Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Old/New Testament

Each day includes a passage from both the Old Testament and New Testament.
Duration: 365 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
ڕابەران 4-6

دەڤۆرا

لەدوای مردنی ئێهود نەوەی ئیسرائیل لەبەرچاوی یەزدان گەڕانەوە بۆ خراپەکاری، یەزدانیش ڕادەستی یاڤینی پاشای کەنعانی کردن، ئەوەی لە حاچۆر فەرمانڕەوا بوو. سیسرا فەرماندەی گشتی سوپاکەی بوو کە لە حەرۆشەت هەگۆیم دەژیا. لەبەر ئەوەی نۆ سەد گالیسکەی ئاسنی هەبوو، بۆ ماوەی بیست ساڵ بە توندی ستەمی لە نەوەی ئیسرائیل دەکرد، هەر بۆیە نەوەی ئیسرائیل هاواریان کرد بۆ یەزدان.

دەڤۆراش پێغەمبەرێکی ژن بوو، ژنی لەپیدۆت بوو کە لەو کاتەدا ڕابەرایەتی ئیسرائیلی دەکرد. بۆ دادپرسی لەژێر دار خورمای دەڤۆرا دادەنیشت کە لەنێوان ڕامە و بێت‌ئێل لە ناوچە شاخاوییەکانی ئەفرایم بوو، نەوەی ئیسرائیل بۆ دادگەری دەهاتنە لای. ناردی بەدوای باراکی کوڕی ئەڤینۆعەم کە لە قەدەشی نەفتالی بوو، پێی گوت: «ئایا یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل فەرمانی پێ نەکردوویت: ”بەرەو پێش بڕۆ بۆ کێوی تاڤۆر؟ دە هەزار پیاو لە نەوەی نەفتالی و زەبولون لەگەڵ خۆت ببە. ئیتر سیسرای فەرماندەی گشتی لەشکری یاڤین و گالیسکە و لەشکرەکەی بەرەو ڕووباری قیشۆن دەبەم و دەیخەمە ژێر دەستتەوە.“»

باراکیش پێی گوت: «ئەگەر لەگەڵم بێیت دەچم، بەڵام ئەگەر لەگەڵم نەیێیت ئەوا ناچم.»

دەڤۆراش گوتی: «بێگومان لەگەڵت دێم، بەڵام ئەو ڕێگایەی پێیدا دەڕۆیت بۆت نابێتە مایەی شانازی، چونکە یەزدان سیسرا دەداتە دەستی ژنێک.» ئیتر دەڤۆرا هەستا و لەگەڵ باراک چوو بۆ قەدەش، 10 لەوێ باراک زەبولونی و نەفتالییەکانی بانگکرد. دە هەزار پیاو دوای کەوتن، هەروەها دەڤۆراش لەگەڵی چوو.

11 حەڤەری قێنی خۆی لە قێنییەکان جیا کردبووەوە کە نەوەی حۆڤاڤ بوون، کە حۆڤاڤ ژن برای[a] موسا بوو، چادرەکەی لەلای دار بەڕووێکی گەورە لە چەعەنەنیم نزیکی قەدەش هەڵدابوو.

12 ئەوە بوو بە سیسرایان گوت کە باراکی کوڕی ئەڤینۆعەم سەرکەوتووە بۆ کێوی تاڤۆر. 13 سیسراش هەموو گالیسکەکانی واتە نۆ سەد گالیسکەی ئاسن و هەموو ئەو پیاوانەی کە لەگەڵیدا بوون لە حەرۆشەت هەگۆیمەوە هەتا ڕووباری قیشۆن کۆکردەوە.

14 دەڤۆرا بە باراکی گوت: «هەستە، چونکە ئەمە ئەو ڕۆژەیە کە یەزدان سیسرای تێیدا خستووەتە ژێر دەستت. ئایا یەزدان پێشت نەکەوتووە؟» ئیتر باراکیش لە کێوی تاڤۆرەوە هاتە خوارەوە و دە هەزار پیاویش بەدوایەوە. 15 یەزدانیش لەبەردەمی باراک بە زەبری شمشێر سەری لە سیسرا و هەموو گالیسکەکان و هەموو لەشکرەکەی شێواند، ئینجا سیسرا لە گالیسکەکە دابەزی و بە پێ هەڵات. 16 باراکیش بەدوای گالیسکەکان و لەشکرەکە کەوت بۆ حەرۆشەت هەگۆیم، هەموو لەشکرەکەی سیسرا بە شمشێر کوژران، کەسیان نەما.

