Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Old/New Testament

Each day includes a passage from both the Old Testament and New Testament.
Duration: 365 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
دواوتار 7-9

دەرکردنی نەتەوەکان

کاتێک یەزدانی پەروەردگارتان ئێوەی هێنایە ئەو خاکەی کە دەچنە ناوی هەتا دەستی بەسەردا بگرن و گەلانی زۆری لەبەردەمتان دەرکرد، حیتی و گرگاشی و ئەموری و کەنعانی و پریزی و حیڤی و یەبوسییەکان، حەوت گەلی لە خۆتان مەزنتر و بەهێزتر، کاتێک یەزدانی پەروەردگارتان ئەوانی دایە دەستتان و ئێوەش لێتان دان، بە تەواوی قڕیان دەکەن[a]، پەیمانیان لەگەڵ نابەستن و بەزەییتان پێیان نایەتەوە. ژن و ژنخوازییان لەگەڵ ناکەن، کچتان مەدەنە کوڕیان و کچیان بۆ کوڕتان مەهێنن، چونکە کوڕەکانتان لە من هەڵدەگێڕنەوە و خودای دیکە دەپەرستن، جا تووڕەیی یەزدان لێتان دەجۆشێت و خێرا لەناوتان دەبات. بەڵام دەبێت ئاوایان پێ بکەن، قوربانگاکانیان بڕووخێنن و بەردە تەرخانکراوەکانیان[b] بشکێنن و ستوونە ئەشێراکانیان[c] ببڕنەوە و بتەکانیان بە ئاگر بسووتێنن، چونکە ئێوە گەلێکی پیرۆزن بۆ یەزدانی پەروەردگارتان. لەنێو هەموو گەلانی سەر ڕووی زەوی یەزدانی پەروەردگارتان ئێوەی هەڵبژارد تاکو بۆی ببن بە گەلی ئەو، ببنە گەنجینەیەکی تایبەت.

یەزدان دڵی پێتانەوە بەند بوو و هەڵیبژاردن، نەک لەبەر ئەوەی لە هەموو گەلان زۆرترن لە ڕاستیدا ئێوە لە هەموو گەلان کەمترن. بەڵام لە خۆشەویستی یەزدان بوو بۆتان و پاراستنی ئەو سوێندەی بۆ باوباپیرانی ئێوەی خوارد، یەزدان بە دەستێکی بەهێز دەریهێنان و ئێوەی لە خاکی کۆیلایەتی کڕییەوە، لە دەستی فیرعەونی پاشای میسر. جا بزانن کە یەزدانی پەروەردگارتان خۆی خودایە، خودای وەفادارییە، ئەوەی پەیمانی خۆشەویستییەکەی هەتا هەزار نەوە دەباتەسەر، بۆ ئەوانەی خۆشیان دەوێت و فەرمانەکانی دەپارێزن.

10 بەڵام سزای ئەوانە دەدات کە ڕقیان لێی دەبێتەوە و دەستبەجێ لەناویان دەبات،
    ئەوەی ڕقی لێی بێتەوە لەسەری ناوەستێت و تۆڵەی لێ دەکاتەوە.

11 جا فەرمان و فەرز و یاساکان بەجێبهێنن کە من ئەمڕۆ فەرمانتان پێدەدەم بۆ ئەوەی جێبەجێی بکەن.

