Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Old/New Testament

Each day includes a passage from both the Old Testament and New Testament.
Duration: 365 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
یەشوع 13-15

خاکی دەستبەسەردانەگیراو

13 کاتێک یەشوع پیر بوو و چووە ساڵەوە، یەزدانیش پێی فەرموو: «تۆ پیر بوویت و چوویتە ساڵەوە، هێشتا چەند خاکێکی زۆریش ماوە دەستی بەسەردا بگیردرێت.

«ئەمە ئەو خاکەیە کە ماوەتەوە: هەموو ناوچەکانی فەلەستی و گەشوورییەکان، لە ڕووباری شیحۆرەوە کە لە ڕۆژهەڵاتی میسرە هەتا سنووری عەقرۆن لە باکوور کە سەر بە کەنعانییەکانە، سنووری پێنج ڕابەرە[a] فەلەستییەکان، لە غەزە، ئەشدۆد، ئەسقەلان، گەت و عەقرۆن، عەقرۆنی خاکی عەڤییەکان. لە باشوورەوە هەموو خاکی کەنعانییەکان و عارا کە هی سەیدائییەکانە هەتا ئەفێق و سنووری ئەمورییەکان، خاکی جوبەیلییەکان[b] و هەموو ناوچەکانی لوبنان بەرەو ڕۆژهەڵات، لە بەعل‌گاد بناری چیای حەرمۆنەوە هەتا دەروازەی حەمات.

«من خۆم هەموو دانیشتووانی چیا لە لوبنانەوە هەتا میسرەفۆت مەیم، هەموو سەیدائییەکان لەبەردەم نەوەی ئیسرائیلدا دەردەکەم. دەبێت تۆش ئەم خاکانە بە تیروپشک بە میرات بۆ ئیسرائیل دابەش بکەیت، بەو شێوەیەی فەرمانم پێ کردیت، ئێستاش بەسەر نۆ هۆز و نیوەی هۆزی مەنەشەدا بە میرات دابەشی بکە.»

دابەشکردنی خاکی ڕۆژهەڵاتی ڕووباری ئوردون

ڕەئوبێنی و گادییەکان بەشی خۆیان لەگەڵ نیوەکەی دیکەی مەنەشە وەرگرت کە موسای بەندەی یەزدان بەری ڕۆژهەڵاتی ڕووباری ئوردونی پێدابوون.

لە عەرۆعێرەوە کە لە کەناری دەربەندی ئەرنۆنە، شارۆچکەکەی ناوەڕاستی دەربەندەکە، هەموو دەشتە بەرزەکەی مێدەبا هەتا دیڤۆن، 10 هەموو شارۆچکەکانی سیحۆنی پاشای ئەمورییەکان کە فەرمانڕەوایەتی دەکرد لە حەشبۆنەوە هەتا سنووری عەمۆنییەکان، 11 گلعاد و سنوورەکانی گەشووری و مەعکائییەکان، هەموو چیای حەرمۆن، هەموو باشان هەتا سەلخە؛ 12 واتە هەموو پاشایەتی عۆگ لە باشان کە پاشایەتی دەکرد لە عەشتارۆت و لە ئەدرەعی، ئەویش لە پاشماوەی ڕفائییەکان مابووەوە، موسا لێیدان و دەریکردن. 13 نەوەی ئیسرائیل گەشوورییەکان و مەعکائییەکانیان دەرنەکرد، ئیتر هەتا ئەمڕۆش گەشووری و مەعکائی لەنێو ئیسرائیلدا نیشتەجێن.

14 بەڵام موسا میراتی بە هۆزی لێڤی نەدا، لەبەر ئەوەی قوربانییە بە ئاگرەکانی یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل میراتی ئەوانە، هەروەک یەزدان بە موسای فەرموو.

15 ئەو خاکانەی موسا بە هۆزی نەوەی ڕەئوبێنی دابوو، بەگوێرەی خێڵەکانیان، ئەمانە بوون:

