Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Old/New Testament

Each day includes a passage from both the Old Testament and New Testament.
Duration: 365 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
یەشوع 4-6

کاتێک هەموو نەتەوەکە لە ڕووباری ئوردون تەواو پەڕینەوە، یەزدان بە یەشوعی فەرموو: «دوازدە پیاو لە گەل بۆ خۆتان هەڵبژێرن، لە هەر هۆزە و پیاوێک، فەرمانیان پێ بکەن و پێیان بڵێن: ”لێرە لەناوەڕاستی ڕووباری ئوردونەوە، لە شوێن پێی کاهینەکان کە تێیدا جێگیر بوون، دوازدە بەرد هەڵبگرن و لەگەڵ خۆتان بیانپەڕێننەوە و لەو شوێنەدا دایانبنێن کە ئەمشەو تێیدا دەمێننەوە.“»

ئینجا یەشوع ئەو دوازدە پیاوەی بانگکرد کە لە نەوەی ئیسرائیل هەڵیبژاردبوون، لە هەر هۆزە و پیاوێک، یەشوع پێی گوتن: «لەبەردەم سندوقی یەزدانی پەروەردگارتانەوە تێپەڕ بن بۆ ناوەڕاستی ڕووباری ئوردون و بەگوێرەی ژمارەی هۆزەکانی نەوەی ئیسرائیل هەریەک لە ئێوە بەردێک بەرز بکاتەوە بۆ سەر شانی، بۆ ئەوەی ئەمە ببێتە نیشانەیەک لەنێوتان. ئەگەر سبەینێ منداڵەکانتان لێتان بپرسن: ”ئەم بەردانە چ واتایەکی هەیە؟“ ئێوەش پێیان دەڵێن: ”ئاوی ڕووباری ئوردون لەبەردەم سندوقی پەیمانی یەزدان وەستا. کاتێک لە ڕووباری ئوردون پەڕینەوە، ئاوی ئوردون ڕاوەستا، جا ئەم بەردانە دەبنە یادگاری بۆ نەوەی ئیسرائیل بۆ هەتاهەتایە.“»

نەوەی ئیسرائیلیش ئاوایان کرد، هەروەک یەشوع فەرمانی پێ کردن، دوازدە بەردیان لەناوەڕاستی ڕووباری ئوردونەوە هەڵگرت، هەروەک یەزدان بە یەشوعی فەرموو، بەپێی ژمارەی هۆزەکانی نەوەی ئیسرائیل و لەگەڵ خۆیاندا پەڕاندیانەوە بۆ ئەو شوێنەی چادریان تێیدا هەڵدا و لەوێ دایاننان. یەشوعیش دوازدە بەردەکەی ناو ڕووباری ئوردون کە لە شوێن پێی کاهینەکانی هەڵگری سندوقی پەیمان بوون ڕاگیری کرد و هەتا ئەمڕۆش لەو شوێنەدان.

10 کاهینەکانی هەڵگرانی سندوقەکە لەناوەڕاستی ڕووباری ئوردوندا وەستان هەتا هەموو ئەو شتانەی یەزدان فەرمانی بە یەشوع کردبوو بە گەلی بڵێت بەگوێرەی هەموو ئەوەی موسا فەرمانی بە یەشوع کردبوو تەواو بوو. گەل پەلەیان کرد و پەڕینەوە. 11 کاتێک هەموو گەل تەواو پەڕینەوە، سندوقی یەزدان و کاهینەکانیش بە بەردەم گەلدا پەڕینەوە. 12 نەوەی ڕەئوبێن و نەوەی گاد و نیوەی هۆزی مەنەشەش بە چەکەوە لەبەردەم نەوەی ئیسرائیل پەڕینەوە، هەروەک موسا پێی گوتبوون[a]. 13 نزیکەی چل هەزار چەکدار بۆ شەڕکردن لەبەردەم یەزدان پەڕینەوە بۆ جەنگ بەرەو دەشتەکانی ئەریحا.

