Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Old/New Testament

Each day includes a passage from both the Old Testament and New Testament.
Duration: 365 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
ڕابەران 9-10

ئەبیمەلەخ

ئینجا ئەبیمەلەخی کوڕی یەروبەعل چوو بۆ شەخەم بۆ لای خاڵەکانی، بە هەموو هۆزی دایکی گوت: «بە هەموو خەڵکی شەخەم بڵێن: ”کامیان باشترە بۆ ئێوە، ئایا حەفتا کوڕەکەی یەروبەعل فەرمانڕەوایەتیتان بکەن، یان یەک پیاو فەرمانڕەوایەتیتان بکات؟“ ئەوەشتان لەبیر بێت کە من لە گۆشت و خوێنی خۆتانم.»

ئیتر خاڵەکانی هەموو ئەم قسانەیان بە هەموو خەڵکی شەخەم گوت. ئەوانیش ئەبیمەلەخیان بەدڵ بوو، چونکە گوتیان «ئەو برامانە.» ئینجا حەفتا شاقل زیویان[a] پێیدا لە پەرستگای بەعل‌بەریت، ئەبیمەلەخیش بەو پارەیە پیاوی یاخی و چاونەترسی بەکرێ گرت و ئەوانیش دوای کەوتن. ئینجا هات بۆ ماڵی باوکی لە عۆفرا و هەموو براکانی خۆی کوشت کە کوڕەکانی یەروبەعل بوون، حەفتا برا لەسەر یەک بەرد. تەنها یۆتامی کوڕی یەروبەعل کە لە هەمووان بچووکتر بوو مایەوە، چونکە خۆی شاردەوە. ئیتر شارنشینەکانی شەخەم و هەموو بێت‌میلۆ کۆبوونەوە، چوون و لەلای دار بەڕووەکەی لای ستوونەکەی شەخەم ئەبیمەلەخیان کردە پاشا.

ئینجا هەواڵی ئەمەیان دا بە یۆتام، ئەویش چوو لەسەر لووتکەی کێوی گەریزیم و وەستا، هاواری لێکردن و پێیانی گوت: «گوێم لێ بگرن ئەی خەڵکی شەخەم، بۆ ئەوەی خودا گوێتان لێ بگرێت. جارێکیان درەختەکان چوون پاشایەک دەستنیشان بکەن لەسەر خۆیان. جا بە دار زەیتوونیان گوت: ”پاشایەتیمان بکە.“

«دار زەیتوونیش وەڵامی دانەوە: ”ئایا واز لە زەیتەکەم بهێنم، ئەوەی پێی ڕێز لە خوداوەندەکان و خەڵک دەگرن، بچم فەرمانڕەوایەتی درەختەکان بکەم؟“

10 «ئینجا درەختەکان بە دار هەنجیریان گوت: ”وەرە تۆ پاشایەتیمان بکە.“

11 «دار هەنجیریش وەڵامی دانەوە: ”ئایا واز لە شیرینییەکەم و بەرە خۆشەکەم بهێنم، بچم فەرمانڕەوایەتی درەختەکان بکەم؟“

12 «ئیتر درەختەکان بە دار مێویان گوت: ”تۆ وەرە پاشایەتیمان بکە.“

13 «دار مێویش وەڵامی دانەوە: ”ئایا واز لە شەرابەکەم بهێنم، ئەوەی دڵی خوداوەندەکان و خەڵک خۆش دەکات، بچم فەرمانڕەوایەتی درەختەکان بکەم؟“

14 «ئینجا هەموو درەختەکان بە دڕکوداڵیان گوت: ”تۆ وەرە پاشایەتیمان بکە.“

15 «دڕکوداڵیش بە درەختەکانی گوت: ”ئەگەر ئێوە بەڕاستی دەتانەوێت بە پاشای خۆتان دەستنیشانم بکەن، وەرن لەژێر سێبەرەکەمدا خۆتان پەنا بدەن. بەڵام ئەگەر وا نەبوو ئاگرێک لە دڕکەکەوە دێتە دەرەوە و دارەکانی ئورزی لوبنان دەخوات!“

