Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Old/New Testament

Each day includes a passage from both the Old Testament and New Testament.
Duration: 365 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
یەشوع 7-9

گوناهی عاخان

بەڵام نەوەی ئیسرائیل سەبارەت بە شتە تەرخانکراوەکان بۆ یەزدان[a] ناپاکییان کرد، عاخانی کوڕی کەرمی کوڕی زیمری کوڕی زەرەح لە هۆزی یەهودا لە شتە تەرخانکراوەکانی برد، ئیتر تووڕەیی یەزدان بەسەر نەوەی ئیسرائیلدا جۆشا.

یەشوعیش چەند پیاوێکی لە ئەریحاوە بۆ عای نارد کە لەلای بێت‌ئاڤنە لە ڕۆژهەڵاتی بێت‌ئێل و پێی گوتن: «سەربکەون و سیخوڕی لەبارەی خاکەکەوە بکەن.» پیاوەکانیش سەرکەوتن و سیخوڕی عاییان کرد.

کاتێک گەڕانەوە لای یەشوع و پێیان گوت: «با هەموو گەل سەرنەکەون، بەڵکو تەنها نزیکەی دوو هەزار یان سێ هەزار پیاو بەسەر عایدا بدەن، هەموو گەل شەکەت مەکە، چونکە ئەوان کەمن.» جا نزیکەی سێ هەزار کەس لە گەل بۆ ئەوێ سەرکەوتن، بەڵام لەبەردەم پیاوەکانی عای هەڵاتن، خەڵکی عای لێیاندان و نزیکەی سی و شەش پیاویان کوشتن و دوایان کەوتن. لەبەردەم دەروازەکەوە هەتا کانە بەردەکان، لە لێژاییەکە لێیان دان، گەل ڕەنگیان پەڕی.

یەشوعیش جلەکانی دادڕی و لەبەردەم سندوقی یەزدان بە ڕوودا کەوتە سەر زەوی و هەتا ئێوارە لەوێ مایەوە. هەروەها پیرانی نەوەی ئیسرائیل هەمان شتیان کرد و خۆڵیان بەسەر سەری خۆیاندا کرد. هەروەها یەشوع گوتی: «ئای یەزدانی باڵادەست، بۆچی ئەم گەلەت بە تەواوی لە ڕووباری ئوردون پەڕاندەوە، بۆ ئەوەی بماندەیتە دەست ئەمورییەکان و لەناومان ببەن؟ خۆزگە بەوەندە ڕازی دەبووین و لەوبەری ڕووباری ئوردون دەماینەوە. ئەی پەروەردگار، من چی بڵێم پاش ئەوەی نەوەی ئیسرائیل لەبەردەم دوژمنەکانیاندا بەزین؟ جا کەنعانییەکان و سەرجەم دانیشتووانی خاکەکە ئەمە دەبیستن و گەمارۆمان دەدەن و ناومان لەسەر ڕووی زەوی دەسڕنەوە، ئەی چی بۆ ناوی گەورەی خۆت دەکەیت؟»

10 یەزدان بە یەشوعی فەرموو: «هەستە، بۆچی ئاوا بەسەر ڕووتدا کەوتوویت؟ 11 نەوەی ئیسرائیل گوناهیان کرد و هەروەها پەیمانەکەی منیان شکاند کە فەرمانم پێکردبوون، هەندێک لە شتە تەرخانکراوەکانیان برد، دزییان کرد و درۆیان کرد و لەناو کەلوپەلەکانی خۆیاندا دایاننا. 12 بۆیە نەوەی ئیسرائیل ناتوانن بەرامبەر بە دوژمنەکانیان ڕابوەستن، پشتیان تێ دەکەن و هەڵدێن، چونکە بەرپرسیار بوون لە قڕبوونی خۆیان. ئەگەر بێتو ئەو تەرخانکراوە لەنێو خۆتاندا بنبڕ نەکەن، ئەوا لەمەودوا لەگەڵتاندا نابم.

13 «هەستە، گەل تەرخان بکە و پێیان بڵێ: ”خۆتان بۆ بەیانی تەرخان بکەن، چونکە یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: ئەی ئیسرائیل لەنێوتان تەرخانکراو هەیە، ناتوانن بەرامبەر بە دوژمنەکانتان ڕابوەستن، هەتا ئەو تەرخانکراوە لەنێو خۆتاندا دانەماڵن.