14 لەو ڕۆژە یەزدان لەبەرچاوی هەموو ئیسرائیل یەشوعی بەرز ڕاگرت، ئەوانیش بە درێژایی ژیانی یەشوع ڕێزێکی تایبەتیان بۆی هەبوو، هەروەک چۆن ڕێزیان لە موسا گرتبوو.

15 هەروەها یەزدان بە یەشوعی فەرموو: 16 «فەرمان بە کاهینەکانی هەڵگرانی سندوقی پەیمانی بکە با لە ڕووباری ئوردونەوە سەربکەون.»

17 یەشوعیش فەرمانی بە کاهینەکان کرد و گوتی: «لە ڕووباری ئوردونەوە سەربکەون.»

18 ئەوە بوو لەگەڵ سەرکەوتنی کاهینەکانی هەڵگری سندوقی پەیمانی یەزدان لەناوەڕاستی ڕووباری ئوردونەوە، بن پێی کاهینەکان کەوتە سەر وشکانی، ئاوی ڕووباری ئوردون گەڕایەوە شوێنی خۆی و وەک پێشتر بووەوە بە لافاو.

19 گەلیش لە دەیەم ڕۆژی مانگی یەکدا لە ڕووباری ئوردونەوە سەرکەوتن و لە گلگال لە سنووری ڕۆژهەڵاتی ئەریحا چادریان هەڵدا. 20 ئەو دوازدە بەردەش کە لە ڕووباری ئوردونەوە هێنابوویان، یەشوع لە گلگال کەڵەکەی کردن و 21 بە نەوەی ئیسرائیلی گوت: «ئەگەر سبەینێ نەوەکانتان لە باوباپیرانی خۆیانیان پرسی: ”ئەم بەردانە چین؟“ 22 پێیان بناسێنن و پێیان بڵێن: ”نەوەی ئیسرائیل بەسەر وشکانی لەم ڕووباری ئوردونە پەڕینەوە.“ 23 چونکە یەزدانی پەروەردگارتان ئاوی ڕووباری ئوردونی لەبەردەمیاندا وشک کرد هەتا پەڕینەوە، هەروەک ئەوەی بە دەریای سووری کرد کە لەبەردەمماندا وشکی کرد هەتا ئێمە پەڕینەوە. 24 ئەمەی کرد هەتا هەموو گەلانی خاکەکە بزانن کە دەستی یەزدان بەهێزە، تاوەکو هەتاهەتایە لە یەزدانی پەروەردگارتان بترسن.»

خەتەنەکردن لە گلگال

کاتێک هەموو پاشاکانی ئەمورییەکان ئەوانەی لەبەری ڕۆژئاوای ڕووباری ئوردون بوون و هەموو پاشاکانی کەنعانییەکان ئەوانەی لەسەر کەناری دەریا بوون بیستیان کە یەزدان ئاوی ڕووباری ئوردونی لەبەردەم نەوەی ئیسرائیل وشک کردووە هەتا دوای پەڕینەوەیان، ئیتر دڵیان تۆقی و ورەیان تێدا نەما بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی نەوەی ئیسرائیل.

لەو کاتەدا یەزدان بە یەشوعی فەرموو: «چەند چەقۆیەک لە بەردەئەستێ بۆ خۆت دروستبکە و جارێکی دیکە نەوەی ئیسرائیل خەتەنە[b] بکەرەوە.» جا یەشوع چەند چەقۆیەکی لە بەردەئەستێ دروستکرد و نەوەی ئیسرائیلی لە گردی هاعەرالۆت[c] خەتەنە کرد.

