Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Old/New Testament

Each day includes a passage from both the Old Testament and New Testament.
Duration: 365 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
دواوتار 19-21

شارەکانی پەناگا

19 کاتێک یەزدانی پەروەردگارتان ئەو نەتەوانەی قڕکرد کە یەزدانی پەروەردگارتان خاکەکەیانتان دەداتێ و کاتێک دەرتانکردن و لە شار و ماڵەکانیان نیشتەجێ بوون، سێ شار لە ناوەڕاستی خاکەکەتان بۆ خۆتان جیا دەکەنەوە کە یەزدانی پەروەردگارتان دەتانداتێ هەتا دەستی بەسەردا بگرن. ڕێگا دروستدەکەن و ئەو خاکەی کە یەزدانی پەروەردگارتان بە میرات دەتانداتێ، دەیکەن بە سێ بەشی سنووردار، تاکو ئەو کەسەی کەسێک بکوژێت بۆ ئەوێ هەڵبێت.

ئەم یاسایە بۆ ئەوەیە، ئەگەر کەسێک بەبێ ئەنقەست لە هاوڕێکەی دا کە پێشتر ناحەزی ئەو نەبووە، بۆ ئەوێ هەڵدێت، ئیتر دەژیێت. بۆ نموونە، یەکێک لەگەڵ هاوڕێکەی بچێتە ناو دارستان بۆ داربڕین و لە کاتی تەور وەشاندن ئاسنەکە لە داردەستەکە دەرپەڕێت و لە هاوڕێکەی بدات و بمرێت. ئەو کەسە بۆ یەکێک لەو شارانە هەڵدێت و دەژیێت. ئەگینا خوێنگرەکە لە تووڕەییدا بەدوای تۆمەتبارکراوەکە دەکەوێت و بەهۆی دووری ڕێگاکە بۆ شاری پەناگا، لە ڕێگا پێی دەگات و دەیکوژێت، لە کاتێکدا ئەو شایانی مردن نییە، چونکە پێشتر ئەو ناحەزی هاوڕێکەی نەبووە. بۆیە من فەرمانتان پێدەدەم کە سێ شار بۆ خۆتان جیا بکەنەوە.

ئەگەر یەزدانی پەروەردگارتان سنووری فراوان کردن وەک سوێندی بۆ باوباپیرانتان خوارد و هەموو ئەو خاکەی پێدان کە بەڵێنی بە باوباپیرانتان دا بیانداتێ، چونکە هەموو ئەم فەرمانانەتان پاراست هەتا جێبەجێی بکەن وەک ئەوەی من ئەمڕۆ فەرمانتان پێدەدەم، هەتا یەزدانی پەروەردگارتان خۆشبوێت و هەموو ڕۆژان ڕێگاکانی بگرنەبەر، ئەوا سێ شاری دیکەش بۆ خۆتان زیاد بکەن لەسەر ئەم سێیە. 10 ئەوە بکەن بۆ ئەوەی خوێنی بێتاوانێک لەناو خاکەکەتان نەڕژێت کە یەزدانی پەروەردگارتان بە میرات دەتانداتێ، جا تاوانی خوێنڕشتنتان لەسەر دەبێت.

11 بەڵام ئەگەر کەسێک ڕقی لە دراوسێکەی بێت و بۆسەی بۆ نایەوە و لێی هەستا و لێدانێکی کوشندەی لێدا و مرد و ئینجا بکوژەکە بۆ یەکێک لەو شارانە هەڵات، 12 ئەوا پیرانی شارۆچکەکەی خۆی دەنێرن و لەوێ دەیهێننەوە و دەیدەنە دەست خوێنگری تۆڵەسێنەر و دەکوژرێت. 13 بەزەییتان پێیدا نەیەتەوە، جا تاوانی ڕشتنی خوێنە بێتاوانەکە لە ئیسرائیلدا دادەماڵی و چاکەتان بۆ دەبێت.