16 «ئایا ئێوە بە دەستپاکی و بە ڕاستی کارتان کردووە کە ئەبیمەلەختان کردووە بە پاشا؟ ئایا چاکەتان لەگەڵ یەروبەعل و لەگەڵ ماڵەکەی کردووە؟ ئایا بەگوێرەی شایستەیی خۆی پاداشتتان داوەتەوە؟ 17 باوکم بۆ ئێوە جەنگا و خۆی خستە مەترسییەوە و لە چنگی میدیان دەربازی کردن. 18 ئێوەش ئەمڕۆ بەگژ ماڵی باوکمدا چوون و کوڕەکانی ئەوتان کوشت، حەفتا پیاو لەسەر یەک بەرد و ئەبیمەلەخی کوڕی ژنە خزمەتکارەکەی ئەوتان کردە پاشای خەڵکی شەخەم، چونکە براتانە! 19 جا ئەگەر بە دەستپاکی و بە ڕاستیتان کردبێت لەگەڵ یەروبەعل و لەگەڵ ماڵەکەی لەم ڕۆژەدا، ئەوا دڵتان خۆش بکەن بە ئەبیمەلەخ و با ئەویش دڵی پێتان خۆش بێت. 20 بەڵام ئەگەر واتان نەکردبوو، ئەوا ئاگرێک لە ئەبیمەلەخەوە دێتە دەرەوە و شارنشینەکانی شەخەم و بێت‌میلۆ دەخوات، ئاگرێکیش لە شارنشینەکانی شەخەم و لە بێت‌میلۆ دێتە دەرەوە و ئەبیمەلەخ دەخوات!»

21 ئینجا یۆتام ڕایکرد و هەڵات، لە ترسی ئەبیمەلەخی برای چوو بۆ بئێر و لەوێ ژیا.

22 ئیتر ئەبیمەلەخ سێ ساڵ فەرمانڕەوایەتی ئیسرائیلی کرد. 23 ئینجا خودا ڕۆحێکی بەدکاری نارد بۆ نێوان ئەبیمەلەخ و شارنشینەکانی شەخەم، ئیتر شارنشینەکانی شەخەم ناپاکییان لە ئەبیمەلەخ کرد. 24 خودا ئەمەی کرد هەتا ئەو تاوانەی لە حەفتا کوڕەکەی یەروبەعل کرا، خوێنڕشتنیان لە ئەستۆی ئەبیمەلەخی برایان بێت کە کوشتنی، هەروەها بەسەر شارنشینەکانی شەخەم، ئەوانەی هانیان دا بۆ کوشتنی براکانی. 25 جا شارنشینەکانی شەخەم بۆسەیان لەسەر لووتکەی چیاکان لە دژی دانا و هەر یەکێک لەسەر ڕێگاکە بەلایاندا تێدەپەڕی ڕووتیان دەکردەوە. ئیتر هەواڵ گەیشت بە ئەبیمەلەخ.

26 ئەوە بوو گەعەلی کوڕی عەبەد و براکانی هاتن و پەڕینەوە بۆ شەخەم، خەڵکی شەخەم متمانەیان پێکرد. 27 چوونە دەرەوە بۆ سەر کێڵگەکانیان و ترێیەکانیان کۆکردەوە و بە پێیەکانیان گوشییان. لەدوای ئەوە چوونە پەرستگای خوداوەندەکەیان و ئاهەنگیان گێڕا. کاتێک خواردیان و خواردیانەوە، نەفرەتیان لە ئەبیمەلەخ کرد. 28 ئینجا گەعەلی کوڕی عەبەد گوتی: «ئەبیمەلەخ کێیە و شەخەم کێیە هەتا ئێمە خزمەتی بکەین؟ ئایا ئەو کوڕی یەروبەعل نییە و زەڤول بریکاری نییە؟ ئیتر بۆچی ئێمە خزمەتی بکەین؟ خزمەتی پیاوەکانی حەمۆری باوکی شەخەم بکەن. 29 خۆزگە ئەم گەلە لەژێر دەستی مندا دەبوون، ئەو کاتە ئەبیمەلەخم لا دەدا، پێم دەگوت: ”هەموو سوپاکەت ئامادە بکە و وەرە دەرەوە!“»

