Old/New Testament
فەرمانەکانی یەزدان بپارێزن
4 ئێستاش ئەی ئیسرائیل، گوێ لەم فەرز و یاسایانە بگرە کە من فێرتان دەکەم هەتا بەجێی بهێنن و بژین و بچنە ناو ئەو خاکە و دەستی بەسەردا بگرن کە یەزدانی پەروەردگاری باوباپیرانتان دەتانداتێ. 2 ئەو قسانەی من فەرمانتان پێ دەکەم هیچی لێ زیاد و کەم مەکەن، هەتا فەرمانەکانی یەزدانی پەروەردگارتان بپارێزن کە من فەرمانتان پێ دەکەم.
3 چاوەکانتان بینییان یەزدان چی لە بەعلپەعۆردا کرد، هەرچی دوای بەعلی پەعۆر[a] کەوت یەزدانی پەروەردگارتان لەنێوتاندا بە تەواوی لەناوی برد، 4 بەڵام ئێوە کە خۆتان بە یەزدانی پەروەردگارتانەوە گرتووە ئەوا هەمووتان ئەمڕۆ زیندوون.
5 بڕوانە، فەرز و یاساکانم فێرکردن هەروەک یەزدانی پەروەردگارم فەرمانی پێ کردم بۆ ئەوەی ئاوا بکەن لەو خاکەی کە دەچنە ناوی هەتا دەستی بەسەردا بگرن، 6 ئیتر بیانپارێزن و جێبەجێیان بکەن، چونکە ئەوە دانایی و تێگەیشتوویی ئێوەیە لەبەرچاوی ئەو گەلانەی کە گوێیان لەو هەموو فەرزانە دەبێت و دەڵێن، «ئەم گەلە مەزنە گەلێکی دانا و تێگەیشتوون.» 7 چونکە چ گەلێکی مەزن هەیە، خوداوەندێکی نزیکی هەبێت وەک یەزدانی پەروەردگارمان لە هەموو داواکارییەکانمان؟ 8 هەروەها چ گەلێک مەزنە و ئەو فەرز و یاسا ڕاستودروستانەی هەیە وەک ئەو هەموو فێرکردنەی من ئەمڕۆ لەبەردەمتان دایدەنێم؟
9 بەڵام ئاگاداربە و باش خۆت بپارێزە هەتا ئەو شتانە لەبیر نەکەیت کە بە چاوەکانت بینیت، بۆ ئەوەی هەموو ڕۆژانی ژیانت لە دڵت دەرنەچێت و منداڵەکانت و منداڵی منداڵەکانتی پێ فێر بکە. 10 ئەو ڕۆژەت لە یاد بێت کە لە بەرامبەر یەزدانی پەروەردگارت ڕاوەستایت لە حۆرێڤ، کە یەزدان پێی فەرمووم: «گەلم بۆ کۆبکەرەوە و وشەکانی منیان بخەرە بەر گوێ، هەتا فێر بن هەموو ئەو ڕۆژانەی کە لەسەر زەوی زیندوون لێم بترسن و منداڵەکانیان فێر بکەن.» 11 ئێوەش هاتنە پێش و لە خوارەوەی کێوەکە ڕاوەستان و کێوەکە هەتا ناو جەرگەی ئاسمان بە ئاگر داگیرسا بوو، بە تاریکی و تەمی چڕ، 12 جا یەزدان لەنێو ئاگرەکەوە لەگەڵتاندا دوا و ئێوە گوێتان لە دەنگی وشەکان دەگرت، بەڵام هیچ شێوەیەکی ئەوتان نەبینی، تەنها دەنگ نەبێت. 13 ئەویش پەیمانەکەی خۆی پێ ڕاگەیاندن کە فەرمانی پێ کردن کاری پێ بکەن، دە ڕاسپاردەکە کە لەسەر دوو تەختەی بەردی نووسی. 14 لەو کاتەدا یەزدان فەرمانی بە منیش کرد، بۆ ئەوەی فەرز و یاساکانتان فێر بکەم هەتا لەو خاکەدا کاری پێ بکەن کە لە ڕووباری ئوردون بۆی دەپەڕنەوە هەتا دەستی بەسەردا بگرن.
