Old/New Testament
پەرستنی خودای دیکە
13 ئەگەر لەنێوتاندا پێغەمبەرێک یان خەونبینێک کە خەونێکی بینیبێت دەرکەوت و نیشانەیەک یان پەرجووێکی پێدان، 2 جا ئەگەر ئەو نیشانەیە یان ئەو پەرجووە کە بۆ ئێوەی باسکرد ڕوویدا و گوتی، «با بەدوای خودای دیکە بکەوین و بیانپەرستین،» ئەو خوداوەندانەی کە نەتانناسیوە، 3 ئەوا گوێ لە قسەی ئەو پێغەمبەرە یان ئەو خەونبینە مەگرە کە ئەو خەونەی بینیوە، چونکە یەزدانی پەروەردگارتان تاقیتان دەکاتەوە تاکو بزانێت ئایا ئێوە پڕ بە دڵ و لە ناخەوە یەزدانی پەروەردگاری خۆتان خۆشدەوێت یان نا. 4 بەدوای یەزدانی پەروەردگارتان دەڕۆن و لەو دەترسن و فەرمانەکانی دەپارێزن و گوێڕایەڵی دەبن و ئەو دەپەرستن و دەستی پێوە دەگرن. 5 ئەو پێغەمبەرەش یان ئەو خەونبینەی ئەو خەونەی بینیوە دەکوژرێت، چونکە بە چەواشەکاری قسەی کرد لە دژی یەزدانی پەروەردگارتانەوە کە لە خاکی میسرەوە دەریهێنان و لە ماڵی کۆیلەیی کڕینیەوە، بۆ ئەوەی لەو ڕێگایە لات بدات کە یەزدانی پەروەردگارتان فەرمانی پێ کردوون لەسەری بڕۆن. جا خراپەکە لەنێو خۆتان دادەماڵن.
6 ئەگەر براکەت، کوڕی دایکت، یان کوڕەکەت یان کچەکەت، یان ژنەکەی باوەشت، یان هاوڕێکەت کە وەک خۆتە بە نهێنی لەبن گوێت خوێندی و گوتی، «دەڕۆین و خودای دیکە دەپەرستین،» ئەو خوداوەندانەی کە نە تۆ و نە باوباپیرانت نەیانناسیوە، 7 لە خوداوەندەکانی ئەو گەلانەی دەوروبەرت، ئەوانەی لێتەوە نزیکن یاخود دوورن لەوپەڕی زەوی هەتا ئەوپەڕی، 8 لەگەڵی ڕەزامەند مەبە و گوێی لێ مەگرە. دڵت پێی نەسووتێت و دەستی لێ مەپارێزە و بۆی دامەپۆشە، 9 بەڵکو بە دڵنیاییەوە بیکوژە، یەکەم جار دەستی تۆ لەسەری بێت بۆ کوشتنی ئینجا لە کۆتاییدا دەستی هەموو گەل. 10 بەردبارانی دەکەیت هەتا دەمرێت، چونکە ویستی لە یەزدانی پەروەردگارت تۆ لابدات کە لە خاکی میسر لە ماڵی کۆیلەیی دەریهێنایت. 11 ئەوسا هەموو ئیسرائیل دەیبیستن و دەترسن و جارێکی دیکە هیچ کەسێک لەنێوتان وەک ئەم بەدکارییە ئەنجام نادات.