12 ئەگەر ئێوە گوێ لەو یاسایانە بگرن و بیپارێزن و جێبەجێ بکەن، ئەوا یەزدانی پەروەردگارتان پەیمانی خۆشەویستییەکەی بۆ ئێوە دەباتەسەر، وەک چۆن سوێندی بۆ باوباپیرانتان خوارد. 13 ئێوەی خۆشدەوێت، بەرەکەتدارتان دەکات و زۆرتان دەکات و بەروبوومی سکتان و بەروبوومی زەوییەکەتان، دانەوێڵە و شەرابی نوێ و زەیتتان، بەروبوومی گوێرەکەی گاگەلەکەتان و مەڕ و بزنەکانتان بەرەکەتدار دەکات لەسەر ئەو زەوییەی کە سوێندی بۆ باوباپیرانتان خوارد کە بە ئێوەی دەدات. 14 ئێوە بەرەکەتدار دەبن لە سەرووی هەموو گەلان، وەجاخکوێر و نەزۆک نە لە ئێوە و نە لەناو ئاژەڵە ماڵییەکانتاندا نابێت، 15 یەزدان هەموو نەخۆشییەکتان لێ دوور دەخاتەوە و هەموو دەردە خراپەکانی میسر کە ئێوە زانیتان نایخاتە سەرتان، بەڵکو دەیخاتە سەر هەموو ناحەزانتان، 16 هەموو ئەو گەلانەش لەناودەبەن کە یەزدانی پەروەردگارتان دەیانداتە دەستتان، بەزەییتان پێیان نایەتەوە و خوداوەندەکەیان ناپەرستن، چونکە ئەوە تەڵەیە بۆ ئێوە.

17 ئەگەر لە دڵی خۆتاندا گوتتان، «ئەو گەلانە لە ئێمە بەهێزترن، چۆن دەتوانین دەریانبکەین؟» 18 لێیان مەترسن، ئەوەتان بەبیر بێتەوە یەزدانی پەروەردگارتان چی بە فیرعەون و بە هەموو میسرییەکان کرد، 19 ئەو ئەزموونە مەزنانەی چاوەکانتان بینییان و ئەو نیشانە و پەرجووانە، هەروەها ئەو دەستە پۆڵایین و بازووە بەهێزەی کە یەزدانی پەروەردگارتان ئێوەی پێ دەرهێنا. یەزدانی پەروەردگارتان ئاوا لە هەموو ئەو گەلانە دەکات کە ئێوە لێیان دەترسن. 20 هەروەها یەزدانی پەروەردگارتان زەردەواڵە دەنێرێتە سەر ئەو گەلانە تاوەکو تەنانەت ئەو بەجێماوانەش لەناو ببات کە خۆیان لە ئێوە شاردووەتەوە. 21 لێیان مەترسن، چونکە یەزدانی پەروەردگارتان لەنێوتانە و خودایەکی مەزن و سامناکە. 22 بەڵام یەزدانی پەروەردگارتان کەمە کەمە ئەو گەلانە لەبەردەمتان دەردەکات، ناتوانن دەستبەجێ لەناویان ببەن نەوەک دڕندەی کێویتان بەسەرەوە زۆر بێت. 23 بەڵام یەزدانی پەروەردگارتان دەیانداتە دەست و سەرلێشێوانێکی مەزنیان دەکەوێتە ناو، هەتا لەناودەچن. 24 پاشاکانیشیان دەخاتە ناو دەستتان، جا لەژێر ئاسمان ناویان دەسڕنەوە، کەس نابێت بتوانێت لە دژتان بوەستێت هەتا لەناویان دەبەن. 25 وێنەی خوداوەندەکانیان بە ئاگر دەسووتێنن، چاو مەبڕنە ئەو زێڕ و زیوەی کە لەسەریانە هەتا بۆ خۆتانی ببەن، نەوەک پێی بکەونە داوەوە، چونکە لەلای یەزدانی پەروەردگارتان قێزەونە. 26 هیچ قێزەونێکیش مەهێننە ناو ماڵەکانتانەوە نەوەک ئێوەش وەک ئەو بۆ قڕکردن تەرخان بکرێن، بەڵکو وەکو شتێکی قێزەون تەماشای بکەن و ڕقتان لێ ببێتەوە، چونکە بۆ قڕکردن تەرخان کراوە[d].

