Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Old/New Testament

Each day includes a passage from both the Old Testament and New Testament.
Duration: 365 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
دواوتار 32-34

32 گوێ شل بکە ئەی ئاسمان، وا قسە دەکەم،
    با زەویش گوێ بگرێت لە وشەی دەمم.
فێرکردنم وەک باران دەبارێت،
    وشەم وەک شەونم دەتکێت،
وەک نمە باران بەسەر سەوزایی
    وەک ڕەهێڵ بەسەر گیا.

ناوی یەزدان ڕادەگەیەنم،
    مەزنایەتی بە خودامان ببەخشن.
خودا تاشەبەردە، کردارەکانی تەواوە،
    چونکە هەموو ڕێگاکانی دادپەروەرییە،
خودایەکی دڵسۆزە، ستەمکاری تێدا نییە،
    ئەو ڕاستودروست و دادپەروەرە.

لە ڕەفتاردا گەندەڵ بوون لە بەرامبەر ئەو
    چونکە لەکەدارن، کچ و کوڕی ئەو نین، کەموکوڕییان ئەوەیە،
    نەوەیەکی چەوت و خوارن.
ئایا بەم شێوەیە پاداشتی یەزدان دەدەنەوە،
    ئەی گەلی گێل و نادانا؟
ئایا ئەو باوک و دروستکەرتان نییە،
    ئەوەی دروستی کردن و پێکی هێنان؟

یادی ڕۆژانی دێرین بکەنەوە،
    لە ساڵانی نەوەکانی پێشوو وردبنەوە،
لە باوکتان بپرسن پێتان ڕادەگەیەنێت،
    لە پیرانتان بپرسن پێتان دەڵێن.
کاتێک خودای هەرەبەرز نەتەوەکانی بەش بەش کرد،
    کاتێک نەوەی ئادەمی دابەش کرد،
سنووری بۆ گەلان دانا،
    بەگوێرەی ژمارەی نەوەی ئیسرائیل.
بەشی یەزدان گەلەکەیەتی،
    یاقوب بەشی میراتەکەیەتی.

10 لە خاکێکی چۆڵ دۆزییەوە،
    لە چۆڵەوانییەکی ترسناک و وێراندا،
دەوری دا و بایەخی پێیدا،
    وەک گلێنەی چاوی پاراستی.
11 وەک هەڵۆ هێلانەی خۆی دەهەژێنێت،
    لەسەر بێچووەکانی باڵەفڕکێ دەکات،
باڵەکانی لێک دەکاتەوە و دەیبات،
    لەسەر شاپەڕەکانی هەڵیدەگرێت.
12 ئاوا یەزدان بە تەنها ڕابەرایەتی کرد،
    هیچ خوداوەندێکی بێگانەی لەگەڵ نەبوو.

13 سواری بەرزاییەکانی زەوی کرد،
    لە بەروبوومی دەشتودەری خوارد،
لە تاشەبەردەوە هەنگوینی دەرخوارد دا،
    زەیتیش لە بەردەئەستێوە.
14 دەڵەمە[a] و شیری مەڕوماڵات،
    لەگەڵ دوگی[b] بەرخ و
بەرانی باشان و تەگە[c]،
    لەگەڵ چەوری ناوکی گەنم.
تۆ لە خوێنی ترێ شەرابت خواردەوە.

15 نەوەی ئیسرائیلی سەرڕاست[d] قەڵەو بوون و جووتەیان وەشاند،
    قەڵەو بوون و پڕ بوون و بە پیو[e] داپۆشران.
ئیتر پشتیان کردە ئەو خودایەی کە دروستی کردبوون،
    تاشەبەردی ڕزگارییەکەیان ڕەتکردەوە.
16 ئیرەییان[f] وروژاند بە پەرستنی خودا بێگانەکانیان و
    بە بتە قێزەونەکان پەستیان کرد.
17 بۆ بتەکان[g] کە خودا نین قوربانییان سەربڕی،
    چەند خودایەک نەیانناسیون،
    تازەن و بەم زووانە دەرکەوتوون،
    کە باوکانتان لێیان نەترساون.
18 ئەو تاشەبەردەی ئێوەی بوو وازتان لێ هێنا،
    ئەو خودایەی لەدایکبوونی پێداین لەبیرتان کرد.