17 بەڵام سیسرا ڕایکرد بۆ چادری یاعێلی ژنی حەڤەری قێنی، چونکە پەیوەندییەکی ئاشتییانە لەنێوان یاڤینی پاشای حاچۆر و ماڵی حەڤەری قێنی هەبوو.

18 یاعێل چووە دەرەوە بۆ پێشوازی سیسرا و پێی گوت: «لابدە گەورەم، لابدە بۆ ئێرە مەترسە.» ئەویش لایدا بۆ لای چادرەکە و ئیتر بە جاجم دایپۆشی.

19 پێی گوت: «تۆزێک ئاوم بدەرێ، چونکە تینوومە.» ئەویش مەشکەی شیرەکەی کردەوە و پێیدا، ئینجا دایپۆشییەوە.

20 ئیتر پێی گوت: «لەبەردەم چادرەکە بوەستە، ئەگەر یەکێک هات و پرسیاری لێکردیت: ”ئایا ئێرە کەسی لێیە؟“ تۆش بڵێ: ”نەخێر.“»

21 بەڵام یاعێلی ژنی حەڤەر مێخێکی[b] چادرەکە و چەکوشێکی هەڵگرت، بە شێنەیی بۆی چوو و مێخەکەی کێشا بە لاجانیدا[c] و بە زەوییەکەدا خستی، ئەویش لە خەوێکی قووڵدا بوو، چونکە ماندوو بوو، ئیتر مرد.

22 لە کاتێکدا باراک بەدوای سیسرا کەوتبوو، یاعێل چووە دەرەوە بۆ پێشوازیکردنی و پێی گوت: «وەرە با ئەو پیاوەت پیشان بدەم کە تۆ بەدوایدا دەگەڕێیت.» ئەویش هات بۆ لای و بینی سیسرا بە مردوویەتی کەوتووە و مێخی چادرەکە لەناو لاجانییەتی.

23 خوداش لەو ڕۆژەدا یاڤینی پاشای کەنعانی لەبەردەم نەوەی ئیسرائیلدا زەلیل کرد. 24 نەوەی ئیسرائیل بەهێزتر و بەهێزتر دەبوون بەسەر یاڤینی پاشای کەنعان، هەتا یاڤینی پاشای کەنعانیان لەناوبرد.

سروودی دەڤۆرا

ئینجا دەڤۆرا و باراکی کوڕی ئەڤینۆعەم لەو ڕۆژەدا دەستیان بە گوتنی سروود کرد:

«لە پێناوی پێشەوایەتیکردنی پێشەواکان لە ئیسرائیل و
    لە پێناوی ئەوانەی لەنێو گەل خۆیان بەختکرد،
    ستایشی یەزدان بکەن!

«ببیستن ئەی پاشایان، گوێ بگرن ئەی فەرمانڕەوایان!
    من بۆ یەزدان سروود دەڵێم،
    مۆسیقا بۆ یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل دەژەنم.

«ئەی یەزدان، بە هاتنەدەرەوەت لە سێعیر،
    بە بەرەوپێشچوونت لە خاکی ئەدۆم،
زەوی لەرزی، ئاسمانیش دڵۆپەی کرد،
    هەروەها هەورەکانیش ئاویان لێ باری.
چیاکان هەرەسیان هێنا لە ڕووی یەزدانی پەروەردگاری شاخی سینا،
    لە ڕووی یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل.