16 سنووریان لە عەرۆعێرەوە کە لەسەر کەناری دەربەندی ئەرنۆنە، شارۆچکەکەی ناوەڕاستی دەربەندەکەوە، هەموو دەشتە بەرزەکە لە مێدەبایەوە 17 هەتا شاری حەشبۆن و هەموو شارۆچکەکانی کە لە دەشتە بەرزەکەیە، دیڤۆن، بامۆت‌بەعل، بێت‌بەعل‌مەعۆن، 18 یەهەچ، قەدێمۆت، مێفەعەت، 19 قیریاتەیم، سیڤما، چەرەت شەحەر لە کێوی دۆڵەکەدا، 20 بێت‌پەعۆر، بنارەکانی پسگە، بێت‌یەشیمۆت، 21 هەموو شارۆچکەکانی دەشتە بەرزەکە و هەموو شانشینی سیحۆنی پاشای ئەمورییەکان کە لە حەشبۆن فەرمانڕەوایەتی دەکرد، ئەوەی موسا لەگەڵ سەرۆکەکانی میدیاندا شکاندنی، ئاڤی، ڕاقەم، چوور، حوور و ڕیڤەع، میرە هاوپەیمانەکانی سیحۆن کە لەو خاکەدا دەژیان. 22 نەوەی ئیسرائیل بەلعامی کوڕی بەعۆری فاڵگرەوەشیان بە شمشێر لەگەڵ کوژراوەکانیان کوشت. 23 جا سنووری نەوەی ڕەئوبێن کەناری ڕووباری ئوردون بوو. ئەمە میراتی نەوەی ڕەئوبێنە بەگوێرەی خێڵەکانیان، شارۆچکە و گوندەکانیان.

24 ئەو خاکانەی موسا بە هۆزی نەوەی گادی دابوو، بەگوێرەی خێڵەکانیان، ئەمانە بوون:

25 سنوورەکانیان یەعزێر و هەموو شارۆچکەکانی گلعاد و نیوەی خاکی عەمۆنییەکان هەتا عەرۆعێر کە لە نزیک ڕەبەیە، 26 لە شاری حەشبۆنەوە هەتا ڕامای میچپا و بەتۆنیم، لە مەحەنەیمەوە هەتا سنووری دەڤیر، 27 لە دۆڵەکەش بێت‌هارام، بێت‌نیمرا، سوکۆت و چافۆن، پاشماوەکەی شانشینی سیحۆنی پاشای حەشبۆن، بەری ڕۆژهەڵاتی ڕووباری ئوردون کە سنوورەکانی هەتا قەراغی دەریاچەی جەلیلە. 28 ئەمە میراتی نەوەی گادە بەگوێرەی خێڵەکانیان، شارۆچکە و گوندەکانیان.

29 ئەو خاکانەی موسا دابوویە نیوەی هۆزی مەنەشە، واتە بۆ نیوەی نەوەی مەنەشە، بەگوێرەی خێڵەکانیان، ئەمانە بوون:

30 سنوورەکەیان لە مەحەنەیمەوە هەموو باشان، هەموو شانشینی عۆگی پاشای باشان، هەموو ئاوەدانییەکانی یائیر کە لە باشانە، شەست شارۆچکە و 31 نیوەی گلعاد و عەشتارۆت و ئەدرەعی، شارەکانی پاشایەتی عۆگ لە باشان بۆ نەوەی ماکیری کوڕی مەنەشە بوون، بۆ نیوەی نەوەی ماکیر بەگوێرەی خێڵەکانیان.

32 ئەمە ئەوە بوو کە موسا لە دەشتەکانی مۆئاب لە بەری ڕۆژهەڵاتی ڕووباری ئوردون بەرامبەر ئەریحا کردی بە میرات. 33 بەڵام موسا میراتی نەدا بە هۆزی لێڤی، چونکە یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل میراتی ئەوان بوو، هەروەک بەڵێنی پێدابوون.

دابەشکردنی خاکی ڕۆژئاوای ڕووباری ئوردون

14 لە خاکی کەنعان، نەوەی ئیسرائیل ئەمەیان بۆ بوو بە میرات، ئەوەی ئەلعازاری کاهین و یەشوعی کوڕی نون و سەرۆکەکانی باوکانی هۆزەکانی نەوەی ئیسرائیل بەسەریاندا دابەشکردن وەک میرات. میراتەکەیان بە تیروپشک بوو بۆ نۆ هۆزەکە و نیو هۆزەکە، هەروەک یەزدان لە ڕێگەی موساوە فەرمانی دا. موسا میراتی دوو هۆزەکە و نیو هۆزەکەی لەوبەری ڕووباری ئوردوندا بەلای ڕۆژهەڵاتدا دابوو، بەڵام لەناو ئەواندا هیچ میراتی بە لێڤییەکان نەدا، چونکە نەوەی یوسف دوو هۆز بوون، مەنەشە و ئەفرایم، هەروەها لە خاکەکەدا هیچ بەشێکیان بە لێڤییەکان نەدا، تەنها چەند شارۆچکەیەک نەبێت بۆ نیشتەجێبوون و دەوروبەری شارۆچکەکان، بۆ لەوەڕگای ڕەشەوڵاخ و مەڕوماڵاتیان. هەروەک یەزدان فەرمانی بە موسا کردبوو، نەوەی ئیسرائیل ئاوایان کرد و خاکەکەیان دابەش کرد.