یەزدانی پەروەردگارتان لەبیر مەکەن

ئاگاداربن بە جێبەجێکردنی هەموو ئەو فەرمانانەی من ئەمڕۆ فەرمانتان پێ دەکەم هەتا بژین و زۆر بن و ئەو خاکەی یەزدان سوێندی خواردووە بۆ باوباپیرانتان بچنە ناوی و دەستی بەسەردا بگرن. هەموو ئەو ڕێگایانەشتان لە یاد بێت، کە یەزدانی پەروەردگارتان لە ماوەی ئەم چل ساڵە لە چۆڵەوانیدا ئێوەی پێدا برد هەتا بێفیزتان بکات و هەڵتانبسەنگێنێت تاکو ئەوەی لەناو دڵتانە بیزانێت، ئاخۆ فەرمانەکانی پەیڕەو دەکەن یان نا. جا بێفیزی کردن و برسی کردن و مەنی دەرخوارد دان، کە پێشتر نەتاندەزانی و باوباپیرانتیشتان نەیاندەزانی[e] هەتا فێرتان بکات کە مرۆڤ تەنها بە نان ناژیێت، بەڵکو بە هەر وشەیەک کە لە دەمی یەزدانەوە دێتە دەرەوە. جلەکانتان بەبەرتانەوە کۆن نەبوون و پێتان نەئاوسا لەم چل ساڵەدا، جا لە دڵتانەوە بزانن وەک چۆن مرۆڤ کوڕەکەی تەمبێ دەکات، ئاوا یەزدانی پەروەردگارتان تەمبێی کردن.

فەرمانەکانی یەزدانی پەروەردگاریشتان پەیڕەو بکەن هەتا ڕێگاکانی بگرنەبەر و لێی بترسن، چونکە یەزدانی پەروەردگارتان دەتانهێنێتە خاکێکی باش، خاکی جۆگەکان و گۆماوەکان و سەرچاوەی کانیاوەکان لەناو دۆڵ و چیاکان، خاکی گەنم و جۆ و مێو و هەنجیر و هەنار، خاکی زەیتی زەیتوون و هەنگوین. خاکێکە نانی کەمی تێدا ناخۆن و تێیدا پێویستیتان بە هیچ شتێک نابێت، خاکێک بەردەکانی ئاسنە و لە چیاکانی مس هەڵدەکۆڵن.

10 جا کاتێک خواردتان و تێر بوون، ستایشی یەزدانی پەروەردگارتان دەکەن لەبەر ئەو خاکە باشەی پێیدان. 11 ئاگاداربن نەوەک یەزدانی پەروەردگارتان لەبیر بکەن و فەرمان و یاسا و فەرزەکانی بەجێنەهێنن، ئەوەی من ئەمڕۆ فەرمانتان پێدەدەم، 12 نەوەک کاتێک خواردتان و تێر بوون و خانووی خۆشتان دروستکرد و نیشتەجێ بوون و 13 مانگا و مەڕتان زیادی کرد و زێڕ و زیوتان بۆ زیاد بوو، هەموو ئەوەی هەتانە زیاد بوو، 14 لووتتان بەرز بێت و یەزدانی پەروەردگارتان لەبیر بچێت کە لە خاکی میسر لە ماڵی کۆیلەیی دەریهێنان. 15 ئەوەی بە چۆڵەوانی مەزن و ترسناکدا ئێوەی برد، شوێنی ماری ژەهراوی و دووپشک و خاکی تینووێتی و بێ ئاو، ئەوەی لە بەردەئەستێ ئاوی بۆ دەرهێنان. 16 ئەوەی لە چۆڵەوانی مەنی دەرخوارد دان کە باوباپیرانتان نەیاندەزانی، هەتا بێفیزتان بکات و هەڵتانبسەنگێنێت تاکو ئەوەی لەناو دڵتانە بیزانێت، بۆ ئەوەی لە کۆتاییدا چاکەتان لەگەڵدا بکات. 17 هەروەها نەوەک لە دڵی خۆتاندا بڵێن، «هێزی خۆمان و توانای دەستمان ئەم سامانەی بۆ دروستکردین،» 18 بەڵکو یەزدانی پەروەردگارتان لە یاد بێت، ئەو هێزتان دەداتێ بۆ سامان دروستکردن، هەتا ئەو پەیمانەی خۆی بەجێبگەیەنێت کە سوێندی بۆ باوباپیرانتان خوارد وەک ئەمڕۆ.