14 سنووری بەردڕێژکراوی زەوی دراوسێکەت مەگوێزەوە کە ئەوانەی یەکەم جار دایانناوە، لەو میراتەی بەرت دەکەوێت لەو زەوییەی یەزدانی پەروەردگارت پێت دەدات هەتا ببیتە خاوەنی.

شایەتی

15 یەک شایەت بەس نییە بۆ تاوانبارکردنی کەسێک بە ئەنجامدانی تاوانێک یان هەڵەیەک، لە هەر تاوانێک کە دەیکات. هەر بابەتێک لەسەر زاری دوو یان سێ شایەت ڕاستییەکەی دەسەلمێنرێت.

16 ئەگەر شایەتێکی درۆ دەرکەوت بۆ ئەوەی بە چەوتی شایەتی لەسەر کەسێک بدات، 17 ئەوا هەردوو پیاوەکەی ناکۆکییان لەنێوانە، لەبەردەم یەزدان، لەبەردەم کاهینەکان و ئەو دادوەرانەی لەو ڕۆژانەدان ڕادەوەستن، 18 جا ئەگەر دادوەران باش لێیان کۆڵییەوە و زانییان شایەتەکە شایەتێکی درۆزنە و بە درۆ شایەتی لەسەر براکەی داوە، 19 ئەوا ئەوەی پێ بکەن کە دەیویست بە براکەی بکات، جا خراپەکە لەنێو خۆتان دادەماڵن و 20 ئەوانی دیکە دەبیستن و دەترسن و ئەو کارە خراپە لەنێوتاندا دووبارە ناکرێتەوە. 21 بەزەییتان نەبێت، گیان بە گیان، چاو بە چاو، ددان بە ددان، دەست بە دەست، پێ بە پێ.

چوون بۆ جەنگ

20 کاتێک دەچن بۆ ئەوەی لە دژی دوژمنەکانتان بجەنگن، ئەسپ و گالیسکە و سوپایەکی لە خۆتان زۆرترتان بینی، لێیان مەترسن، چونکە یەزدانی پەروەردگارتان لەگەڵتانە کە لە خاکی میسرەوە دەریهێنان. کاتێک لە جەنگ نزیک دەکەونەوە کاهینەکە دێتە پێش و وتار بۆ گەل دەدات، پێیان دەڵێت: «ئەی ئیسرائیل گوێ بگرە، ئێوە ئەمڕۆ لە جەنگ لە دژی دوژمنەکانتان نزیک بوونەتەوە، ورەتان نەڕووخێت، لێیان مەترسن و مەتۆقن و سام نەتانگرێت، چونکە یەزدانی پەروەردگارتان لەگەڵتان دەڕوات، هەتا بۆ ئێوە لە دژی دوژمنەکانتان بجەنگێت و سەرکەوتووتان بکات.»

ئینجا کوێخاکان قسە بۆ گەل دەکەن و دەڵێن: «کێ خانووێکی نوێی بنیاد ناوە و نەیکردووەتەوە، با بڕوات و بگەڕێتەوە بۆ ماڵەکەی، نەوەک لە جەنگەکەدا بکوژرێت و پیاوێکی دیکە بیکاتەوە. کێ ڕەزەمێوێکی چاندووە و لە یەکەم بەری نەخواردووە؟ با بڕوات و بگەڕێتەوە ماڵەکەی، نەوەک لە جەنگەکەدا بکوژرێت و پیاوێکی دیکە یەکەم بەری بخوات. کێ ژنێکی مارە کردووە و نەیگواستووەتەوە، با بڕوات و بگەڕێتەوە ماڵەکەی، نەوەک لە جەنگەکەدا بکوژرێت و پیاوێکی دیکە بیگوازێتەوە.» ئینجا دووبارە کوێخاکان قسە بۆ گەل دەکەن و دەڵێن: «کێ دەترسێت و ورەی ڕووخاوە؟ با بڕوات و بگەڕێتەوە بۆ ماڵەکەی، نەوەک دڵی براکانیشی بتۆقێت وەک خۆی.» کاتێک کوێخاکان لە قسەکردن لەگەڵ گەل تەواو دەبن، فەرماندەکان بۆ سوپا دادەنێن.

