Old/New Testament
ئاماری دووەم[a]
26 لەدوای دەردەکە، یەزدان بە موسا و ئەلعازاری کوڕی هارونی کاهینی فەرموو: 2 «ژمارەی هەموو کۆمەڵی نەوەی ئیسرائیل وەربگرە، لە گەنجی بیست ساڵ بەرەو سەرەوە، بەگوێرەی بنەماڵەکانیان، هەموو ئەوانەی لە ئیسرائیلدا دەتوانن بجەنگن.» 3 ئینجا موسا و ئەلعازاری کاهین لە دەشتی مۆئاب لەسەر ڕووباری ئوردون بەرامبەر ئەریحا لەگەڵیاندا دوان و گوتیان: 4 «سەرژمێری لە گەنجی بیست ساڵ بەرەو سەرەوە بکەن، وەک چۆن یەزدان فەرمانی بە موسا کرد.»
نەوەی ئیسرائیلیش ئەوانەی لە خاکی میسر هاتنە دەرەوە ئەمانەن:
5 نەوەی ڕەئوبێنی نۆبەرەی ئیسرائیل:
بۆ حەنۆک خێڵی حەنۆکییەکان،
بۆ پەڵو خێڵی پەڵووییەکان،
6 بۆ حەسرۆن خێڵی حەسرونییەکان،
بۆ کەرمی خێڵی کەرمییەکان.
7 ئەمانە خێڵەکانی ڕەئوبێنییەکانن، تۆمارکراوەکانیان چل و سێ هەزار و حەوت سەد و سی کەس بوون.
8 ئەلیابیش کوڕی پەڵو بوو، 9 نەوەی ئەلیابیش نەموئێل و داتان و ئەبیرام، داتان و ئەبیرامیش ئەوانەن کە کۆمەڵەکەیان بانگکرد بۆ بەربەرەکانێی موسا و هارون، لە کۆمەڵی قۆرەح کاتێک بەربەرەکانێی یەزدانیان کرد. 10 زەوی دەمی کردەوە و لەگەڵ قۆرەح هەڵیلووشین، کاتێک ئەو کۆمەڵە مردن، دوو سەد و پەنجا پیاو سووتان، ئەوان بوون بە پەند. 11 بەڵام نەوەی قۆرەح نەفەوتان.
12 نەوەی شیمۆن بەگوێرەی خێڵەکانیان:
لە نەموئێل خێڵی نەموئیلییەکان،
لە یامین خێڵی یامینییەکان،
لە یاکین خێڵی یاکینییەکان،
13 لە زەرەح خێڵی زەرەحییەکان،
لە شائوول خێڵی شائوولییەکان.
14 ئەمانە خێڵەکانی شیمۆنییەکانن، بیست و دوو هەزار و دوو سەد کەس بوون.
15 نەوەی گاد بەگوێرەی خێڵەکانیان:
لە چیفۆن خێڵی چیفۆنییەکان،
لە حەگی خێڵی حەگییەکان،
لە شونی خێڵی شونییەکان،
16 لە ئۆزنی خێڵی ئۆزنییەکان،
لە عێری خێڵی عێرییەکان،
17 لە ئەرۆدی خێڵی ئەرۆدییەکان،
لە ئەرئێلی خێڵی ئەرئێلییەکان.
18 ئەمانە خێڵەکانی نەوەی گادن، بەگوێرەی ژمارەیان چل هەزار و پێنج سەد کەس بوون.
19 ئێر و ئۆنان کوڕانی یەهودا بوون، بەڵام لە خاکی کەنعان مردن.
20 نەوەی یەهودا بەگوێرەی خێڵەکانیان:
لە شالەح خێڵی شالەحییەکان،
لە پێرێز خێڵی پێرێزییەکان،
لە زەرەح خێڵی زەرەحییەکان،
21 نەوەکانی پێرێزیش:
لە حەسرۆن خێڵی حەسرونییەکان،
لە حامول خێڵی حامولییەکان.
22 ئەمانە خێڵەکانی یەهودان، بەگوێرەی ژمارەیان حەفتا و شەش هەزار و پێنج سەد کەس بوون.
23 نەوەی یەساخار بەگوێرەی خێڵەکانیان:
لە تۆلاع خێڵی تۆلاعییەکان،
لە پوڤە خێڵی پوڤەییەکان،
24 لە یاشوڤ خێڵی یاشوڤییەکان،
لە شیمرۆن خێڵی شیمرۆنییەکان.