«لە ماوەی ڕابەرایەتی شەمگەری کوڕی عەنات،
    لە سەردەمی یاعێل ڕێگا سەرەکییەکان وازلێهێنران و
    ڕێبوارەکان بە ڕێڕەوی خواروخێچدا ڕۆیشتن.
گوندەکانی ئیسرائیل چۆڵ بوون،
    چۆڵ بوون، هەتا من کە دەڤۆرام هەستام،
    هەستام وەک دایکێک لە ئیسرائیل.
چەند خودایەکی نوێیان هەڵبژاردبوو،
    ئینجا شەڕ هاتە دەروازەکان.
ئایا هیچ قەڵغانێک یان ڕمێک
    لەنێو چل هەزار کەس لە ئیسرائیل دەبینرا؟
دڵم لەگەڵ سەرکردەکانی ئیسرائیلە،
    لەگەڵ خۆبەختکەرانی نێو گەل،
    ستایشی یەزدان بکەن!

10 «ئەی ئەوانەی سواری ماکەری سپی بوون،
    دانیشتوو لەسەر زینی لباد و
    ئەوانەی ڕێتان گرتووەتەبەر،
گوێ بگرن 11 لە دەنگی گۆرانیبێژان لەلای حەوزەکان،
    لەوێ بە کردارە ڕاستودروستەکانی یەزدانیان هەڵدا،
    کردەوە ڕاستودروستەکانی جەنگاوەرانی ئەو لە ئیسرائیل.

«ئینجا گەلی یەزدان
    بەرەو دەروازەکان ڕۆیشتن.
12 ”هەستە، هەستە، ئەی دەڤۆرا!
    هەستە، هەستە، سروود بڵێ!
هەستە، ئەی باراک!
    ئەی کوڕی ئەڤینۆعەم دیلەکانت بگرە.“

13 «ئینجا پاشماوەی گەل
    هاتنە خوارەوە بۆ لای بەگزادەکان،
گەلی یەزدان بۆ لام هاتنە خوارەوە،
    لەگەڵ پاڵەوانەکان.
14 هەندێکیان لە ئەفرایمەوە هاتن، ئەوانەی بارەگایان لەنێو عەمالێقە،
    لە دواتەوەن، نەوەی بنیامین لەگەڵ گەلەکەت.
لە ماکیرەوە سەرکردەکان دابەزین و
    لە زەبولونەوە ئەوانەی داردەستی پێشەوایان بەدەستەوەیە.
15 سەرۆکەکانی یەساخار لەگەڵ دەڤۆرا هاتن و
    نەوەی یەساخار لەگەڵ باراک،
    بەرەو دۆڵەکە بە پەلە بەدوایدا دەڕۆیشتن.
لەنێو خێڵەکانی ڕەئوبێن
    دڵەڕاوکێیەکی زۆر هەبوو.
16 بۆچی لەنێو پەرژینەکان دانیشتبوون،
    بۆ گوێگرتن لە دەنگی بلوێرلێدان بۆ مێگەلەکان؟
لەنێو خێڵەکانی ڕەئوبێن
    دڵەڕاوکێیەکی زۆر هەبوو.
17 گلعاد لەوبەری ڕووباری ئوردون مایەوە،
    بۆچی دان لەلای کەشتییەکان چاوەڕێی دەکرد؟
ئاشێریش لەلای کەناری دەریا دانیشت و
    لە بەندەرەکانی مایەوە.
18 زەبولون گەلێکە گیان لەسەر دەست
    لەگەڵ نەفتالی لە بەرزاییەکانی گۆڕەپانی جەنگ.

19 «پاشایان هاتن و جەنگان،
    ئینجا پاشایانی کەنعان جەنگان
لە تەعنەک لەلای ئاوی مەگیدۆ،
    هەندێک زیویشیان دەست نەکەوت.
20 ئەستێرەکان لە ئاسمانەوە جەنگان،
    لە خولگەکانی خۆیانەوە لە دژی سیسرا جەنگان.
21 ڕووباری قیشۆن ڕایماڵین،
    ڕووباری قیشۆن، ڕووبارێکی دێرینە.
    ئەی گیانی من بە ئازایەتییەوە بەرەو پێشەوە بڕۆ!
22 ئینجا سمی ئەسپەکان دەنگەدەنگەیان دەدا،
    لە غارەغاری ئەسپە بەتاوەکانی.
23 فریشتەی یەزدان فەرمووی: ”نەفرەت لە مێرۆز بکەن،
    بە توندی نەفرەت لە دانیشتووانی بکەن،
چونکە نەهاتن بۆ یارمەتیدانی یەزدان،
    یارمەتیدانی یەزدان لە دژی پاڵەوانان.“