ئەمەش هۆی خەتەنەکردنەکەیان بوو لەلایەن یەشوعەوە، هەموو ئەو گەلەی کە لە میسر هاتبوونە دەرەوە، ئەو نێرینانەی کە پیاوی جەنگ بوون، ماوەیەک لەدوای ڕۆیشتنیان لە میسر لە ڕێگا لە چۆڵەوانی مردن. هەموو ئەو گەلەی کە لە میسرەوە کۆچیان کرد خەتەنە کرابوون، بەڵام هەموو ئەو گەلەی لە کاتی کۆچیان لە میسرەوە لە ڕێگا لە چۆڵەوانیدا لەدایک بوون خەتەنە نەکرابوون. نەوەی ئیسرائیل چل ساڵ بە چۆڵەوانیدا ڕۆیشتن، هەتا هەموو ئەو گەلە، هەموو پیاوانی جەنگ، ئەوانەی لە میسر هاتبوونە دەرەوە کۆتاییان پێهات، چونکە گوێڕایەڵی یەزدان نەبوون. یەزدان سوێندی بۆ خواردن کە ئەو خاکەیان پیشان نەدات کە سوێندی بۆ باوباپیرانیان خوارد کە دەیداتە ئێمە، ئەو خاکەی شیر و هەنگوینی لێ دەڕژێت. بۆیە کوڕەکانیانی لە جێی ئەوان پێگەیاند، هەروەها یەشوع ئەوانی خەتەنە کرد، چونکە خەتەنە نەکرابوون، لەبەر ئەوەی لە ڕێگادا خەتەنەیان نەکردبوون. پاش ئەوەی هەموو گەل لە خەتەنەکردن بوونەوە، لە جێی خۆیان لە ئۆردوگاکە مانەوە هەتا برینەکەیان ساڕێژ بوو.

ئینجا یەزدان بە یەشوعی فەرموو: «ئەمڕۆ ڕیسوایی میسرم لێتان گلۆرکردەوە.» بۆیە ئەو شوێنە هەتا ئەمڕۆش بە گلگال[d] ناودەبردرێت. 10 نەوەی ئیسرائیل لە گلگال چادریان هەڵدا و لە ئێوارەی ڕۆژی چواردەی مانگ لە دەشتی ئەریحا جەژنی پەسخەیان گێڕا. 11 بۆ ڕۆژی پاش جەژنی پەسخە، لە هەمان ڕۆژ، لە بەروبوومی خاک نانی فەتیرە و دانەوێڵەی برژاویان خوارد. 12 هەروەها لەو ڕۆژەدا مەن بڕایەوە کاتێک لە بەری خاکەکەیان خوارد، ئیتر لەدوای ئەوە مەن بۆ نەوەی ئیسرائیل نەبوو، بەڵام ئەو ساڵە لە بەری زەوی کەنعانیان خوارد.

کەوتنی شاری ئەریحا

13 ئەوە بوو کاتێک یەشوع لە نزیک ئەریحا بوو، سەری هەڵبڕی و بینی وا پیاوێک بەرامبەری ڕاوەستاوە و شمشێرەکەشی هەڵکێشاوە. یەشوعیش چووە لای و پێی گوت: «ئایا تۆ لەگەڵ ئێمە دایت یان لەگەڵ دوژمنەکانمان؟»

14 ئەویش گوتی: «هیچیان، چونکە ئێستا من وەک فەرماندەی گشتی سوپای یەزدان هاتووم.» جا یەشوع بە ڕوودا بەسەر زەوی کەوت و کڕنۆشی برد و گوتی: «پەیامی گەورەکەم چییە بۆ خزمەتکاری خۆی؟»

15 فەرماندەی گشتی سوپای یەزدانیش بە یەشوعی فەرموو: «پێڵاوەکانت لە پێت دابکەنە، چونکە ئەو شوێنەی تۆ لەسەری وەستاویت پیرۆزە.» یەشوعیش بەم جۆرەی کرد.

ئەریحاش بەهۆی نەوەی ئیسرائیلەوە بە تەواوی داخرابوو، نە کەس دەچووە دەرەوە و نە کەسیش دەهاتە ژوورەوە.

