەن بگێڕم، چونکە هەرگیز شوو ناکەم.»

38 ئەویش گوتی: «بڕۆ.» دوو مانگ ناردی، ڕۆیشت و لەگەڵ دەستە خوشکەکانی لەسەر چیاکان شیوەنی گێڕا، چونکە هەرگیز شوو ناکات. 39 لە کۆتایی دوو مانگەکەدا گەڕایەوە بۆ لای باوکی، ئیتر ئەو نەزرەی کردبووی ئەنجامی دا، کچەکەش پاکیزە بوو.

ئیتر ئەمە لەناو ئیسرائیلدا بوو بە نەریت 40 کە کچەکانی ئیسرائیل ساڵانە چوار ڕۆژ دەچن بۆ ئەوەی شیوەن بۆ کچەکەی یەفتاحی گلعادی بگێڕن.

یەفتاح و ئەفرایم

12 ئینجا پیاوانی لەشکری ئەفرایم بانگکران و کۆبوونەوە و پەڕینەوە بۆ شارۆچکەی چافۆن و بە یەفتاحیان گوت: «بۆچی بۆ جەنگ لە دژی عەمۆنییەکان پەڕیتەوە و بانگت نەکردین بۆ ئەوەی لەگەڵت بێین؟ لەبەر ئەوە ماڵەکەت بە ئاگر بەسەرتدا دەسووتێنین.»

یەفتاحیش وەڵامی دانەوە: «من و گەلەکەم لەگەڵ عەمۆنییەکاندا ململانێیەکی توندمان هەبوو، کاتێک بانگم کردن، ئێوە لە دەستیان ڕزگارتان نەکردم. کاتێک بینیم ئێوە ڕزگارم ناکەن، گیانم خستە دەستمەوە و پەڕیمەوە بۆ جەنگ لە دژی عەمۆنییەکان و یەزدانیش ئەوانی خستە ژێر دەستمەوە. ئیتر بۆچی ئێوە ئەمڕۆ هاتوونەتە سەرم بۆ ئەوەی لە دژم بجەنگن؟»

ئینجا یەفتاح هەموو پیاوانی گلعادی کۆکردەوە و لە دژی ئەفرایم جەنگا و پیاوانی گلعاد ئەفرایمیان بەزاند، چونکە ئەفرایمییەکان گوتبوویان: «ئێوەی گلعادی لە دەست ئەفرایم و مەنەشە ڕاتانکردووە.» گلعادییەکان تەنکاییەکانی ڕووباری ئوردونیان لە ئەفرایم گرت، لەو کاتەدا هەرکەسێک لە هەڵاتووەکانی ئەفرایم بیگوتایە: «لێمگەڕێن با تێپەڕم،» پیاوانی گلعاد پێیان دەگوت: «تۆ ئەفرایمیت؟» ئەگەر دەیگوت: «نەخێر،» پێیان دەگوت: «باشە بڵێ ”شیبۆلەت.“» ئەویش دەیگوت: «سیبۆلەت،» چونکە بە تەواوی نەیدەتوانی وشەکە دەرببڕێت. ئینجا دەیانگرت و لە تەنکاییەکانی ڕووباری ئوردون دەیانکوشت. لەو کاتەدا چل و دوو هەزار لە ئەفرایم کوژران.

لەدوای ئەوە یەفتاح شەش ساڵ ڕابەرایەتی ئیسرائیلی کرد و پاشان یەفتاحی گلعادی مرد و لە یەکێک لە شارۆچکەکانی گلعاد نێژرا.

ئیبسان و ئێلۆن و عەڤدۆن

پاش ئەو ئیبسانی خەڵکی بێت‌لەحم ڕابەرایەتی ئیسرائیلی کرد و سی کوڕ و سی کچی هەبوو، کچەکانی بە شوو دا بە خەڵکی دەرەوەی خێڵەکەی و لە دەرەوەی خێڵەکەی سی بووکی بۆ کوڕەکانی هێنا. ئیبسان حەوت ساڵ ڕابەرایەتی ئیسرائیلی کرد و 10 پاشان ئیبسان مرد و لە بێت‌لەحم نێژرا.

11 پاش ئەو ئێلۆنی زەبولونی دە ساڵ ڕابەرایەتی ئیسرائیلی کرد و 12 پاشان ئێلۆنی زەبولونی مرد و لە ئەیالۆن لە خاکی زەبولون نێژرا.

13 پاش ئەویش عەڤدۆنی کوڕی هیلێل لە شاری پیرعاتۆن ڕابەرایەتی ئیسرائیلی کرد و 14 چل کوڕ و سی کوڕەزای هەبوو سواری حەفتا گوێدرێژ دەبوون. هەشت ساڵ ڕابەرایەتی ئیسرائیلی کرد. 15 ئینجا عەڤدۆنی کوڕی هیلێلی پیرعاتۆنی مرد و لە پیرعاتۆن لە خاکی ئەفرایمدا لە ناوچە شاخاوییەکانی عەمالێقییەکان نێژرا.