30 کاتێک زەڤولی فەرمانڕەوای شار قسەکەی گەعەلی کوڕی عەبەدی بیست، زۆر تووڕە بوو و 31 بە نهێنی پەیامنێری بۆ لای ئەبیمەلەخ نارد، گوتی: «وا گەعەلی کوڕی عەبەد و براکانی هاتن بۆ شەخەم و شارەکە لە دژی تۆ دەوروژێنن. 32 ئێستا بە شەو خۆت و ئەو دارودەستانەی لەگەڵتدایە هەستن و لە کێڵگە بۆسە دابنێن. 33 بەیانی کاتی خۆر هەڵاتن زوو هەستە و هێرش بەرە سەر شارەکە، ئینجا کاتێک گەعەل و ئەو دارودەستانەی کە لەگەڵیدان دێنە دەرەوە بۆت، تۆش ئەوەی لە دەستت دێ بیکە.»

34 ئیتر ئەبیمەلەخ و هەموو دارودەستەکانی کە لەگەڵیدا بوون بە شەو هەستان و بوون بە چوار بەش و بۆسەیان دانا بۆ شەخەم. 35 گەعەلی کوڕی عەبەدیش چووبووە دەرەوە و لەناو دەروازەی شارەکەدا ڕاوەستابوو. لەو کاتەدا ئەبیمەلەخ و دارودەستەکانی کە لەگەڵیدا بوون لە بۆسەکە هاتنە دەرەوە.

36 کاتێک گەعەل خەڵکەکەی بینی، بە زەڤولی گوت: «ئا ئەوە خەڵکن لە لووتکەی چیاکانەوە دێنە خوارەوە!»

زەڤولیش پێی گوت: «ئەوە تۆ سێبەری چیاکان دەبینیت وا دەزانیت خەڵکە.»

37 بەڵام گەعەل دیسان گوتی: «ئا ئەوە خەڵکن لە بەرزایی زەوییەکەوە دێنە خوارەوە و یەک تیپیش وا لە ڕێی دار بەڕووەکەی بەخت خوێنەرەکانەوە دێت.»

38 زەڤولیش پێی گوت: «ئێستا ئەو دەمەت لەکوێیە کە پێی دوایت: ”ئەبیمەلەخ کێیە هەتا ئێمە خزمەتی بکەین؟“ ئایا ئەوە ئەو خەڵکە نین کە گاڵتەت پێیان کرد؟ دە ئێستا بڕۆ دەرەوە و لەگەڵیاندا بجەنگێ!»

39 گەعەلیش لەبەردەم خەڵکی شەخەمدا چووە دەرەوە و لەگەڵ ئەبیمەلەخ جەنگا. 40 ئەبیمەلەخیش بەزاندی، ئیتر لە دەستی هەڵات و بریندارێکی زۆر بە درێژایی ڕێگاکە هەتا بەردەم دەروازەکە کەوتن. 41 ئینجا ئەبیمەلەخ لە ئەروما دانیشت و زەڤولیش گەعەل و براکانی دەرکرد و نەیهێشت لە شەخەمدا بژین.

42 ئینجا بۆ بەیانییەکەی خەڵکی شەخەم چوونە دەرەوە بۆ کێڵگە و هەواڵ درا بە ئەبیمەلەخ. 43 ئەویش دارودەستەکانی برد و کردنی بە سێ بەشەوە و لە کێڵگەدا بۆسەی دانا، بینی وا خەڵکەکە لە شار دێنە دەرەوە، ئەویش بۆیان هەستا و لێیدان. 44 ئەبیمەلەخ و ئەو بەشەی لەگەڵیدا بوون هەڵمەتیان برد و لەناو دەروازەی شارەکەدا ڕاوەستان، بەڵام دوو بەشەکەی دیکە هێرشیان بردە سەر هەموو ئەوانەی کە لە کێڵگەدا بوون و لێیان دان. 45 ئەبیمەلەخیش بە درێژایی ڕۆژ چوو بەگژ شارەکەدا و شارەکەی گرت، ئەو خەڵکەی تێیدا بوو کوشتنی، شارەکەی وێران کرد و خاکەکەی بە خوێ داپۆشی.

