Old/New Testament
هۆزەکانی ئەوبەری ڕووباری ئوردون
32 بەڵام نەوەی ڕەئوبێن و نەوەی گاد گاوگۆتاڵی زۆریان هەبوو، کاتێک بینییان خاکی یەعزێر و خاکی گلعاد شوێنی مەڕوماڵاتە، 2 ئیتر نەوەی گاد و نەوەی ڕەئوبێن هاتن، لەگەڵ موسا و ئەلعازاری کاهین و ڕابەرەکانی کۆمەڵدا دوان و گوتیان: 3 «عەتەرۆت و دیڤۆن و یەعزێر و نیمرا و حەشبۆن و ئەلعالێ و سەڤام و نەبۆ و بەعۆن، 4 ئەو خاکەی یەزدان لەبەردەم کۆمەڵی ئیسرائیل بەزاندی، ئەوە خاکی مەڕوماڵاتە و خزمەتکارەکانیشت مەڕوماڵاتیان هەیە.» 5 هەروەها گوتیان: «ئەگەر لەبەرچاوت پەسەندین، با ئەو خاکە بدرێت بە خزمەتکارەکانت و ببێت بە موڵکمان و لە ڕووباری ئوردون مەمانپەڕێنەوە.»
6 موساش بە نەوەی گاد و ڕەئوبێنی گوت: «ئایا دەبێت براکانتان بۆ جەنگ بڕۆن و ئێوەش لێرە دانیشن؟ 7 بۆچی دڵی نەوەی ئیسرائیل سارد دەکەنەوە لە پەڕینەوەیان بۆ ئەو خاکەی یەزدان پێیداون؟ 8 باوکانتان ئاوایان کرد کاتێک لە قادێش بەرنێعەوە ئەوانم نارد هەتا تەماشای خاکەکە بکەن، 9 بە دۆڵی ئەشکۆلدا سەرکەوتن و تەماشای خاکەکەیان کرد و دڵی نەوەی ئیسرائیلیان سارد کردەوە لە چوونە ناو ئەو خاکەی یەزدان پێیداون. 10 لەو ڕۆژەدا تووڕەیی یەزدان جۆشا و سوێندی خوارد و فەرمووی: 11 ”ئەو خەڵکەی کە لە میسر هاتنە دەرەوە، لە گەنجی بیست ساڵ بەرەو سەرەوە، ناچنە ناو ئەو خاکەی سوێندم لەسەری خوارد بۆ ئیبراهیم و ئیسحاق و یاقوب، چونکە بە هەموو دڵیانەوە دوام نەکەوتن، 12 تەنها کالێبی کوڕی یەفونەی قەنیزی و یەشوعی کوڕی نون نەبێت، چونکە بە هەموو دڵیانەوە دوای یەزدان کەوتن.“ 13 تووڕەیی یەزدان بەسەر ئیسرائیلدا جۆشا و چل ساڵ لە چۆڵەوانی وێڵی کردن، هەتا هەموو ئەو نەوەیە لەناوچوون کە لەبەرچاوی یەزدان خراپەیان کرد.
14 «ئەوەتا ئێوەش لە جیاتی باوکانتان هەستاون، کۆمەڵە خەڵکێکی گوناهبارن، هەتا کوڵی تووڕەیی یەزدان لەسەر ئیسرائیل زیاتر بکەن. 15 ئەگەر لێی هەڵگەڕێنەوە، ئەوا دیسان لەم چۆڵەوانییە وازیان لێ دەهێنێت، ئیتر دەبنە هۆی لەناوچوونی هەموو ئەم گەلە.»
16 ئەوانیش لێی هاتنە پێش و گوتیان: «لێرە پشتیر[a] بۆ ماڵاتەکانمان و چەند شارێک بۆ ژن و منداڵەکانمان بنیاد دەنێین، 17 بەڵام خۆمان چەک هەڵدەگرین و بە خێرایی پێش نەوەی ئیسرائیل دەکەوین هەتا دەیانبەینە شوێنەکەیان. هەروەها ژن و منداڵەکانیشمان لەبەر دانیشتووانی ئەم خاکە لە شاری قەڵابەند دەبن. 18 ناگەڕێینەوە ماڵەکانمان هەتا نەوەی ئیسرائیل هەریەکە میراتگری میراتەکەی خۆی نەبێت، 19 ئێمە لە پشتی ڕووباری ئوردون و بەو لاوە میراتمان لەگەڵیان نابێت، چونکە میراتی خۆمان لە بەری ڕۆژهەڵاتی ڕووباری ئوردون وەرگرت.»