19 جا یەزدان بینی و ڕەتی کردنەوە،
    لەبەر ئەوە تووڕە بوو بەهۆی کچەکانی و کوڕەکانی.
20 فەرمووی، «ڕووی خۆم لێیان دەشارمەوە،
    سەیر دەکەم کۆتاییان چی دەبێت،
ئەوانە نەوەیەکی هەڵگەڕاوەن،
    ئەو کوڕانە دەستپاکیان تێدا نییە.
21 ئەوان بەوانەی خودا نین ئیرەییان وروژاندم،
    بە بتە پووچەکانیان پەستیان کردم،
منیش وایان لێدەکەم ئیرەیی بەوانە ببەن کە گەل نین،
    بە نەتەوەیەکی گێل پەستیان دەکەم.
22 چونکە بە تووڕەییم ئاگرێک داگیرساوە،
    گڕ دەگرێت هەتا جیهانی مردووانی ژێرەوە،
زەوی و خەرمانەکەی دەخوات،
    بناغەکانی چیاکان دەسووتێنێت.

23 «کارەساتیان بەسەردا کۆدەکەمەوە،
    تیرەکانم لەواندا دەچەقێنم.
24 کاتێک لە برسان کەوتوون،
    پەکیان کەوتووە لەبەر تا و پەتای فەوتێنەر،
ددانی دڕندە دەنێرمە سەریان،
    لەگەڵ ژەهری مارە خشۆکەکان.
25 لە دەرەوە شمشێر جەرگیان دەسووتێنێت و
    لەناو ماڵەوەشیان تۆقین،
کوڕی گەنج و پاکیزە لەناودەچن،
    منداڵی شیرەخۆر لەگەڵ پیاوی پیر.
26 فەرمووم: ”پەرتەوازەیان دەکەم،
    یادیان لەنێو خەڵکی دەسڕمەوە.“
27 بەڵام لەوە ترسام کە دوژمن پەستم بکات،
    کە لەوانەیە دوژمنانیان تێنەگەن،
نەوەک بڵێن: ”خۆمان باڵادەست بووین،
    یەزدان هەموو ئەمانەی نەکردووە.“»

28 ئەوان نەتەوەیەکن ڕاوێژ لێ بڕاون،
    کوا تێگەیشتنیش لەناویان؟
29 خۆزگە دانا دەبوون و لەمە تێدەگەیشتن و
    کۆتاییەکەیان لەبەرچاو دەگرت.
30 چۆن یەکێک هەزار ڕاو دەنێت و
    دووان دە هەزار تێکدەشکێنن،
ئەگەر تاشەبەردەکەیان[h] ئەوانی نەفرۆشتبێت[i]،
    یەزدان بەدەستەوەی نەدابن.
31 چونکە تاشەبەردیان وەک تاشەبەردی ئێمە[j] نییە،
    تەنانەت دوژمنانیشمان دانی پێدا دەنێن.
32 چونکە مێویان لە مێوی سەدۆمە و
ترێیان هی باخەکانی عەمۆرایە،
    ترێیەکەیان ژەهرە و هێشووەکانیان تاڵن.
33 شەرابەکەیان ژەهری مارەکان و
    تاڵاوی ماری کۆبرا کوشندەکانە.

34 «ئایا ئەمە لەلای من هەڵنەگیراوە،
    لەناو گەنجینەکانم مۆری لێ نەدراوە؟
35 تۆڵەسەندنەوە هی منە، منم سزا دەدەم،
    لە کاتێکدا پێیان دەخلیسکێت،
چونکە ڕۆژی بەڵایان نزیک بووەتەوە و
    چارەنووسیان بۆیان خێرایە.»

36 چونکە یەزدان ئەستۆپاکی گەلەکەی دەسەلمێنێت و
    لەگەڵ خزمەتکارەکانی میهرەبان دەبێت،
کە دەبینێت هێزیان بەسەرچووە و
    نە کۆیلە و نە ئازاد کەس نەماوە.
37 خودا دەفەرموێت: «کوا خوداوەندەکانیان،
    ئەو تاشەبەردەی پەنایان بۆ برد،
38 ئەو خوداوەندانەی کە پیوی قوربانییەکانیان دەخواردن،
    شەرابی خواردنەوە پێشکەشکراوەکانیان دەخواردنەوە؟
با بێن و یارمەتیتان بدەن،
    با پارێزگاریتان لێ بکەن!

