Old/New Testament
سەرکەوتن دوای گەڕانەوە بۆ لای یەزدان
30 «کاتێک هەموو ئەم بەرەکەت و نەفرەتەی کە خستوومەتە بەردەمتان بەسەرتان دێت، یەزدانی پەروەردگارتان لەنێو هەموو ئەو نەتەوانەی بۆ لایان دەرتاندەکات، ئینجا بەخۆتاندا دەچنەوە. 2 ئەو کاتە خۆتان و منداڵەکانتان پڕ بە دڵ و لە ناختانەوە دەگەڕێنەوە لای یەزدانی پەروەردگارتان و گوێڕایەڵی دەبن، بەگوێرەی هەموو ئەوەی من ئەمڕۆ فەرمانتان پێ دەکەم. 3 ئەوا یەزدانی پەروەردگارتان لە ڕاپێچکراوی دەتانگەڕێنێتەوە[a] و بەزەیی پێتاندا دێتەوە، دووبارە کۆتان دەکاتەوە لەنێو هەموو ئەو گەلانەی یەزدانی پەروەردگارتان بەناویاندا پەرشوبڵاوی کردنەوە. 4 ئەگەر بۆ ئەوپەڕی ئاسمان پەرشوبڵاو کرابنەوە، ئەوا یەزدانی پەروەردگارتان لەوێوە کۆتان دەکاتەوە و لەوێوە دەتانگەڕێنێتەوە و 5 یەزدانی پەروەردگارتان دەتانهێنێتە ئەو خاکەی کە باوباپیرانتان خاوەنی بوون، جا ئێوە دەستی بەسەردا دەگرن و سەرکەوتووتان دەکات و لە باوباپیرانتان زۆرترتان دەکات. 6 یەزدانی پەروەردگارتان دڵی خۆتان و دڵی نەوەکەتان خەتەنە دەکات، تاکو یەزدانی پەروەردگارتان پڕ بە دڵ و لە ناختانەوە خۆشبوێت بۆ ئەوەی بژین. 7 هەروەها یەزدانی پەروەردگارتان هەموو ئەم نەفرەتانە دەخاتە سەر دوژمنەکانتان و ئەوانەی ڕقیان لێتانە و دەتانچەوسێننەوە، 8 بەڵام ئێوە دەگەڕێنەوە و گوێڕایەڵی یەزدان دەبن و کار بە هەموو فەرمانەکانی دەکەن کە من ئەمڕۆ فەرمانتان پێ دەکەم. 9 ئینجا یەزدانی پەروەردگارتان لە هەموو کارەکانی دەستتان سەروەت و سامانتان زۆر دەکات، لە بەری سک و ئاژەڵی ماڵی و بەروبوومی خاک، چونکە یەزدان سەرلەنوێ پێتان دڵخۆش دەبێت و سەرکەوتووتان دەکات، وەک بە باوباپیرانتان دڵخۆش بوو، 10 ئەگەر گوێڕایەڵی یەزدانی پەروەردگارتان بوون، فەرمان و فەرزەکانی بەجێبهێنن کە لەم پەڕتووکی تەوراتەدا نووسراون، ئەگەر پڕ بە دڵتان و لە ناختانەوە بۆ یەزدانی پەروەردگارتان گەڕانەوە.
دانانی ژیان و مردن
11 «ئەم فەرمانەی من ئەمڕۆ فەرمانتان پێ دەکەم، لەسەرتان قورس نییە و لێتانەوە دوور نییە. 12 لە ئاسمان نییە هەتا بڵێن: ”کێ بۆمان سەردەکەوێتە ئاسمان و بۆمان دەهێنێت و بە گوێمانیدا دەدات هەتا کاری پێ بکەین؟“ 13 هەروەها لە پشتی دەریا نییە هەتا بڵێن: ”کێ بۆمان لە دەریا دەپەڕێتەوە و بۆمان دەهێنێت و بە گوێمانیدا دەدات هەتا کاری پێ بکەین؟“ 14 بەڵکو پەیامەکە زۆر لێتان نزیکە، لەسەر زمانتانە و لە دڵتاندایە، هەتا کاری پێ بکەن.
