Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Old/New Testament

Each day includes a passage from both the Old Testament and New Testament.
Duration: 365 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
ڕابەران 7-8

بەزاندنی میدیانییەکان

ئیتر یەروبەعل، واتە گدعۆن، هەروەها هەموو ئەو خەڵکەی کە لەگەڵیدا بوون بەیانی زوو هەستان و لەتەنیشت کانی حەرۆد چادریان هەڵدا. ئۆردوگای میدیانییەکانیش لە باکووریانەوە بوون لەلای گردی مۆرە لە دۆڵەکە. ئینجا خودا بە گدعۆنی فەرموو: «ئەو خەڵکەی کە لەگەڵتدایە بەلای منەوە زۆرن، هەتا میدیانییەکان بدەمە دەستیان، نەوەک ئیسرائیل شانازی لەسەر من بکات و بڵێت: ”هێزی خۆم ڕزگاری کردم.“ ئێستاش بانگەواز بۆ خەڵکەکە بکە: ”ئەوەی دەترسێت و تۆقیوە با بگەڕێتەوە و کێوی گلعاد بەجێبهێڵێت.“» ئیتر بیست و دوو هەزار کەس لە خەڵکەکە گەڕایەوە و دە هەزار کەس مانەوە.

ئینجا یەزدان بە گدعۆنی فەرموو: «هێشتا خەڵکەکە زۆرن. بیانبەرە خوارەوە بۆ سەر ئاوەکە بۆ ئەوەی لەوێ لە بێژنگیان بدەم بۆت. ئیتر ئەوەی کە پێت بڵێم: ”ئەمە لەگەڵت دێت“ ئەوە لەگەڵت دێت، بەڵام بۆ هەر یەکێکیش پێت بڵێم: ”ئەمە لەگەڵت نایەت،“ ئەوا نایەت.»

گدعۆنیش خەڵکەکەی بردە خوارەوە بۆ سەر ئاوەکە. ئینجا یەزدان بە گدعۆنی فەرموو: «هەرکەسێک لەسەر لەپی دەستی بە زمان[a] لە ئاوەکەی خواردەوە وەک چۆن سەگ ئاو دەخواتەوە جیای بکەرەوە، هەروەها هەرکەسێک بۆ ئاو خواردنەوە بەسەر چۆکدا بکەوێت جیای بکەرەوە.» ئیتر ژمارەی ئەوانەی لە ڕێگەی لەپی دەستەوە بە زمان ئاویان خواردەوە سێ سەد پیاو بوون، خەڵکەکەی دیکەش هەموویان لەسەر چۆکیان کەوتن بۆ ئاو خواردنەوە.

ئینجا یەزدان بە گدعۆنی فەرموو: «بەو سێ سەد پیاوەی لە ڕێگەی لەپی دەستەوە بە زمان ئاویان خواردەوە ڕزگارتان دەکەم و میدیانییەکان دەخەمە ژێر دەستتەوە، خەڵکەکەی دیکە با هەرکەسە و بچێتەوە بۆ شوێنی خۆی.» ئیتر گدعۆن هەموو پیاوەکانی دیکەی ئیسرائیلی ناردەوە، هەریەکە و بۆ ماڵەکەی خۆی، بەڵام سێ سەد پیاوەکەی هێشتەوە. ئەوانیش ئازووقە و کەڕەناکانی ئەوانی دیکەیان لەگەڵ خۆیاندا برد.

ئۆردوگای میدیانییەکانیش لە دۆڵەکە لە ژێرییەوە بوو. ئینجا لەو شەوەدا یەزدان بە گدعۆنی فەرموو: «هەستە و هێرش بکە سەر ئۆردوگاکە، چونکە خستوومەتە ژێر دەستتەوە. 10 ئەگەر لە هێرشبردن دەترسیت، ئەوا خۆت و پورای خزمەتکارت بچنە خوارەوە بۆ ئۆردوگاکە، 11 گوێت لە قسەکانیان دەبێت و ورەت بەرزدەبێتەوە و هێرش دەبەیتەسەر ئۆردوگاکە.» ئیتر خۆی و پورای خزمەتکاری بەرەو خوار چوون تاکو لە ڕیزەکانی دواوەی چەکدارەکانی ئۆردوگاکە نزیک بوونەوە. 12 میدیانی و عەمالێقییەکان و هەموو کوڕانی ڕۆژهەڵات لە زۆریدا وەک کوللە وابوون و لە دۆڵەکە بوون، وشترەکانیشیان بێشومار بوون لە زۆریدا وەک ئەو لمەی لەسەر کەناری دەریادایە.