14 «”بەیانی بە هۆزەکانتانەوە وەرنە پێش و ئەو هۆزەی یەزدان نیشانی دەکات با بە خێڵەکانییەوە بێتە پێش و ئەو خێڵەی یەزدان نیشانی دەکات با بە بنەماڵەکانییەوە بێتە پێش و ئەو بنەماڵەیەی یەزدان نیشانی دەکات با بە پیاوەکانییەوە یەک لەدوای یەک بێنە پێشەوە. 15 ئەوەی بە شتە تەرخانکراوەکانەوە بگیردرێت، خۆی و هەرچی هەیەتی بە ئاگر دەسووتێنرێ، چونکە ئەو پەیمانی یەزدانی شکاندووە و کارێکی دزێوی لەناو ئیسرائیلدا ئەنجام داوە.“»

16 بۆ بەیانی یەشوع زوو لە خەو هەستا و هۆزەکانی نەوەی ئیسرائیلی یەک یەک هێنایە پێش و هۆزی یەهودا نیشان کرابوو[b]. 17 خێڵەکانی یەهودای هێنایە پێش و خێڵی زەرەحییەکان نیشان کرابوو. ئینجا خێڵی زەرەحییەکانی هێنایە پێش بە خێزانەکانیانەوە و زیمری نیشان کرابوو. 18 بەرەبابەکەی ئەویشی بە پیاوەکانییەوە هێنایە پێش و عاخانی کوڕی کەرمی کوڕی زیمری کوڕی زەرەح نیشان کرابوو کە سەر بە هۆزی یەهودایە.

19 ئینجا یەشوع بە عاخانی گوت: «تکایە کوڕی خۆم، یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل شکۆدار بکە و دانی پێدا بنێ و پێم بڵێ چیت کردووە؟ لێمی مەشارەوە.»

20 عاخانیش وەڵامی یەشوعی دایەوە و گوتی: «بەڕاستی من بەرامبەر بە یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل گوناهم کردووە و ئاوام کردووە، 21 لەنێو تاڵانکردنەکەدا کەوایەکی بابلی گرانبەها و دوو سەد شاقل زیو[c] و قاڵبە زێڕێکم بینی کە کێشەکەی پەنجا شاقل دەبوو، ئارەزووم کرد و بردم. ئەوەتا لەژێر زەوی لەناوەڕاستی چادرەکەمدا شاردومەتەوە و زیوەکەش لە ژێرەوەیە.»

22 جا یەشوع چەند کەسێکی نارد و ڕایانکرد بۆ چادرەکە و بینییان ئەوەتا لەناو چادرەکەدا شاردراونەتەوە و زیوەکەش لە ژێریانەوەیە. 23 ئەوانیش شتەکانیان لە ناوەڕاست چادرەکە هەڵگرت و بۆ یەشوع و هەموو نەوەی ئیسرائیلیان هێنا و لەبەردەم یەزدان دایاننا.

24 ئینجا یەشوع عاخانی کوڕی زەرەحی لەگەڵ زیوەکە و کەواکە و قاڵبە زێڕەکە و کوڕەکانی و کچەکانی و گا و گوێدرێژ و مەڕەکانی و چادرەکەی و هەموو ئەو شتانەی هی ئەو بوون، هەموو نەوەی ئیسرائیلیشی لەگەڵ بوو، بردیانن و سەریان خستن بۆ دۆڵی عاخۆر. 25 ئینجا یەشوع گوتی: «چۆن لێت تێکداین، یەزدانیش ئەمڕۆ ئاوا لێت تێکبدات.»

ئینجا هەموو نەوەی ئیسرائیل ئەویان بەردباران کرد و ئەوانەی دیکەیان بەردباران کرد و سووتاندیانن، 26 کۆمەڵە بەردێکی گەورەیان لەسەر عاخان کەڵەکە کرد کە هەتا ئەمڕۆش لەوێیە. ئینجا جۆشی تووڕەییەکەی یەزدان دامرکایەوە، بۆیە ئەو شوێنەش هەتا ئەمڕۆ بە دۆڵی عاخۆر[d] ناودەبردرێت.