15 «بڕوانن، من ئەمڕۆ ژیان و چاکە، مردن و خراپەم خستووەتە بەردەمتان، 16 لەبەر ئەوەی من ئەمڕۆ فەرمانم پێکردن کە یەزدانی پەروەردگارتان خۆشبوێت و ڕێگاکانی بگرنەبەر و فەرمان و فەرزەکانی بەجێبهێنن و یاساکانی پەیڕەو بکەن، بۆ ئەوەی ئێوە بژین و گەشە بکەن و یەزدانی پەروەردگارتان لەو خاکەی ئێوە دەچنە ناوی هەتا دەستی بەسەردا بگرن، بەرەکەتدارتان بکات.
17 «بەڵام ئەگەر دڵتان لاچوو و گوێتان نەگرت، بەڵکو گومڕا بوون و بۆ خودای دیکە کڕنۆشتان برد و خزمەتتان کردن، 18 ئەوا من ئەمڕۆ پێتان ڕادەگەیەنم کە ئێوە بێگومان لەناودەچن، تەمەن درێژ نابن لەسەر ئەو خاکەی لە ڕووباری ئوردون بۆی دەپەڕنەوە هەتا بچنە ناوی و دەستی بەسەردا بگرن.
19 «من ئەمڕۆ ئاسمان و زەویتان لێ دەکەمە شایەت، کە من ژیان و مردن، بەرەکەت و نەفرەتم لەبەردەمتان داناوە، جا ژیان هەڵبژێرن هەتا خۆتان و نەوەکانتان بژین. 20 یەزدانی پەروەردگارتان خۆشدەوێت و گوێ لە دەنگی دەگرن و دەستی پێوە دەگرن. لەبەر ئەوەی ئەو ژیانتانە و درێژە بە تەمەنتان دەدات هەتا لەو خاکە نیشتەجێ بن کە یەزدان بۆ باوباپیرانتان ئیبراهیم و ئیسحاق و یاقوب سوێندی خوارد کە بیانداتێ.»
یەشوع جێگەی موسا دەگرێتەوە
31 جا موسا چوو بەم وشانە لەگەڵ هەموو نەوەی ئیسرائیل قسەی کرد و 2 پێی گوتن: «ئێستا من تەمەنم سەد و بیست ساڵە، ئیتر ناتوانم ڕابەرایەتیتان بکەم و یەزدانیش پێی فەرمووم: ”لەم ڕووباری ئوردونە مەپەڕەوە.“ 3 یەزدانی پەروەردگارتان لەپێشتانەوە دەپەڕێتەوە، خۆی ئەو نەتەوانە لەپێشتانەوە لەناودەبات و ئێوەش دەبنە میراتگریان. یەشوع لەپێشتانەوە دەپەڕێتەوە وەک یەزدان فەرمووی. 4 هەروەها یەزدان چی بە سیحۆن و عۆگ و بە خاکەکەیان کرد، دوو پاشاکەی ئەمورییەکان، کە لەناوی بردن ئاواش بەوان دەکات. 5 جا کاتێک یەزدان ئەوانی خستە دەستتان بەگوێرەی هەموو ئەو فەرمانانەی فەرمانم پێتان کرد، ئاوایان لێ دەکەن. 6 بەهێزبن و ئازابن، لێیان مەترسن و مەتۆقن، چونکە یەزدانی پەروەردگارتان لەگەڵتان دەڕوات، هەرگیز پشتگوێتان ناخات و وازتان لێ ناهێنێ.»
