Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Old/New Testament

Each day includes a passage from both the Old Testament and New Testament.
Duration: 365 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
یەشوع 19-21

بەشی هۆزی شیمۆن

19 تیروپشکی دووەمیش بۆ هۆزی شیمۆن بەگوێرەی خێڵەکانیان کرا، میراتەکەشیان کەوتە ناو میراتەکەی نەوەی یەهوداوە. جا لە میراتەکەیان ئەمانە بۆ ئەوان بوو:

بیری شابەع کە شابەعە، مۆلادا، حەچەر شوعال، بالا، عەچەم، ئەلتۆلەد، بەتول، حۆرما، چیقلەگ، بێت‌مەرکاڤۆت، حەچەر سوسا، بێت‌لەڤائۆت، شاروحەن، سێزدە شارۆچکە بە گوندەکانیانەوە؛

عەین و ڕیمۆن و عەتەر و عاشان، چوار شارۆچکە بە گوندەکانیانەوە؛ هەروەها هەموو ئەو گوندانەی بە چواردەوری ئەم شارۆچکانەدا بوون تاکو بەعەلەت بئێر کە ناسراوە بە ڕامەی نەقەب.

ئەمە میراتی هۆزی نەوەی شیمۆن بوو بەگوێرەی خێڵەکانیان. میراتەکەی نەوەی شیمۆن لە بەشەکەی نەوەی یەهودا بوو، چونکە بەشەکەی نەوەی یەهودا زۆر بوو بۆیان، لەبەر ئەوە نەوەی شیمۆن لەناو میراتەکەی یەهودا میراتیان بەرکەوت.

بەشی هۆزی زەبولون

10 تیروپشکی سێیەمیش بەگوێرەی خێڵەکانیان بۆ نەوەی زەبولون کرا:

سنووری میراتەکەیان هەتا سارید بوو. 11 سنوورەکەیان بەرەو ڕۆژئاوا سەرکەوت بۆ مەرعەلا و گەیشتە دەباشەت و گەیشتە شیوەکەی نزیک بە یۆقنەعام. 12 ئینجا لە ساریدەوە بەلای ڕۆژهەڵات سووڕایەوە، ڕووەو خۆر هەڵاتن بەسەر سنووری کیسلۆت تاڤۆر و بەردەوام بوو بۆ داڤەرەت و سەرکەوت بۆ یافیع. 13 لەوێشەوە بەرەو ڕۆژهەڵات پەڕییەوە، ڕووەو ڕۆژهەڵات بۆ گەت حێفەر، عیتا قاچین و چوو بۆ ڕیمۆن و درێژ بووەوە بۆ نێعا. 14 لەوێشەوە سنوورەکە بەلای باکووردا سووڕایەوە بۆ حەناتۆن و کۆتاییەکەشی لەلای دۆڵی یەفتەح ئێل بوو. 15 دوازدە شارۆچکە بوون بە گوندەکانیانەوە، لەوانە قەتات و نەهەلال و شیمرۆن و یەدەلا و بێت‌لەحم[a].

16 ئەم شارۆچکانە لەگەڵ گوندەکانیان میراتی نەوەی زەبولون بوو بەگوێرەی خێڵەکانیان.

بەشی هۆزی یەساخار

17 تیروپشکی چوارەمیش بۆ یەساخار بوو، بۆ نەوەی یەساخار بەگوێرەی خێڵەکانیان. 18 سنوورەکەشیان ئەمانە بوو:

یەزرەعیل و کەسولۆت و شونێم و 19 حەفارەیم و شیئۆن و ئەناحەرەت و 20 ڕەبیت و قیشیۆن و ئەڤەچ و 21 ڕەمەت و کانی گەنیم و کانی حەدا و بێت‌پەچێچ بوو، 22 هەروەها سنوورەکە گەیشتە تاڤۆر و شەحەچوما و بێت‌شەمەش و کۆتایی سنوورەکەیان لەلای ڕووباری ئوردون بوو، شازدە شارۆچکە بوون بە گوندەکانیانەوە.