حەبرۆن بە کالێب دەدرێت

ئینجا نەوەی یەهودا لە گلگالدا چوونە پێش بۆ لای یەشوع، کالێبی کوڕی یەفونەی قەنیزی بە یەشوعی گوت: «تۆ ئەو قسەیە دەزانیت کە یەزدان لە قادێش بەرنێعدا لەبارەی من و تۆوە بە موسای پیاوی خودای فەرموو، لەو کاتەدا کە موسای بەندەی یەزدان منی لە قادێش بەرنێعەوە نارد بۆ ئەوەی سیخوڕیەتی خاکەکە بکەم، تەمەنم چل ساڵ بوو، منیش گەڕامەوە و ئەو هەواڵەی لە دڵمدا بوو پێم ڕاگەیاند. هەرچەندە براکانم ئەوانەی لەگەڵ من بوون گەلیان ترساند، بەڵام من بە هەموو دڵمەوە بەدوای یەزدانی پەروەردگارم کەوتم. جا موسا لەو ڕۆژە سوێندی خوارد: ”ئەو خاکەی تۆ پێت نایە سەری هەتاهەتایە دەبێتە میراتی خۆت و کوڕەکانت، چونکە بە هەموو دڵتەوە بەدوای یەزدانی پەروەردگارم کەوتیت.“[c]

10 «ئێستا تەماشا بکە، یەزدان هەروەک فەرمووی، ئەم چل و پێنج ساڵە منی بە زیندوویی هێشتووەتەوە، لەو کاتەوە کە یەزدان بەم قسانە لەگەڵ موسادا دوا، کاتێک ئیسرائیل بە چۆڵەوانیدا ڕۆیشت. ئێستاش ئەوەتا تەمەنم هەشتا و پێنج ساڵە! 11 هێشتا هەتا ئەمڕۆش هێزم لەبەردا ماوە، هەروەک ئەو ڕۆژەی کە موسا منی نارد، ئەو کاتە هێزم چۆن بوو، ئێستاش هەمان هێزی هاتوچۆکردنی جەنگم هەیە. 12 ئێستاش ئەم ناوچە شاخاوییانەم بدەرێ کە یەزدان لەو ڕۆژەدا بەڵێنی پێدام، چونکە تۆ لەو ڕۆژەدا بیستت کە عەناقییەکان لەوێن و شارەکانیان گەورە و قەڵابەند بوون. بەڵکو یەزدان یارمەتیم بدات، جا دەریاندەکەم، هەروەک یەزدان فەرمووی.»

13 یەشوعیش داوای بەرەکەتی بۆ کالێبی کوڕی یەفونە کرد و حەبرۆنی بە میرات پێدا. 14 لەبەر ئەوە حەبرۆن بووە میراتی کالێبی کوڕی یەفونەی قەنیزی هەتا ئەمڕۆش، چونکە بە هەموو دڵییەوە بەدوای یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل کەوت. 15 حەبرۆنیش پێشتر ناوی قیریەت ئەربەع بوو، ئەربەعیش گەورەترین پیاو بوو لەناو عەناقییەکان.

ئینجا خاکەکە لە جەنگ پشووی دا.

بەشی یەهودا

15 بەشی هۆزی نەوەی یەهودا بە تیروپشک بەگوێرەی خێڵەکانیان لە سنووری ئەدۆمەوە بۆ چۆڵەوانی چن بەرەو باشوور درێژ بووەوە، هەتا ئەوپەڕی باشوور.

سنووری باشووریان لە کەنداوەوە دەستپێدەکات، لە کۆتایی باشووری دەریای مردووە[d] و لەوێشەوە بۆ باشووری هەورازی دووپشک دەچوو و پەڕییەوە بۆ چن لە باشووری قادێش بەرنێعەوە سەرکەوت. ئینجا بەردەوام بوو بۆ حەسرۆن و سەرکەوت بۆ ئەدار لەوێشەوە بۆ قەرقەع و بەردەوام بوو بۆ عەچمۆن و لەگەڵ دۆڵی میسر یەکیگرت و کۆتایی سنوورەکەش لەلای دەریای سپی ناوەڕاست[e] بوو. ئەمە دەبێتە سنووری باشووریان.