جا یەزدان بە یەشوعی فەرموو: «بڕوانە من ئەریحا و پاشاکەی و پاڵەوانە شەڕکەرەکانی ئەوم داوەتە دەست تۆ. ئێوەش هەموو جەنگاوەرەکان بۆ ماوەی شەش ڕۆژ، ڕۆژی جارێک بە چواردەوری شارەکەدا دەسووڕێنەوە. حەوت کاهین حەوت کەڕەنای قۆچە بەران لەبەردەم سندوقەکەدا هەڵدەگرن و لە ڕۆژی حەوتەم حەوت جار بە چواردەوری شارەکەدا دەسووڕێنەوە و کاهینەکان کەڕەناکان لێدەدەن. کاتێک گوێتان لە دەنگی کەڕەناکان دەبێت، لەگەڵ درێژبوونەوەی فووکردن بە قۆچە بەرانەکاندا، هەموو گەل بە یەک دەنگ هاوارێکی بەرز دەکەن؛ ئیتر شوورای شارەکە دەڕمێت و هەموو گەل هەریەکە و لەلای خۆیەوە بەسەریدا دەدەن.»

جا یەشوعی کوڕی نون کاهینەکانی بانگکرد و پێی گوتن: «سندوقی پەیمان هەڵبگرن و با حەوت کاهینیش حەوت کەڕەنای قۆچە بەران لەپێش سندوقی یەزدان هەڵبگرن.» ئینجا بە گەلی گوت: «پێش بکەون و بە چواردەوری شارەکەدا بسووڕێنەوە، با ئەوەی چەک بە دەستە لەپێش سندوقی یەزدانەوە بڕوات.»

هەروەک چۆن یەشوع فەرمانی بە گەل کرد، حەوت کاهینەکەی هەڵگرانی حەوت کەڕەنا قۆچە بەرانەکان، لەبەردەم یەزدانەوە بە کەڕەنا لێدانەوە بەرەو پێش چوون و سندوقی پەیمانیش لە دوایانەوە دەڕۆیشت. هەموو چەک بەدەستەکانیش لەپێش کاهینە کەڕەنا لێدەرەکان دەڕۆیشتن، لەپاشەوە پاسەوانەکانیش لەدوای سندوقەکەوە دەڕۆیشتن. بەردەوام کەڕەنا دەنگی دەهات. 10 بەڵام یەشوع فەرمانی بە گەل کردبوو و پێی گوتبوون: «هاوار مەکەن و دەنگتان نەبیسترێت و یەک وشە لە دەمتان نەیەتە دەرەوە، هەتا ئەو ڕۆژەی پێتان دەڵێم هاوار بکەن، جا هاوار دەکەن!» 11 لەبەر ئەمە سندوقی یەزدان یەک جار بە چواردەوری شارەکەدا سووڕایەوە و پاشان هاتنەوە بۆ ناو ئۆردوگاکە و لە ئۆردوگاکە مانەوە.

12 بەیانی زوو یەشوع لە خەو هەستا و کاهینەکانیش سندوقی یەزدانیان هەڵگرت و 13 حەوت کاهینەکەی هەڵگرانی حەوت کەڕەناکەش لەپێش سندوقی یەزدانەوە دەڕۆیشتن و کەڕەنایان لێدەدا و چەک بەدەستەکانیش لەپێشیانەوە دەڕۆیشتن و لەپاشەوە پاسەوانەکانیش لەدوای سندوقی یەزدانەوە دەڕۆیشتن، کاتێک کەڕەنا دەنگی دەهات. 14 ئینجا لە ڕۆژی دووەم یەک جار بەدەوری شارەکەدا سوڕانەوە و پاشان هاتنەوە بۆ ناو ئۆردوگاکە. شەش ڕۆژ ئاوایان کرد.