12 ئەگەر سەبارەت بە یەکێک لەو شارۆچکانەی یەزدانی پەروەردگارتان پێتان دەدات هەتا تێیدا نیشتەجێ بن وتەیەکتان بیست، 13 کە خەڵکانێکی بەدکار لەنێوتاندا سەریان هەڵداوە و دانیشتووانی شارۆچکەیان گومڕا کردووە و دەڵێن، «دەچین و خودای دیکە دەپەرستین،» ئەو خوداوەندانەی کە نەتانناسیون، 14 ئێوە لێی بکۆڵنەوە و بگەڕێن و باش پرسیار بکەن. ئەگەر زانیتان بابەتەکە ڕاستە و بێگومانە کە ئەو کارە قێزەونە لەنێوتاندا کراوە، 15 ئەوا بە شمشێر تەواوی دانیشتووانی ئەو شارۆچکەیە بکوژن و قڕیان بکەن،[a] بە هەموو ئەو شتانەوەش کە تێیدایە و بە ئاژەڵە ماڵییەکانیشییەوە. 16 هەموو شتومەکەکانی لە گۆڕەپانی شارۆچکەکەدا کۆدەکەنەوە و هەموو شارۆچکەکە و شتومەکەکانی وەک قوربانی سووتاندنێکی تەواو بۆ یەزدانی پەروەردگارتان دەسووتێنن، جا بۆ هەتاهەتایە دەبێتە گردێکی وێران و جارێکی دیکە بنیاد نانرێتەوە. 17 نابێت هیچ شتێکی تەرخانکراو بۆ قڕکردن لەلای ئێوە ببینرێتەوە، هەتا گڕی تووڕەییەکەی یەزدان دابمرکێتەوە، بەزەیی پێتان دێتەوە و لەگەڵتان میهرەبان دەبێت و زۆرتان دەکات هەروەک سوێندی بۆ باوباپیرانتان خوارد، 18 ئەگەر گوێڕایەڵی دەنگی یەزدانی پەروەردگارتان بوون بۆ پاراستنی هەموو فەرمانەکانی کە من ئەمڕۆ فەرمانتان پێدەدەم هەتا ئەوەی لەبەرچاوی یەزدانی پەروەردگارتان ڕاستە بیکەن.
خواردنی پاک و گڵاو
14 ئێوە ڕۆڵەی یەزدانی پەروەردگارتانن، لەشی خۆتان بریندار مەکەن و ناوچەوانتان مەتاشن لەبەر مردوو، 2 چونکە ئێوە گەلێکی پیرۆزن بۆ یەزدانی پەروەردگارتان و یەزدانیش ئێوەی هەڵبژارد بۆ ئەوەی ببنە گەنجینەیەکی تایبەت بۆ ئەو لە سەرووی هەموو ئەو گەلانەی لەسەر ڕووی زەویدان.
3 هیچ شتێکی قێزەون مەخۆن. 4 ئەمە ئەو ئاژەڵانەن کە دەیخۆن، گا و مەڕ و بزن، 5 ئاسک و مامز و ئاسکە سوورە و بزنەکێوی و کەڵەکێوی و ئاسکەکێوی و مەڕەکێوی، 6 هەر ئاژەڵێک کە سمی دوو کەرت بێت و کاوێژ بکات، ئەوە دەخۆن، 7 تەنها ئەمانە ناخۆن لەوانەی کاوێژ دەکەن و سمیان دوو کەرتە، وشتر و کەروێشک و گۆڕهەڵکەنە، چونکە کاوێژ دەکەن، بەڵام سمیان کەرت نییە، لەبەر ئەوە بەپێی ڕێوڕەسمی ئایینی بۆتان گڵاوە. 8 هەروەها بەرازیش، چونکە سمی کەرت کراوە، بەڵام کاوێژ ناکات، لەبەر ئەوە بەپێی ڕێوڕەسمی ئایینی بۆتان گڵاوە، نە گۆشتیان بخۆن و نە دەست لە کەلاکیان[b] بدەن.
9 لە هەموو ئەوانەی لەناو ئاوەکانیشن ئەمانە دەخۆن، هەموو ئەوانەی باڵ و پوولەکەیان هەبێت دەیخۆن، 10 بەڵام هەموو ئەوەی باڵ و پوولەکەی نەبێت نەیخۆن، بۆ ئێوە گڵاوە.
11 هەموو باڵندەیەکی پاک دەخۆن، 12 بەڵام ئەمانەیان لێ ناخۆن، هەڵۆ و سیسارکە کەچەڵ و داڵاش، 13 واشەی سوور و واشەی ڕەش، هەموو جۆرەکانی شاهین و شمقاڕ، 14 هەموو جۆرەکانی قەلەڕەش، 15 کوندەپەپووی شاخدار و بایەقووش، مەلی دەریا، هەموو جۆرەکانی باز، 16 کوندەپەپووی بچووک و کوندەپەپووی گەورە و کوندەپەپووی سپی و 17 کوندەپەپووی بیابان، واشەی ماسیگر، مەلی ماسیگرە، 18 لەقلەق و هەموو جۆرەکانی شاهۆ و پەپوولەسڵێمانکە و شەمشەمەکوێرە.
19 هەموو مێرووێکی باڵدار بۆ ئێوە گڵاوە و ناخورێت. 20 هەموو باڵندەیەکی پاک دەخۆن.