قەدەغەکردنی بتپەرستی
15 ئەو ڕۆژەی یەزدان لە حۆرێڤ لەنێو ئاگرەکەوە لەگەڵتاندا دوا، ئێوە هیچ وێنەیەکتان نەبینی، بۆیە باش خۆتان بپارێزن 16 نەوەک گەندەڵ بن و پەیکەرێکی تاشراو بۆ خۆتان دروستبکەن، وێنەی نموونەیەک لە شێوەی نێرینەیەک یان مێینەیەک، 17 یان لە شێوەی ئاژەڵێک لەوانەی لەسەر زەوین یان لە شێوەی باڵندەیەکی باڵدار لەوانەی لە ئاسمان دەفڕن، 18 یان لە شێوەی خشۆکێک لەوانەی لەسەر زەوییە، یان لە شێوەی ماسییەک لەوانەی لەناو ئاو لەژێر زەوی.[b] 19 هەروەها نەوەک چاو بۆ ئاسمان بەرز بکەیتەوە و تەماشای خۆر و مانگ و ئەستێرەکان و هەموو ئەو شتانەی کە لە ئاسماندا ڕێکخراون بکەیت، کە یەزدانی پەروەردگارت بە هەموو گەلانی داوە کە لەژێر هەموو ئاسمانن[c] و هەڵبخەڵەتێی و کڕنۆشی بۆ ببەیت و بیپەرستیت. 20 یەزدان ئێوەی برد و لە کوورەی ئاسنەوە لە میسرەوە دەریهێنان هەتا وەک ئەمڕۆ ببنە گەلی میراتی ئەو.
21 بەهۆی ئێوەشەوە یەزدان لێم تووڕە بوو و سوێندی خوارد کە من لە ڕووباری ئوردون ناپەڕمەوە و ناچمە ناو خاکە باشەکەی کە یەزدانی پەروەردگارت وەک میرات پێتان دەدات، 22 جا من لەم خاکەدا دەمرم و لە ڕووباری ئوردون ناپەڕمەوە، بەڵام ئێوە دەپەڕنەوە و دەست بەسەر ئەو زەوییە باشە دەگرن. 23 ئاگاداربن، نەوەک پەیمانی یەزدانی پەروەردگارتان لەبیر بکەن کە لەگەڵ ئێوەی بەست و پەیکەرێکی تاشراو بۆ خۆتان دروستبکەن کە لە وێنەی هەر شتێک لەوانەی یەزدانی پەروەردگارتان لێی قەدەغە کردن، 24 چونکە یەزدانی پەروەردگارتان ئاگرێکی بێ ئامانە، خودایەکی ئیرەدارە[d].