23 ئەمە میراتی هۆزی نەوەی یەساخارە بەگوێرەی خێڵەکانیان، ئەم شارۆچکانە لەگەڵ گوندەکانیان.

بەشی هۆزی ئاشێر

24 تیروپشکی پێنجەمیش بۆ هۆزی نەوەی ئاشێر بوو بەگوێرەی خێڵەکانیان، 25 سنوورەکەشیان ئەمانە بوو:

حەلقەت و حەلی و بەتەن و ئەکشاف و 26 ئەلەمەلەخ و عەمعاد و میشال و لەلای ڕۆژئاواشەوە گەیشتە کارمەل و شیحۆر لیڤنات. 27 ئینجا بەلای ڕۆژهەڵات گەڕایەوە بۆ بێت‌داگۆن و گەیشتە زەبولون و دۆڵی ییفتەح ئێل لە باکووری بێت‌عێمەق و نەعیێل و ئینجا بەلای چەپی کاڤولدا تێپەڕی 28 بۆ عەڤدۆن و ڕەحۆڤ و حەمۆن و قانا و هەتا سەیدائی مەزن. 29 ئینجا سنوورەکە گەڕایەوە بەرەو ڕامە و بۆ شاری سوری قەڵابەند، لەوێشەوە سنوورەکە گەڕایەوە بۆ حۆسا و کۆتاییەکەشی لەلای دەریای سپی ناوەڕاست[b] بوو لە ناوچەی ئەکزیڤ، 30 عوما و ئەفێق و ڕەحۆڤ، بیست و دوو شارۆچکە بوون بە گوندەکانیانەوە.

31 ئەم شارۆچکانە لەگەڵ گوندەکانیان میراتی هۆزی نەوەی ئاشێر بوو بەگوێرەی خێڵەکانیان.

بەشی هۆزی نەفتالی

32 تیروپشکی شەشەمیش بۆ نەوەی نەفتالی بوو بەگوێرەی خێڵەکانیان.

33 سنوورەکەشیان لە حێلەفەوە لە دار بەڕووەکەوە بوو لەلای چەعەنەنیم و ئەدامی نەقەڤ و یەڤنئێل و تاکو لەقووم و کۆتاییەکەشی لەلای ڕووباری ئوردون بوو. 34 ئینجا سنوورەکە بەرەو خۆرئاوا گەڕایەوە بۆ ئەزنۆت تاڤۆر و لەوێشەوە چوو بۆ حوقۆق و گەیشتە زەبولون لەلای باشوورەوە و گەیشتە ئاشێر لەلای ڕۆژئاواوە و لە ڕۆژهەڵاتیشەوە بۆ یەهودای ڕووباری ئوردون. 35 شارە قەڵابەندەکانیش، چیدیم و چێر و حەممەت و ڕەقەت و کینارێت و 36 ئەدامە و ڕامە و حاچۆر و 37 قەدەش و ئەدرەعی و کانی حاچۆر و 38 یەرئۆن و میگدەل ئێل و حۆرێم و بێت‌عەنات و بێت‌شەمەش، نۆزدە شارۆچکە بوون بە گوندەکانیانەوە.

39 ئەم شارۆچکانە لەگەڵ گوندەکانیان میراتی هۆزی نەوەی نەفتالی بوو بەگوێرەی خێڵەکانیان.

بەشی هۆزی دان

40 تیروپشکی حەوتەمیش بۆ هۆزی نەوەی دان بەگوێرەی خێڵەکانیان کرا، 41 جا هەرێمەکانی میراتیان ئەمە بوو:

چۆرعا و ئەشتائۆل و عیر شەمەش و 42 شەعەلەبین و ئەیالۆن و یەتلا و 43 ئێلۆن و تیمنا و عەقرۆن و 44 ئەلتەقێ و گیبەتۆن و بەعەلات و 45 یەهودییە و بەنێ‌ڤەرەق و گەت ڕیمۆن و 46 ئاوەکانی یەرقۆن و ڕەقۆن لەگەڵ ئەو سنوورانەی بەرامبەر بە یافا بوو.