13 ئینجا گدعۆن هات و بینی پیاوێک خەونێک بۆ هاوڕێکەی دەگێڕێتەوە و دەڵێت: «بەڕاستی خەونێکم بینیوە، لە خەونەکە کولێرەیەکی جۆ گلۆربووەوە بۆ ئۆردوگای میدیانییەکان و هاتە چادرەکە و لێیدا، ئیتر کەوت و سەرەوژێری کرد، چادرەکەی تەخت کرد.»

14 هاوڕێکەشی وەڵامی دایەوە: «ئەوە لە شمشێرەکەی گدعۆنی کوڕی یۆئاشی پیاوی ئیسرائیل زیاتر بەولاوە هیچی دیکە نییە، خودا میدیانییەکان و هەموو سوپاکەی خستووەتە ژێر دەستیەوە.»

15 ئیتر کاتێک گدعۆن گوێی لە هەواڵی خەونەکە و لێکدانەوەکەی بوو کڕنۆشی برد[b] و گەڕایەوە ئۆردوگاکەی ئیسرائیل و گوتی: «هەستن، چونکە خودا سوپای میدیانییەکانی خستووەتە ژێر دەستتانەوە.» 16 ئینجا سێ سەد پیاوەکەی دابەش کرد بۆ سێ تیپ و کەڕەنای دایە دەستی هەموویان لەگەڵ گۆزەی بەتاڵ و چرای خستە ناو گۆزەکانەوە.

17 پێی گوتن: «سەیری من بکەن و وەک من بکەن، ئەوەتا من دەچمە نزیک ئۆردوگاکە، ئیتر من چی دەکەم ئێوەش وا بکەن. 18 ئینجا من و هەموو ئەوانەی لەگەڵمدان کە کەڕەنامان لێدا، ئێوەش بە دەوری هەموو ئۆردوگاکەدا کەڕەنا لێ بدەن و بڵێن: ”بۆ یەزدان و بۆ گدعۆن!“»

19 ئیتر گدعۆن و سەد پیاوەکەی کە لەگەڵیدا بوون لە سەرەتای نیوە شەودا هاتن بۆ کەناری ئۆردوگاکە و لەو کاتەدا پاسەوانەکانیان گۆڕی بوو، ئینجا کەڕەنایان لێدا و ئەو گۆزانەی لە دەستیان بوو شکاندیانن. 20 سێ تیپەکە کەڕەنایان لێدا و گۆزەکانیان شکاند و چراکانیان بە دەستی چەپیانەوە گرت و کەڕەناکانیان بە دەستی ڕاست بۆ ئەوەی لێی بدەن، هاواریان کرد: «شمشێرێک بۆ یەزدان و بۆ گدعۆن!» 21 ئیتر هەریەکە و لە شوێنی خۆیان بە دەوری ئۆردوگاکەدا ڕاوەستان. ئینجا هەموو میدیانییەکان ڕایانکرد و هاواریان کرد و هەڵاتن.

22 کاتێک سێ سەد کەسەکە کەڕەنایان لێدا، یەزدان کارێکی کرد لە پیاوانی سەراپای ئۆردوگاکە کە هەریەکە بە شمشێرەکەی لە هاوڕێکەی خۆی بدات، ئیتر سوپاکە هەڵات بۆ بێت‌شیتا بەرەو چەرێرا هەتا دەگاتە سنووری ئابێل مەحۆلا نزیک تەبات. 23 ئیتر پیاوانی ئیسرائیل لە هۆزەکانی نەفتالی و ئاشێر و هەموو مەنەشە بانگ کران و کۆبوونەوە و بەدوای میدیانییەکان کەوتن. 24 ئینجا گدعۆن نێردراوی نارد بۆ هەموو ناوچە شاخاوییەکانی ئەفرایم و گوتی: «دابەزن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی میدیانییەکان و سەرچاوەی ئاوەکانیان لێ بستێنن هەتا دەگاتە بێت‌بارا و ڕووباری ئوردون.»

ئیتر هەموو پیاوانی ئەفرایم کۆبوونەوە و سەرچاوەی ئاوەکانیان لێسەندن هەتا دەگاتە بێت‌بارا و ڕووباری ئوردون. 25 دوو سەرکردەی میدیانییەکانیشیان گرت، عۆرێڤ و زئێڤ. عۆرێڤیان لەسەر تاشەبەردی عۆرێڤ کوشت، بەڵام زئێڤیان لەناو گوشەری زئێڤدا کوشت. هەروەها دوای میدیانییەکان کەوتن و کەللەسەری عۆرێڤ و زئێڤیان لەوبەری ڕووباری ئوردونەوە هێنا بۆ گدعۆن.