25 ئەگەر منداڵ و منداڵی منداڵتان بوو و کاتتان درێژەی کێشا لە خاکەکەدا و گەندەڵ بوون و پەیکەری تاشراوتان دروستکرد، وێنەی هەر شتێک و خراپەتان کرد لەبەرچاوی یەزدانی پەروەردگارتان و پەستتان کرد، 26 ئەمڕۆ ئاسمان و زەوی دەکەم بە شایەتی بەسەرتانەوە کە ئێوە بە خێرایی لەناودەچن لەو خاکەی لە ڕووباری ئوردونەوە بۆی دەپەڕنەوە هەتا دەستی بەسەردا بگرن، درێژە بە ڕۆژانتان نادەن لەسەری و بێگومان لەناودەچن. 27 یەزدان پەرشوبڵاوتان دەکاتەوە لەنێو گەلاندا، جا ژمارەیەکی کەمتان لێ دەمێنێتەوە لەنێو ئەو نەتەوانەی یەزدان دەتانباتە ناویان، 28 لەوێ بت دەپەرستن دروستکراوی دەستی خەڵکە لە دار و لە بەرد کە نابینن و نابیستن و ناخۆن و بۆن ناکەن. 29 بەڵام ئەگەر لەوێوە ڕووتان لە یەزدان کرد، خودای خۆتان، ئەوا بۆتان دەردەکەوێت، ئەگەر بە هەموو دڵ و لە ناخەوە بەدوایدا گەڕان. 30 کاتێک تەنگانەتان هاتە سەر و لە ڕۆژانی دواتر کە هەموو ئەو شتانەتان بەسەرهات، ئەوا بۆ لای یەزدانی پەروەردگارتان دەگەڕێنەوە و گوێڕایەڵی ئەو دەبن، 31 چونکە یەزدانی پەروەردگارتان خودایەکی بە بەزەییە، بەجێتان ناهێڵێت و لەناوتان نابات و پەیمانی باوباپیرانتان لەبیر ناکات کە سوێندی بۆیان خوارد.
یەزدان خۆی خودایە
32 جا سەبارەت بە ڕۆژانی پێشوو پرسیار بکە کە پێش تۆ بووە، لەو ڕۆژەوەی خودا مرۆڤی لەسەر زەوی بەدیهێنا و لەمپەڕی ئاسمان هەتا ئەوپەڕی، ئایا وەک ئەم شتە مەزنە یان هاوتای بیستراوە؟ 33 ئایا هیچ گەلێک گوێیان لە دەنگی خودا بووە لەنێو ئاگرەوە قسە بکات، وەک تۆ گوێت لێ بوو و ژیابێت؟ 34 ئایا هیچ خودایەک هەیە کە هەوڵی دابێت بە تاقیکردنەوە و بە نیشانە و پەرجوو[e]، بە جەنگ و دەستێکی پۆڵایین، بە بازووێکی بەهێز و کاری سامناک، نەتەوەیەک لەنێو نەتەوەیەکی دیکەدا بۆ خۆی تەرخان بکات، وەک هەموو ئەوەی یەزدانی پەروەردگارتان لەبەرچاوتان لە میسر بۆ ئێوەی کرد؟
35 ئەم شتانەت پیشان درا بۆ ئەوەی بزانیت کە یەزدان خۆی خودایە، بێجگە لەو یەکێکی دیکە نییە. 36 لە ئاسمانەوە بەم جۆرەی کرد گوێبیستی بن، تاکو تەمبێت بکات، لەسەر زەویش ئاگری مەزنی خۆی پیشان دایت و لەنێو ئاگرەوە گوێت لە وشەکانی بوو، 37 هەروەها لەبەر ئەوەی باوباپیرانی تۆی خۆشویست و نەوەی ئەوانی هەڵبژارد لە دوایان، بە ئامادەبوونی خۆی و بە هێزە مەزنەکەی خۆی تۆی لە میسرەوە دەرهێنا، 38 بۆ ئەوەی گەلی مەزنتر و بەهێزتر لە خۆت لەبەردەمت دەربکات و بتهێنێت و وەک ئەمڕۆ خاکەکەیانت وەک میرات بداتێ.
39 جا ئەمڕۆ بزانە و لە دڵەوە لێی وردببنەوە، یەزدان خۆی خودایە لە ئاسمان لە سەرەوە و لەسەر زەوی لە خوارەوە و کەسی دیکە نییە، 40 فەرزەکان و فەرمانەکانی بەجێبهێنە کە من ئەمڕۆ فەرمانت پێدەدەم، هەتا چاکە لەگەڵ خۆت و منداڵەکانت بکات لەدوای خۆت و تەمەن درێژ بیت لەسەر ئەو خاکەی یەزدانی پەروەردگارت بۆ هەتاهەتایە پێت دەدات.