47 پاش ئەوەی نەوەی دان سنوورەکەیان لە دەست چوو، جا نەوەی دان سەرکەوتن و لە دژی لەشەم جەنگان و گرتیان و دایانە بەر زەبری شمشێر و داگیریان کرد و تێیدا نیشتەجێ بوون، ئینجا لەشەمیان ناونا دان، لەسەر ناوی دانی باوباپیرانیان.

48 ئەم شارۆچکانە لەگەڵ گوندەکانیان میراتی هۆزی نەوەی دان بوو بەگوێرەی خێڵەکانیان.

بەشی یەشوع

49 پاش ئەوەی لە دابەشکردنی خاکەکە بوونەوە بەپێی سنوورەکانی، نەوەی ئیسرائیل لەنێو خۆیاندا میراتێکیان بە یەشوعی کوڕی نون دا. 50 بەپێی فەرمایشتی یەزدان، ئەو شارۆچکەیەیان پێیدا کە داوای کرد، تیمنەت سەرەح[c] لە ناوچە شاخاوییەکانی ئەفرایم، جا شارۆچکەکەی بنیاد نایەوە و تێیدا نیشتەجێ بوو.

51 ئەمە میراتەکانە کە ئەلعازاری کاهین و یەشوعی کوڕی نون و سەرۆکەکانی باوکانی هۆزەکانی نەوەی ئیسرائیل لە شیلۆدا لەبەردەم یەزدان لەلای دەروازەی چادری چاوپێکەوتندا بە تیروپشک دابەشیان کرد و ئینجا لە دابەشکردنی خاکەکە بوونەوە.

شارەکانی پەناگا

20 ئینجا یەزدان بە یەشوعی فەرموو: «بە نەوەی ئیسرائیل بڵێ: ”شاری پەناگا بۆ خۆتان دابنێن، هەروەک لە ڕێگەی موساوە پێم فەرموون، هەتا ئەو کەسەی بەبێ ئەنقەست و بە ڕێککەوت کەسێکی دیکە دەکوژێت بۆ ئەوێ هەڵبێت، جا دەبێتە پەناگاتان لە دەست خوێنگری تۆڵەسێنەر.

«”با بۆ یەکێک لەو شارانە هەڵبێت و لە دەروازەی شارەکەدا بوەستێت و کێشەکەی بۆ پیرانی ئەو شارە بگێڕێتەوە و ئەوانیش لە شارەکەدا دەیگرنە خۆیان و شوێنێکی دەدەنێ، جا لەنێویاندا نیشتەجێ دەبێت. ئەگەر هاتوو خوێنگرەکەش[d] دوای کەوت، ئەوان تۆمەتبارکراوەکە نادەنە دەستیەوە، چونکە بە ڕێککەوت نزیکەکەی خۆی کوشتووە و پێشتر ڕقی لێی نەبووەتەوە. ئیتر لەو شارە نیشتەجێ دەبێت، هەتا بۆ بڕیاردان لەبەردەم ئەنجومەن دەوەستێت، هەتا مردنی سەرۆکی کاهین لەو سەردەمەدایە، ئینجا ئەو کەسە دەتوانێت بگەڕێتەوە ماڵەکەی خۆی، بۆ ئەو شارۆچکەیەی لێی هەڵاتبوو.“»