46 ئینجا هەموو خەڵکی قوللەی شەخەم ئەمەیان بیست، بۆیە چوونە ناو قەڵای پەرستگای ئێل بەریت. 47 ئیتر هەواڵیان دا بە ئەبیمەلەخ کە هەموو خەڵکی قوللەی شەخەم کۆبوونەتەوە. 48 ئەبیمەلەخ خۆی و هەموو خەڵکەکەی کە لەگەڵی بوون سەرکەوتن بۆ کێوی چەلمۆن. ئینجا ئەبیمەلەخ دەستی دایە تەور و لقوپۆپی داری بڕییەوە و هەڵیگرت و خستییە سەر شانی، بەو خەڵکەی گوت کە لەگەڵیدا بوون: «چاوتان لێیە چیم کرد، ئێوەش خێرا وەکو من بکەن!» 49 خەڵکەکەش هەریەکە و چەند لقوپۆپێکی بڕییەوە و لەدوای ئەبیمەلەخەوە ڕۆیشتن، بە چواردەوری قەڵاکەدا دایاننا و قەڵاکەیان بەسەردا سووتاندن. بەم جۆرە هەموو خەڵکەکەی ناو قوللەی شەخەم مردن کە نزیکەی هەزار پیاو و ژن بوون.

50 ئینجا ئەبیمەلەخ چوو بۆ تێڤێچ و گەمارۆی تێڤێچی دا و گرتی. 51 لەناوەڕاستی شارەکەش قوللەیەکی قاییم هەبوو، هەموو پیاوان و ژنان و تەواوی خەڵکی شارەکە بۆ ئەوێ هەڵاتن، دەرگاکانیان لەدوای خۆیانەوە داخست و سەرکەوتن بۆ سەربانی قوللەکە. 52 ئەبیمەلەخیش هات بۆ قوللەکە و چوو بەگژیدا و نزیکی دەرگای قوللەکە بووەوە بۆ ئەوەی بە ئاگر بیسووتێنێت. 53 ئینجا ژنێک بەرداشی سەرەوەی دەستاڕێکی کێشا بە سەری ئەبیمەلەخدا و کەللەی سەری شەقکرد.

54 ئەویش دەستبەجێ ئەو کوڕەی بانگکرد کە قەڵغان و ڕمەکانی بۆ هەڵگرتبوو، پێی گوت: «شمشێرەکەت دەربێنە و بمکوژە، بۆ ئەوەی پێم نەڵێن: ”ژنێک کوشتی.“» ئیتر کوڕەکە شمشێرەکەی پێدا کرد و مرد. 55 کاتێک پیاوەکانی ئیسرائیل بینییان ئەبیمەلەخ مرد، هەریەکە و گەڕایەوە شوێنی خۆی.

56 ئیتر خودا خراپەکارییەکەی ئەبیمەلەخی بەسەر خۆیدا هێنایەوە، ئەوەی دەرهەق بە باوکی کردی، کە حەفتا براکەی کوشت. 57 هەروەها خودا هەموو خراپەکارییەکانی خەڵکی شەخەمی بەسەر هێنانەوە، نەفرەتەکەی یۆتامی کوڕی یەروبەعلیان بەسەرهات.

تۆلاع

10 لەدوای سەردەمی ئەبیمەلەخ تۆلاعی کوڕی پوڤە کوڕی دۆدۆ هەستا بۆ ئەوەی ئیسرائیل ڕزگار بکات، کە پیاوێک بوو لە هۆزی یەساخار، لە شامیر لە ناوچە شاخاوییەکانی ئەفرایم دەژیا. بیست و سێ ساڵ ڕابەرایەتی ئیسرائیلی کرد، ئینجا مرد و لە شامیر نێژرا.

یائیر

ئینجا لەدوای ئەو یائیری گلعادی هەستا و بیست و دوو ساڵ ڕابەرایەتی ئیسرائیلی کرد. سی کوڕی هەبوو و سواری سی گوێدرێژ دەبوون و سی شارۆچکەیان هەبوو، پێیان دەگوترا حەڤۆت یائیر کە هەتا ئەمڕۆش وایان پێ دەڵێن و لە خاکی گلعادە. یائیرش مرد و لە قامۆن نێژرا.