20 موساش پێی گوتن: «ئەگەر ئەمەتان کرد، ئەگەر لەبەردەم یەزدان چەکتان بۆ جەنگ هەڵگرت و 21 هەموو چەکدارەکانتان لە ڕووباری ئوردون پەڕینەوە، هەتا هەموو دوژمنەکانی لەبەردەمی خۆی دەرکرد و 22 خاکەکە لەبەردەم یەزدان ژێردەستە کرا و لەدوای ئەمە گەڕانەوە، ئەوا سەبارەت بە یەزدان و بە ئیسرائیل ئازاد دەبن لە پابەندییەکەتان و لەبەردەم یەزدان ئەم خاکە دەبێتە موڵکتان.
23 «بەڵام ئەگەر وا نەکەن، ئەوا گوناه لە دژی یەزدان دەکەن و دەزانن خۆتان تووشی چ گوناهێک دەکەن. 24 بۆ خۆتان چەند شارێک بۆ ژن و منداڵەکانتان و پشتیر بۆ ماڵاتەکانتان بنیاد بنێن، ئەوەی بەڵێنتان دا بیکەن.»
25 نەوەی گاد و نەوەی ڕەئوبێن لەگەڵ موسادا دوان و گوتیان: «خزمەتکارەکانت ئاوا دەکەن، وەک گەورەم فەرمانی دا، 26 ژن و منداڵ و گاوگۆتاڵەکانمان لەوێ لە شارەکانی گلعاد دەبن. 27 بەڵام خزمەتکارەکانت، هەموو چەک هەڵگرەکان لەبەردەم یەزدان بۆ جەنگ دەپەڕنەوە، وەک گەورەمان گوتی.»
28 موساش لەبارەی ئەوانەوە فەرمانی بە ئەلعازاری کاهین و یەشوعی کوڕی نون و گەورەی بنەماڵەکانی هۆزەکانی نەوەی ئیسرائیل کرد و 29 پێی گوتن: «ئەگەر نەوەی گاد و نەوەی ڕەئوبێن، هەموو چەک هەڵگرەکان بۆ جەنگ، لەبەردەم یەزدان لەگەڵتان لە ڕووباری ئوردون پەڕینەوە. کاتێک خاکەکە کەوتە ژێر دەستتان، ئەوا خاکی گلعادیان وەک موڵک پێدەدەن. 30 بەڵام ئەگەر بە چەکەوە لەگەڵتان نەپەڕینەوە، ئەوا لەنێوتان لە خاکی کەنعان موڵکیان دەبێت.»
31 نەوەی گاد و نەوەی ڕەئوبێن وەڵامیان دایەوە و گوتیان: «ئەوەی یەزدان سەبارەت بە خزمەتکارەکانت فەرمووی، ئاوا دەکەین. 32 ئێمە بە چەکەوە لەبەردەم یەزدان بۆ خاکی کەنعان دەپەڕینەوە، بەڵام لە ڕۆژهەڵاتی ڕووباری ئوردون بەشە میراتمان دەدرێتێ.»
33 ئینجا موسا پاشایەتییەکەی سیحۆنی پاشای ئەمورییەکان و پاشایەتییەکەی عۆگی پاشای باشان، تەواوی خاکەکە لەگەڵ شارەکانی و بە سنوورەکانی دەوروبەریەوە دایە نەوەی گاد و نەوەی ڕەئوبێن و نیوەی هۆزی مەنەشەی[b] کوڕی یوسف.