جا قەدەشیان لە جەلیل لە ناوچە شاخاوییەکانی نەفتالی تەرخان کرد و شەخەمیش لە ناوچە شاخاوییەکانی ئەفرایم و قیریەت ئەربەع کە حەبرۆنە لە ناوچە شاخاوییەکانی یەهودا. هەروەها لە بەری ڕۆژهەڵاتی ڕووباری ئوردونیش لەلای ئەریحا، بەچەریان لە چۆڵەوانی لە دەشتە بەرزەکەی هۆزی ڕەئوبێن نیشان کرد و ڕامۆت لە گلعاد لە هۆزی گاد و گۆلان لە باشان لە هۆزی مەنەشە. ئەمانە شارەکانی پەناگان بۆ هەموو نەوەی ئیسرائیل و ئەو نامۆیەی لەنێویاندا دەژیێت، هەتا ئەوەی بەبێ ئەنقەست کەسێکی دیکەی کوشت بۆ ئەوێ هەڵبێت، جا بە دەستی خوێنگرە تۆڵەسێنەرەکە ناکوژرێت هەتا لەبەردەم ئەنجومەن نەوەستێت بۆ دادگاییکردنی.

پێدانی چەند شارۆچکەیەک بە لێڤییەکان

21 ئەوە بوو گەورەی بنەماڵەکانی لێڤییەکان هاتنە لای ئەلعازاری کاهین و یەشوعی کوڕی نون و گەورەی بنەماڵەکانی هۆزەکانی دیکەی نەوەی ئیسرائیل، لە شیلۆ لە خاکی کەنعان لەگەڵیاندا دوان و گوتیان: «یەزدان لە ڕێگەی موساوە فەرمانی داوە کە چەند شارۆچکەیەکمان پێبدرێت بۆ نیشتەجێبوون لەگەڵ لەوەڕگاکانیان بۆ ئاژەڵی ماڵیمان.» بەپێی فەرمانی یەزدان نەوەی ئیسرائیلیش لە میراتەکەی خۆیان ئەم شارۆچکانە و لەوەڕگایانەیان دایە لێڤییەکان:

جا تیروپشک بۆ خێڵەکانی قەهاتییەکان کرا، لێڤییەکان کە لە نەوەی هارونی کاهین بوون بە تیروپشک سێزدە شارۆچکەیان بەرکەوت لە هۆزی یەهودا و هۆزی شیمۆن و هۆزی بنیامین. بۆ پاشماوەی نەوەی قەهاتیش دە شارۆچکە بە تیروپشک لە خێڵەکانی هۆزی ئەفرایم و هۆزی دان و نیوەی هۆزی مەنەشەیان بەرکەوت.

بۆ نەوەی گێرشۆنیش سێزدە شارۆچکەیان بە تیروپشک بەرکەوت، لە خێڵەکانی هۆزی یەساخار و هۆزی ئاشێر و هۆزی نەفتالی و نیوەی هۆزی مەنەشە لە باشان.

بۆ نەوەی مەراریش بەگوێرەی خێڵەکانیان دوازدە شارۆچکەیان بەرکەوت، لە هۆزی ڕەئوبێن و گاد و زەبولون.

جا نەوەی ئیسرائیل بە تیروپشک ئەم شارۆچکە و لەوەڕگایانەیان بە لێڤییەکان دا، هەروەک یەزدان لە ڕێگەی موساوە فەرمانی دابوو.

لە هۆزی نەوەی یەهودا و هۆزی نەوەی شیمۆن ئەم شارۆچکانەیان دا کە ئەمانە ناوەکانیان بوون، 10 جا ئەم شارۆچکانە بۆ نەوەی هارون دیاری کرا لە خێڵەکانی قەهاتییەکان لە نەوەی لێڤی، چونکە تیروپشکی یەکەم بۆ ئەوان بوو:

11 قیریەت ئەربەع باپیرە گەورەی عەناق کە حەبرۆنە لە ناوچە شاخاوییەکانی یەهودا لەگەڵ لەوەڕگاکانی دەوروبەری، 12 بەڵام کێڵگەکان و گوندەکانی دەوروبەری شارەکەیان بە کالێبی کوڕی یەفونە دا وەک موڵکی خۆی.