39 «ئێستا ببینن، من، من ئەوم،
    هیچ خودایەکی دیکە نییە لە پاڵم.
من دەمرێنم و دەژیێنم،
    بریندار دەکەم و من چاک دەکەمەوە،
    کەس نییە کەسێک لە دەستی من دەرباز بکات.
40 من دەستم بۆ ئاسمان بەرز دەکەمەوە و سوێند دەخۆم:
    بە دڵنیاییەوە هەتاهەتایە من زیندووم،
41 کاتێک شمشێرە درەوشاوەکەم تیژ بکەمەوە و
    بۆ دادوەریکردن بە دەستەوەی بگرم،
تۆڵە لە دوژمنانم دەکەمەوە و
    ناحەزانم سزا دەدەم.
42 تیرەکانم بە خوێن مەست دەکەم و
    شمشێرەکەم گۆشت دەخوات،
لە خوێنی کوژراوان و بەدیلگیراوان،
    لە کەللەسەری ڕابەرانی دوژمن.»

43 ئەی نەتەوەکان، لەگەڵ گەلی خودا دڵخۆش بن،
    چونکە تۆڵەی خوێنی خزمەتکارانی دەکاتەوە،
لە دوژمنانی تۆڵە دەکاتەوە،
    کەفارەتی خاک و گەلەکەی خۆی دەکات.

44 جا موسا خۆی و یەشوعی کوڕی نون هاتن و هەموو وشەکانی ئەم سروودەیان بۆ گەل خوێندەوە. 45 کاتێک موسا لە وتارەکە تەواو بوو، بە هەموو ئەم وشانە بۆ هەموو ئیسرائیل، 46 پێی گوتن: «لە دڵەوە لە هەموو ئەو وشانە وردببنەوە کە من ئەمڕۆ شایەتی پێدەدەم لەسەرتان، هەتا فەرمان بە منداڵەکانتان بکەن کە ئاگاداربن کار بە هەموو وشەکانی ئەم فێرکردنە بکەن. 47 تەنها وشەی بێ نرخ نییە بۆتان، بەڵکو ژیانتانە، بەهۆی ئەمانەوە تەمەن درێژ دەبن لەسەر ئەو خاکەی لە ڕووباری ئوردون بۆی دەپەڕنەوە هەتا دەستی بەسەردا بگرن.»

موسا لەسەر چیای نەبۆ دەمرێت

48 یەزدانیش لە هەمان ڕۆژدا بە موسای فەرموو: 49 «سەربکەوە بۆ سەر زنجیرە چیای عەڤاریم، بۆ چیای نەبۆ کە لە خاکی مۆئابە و بەرامبەر بە ئەریحایە و لەوێوە تەماشای خاکی کەنعان بکە کە من وەک موڵک بە نەوەی ئیسرائیلی دەدەم. 50 لەو کێوەدا کە بۆی سەردەکەویت دەمریت و دەچیتە پاڵ گەلەکەتەوە، وەک چۆن هارونی برات لە کێوی هۆردا مرد و چووە پاڵ گەلەکەی، 51 لەبەر ئەوەی ئێوە ناپاک بوون لەگەڵم لەنێو نەوەی ئیسرائیلدا لەلای مێرگی مەریبای قادێش لە چۆڵەوانی چن، چونکە پیرۆزی منتان لەنێو نەوەی ئیسرائیلدا ڕانەگرت. 52 لەبەر ئەوە تۆ ناچیتە ناو ئەو خاکەی کە بە گەلی ئیسرائیلی دەدەم، بەڵکو تەنها لە دوورەوە دەیبینیت.»

موسا داوای بەرەکەت دەکات بۆ هۆزەکان

33 ئەوەش ئەو بەرەکەتەیە کە موسای پیاوی خودا بۆ نەوەی ئیسرائیل[k] داوای کرد، بەر لە مردنی، گوتی:

«یەزدان لە سیناوە هات و
    لە سێعیرەوە بەسەریاندا هەڵهات،
    لە کێوی پارانەوە درەوشایەوە و
هەزاران هەزار فریشتەی پیرۆزی لەگەڵ بوو،
    لە بنارەکانی باشوورەوە.
هەروەها ئەی ئەوەی گەلانت خۆشدەوێت،
    هەموو پیرۆزەکانی لە دەستی تۆن،
ئەوان لەلای پێت کڕنۆش دەبەن،
    ڕێنمایی لە تۆ وەردەگرن.
موسا فەرمانی فێرکردنی پێداین،
    میراتە بۆ کۆمەڵی یاقوب.
لەنێو یەشوروون[l] بوو بە پاشا،
    بە کۆبوونەوەی ڕابەرەکانی گەل،
    هۆزەکانی ئیسرائیل پێکەوە.