25 ئەمانە خێڵەکانی یەساخارن، بەگوێرەی ژمارەیان شەست و چوار هەزار و سێ سەد کەس بوون.
26 نەوەی زەبولون بەگوێرەی خێڵەکانیان:
لە سەرەد خێڵی سەرەدییەکان،
لە ئێلۆن خێڵی ئێلۆنییەکان،
لە یەحلئێل خێڵی یەحلئێلییەکان.
27 ئەمانە خێڵەکانی زەبولونییەکانن، بەگوێرەی ژمارەیان شەست هەزار و پێنج سەد کەس بوون.
28 کوڕانی یوسف بەگوێرەی خێڵەکانی مەنەشە و ئەفرایم:
29 نەوەی مەنەشە:
لە ماکیر خێڵی ماکیرییەکان، ماکیر باوکی گلعاد بوو،
لە گلعاد خێڵی گلعادییەکان.
30 ئەمانە نەوەی گلعادن:
لە ئیعەزەر خێڵی ئیعەزەرییەکان؛
لە حێلەق خێڵی حێلەقییەکان؛
31 لە ئەسریێل خێڵی ئەسریێلییەکان؛
لە شەخەم خێڵی شەخەمییەکان؛
32 لە شەمیداع خێڵی شەمیداعییەکان؛
لە حێفەر خێڵی حێفەرییەکان.
33 بەڵام سەلۆفحادی کوڕی حێفەر کوڕی نەبوو، تەنها کچ و ناوی کچەکانی سەلۆفحاد مەحلە و نۆعا و حۆگلە و میلکە و تیرزە بوو.
34 ئەمانە خێڵەکانی مەنەشەن و تۆمارکراوەکانیان پەنجا و دوو هەزار و حەوت سەد کەس بوون.
35 ئەمانەش نەوەی ئەفرایمن بەگوێرەی خێڵەکانیان:
لە شوتەلەح خێڵی شوتەلەحییەکان،
لە بەکەر خێڵی بەکەرییەکان،
لە تەحەن خێڵی تەحەنییەکان،
36 ئەمانەش نەوەی شوتەلەحن:
لە عیران خێڵی عیرانییەکان.
37 ئەمانە خێڵەکانی نەوەی ئەفرایمن، بەگوێرەی ژمارەیان سی و دوو هەزار و پێنج سەد کەس بوون.
ئەمانە نەوەی یوسفن بەگوێرەی خێڵەکانیان.
38 نەوەی بنیامین بەگوێرەی خێڵەکانیان:
لە بەلەع خێڵی بەلەعییەکان،
لە ئەشبێل خێڵی ئەشبێلییەکان،
لە ئەحیرام خێڵی ئەحیرامییەکان.
39 لە شوفام خێڵی شوفامییەکان،
لە حوفام خێڵی حوفامییەکان.
40 نەوەی بەلەعیش ئەرد و نەعمان بوون:
لە ئەرد خێڵی ئەردییەکان و
لە نەعمان خێڵی نەعمانییەکان.
41 ئەمانە نەوەی بنیامینن بەگوێرەی خێڵەکانیان و تۆمارکراوەکانیان چل و پێنج هەزار و شەش سەد کەس بوون.
42 ئەمانە نەوەی دانن بەگوێرەی خێڵەکانیان:
لە شوحام خێڵی شوحامییەکان.
ئەمە خێڵەکانی دانە بەگوێرەی خێڵەکانیان، 43 هەموو خێڵەکانی شوحامییەکان بەگوێرەی ژمارەیان شەست و چوار هەزار و چوار سەد کەس بوون.
44 نەوەی ئاشێر بەگوێرەی خێڵەکانیان:
لە یمنە خێڵی یمنییەکان،
لە یەشڤی خێڵی یەشڤییەکان،
لە بەریعە خێڵی بریعییەکان،
45 لە نەوەی بەریعە:
لە حەڤەر خێڵی حەڤەرییەکان،
لە مەلکیێل خێڵی مەلکیێلییەکان،
46 کچەکەی ئاشێریش ناوی سەرەح بوو.
47 ئەمانە خێڵەکانی نەوەی ئاشێرن، بەگوێرەی ژمارەیان پەنجا و سێ هەزار و چوار سەد کەس بوون.