15 ئەوە بوو لە ڕۆژی حەوتەم بەرەبەیان زوو لە خەو هەستان و حەوت جار بەو شێوەیە بە چواردەوری شارەکەدا سووڕانەوە. تەنها لەو ڕۆژەدا حەوت جار بە چواردەوری شارەکەدا سووڕانەوە، 16 ئەوە بوو لە جاری حەوتەم کاتێک کاهینەکان کەڕەناکانیان لێدا، یەشوع بە گەلی گوت: «هاوار بکەن! چونکە یەزدان شارەکەی داوەتە دەست ئێوە! 17 دەبێت شارەکە و هەرچی تێیدایە بۆ یەزدان تەرخان بکرێت تاکو قڕ بکرێت[e]، تەنها ڕاحابی لەشفرۆش و هەموو ئەوانەی لە ماڵەکە لەگەڵین دەیانهێڵنەوە، چونکە ئەو دوو نێردراوەی شاردەوە، کە ناردمانن. 18 بەڵام ئێوە خۆتان بە دوور بگرن لە شتە تەرخانکراوەکان نەوەک قڕ بکرێن و ئۆردوگای ئیسرائیل تووشی قڕبوون و تێکدان بکەن. 19 هەموو ئەو زێڕ و زیو و قاپە بڕۆنز و ئاسنانە بۆ یەزدان تەرخانکراون و دەچنە ناو گەنجینەی یەزدانەوە.»

20 کاتێک گەل هاواری کرد و کەڕەنایان لێدا، گەل گوێیان لە دەنگی کەڕەنا بوو، هاوارێکی بەرزیان کرد و شووراکە داڕما و گەل چوونە ناو شارەکەوە، هەریەکە و لەلای خۆیەوە و بەسەریاندا دا و شارەکەیان گرت. 21 شارەکەیان بۆ یەزدان تەرخان کرد و هەرچی تێیدابوو لە پیاو و ژن و منداڵ و پیر، هەتا گا و مەڕ و گوێدرێژەکانیشیان بە زەبری شمشێر قڕ کرد.

22 یەشوعیش بەو دوو پیاوەی گوت کە سیخوڕی خاکەکەیان کردبوو: «بچنە ناو ماڵی ژنە لەشفرۆشەکەوە، هەروەک سوێندتان بۆی خوارد، خۆی و هەموو ئەوەی هی ئەوە بیانهێننە دەرەوە.» 23 جا دوو گەنجە سیخوڕەکە چوونە ژوورەوە و ڕاحاب و دایک و باوک و براکانی و هەرچی هەیبوو و هەموو کەسوکارەکەیان هێنایە دەرەوە و لە دەرەوەی ئۆردوگای ئیسرائیل دایاننان.

24 شارەکەشیان سووتاند و لەگەڵ هەموو ئەو شتانەی تێیدا بوو، بەڵام زێڕ و زیو و قاپە بڕۆنز و ئاسنەکانیان خستە ناو گەنجینەی ماڵی یەزدانەوە. 25 بەڵام یەشوع ڕاحابی لەشفرۆش و ماڵی باوکی و هەرچی هەیبوو بە زیندووێتی هێشتنییەوە، ئەویش هەتا ئەمڕۆش لەنێو ئیسرائیلدا نیشتەجێیە، چونکە ئەو دوو نێردراوەی شاردەوە کە یەشوع بۆ سیخوڕی ئەریحا ناردبوونی.

26 لەو کاتەدا یەشوع سوێندی خوارد و گوتی: «لەبەردەم یەزدان نەفرەت لێکراوە ئەو کەسەی هەڵدەستێت و ئەم شاری ئەریحایە بنیاد دەنێتەوە:

«بە مەرگی کوڕە نۆبەرەکەی
    بناغەکانی دادەنێت و
بە مەرگی بچووکەکەی
    دەرگاکانی دادەمەزرێنێت.»

27 یەزدانیش لەگەڵ یەشوع بوو و ناوبانگی بە هەموو خاکەکەدا بڵاو بووەوە.