24 «بەرەکەتدار بێت لەنێو ئافرەتان،
    یاعێلی ژنی حەڤەری قێنی،
    بەرەکەتدار بێت لەناو هەموو ئەو ئافرەتانەی چادرنشینن.
25 داوای ئاوی کرد شیری پێدا،
    لەناو کاسەی شازادان، دەڵەمەی[d] بۆ هێنا.
26 دەستی درێژکرد بۆ مێخی چادرەکە و
    دەستە ڕاستەی بۆ چەکوشی کرێکار.
لە سیسرای دا و سەری شکاند،
    کاسە سەری وردوخاش کرد و لاجانی کون کرد.
27 لەبەر پێیەکانی ڕۆچوو،
    کەوت، ڕاکشا،
لەبەر پێیەکانی ڕۆچوو، کەوت،
    لەکوێ ڕۆچوو، لەوێ کەوت و شێوێنرا.

28 «دایکی سیسرا لە پەنجەرەوە تەماشای کرد و
    لە کڵاوڕۆژنەوە[e] دەستی بە شیوەن کرد.
”بۆچی گالیسکەکانی لە هاتن دواکەوتن؟
    بۆچی دەنگی ناڵی وڵاخی گالیسکەکانی دواکەوتن؟“
29 ئینجا داناترین شازادەی وەڵامی دایەوە،
    بەڵکو خۆی بوو وەڵامی خۆی دایەوە:
30 ”ئایا دەستکەوتێکیان دەست نەکەوتووە و بەشی ناکەن،
    کیژێک یان دووان بۆ هەر پیاوێک،
    تاڵانکردنی جلی ڕەنگکراو بۆ سیسرا،
    جلی ڕەنگکراو و نەخشێنراو،
    جلی نەخشێنراو لە هەردوو ڕوو بۆ گەردنم،
هەمووی وەک تاڵانی؟“

31 «ئاوا هەموو دوژمنانت لەناودەچن، ئەی یەزدان!
    بەڵام با ئەوانەی کە تۆیان خۆشدەوێت وەک خۆر بن
    کاتێک لە بەهێزیدا هەڵدێت.»

ئینجا خاکەکە چل ساڵ لە ئاشتیدا بوو.

گدعۆن

نەوەی ئیسرائیل لەبەرچاوی یەزدان خراپەکارییان کرد، یەزدانیش حەوت ساڵ ژێر دەستەی میدیانییەکانی کردن. جا دەسەڵاتی مییدیانییەکان بەسەر ئیسرائیلدا زاڵ بوو، لەبەر میدیانییەکان نەوەی ئیسرائیل بۆ خۆیان پەناگایان لەناو کونە شاخ و ئەشکەوت و قەڵای چیاکان دروستکرد. هەر جارێک ئیسرائیلییەکان تۆویان دەچاند میدیانییەکان بۆیان سەردەکەوتن و عەمالێقییەکان و کوڕانی ڕۆژهەڵات دەهاتنە سەریان. لە دژیان چادریان هەڵدەدا و بەروبوومی زەوی و زاریان لەناو دەبرد تاکو دەگەیشتنە غەزە، هیچ شتێکی زیندوویان بۆ نەوەی ئیسرائیل نەدەهێشت[f]، نە لە مەڕ و نە لە مانگا و نە لە گوێدرێژ. لەبەر ئەوەی کە سەردەکەوتن بە ئاژەڵی ماڵی و چادرەکانیانەوە دەهاتن و وەک کۆمەڵە کوللە لە زۆریدا، خۆیان و وشترەکانیان بێشومار بوون، دەچوونە ناو خاکەکەوە بۆ ئەوەی وێرانی بکەن. ئیتر ئیسرائیلییەکان بەدەست میدیانییەکانەوە زۆر هەژار بوون و نەوەی ئیسرائیل هاواریان بۆ یەزدان کرد.