زەڤەح و چەلموناعی پاشایانی میدیان

ئینجا پیاوانی ئەفرایم بە گدعۆنیان گوت: «ئەو کارە چی بوو بە ئێمەت کرد، بۆچی کە چوویت بۆ شەڕکردن لەگەڵ میدیانییەکان ئێمەت بانگ نەکرد؟» هەروەها ڕەخنەی توندیان لێ گرت.

ئەویش وەڵامی دانەوە: «ئەوەی من کردوومە چییە لەچاو ئەوەی ئێوە کردووتانە؟ ئایا چنینەوەی[c] ترێی ئەفرایم لە ترێ ڕنینەوەی ئەڤیعەزەر باشتر نییە؟ خودا عۆرێڤ و زئێڤی هەردوو سەرکردەی میدیانییەکانی خستە ژێر دەستتانەوە. من توانیومە چی بکەم لەچاو ئێوەدا؟» جا لەو کاتەدا کە ئەم قسەیەی کرد، تووڕەییان بەرامبەری خاو بووەوە.

ئینجا گدعۆن هات بۆ ڕووباری ئوردون و خۆی و سێ سەد پیاوەکەی کە لەگەڵیدا بوون پەڕینەوە، ماندوو بوون بەڵام بەردەوام بوون لە ڕاونانیان. گدعۆن بە خەڵکی سوکۆتی گوت: «نان بدەن بەو جەنگاوەرانەی لەگەڵمدان، چونکە ماندوون و من بەردەوام بەدوای زەڤەح و چەلموناعی هەردوو پاشای میدیان کەوتووم.»

بەڵام کاربەدەستەکانی سوکۆت گوتیان: «ئایا ئێستا دەستی زەڤەح و چەلموناع لە دەستتە تاوەکو نان بدەینە سەربازەکانت؟»

گدعۆنیش گوتی: «بۆیە کاتێک یەزدان زەڤەح و چەلموناع دەخاتە ژێر دەستم، لەشتان بە دڕکوداڵی دەشتودەر زامدار دەکەم.»

لەوێشەوە سەرکەوت بۆ پەنیێل و هەمان داواکاری لێکردن. خەڵکی پەنیێلیش وەکو خەڵکی سوکۆت وەڵامیان دایەوە. هەروەها بە خەڵکی پەنیێلی گوت: «کاتێک بە سەرکەوتوویی دەگەڕێمەوە ئەم قوللەیە دەڕووخێنم.»

10 زەڤەح و چەلموناعیش لە قەرقۆر بوون و سوپاکانیان لەگەڵیان بوون، کە نزیکەی پازدە هەزار بوون، هەموو ئەوانەی مابوونەوە لە هەموو سوپاکەی کوڕانی ڕۆژهەڵات بوون، ئەوانەش کە کەوتن سەد و بیست هەزار پیاوی شمشێر بەدەست بوون. 11 ئیتر گدعۆن لە ڕێگای چادرنشینەکانەوە سەرکەوت، لە ڕۆژهەڵاتی نۆڤەح و یۆگبەهایەوە و لە سوپاکەی دا و سوپاکەش لەو کاتەدا ئاگادار نەبوون. 12 جا زەڤەح و چەلموناع هەڵاتن و ئەویش دوایان کەوت و هەردوو پاشای میدیان زەڤەح و چەلموناعی گرت و هەموو سوپاکەی تەفروتونا کرد.

13 ئینجا گدعۆنی کوڕی یۆئاش بەلای ڕێگای هەورازی حەرەس لە جەنگ گەڕایەوە. 14 گەنجێکی لە خەڵکی سوکۆت گرت و پرسیاری لێکرد، ئەویش ناوی کاربەدەستەکانی سوکۆت و پیرەکانی بۆ نووسی کە حەفتا و حەوت پیاو بوون. 15 ئینجا گدعۆن هات بۆ لای خەڵکی سوکۆت و گوتی: «ئەوەتا زەڤەح و چەلموناع کە گاڵتەتان پێکردم و گوتتان: ”ئایا دەستی زەڤەح و چەلموناع ئێستا بە دەستتەوەیە هەتا نان بدەینە پیاوە ماندووەکانت؟“» 16 جا پیرەکانی شارۆچکەکەی برد و بە دڕکوداڵی دەشتودەر سزای دان و کردنی بە پەند بۆ خەڵکی سوکۆت. 17 هەروەها قوللەی پەنیێلی ڕووخاند و پیاوەکانی شارۆچکەکەی کوشت.