شارە پەناگاکان
41 ئیتر موسا لە بەری ڕۆژهەڵاتی ڕووباری ئوردون سێ شاری جیا کردەوە، 42 بۆ ئەوەی ئەو کەسەی کە بەبێ ئەنقەست دراوسێکەی خۆی دەکوژێت بۆ ئەوێ ڕابکات، کە پێشتر ڕقی لێی نەبووەتەوە، جا بۆ یەکێک لەو شارانە هەڵدێت و دەژیێت. 43 ئەمە ئەو شارانە بوون: شاری بەچەر لە دەشتودەر لە زەوی دەشتایی بۆ ڕەئوبێنییەکان و ڕامۆت لە گلعاد بۆ گادییەکان و گۆلان لە باشان بۆ مەنەشەییەکان.
پێشەکی فێرکردنەکان
44 ئەمەش ئەو فێرکردنەیە کە موسا لەبەردەم نەوەی ئیسرائیلدا داینا. 45 ئەمە ئەو یاسا و فەرز و حوکمانەیە کە موسا بە نەوەی ئیسرائیلی گوت کاتێک لە میسر هاتنە دەرەوە، 46 لە بەری ڕۆژهەڵاتی ڕووباری ئوردون لە دۆڵەکە بەرامبەر بێتپەعۆر لە خاکی سیحۆنی پاشای ئەمورییەکان کە لە حەشبۆن فەرمانڕەوا بوو، ئەوەی موسا و نەوەی ئیسرائیل شکاندیان لە کاتی هاتنەدەرەوەیان لە میسر. 47 دەستیان بەسەر خاکەکەیدا گرت لەگەڵ خاکی عۆگی پاشای باشان، هەردوو پاشاکەی ئەمورییەکان کە لە بەری ڕۆژهەڵاتی ڕووباری ئوردون بوون. 48 لە عەرۆعێرەوە کە لەسەر لێواری دەربەندی ئەرنۆنە هەتا چیای سیۆن[f] کە حەرمۆنە، 49 هەروەها هەموو عەراڤا لە بەری ڕۆژهەڵاتی ڕووباری ئوردونەوە هەتا دەریای مردوو[g] لەژێر بنارەکانی پسگە.
دە ڕاسپاردەکە
5 موسا هەموو ئیسرائیلی بانگکرد و پێی گوتن:
ئەی نەوەی ئیسرائیل، گوێ لەو فەرز و یاسایانە بگرن کە ئەمڕۆ دەیخوێنمەوە و گوێتان لێیە و فێری بن و ئاگاداربن هەتا کاری پێ بکەن. 2 یەزدانی پەروەردگارمان پەیمانێکی لە حۆرێڤ لەگەڵ بەستین، 3 ئەو پەیمانەی لەگەڵ باوباپیرانمان نەبەست، بەڵکو لەگەڵ ئێمە کە ئەمڕۆ لێرەین و هەموومان زیندووین. 4 یەزدان ڕووبەڕوو لە کێوەکە لەنێو ئاگرەوە لەگەڵتاندا دوا، 5 لەو کاتەدا من لەنێوان یەزدان و ئێوەدا ڕاوەستا بووم هەتا فەرمایشتی یەزدانتان پێ ڕابگەیەنم، چونکە لەبەر ئاگرەکە ترسان و سەرنەکەوتن بۆ کێوەکە، فەرمووی:
6 «من یەزدانی پەروەردگارتانم کە لە خاکی میسرەوە دەرمهێنان، لە خاکی کۆیلایەتییەوە.
7 «هیچ کەسێکتان خودای دیکەی بێجگە لە منتان نەبێت.