وێرانکردنی شاری عای

ئینجا یەزدان بە یەشوعی فەرموو: «مەترسە و ورە بەرمەدە. هەموو جەنگاوەرەکان لەگەڵ خۆت ببە و هەستە سەربکەوە بۆ عای، ببینە من پاشاکەی و گەلەکەی و شارەکەی و خاکەکەیم داوەتە دەست تۆ. ئەوەی بە ئەریحا و پاشاکەیت کرد، بە عای و پاشاکەی بکە، بەڵام دەستکەوتەکان و ئاژەڵە ماڵییەکانی بۆ خۆتان تاڵان بکەن. لە پشتییەوە بۆسەیەک بۆ شارەکە بنێوە.»

جا یەشوع و هەموو جەنگاوەرەکانی سوپا هەستان بۆ ئەوەی بەسەر عایدا بدەن، یەشوع سی هەزار جەنگاوەری قارەمانی هەڵبژارد و بە شەو ناردنی، فەرمانی پێ کردن و گوتی: «وریابن، ئێوە لە پشتەوە بۆسە بۆ شارەکە دەنێنەوە و زۆر لە شارەکە دوور مەکەونەوە و هەمووتان لە ئامادەباشیدا بن. منیش لەگەڵ هەموو ئەم گەلە لە شارەکە نزیک دەبینەوە و ئیتر کە ئەوان دێنە دەرەوە بۆمان، ئێمە وەک یەکەم جار لەبەردەمیاندا هەڵدێین و ئەوان بەدوامان دەکەون هەتا لە شارەکە دووریان دەخەینەوە، چونکە دەڵێن: ”ئەوەتا وەک یەکەم جار لەبەردەممان هەڵدێن،“ جا لەبەردەمیان هەڵدێین. ئێوەش لە بۆسەکەوە دێنە دەرەوە و دەست بەسەر شارەکەدا دەگرن و یەزدانی پەروەردگارتان دەیدات بە دەستتانەوە. کاتێک شارەکە دەگرن، ئاگری تێبەر دەدەن، ئەوە بکەن وەک یەزدان فەرمانی پێ کردوون، سەیر بکەن ئەوە فەرمانی منە بۆ ئێوە.»

ئینجا یەشوع ناردنی و ئەوانیش بۆ شوێنی بۆسەکە ڕۆیشتن و لەنێوان بێت‌ئێل و عای، لە ڕۆژئاوای عای مانەوە. ئەو شەوە یەشوع لەناوەڕاستی گەل مایەوە.

10 بۆ بەیانی یەشوع زوو لە خەو هەستا و گەلەکەی کۆکردەوە و خۆی و پیرانی ئیسرائیل لەپێش گەلەوە سەرکەوتن بۆ عای. 11 هەروەها هەموو ئەو لەشکرەی لەگەڵیدا بوون سەرکەوتن و چوونە پێشەوە و هاتنە بەرامبەر شارەکە، لە باکووری عای چادریان هەڵدا و دۆڵەکە لەنێوان ئەوان و عای بوو. 12 یەشوع نزیکەی پێنج هەزار پیاوی نارد و لەنێوان بێت‌ئێل و عای، لە ڕۆژئاوای عای لە بۆسەدا داینان. 13 ئیتر گەل، واتە هەموو لەشکرەکە کە لە باکووری شارەکە بوو لەگەڵ ئەوانەی کە لە بۆسەکەی ڕۆژئاوای شارەکە بوون، جێگیر بوون، یەشوعیش ئەو شەوە چووە ناوەڕاستی دۆڵەکە.

14 کاتێک پاشای عای ئەمەی بینی، خۆی و پیاوانی شارەکە بەیانی زوو بە پەلە هاتنە دەرەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئیسرائیل لە بەرزاییەک کە دەیڕوانییە «عەراڤا[e]»، بەڵام پاشا نەیدەزانی کە لە پشت شارەکەوە بۆسەیەکی بۆ نراوەتەوە. 15 یەشوع لەگەڵ هەموو ئیسرائیل وایان پیشان دا کە شکستیان خواردوو و بە ڕێگای چۆڵەوانیدا هەڵاتن. 16 لەنێو هەموو خەڵکی شاری عای بانگەواز بڵاو بووەوە کە دوایان بکەون، ئەوانیش دوای یەشوع کەوتن و لە شارەکە دوورکەوتنەوە. 17 یەک پیاو لە عای یان لە بێت‌ئێل نەما کە بەدوای ئیسرائیل نەکەوتبێت. شارەکەیان بە کراوەیی بەجێهێشت و بەدوای ئیسرائیل کەوتن.