«با نەوەی ڕەئوبێن بژیێت و نەمرێت،
    با پیاوەکانی کەم نەبن.»

سەبارەت بە نەوەی یەهودا ئەمەی گوت:

«ئەی یەزدان، گوێ لە دەنگی یەهودا بگرە و
    بۆ لای گەلەکەی بیهێنە،
دەستەکانی بەسە بۆی،
    ببە بە یارمەتیدەر لە دژی دوژمنانی!»

سەبارەت بە نەوەی لێڤی گوتی:

«تومیم و ئوریمی[m] تۆ
    بۆ پیاوە خۆشەویستەکەتە،
ئەوەی لە مەسا تاقیت کردەوە و
    لە مێرگی مەریبا خەباتت لەگەڵدا کرد.
ئەوەی[n] سەبارەت بە دایک و باوکی گوتی،
    ”ڕەچاوم نەکردوون،“
دانی بە براکانیشیدا نەنا و
    منداڵەکانیشی نەناسی،
بەڵام چاودێری فەرمایشتەکانی تۆی کرد و
    پەیمانەکەی تۆی پاراست.
10 نەوەی یاقوب، فێری ڕاسپاردەکانت و
    نەوەی ئیسرائیلیش فێری تەوراتی تۆ دەکات،
بۆنی بخوور دەخاتە بەردەمت و
    قوربانی سووتاندنی تەواو دەخاتە سەر قوربانگاکەت.
11 ئەی یەزدان، توانای شارەزایی بەرەکەتدار بکە و
    بە کرداری دەستی ڕازی بە،
لە کەمەری بەرهەڵستکاران و ناحەزانی بدە،
    هەتا هەڵنەستنەوە.»

12 سەبارەت بە نەوەی بنیامین گوتی:

«ئەو خۆشەویستی یەزدانە، بە ئاسوودەیی لەلای نیشتەجێ دەبێت،
    بە درێژایی ڕۆژ داڵدەی دەدات و
    یەزدان لەنێو هەردوو شانیدا نیشتەجێی دەکات.»

13 سەبارەت بە نەوەی یوسف گوتی:

«با خاکەکەی لەلایەن یەزدانەوە بەرەکەتدار بێت
    بە شەونمی گرانبەهای ئاسمان،
    بە ئاوە قەتیسکراوەکانی خوارەوە،
14 بە بەهادارترین دیارییەکانی خۆر و
    بەهادارترین دیارییەکانی بەروبوومی مانگ،
15 بە بەهادارترین دیارییەکانی چیا دێرینەکان،
    بە بەسوودترین گردە هەتاهەتاییەکان،
16 بە بەهادارترین دیارییەکانی زەوی و پڕییەکەی،
    لەگەڵ ڕەزامەندی نیشتەجێی ناو دەوەنەکە[o]،
با بەسەر سەری یوسفەوە بن،
    بەسەر تەپڵی سەری لە براکانی جیا کرایەوە.[p]
17 نۆبەرەی گایەکەی شکۆمەندییە بۆی،
    قۆچەکانی قۆچی گای کێوین،
بەوان قۆچ لە گەلان دەدات،
    پێکەوە هەتا ئەوپەڕی زەوی،
ئەوان هەزاران هەزاری ئەفرایم و
    هەزارانی مەنەشەن.»

18 سەبارەت بە نەوەی زەبولون گوتی:

«ئەی زەبولون بە کۆچکردنت دڵخۆش بە و
    تۆش ئەی یەساخار بە چادرەکانت،
19 گەلان بۆ چیا بانگ دەکەن،
    لەوێ قوربانی ڕاستودروستی سەردەبڕن،
هەتا لە پڕی دەریا بمژن و
    لەو گەنجینەیەی لەژێر لم شاردراوەتەوە.»

20 سەبارەت بە نەوەی گاد گوتی:

«بەرەکەتدارە ئەوەی سنووری خاکی گادی فراوان کرد!
    وەک شێرە مێ نیشتەجێ بوو،
    قۆڵی پارچەپارچە کرد لەگەڵ تەپڵی سەر،
21 باشترین خاکی بۆ خۆی دانا،
    بەشی فەرماندەی بۆ خۆی هەڵگرت،
کاتێک سەرکردەکانی گەل کۆبوونەوە،
    دادوەری یەزدانی جێبەجێ کرد و
    حوکمەکانیشی سەبارەت بە ئیسرائیل.»