یەفتاح

نەوەی ئیسرائیل لەبەرچاوی یەزدان گەڕانەوە بۆ خراپەکاری. بەعلەکان و عەشتۆرەتەکان و خوداوەندەکانی ئارام، سەیدا، مۆئاب، عەمۆنییەکان و فەلەستییەکانیان پەرست و وازیان لە یەزدان هێنا و نەیانپەرست. لەبەر ئەوە تووڕەیی یەزدان لە ئیسرائیلییەکان هاتە جۆش و ڕادەستی فەلەستییەکان و عەمۆنییەکانی کردن. ئەوانیش لەو ساڵەوە نەوەی ئیسرائیلیان تێکشکاند و ستەمیان لێکردن. بۆ ماوەی هەژدە ساڵ نەوەی ئیسرائیلیان دەچەوساندەوە، هەموو ئەوانەی کە لە بەری ڕۆژهەڵاتی ڕووباری ئوردون بوون لە خاکی ئەمورییەکان ئەوانەی لە گلعاد بوون. عەمۆنییەکان لە ڕووباری ئوردونیش پەڕینەوە بۆ جەنگ لە دژی یەهودا و بنیامین و بنەماڵەی ئەفرایم، بۆیە ئیسرائیل زۆر پەرێشان بوون. 10 جا نەوەی ئیسرائیل هاواریان بۆ یەزدان کرد و گوتیان: «ئێمە گوناهمان کرد دەرهەق بە تۆ، چونکە وازمان لە خودای خۆمان هێنا و بەعلەکانمان پەرست.»

11 یەزدانیش بە نەوەی ئیسرائیلی فەرموو: «کاتێک میسری، ئەموری، عەمۆنی، فەلەستی، 12 سەیدائی، عەمالێقی و ماعۆنییەکان، تەنگیان پێتان هەڵچنی، ئیتر هاوارتان بۆ کردم، ئایا منیش لە دەستیان ڕزگارم نەکردن؟ 13 بەڵام ئێوە وازتان لێ هێنام و خودای دیکەتان پەرست. لەبەر ئەوە ئیتر ڕزگارتان ناکەم. 14 بڕۆن هاوار بکەن بۆ ئەو خوداوەندانەی هەڵتانبژاردون، با لە کاتی تەنگانەتان ئەوان ڕزگارتان بکەن.»

15 نەوەی ئیسرائیلیش بە یەزدانیان گوت: «گوناهمان کرد، جا چی بە باش دەزانیت پێمانی بکە، تەنها هەر ئەمڕۆ دەربازمان بکە.» 16 ئیتر خوداوەندە بێگانەکانیان لەنێو خۆیاندا لابرد و یەزدانیان پەرست، ئەویش دڵتەنگ بوو بەوەی ئیسرائیل لە ناخۆشیدا بێت.

17 ئینجا لەشکرەکانی عەمۆنییەکان بانگ کران و کۆبوونەوە و لە گلعاددا چادریان هەڵدا، کوڕانی ئیسرائیلیش کۆبوونەوە و لە میچپا چادریان هەڵدا. 18 ئیتر ڕابەرەکانی گەلی گلعاد بە یەکتریان گوت: «ئەو پیاوەی دەست بکات بە جەنگ لەگەڵ عەمۆنییەکان، ئەوا ئەو دەبێت بە سەرۆکی هەموو خەڵکی گلعاد.»

لۆقا 5:17-39

دەسەڵاتی گوناه بەخشین

17 ڕۆژێکیان عیسا خەریکی فێرکردن بوو، فەریسی[a] و مامۆستایانی تەوراتیش[b] کە لە هەموو گوندەکانی جەلیل و یەهودیا و ئۆرشەلیمەوە هاتبوون دانیشتبوون، توانای یەزدانیشی تێدابوو بۆ چاککردنەوە. 18 چەند پیاوێک هاتن ئیفلیجێکیان بە جێگاکەیەوە هێنا و دەیانویست بیبەنە ژوورەوە و لەبەردەمی دایبنێن. 19 کاتێک لەبەر زۆری خەڵکەکە ڕێیان نەبوو بیبەنە ژوورەوە، سەرکەوتنە سەربان و بە جێگاکەیەوە بە نێوان خشتەکاندا[c] شۆڕیان کردەوە بۆ ناوەڕاستیان بۆ بەردەم عیسا.

20 کە عیسا باوەڕی ئەوانی بینی، فەرمووی: «کابرا، گوناهەکانت بەخشران.»