لۆقا 1:1-20

مەبەستی ئەم نووسینە

ئەی ساوفیلۆسی[a] پایەبەرز، زۆر کەس هەستان بە داڕشتنی چیڕۆکی ئەو شتانەی[b] لەلای ئێمە هاتنە دی، وەک ئەوەی لەلایەن ئەوانەوە پێمان گەیشت کە لە سەرەتاوە شایەتحاڵ و خزمەتکاری پەیامەکە[c] بوون. لەدوای ئەوەی من لە سەرەتاوە پشکنینێکی وردم بۆ هەموو شتێک کرد، ئێستاش بە باشم زانی بە ڕیزبەندی بۆت بنووسم، تاکو لە ڕاستی ئەو قسانە دڵنیابی کە فێرکراوی.

لەدایکبوونی یەحیا

لەو سەردەمەی هێرۆدسی باوک پاشای یەهودیا بوو، کاهینێک[d] لە نۆرەی نەوەی ئەبیا[e] هەبوو ناوی زەکەریا، ئەلیساباتی ژنیشی لە نەوەی هارون بوو. هەردووکیان لەبەرچاوی خودا ڕاستودروست بوون، بێ گلەیی بوون لە پەیڕەوکردنی هەموو ڕاسپاردە و حوکمەکانی[f] یەزدان. بەڵام منداڵیان نەدەبوو، چونکە ئەلیسابات نەزۆک بوو، هەردووکیشیان بە ساڵدا چووبوون.

کاتێک زەکەریا لە نۆرەی کۆمەڵەکەی خۆیدا کاروباری کاهینیێتی جێبەجێ دەکرد لەبەردەم خودا، بەگوێرەی نەریتی کاهینیێتی[g]، تیروپشکی کەوتە سەر تاکو بچێتە ناو پەرستگای یەزدان و بخوور بسووتێنێت. 10 لە کاتی سووتانی بخوورەکەدا، خەڵکی هەموو لە دەرەوە نوێژیان دەکرد.

11 لەوێ فریشتەیەکی یەزدانی بۆ دەرکەوت، لەلای ڕاستی قوربانگای بخوور ڕاوەستابوو. 12 کاتێک زەکەریا فریشتەکەی بینی، پەشۆکا و ترسی لێ نیشت. 13 بەڵام فریشتەکە پێی گوت: «زەکەریا مەترسە، چونکە پاڕانەوەکەت بیسترا، ئەلیساباتی ژنیشت کوڕێکی بۆت دەبێت و ناوی لێ دەنێیت یەحیا[h]. 14 ئەو دەبێتە مایەی خۆشی و شادی بۆ تۆ، زۆر کەس بە لەدایکبوونی دڵخۆش دەبن، 15 چونکە ئەو لەبەرچاوی یەزدان دەبێتە کەسێکی مەزن و پایەبەرز. هەرگیز شەراب و مەی ناخواتەوە. لە سکی دایکییەوە پڕدەبێت لە ڕۆحی پیرۆز و 16 زۆر لە ڕۆڵەکانی ئیسرائیل بۆ لای یەزدانی پەروەردگاری خۆیان دەگەڕێنێتەوە. 17 بە ڕۆح و توانای ئەلیاسەوە پێش یەزدان دەکەوێت[i]، تاکو دڵی باوکان بۆ لای منداڵەکان ڕابکێشێت و یاخیبووانیش بۆ لای دانایی ڕاستودروستان بگەڕێنێتەوە، بۆ ئەوەی گەلێکی ئامادە بۆ یەزدان پێکبهێنێت.»

18 زەکەریاش بە فریشتەکەی گوت: «بە چی ئەمە بزانم، چونکە خۆم پیرم و ژنەکەشم بە ساڵدا چووە؟»

19 فریشتەکە وەڵامی دایەوە: «من جبرائیلم[j] لەبەردەم خودا ڕادەوەستم، نێردراوم تاکو لەگەڵت بدوێم و ئەم مژدەیەت بدەمێ. 20 ئەوەتا لە ئێستاوە تۆ لاڵ دەبیت و توانای قسەکردنت نامێنێت هەتا ئەو ڕۆژەی ئەم شتانە ڕوودەدەن، چونکە باوەڕت بە قسەکەم نەکرد، ئەوەی لە کاتی خۆیدا دێتە دی.»

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.