22 سەبارەت بە نەوەی دان گوتی:

«دان بەچکە شێرە،
    لە باشان قەڵەمباز بەرەو پێش دەدات.»

23 سەبارەت بە نەوەی نەفتالی گوتی:

«ئەی نەفتالی، تێر بە لە ڕەزامەندی و
    پڕ بە لە بەرەکەتی یەزدان،
    دەست بەسەر ڕۆژئاوا و باشووری خاکەکەتدا بگرە.»

24 سەبارەت بە نەوەی ئاشێر گوتی:

«با ئاشێر لەنێو کوڕان بەرەکەتدار بێت،
    با لەلای براکانی پەسەند بێت،
    با پێی بکاتە ناو زەیت،
25 دەروازەکانت لە ئاسن و بڕۆنزن،
    بەگوێرەی درێژی تەمەنت هێزت پێ دەبەخشێت.»

26 «خودای یەشوروون هاوتای نییە،
    سواری ئاسمان دەبێت بۆ یارمەتیدانت،
    هەروەها هەورەکان لە شکۆی خۆیدا.
27 خودای هەتاهەتایی پەناگاتە و
    باڵە هەمیشەییەکانیشی لە ژێرەوە.
دوژمنی لەبەردەمت دەرکرد و
    فەرمووی: ”لەناو ببە!“
28 جا ئیسرائیل بە تەنها و بە ئاسوودەیی نیشتەجێ دەبێت،
    جێنشینی یاقوب گیروگرفتی نابێت،
لە خاکی دانەوێڵە و شەرابی نوێ دەبێت،
    ئاسمانەکەشی شەونم دەتکێنێت.
29 ئەی ئیسرائیل، خۆزگەت پێ دەخوازرێت،
    کێ وەک تۆیە،
    گەلێکی ڕزگار بوو لەلایەن یەزدانەوە؟
قەڵغانی یارمەتی و
    شمشێری شکۆمەندیتە،
جا دوژمنانت ملکەچیت بۆ دەنوێنن،
    تۆش نزرگەکانی سەر بەرزاییان[q] پێشێل دەکەیت.»

مردنی موسا

34 ئینجا موسا لە دەشتەکانی مۆئابەوە بۆ چیای نەبۆ سەرکەوت بۆ سەری پسگە، کە بەرامبەر ئەریحایە، جا یەزدان هەموو خاکەکەی پیشان دا، لە گلعادەوە هەتا دان و هەموو نەفتالی و خاکی ئەفرایم و مەنەشە و هەموو خاکی یەهودا هەتا دەریای ڕۆژئاوا و نەقەب و هەموو ناوچەکە، لە دۆڵی ئەریحاوە «شاری دار خورما» هەتا زۆعەر، یەزدان پێی فەرموو: «ئەوە ئەو خاکەیە کە سوێندم بۆ ئیبراهیم و ئیسحاق و یاقوب خوارد و فەرمووم: ”دەیدەمە نەوەکەت.“ وا بە چاوەکانی خۆت پێم پیشان دایت، بەڵام تۆ بۆ ئەوێ ناپەڕیتەوە.»

جا موسای بەندەی یەزدان لەوێ مرد، لە خاکی مۆئاب بەگوێرەی فەرمانی یەزدان. یەزدان لە خاکی مۆئاب لە دۆڵەکە بەرامبەر بێت‌پەعۆر ناشتی، هەتا ئەمڕۆش کەس گۆڕەکەی پێ نازانێت. موسا تەمەنی سەد و بیست ساڵان بوو کاتێک مرد، هێشتا چاوەکانی کز نەببوون و هێزی لەبەر نەبڕابوو. جا نەوەی ئیسرائیل لە دەشتەکانی مۆئاب سی ڕۆژ ماتەمیان بۆ گێڕا، ئینجا ڕۆژانی گریان و شیوەنی موسا تەواو بوو.

یەشوعی کوڕی نونیش پڕ بوو لە ڕۆحی دانایی، چونکە موسا دەستی لەسەر دانابوو. ئیتر نەوەی ئیسرائیل گوێیان لێ گرت و ئاوایان کرد وەک ئەوەی یەزدان فەرمانی بە موسا کردبوو.

10 جا هیچ پێغەمبەرێک لە ئیسرائیل پەیدا نەبوو وەک موسا کە یەزدانی ڕوو بە ڕوو ناسی، 11 لە هەموو ئەو نیشانە و پەرجووانەی یەزدان ناردی هەتا لە خاکی میسر بە فیرعەون و هەموو خزمەتکارەکانی و هەموو خاکەکەی بکات. 12 هەرگیز کەس ئەو توانا مەزنەی پیشان نەداوە و ئەو کارە سامناکانەی لەبەرچاوی هەموو ئیسرائیل نەکردووە کە موسا کردی.