21 مامۆستایانی تەورات و فەریسییەکان بیریان کردەوە و لە خۆیان پرسی: «ئەمە کێیە کفر دەکات؟ بێجگە لە خودا کێ دەتوانێت گوناه ببەخشێت؟»

22 بەڵام عیسا زانی بیر لە چی دەکەنەوە، وەڵامی دانەوە: «بۆچی لە دڵتاندا بیر لەم شتانە دەکەنەوە؟ 23 کامیان ئاسانترە، بگوترێت: ”گوناهەکانت بەخشران،“ یان بگوترێت: ”هەستە و بڕۆ“؟ 24 بەڵام تاکو بزانن کوڕی مرۆڤ[d] لەسەر زەوی دەسەڵاتی هەیە گوناه ببەخشێت،…» بە ئیفلیجەکەی فەرموو: «پێت دەڵێم: هەستە، نوێنەکەت هەڵگرە و بڕۆرەوە ماڵەوە.» 25 دەستبەجێ لەبەرچاویان هەستا، ئەوەی لەسەری ڕاکشابوو هەڵیگرت و چووەوە ماڵی خۆی، ستایشی خوداشی دەکرد. 26 هەموویان سەرسام بوون و ستایشی خودایان کرد، ترس دایگرتن‏ و گوتیان: «ئەمڕۆ شتی سەرسوڕهێنەرمان بینی.»

عیسا بۆ گوناهباران هاتووە

27 لەدوای ئەمانە عیسا ئەوێی بەجێهێشت، باجگرێکی بینی ناوی لێڤی بوو، لە شوێنی باجگری دانیشتبوو، پێی فەرموو: «دوام بکەوە.» 28 ئەویش هەموو شتێکی بەجێهێشت، هەستا و دوای کەوت.

29 لێڤی لە ماڵی خۆیدا میواندارییەکی گەورەی بۆ کرد، زۆر لە باجگران و خەڵکی دیکە لەگەڵیان لەسەر خوان بوون. 30 بەڵام فەریسی و مامۆستایانی تەورات کە فەریسی بوون بۆڵەبۆڵیان بەسەر قوتابییەکانیدا کرد و گوتیان: «بۆچی لەگەڵ باجگر و گوناهباران دەخۆن و دەخۆنەوە؟»

31 عیساش وەڵامی دانەوە: «لەشساغ پێویستی بە پزیشک نییە، بەڵکو نەخۆش. 32 نەهاتووم ڕاستودروستان بانگهێشت بکەم، بەڵکو گوناهباران بۆ تۆبەکردن.»

لەبارەی ڕۆژوو

33 ئینجا پێیان گوت: «قوتابییەکانی یەحیا زۆر ڕۆژوو دەگرن و نوێژ دەکەن، هەروەها ئەوانەی فەریسییەکان، بەڵام ئەوانەی تۆ دەخۆن و دەخۆنەوە.»

34 عیساش پێی فەرموون: «ئایا دەتوانن وا بکەن بانگهێشتکراوانی زەماوەند بەڕۆژوو بن، کاتێک زاوا لەگەڵیاندایە؟ 35 بەڵام ڕۆژێک دێت کە زاوایان لێ دوور دەخرێتەوە، ئەوسا لەو ڕۆژەدا بەڕۆژوو دەبن.»

36 هەروەها نموونەیەکی بۆ هێنانەوە: «هیچ کەس پارچەیەک لە جلوبەرگێکی نوێ ناکاتەوە بۆ ئەوەی جلوبەرگێکی کۆنی پێ پینە بکات، چونکە جلوبەرگە نوێیەکە دەدرێت و پینە نوێیەکەش لەگەڵ جلوبەرگە کۆنەکە ناگونجێت. 37 کەسیش شەرابی نوێ ناکاتە ناو مەشکەی کۆنەوە، نەوەک شەرابە نوێیەکە مەشکەکە بدڕێنێت، شەرابەکە دەڕژێت و مەشکەکەش لەناودەچێت. 38 کەواتە پێویستە شەرابی نوێ بکرێتە مەشکەی نوێوە. 39 کەسیش نییە شەرابی کۆن بخواتەوە و ئارەزووی نوێ بکات، چونکە دەڵێت ”کۆنەکە خۆشترە.“»

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.