19 ئەگەر یەزدانی پەروەردگارتان لەبیر کرد و بەدوای خوداوەندانی دیکە کەوتن و پەرستتان و کڕنۆشتان بۆ بردن، ئەوا ئەمڕۆ شایەتیتان لەسەر دەدەم کە بێگومان لەناودەچن، 20 وەک ئەو گەلانەی یەزدان لەبەردەمتان لەناویان دەبات، ئێوەش لەناو دەبردرێن لەبەر ئەوەی ئێوە گوێڕایەڵی یەزدانی پەروەردگارتان نەبوون.

نەک لەبەر ڕاستودروستی ئیسرائیل

ئەی ئیسرائیل گوێ بگرن، ئەمڕۆ ئێوە خەریکن لە ڕووباری ئوردون دەپەڕنەوە هەتا بچنە ناوەوە و گەلەکانی ناوی دەربکەن، ئەوان لە ئێوە مەزنتر و بەهێزترن، شارەکانیان گەورە و شوورادارن هەتا ئاسمان. نەتەوەیەکی مەزن و باڵا بەرز، نەوەی عەناق، کە بەوانتان زانیوە و بیستووتانە کە گوتراوە: «کێ لە ڕووی نەوەی عەناق دەوەستێت؟» جا ئەمڕۆ بزانن کە یەزدانی پەروەردگارتان لەپێشتانەوە دەپەڕێتەوە وەک ئاگرێکی سووتێنەر، ئەو لەبەردەمتاندا لەناویان دەبات و زەلیلیان دەکات و ئێوەش دەریاندەکەن و بە خێرایی لەناویان دەبەن، هەروەک یەزدان بەڵێنی پێدان.

کاتێک یەزدانی پەروەردگارتان لەبەردەمتاندا لایان دەبات، لە دڵی خۆتاندا مەڵێن، «لەبەر ڕاستودروستیمان یەزدان ئێمەی هێنایە ئێرە هەتا دەست بەسەر ئەم خاکەدا بگرین،» بەڵکو لەبەر بەدکاری ئەو گەلانەیە، یەزدان لەبەردەمتاندا دەریاندەکات. لەبەر ڕاستودروستی و دڵپاکیتان نییە کە دەچنە ناوەوە تاکو دەست بەسەر زەوییەکەیاندا بگرن، بەڵکو لەبەر بەدکاری ئەو گەلانەیە کە یەزدانی پەروەردگارتان لەبەردەمتان دەریاندەکات و هەتا ئەو بەڵێنەش جێبەجێ بکات کە یەزدان سوێندی لەسەر خوارد بۆ باوباپیرانتان، ئیبراهیم و ئیسحاق و یاقوب. جا بزانن لەبەر ڕاستودروستیتان نییە یەزدانی پەروەردگارتان ئەو خاکە باشەتان پێدەدات هەتا دەستی بەسەردا بگرن، چونکە ئێوە گەلێکی کەللەڕەقن.

گوێرەکە زێڕینە لەقاڵبدراوەکە

لە یادتان بێت و لەبیری مەکەن چۆن لە دەشتودەر یەزدانی پەروەردگارتان تووڕە کرد. لەو ڕۆژەوەی لە خاکی میسرەوە هاتنە دەرەوە و هەتا هاتنە ئەم شوێنە ئێوە لە یەزدان یاخین. تەنانەت لە حۆرێڤیش یەزدانتان تووڕە کرد و جا یەزدان لێتان تووڕە بوو هەتا ڕادەیەک ئامادە بوو لەناوتان ببات. کاتێک بۆ کێوەکە سەرکەوتم بۆ ئەوەی دوو تەختە بەردەکە، دوو تەختەکەی پەیمان کە یەزدان لەگەڵتانی بەست وەربگرم، چل شەو و چل ڕۆژ لە کێوەدا مامەوە و نانم نەخوارد و ئاوم نەخواردەوە. 10 یەزدانیش دوو تەختە بەردەکەی پێدام کە بە پەنجەی خودا نووسرا بوون و هەموو ئەو ڕاسپاردانەی لەسەر بوو کە یەزدان لە کێوەکە لەناو ئاگرەوە لە ڕۆژی کۆبوونەوەکە لەگەڵتاندا پێی دوا.