10 کاتێک لە شارێک نزیک دەبنەوە بۆ ئەوەی لەگەڵیدا بجەنگن، بانگی بکەن بۆ ڕێککەوتن. 11 جا ئەگەر بۆ ئاشتبوونەوە وەڵامی دانەوە و دەرگای بۆ کردنەوە، ئەوا هەموو ئەو گەلەی تێیدان بۆ ئێوە بێگاری[a] و کارت بۆ دەکەن. 12 بەڵام ئەگەر ئاشتییان نەویست و لە دژتان جەنگان ئەوا ئابڵوقەی بدەن. 13 کاتێک یەزدانی پەروەردگارتان ئەوی دایە دەستتان، ئەوا بە شمشێر لە هەموو پیاوەکانی بدەن، 14 بەڵام ئافرەت و منداڵ و ئاژەڵی ماڵی و هەموو شتێکی دیکە کە لەناو شارەکەیە، هەموو تاڵانکردنەکە دەبێتە دەستکەوتتان، ئەو دەستکەوتانەی دوژمنانتان بەکاردەهێنن کە یەزدانی پەروەردگارتان پێتانی دا. 15 ئاوا دەکەن بە هەموو ئەو شارانەی زۆر لە ئێوە دوورن، ئەوانەی لە شارەکانی ئەم گەلانەی ئێرە نین.

16 بەڵام شارەکانی ئەم گەلانەی کە یەزدانی پەروەردگارتان بە میرات دەتانداتێ، هیچ هەناسەیەکی لێ مەهێڵنەوە. 17 بەڵکو بە تەواوی لەناویان ببەن[b]، حیتی و ئەموری و کەنعانی و پریزی و حیڤی و یەبوسییەکان، هەروەک یەزدانی پەروەردگارتان فەرمانی پێ کردن، 18 نەوەک فێرتان بکەن وەک هەموو نەریتە قێزەونەکانیان بکەن کە ئەوان بۆ خوداوەندەکانیان دەیکەن، ئێوەش سەبارەت بە یەزدانی پەروەردگارتان تووشی گوناه دەبن.

19 ئەگەر بۆ چەندین ڕۆژ ئابڵوقەی شارێکتان دا، جەنگتان لە دژی بەرپا کرد هەتا بیگرن، دارەکان بە تەور لەناو مەبەن و مەیانبڕنەوە، چونکە دەتوانن لە بەروبوومیان بخۆن. ئایا داری ڕەز مرۆڤە تاکو ئابڵوقەی بدەیت؟ 20 بەڵام ئەو دارانەی کە دەزانن لێیان ناخورێن، ئەوا دەتوانن ئەوانە تێکبدەن و بیانبڕنەوە و بۆ دروستکردنی سەنگەر لە دژی ئەو شارەی کە جەنگتان لەگەڵ دەکات هەتا دەکەوێت.