کاتێک نەوەی ئیسرائیل هاواریان بۆ یەزدان کرد بەهۆی میدیانییەکانەوە، یەزدان پێغەمبەرێکی بۆ نەوەی ئیسرائیل نارد، ئەوەی پێ گوتن: «یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: من لە میسرەوە سەرم خستن و لە خاکی کۆیلایەتی دەرمهێنان و لە دەستی میسرییەکان و لە دەستی هەموو ئەوانەی دەیانچەوساندنەوە دەربازم کردن، لەبەردەمتاندا دەرمکردن و خاکەکەیانم پێدان. 10 پێم فەرموون: ”من یەزدانی پەروەردگاری ئێوەم. خوداوەندەکانی ئەمورییەکان مەپەرستن، ئەوانەی ئێوە لە خاکیاندا نیشتەجێن،“ بەڵام گوێتان لێ نەگرتم.»

11 ئینجا فریشتەی یەزدان هات و لەژێر دار بەڕووەکەی عۆفرا کە هی یۆئاشی ئەڤیعەزەری بوو دانیشت. گدعۆنی کوڕی یۆئاشیش لە گوشەرەکە گەنمی دەکوتا بۆ ئەوەی لە میدیانییەکانی بشارێتەوە. 12 جا فریشتەی یەزدان بۆ گدعۆن دەرکەوت و پێی فەرموو: «ئەی جەنگاوەری بەهێز، یەزدانت لەگەڵە.»

13 گدعۆنیش پێی گوت: «گەورەم لێت دەپرسم، ئەگەر یەزدان لەگەڵماندایە، ئەی بۆچی ئەم هەموو کارەساتەمان بەسەرهات؟ کوا هەموو کارە سەرسوڕهێنەرەکانی کە باوکانمان پێیان ڕاگەیاندین و گوتیان: ”ئایا یەزدان نەبوو لە میسرەوە دەریهێناین؟“ ئێستاش یەزدان وازی لێ هێناوین و ژێردەستەی میدیانی کردووین.»

14 ئینجا یەزدان ئاوڕی لێدایەوە و گوتی: «بەم توانایەتەوە بڕۆ و ئیسرائیل لە دەستی میدیان ڕزگار بکە. من تۆ دەنێرم.»

15 گدعۆنیش لێی پرسی: «ئای گەورەم! ئیسرائیل بە چی ڕزگار بکەم؟ ئەوەتا خێڵەکەم بێهێزترین خێڵی مەنەشەیە و منیش لە ماڵی باوکم لە هەموویان بچووکترم.»

16 یەزدانیش وەڵامی دایەوە: «من لەگەڵت دەبم و لە هەموو میدیانییەکان دەدەی وەک ئەوەی لە تەنها پیاوێک بدەی.»

17 گدعۆنیش پێی گوت: «ئەگەر جێی ڕەزامەندی تۆم، نیشانەیەکم بدەرێ کە تۆ خۆتی قسەم لەگەڵ دەکەیت. 18 تکایە ئێرە بەجێمەهێڵە هەتا دێمەوە بۆ لات و پێشکەشکراوەکەم دەردەهێنم و لەبەردەمتدا دای دەنێم.»

یەزدانیش فەرمووی: «دەمێنمەوە هەتا دەگەڕێیتەوە.»

19 گدعۆنیش چووە ژوورەوە و کارەبزنێکی سەربڕی و ئامادەی کرد لەگەڵ ئێفەیەک ئارد[g] کە نانی فەتیرەی لێ دروستکرد. گۆشتەکەی لەناو سەبەتەیەک دانا و گۆشتاوەکەشی[h] کردە مەنجەڵێکەوە و بردیە دەرەوە بۆی بۆ ژێر دار بەڕووەکە و پێشکەشی کرد.

20 فریشتەی خوداش پێی فەرموو: «گۆشت و نانە فەتیرەکە ببە و لەسەر ئەو تاتەبەردە دایانبنێ و گۆشتاوەکە بڕێژە.» گدعۆنیش بەم جۆرەی کرد. 21 ئینجا فریشتەکەی یەزدان سەری گۆچانەکەی کە بە دەستیەوە بوو درێژی کرد و لە گۆشت و نانە فەتیرەکەی دا و ئاگرێک لە بەردەکەوە بەرزبووەوە و گۆشت و نانە فەتیرەکەی خوارد. ئینجا فریشتەکەی یەزدان لەبەرچاوی نەما. 22 ئیتر گدعۆن زانی کە فریشتەی یەزدان بوو، بۆیە گوتی: «ئای ئەی یەزدانی باڵادەست! چونکە من فریشتەی یەزدانم ڕووبەڕوو بینی.»