11 لە کۆتایی چل شەو و چل ڕۆژەکە، کاتێک یەزدان دوو تەختە بەردەکە، دوو تەختەکەی پەیمانی دامێ، 12 یەزدان پێی فەرمووم: «هەستە بە خێرایی لێرە بڕۆ خوارەوە، چونکە گەلەکەت ئەوەی تۆ لە میسرەوە دەرتهێنان گەندەڵ بوون، بە زوویی لەو ڕێگایە لایاندا کە فەرمانم پێکردن، بتێکی لەقاڵبدراویان بۆ خۆیان دروستکرد.»

13 هەروەها یەزدان پێی فەرمووم: «ئەم گەلەم بینی، بە ڕاستی گەلێکی کەللەڕەقن، 14 لێمگەڕێ لەناویان دەبەم و ناویان لەژێر ئاسمان دەسڕمەوە و دەتکەمە گەلێکی بەهێزتر و زۆرتر لەوان.»

15 منیش ڕووم وەرگێڕا و لە کێوەکە هاتمە خوارەوە، کێوەکە بە ئاگر گڕی گرتبوو، دوو تەختەکەی پەیمانیشم بەدەستەوە بوو. 16 جا ڕوانیم ئێوە سەبارەت بە یەزدانی پەروەردگارتان گوناهتان کردبوو، بتێکی داڕێژراوتان[f] لە شێوەی گوێرەکەیەک بۆ خۆتان دروستکردبوو، بە زوویی لەو ڕێگایە لاتان دابوو کە یەزدان فەرمانی پێ کردبوون. 17 منیش دوو تەختەکەم گرت و لە دەستم فڕێمدان و لەبەرچاوتان شکاندم.

18 پاشان وەک یەکەم جار چل شەو و چل ڕۆژ لەبەردەم یەزدان کەوتم و نانم نەخوارد و ئاوم نەخواردەوە لەبەر هەموو ئەو گوناهانەی ئەنجامتان داوە، بەوەی لەبەردەم یەزدان خراپەتان کرد و پەستتان کرد. 19 لەو تووڕەیی و جۆشانە ترسام کە یەزدان لێتان پەست ببوو بە ڕادەیەک کە ئامادە بوو لەناوتان ببات، بەڵام یەزدان ئەو جارەش گوێی لێ گرتم. 20 یەزدان لە هارونیش زۆر تووڕە بوو هەتا لەناوی ببات، جا لەو کاتەدا لە پێناوی هارونیش نزام کرد. 21 هەروەها گوناهەکەتان، واتە ئەو گوێرەکەیەی کە دروستتان کردبوو، من بردم و سووتاندم و کوتام و باش هاڕیم هەتا وەک تۆز نەرم بوو، ئینجا تۆزەکەیم هەڵدایە ناو ئەو جۆگەیەی لە کێوەکەوە دێتە خوارەوە.

22 هەروەها لە تەبعیرە و مەسا و قیبرۆت هەتەڤا یەزدانتان تووڕە کرد.

23 کاتێکیش یەزدان لە قادێش بەرنێعەوە ئێوەی نارد، فەرمووی: «سەربکەون و دەست بەسەر ئەو خاکەدا بگرن کە پێم داون.» بەڵام ئێوە لە فەرمانی یەزدانی پەروەردگارتان یاخی بوون و بڕواتان پێی نەکرد و گوێڕایەڵی ئەو نەبوون، 24 لەو ڕۆژەوەی ئێوەم ناسیوە، ئێوە لە دژی یەزدان یاخین.