34 نەوەی گاد دیڤۆن و عەتەرۆت، عەرۆعێر، 35 عەترۆت شۆفان، یەعزێر، یۆگبەها، 36 بێتنیمرا و بێتهارانیان کردە شاری قەڵابەند، پشتیری مەڕیشیان بنیاد نا، 37 نەوەی ڕەئوبێنیش حەشبۆن و ئەلعالێ و قیریاتەیم و 38 نەبۆ و بەعلمەعۆن کە ناوەکەیان گۆڕیوە و هەروەها سیڤما، ناویشیان لەو شارانە نا کە بنیادیان ناوە.
39 نەوەی ماکیری کوڕی مەنەشەش چوونە گلعاد و گرتیان، ئەو ئەمورییانەیان دەرکرد کە تێیدا بوون. 40 ئینجا موساش گلعادی دا بە ماکیرییەکان، کە نەوەی مەنەشەن، ئەوانیش تێیدا نیشتەجێ بوون. 41 یائیری نەوەی مەنەشەش چوو و دەستی بەسەر ئاوەدانییەکانیاندا گرت و ناوی لێنان حەڤۆت یائیر. 42 نۆڤەحیش چوو و دەستی بەسەر قەنات و ئاوەدانییەکانیدا گرت و بە ناوی خۆیەوە ناوی لێنا نۆڤەح.
کۆچەکانی نەوەی ئیسرائیل
33 ئەمانە قۆناغەکانی کۆچی نەوەی ئیسرائیلن کە بە لەشکرەکانیانەوە لەسەر دەستی موسا و هارون لە خاکی میسرەوە هاتنە دەرەوە. 2 موساش بەپێی فەرمانی یەزدان قۆناغی کۆچەکانیانی تۆمار کرد. ئەمەش کۆچەکانیانە، قۆناغ بە قۆناغ:
3 لە ڕۆژی پازدەی مانگی یەک، لە ڕۆژی دوای جەژنی پەسخە لە ڕەعمسێسەوە کۆچیان کرد. نەوەی ئیسرائیل بوێرانە لەبەرچاوی هەموو میسرییەکان چوونە دەرەوە. 4 لەو کاتەدا میسرییەکان هەموو نۆبەرەکانی خۆیانیان دەناشت کە یەزدان لێیدابوون، چونکە یەزدان حوکمی خوداوەندەکانی ئەوانی دابوو.
5 نەوەی ئیسرائیل لە ڕەعمسێسەوە کۆچیان کرد و لە سوکۆت چادریان هەڵدا.
6 ئینجا لە سوکۆتەوە کۆچیان کرد و لە ئێتام چادریان هەڵدا کە لە قەراغی چۆڵەوانییە.
7 پاشان لە ئێتامەوە کۆچیان کرد و گەڕانەوە لای پیهەحیرۆت، کە لە ڕۆژهەڵاتی بەعلچیفۆنە و بەرامبەر مگدۆل چادریان هەڵدا.
8 پاشان لە پیهەحیرۆتەوە کۆچیان کرد و بەناو دەریادا پەڕینەوە بۆ چۆڵەوانی و سێ ڕۆژە ڕێ لە چۆڵەوانی ئێتامدا ڕۆیشتن، لە مارا چادریان هەڵدا.
9 پاشان لە ماراوە کۆچیان کرد و هاتنە ئێلیم، لە ئێلیمیش دوازدە کانیاو و حەفتا دار خورمای لێبوو، لەوێ چادریان هەڵدا.
10 پاشان لە ئێلیمەوە کۆچیان کرد و لەلای دەریای سوور چادریان هەڵدا.
11 پاشان لەلای دەریای سوورەوە کۆچیان کرد و لە چۆڵەوانی سین[c] چادریان هەڵدا.
12 پاشان لە چۆڵەوانی سینەوە کۆچیان کرد و لە دۆفقە چادریان هەڵدا.
13 پاشان لە دۆفقەوە کۆچیان کرد و لە ئالوش چادریان هەڵدا.
14 پاشان لە ئالوشەوە کۆچیان کرد و لە ڕەفیدیم چادریان هەڵدا، لەوێ هیچ ئاو نەبوو تاکو گەل بیخۆنەوە.
15 پاشان لە ڕەفیدیمەوە کۆچیان کرد و لە چۆڵەوانی سینا چادریان هەڵدا.