7 جا موسا یەشوعی بانگکرد و لەبەرچاوی هەموو ئیسرائیل پێی گوت: «بەهێز و ئازابە، چونکە تۆ لەگەڵ ئەم گەلە دەچیتە ناو ئەو خاکەی یەزدان سوێندی بۆ باوباپیرانیان خوارد کە بیانداتێ و تۆش بۆیانی دابەش دەکەیت وەک میراتیان، 8 یەزدانیش خۆی لەپێشتەوە دەڕوات، ئەو لەگەڵت دەبێت، هەرگیز پشتگوێت ناخات و وازت لێ ناهێنێ، مەترسە و ورە بەرمەدە.»
خوێندنەوەی تەورات
9 ئینجا موسا ئەم فێرکردنەی نووسی و دایە دەستی کاهینەکان، کە نەوەی لێڤین و هەڵگری سندوقی پەیمانی یەزدانن، لەگەڵ هەموو پیرانی ئیسرائیل. 10 موسا فەرمانیشی پێکردن و گوتی: «لە کۆتایی هەر حەوت ساڵێک، لە کاتی ساڵی بەتاڵکردنەوەی قەرزەکان[b]، لە جەژنی کەپرەشینەدا[c]، 11 کاتێک هەموو ئیسرائیل دێن هەتا لەبەردەم یەزدانی پەروەردگارت دەربکەون لەو شوێنەی کە هەڵیدەبژێرێت، ئەم فێرکردنە لە بەرامبەر هەموو ئیسرائیلدا گوێیان لێ بێت کە دەیخوێنیتەوە. 12 گەل کۆبکەنەوە، پیاو و ئافرەت و منداڵ و ئەو نامۆیانەش کە لە شارۆچکەکانتانە بۆ ئەوەی گوێ بگرن و فێر بن لە یەزدانی پەروەردگارتان بترسن و هەموو وشەکانی ئەم فێرکردنە پەیڕەو بکەن و کاری پێ بکەن. 13 هەروەها نەوەکانیشتان کە ئەم فێرکردنەیان نەزانیوە، گوێ دەگرن و فێر دەبن لە یەزدانی پەروەردگارتان بترسن، بە درێژایی ئەو ڕۆژانەی لەسەر ئەو زەوییە دەژین کە ئێوە لە ڕووباری ئوردون بۆی دەپەڕنەوە هەتا دەستی بەسەردا بگرن.»
پێشبینی یاخیبوونی ئیسرائیل
14 یەزدان بە موسای فەرموو: «وا تەمەنت لە مردن نزیک بووەتەوە، یەشوع بانگ بکە و لەناو چادری چاوپێکەوتن بوەستن بۆ ئەوەی ئەرکی پێ بسپێرم.» ئیتر موسا و یەشوع چوون و لەناو چادری چاوپێکەوتن ڕاوەستان.
15 ئینجا یەزدان لە ستوونی هەورێک دەرکەوت و ستوونی هەورەکە لە دەروازەی چادرەکە وەستا. 16 یەزدان بە موسای فەرموو: «ئەوەتا تۆ لەگەڵ باوباپیرانت سەردەنێیتەوە، جا ئەم گەلە هەڵدەستن و لەشفرۆشی[d] دەکەن لەگەڵ خوداوەندە بێگانەکان لەو خاکەی ئەوان دەچنە ناوی لەنێویان و وازم لێ دەهێنن و ئەو پەیمانەم دەشکێنن کە لەگەڵیان بەستوومە. 17 ئیتر لەو ڕۆژەدا تووڕەییم بەسەریاندا گڕ دەگرێت و وازیان لێ دەهێنم و ڕووی خۆم لێیان دەشارمەوە و دەبنە نێچیر و تووشی زۆر ناخۆشی و بەڵا دەبن، هەتا ئەوەی لەو ڕۆژەدا دەڵێن: ”ئایا لەبەر ئەوە تووشی ئەو بەڵایانە بووین چونکە خودا لەگەڵمان نییە؟“ 18 منیش لەو ڕۆژەدا ڕووی خۆم دەشارمەوە لەبەر هەموو ئەو خراپەیەی کە کردیان و کە دوای خودای دیکە کەوتن.