18 بە زەڤەح و چەلموناعی گوت: «ئەو پیاوانەی کە لە تاڤۆر کوشتتان چۆن بوون؟»

ئەوانیش گوتیان: «لە تۆ دەچوون، هەریەکەیان وەک شازادەیەک بوو.»

19 گدعۆنیش گوتی: «ئەوان برای منن و کوڕی دایکمن. بە یەزدانی زیندوو، ئەگەر ئێوە بە زیندوویی بتانهێشبوونایەوە نەمدەکوشتن!» 20 ئینجا بە یەتەری نۆبەرەی کوڕی گوت: «هەستە بیانکوژە!» بەڵام یەتەر شمشێرەکەی ڕانەکێشا، چونکە ترسا، لەبەر ئەوەی هێشتا مێردمنداڵ بوو.

21 زەڤەح و چەلموناعیش گوتیان: «تۆ هەستە و بمانکوژە، چونکە ”پیاو چۆن بێت هێزیشی وایە.“» گدعۆنیش هەستا و زەڤەح و سەلمونناعی کوشت و ئەو هیزارەی[d] بە ملی وشترەکانیانەوە بوو بردی.

ئێفۆدی گدعۆن

22 ئیتر پیاوانی ئیسرائیل بە گدعۆنیان گوت: «فەرمانڕەوایەتیمان بکە، خۆت و کوڕەکەت و کوڕی کوڕەکەشت، چونکە ڕزگارت کردین لە دەستی میدیان.»

23 بەڵام گدعۆن پێی گوتن: «من فەرمانڕەوایەتیتان ناکەم و کوڕەکەشم فەرمانڕەوایەتیتان ناکات. یەزدان فەرمانڕەوایەتیتان دەکات.» 24 ئینجا گدعۆن پێی گوتن: «داوای شتێکتان لێ دەکەم، هەریەکەتان ئەو گوارانەی دەستیکەوتووە بمداتێ.» چونکە بەگوێرەی نەریتی ئیسماعیلییەکان، گوارەی زێڕیان لە گوێ کردبوون.

25 ئەوانیش گوتیان: «بە خۆشحاڵییەوە.» ئینجا جبەیەکیان ڕاخست و هەریەکە و ئەو گوارانەی دەستی کەوتبوو فڕێیدایە سەری. 26 کێشی ئەو گوارە زێڕانەی کە داوای کرد هەزار و حەوت سەد شاقل[e] بوو، ئەمە بێجگە لە هیزارەکان کە لەسەر شێوەی مانگی نوێ بوون، هەروەها بازن و جبە و عەبای ئەرخەوانی کە لەبەر پاشایانی میدیان بوو، هەروەها بێجگە لەو ملوانکانەی کە لە ملی وشترەکانیان بوو. 27 جا گدعۆن ئێفۆدێکی لێ دروستکردن و لە عۆفرا داینا کە شارۆچکەکەی خۆی بوو. هەموو ئیسرائیلیش بەدوایەوە لەوێ لەشفرۆشییان کرد، ئیتر ئەوە تەڵەیەک بوو بۆ گدعۆن و ماڵەکەی.

مردنی گدعۆن

28 میدیانیش لەبەردەم کوڕانی ئیسرائیلدا زەلیل بوون و ئیتر سەریان بەرز نەکردەوە. خاکەکەش لە سەردەمی گدعۆندا چل ساڵ لە ئاشتیدا بوو.

29 جا یەروبەعلی[f] کوڕی یۆئاش ڕۆیشت و لە ماڵی خۆی دانیشت. 30 گدعۆن حەفتا کوڕی لە پشتی خۆی هەبوو، چونکە ژنی زۆربوو. 31 هەروەها کەنیزەکەشی کە لە شەخەم بوو، ئەویش کوڕێکی بۆی بوو، ناوی لێنا ئەبیمەلەخ. 32 ئینجا گدعۆنی کوڕی یۆئاش لە تەمەنێکی باشی پیریدا مرد و لە گۆڕی یۆئاشی باوکی لە عۆفرای ئەڤیعەزەرییەکاندا نێژرا.