16 پاشان لە چۆڵەوانی سیناوە کۆچیان کرد و لە قیبرۆت هەتەڤا چادریان هەڵدا.
17 پاشان لە قیبرۆت هەتەڤایەوە کۆچیان کرد و لە حەچێرۆت چادریان هەڵدا.
18 پاشان لە حەچێرۆتەوە کۆچیان کرد و لە ڕیتمە چادریان هەڵدا.
19 پاشان لە ڕیتمەوە کۆچیان کرد و لە ڕیمۆن پێرێز چادریان هەڵدا.
20 پاشان لە ڕیمۆن پێرێزەوە کۆچیان کرد و لە لیڤنا چادریان هەڵدا.
21 پاشان لە لیڤناوە کۆچیان کرد و لە ڕیسە چادریان هەڵدا.
22 پاشان لە ڕیسەوە کۆچیان کرد و لە قەهێلاتە چادریان هەڵدا.
23 پاشان لە قەهێلاتەیەوە کۆچیان کرد و لە کێوی شافەر چادریان هەڵدا.
24 پاشان لە کێوی شافەرەوە کۆچیان کرد و لە حەرادە چادریان هەڵدا.
25 پاشان لە حەرادەوە کۆچیان کرد و لە مەقهێلۆت چادریان هەڵدا.
26 پاشان لە مەقهێلۆتەوە کۆچیان کرد و لە تاحەت چادریان هەڵدا.
27 پاشان لە تاحەتەوە کۆچیان کرد و لە تارەح چادریان هەڵدا.
28 پاشان لە تارەحەوە کۆچیان کرد و لە میتقە چادریان هەڵدا.
29 پاشان لە میتقەوە کۆچیان کرد و لە حەشمۆنە چادریان هەڵدا.
30 پاشان لە حەشمۆنەوە کۆچیان کرد و لە مۆسێرۆت چادریان هەڵدا.
31 پاشان لە مۆسێرۆتەوە کۆچیان کرد و لە بەنێ یەعقان چادریان هەڵدا.
32 پاشان لە بەنێ یەعقانەوە کۆچیان کرد و لە حۆر هەگیدگاد چادریان هەڵدا.
33 پاشان لە حۆر هەگیدگادەوە کۆچیان کرد و لە یۆتباتە چادریان هەڵدا.
34 پاشان لە یۆتباتەیەوە کۆچیان کرد و لە عەڤرۆنە چادریان هەڵدا.
35 پاشان لە عەڤرۆنەیەوە کۆچیان کرد و لە عەچیۆن گەڤەر چادریان هەڵدا.
36 پاشان لە عەچیۆن گەڤەرەوە کۆچیان کرد و لە چۆڵەوانی چن کە قادێشە چادریان هەڵدا.
37 پاشان لە قادێشەوە کۆچیان کرد و لە کێوی هۆر چادریان هەڵدا کە لە نزیکی سنووری خاکی ئەدۆمە. 38 لە یەکی مانگی پێنجی چلەمین ساڵی هاتنەدەرەوەی نەوەی ئیسرائیل لە خاکی میسر، هارونی کاهین بەپێی فەرمانی یەزدان بۆ سەر کێوی هۆر سەرکەوت و لەوێ مرد. 39 هارون تەمەنی سەد و بیست و سێ ساڵ بوو کاتێک لە کێوی هۆر مرد.
40 پاشای عەرادیش کە کەنعانی بوو و لە نەقەب لە خاکی کەنعان نیشتەجێ بوو، هاتنی نەوەی ئیسرائیلی بیست.
41 ئینجا لە کێوی هۆرەوە کۆچیان کرد و لە چەلمۆنا چادریان هەڵدا.
42 پاشان لە چەلمۆنایەوە کۆچیان کرد و لە پونۆن چادریان هەڵدا.
43 پاشان لە پونۆنەوە کۆچیان کرد و لە ئۆڤۆت چادریان هەڵدا.
44 پاشان لە ئۆڤۆتەوە کۆچیان کرد و لە عییی عەڤاریم چادریان هەڵدا، کە لە سنووری مۆئابە.