13 بە نەوەی هارونی کاهین حەبرۆن و لەوەڕگاکانیان دا، کە شارێکی پەناگای تۆمەتبارکراوان بە کوشتن بوو، لەگەڵ لیڤنا، 14 یەتیر، ئەشتەمۆع، 15 حۆلۆن، دەڤیر، 16 عەین، یوتا و بێت‌شەمەش، نۆ شارۆچکە بە لەوەڕگاکانیانەوە لەم دوو هۆزە[e].

17 لە هۆزی بنیامینیش گبعۆن و گەڤەع و 18 عەناتۆت و عەلمۆن، چوار شارۆچکە بە لەوەڕگاکانیانەوە.

19 هەموو شارۆچکەکانی نەوەی هارون کە کاهینەکانن، سێزدە شارۆچکە بوون بە لەوەڕگاکانیانەوە.

20 پاشماوەی خێڵەکانی قەهات لە لێڤییەکان، بە تیروپشک ئەم شارۆچکانەیان لە هۆزی ئەفرایم بەرکەوت:

21 لە ناوچە شاخاوییەکانی ئەفرایم شارۆچکەی شەخەمیان پێدرا، کە شارێکی پەناگای تۆمەتبارکراوان بوو بە کوشتن، لەگەڵ گەزەر و 22 قیڤچەیم و بێت‌حۆرۆن، چوار شارۆچکە بە لەوەڕگاکانیانەوە.

23 لە هۆزی دانیش ئەمانەیان وەرگرت: ئەلتەقێ و گیبەتۆن و 24 ئەیالۆن و گەت ڕیمۆن، چوار شارۆچکە بە لەوەڕگاکانیانەوە.

25 لە نیوەی هۆزی مەنەشەش ئەمانەیان وەرگرت: تەعنەک و گەت ڕیمۆن، دوو شارۆچکە بە لەوەڕگاکانیانەوە.

26 هەموو شارۆچکەکان دە بوون بە لەوەڕگاکانیانەوە بۆ پاشماوەی خێڵەکانی نەوەی قەهات بوو.

27 بۆ نەوەی گێرشۆنیش لە خێڵەکانی لێڤییەکان:

لە نیوەی هۆزی مەنەشەوە:

گۆلان و لەوەڕگاکانی پێدرا لە باشان، کە شارێکی پەناگای تۆمەتبارکراوان بە کوشتن بوو، لەگەڵ بەعەشتەرا و لەوەڕگاکانی، دوو شارۆچکە.

28 لە هۆزی نەوەی یەساخاریش ئەمانەیان وەرگرت:

قیشیۆن و داڤەرەت و 29 یەرموت و کانی گەنیم، چوار شارۆچکە بە لەوەڕگاکانیانەوە.

30 لە هۆزی نەوەی ئاشێریش ئەمانەیان وەرگرت:

میشال و عەڤدۆن و 31 حەلقەت و ڕەحۆڤ، چوار شارۆچکە بە لەوەڕگاکانیانەوە.

32 لە هۆزی نەفتالیش ئەمانەیان وەرگرت:

قەدەش، شاری پەناگای تۆمەتبارکراوان بە کوشتن، لە جەلیل، لەگەڵ حەمۆت دۆر و قەرتان، سێ شارۆچکە بە لەوەڕگاکانیانەوە.

33 هەموو شارۆچکەکانی گێرشۆنییەکان بەگوێرەی خێڵەکانیان، سێزدە شارۆچکە بوون بە لەوەڕگاکانیانەوە.

34 بۆ خێڵەکانی نەوەی مەراریش کە پاشماوەی لێڤییەکانن:

لە هۆزی زەبولون ئەمانەیان پێدان:

یۆقنەعام و قەرتا و 35 دیمنا و نەهەلال، چوار شارۆچکە بە لەوەڕگاکانیانەوە.