کەفارەت بۆ نەدۆزینەوەی بکوژ

21 ئەگەر کوژراوێک لەو خاکە دۆزرایەوە کە یەزدانی پەروەردگارتان پێتان دەدات هەتا دەستی بەسەردا بگرن، لە کێڵگەیەک کەوتبوو و نەزانرا کێ کوشتوویەتی، ئەوا پیران و دادوەرانتان دەچن و دووری نێوان کوژراوەکە و ئەو شارۆچکانەی دەوروبەری دەپێون. جا پیرانی نزیکترین شارۆچکە لە کوژراوەکە گوێرەکەیەکی مێینەی سێ ساڵە دەبەن کە هێشتا جووتی پێ نەکرابێت، نیری لەسەر دانەنرابێت. پاشان پیرانی ئەو شارۆچکەیە گوێرەکەکە بۆ دۆڵێک دەبەنە خوارەوە کە جۆگەیەکی ئاوی لەبەرڕۆیشتووی تێدابێت و نەکێڵرابێت و نەچێنرابێت و لە دۆڵەکە ملی دەشکێنن[c]. دواتر کاهینەکان، نەوەی لێڤی دێنە پێشەوە، چونکە یەزدانی پەروەردگارتان ئەوانی هەڵبژاردووە هەتا خزمەتی بکەن و بە ناوی یەزدانەوە داوای بەرەکەت بکەن، جا هەموو ناکۆکی و پەلاماردانێک بەگوێرەی قسەی ئەوان یەکلا دەکرێتەوە. ئینجا هەموو پیرانی ئەو شارۆچکەیەی کە لە کوژراوەکە نزیکە لە دۆڵەکە دەستیان دەشۆن، لەو شوێنەی کە گوێرەکە ملشکاوەکەی لێیە و ڕایدەگەیەنن: «دەستەکانمان ئەم خوێنەیان نەڕشتووە و چاوەکانمان نەیانبینیوە. ئەی یەزدان، کەفارەتی ئیسرائیلی گەلی خۆت بکە کە کڕیتەوە و خوێنێکی بێتاوان مەخەرە ملی ئیسرائیلی گەلەکەت.» جا کەفارەتی ئەو خوێنەیان بۆ دەبێت. تاوانی ڕشتنی خوێنە بێتاوانەکەش لەنێوتان دادەماڵن، چونکە ئەوەی لەبەرچاوی یەزدان ڕاست بوو، ئێوە کردتان.

هێنانی ژنێکی دیل

10 ئەگەر لە دژی دوژمنەکانت بۆ جەنگ چوویت و یەزدانی پەروەردگارت ئەوانی دا بە دەستت و دیلت لێ گرتن، 11 لەنێو دیلەکان ئافرەتێکی ڕوخسار جوانت بینی و چووە دڵتەوە و کردتە ژنی خۆت، 12 کاتێک دەیهێنیتە ماڵەکەت، سەری دەتاشێت و نینۆکەکانی دەکات، 13 جلەکانی دیلیێتی لەبەر دادەکەنێت و بۆ ماوەی مانگێک لە ماڵەکەت دەبێت و شیوەن بۆ دایک و باوکی دەگێرێت، پاش ئەوە دەیگوازیتەوە و بەزاوا دەبیت و دەبێتە ژنت. 14 ئەگەر پێی دڵخۆش نەبوویت، بەڕەڵای بکە، بە پارە مەیفرۆشە و هەڵسوکەوتی وەک کۆیلە لەگەڵدا مەکە، چونکە تۆ ئابڕووت بردووە.

مافی نۆبەرەکە

15 ئەگەر پیاوێک دوو ژنی هەبێت، یەکێکیانی خۆشویست و ئەوی دیکەیانی خۆشنەویست، جا کە هەردووکیان کوڕیان بۆی بوو و نۆبەرەکە هی خۆشەویستەکە نەبوو، 16 ئەوا ئەو ڕۆژەی ئەوەی هەیەتی بۆ کوڕەکانی بەش دەکات، بۆی نییە کوڕی خۆشەویستەکە بکات بە نۆبەرە لە جیاتی کوڕە نۆبەرەکە، 17 بەڵکو کوڕەکەی لەو ژنەی کە خۆشی ناوێت وەک نۆبەرە دەیناسێت، هەتا دوو بەشی پێبدات لە هەموو ئەوەی هەیەتی، چونکە ئەو کوڕە یەکەم نیشانەی توانای باوکییەتی، مافی نۆبەرایەتی هەیە.

کوڕێکی یاخی

18 ئەگەر پیاوێک کوڕێکی کەللەڕەق و یاخی هەبوو، گوێڕایەڵی قسەی دایک و باوکی نەبێت و گوێیان لێ نەگرێت کاتێک تەمبێی دەکەن، 19 دایک و باوکی دەیگرن و دەیهێننە لای پیرانی شارۆچکەکەی، بۆ لای دەروازەی شارۆچکەکەی و 20 بە پیرانی شارەکەی دەڵێن، «ئەم کوڕەمان کەللەڕەق و یاخییە، گوێڕایەڵمان نییە و دەست بڵاو و سەرخۆشە.» 21 ئینجا هەموو پیاوانی شارۆچکەکەی بەردبارانی دەکەن هەتا دەمرێت، ئیتر بەمە خراپەکە لەنێو خۆتان دادەماڵن و هەموو ئیسرائیل دەبیستن و دەترسن.