18 ئینجا یەزدان بە یەشوعی فەرموو: «ڕمەکەی دەستت ڕووەو عای بگرە، چونکە من دەیدەمە دەستتەوە.» یەشوعیش ئەو ڕمەی بە دەستیەوە بوو ڕووەو شارەکەی کرد. 19 کاتێک دەستی درێژکرد ئەوانەی لە بۆسەکە بوون بە پەلە لە جێی خۆیان هەستان و ڕایانکرد و چوونە ناو شارەکەوە و گرتیان و بە پەلە سووتاندیان.

20 پیاوەکانی عای ئاوڕیان دایەوە و تەماشایان کرد وا دووکەڵی شارەکە بۆ ئاسمان بەرز بووەتەوە و هیچ جێیەکیش نییە بۆی هەڵبێن، نە بەملا و نە بەولا، ئیسرائیلییەکانیش کە بۆ چۆڵەوانی ڕایاندەکرد بەسەر ڕاونەرەکاندا هەڵگەڕانەوە. 21 جا کە یەشوع و هەموو ئیسرائیل بینییان بۆسەکە شارەکەی گرتووە و دووکەڵی شارەکە بەرز بووەتەوە، گەڕانەوە و لە پیاوەکانی عاییان دا. 22 جەنگاوەران لەناو بۆسەکەش لە شارەکەوە بۆ پەلاماردانیان هاتنە دەرەوە و پیاوەکانی عای کەوتنە نێوان ئیسرائیلییەکان. ئەمان لەم لاوە و ئەوان لەولاوە، ئینجا لێیان دان تاکو کەسیان لێ نەما هەڵبێت و دەرباز بێت. 23 بەڵام پاشای عاییان بە زیندوویی دەستگیر کرد و بردیانە بەردەم یەشوع.

24 پاش ئەوەی ئیسرائیل لە کوشتنی هەموو پیاوەکانی عای بوونەوە کە لە کێڵگە و چۆڵەوانیدا دوایان کەوتبوون هەتا قڕیان بکەن، هەموو ئیسرائیلییەکان گەڕانەوە ناو شار و هەموو ئەو دانیشتووانانەیان بە شمشێر کوشت کە لەوێ مابوونەوە. 25 سەرجەم دانیشتووانی عای، هەموو ئەوانەی لەو ڕۆژەدا کەوتن لە پیاو و لە ژن، دوازدە هەزار کەس بوون. 26 یەشوعیش ئەو دەستەی کە ڕمەکەی پێ درێژکردبوو نەیگەڕاندەوە دواوە هەتا سەرجەم دانیشتووانی عای قڕ بوون[f]. 27 بەڵام نەوەی ئیسرائیل ئاژەڵی ماڵی و دەستکەوتی ئەو شارەیان بۆ خۆیان تاڵان کرد، بەگوێرەی فەرمایشتی یەزدان کە فەرمانی بە یەشوع کردبوو.

28 ئینجا یەشوع عایی سووتاند[g] و کردییە گردێکی وێرانی هەتاهەتایی، هەتا ئەمڕۆش هەروا ماوەتەوە. 29 هەروەها لاشەی پاشای عایی هەتا ئێوارە لەسەر دار هەڵواسی، لە کاتی ئاوابوونی خۆر یەشوع فەرمانی دا و لاشەکەیان هێنا خوارەوە و لەبەردەم دەروازەی شارەکە فڕێیان دا و کۆمەڵە بەردێکی گەورەیان لەسەر کەڵەکە کرد کە هەتا ئەمڕۆ ماوەتەوە.