8 «پەیکەر[h] بۆ خۆتان دروستمەکەن، نە لە هیچ شێوەیەکی ئەوانەی لە ئاسمانن لە سەرەوە، نە ئەوانەی لەسەر زەوین لە خوارەوە، نە ئەوانەی لەناو ئاون لەژێر زەوییەوە. 9 کڕنۆشیان بۆ مەبەن و مەیانپەرستن، چونکە منی یەزدانی پەروەردگارتان خودایەکی ئیرەدارم، لە جیاتی گوناهی باوکان سزای منداڵان دەدەم، هەتا نەوەی سێیەم و چوارەمی ناحەزەکانم، 10 بەڵام خۆشەویستی نەگۆڕ بۆ هەزاران لە خۆشەویستانم دەردەخەم، ئەوانەی گوێڕایەڵی ڕاسپاردەکانم دەبن.
11 «ناوی یەزدانی پەروەردگارتان بۆ شتی پووچ مەهێنن، چونکە ئەو کەسانە لەلای یەزدان ئەستۆ پاک نابن کە بۆ شتی پوچەڵ ناوی دەهێنن.
12 «ڕۆژی شەممە[i] بپارێزن، تاکو بە پیرۆزی ڕایبگرن، هەروەک یەزدانی پەروەردگارتان فەرمانی پێ کردن. 13 شەش ڕۆژ ئیش دەکەن و هەموو کارەکەتان دەکەن، 14 بەڵام ڕۆژی حەوتەم شەممەیە بۆ یەزدانی پەروەردگارتان، هیچ کارێک مەکەن، خۆتان و کوڕ و کچ و خزمەتکار و کارەکەر و گا و مانگ و گوێدرێژ و هەر ئاژەڵێکتان و ئەو نامۆیەی لەناو دەروازەی شارەکەتانە هیچ کارێک مەکەن، بۆ ئەوەی خزمەتکار و کارەکەرەکەشتان وەک ئێوە بحەسێنەوە. 15 لە یادتان بێت کە ئێوەش کۆیلە بوون لە خاکی میسر و یەزدانی پەروەردگارتان بە دەستێکی پۆڵایین و بازووێکی بەهێز لەوێ دەریهێنان، لەبەر ئەوە یەزدانی پەروەردگارتان فەرمانی پێ کردن ڕۆژی شەممە بپارێزن.
16 «ڕێزی دایک و باوکتان بگرن هەروەک یەزدانی پەروەردگارتان فەرمانی پێ کردن، بۆ ئەوەی تەمەن درێژ بن و چاکە بێتە ڕێتان لەو خاکەی یەزدانی پەروەردگارتان پێتان دەدات.
17 «مەکوژن[j].
18 «داوێنپیسی مەکەن.
19 «دزی مەکەن.
20 «بە درۆ شایەتی لەسەر کەس مەدەن.
21 «چاو مەبڕنە ژنی کەس. چاو مەبڕنە ماڵ و کێڵگە و خزمەتکار و کارەکەر و گا و مانگا و گوێدرێژی هیچ کەسێک و هەر شتێک کە هی کەسێکی دیکە بێت.»
22 یەزدان بەم ڕاسپاردانە لەگەڵ هەموو کۆمەڵەکەتاندا دوا، لە کێوەکە لەناو ئاگر و هەور و تاریکی چڕ و دەنگێکی بەزر، هیچی زیاد نەکرد و لەسەر دوو تەختەی بەرد نووسی و پێیدام.
23 کاتێک گوێتان لە دەنگەکە بوو لەناو تاریکییەوە و کێوەکە بە ئاگر گڕی گرتبوو، هەموو سەرۆک هۆزەکانتان و پیرەکانتان هاتن بۆ لام. لێم هاتنە پێش و 24 گوتتان، «ئەوەتا یەزدانی پەروەردگارمان شکۆمەندی و مەزنی خۆی پیشان داین و گوێمان لە دەنگی بوو لەناو ئاگرەوە، ئەمڕۆ بینیمان خودا لەگەڵ مرۆڤ دەدوێت و مرۆڤەکەش دەژیێت، 25 بەڵام ئێستا بۆچی بمرین؟ چونکە ئەو ئاگرە مەزنە دەمانخوات. ئەگەر لەوە زیاتر گوێمان لە دەنگی یەزدانی پەروەردگارمان بوو ئەوا دەمرین، 26 چونکە کێ وەک ئێمە لە هەموو ئادەمیزاد گوێی لە دەنگی خودای زیندوو بووە لەناو ئاگرەوە بدوێت و ژیابێت؟ 27 تۆ بڕۆ پێشەوە و گوێ لە هەموو ئەوە بگرە کە یەزدانی پەروەردگارمان دەیڵێت و هەموو ئەوەی یەزدانی پەروەردگارمان پێت دەڵێت، پێمانی بڵێ، جا گوێ دەگرین و کاری پێدەکەین.»