36 لە هۆزی ڕەئوبێنیش ئەمانەیان پێدان:

بەچەر و یەهەچ و 37 قەدێمۆت و مێفەعەت، چوار شارۆچکە بە لەوەڕگاکانیانەوە.

38 لە هۆزی گادیش ئەمانەیان وەرگرت:

ڕامۆت، شاری پەناگای تۆمەتبارکراوان بە کوشتن، لە گلعاد، لەگەڵ مەحەنەیم و 39 حەشبۆن و یەعزێر، هەموو شارۆچکەکان بە لەوەڕگاکانیانەوە چوار شارۆچکە بوون.

40 جا هەموو ئەو شارۆچکانەی بۆ نەوەی مەراری بوون بەگوێرەی خێڵەکانیان، ئەوانەی لە خێڵەکانی لێڤییەکان مابوونەوە، تیروپشکەکەشیان دوازدە شارۆچکە بوو.

41 هەموو شارۆچکەکانی لێڤییەکان لەناو ئەو موڵکەی نەوەی ئیسرائیل خاوەنی بوون، چل و هەشت شارۆچکە بوون بە لەوەڕگاکانیانەوە. 42 ئەم شارۆچکانەش شار بە شار بوون و لەوەڕگاکانیشیان بە چواردەوریاندا بوو، هەموو ئەم شارۆچکانە وابوون.

43 جا یەزدان هەموو ئەو زەوییەی دایە نەوەی ئیسرائیل کە سوێندی خواردبوو بیداتە باوباپیرانیان، ئەوانیش دەستیان بەسەردا گرت و تێیدا نیشتەجێ بوون. 44 هەروەها یەزدان لە دەوروبەرەکەیان ئاسوودەی کردن بەپێی ئەو سوێندەی بۆ باوباپیرانی ئەوانی خوارد، تەنها پیاوێکیش لە هەموو دوژمنەکانیان بەرامبەریان نەوەستا، بەڵکو یەزدان هەموو دوژمنەکانی ئەوانی دایە دەستیان. 45 هیچ بەڵێنێک لە هەموو ئەو بەڵێنە چاکانەی یەزدان بە بنەماڵەی ئیسرائیلی فەرمووبوو نەشکاوە، بەڵکو هەمووی هاتە دی.

لۆقا 2:25-52

25 پیاوێکی چاک و لەخواترس بە ناوی شیمۆن لە ئۆرشەلیم هەبوو، چاوەڕێی هاتنی دڵنەواییکەری[a] ئیسرائیل بوو، ڕۆحی پیرۆزی لەسەر بوو. 26 بە ڕۆحی پیرۆز بۆی ئاشکرا کرابوو کە نامرێت هەتا مەسیحی یەزدان نەبینێت. 27 بەهۆی ڕۆحی پیرۆزەوە هاتە حەوشەکانی پەرستگا. کاتێک دایک و باوکەکە عیسای منداڵیان هێنایە ژوورەوە، تاکو بەگوێرەی نەریتی تەوراتی بۆ بکەن، 28 شیمۆن عیسای لە باوەشی گرت و ستایشی خودای کرد:

29 «ئەی یەزدانی باڵادەست، ئێستا بەگوێرەی قسەکەت
    بەندەی خۆت بە ئاشتی بەڕێبکە.
30 ئەوا چاوم ڕزگاریی[b] تۆی بینی،
31     ئەوەی لەبەردەم هەموو گەلان ئامادەت کردووە،
32 هەتا ببێتە ڕووناکی بۆ ئاشکراکردنی سروشی تۆ بۆ نەتەوەکان و
    ببێتە مایەی شکۆمەندی بۆ ئیسرائیلی گەلەکەت.»