21 هیچ ئاژەڵێکی مرداربووەوە مەخۆن، بیدەن بەو نامۆیانەی لە هەر شارۆچکەیەکتان دەژیێن، ئەوان دەیخۆن، یان بیفرۆشنە بیانییەکان، چونکە ئێوە گەلێکی پیرۆزن بۆ یەزدانی پەروەردگارتان.
هیچ کاریلەیەک بە شیری دایکی لێمەنێن.
دەیەکەکان
22 هەموو بەروبوومی کشتوکاڵتان کە ساڵ بە ساڵ لە کێڵگەکانتان وەبەردێت، بە تەواوی دەیەکی لێ دەخەنەلاوە. 23 لەبەردەم یەزدانی پەروەردگارتان لەو شوێنەی هەڵیدەبژێرێت بۆ ئەوەی ناوی لەوێ بێت، دەیەکی دانەوێڵە و شەرابی نوێ و زەیتەکەتان و نۆبەرەکانی مانگا و مەڕەکانتان دەخۆن، تاکو فێر بن هەردەم لە یەزدانی پەروەردگارتان بترسن[c]. 24 بەڵام ئەگەر ڕێگاکە بۆتان دوور بوو و یەزدانی پەروەردگارتان بەرەکەتداری کردبوون و نەتانتوانی دەیەکەکەتان بهێنن، چونکە ئەو شوێنەی یەزدانی پەروەردگارتان هەڵیدەبژێرێت بۆ ئەوەی ناوی لەوێ بێت لێتان دوور بوو، 25 ئەوا بە زیو بیفرۆشن و زیوەکە بپێچنەوە لە دەستتان و بڕۆن بۆ ئەو شوێنەی یەزدانی پەروەردگارتان هەڵیدەبژێرێت. 26 جا زیوەکە خەرج بکەن لە هەموو ئەوەی حەزتان بۆی دەچێت، لە مانگا و مەڕ و شەراب و مەی و هەموو ئەوەی گیانتان لێتان داوا دەکات و لەوێ لەبەردەم یەزدانی پەروەردگارتان بیخۆن و ئێوە و ماڵەکانتان دڵخۆش بن. 27 ئەو لێڤییانەش کە لە شارۆچکەکانتانن بەجێیان مەهێڵن، چونکە بەش و میراتیان لەگەڵ ئێوەدا نییە.
28 لە کۆتایی هەر سێ ساڵێکدا هەموو دەیەکی بەروبوومی ئەو ساڵەتان دەربهێنن و لەناو شارۆچکەکانتان دایبنێن، 29 لێڤییەکانیش کە هیچ بەش و میراتیان لەگەڵ ئێوەدا نییە، لەگەڵ ئەو نامۆ و هەتیو و بێوەژنانەی کە لە شارۆچکەکانتانن بێن و بخۆن و تێر ببن، بۆ ئەوەی یەزدانی پەروەردگارتان لە هەموو کردارێکی دەستتان کە دەیکەن بەرەکەتدارتان بکات.
ساڵی بەتاڵکردنەوەی قەرزەکان
15 لە کۆتایی حەوت ساڵیش ساڵی بەتاڵکردنەوەی قەرزەکانە. 2 ئەمەش چۆنیەتی بەتاڵکردنەوەیە، هەموو خاوەن قەرزەکان پێویستە لەو قەرزەی بە نزیکەکەی داوە بەتاڵی بکاتەوە. لە نزیکەکەی یان براکەی داوا ناکاتەوە، چونکە کاتی یەزدان بۆ بەتاڵکردنەوەی قەرزەکان بانگەواز کراوە. 3 لە بیانی داوا دەکرێت، بەڵام ئەو قەرزەی لەلای براکەت هەتبوو، ئەوا پێویستە بەتاڵی بکەیتەوە. 4 هەرچەندە پێویستە لەنێوتان کەس هەژار نەبێت، چونکە یەزدان بەرەکەتدارتان دەکات لەو خاکەی یەزدانی پەروەردگارتان پێتانی دەدات هەتا وەک میرات دەستی بەسەردا بگرن، 5 ئەگەر گوێڕایەڵی یەزدانی پەروەردگارتان بوون، هەتا هەموو ئەو فەرمانانەی من ئەمڕۆ فەرمانتان پێ دەکەم، بپارێزن و کاریان پێ بکەن. 6 یەزدانی پەروەردگارتان بەرەکەتدارتان دەکات وەک بەڵێنی پێدان، جا قەرز بە زۆربەی نەتەوەکان دەدەن و ئێوە قەرز ناکەن، بەسەر زۆربەی نەتەوەکاندا دەسەڵاتتان دەبێت و ئەوان بەسەرتانەوە دەسەڵاتدار نابن.