28 یەزدانیش گوێی لە قسەکانتان بوو کاتێک قسەتان لەگەڵ کردم و یەزدان پێی فەرمووم، «گوێم لە دەنگی قسەی ئەم گەلە بوو کە لەگەڵتدا دوان. لە هەموو ئەوەی گوتیان باش بوو، 29 خۆزگە هەمیشە دڵیان ئاوا دەبوو هەتا لێم بترسن و هەموو فەرمانەکانم بپارێزن، هەتاوەکو بۆ هەتاهەتایە چاکە بێتە سەر ڕێگای خۆیان و کوڕەکانیان.
30 «بڕۆ پێیان بڵێ: ”بگەڕێنەوە چادرەکانی خۆتان،“ 31 بەڵام تۆ لێرە لەگەڵم بوەستە، باسی هەموو فەرمان و فەرز و یاساکانت بۆ دەکەم کە فێریان دەکەیت و ئەوان لەو خاکەدا پەیڕەوی دەکەن کە من پێیان دەدەم هەتا دەستی بەسەردا بگرن.»
32 ئیتر ئاگاداربن بۆ ئەوەی هەموو ئەوە بکەن هەروەک یەزدانی پەروەردگارتان فەرمانی پێ کردن، بەلای ڕاست و چەپدا لامەدەن، 33 هەموو ئەو ڕێگایەی یەزدانی پەروەردگارتان فەرمانی پێ کردن دەیگرنەبەر، هەتا بژین و چاکە بێتە ڕێگاتان و درێژە بە ڕۆژانتان بدەن لەو خاکەی دەستی بەسەردا دەگرن.
یەزدانی پەروەردگارت خۆشبوێت
6 ئەمە ئەو فەرمان و فەرز و یاسایانەیە کە یەزدانی پەروەردگارتان فەرمانی دا فێرتانی بکەم، هەتا لەو خاکەدا پەیڕەوی بکەن کە لە ڕووباری ئوردونەوە بۆی دەپەڕنەوە هەتا دەستی بەسەردا بگرن، 2 هەتا لە یەزدانی پەروەردگارتان بترسن و هەموو فەرز و فەرمانەکانی بەجێبهێنن کە من بە ئێوە و منداڵ و نەوەکانتان فەرمانیان پێدەدەم هەموو ڕۆژانی ژیانتان، هەتا ڕۆژانتان درێژ بێت. 3 جا ئەی ئیسرائیل، گوێ بگرن و ئاگاداربن بە گوێڕایەڵیتان، هەتا چاکە بێتە ڕێگاتان و زۆر زۆرتر ببن، هەروەک یەزدانی پەروەردگاری باوباپیرانتان بەڵێنی پێدان لەو خاکەی شیر و هەنگوینی لێ دەڕژێت.