33 هەر لەدوای مردنی گدعۆن نەوەی ئیسرائیل دیسان بەدوای بەعلەکانەوە لەشفرۆشییان کرد و بەعل‌بەریتیان[g] بە خودای خۆیان دانا. 34 نەوەی ئیسرائیل یەزدانی پەروەردگاری خۆیان بیر نەکەوتەوە، ئەوەی دەربازی کردن لە دەستی هەموو دوژمنەکانی دەوروبەریان. 35 هەروەها لەگەڵ ماڵی یەروبەعل گدعۆن دڵسۆز نەبوون بەرامبەر بە هەموو ئەو چاکانەی کە لەگەڵ ئیسرائیل کردی.

لۆقا 5:1-16

عیسا قوتابییەکانی بانگ دەکات

ڕۆژێکیان عیسا لە کەناری دەریاچەی جەنیسارەت ڕاوەستابوو، خەڵکی پاڵەپەستۆیان دەکرد تاکو گوێ لە پەیامی خودا بگرن، دوو بەلەمی لە کەناری دەریاچەکە بینی، ماسیگرەکان بەجێیان هێشتبوو و تۆڕەکانیان دەشوشت. چووە ناو یەکێکیان، هی شیمۆن بوو، داوای لێکرد کەمێک لە وشکانی دووری بخاتەوە، ئینجا دانیشت و لەناو بەلەمەکەوە خەڵکەکەی فێردەکرد.

کاتێک وتەکانی تەواو کرد بە شیمۆنی فەرموو: «دووری بخەرەوە بۆ قووڵایی و تۆڕەکانتان بۆ ڕاوکردن فڕێبدەن.»

شیمۆن وەڵامی دایەوە: «گەورەم، بە درێژایی شەو زۆر هەوڵمان دا و هیچمان نەگرت. بەڵام لەبەر قسەی تۆ، تۆڕەکان فڕێدەدەم.»

کاتێک ئەمەیان کرد ماسییەکی زۆریان گرت، خەریک بوو تۆڕەکانیان بدڕێت. جا ئیشارەتیان بۆ هاوکارانی ناو بەلەمەکەی دیکە کرد، تاکو بێن و یارمەتییان بدەن، ئیتر هاتن و هەردوو بەلەمەکەیان پڕکرد، هەتا وای لێهات خەریک بوو نوقوم ببن.

شیمۆن پەترۆس کە ئەمەی بینی، خۆی خستە بەرپێی عیسا و گوتی: «گەورەم، لێم دووربکەوە، چونکە مرۆڤێکی گوناهبارم!» پەترۆس و هەموو ئەوانەی لەگەڵی بوون لە زۆری ئەو ماسییانەی گرتبوویان سەریان سوڕمابوو، 10 یاقوب و یۆحەنای کوڕەکانی زەبدیش، هاوبەشی شیمۆن بوون.

عیسا بە شیمۆنی فەرموو: «مەترسە! ئیتر تۆ لە ئێستاوە مرۆڤ ڕاو دەکەیت[a] 11 لەدوای ئەوەی بەلەمەکانیان هێنایە وشکانی، هەموو شتێکیان بەجێهێشت و دوای عیسا کەوتن.

پاککردنەوەی گولێک

12 کاتێک عیسا لە یەکێک لە شارەکان بوو، پیاوێک هات کە بە تەواوی تووشی نەخۆشی گولی ببوو. کە عیسای بینی خۆی بە زەویدا دا و لێی پاڕایەوە: «گەورەم، ئەگەر بتەوێت، دەتوانیت پاکم بکەیتەوە.»

13 عیساش دەستی بۆ درێژکرد و دەستی لێدا، فەرمووی: «دەمەوێت، پاک بەرەوە.» ئیتر یەکسەر گولییەکەی لێبووەوە.

14 عیسا ڕایسپارد: «بە کەس مەڵێ، بەڵام بڕۆ خۆت بە کاهین پیشان بدە و بۆ پاکبوونەوەکەت ئەو قوربانییەی موسا فەرمانی کردووە بیکە، وەک شایەتییەک بۆیان.»

15 بەڵام هەواڵی ئەو زیاتر بڵاو بووەوە، جا خەڵکێکی زۆر کۆبوونەوە تاکو گوێ بگرن و نەخۆشییەکانیان چاک بێتەوە. 16 بەڵام ئەو دووردەکەوتەوە بۆ چۆڵەوانی و نوێژی دەکرد.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.