کوژراوی لەسەر دار هەڵواسراو

22 ئەگەر کەسێک تاوانێکی لەسەر بوو کە سزاکەی مردنە، جا کە کوژرا و لەسەر دار هەڵتانواسی،[d] 23 شەو تەرمەکەی لەسەر دارەکە مەهێڵنەوە، بەڵکو لە هەمان ڕۆژدا دەینێژن، چونکە هەڵواسراو لەسەر دار لەلایەن خوداوە نەفرەت لێکراوە[e]، جا خاکەکەتان گڵاو مەکەن کە یەزدانی پەروەردگارتان بە میرات دەتانداتێ.

مەرقۆس 13:21-37

21 ئەگەر ئەو کاتە یەکێک پێی گوتن: ”ئەوەتا مەسیح لێرەیە!“ یان: ”ئەوەتا لەوێیە!“ باوەڕ مەکەن، 22 چونکە مەسیحە درۆزنەکان و پێغەمبەرانی درۆزن[a] دەردەکەون، نیشانە و پەرجوو دەکەن، تاکو ئەگەر بکرێ تەنانەت ئەوانەی هەڵبژێردراون هەڵبخەڵەتێنن. 23 بەڵام ئاگاداربن، ئەوا پێشوەخت هەموو شتێکم پێ گوتن.

هاتنەوەی عیسا

24 «بەڵام لەو ڕۆژانەدا، دوای ئەو تەنگانەیە،

«[خۆر تاریک دەبێت و
    مانگ ڕووناکییەکەی نادات،
25 ئەستێرەکان لە ئاسمان دەکەون،
    تەنی ئاسمانی دەهەژێن.][b]

26 «ئەوسا کوڕی مرۆڤ دەبینن بە هێزێکی گەورە و شکۆوە لەناو هەورەوە دێت.[c] 27 ئینجا فریشتەکان دەنێرێت و ئەوانەی هەڵبژێردراون لە چوار بایەکە[d] کۆدەکاتەوە، لەم پەڕی زەوییەوە هەتا ئەو پەڕی ئاسمان.

28 «لە دار هەنجیرەوە پەند وەرگرن، کاتێک لقەکانی نەرم بوون و گەڵایان کرد، دەزانن هاوین نزیکە. 29 ئێوەش، کاتێک دەبینن ئەمانە ڕوودەدات، بزانن کە نزیکە و لە بەردەرگایە. 30 ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئەم نەوەیە بەسەرناچێت هەتا هەموو ئەمانە نەیەنە دی. 31 ئاسمان و زەوی بەسەردەچن، بەڵام وشەکانم هەرگیز بەسەرناچن.

کەس ئەو کاتە نازانێت

32 «سەبارەت بەو ڕۆژ و کاتە کەس نایزانێت، نە فریشتەکان کە لە ئاسمانن و نە کوڕەکە، باوک نەبێت. 33 کەواتە ئاگاداربن و ئێشک بگرن چونکە نازانن کەی ئەو کاتە دێت. 34 وەک پیاوێک گەشتی کردبێت، ماڵەکەی بەجێهێشتبێت و دەسەڵاتی دابێتە کۆیلەکانی، هەریەکە و بە ئیشی خۆی، دەرگاوانیشی ڕاسپاردبێت ئێشک بگرێت.

35 «لەبەر ئەوە ئێشک بگرن، چونکە نازانن کەی گەورەی ماڵ دەگەڕێتەوە، ئێوارە یان نیوەی شەو، یان لەگەڵ خوێندنی کەڵەشێر، یان بەیانی. 36 نەوەک لەناکاو بگەڕێتەوە و بتانبینێت خەوتوون. 37 جا ئەوەی بە ئێوەی دەڵێم، بە هەمووانی دەڵێم: ئێشک بگرن!»

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.