23 یەزدانیش پێی فەرموو: «ئاشتی بۆ تۆ، مەترسە، نامریت.»

24 ئیتر گدعۆن لەوێ قوربانگایەکی بۆ یەزدان دروستکرد و ناوی لێنا «یەزدان ئاشتییە.» هەتا ئەمڕۆ لە عۆفرای ئەڤیعەزەرییەکانە.

25 ئینجا لەو شەوەدا یەزدان پێی فەرموو: «دووەمین گای باوکت کە حەوت ساڵانە، بیبە بۆ قوربانگاکەی بەعل کە هی باوکتە، قوربانگاکە تێکبدە و ئەو ستوونە ئەشێرایەی[i] لەتەنیشتییەتی بیبڕەوە. 26 ئینجا قوربانگایەک بۆ یەزدانی پەروەردگارت لەسەر ئەو قەڵا بەرزە بە ڕێکوپێکی دروستبکە و دووەمین گا سەربخە و بیکە قوربانی سووتاندن لەسەر تەختە دارەکانی ئەو ستوونە ئەشێرایەی کە دەیبڕیتەوە.»

27 گدعۆنیش دە پیاوی لە خزمەتکارەکانی برد و ئەوەی کرد کە یەزدان پێی گوت. لەبەر ئەوەی لە ماڵی باوکی و خەڵکی شارۆچکەکە دەترسا ئەو کارە بە ڕۆژ ئەنجام بدات، بۆیە بە شەو کردی.

28 بۆ سبەینێ خەڵکی شارۆچکەکە هەستان و بینییان قوربانگاکەی بەعل ڕووخێنراوە و ستوونە ئەشێراکەی تەنیشتی بڕاوەتەوە، دووەمین گا کراوە بە قوربانی لەسەر قوربانگاکەی کە تازە دروستکرابوو.

29 ئیتر بە یەکتریان دەگوت: «کێ ئەمەی کردووە؟»

دوای پرسیارکردن و گەڕان، گوتیان «گدعۆنی کوڕی یۆئاش ئەمەی کردووە.»

30 جا خەڵکی شارۆچکەکە بە یۆئاشیان گوت: «کوڕەکەت بهێنە دەرەوە، دەبێت بکوژرێت، چونکە قوربانگاکەی بەعلی ڕووخاندووە و ستوونە ئەشێراکەی تەنیشتی بڕیوەتەوە.»

31 بەڵام یۆئاش بە هەموو ئەوانەی گوت کە لێی هەستابوون: «ئایا ئێوە داکۆکی لە بەعل دەکەن، یان ڕزگاری دەکەن؟ ئەوەی داکۆکی لە بەعل بکات لەم بەیانییەدا دەکوژرێت! ئەگەر بەڕاستی خودایە با خۆی داکۆکی لە خۆی بکات، چونکە قوربانگاکەی ڕووخێنراوە.» 32 ئیتر لەو ڕۆژەدا گدعۆنیان ناونا یەروبەعل و گوتیان: «با بەعل لە دژی شەڕ بکات،» چونکە قوربانگاکەی ڕووخاندووە.

33 ئینجا هەموو میدیانییەکان و عەمالێقییەکان و کوڕانی ڕۆژهەڵات پێکەوە کۆبوونەوە و لە ڕووباری ئوردون پەڕینەوە و لە دۆڵی یەزرەعیل چادریان هەڵدا. 34 ڕۆحی یەزدان هاتە سەر گدعۆن و کەڕەنای لێدا و ئەڤیعەزەرییەکان شوێنی کەوتن. 35 ئینجا نێردراوی نارد بۆ هەموو مەنەشە و ئەوانیش بە دەنگییەوە هاتن، هەروەها نێردراوی نارد بۆ ئاشێر و زەبولون و نەفتالی، ئەوانیش سەرکەوتن بۆ ئەوەی پێیان بگەن.