45 پاشان لە عییی عەڤاریم کۆچیان کرد و لە دیڤۆن گاد چادریان هەڵدا.
46 پاشان لە دیڤۆن گادەوە کۆچیان کرد و لە عەلمۆن دیڤلاتایم چادریان هەڵدا.
47 پاشان لە عەلمۆن دیڤلاتایمەوە کۆچیان کرد و لە زنجیرە چیای عەڤاریم ڕووبەڕووی نەبۆ چادریان هەڵدا.
48 پاشان لە زنجیرە چیای عەڤاریمەوە کۆچیان کرد و لە دەشتی مۆئاب لەسەر کەناری ڕووباری ئوردون بەرامبەر ئەریحا چادریان هەڵدا، 49 لە کەناری ڕووباری ئوردون لە بێتیەشیمۆتەوە هەتا ئابێل شیتیم لە دەشتی مۆئاب چادریان هەڵدا.
50 یەزدان لە دەشتی مۆئاب لەسەر کەناری ڕووباری ئوردون بەرامبەر ئەریحا بە موسای فەرموو: 51 «لەگەڵ نەوەی ئیسرائیل بدوێ و پێیان بڵێ: ”کاتێک ئێوە لە ڕووباری ئوردون دەپەڕنەوە بۆ خاکی کەنعان، 52 هەموو دانیشتووانی خاکەکە لەپێش خۆتان دەردەکەن. هەموو پەیکەرە تاشراو و بتە داڕێژراوەکانیان لەناودەبەن، هەموو نزرگەکانی سەر بەرزاییان[d] تێکدەدەن. 53 خاکەکە داگیر دەکەن و تێیدا نیشتەجێ دەبن، چونکە من خاکەکەم پێداون بۆ ئەوەی ببنە خاوەنی و 54 خاکەکەش بەگوێرەی خێڵەکانتان بە تیروپشک دابەش دەکەن، میراتی زۆر بدەنە زۆرەکان و میراتی کەم بدەنە کەمەکان، لەکوێ تیروپشکی بۆ دەرچوو ئەوێ بۆ ئەوە، بەگوێرەی هۆزەکانی باوکانتان میراتگری دەکەن.
55 «”ئەگەر دانیشتووانی خاکەکەش لەپێش خۆتان دەرنەکەن، ئەوا ئەوانەی دەیانهێڵنەوە دەبنە چقڵ لە چاوتان و دڕک لە کەلەکەتان و لەو خاکەی تێیدا نیشتەجێن تەنگتان پێ هەڵدەچنن، 56 ئینجا بە ئێوەی دەکەم، ئەوەی بەتەمام بەوانی بکەم.“»
سنوورەکانی کەنعان
34 هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو: 2 «فەرمان بە نەوەی ئیسرائیل بکە و پێیان بڵێ: ”کاتێک ئێوە دەچنە ناو خاکی کەنعانەوە، ئەمە ئەو خاکەیە کە دەبێتە میراتتان، خاکی کەنعان بە سنوورەکانییەوە:
3 «”لەلای باشووری ئێوە لە چۆڵەوانی چنەوە لەلای ئەدۆم دەبێت، سنووری باشوورتان لە ڕۆژهەڵات لە کۆتایی دەریای مردووەوە[e] دەستپێدەکات. 4 هەروەها سنوورەکە لە باشووری هەورازی دووپشکەوە بۆتان دەسووڕێتەوە و بەردەوام دەبێت هەتا چن و لە باشووری قادێش بەرنێعەوە هەتا حەچەر ئەدار دەچێت و تێدەپەڕێت بۆ عەچمۆن، 5 لە عەچمۆنیش دەسووڕێتەوە و دەگاتە دۆڵی میسر، کۆتاییەکەی لەلای دەریای سپی ناوەڕاست[f] دەبێت.
6 «”بەڵام سنووری ڕۆژئاوا، ئەوا دەریای سپی ناوەڕاست[g] دەبێت. ئەمەیە سنووری ڕۆژئاواتان.