سنووری ڕۆژهەڵاتیش لە دەریای مردووەوە هەتا کۆتایی ڕووباری ئوردون بوو.

سنووری لای باکوور دەستپێدەکات لە کەنداوی دەریاکە لەلای کۆتایی ڕووباری ئوردون و سنوورەکە سەرکەوت بۆ بێت‌حۆگلە و لە باکووری بێت‌عەراڤا پەڕییەوە و سنوورەکە سەرکەوت بۆ بەردی بۆهەنی کوڕی ڕەئوبێن و سنوورەکە لە دۆڵی عاخۆرەوە سەرکەوت بۆ دەڤیر و بەرەو باکوور بووەوە بۆ گەلیلۆت کە بەرامبەر بە ڕێگای هەورازی ئەدومیمە کە لە باشووری دەربەندەکەیە و ئینجا سنوورەکە بەردەوام بوو بۆ ئاوەکانی کانی شەمەش و چوو بۆ کانی ڕۆگێل. ئینجا سنوورەکە بە دۆڵی بەن‌هینۆمدا بەلای باشووری بناری شاری یەبوسیدا سەرکەوت کە ئۆرشەلیمە، سنوورەکە بۆ سەر لووتکەی کێوەکە سەرکەوت کە بەرامبەر دۆڵی بەن‌هینۆمە بەلای ڕۆژئاوادا کە لە کەنار دۆڵی ڕفایمە لە باکوور. سنوورەکە لەسەر لووتکەی کێوەکەوە درێژ بووەوە بۆ سەرچاوەی ئاوەکانی نەفتۆوەح و چوو بۆ شارۆچکەکانی کێوی عەفرۆن. لەوێشەوە سنوورەکە درێژ بووەوە بۆ بەعلە کە قیریەت یەعاریمە. 10 ئینجا سنوورەکە لە بەعلەیەوە بەرەو ڕۆژئاوا درێژ بووەوە بۆ کێوی سێعیر[f] و بەردەوام بوو بۆ لای بناری کێوی یەعاریم لە باکوور کە کەسالۆنە و دابەزییە بێت‌شەمەش و پەڕییەوە بۆ تیمنا. 11 ئینجا سنوورەکە چوو بۆ لای بناری باکووری عەقرۆن و سنوورەکە درێژ بووەوە بۆ شیکارۆن و لە کێوی بەعلە پەڕییەوە و گەیشتە یەڤنئێل و کۆتایی سنوورەکەش لەلای دەریای سپی ناوەڕاست بوو.

12 سنووری ڕۆژئاواشیان دەریای سپی ناوەڕاست[g] بوو بە کەنارەکانییەوە.

ئەمە سنووری نەوەی یەهودا بوو بە چواردەوریدا بەگوێرەی خێڵەکانیان.

13 بەپێی فەرمانی یەزدان، یەشوع لەنێو نەوەی یەهودا بەشێکی دا بە کالێبی کوڕی یەفونە، ئەویش قیریەت ئەربەع بوو کە حەبرۆنە و ئەربەع باپیرە گەورەی عەناق بوو. 14 کالێبیش هەر سێ خێڵی نەوەی عەناقی لە حەبرۆن دەرکرد، شێشەی و ئەحیمەن و تەلمەی کە کوڕەکانی عەناق بوون. 15 لەوێشەوە بۆ هێرشکردنە سەر دانیشتووانی دەڤیر پێشڕەوی کرد، دەڤیر پێشتر ناوی قیریەت سێفەر بوو. 16 ئینجا کالێب گوتی: «ئەوەی پەلاماری قیریەت سێفەر بدات و بیگرێت، عەکسای کچمی دەدەمێ ببێتە ژنی.» 17 ئیتر عۆسنیێلی کوڕی قەنەزی برای کالێب قیریەت سێفەری گرت، کالێبیش عەکسای کچی دایێ بۆ ئەوەی ببێتە ژنی.

18 ئینجا لە کاتی هاتنی بۆ لای عۆسنیێل، عەکسا هانی دا بۆ ئەوەی داوای کێڵگەیەک لە باوکی بکات. کاتێک عەکسا لە گوێدرێژەکە دابەزی، کالێب لێی پرسی: «چیت بۆ بکەم؟»

19 ئەویش پێی گوت: «بەرەکەتێکم بدەرێ، لەبەر ئەوەی لە نەقەب زەویت پێداوم، سەرچاوەکانی ئاوم بدەرێ.» کالێبیش کانیاوەکانی سەروو و خوارووی پێدا.