36 ئینجا گدعۆن بە خودای گوت: «ئەگەر بە دەستی من ئیسرائیل ڕزگار دەکەیت وەک فەرمووت، 37 ئەوەتا من کەوڵی مەڕ لەسەر جۆخینەکە[j] دادەنێم، جا ئەگەر تەنها کەوڵەکە شەونمی لەسەر بوو و زەوی هەمووی وشک بوو، ئەوا دەزانم کە تۆ بە دەستی من ئیسرائیل ڕزگار دەکەیت وەک گوتت.» 38 ئیتر ئاوا بوو. بەیانی گدعۆن زوو هەستا و کەوڵەکەی گوشی و پڕ تەشتێک شەونمی لە کەوڵەکە گوشی.

39 ئینجا گدعۆن بە خودای گوت: «لێم تووڕە مەبە هەر ئەم جارە داوا دەکەم. تەنها ئەم جارە بە کەوڵەکە تاقی دەکەمەوە. با بەس کەوڵەکە وشک بێت و لەسەر هەموو زەوی شەونمی لێ بێت.» 40 خوداش لەو شەوەدا بەم جۆرەی کرد. بە تەنها کەوڵەکە وشک بوو و لەسەر هەموو زەوییەکە شەونم هەبوو.

لۆقا 4:31-44

دەرکردنی ڕۆحی پیس

31 پاشان عیسا بەرەو کەفەرناحوم دابەزی، کە شارێکی ناوچەی جەلیلە و لە ڕۆژی شەممەدا خەڵکەکەی فێردەکرد. 32 لە فێرکردنەکەی سەرسام بوون، چونکە وتەکانی بە دەسەڵاتەوە بوو.

33 لە کەنیشتەکەدا پیاوێک هەبوو ڕۆحی پیسی تێدابوو. بە دەنگێکی بەرز هاواری کرد: 34 «ئای! عیسای ناسیرەیی چیت لێمان دەوێت؟ هاتووی لەناومان ببەیت؟ دەزانم تۆ کێیت، پیرۆزەکەی خودایت.»

35 عیسا لێی ڕاخوڕی و فەرمووی: «بێدەنگ بە! لێی وەرە دەرەوە!» ڕۆحە پیسەکە لەناوەندیان پیاوەکەی بە زەویدا دا و لێی دەرچوو، هیچ زیانیشی پێ نەگەیاند.

36 خەڵکەکەش هەموو سەرسام بوون و بە یەکتریان دەگوت: «ئەمە چ وتەیەکە؟ بە دەسەڵات و هێزەوە فەرمان بە ڕۆحە پیسەکان دەدات و دەردەچن.» 37 ئیتر هەواڵی لە هەموو ناوچەکانی دەوروبەر بڵاو بووەوە.

چاککردنەوەی خەڵکێکی زۆر

38 عیسا لە کەنیشت هەستا و چووە ماڵی شیمۆن. خەسووی شیمۆن تایەکی توندی هەبوو، لەبەر ئەو تکایان لێکرد. 39 ئەویش هاتە سەری، فەرمانی بە تایەکە کرد و بەریدا. دەستبەجێ هەستایەوە و خزمەتی کردن.

40 کاتی ڕۆژئاوابوون، هەموو نەخۆشەکانیان هێنایە لای عیسا، بە نەخۆشی جۆراوجۆرەوە، ئەویش دەستی لەسەر هەریەکەیان دانا و چاکیکردنەوە. 41 ڕۆحی پیسی لە زۆریان دەرکرد، ڕۆحەکان هاواریان دەکرد: «تۆ کوڕی خودای!» ئەویش لێی ڕادەخوڕین و نەیدەهێشت بدوێن، چونکە دەیانزانی مەسیحەکەیە.

42 کاتێک ڕۆژ هەڵات، هەستا و چووە جێگایەکی چۆڵ، خەڵکەکەش بەدوایدا دەگەڕان و هاتنە لای، ڕایانگرت تاکو لەلایان نەڕوات. 43 بەڵام پێی فەرموون: «لەسەرمە مزگێنی پاشایەتی خودا بدەمە شارەکانی دیکەش، چونکە بۆ ئەمە نێردراوم.» 44 ئیتر بەردەوام لە کەنیشتەکانی یەهودیا پەیامی خودای ڕادەگەیاند.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.