19 «ئێستاش ئەم سروودە بۆ خۆتان بنووسن و نەوەی ئیسرائیلیشی پێ فێر بکەن، بیخەنە دەمیانەوە هەتا بۆ من ببێتە شایەت بەسەر نەوەی ئیسرائیلەوە، 20 چونکە من دەیانبەمە ناو ئەو خاکەی سوێندم بۆ باوباپیرانیان خوارد، ئەوەی شیر و هەنگوینی لێ دەڕژێت، جا دەخۆن و تێر دەبن و قەڵەو دەبن و ئینجا دوای خودای دیکە دەکەون و دەیپەرستن و پشتم لێ دەکەن و پەیمانەکەم دەشکێنن. 21 جا کاتێک تووشی بەڵا و ناخۆشی دەبن، ئەم سروودە وەک شایەت وەڵامیان دەداتەوە، چونکە لە دەمی نەوەکەیان لەبیر ناکرێت، من دەزانم ئەوان ئەمڕۆ بیر لە چی دەکەنەوە، بەر لەوەی بیانبەمە ناو ئەو خاکەوە وەک سوێندم بۆ خواردن.» 22 جا موسا لەو ڕۆژەدا ئەم سروودەی نووسی و نەوەی ئیسرائیلیشی پێ فێرکرد.
23 ئینجا یەزدان فەرمانی بە یەشوعی کوڕی نون کرد و فەرمووی: «بەهێزبە و ئازابە، چونکە تۆ نەوەی ئیسرائیل دەبەیتە ناو ئەو خاکەی لەسەری سوێندم بۆیان خوارد و منیش لەگەڵت دەبم.»
24 لەدوای ئەوەی موسا بە تەواوی لە نووسینی وشەکانی ئەم فێرکردنە بووەوە لە پەڕتووکێک، 25 فەرمانی بە لێڤییەکانی هەڵگرانی سندوقی پەیمانی یەزدان کرد و گوتی: 26 «ئەم پەڕتووکەی تەورات ببەن و لەتەنیشت سندوقی پەیمانی یەزدانی پەروەردگارتان دایبنێن، هەتا وەک شایەتی بەسەرتانەوە لەوێ بێت، 27 چونکە من یاخیبوون و کەللەڕەقیتان دەزانم. من وا هێشتا زیندووم و ئەمڕۆ لەگەڵتانم، ئێوە بەو شێوەیە بەربەرەکانێی یەزدان دەکەن، ئەی باشە لەدوای مردنم چی دەکەن! 28 هەموو پیرانی هۆزەکان و کوێخاکانتانم بۆ کۆبکەنەوە، هەتا ئەم وشانەیان بەگوێدا بدەم، ئاسمان و زەوی بکەم بە شایەت بەسەریانەوە، 29 چونکە دەزانم ئێوە دوای مردنم بە تەواوی گەندەڵ دەبن و لەو ڕێگایە لادەدەن کە فەرمانم پێ کردوون. لە ڕۆژانی ئاییندە تووشی خراپە دەبن، چونکە لە بەرامبەر یەزدان خراپە دەکەن، بەو بتانە پەستی دەکەن کە بەدەستی خۆتان دروستی دەکەن.»
سروودەکەی موسا
30 جا موسا تەواوی وشەکانی ئەم سروودەی خستە بەر گوێی هەموو کۆمەڵی ئیسرائیل:
عیسا دەدرێتە دەست پیلاتۆس
15 هەر بەیانی زوو، کاهینانی باڵا و پیران و مامۆستایانی تەورات و هەموو سەنهەدرین ڕاوێژیان کرد. عیسایان قۆڵبەست کرد و بردییان، دایانە دەست پیلاتۆس.
2 پیلاتۆس لێی پرسی: «تۆ پاشای جولەکەی؟» عیسا وەڵامی دایەوە: «تۆ دەڵێیت.»