7 ئەگەر هەژارێک لەنێوتان بوو، یەکێک لە برایانتان لە شارۆچکەیەکی خاکەکەتان کە یەزدانی پەروەردگارتان پێتانی دەدات، ئەوا دڵتان ڕەق مەکەن و لە ئاست برا هەژارەکانتان دەستتان دامەخەن، 8 بەڵکو دەستتانی بۆ بکەنەوە و ئەوەی پێویستییەتی بە قەرز بیدەنێ. 9 ئاگاداربن لەوەی بیرێکی خراپتان لە دڵدا بێت و بڵێن، «ئەوا ساڵی حەوتەم نزیک بووەتەوە، ساڵی بەتاڵکردنەوەی قەرزەکانە،» ئیتر بە خراپی ڕەفتار لەگەڵ هەژار بکەن و نەیدەنێ، جا ئەویش بۆ یەزدان هاوار دەکات سەبارەت بە ئێوە و دەبێتە گوناه بەسەرتانەوە. 10 بە دڵفراوانییەوە پێی ببەخشن و با بە نابەدڵی نەبێت کاتێک دەیدەنێ، چونکە بەهۆی ئەم شتەوە یەزدانی پەروەردگارتان بەرەکەتدارتان دەکات لە هەموو کارەکانتان و لە هەموو ئەوەی دەستی بۆ دەبەن. 11 لەبەر ئەوەی هەژار لە خاکەکەدا کۆتایی نایەت، بۆیە من فەرمانتان پێدەدەم و دەڵێم: «دەستی یارمەتیتان بکەنەوە بۆ برای نەدارتان و بۆ هەژاران لە خاکەکەتان.»
ئازادکردنی خزمەتکار
12 ئەگەر برایەک یان خوشکێکی عیبرانیت پێ فرۆشرا و شەش ساڵ خزمەتی کردیت، ئەوا لە ساڵی حەوتەم لەلای خۆت ئازادی دەکەیت. 13 کاتێک ئازادیشی دەکەیت، بە دەستبەتاڵی ئازادی ناکەیت. 14 بەڵکو بە دڵفراوانییەوە لە مێگەلەکەت و جۆخینەکەت[d] و گوشەرەکەتی[e] پێدەدەیت، بەو شێوەیەی یەزدانی پەروەردگارت بەرەکەتداری کردوویت، پێی دەدەیت. 15 لە یادت بێت تۆش لە خاکی میسر کۆیلە بوویت، جا یەزدانی پەروەردگارت تۆی کڕییەوە، بۆیە من ئەمڕۆ فەرمانی ئەمەت پێ دەکەم.
16 بەڵام ئەگەر گوتی، «واز لە تۆ ناهێنم،» چونکە خۆت و ماڵەکەتی خۆشدەوێت، لەبەر ئەوەی لەلای تۆ لە خۆشیدا بووە، 17 ئەوا درێشە ببە و لەلای دەرگاکە گوێی کون بکە، جا بۆ هەتاهەتایە دەبێتە کۆیلەت، ئاواش بۆ کارەکەرەکەت دەکەیت.
18 بە لاتەوە گران نەبێت خزمەتکارەکەت ئازاد بکەیت، چونکە شەش ساڵ خزمەتی کردوویت، دوو هێندەی کرێگرتەیەک، جا یەزدانی پەروەردگارت بەرەکەتدارت دەکات لە هەموو ئەوەی کە دەیکەیت.
نۆبەرە ئاژەڵەکان
19 هەموو نۆبەرەیەکی نێرینەی مانگا و مەڕەکانت بۆ یەزدانی پەروەردگارت تەرخان دەکەیت، کار بە نۆبەرەی مانگاکەت مەکە و خوری نۆبەرەی مەڕەکانت مەبڕەوە. 20 ساڵ بە ساڵ لەبەردەم یەزدانی پەروەردگارت دەیخۆیت لەو شوێنەی یەزدان هەڵیدەبژێرێت، خۆت و ماڵەکەت. 21 بەڵام ئەگەر ئاژەڵێک کەموکوڕییەکی تێدابێت، وەک شەلی یان کوێری، هەر کەموکوڕییەکی خراپ، ئەوا بۆ یەزدانی پەروەردگارت سەری مەبڕە، 22 لە شارۆچکەی خۆتدا دەیخۆیت، کەسی گڵاو و پاک بەپێی ڕێوڕەسم وەک یەک، وەک چۆن مامز و ئاسک دەخۆن. 23 بەڵام خوێنەکەی نەخۆیت، وەک ئاو دەیڕێژیتە سەر زەوی.