مەرقۆس 15:26-47

26 ناونیشانی تاوانەکەشی نووسرابوو: پاشای جولەکە. 27 دوو دزیشیان لەگەڵی لە خاچ دا، یەکێک لەلای ڕاستی و ئەوەی دیکەش لەلای چەپی. ⌟ 28 نووسراوە پیرۆزەکە هاتە دی کە دەڵێت: [لە ڕیزی تاوانباران دانرا.][a] 29 ئەوانەی بەوێدا تێدەپەڕین، جنێویان پێی دەدا و سەریان بادەدا، دەیانگوت: «ها! ئەی ڕووخێنەری پەرستگا و بنیادنەرەوەی بە سێ ڕۆژ، 30 خۆت ڕزگار بکە و لە خاچەکە دابەزە.»

31 بە هەمان شێوە کاهینانی باڵا و مامۆستایانی تەورات گاڵتەیان دەکرد و بە یەکتریان دەگوت: «خەڵکی دیکەی ڕزگار کرد، بەڵام ناتوانێ خۆی ڕزگار بکات! 32 با ئێستا مەسیحی پاشای ئیسرائیل لە خاچەکە دابەزێت، تاکو ببینین و باوەڕ بهێنین.» ئەوانەش کە لەگەڵی لە خاچ دەدران قسەیان پێ دەگوت.

33 بووە کاتژمێر دوازدە[b]، هەتا کاتژمێر سێ[c] تاریکایی بەسەر هەموو زەوییەوە بوو. 34 لە کاتژمێر سێ، عیسا بە دەنگێکی بەرز هاواری کرد: «[ئێلی، ئێلی، لەما شەبەقتانی؟]» واتە، [خودای من، خودای من، بۆ وازت لێ هێنام؟][d]

35 هەندێک لە ئامادەبووان گوێیان لێبوو، گوتیان: «ئەوە بانگی ئەلیاس دەکات.»

36 یەکێک ڕایکرد و ئیسفەنجێکی لە سرکە هەڵکێشا و بەسەر قامیشێکەوە دایێ، گوتی: «لێگەڕێن، با بزانین ئەلیاس دێت دایبگرێت!»

37 عیساش بە دەنگێکی بەرز هاواری کرد و گیانی سپارد.

38 پەردەی پەرستگاش لە سەرەوە هەتا خوارەوە شەقبوو و بووە دوو پارچە. 39 ئەو سەرپەلەی[e] بەرامبەر عیسا ڕاوەستابوو، گوێی لە هاواری بوو و بینی چۆن گیانی سپارد، گوتی: «بەڕاستی ئەم مرۆڤە کوڕی خودا بوو!»

40 چەند ژنێک لە دوورەوە تەماشایان دەکرد، لەنێوانیاندا مریەمی مەجدەلی و مریەمی دایکی یاقوبی بچووک و یوسی و سالومە دەبینران. 41 ئەمانە لە جەلیلەوە دوای عیسا کەوتبوون و خزمەتیان دەکرد، زۆری دیکەش لەگەڵی هاتبوونە ئۆرشەلیم.

ناشتنی عیسا

42 ئێوارە داهات، ڕۆژی خۆ ئامادەکردن بوو، واتە ڕۆژی پێش شەممە، 43 یوسفی خەڵکی ڕامە ئەندامێکی بەرزی ئەنجومەن بوو، ئەویش چاوەڕێی شانشینی خودای دەکرد، وێرای و چوو بۆ لای پیلاتۆس و داوای تەرمەکەی عیسای کرد. 44 پیلاتۆس سەرسام بوو ئاوا بە زوویی عیسا مردووە، سەرپەلەکەی بانگکرد و لێی پرسی ئاخۆ دەمێکە مردووە. 45 کاتێک لە سەرپەلەکەوە زانی، تەرمەکەی دایە یوسف. 46 ئەویش کەتانی کڕی، دایگرت و بە کەتان کفنی کرد، لە گۆڕێکدا ناشتی کە لە بەرد هەڵکەنرا بوو. ئینجا بەردێکی گلۆر کردەوە سەر دەرگای گۆڕەکە. 47 مریەمی مەجدەلی و مریەمی دایکی یاقوب، بینییان لەکوێ نێژرا.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.