3 کاهینانی باڵا سکاڵای زۆریان لێ دەکرد. 4 پیلاتۆس لێی پرسییەوە: «ئایا هیچ وەڵام نادەیتەوە؟ بزانە چەند سکاڵات لێدەکەن.»
5 بەڵام عیسا هیچ وەڵامی نەدایەوە، تاکو ئەوەی پیلاتۆس سەرسام بوو.
بڕیاری لەخاچدانی عیسا
6 لە هەر جەژنێکدا فەرمانڕەوا بەگوێرەی داواکاری خەڵکەکە بەندکراوێکی ئازاد دەکرد. 7 پیاوێک بە ناوی باراباس لەگەڵ یاخیبووان گیرابوو، لە ڕاپەڕینەکە کوشتاریان کردبوو[a]. 8 ئینجا خەڵکەکە هاتن و داوایان کرد ئەوەی هەمیشە دەیکرد بۆیان بکات.
9 پیلاتۆسیش لێی پرسین: «دەتانەوێ پاشای جولەکەتان بۆ ئازاد بکەم؟» 10 چونکە زانی کاهینانی باڵا لەبەر ئیرەیی عیسایان بە گرتن دابوو. 11 بەڵام کاهینانی باڵا خەڵکەکەیان جۆشدا کە باراباسیان بۆ ئازاد بکات.
12 پیلاتۆس دیسان لێی پرسین: «ئەی باشە حەز دەکەن چی لەوە بکەم کە پێی دەڵێن، ”پاشای جولەکە“؟»
13 هاواریان کرد: «لە خاچی بدە!»
14 پیلاتۆس لێی پرسین: «باشە چ خراپەیەکی کردووە؟» بەڵام ئەوان زیاتر هاواریان کرد: «لە خاچی بدە!»
15 پیلاتۆسیش دەیویست خەڵکەکە ڕازی بکات، لەبەر ئەوە باراباسی بۆ ئازاد کردن، بەڵام فەرمانی دا کە عیسا بدرێتە بەر قامچی و پاشان لە خاچ بدرێت.
سەربازەکان گاڵتە بە عیسا دەکەن
16 سەربازەکان عیسایان بردە کۆشکەکە، کۆشکی فەرمانڕەوا و هەموو تیپەکەیان کۆکردەوە. 17 کەوایەکی ئەرخەوانییان لەبەرکرد، تاجێکیان لە دڕک هۆنییەوە و لەسەریان نا. 18 دەستیان بە سڵاو لێکردنی کرد، دەیانگوت: «سڵاو، ئەی پاشای جولەکە!» 19 بە قامیش لەسەریان دەدا و تفیان لێی دەکرد، چۆکیان دادەدا و لەبەردەمی کڕنۆشیان دەبرد. 20 کاتێک گاڵتەیان پێ کرد، کراسە ئەرخەوانییەکەیان لەبەردا داکەند و جلی خۆیان لەبەرکردەوە و بۆ لەخاچدان بردییانە دەرەوە.
مردنی عیسا و لەخاچدانی
21 ڕێبوارێک لە کێڵگە دەهاتەوە، ناوی شیمۆنی کورێنی[b] بوو، باوکی ئەسکەندەر و ڕوفوس، ناچاریان کرد خاچەکەی ئەو هەڵبگرێت. 22 ئینجا عیسایان بردە شوێنی گولگۆسا، واتە «شوێنی کاسەسەر». 23 شەرابی تێکەڵکراو بە موڕیان[c] بۆی ڕاگرت، بەڵام نەیخواردەوە. 24 لە خاچیان دا و کراسەکەیان دابەش کرد، تیروپشکیان لەسەر کرد، بۆ ئەوەی بزانن هەریەکەیان چی بەردەکەوێت.
25 کاتێک لە خاچیان دا کاتژمێر نۆ[d] بوو،
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.