گەورەترین ڕاسپاردە
28 یەکێک لە مامۆستایانی تەورات هات، گوێی لێیان بوو گفتوگۆیان دەکرد، بینی عیسا وەڵامێکی باشی دانەوە، لێی پرسی: «چ ڕاسپاردەیەک لە هەموویان گرنگترە؟»
29 عیسا وەڵامی دایەوە: «لە هەموویان گرنگتر ئەمەیە: [ئەی ئیسرائیل گوێ بگرن، یەزدانی پەروەردگارمان یەک یەزدانە، 30 جا بە هەموو دڵ و بە هەموو گیان و بە هەموو بیر و بە هەموو تواناتانەوە یەزدانی پەروەردگارتان خۆشبوێ.][a] 31 لەدوای ئەویش ئەمەیە، [نزیکەکەت وەک خۆت خۆشبوێت،][b] هیچ ڕاسپاردەیەک لەم دوو ڕاسپاردەیە گرنگتر نییە.»
32 مامۆستاکەی تەوراتیش پێی گوت: «ڕاستە مامۆستا، ڕاستت فەرموو کە یەک خودا هەیە و بێجگە لە ئەو هیچ خودایەکی دیکە نییە. 33 خۆشویستنی ئەویش بە هەموو دڵ و بە هەموو تێگەیشتن و بە هەموو تواناوە، هەروەها خۆشویستنی نزیک وەک خۆت، لە هەموو قوربانی سووتاندن و سەربڕدراوەکان باشترە.»
34 عیسا بینی بە داناییەوە وەڵامی دایەوە، پێی فەرموو: «لە پاشایەتی خوداوە دوور نیت.» ئیتر کەس نەیوێرا هیچ پرسیارێکی دیکەی لێ بکات.
مەسیح و داود
35 کاتێک عیسا لە حەوشەکانی پەرستگا خەڵکی فێر دەکرد فەرمووی: «مامۆستایانی تەورات چۆن دەڵێن: ”مەسیح کوڕی داودە“؟ 36 داود خۆی بە ڕۆحی پیرۆزەوە گوتی:
«[یەزدان بە خاوەن شکۆی منی فەرموو:
”لە دەستەڕاستم دابنیشە
هەتا دوژمنانت دەخەمە ژێر پێت.“][c]
37 داود خۆی پێی دەڵێ ”خاوەن شکۆ“، ئیتر چۆن دەبێتە کوڕی؟»
خەڵکەکە زۆر بە خۆشییەوە گوێیان لێی دەگرت.
38 لە فێرکردنەکەیدا دەیفەرموو: «ئاگاداری مامۆستایانی تەورات بن، حەز دەکەن بە جلی شۆڕەوە بگەڕێن و پێیان خۆشە لە بازاڕدا سڵاویان لێ بکرێت، 39 لە کەنیشتەکان ڕیزی پێشەوە بگرن و لە ڕیزی سەرەوەی میوانداری بن. 40 ماڵی بێوەژن هەڵدەلووشن و بۆ خۆدەرخستن نوێژەکانیان درێژ دەکەنەوە. ئەمانە سزایان گەورەترە.»
بەخشینی بێوەژن
41 عیسا بەرامبەر گەنجینە دانیشت و سەیری کرد چۆن خەڵکی پارەیان دەخەنە ناو گەنجینەکەوە، زۆرێک لە دەوڵەمەندەکان پارەی زۆریان دادەنا. 42 بێوەژنێکی هەژار هات و دوو فلسی دانا کە نیو عانەیە[d].
43 قوتابییەکانی بانگکرد و پێی فەرموون: «ڕاستیتان پێ دەڵێم، ئەم بێوەژنە هەژارە، لە هەموو ئەوانەی دیکە پارەی زیاتر خستە ناو گەنجینەکە، 44 چونکە هەموو لە زیادەی خۆیان بەخشیان، بەڵام ئەم بێوەژنە، سەرەڕای هەژارییەکەی هەموو بژێوییەکەی بەخشی.»
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.