48 نەوەی نەفتالی بەگوێرەی خێڵەکانیان:
لە یەحزئێل خێڵی یەحزئێلییەکان،
لە گۆنی خێڵی گۆنییەکان،
49 لە یێچەر خێڵی یێچەرییەکان،
لە شلێم خێڵی شلێمییەکان.
50 ئەمانە خێڵەکانی نەفتالین بەگوێرەی خێڵەکانیان و تۆمارکراوەکانیان چل و پێنج هەزار و چوار سەد کەس بوون.
51 ئەمانە تۆمارکراوەکانن لە نەوەی ئیسرائیل، شەش سەد و یەک هەزار و حەوت سەد و سی.
52 یەزدان بە موسای فەرموو: 53 «خاکەکە بۆ ئەمانە بەگوێرەی ژمارەی ناوەکان بە میرات دابەش دەکەیت. 54 بۆ هۆزە گەورەکان میراتیان زۆر دەکەیت و بۆ هۆزە بچووکەکان میراتیان کەم دەکەیت، هەریەکە بەگوێرەی تۆمارکراوەکانی میراتی دەدرێتێ، 55 بەڵام خاکەکە بە تیروپشک دابەش دەکەیت، بەگوێرەی ناوی هۆزەکانی باوکانیان بە میراتی دەگرن، 56 لەنێو کۆمەڵەی گەورە و بچووک بەگوێرەی تیروپشک میراتەکەیان بۆ دابەش دەکرێت.»
57 ئەمانەش تۆمارکراوەکانن لە لێڤییەکان، بەگوێرەی خێڵەکانیان:
بۆ گێرشۆن خێڵی گێرشۆنییەکان،
بۆ قەهات خێڵی قەهاتییەکان،
بۆ مەراری خێڵی مەرارییەکان.
58 ئەمە خێڵەکانی لێڤییە:
خێڵی لیبنییەکان،
خێڵی حەبرۆنییەکان،
خێڵی مەحلییەکان،
خێڵی موشییەکان،
خێڵی قۆرەحییەکان.
عەمرام لە ڕەچەڵەکی قەهات بوو. 59 ژنەکەی عەمرامیش ناوی یۆخەڤەد بوو، لە نەوەی لێڤی بوو، لە خێزانی لێڤییەکیش لە میسر لەدایک بوو. لە عەمرام هارون و موسا و مریەمی خوشکیانی بوو. 60 هارونیش باوکی ناداب و ئەبیهو و ئەلعازار و ئیتامار بوو. 61 بەڵام ناداب و ئەبیهو کاتێک ئاگرێکی نامۆیان لەبەردەم یەزدان پێشکەش کرد مردن.
62 تۆمارکراوەکانی لێڤییەکان بیست و سێ هەزار کەس بوون، هەموو نێرینەیەک لە کۆرپەی یەک مانگی بەرەو سەرەوە، چونکە لەگەڵ نەوەی ئیسرائیلدا تۆمار نەکران، لەبەر ئەوەی لەنێو نەوەی ئیسرائیلدا میراتیان پێنەدرا.
63 ئەمانە بوون کە موسا و ئەلعازاری کاهین تۆماریان کردن، کاتێک نەوەی ئیسرائیلیان لە دەشتی مۆئاب لەسەر ڕووباری ئوردون بەرامبەر ئەریحا تۆمار کرد. 64 ئەمانەش کەسیان تێدا نەبوو لەوانەی موسا و هارونی کاهین تۆماریان کردن، کاتێک نەوەی ئیسرائیلیان لە چۆڵەوانی سینادا تۆمار کرد. 65 لەبەر ئەوەی یەزدان پێی فەرموون، «لە چۆڵەوانیدا دەمرن،» ئیتر کەسیان لێ نەمایەوە، تەنها کالێبی کوڕی یەفونە و یەشوعی کوڕی نون نەبێت.
کچانی سەلۆفحاد
27 کچانی سەلۆفحادی کوڕی حێفەر کوڕی گلعاد کوڕی ماکیر کوڕی مەنەشە لە خێڵەکانی مەنەشەی کوڕی یوسف هاتنە پێش. ئەمەش ناوی کچەکانییەتی: مەحلە و نۆعا و حۆگلە و میلکە و تیرزە، 2 لەبەردەم موسا و ئەلعازاری کاهین و سەرۆکەکان و هەموو کۆمەڵ لەلای دەروازەی چادری چاوپێکەوتن وەستان و گوتیان: 3 «باوکمان لە بیابان مرد و لەو کۆمەڵەدا نەبوو کە لەگەڵ قۆرەح لە دژی یەزدان کۆبوونەوە، بەڵکو بە گوناهی خۆی مرد و هیچ کوڕی نەبوو. 4 بۆچی ناوی باوکمان لەنێو خێڵەکەی بسڕێتەوە لەبەر ئەوەی کوڕی نییە؟ لەنێو برایانی باوکمان موڵکمان بدەرێ.»