20 ئەمە میراتی هۆزی یەهودایە بەگوێرەی خێڵەکانیان:

21 شارۆچکەکانی هۆزی نەوەی یەهودا کە لە کۆتایی باشووردا بوون لە نەقەب لەلای سنووری ئەدۆم ئەمانە بوون:

قەڤچەئێل و عێدەر و یاگور و 22 قینا و دیمۆنا و عەدعادە و 23 قەدەش و حاچۆر و یەتنان و 24 زیف و تەلەم و بەعالۆت و 25 حاچۆر حەدەتا و قەریۆت حەسرۆن کە حاچۆرە و 26 ئەمام و شەمەع و مۆلادا و 27 حەچەر گەدا و حەشمۆن و بێت‌پەلەت و 28 حەچەر شوعال و بیری شابەع و بزیۆتیە و 29 بەعلە و عییم و عەچەم و 30 ئەلتۆلەد و کەسیل و حۆرما و 31 چیقلەگ و مەدمەنا و سەنسەنا و 32 لەڤائۆت و شیلحیم و عەین و ڕیمۆن. هەموو شارۆچکەکان بیست و نۆ شارۆچکە بوون بە گوندەکانیشیانەوە.

33 لە زوورگەکانی خۆرئاوا:

ئەشتائۆل و چۆرعا و ئەشنا و 34 زانۆوەح و کانی گەنیم و تەپووەح و عێینام و 35 یەرموت و عەدولام و سۆکۆ و عەزێقا و 36 شەعەرایم و عەدیتەیم و گەدێرا یان گەدێرۆتەیم بوون، چواردە شارۆچکە بوون بە گوندەکانیانەوە.

37 چەنان و حەداشا و میگدەل گاد و 38 دیلعان و میچپا و یۆقتئێل و 39 لاخیش و بۆچقەت و عەگلۆن و 40 کەبۆن و لەحماس و کیتلیش و 41 گەدێرۆت و بێت‌داگۆن و نەعما و مەقێدا، شازدە شارۆچکە بوون بە گوندەکانیانەوە.

42 لیڤنا و عەتەر و عاشان و 43 یەفتاح و ئەشنا و نەچیڤ و 44 قەعیلا و ئەکزیڤ و مارێشا، نۆ شارۆچکە بوون بە گوندەکانیانەوە.

45 عەقرۆن لەگەڵ دانیشتووانی دەوروبەری و گوندەکانی، 46 لە عەقرۆنەوە بەرەو ڕۆژئاوا، هەموو ئەوەی نزیک ئەشدۆد و گوندەکانیەتی، 47 ئەشدۆد لەگەڵ دانیشتووانی دەوروبەری و گوندەکانی و غەزە و دانیشتووانی دەوروبەری و گوندەکانی هەتا دۆڵی میسر و دەریای سپی ناوەڕاست و کەنارەکانی.

48 لە ناوچە شاخاوییەکەش:

شامیر و یەتیر و سۆکۆ و 49 دەنا و قیریەت سەنا کە دەڤیرە و 50 عەناڤ و ئەشتەمۆ و عانیم و 51 گۆشەن و حۆلۆن و گیلۆ. یازدە شارۆچکە بوون بە گوندەکانیانەوە.

52 ئەرەڤ و دوما و ئەشعان و 53 یانیم و بێت‌تەپووەح و ئەفێقا و 54 حومتا و قیریەت ئەربەع کە حەبرۆنە و چیعۆر، نۆ شارۆچکە بوون بە گوندەکانیانەوە.

55 ماعۆن و کەرمەل و زیف و یوتا و 56 یەزرەعیل و یۆقدەعام و زانۆوەح و 57 قەین و گیڤعا و تیمنا، دە شارۆچکە بوون بە گوندەکانیانەوە.

58 حەلحول و بێت‌چوور و گەدۆر و 59 مەعەرات و بێت‌عەنۆت و ئەلتەقۆن، شەش شارۆچکە بوون بە گوندەکانیانەوە.

60 قیریەت بەعل ئەوەی قیریەت یەعاریمە و ڕەبە، دوو شارۆچکە بوون بە گوندەکانیانەوە.