33 دایک و باوکی[c] سەرسام بوون لەوەی دەربارەی گوترا. 34 شیمۆن داوای بەرەکەتی بۆ کردن و بە مریەمی دایکی گوت: «ئا ئەم منداڵە دەبێتە هۆی کەوتن و هەستانەوەی کەسانێکی زۆر لە ئیسرائیل، هەروەها دەبێتە نیشانەیەک دژایەتی دەکرێت، 35 هەتا نیازی دڵی زۆر‏ کەس ئاشکرابێت. تۆش شمشێرێک جەرگت دەبڕێت.»

36 پێغەمبەرێکی ژن هەبوو بە ناوی ئانای کچی پەنوئێل لە هۆزی ئاشێر. زۆر بە ساڵدا چوو بوو، لەدوای شووکردنی تەنها حەوت ساڵ لەگەڵ مێردەکەی ژیابوو. 37 پاشان بە بێوەژنی مابووەوە و تەمەنی گەیشتبووە هەشتا و چوار ساڵی. پەرستگای بەجێ نەدەهێشت، شەو و ڕۆژ خودای دەپەرست بە نوێژ و ڕۆژووگرتن. 38 هەر لەو کاتەدا هات بۆ لای ئەوان و ستایشی خودای کرد، باسی منداڵەکەی بۆ هەموو ئەوانە کرد کە چاوەڕوانی ڕزگاریی[d] ئۆرشەلیم بوون.

39 کە هەموو شتێکیان بەگوێرەی تەوراتی یەزدان تەواو کرد، هاتنەوە بۆ ناسیرەی شارەکەی خۆیان لە ناوچەی جەلیل. 40 منداڵەکەش گەشەی دەکرد و بەهێز دەبوو، پڕبوو لە دانایی، نیعمەتی خوداشی[e] لەسەر بوو.

عیسا لە پەرستگادا

41 دایک و باوکی هەموو ساڵێک لە جەژنی پەسخە دەچوونە ئۆرشەلیم. 42 کاتێک بووە دوازدە ساڵ، وەک نەریتی جەژن بەرەو ئۆرشەلیم سەرکەوتن. 43 دوای تەواوبوونی ڕۆژەکان لە گەڕانەوەیاندا عیسای مێردمنداڵ لە ئۆرشەلیم مایەوە، دایک و باوکیشی نەیانزانی. 44 وایان دەزانی لەناو کاروانەکەیە، ڕۆژە ڕێیەک ڕۆیشتن، دوای ئەوە لەناو خزم و ناسیاوەکان بەدوایدا گەڕان. 45 کاتێک نەیاندۆزییەوە گەڕانەوە بۆ ئۆرشەلیم هەتا بەدوایدا بگەڕێن. 46 دوای سێ ڕۆژ لە حەوشەکانی پەرستگادا دۆزیانەوە، بینییان لەناو مامۆستایان دانیشتووە، گوێیان لێ دەگرێت و پرسیاریان لێدەکات. 47 هەموو ئەوانەی گوێیان لێی ڕاگرتبوو، لە تێگەیشتن و وەڵامەکانی سەرسام بوون. 48 کاتێک بینییان واقیان وڕما، ئینجا دایکی پێی گوت: «کوڕم، بۆ وات لێکردین؟ من و باوکت نیگەرانت بووین و بەدواتدا دەگەڕاین.»

49 وەڵامی دانەوە: «بۆچی بەدوامدا دەگەڕان؟ نەتاندەزانی پێویستە لە ماڵی باوکمدا بم؟» 50 بەڵام لەو قسەیە تێنەگەیشتن کە پێی فەرموون.

51 ئینجا لەگەڵیان گەڕایەوە و هاتەوە ناسیرە و گوێڕایەڵیان بوو، مریەمی دایکیشی ئەمانەی هەموو دەخستە دڵییەوە. 52 عیساش لە دانایی و باڵا گەشەی دەکرد، جێی ڕەزامەندی خودا و خەڵکی بوو.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.