4 ئەی ئیسرائیل گوێ بگرن، یەزدانی پەروەردگارمان یەک یەزدانە، 5 جا بە هەموو دڵ و بە هەموو گیان و بە هەموو تواناتانەوە یەزدانی پەروەردگارتان خۆشبوێ. 6 با ئەم ڕاسپاردانەی من ئەمڕۆ فەرمانتان پێ دەکەم لەسەر دڵتان بێت و 7 بۆ منداڵەکانتانی بگێڕنەوە و باسی بکەن کاتێک لە ماڵ دادەنیشن و کاتێک بە ڕێگادا دەڕۆن و کاتێک دەخەون و کاتێک هەڵدەستن، 8 وەک نیشانەیەکیش لەسەر دەستتان بیبەستن و با گوڵنگ بێت بە ناوچەوانتانەوە و 9 لەسەر چوارچێوەی دەرگای ماڵ و حەوشەکانتان بینووسن.
10 کاتێکیش یەزدانی پەروەردگارتان ئێوەی هێنا بۆ ئەو خاکەی کە سوێندی بۆ ئیبراهیم و ئیسحاق و یاقوبی باوباپیرانتان خوارد کە بتانداتێ، بۆ شاری مەزن و چاک کە ئێوە بنیادتان نەناوە، 11 ماڵی پڕ لە خێروبێر کە ئێوە پڕتان نەکردووە، بیری لێدراو کە ئێوە لێتان نەداوە، مێو و زەیتوون کە ئێوە نەتانڕواندووە، کە کاتێک خواردتان تێر بوون، 12 جا ئاگاداربن نەوەک یەزدان لەبیر بکەن کە لە خاکی میسر لە ماڵی کۆیلەیی دەریهێنان.
13 لە یەزدانی پەروەردگارتان دەترسن و تەنها ئەو دەپەرستن و بە ناوی ئەوەوە سوێند دەخۆن. 14 بەدوای خودای دیکەدا مەڕۆن، لە خوداوەندەکانی ئەو نەتەوانەی لە دەوروبەرتانن، 15 چونکە یەزدانی پەروەردگارتان خودایەکی ئیرەدارە لەنێوتان، نەوەک تووڕەیی یەزدانی پەروەردگارتان بجۆشێت بەسەرتان و لەسەر ڕووی ئەم خاکە لەناوتان ببات. 16 یەزدانی پەروەردگارتان تاقی مەکەنەوە وەک لە مەسا تاقیتان کردەوە. 17 بە تەواوی فەرمان و یاسا و فەرزەکانی یەزدانی پەروەردگارتان بەجێبهێنن کە فەرمانی پێ کردوون. 18 ئەوەی ڕاستە و باشە لەبەرچاوی یەزدانی پەروەردگارتان بیکەن، هەتا چاکە بێتە ڕێگاتان و بچنە ناوەوە و دەست بەسەر ئەو خاکە چاکەدا بگرن کە یەزدان سوێندی بۆ باوباپیرانتان خوارد، 19 کە هەموو دوژمنانتان لەبەردەم ڕابماڵێت، وەک یەزدان فەرمووی.
20 ئەگەر لە داهاتوودا منداڵەکانتان لێیان پرسین، گوتیان، «ئەو یاسا و فەرز و حوکمانە چین کە یەزدانی پەروەردگارمان فەرمانی پێ کردن؟» 21 بە منداڵەکانتان دەڵێن: «لە میسر کۆیلەی فیرعەون بووین و یەزدان بە دەستێکی بەهێز لە میسرەوە دەریهێناین و 22 یەزدان لەبەرچاومان نیشانە و پەرجووی مەزن و سامناکی بەسەر میسر و فیرعەون و هەموو ماڵەکەی نارد و 23 لەوێوە دەریهێناین هەتا بمانهێنێت و ئەو خاکەمان بداتێ کە بۆ باوباپیرانمان سوێندی خواردبوو. 24 جا یەزدان فەرمانی پێ کردین هەموو ئەو فەرزانە بەجێبهێنین و لە یەزدانی پەروەردگارمان بترسین، هەتا هەموو ڕۆژان چاکەمان بێتە ڕێ و بمانهێڵێتەوە وەک ئەمڕۆ، 25 ڕاستودروستیشمان بۆ دەبێت ئەگەر هەموو ئەو فەرمانانەمان پاراست هەتا لەبەردەم یەزدانی پەروەردگارمان بیکەین، هەروەک فەرمانی پێ کردین.»