25 ئەو چل شەو و چل ڕۆژە لەبەردەم یەزدان کەوتم، چونکە یەزدان فەرمووبووی لەناوتان دەبات. 26 نوێژم بۆ یەزدان کرد و گوتم، «ئەی یەزدانی باڵادەست، گەلەکەت و میراتەکەت لەناو مەبە کە بە توانای خۆت کڕیتەوە، ئەوەی بە دەستێکی بەهێز لە میسر دەرتهێنا. 27 خزمەتکارەکانت بەبیر بێتەوە، ئیبراهیم و ئیسحاق و یاقوب، ئاوڕ لە کەللەڕەقی ئەم گەلە مەدەوە یان لە بەدکارییەکەیان یان لە گوناهەکەیان، 28 نەوەک خەڵکی ئەو وڵاتەی لێت دەرهێناین بڵێت: ”لەبەر ئەوەی یەزدان نەیتوانی بیانباتە ناو ئەو خاکەی کە بەڵێنی پێدابوون و لەبەر ئەوەی ڕقی لێیان بوو، دەریهێنان هەتا لە چۆڵەوانیدا بیانمرێنێت.“ 29 بەڵام ئەوان گەلی تۆن و میراتی تۆن کە بە توانا مەزنەکەت و دەستە بەهێزەکەت دەرتهێنان.»

مەرقۆس 11:19-33

19 کاتێک ئێوارە داهات، عیسا و قوتابییەکانی چوونە دەرەوەی شار.

دەربارەی هێزی باوەڕ

20 بەیانی بەوێدا تێدەپەڕین، دار هەنجیرەکەیان بینی لە ڕەگەوە وشک بووە. 21 پەترۆس بیری کەوتەوە و گوتی: «ڕابی، سەیر بکە! دار هەنجیرەکەی نەفرەتت لێکرد، وشک بووە!»

22 عیسا وەڵامی دایەوە: «باوەڕتان بە خودا هەبێت. 23 ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئەوەی بەم کێوە بڵێت ”هەڵبکەنرێ و بکەوە ناو دەریاوە،“ لە دڵدا گومان نەکات، بەڵکو باوەڕ بکات ئەوەی دەیڵێت دەبێت، ئەوا بۆی دەبێت. 24 لەبەر ئەوە پێتان دەڵێم: هەموو ئەوەی داوای دەکەن و نوێژی بۆ دەکەن، باوەڕ بکەن کە وەرتانگرتووە، بۆتان دەبێت. 25 کاتێک دەوەستن نوێژ بکەن، ئەگەر شتێکتان بەسەر یەکێکەوە هەبێت لێی خۆشبن، تاکو باوکیشتان ئەوەی کە لە ئاسمانە لە گوناهەکانتان خۆشبێت. ⌟ 26 بەڵام ئەگەر ئێوە لێ خۆش نەبن، باوکی ئاسمانیشتان لە گوناهەکانتان خۆش نابێت.⌞»

دەسەڵاتی عیسا

27 دیسان هاتنەوە ئۆرشەلیم، عیسا لە حەوشەکانی پەرستگا پیاسەی دەکرد، کاهینانی باڵا و مامۆستایانی تەورات و پیران هاتنە لای و 28 لێیان پرسی: «ئەمانە بە چ دەسەڵاتێک دەکەیت؟ کێ ئەم دەسەڵاتەی بە تۆ داوە ئەم شتانە بکەیت؟»

29 عیسا پێی فەرموون: «پرسیارێکتان لێ دەکەم، وەڵامم بدەنەوە، منیش پێتان دەڵێم بە چ دەسەڵاتێک ئەمانە دەکەم: 30 لەئاوهەڵکێشانی یەحیا لە ئاسمانەوە بوو یان لە مرۆڤەوە؟ وەڵامم بدەنەوە!»

31 لەنێو خۆیاندا کەوتنە ڕاوێژکردن، گوتیان: «ئەگەر بڵێین، ”لە ئاسمانەوە بوو،“ دەڵێت، ”باشە بۆچی باوەڕتان پێی نەکرد؟“ 32 بەڵام ئەگەر بڵێین، ”لە مرۆڤەوە بوو“…» لە خەڵک دەترسان، چونکە یەحیا لەلای هەمووان بەڕاستی بە پێغەمبەر دادەنرا.

33 ئینجا وەڵامی عیسایان دایەوە: «نازانین.» عیساش پێی فەرموون: «منیش پێتان ناڵێم بە چ دەسەڵاتێک ئەمانە دەکەم.»

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.