تازەکردنەوەی پەیمانەکە لە کێوی عێبال

30 ئینجا یەشوع قوربانگایەکی بۆ یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل لە کێوی عێبال بنیاد نا. 31 هەروەک موسای بەندەی یەزدان فەرمانی بە نەوەی ئیسرائیل کردبوو، بەپێی ئەوەی لە پەڕتووکی تەوراتی موسادا نووسراوە، قوربانگایەک لە بەردی نەتاشراو، کە ئامێری ئاسنی بەسەردا بەرز نەکرابووەوە، قوربانی سووتاندنیان بۆ یەزدان سەرخستە سەری و قوربانی هاوبەشییان[h] سەربڕی. 32 لەوێ یەشوع لەبەرچاوی نەوەی ئیسرائیل وێنەیەکی لەو فێرکردنە نووسییەوە کە موسا نووسیبووی. 33 هەموو ئیسرائیلیش نامۆ و هاوڵاتی وەک یەک، لەگەڵ پیر و کوێخا و دادوەریان لەتەنیشت سندوقەکەوە، لەم لا و ئەو لاوە بەرامبەر بە کاهینە لێڤییەکان هەڵگرانی سندوقی پەیمانی یەزدان وەستان، نیوەیان بەلای کێوی گەریزیم و نیوەکەی دیکەیان بەلای کێوی عێبال، وەک چۆن لەوەو پێش موسای بەندەی یەزدان فەرمانی دابوو، کاتێک فەرمانی دا بۆ داواکردنی بەرەکەت بۆ گەلی ئیسرائیل.

34 پاشان هەموو وشەکانی ئەو فێرکردنەی خوێندەوە، بەرەکەت و نەفرەت، بەگوێرەی هەموو ئەوەی لە پەڕتووکی تەوراتدا نووسرابوو. 35 وشەیەک نەبوو لە هەموو ئەو شتانەی کە موسا فەرمانی پێ کردبوو، کە یەشوع نەیخوێنێتەوە، لەبەردەم هەموو کۆمەڵی ئیسرائیلدا بە ئافرەت و منداڵ و ئەو نامۆیانەش کە لەنێویاندا بوو.

گبعۆنییەکان یەشوع فریودەدەن

ئینجا کاتێک هەموو ئەو پاشایانەی لە بەری ڕۆژئاوای ڕووباری ئوردونن، لە ناوچە شاخاوییەکان و زوورگەکانی[i] ڕۆژئاوای و لە هەموو کەنارەکانی دەریای سپی ناوەڕاست[j] تاکو لوبنان، حیتی و ئەموری و کەنعانی و پریزی و حیڤی و یەبوسییەکان ئەوەیان بیستەوە، بە یەک دەنگ پێکەوە کۆبوونەوە بۆ جەنگ لە دژی یەشوع و ئیسرائیل.

بەڵام دانیشتووانی گبعۆن کە بیستیانەوە یەشوع چی بە ئەریحا و عای کردووە، بە زۆرزانییەوە کاریان کرد و چوون وەک شاندێک[k] خۆیان پیشان دا، گوێدرێژەکانیان لە جەواڵە کۆن و مەشکە شەرابی کۆن و دڕاو و بەستراو بارکرد، پێڵاوی دڕاو و پینەکراویان لەپێکرد و جلی شڕیان لەبەرکرد، هەموو نانی ئازووقەکەیان وشک و کەڕووی هەڵهێنابوو. ئینجا بەرەو لای یەشوع چوون بۆ ئۆردوگاکە کە لە گلگال بوو، بە یەشوع و پیاوانی ئیسرائیلیان گوت: «لە وڵاتێکی دوورەوە هاتووین و ئێستا پەیمانمان لەگەڵدا ببەستن.»

پیاوانی ئیسرائیلیش بە حیڤییەکانیان گوت: «لەوانەیە ئێوە دانیشتووانی ئەم ناوچەیە بن، ئیتر چۆن پەیمانتان لەگەڵدا ببەستین؟»

ئەوانیش بە یەشوعیان گوت: «ئێمە خزمەتکاری تۆین.»