7 «”بۆ دیاریکردنی سنووری باکوورتان، هێڵێک بکێشن لە دەریای سپی ناوەڕاستەوە هەتا کێوی هۆر، 8 هەروەها لە کێوی هۆرەوە هەتا دەروازەی حەمات. پاشان سنوورەکە دەچێت بۆ چەداد، 9 بەردەوام دەبێت بۆ زیفرۆن و کۆتاییەکەی لە حەچەر عێینان دەبێت. ئەمە دەبێتە سنووری باکوورتان.
10 «”هەروەها سنوور بۆ خۆتان دەکێشن بۆ ڕۆژهەڵات، لە حەچەر عێینانەوە هەتا شەفام. 11 لە شەفامەوە بەرەو خوارەوە دەچێت هەتا ڕیڤلە لە ڕۆژهەڵاتی عەین. ئینجا سنوورەکە بەرەو خوارەوە دەچێت لە بناری کێوەکانی دەریاچەی جەلیل[h] دەدات بەلای ڕۆژهەڵاتدا، 12 پاشان سنوورەکە بە درێژایی کەناری ڕووباری ئوردون بەرەو خوارەوە دەچێت و کۆتاییەکەی لەلای دەریای مردوو دەبێت.
«”ئەم خاکە بە سنوورەکانی و چواردەوریشییەوە بۆ ئێوە دەبێت.“»
13 موساش فەرمانی بە نەوەی ئیسرائیل کرد و گوتی: «ئەمە ئەو خاکەیە کە بە تیروپشک میراتگری دەکەن، کە یەزدان فەرمانی دا بە نۆ هۆز و نیوەکە بدرێت، 14 چونکە هۆزی نەوەی ڕەئوبێن بەگوێرەی بنەماڵەکانیان و هۆزی نەوەی گاد بەگوێرەی بنەماڵەکانیان و نیوەی هۆزی مەنەشە میراتی خۆیان وەرگرت. 15 دوو هۆز و نیوەکە میراتی خۆیان لە ڕۆژهەڵاتی ڕووباری ئوردون لەلای ئەریحا بەرەو ڕۆژهەڵات وەرگرت.»
16 هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو: 17 «ئەمە ناوی ئەو دوو پیاوەیە کە خاکەکەتان بۆ دابەش دەکەن، ئەلعازاری کاهین و یەشوعی کوڕی نون، 18 لە هەر هۆزێکیش ڕابەرێک دەبەن بۆ بەمیراتکردنی خاکەکە. 19 ئەمەش ناوی پیاوەکانە:
لە هۆزی یەهودا،
کالێبی کوڕی یەفونە؛
20 لە هۆزی نەوەی شیمۆن،
شەموئێلی کوڕی عەمیهود؛
21 لە هۆزی بنیامین،
ئەلیدادی کوڕی کیسلۆن؛
22 لە هۆزی نەوەی دان،
بوقی کوڕی یۆگلیی ڕابەر؛
23 لە نەوەی یوسف، لە هۆزی نەوەی مەنەشە،
حەنیێلی کوڕی ئێفۆدی ڕابەر؛
24 لە نەوەی یوسف، لە هۆزی نەوەی ئەفرایم،
قەموئێلی کوڕی شیفتانی ڕابەر؛
25 لە هۆزی نەوەی زەبولون،
ئەلیچافانی کوڕی پەرناخی ڕابەر؛
26 لە هۆزی نەوەی یەساخار،
پەلتیێلی کوڕی عەزانی ڕابەر؛
27 لە هۆزی نەوەی ئاشێر،
ئەحیهودی کوڕی شەلۆمیی ڕابەر؛
28 لە هۆزی نەوەی نەفتالی،
پەدەهەئێلی کوڕی عەمیهودی ڕابەر.»
29 ئەمانە ئەو کەسانەن کە یەزدان فەرمانی پێ کردن، هەتا میراتگیری خاکی کەنعان بۆ نەوەی ئیسرائیل دابەش بکەن.