کەژاوەی پاشایانە
11 کاتێک لە ئۆرشەلیم نزیک بوونەوە، لە بێتفاجی و بێتعەنیا لەلای کێوی زەیتوون، عیسا دووان لە قوتابییەکانی نارد، 2 پێی فەرموون: «بڕۆنە ئەو گوندەی بەرامبەرتان، کاتێک دەچنە ناوی، دەبینن جاشکێک بەستراوەتەوە هەتا ئێستا کەس سواری نەبووە، بیکەنەوە و بیهێنن. 3 ئەگەر یەکێک لێی پرسین: ”بۆ ئەمە دەکەن؟“ بڵێن: ”گەورەمان پێویستی پێیەتی، ئینجا زوو دەینێرێتەوە بۆ ئێرە.“»
4 چوون و لە شەقامەکە بینییان جاشکێک لە دەرگای دەرەوە بەستراوەتەوە، ئەوانیش کردیانەوە. 5 هەندێک کەس لەوێ ڕاوەستابوون، لێیان پرسین: «چی دەکەن، جاشکەکە دەکەنەوە؟» 6 وەک عیسا پێی فەرمووبوون وەڵامیان دایەوە، ئیتر ڕێگایان دان. 7 جاشکەکەیان بۆ عیسا هێنا و کەواکانیان خستە سەری، ئەویش سواری بوو. 8 زۆریش کەواکانیان لەسەر ڕێگاکە ڕاخست، هەندێکیش لە باخەکان لقەداریان بڕیبووەوە. 9 ئەوانەی لەپێشییەوە و ئەوانەش کە لەدوایەوە دەڕۆیشتن، هاواریان دەکرد:
10 «پیرۆزە ئەو شانشینەی داودی باوکمان کە دێت!»
«هۆسانا بۆ خودا!»
11 عیسا چووە ناو ئۆرشەلیم بۆ ناو حەوشەکانی پەرستگا، تەماشای هەموو شتێکی دەوروبەری کرد، بەڵام لەبەر ئەوەی کاتەکە درەنگ داهات، لەگەڵ دوازدە قوتابییەکە چوونە دەرەوەی شار بۆ گوندی بێتعەنیا.
دار هەنجیری بێ بەر
12 بۆ بەیانی کە بێتعەنیایان بەجێهێشت، عیسا برسی بوو. 13 لە دوورەوە دار هەنجیرێکی بینی گەڵای کردبوو، ڕووی تێکرد تاکو شتێکی پێوە ببینێت. گەیشتە لای و لە گەڵا زیاتر هیچی پێوە نەبینی، چونکە وەرزی هەنجیر نەبوو. 14 ئینجا پێی فەرموو: «ئیتر هەرگیز کەس لە بەرت ناخوات.» قوتابییەکانیشی گوێیان لێبوو.
پاککردنەوەی پەرستگا
15 هاتنە ئۆرشەلیم و عیسا چووە ناو حەوشەکانی پەرستگا و دەستی کرد بە دەرکردنی ئەوانەی لەوێ خەریکی کڕین و فرۆشتن بوون، مێزی پارەگۆڕەوان و کورسی کۆترفرۆشانی وەرگێڕا. 16 نەیدەهێشت کەس بە شتومەکەوە بە ناو حەوشەکانی پەرستگادا تێبپەڕێت. 17 فێری دەکردن و دەیفەرموو: «ئایا نەنووسراوە:
18 کاهینانی باڵا و مامۆستایانی تەورات گوێیان لێبوو، بیریان دەکردەوە چۆن لەناوی ببەن، چونکە لێی دەترسان لەبەر ئەوەی هەموو خەڵکەکە لە فێرکردنەکانی سەرسام ببوون.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.