یەشوعیش لێی پرسین: «ئێوە کێن و لەکوێوە هاتوون؟»

ئەوانیش وەڵامیان دایەوە: «خزمەتکارەکانت لە وڵاتێکی زۆر دوورەوە هاتوون، لەبەر ناوی یەزدانی پەروەردگارت، چونکە ئێمە گوێمان لە هەواڵی یەزدانی پەروەردگارت بوو و لە بارەی هەموو ئەو کارانەی کە بەسەر میسری هێنا، 10 هەموو ئەوەی بە دوو پاشای ئەمورییەکانی کرد، ئەوانەی لەوبەری ڕووباری ئوردون لەلای ڕۆژهەڵات بوون، سیحۆنی پاشای حەشبۆن و عۆگی پاشای باشان ئەوەی لە عەشتارۆت بوو. 11 جا پیرانمان و هەموو دانیشتووانی خاکەکەمان قسەیان لەگەڵ کردین و گوتیان: ”ئازووقەی ڕێگا لەگەڵ خۆتان ببەن و بڕۆن بۆ بینینیان، پێیان بڵێن: ئێمە خزمەتکاری ئێوەین و ئێستاش پەیمانمان لەگەڵدا ببەستن.“ 12 ئەو ڕۆژەی کە بەڕێکەوتین بۆ ئەوەی بێین بۆ لای ئێوە، لە ماڵەوە نانەکەمان بە گەرمی هێنا، بەڵام تەماشا بکە، ئێستا وشکە و کەڕووی هەڵهێناوە. 13 ئەمەش مەشکەی شەرابەکانمانە کە بە نوێتی پڕمان کردن و وا دڕاون، ئەمەش جلوبەرگ و پێڵاوەکانمانە کە لەبەر دووری ڕێگاکە کۆن بوون.»

14 جا پیاوانی ئیسرائیل لە ئازووقەکەیان وەرگرت[l]، بەڵام پرسیان بە یەزدان نەکرد. 15 یەشوعیش پەیمانی ئاشتی لەگەڵیاندا بەست کە بە زیندوویی بیانهێڵێتەوە، ڕابەرەکانی گەلیش سوێندیان بۆ خواردن.

16 پاش تێپەڕبوونی سێ ڕۆژ بەسەر پەیمانەکەدا، بیستیانەوە کە گبعۆنییەکان لێیان نزیکن و دانیشتووی ئەو ناوچەیەن. 17 جا نەوەی ئیسرائیل بەڕێکەوتن و لە ڕۆژی سێیەمدا هاتنە شارەکانیان، ئەمانە شارەکانیان بوون: گبعۆن، کەفیرا، بئێرۆت و قیریەت یەعاریم. 18 نەوەی ئیسرائیلیش لێیان نەدان، چونکە ڕابەرەکانی گەل سوێندیان بە یەزدانی خودای ئیسرائیل بۆ خواردبوون.

لەبەر ئەوە هەموو گەل بۆڵەبۆڵیان لە دژی ڕابەرەکان کرد، 19 جا هەموو ڕابەرەکان بە هەموو گەلیان گوت: «ئێمە بە یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل سوێندمان بۆ خواردن و ئێستاش ناتوانین دەستیان لێ بدەین، 20 ئەمەیان بۆ دەکەین و بە زیندوویی دەیانهێڵینەوە، بۆ ئەوەی تووڕەیی بەسەرماندا نەبارێت، بەهۆی ئەو سوێندەی کە بۆمان خواردوون.» 21 هەروەها ڕابەرەکان پێیان گوتن: «بە زیندوویی دەمێننەوە و بۆ هەموو گەل دەبن بە داربڕ و ئاوکێش.» بەم شێوەیە ڕابەرەکان بەڵێنیان پێدابوون.

22 ئینجا یەشوع گبعۆنییەکانی بانگکرد و پێی گوتن: «بۆچی فریوتان داین و گوتتان: ”ئێمە زۆر لە ئێوەوە دوورین،“ ئێوە وا دانیشتووانی ئەم ناوەن؟ 23 ئێستا ئێوە نەفرەت لێکراون، کۆیلە و داربڕ و ئاوکێشتان لێ نابڕێت بۆ ماڵی خودام.»

24 ئەوانیش وەڵامی یەشوعیان دایەوە گوتیان: «خزمەتکارەکانت هەموو ئەو هەواڵەیان بیستووەتەوە کە یەزدانی پەروەردگارت فەرمانی بە موسای بەندەی کردبوو کە هەموو خاکەکەتان بداتێ و هەموو دانیشتووانی خاکەکەش لەبەردەمتان لەناو ببات. ئێمەش لەبەر گیانی خۆمان زۆر لە ئێوە ترساین و ئەم کارەمان کرد، 25 ئێستاش ئەوەتا لەبەردەستی ئێوەداین و چی بە باش و ڕاست دەزانیت ئەوەمان لەگەڵدا بکە.»