دووەم باسی مردنی عیسا
30 لەوێ ڕۆیشتن و بە جەلیلدا تێپەڕین، عیساش نەیویست کەس بزانێت، 31 چونکە قوتابییەکانی فێردەکرد و پێی دەفەرموون: «کوڕی مرۆڤ دەدرێتە دەست خەڵک و دەیکوژن، دوای کوشتنی بە سێ ڕۆژ هەڵدەستێتەوە.» 32 بەڵام ئەوان لە قسەکە تێنەگەیشتن و ترسان لێی بپرسن.
کێ پایەبەرزترە؟
33 ئینجا هاتنە کەفەرناحوم. کە گەیشتە ماڵەوە، لێی پرسین: «لە ڕێگا گفتوگۆی چیتان دەکرد؟» 34 بەڵام ئەوان بێدەنگ بوون، چونکە لە ڕێگا مشتومڕیان لەگەڵ یەکتر کرد کە کامیان پایەبەرزترە.
35 عیسا دانیشت و دوازدە قوتابییەکەی بانگکرد، پێی فەرموون: «ئەگەر یەکێک ویستی یەکەم بێت، با لەدوای هەمووان و خزمەتکاری هەمووان بێت.»
36 ئینجا منداڵێکی هێنا و لەناوەڕاستیاندا ڕایگرت، گرتییە باوەشی و پێی فەرموون: 37 «ئەوەی بە ناوی منەوە پێشوازی لە یەکێک لەم منداڵانە بکات، پێشوازی لە من دەکات، ئەوەی پێشوازیم لێ بکات، پێشوازی لە من ناکات، بەڵکو لەوەی ناردوومی.»
ئەوەی دژمان نییە لەگەڵمانە
38 یۆحەنا پێی گوت: «مامۆستا، یەکێکمان بینی بە ناوی تۆوە ڕۆحی پیسی دەردەکرد، ئێمەش ڕێمان لێ گرت، چونکە دوامان ناکەوێت.»
39 عیسا فەرمووی: «ڕێی لێ مەگرن، کەس نییە بە ناوی منەوە پەرجوو بکات و بتوانێت لەدوای ماوەیەکی کورت بە خراپە باسم بکات، 40 چونکە ئەوەی دژمان نییە لەگەڵمانە. 41 ئەوەی بە ناوی منەوە جامێک ئاوی پێدان، لەبەر ئەوەی هی مەسیحن، ڕاستیتان پێ دەڵێم پاداشتی ون نابێت.
کۆسپ دروستکردن
42 «ئەوەی ببێتە کۆسپ بۆ یەکێک لەم بچووکانەی کە باوەڕیان بە من هەیە، باشترە بۆی بەرداشێکی گەورە بە ملیەوە هەڵبواسرێت و فڕێبدرێتە دەریاوە. 43 ئەگەر دەستت بۆت بووە کۆسپ، بیبڕەوە. بۆ تۆ باشترە بێ دەست بچیتە ناو ژیانەوە لەوەی دوو دەستت هەبێت و بچیتە دۆزەخ، ناو ئاگرێک کە کوژانەوەی بۆ نییە. ⌟ 44 لەوێ کرمەکانیان نامرێت و ئاگرەکە ناکوژێتەوە.⌞ 45 ئەگەر پێت بۆت بووە کۆسپ، بیبڕەوە. بۆ تۆ باشترە بێ پێ بچیتە ناو ژیانەوە لەوەی دوو پێت هەبێت و فڕێبدرێیتە ناو دۆزەخ. ⌟ 46 لەوێ کرمەکانیان نامرن و ئاگرەکە ناکوژێتەوە.⌞ 47 ئەگەر چاوت بۆت بووە کۆسپ، دەریبهێنە. بۆ تۆ باشترە بە یەک چاو بچیتە ناو شانشینی خوداوە لەوەی دوو چاوت هەبێت و فڕێبدرێیتە ناو دۆزەخ.
48 «[لەوێ کرمەکانیان نامرن و
ئاگرەکە ناکوژێتەوە.][a]
49 هەموو کەسێک بە ئاگر سوێر دەکرێت.
50 «خوێ باشە، بەڵام ئەگەر خوێ سوێرییەکەی نەما، بە چی سوێری دەکەنەوە؟ با خوێتان تێدابێت و لەگەڵ یەکتری لە ئاشتیدا بن.»
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.