لۆقا 6:1-26

گەورەی ڕۆژی شەممە

لە ڕۆژی شەممەدا عیسا بەناو دەغڵدا تێدەپەڕی، قوتابییەکانی گوڵەگەنمیان لێدەکردەوە، لەناو دەستیان دەیانپرواند و دەیانخوارد. هەندێک فەریسی لێیان پرسین: «بۆچی ئەوەی لە ڕۆژی شەممەدا دروست نییە دەیکەن؟»

عیسا وەڵامی دایەوە: «ئایا نەتانخوێندووەتەوە داود چی کرد، کاتێک خۆی و ئەوانەی لەگەڵی بوون برسییان بوو؟ چۆن چووە ماڵی خودا و نانی تەرخانکراوی[a] برد و خواردی، دایە ئەوانەش کە لەگەڵی بوون، ئەو نانەی کە دروست نییە بخورێت بۆ کاهینان نەبێت؟»[b] ئینجا پێی فەرموون: «کوڕی مرۆڤ خۆی گەورەی ڕۆژی شەممەیە.»

لە ڕۆژی شەممەیەکی دیکەدا، چووە ناو کەنیشت و خەڵکی فێردەکرد. پیاوێک لەوێ بوو دەستی ڕاستی وشک ببوو. مامۆستایانی تەورات و فەریسییەکان سەیری عیسایان دەکرد، ئاخۆ لە ڕۆژی شەممەدا خەڵکی چاک دەکاتەوە، تاکو شتێکی لێ بدۆزنەوە و تاوانباری بکەن. بەڵام عیسا بە بیرکردنەوەیانی زانی، بە پیاوە دەست وشکبووەکەی فەرموو: «هەستە و لەناوەڕاستدا ڕابوەستە.» ئەویش هەستا و ڕاوەستا.

عیسا پێی فەرموون: «لێتان دەپرسم، ئاخۆ لە ڕۆژی شەممەدا چی دروستە، کردنی کاری باش یان کاری خراپ؟ ڕزگارکردنی کەسێک یان لەناوبردنی؟»

10 چاوی بە هەموویاندا گێڕا، بە پیاوەکەی فەرموو: «دەستت درێژ بکە.» ئەویش کردی و دەستی چاک بووەوە. 11 بەڵام ئەوان زۆر تووڕە بوون و لەگەڵ یەکتری گفتوگۆیان دەکرد چی لە عیسا بکەن.

دوازدە نێردراوەکە

12 لەو ڕۆژانەدا عیسا چووە چیا تاکو نوێژ بکات، شەوەکەی هەموو بە نوێژکردن بۆ خودا بەسەربرد. 13 کە ڕۆژ بووەوە، قوتابییەکانی بانگکرد، دوازدەی لێ هەڵبژاردن و ناوی لێنان نێردراوان: 14 شیمۆن کە ناوی لێنا پەترۆس، لەگەڵ ئەندراوسی برای، یاقوب و یۆحەنا، فیلیپۆس و بەرتۆلماوس، 15 مەتا و تۆماس، یاقوبی کوڕی حەلفی و شیمۆن کە ناسراوبوو بە دڵگەرم[c]، 16 یەهوزای کوڕی یاقوب و یەهوزای ئەسخەریوتی کە ناپاک دەرچوو.

17 ئینجا عیسا لەگەڵ دوازدە قوتابییەکان هاتە خوارەوە و لە شوێنێکی تەختایی ڕاوەستا. لەوێ کۆمەڵێکی زۆر لە قوتابییەکانی و خەڵکێکی ئێجگار زۆر کە لە هەموو یەهودیا و ئۆرشەلیم و کەناری سور و سەیداوە هاتبوون، 18 هەموویان بۆ ئەوە هاتبوون تاکو گوێی لێ بگرن و لە نەخۆشییەکانیان چاکببنەوە، ئەوانەش کە بە دەست ڕۆحە پیسەکان دەیانناڵاند چاکبوونەوە. 19 هەموو خەڵکەکەش هەوڵیان دەدا دەستی لێ بدەن، چونکە هێزی لێ دەهاتە دەرەوە و هەمووانی چاکدەکردەوە.

20 ئینجا چاوی بۆ قوتابییەکانی هەڵبڕی و فەرمووی:

«خۆزگە دەخوازرێت بە ئێوە، ئەی هەژاران،
    چونکە شانشینی خودا بۆ ئێوەیە.
21 خۆزگە دەخوازرێت بە ئێوە کە ئێستا برسین،
    چونکە تێر دەبن.
خۆزگە دەخوازرێت بە ئێوە کە ئێستا دەگریێن،
    چونکە پێدەکەنن.
22 خۆزگە دەخوازرێت بە ئێوە کاتێک خەڵکی ڕقی لێتان دەبێتەوە و
    کاتێک جیاتان دەکەنەوە، جنێوتان پێدەدەن و
    بە بەدکار ناوتان دەبەن، لەبەر کوڕی مرۆڤ.

23 «لەو ڕۆژەدا دڵخۆش بن و لە خۆشیدا هەڵپەڕن، لەبەر ئەوەی لە ئاسمان پاداشتتان گەورەیە، چونکە باوباپیرانیشیان ئاوایان بە پێغەمبەران کردووە.

24 «بەڵام قوڕبەسەرتان ئەی دەوڵەمەندان،
    چونکە خۆشگوزەرانی خۆتان لێرە وەرگرتووە.
25 قوڕبەسەرتان ئەی ئەوانەی ئێستا تێرن،
    چونکە ئێوە برسی دەبن.
قوڕبەسەرتان ئەی ئەوانەی ئێستا پێدەکەنن،
    چونکە ئێوە ماتەم دەگێڕن و دەگریێن.
26 قوڕبەسەرتان کاتێک هەموو خەڵک ستایشتان دەکات،
    چونکە باوباپیرانیان ئاوایان بۆ پێغەمبەرە درۆزنەکان کردووە.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.