26 یەشوعیش ئاوای لێکردن و لە دەست نەوەی ئیسرائیل ڕزگاری کردن و نەیانکوشتن. 27 لەو ڕۆژەشدا یەشوع گبعۆنییەکانی کردە داربڕ و ئاوکێش بۆ کۆمەڵ و بۆ قوربانگای یەزدان، هەتا ئەمڕۆش ئەوە کاریانە لەو شوێنەی یەزدان هەڵیدەبژێرێت.

لۆقا 1:21-38

21 خەڵکەکە چاوەڕوانی زەکەریایان دەکرد و سەرسام ببوون لە دواکەوتنی لەناو پەرستگادا. 22 کاتێک هاتە دەرەوە نەیتوانی لەگەڵیان بدوێت، جا زانییان کە لە پەرستگادا بینینێکی بۆ ئاشکرا کراوە، چونکە بە ئیشارەت لەگەڵیان دەدوا و بە لاڵی مایەوە.

23 کاتێک ڕۆژانی خزمەتکردنەکەی تەواوبوو، گەڕایەوە ماڵ. 24 دوای ئەو ڕۆژانە، ئەلیساباتی ژنی سکی پڕبوو، پێنج مانگ خۆی شاردەوە و دەیگوت: 25 «یەزدان ئەمەی بۆ کردم، لەم ڕۆژانەدا چاکەی خۆی نیشان دا و ئابڕووی منی لەنێو خەڵکدا کڕییەوە.»

مژدەی لەدایکبوونی عیسا

26 کاتێک ئەلیسابات سکی شەش مانگ‏‏ بوو، خودا جبرائیلی فریشتەی نارد بۆ شارێک لە ناوچەی جەلیل کە ناوی ناسیرە بوو، 27 بۆ لای پاکیزەیەکی مارەبڕاو لە پیاوێک لە بنەماڵەی داود کە ناوی یوسف بوو، ناوی پاکیزەکەش مریەم بوو. 28 جبرائیل هاتە لای مریەم و گوتی: «سڵاو، ئەی ئەو کەسەی نیعمەتی خودات بەسەردا ڕژاوە، یەزدانت لەگەڵدایە.»

29 بەڵام ئەو بە پەیامەکە زۆر شێوا و بیری کردەوە، دەبێت ئەمە چ جۆرە سڵاوێک بێت. 30 فریشتەکە پێی گوت: «مەترسە مریەم، چونکە لەلای خودا ڕەزامەندیت بەدەستهێنا. 31 ئەوەتا سکت دەبێت و کوڕێکت دەبێت ناوی لێ دەنێیت عیسا. 32 پایەبەرز دەبێت و بە کوڕی خودای هەرەبەرز ناودەبردرێت، خودای پەروەردگاریش تەختی داودی باوکی پێدەداتەوە. 33 هەتاهەتایە حوکمڕانی نەوەی یاقوب دەکات، شانشینەکەشی کۆتایی نایەت.»

34 بەڵام مریەم بە فریشتەکەی گوت: «ئەمە چۆن دەبێت، کە من هێشتا پاکیزەم؟»

35 فریشتەکە وەڵامی دایەوە: «ڕۆحی پیرۆز دێتە سەرت و هێزی خودای هەرەبەرز دەبێتە سایەی سەرت. لەبەر ئەوە ئەو پیرۆزەی لێت دەبێت بە کوڕی خودا ناودەبردرێت. 36 ئەوەتا ئەلیساباتی خزمیشت بەو پیرییە سکی پڕە بە کوڕێک. ئەوەی پێیان دەگوت نەزۆک سکی شەش مانگە، 37 چونکە هیچ شتێک لەلای خودا مەحاڵ نییە.»

38 مریەم گوتی: «ئەوەتا من کارەکەری یەزدانم. ئەوەی تۆ دەیفەرموویت با بێتە دی.» فریشتەکەش بەجێی هێشت.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.