61 لە چۆڵەوانیش:

بێت‌عەراڤا و میددین و سیکاکا و 62 نیڤشان و شاری خوێ و کانی گەدی، شەش شارۆچکە بوون بە گوندەکانیانەوە.

63 بەڵام نەوەی یەهودا نەیتوانی یەبوسییەکانی دانیشتووی ئۆرشەلیم دەربکەن، جا هەتا ئەمڕۆش یەبوسییەکان لە ئۆرشەلیمدا لەگەڵ نەوەی یەهودا نیشتەجێن.

لۆقا 1:57-80

لەدایکبوونی حەزرەتی یەحیا

57 ئەلیسابات کاتی منداڵبوونی هات و کوڕێکی بوو. 58 جا دراوسێ و خزمانی بیستیان یەزدان دەرگای بەزەیی فراوانی خۆی بۆ کردووەتەوە، لەگەڵی شادمان بوون.

59 لە ڕۆژی هەشتەمدا بۆ خەتەنەکردنی منداڵەکە هاتن، لەسەر ناوی باوکی ناویان لێنا زەکەریا. 60 بەڵام دایکی گوتی: «نەخێر، ناوی دەنرێت یەحیا[a]

61 پێیان گوت: «کەس لە خزمانت بەم ناوە ناونەنراوە.»

62 ئینجا ئیشارەتیان بۆ باوکی کرد، دەیەوێت چ ناوێکی لێ بنێت. 63 تەختەیەکی داوا کرد و لەسەری نووسی: «ناوی یەحیایە.» هەموو سەرسام بوون. 64 دەستبەجێ دەم و زمانی زەکەریا کرایەوە، قسەی کرد و ستایشی خودای دەکرد. 65 هەموو دراوسێکانیان ترسیان لێ نیشت و لە سەراپای ناوچە شاخاوییەکانی یەهودیا هەموو ئەم شتانە بوو بە قسە و باسی سەر زاری خەڵکی. 66 هەموو ئەوانەی ئەم باسەیان بیست لە دڵی خۆیاندا گوتیان: «ئایا ئەم منداڵە دەبێتە چی؟» چونکە دەستی یەزدانی لەگەڵ بوو.

ستایشی زەکەریا

67 زەکەریای باوکیشی پڕبوو لە ڕۆحی پیرۆز و پێشبینی کرد، گوتی:

68 «ستایش بۆ یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل،
    چونکە گەلەکەی بەسەرکردەوە و کڕییەوە[b].
69 هێزی ڕزگاریمانی هەستاندەوە،
    لە بنەماڵەی داودی بەندەی،
70 وەک چۆن لە کۆنەوە لە ڕێگەی پێغەمبەرە پیرۆزەکانییەوە دواوە،
71 بۆ ڕزگاربوون لە دەست دوژمنان و
    هەموو ناحەزانمان،
72 هەروەها بۆ بەخشینی بەزەیی بە باوباپیرانمان و
    پەیوەستبوون بە پەیمانە پیرۆزەکەی،
73 واتە ئەو سوێندەی کە بۆ ئیبراهیمی باپیرە گەورەمانی خوارد:
74 کە ئێمە لە دەست دوژمن ڕزگارمان بێت و
    بێ ترس ئەو بپەرستین،
75 هەموو ڕۆژانی ژیانمان بە پیرۆزی و ڕاستودروستی[c] لەبەردەمیدا بین.

76 «تۆش ئەی منداڵ، بە پێغەمبەری خودای هەرەبەرز ناودەبردرێیت،
    چونکە پێش یەزدان دەکەویت، تاکو ڕێگای بۆ ئامادە بکەیت،
77 تاکو بە گەلەکەی ڕابگەیەنیت
    بە لێخۆشبوونی گوناهەکانیان ڕزگاریان دەبێت،
78 بەهۆی بەزەییە بەسۆزەکەی خودامانەوە،
    کە بەهۆیەوە ڕووناکی لە بەرزاییەوە بەسەرماندا دەدرەوشێتەوە،
79 تاکو بەسەر ئەوانەی لە تاریکی و لە سێبەری مەرگدا دانیشتوون بدرەوشێتەوە،
    بۆ ئەوەی پێیەکانمان بە ڕێگای ئاشتیدا ببات.»

80 منداڵەکەش گەشەی دەکرد و لە ڕۆحدا بەهێز دەبوو، لە‏ چۆڵەوانی مایەوە هەتا ئەو ڕۆژەی کە خۆی بۆ گەلی ئیسرائیل دەرخست.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.