5 موساش داواکارییەکەی ئەوانی بردە بەردەم یەزدان. 6 جا یەزدان بە موسای فەرموو: 7 «کچانی سەلۆفحاد ڕاست دەڵێن. تۆش لەنێو برایانی باوکیان موڵکی میراتیان دەدەیتێ و میراتی باوکیان دەدرێتە ئەوان.
8 «بە نەوەی ئیسرائیلیش دەڵێیت: ”هەر پیاوێک مرد و کوڕی نەبوو میراتەکەی بۆ کچی دەبێت، 9 ئەگەر کچیشی نەبوو، میراتەکەی دەدەنە براکانی، 10 ئەگەر براشی نەبوو ئەوا میراتەکەی دەدەنە برایانی باوکی، 11 ئەگەر باوکیشی برای نەبوو ئەوا میراتەکەی دەدەنە نزیکترین کەسی لە خێڵەکەی و ئەو دەبێتە میراتگری. ئەمە بۆ نەوەی ئیسرائیل بووە فەرزێکی یاسایی، هەروەک یەزدان فەرمانی بە موسا کرد.“»
موسا دەست لەسەر یەشوع دادەنێت
12 ئینجا یەزدان بە موسای فەرموو: «بڕۆ سەر ئەم چیایە لە زنجیرە چیای عەڤاریم و تەماشای ئەو زەوییە بکە کە بە نەوەی ئیسرائیلم داوە. 13 کاتێک تەماشات کرد تۆش دەچیتە ڕیزی گەلەکەت، وەک هارونی برات چووە ڕیزەوە، 14 چونکە لە چۆڵەوانی چن کاتێک کۆمەڵەکە یاخی بوون، ئێوە قسەتان شکاندم کە لەبەرچاویان لە شوێنی ئاوەکە پیرۆزم بکەن.» کە ئەوێ ئاوی مەریبای قادێشە لە چۆڵەوانی چن.
15 موسا بە یەزدانی گوت: 16 «ئەی یەزدان، ئەی ئەو خودایەی ژیان بە ئادەمیزاد دەبەخشیت، پیاوێک لەسەر کۆمەڵەکە دابنێ 17 بەڕێوەیان ببات و لە شەڕدا ڕابەرایەتییان بکات، هەتا کۆمەڵی یەزدان وەک مەڕی بێ شوانیان لێ نەیێت.»
18 یەزدانیش بە موسای فەرموو: «یەشوعی کوڕی نون ببە، پیاوێکە ڕۆحی تێدایە و دەستی لەسەر دابنێ. 19 لەبەردەم ئەلعازاری کاهین و هەموو کۆمەڵەکە ڕای بگرە و لەبەرچاویان ئەرکی پێ بسپێرە. 20 هەندێک لە دەسەڵاتی خۆتی بدەرێ هەتا هەموو کۆمەڵی ئیسرائیل گوێڕایەڵی بن. 21 ئەو لەبەردەم ئەلعازاری کاهین ڕادەوەستێت، لەبەردەم یەزدان بەپێی حوکمی ئوریم[b] بۆی دەپرسێت. بە قسەی ئەو دەردەچن و بە قسەی ئەو دێنە ژوورەوە، ئەو و هەموو کۆمەڵی ئیسرائیل لەگەڵی.»
22 موسا هەروەک یەزدان فەرمانی پێ کرد، ئاوای کرد. یەشوعی برد و لەبەردەم ئەلعازاری کاهین و لەبەردەم هەموو کۆمەڵەکە ڕایگرت، 23 دەستی لەسەر دانا و ئەرکی پێ سپارد، هەروەک یەزدان لە ڕێگەی موساوە فەرمانی دا.
قوربانی و پێشکەشکراوەکانی ڕۆژانە
28 هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو: 2 «فەرمان بە نەوەی ئیسرائیل بکە و پێیان بڵێ: ”قوربانی من، ئەو بۆنەی پێم خۆشە، ئاگاداربن کە لە کاتی خۆی خۆراکم بە قوربانی بە ئاگر پێشکەش بکەن.“ 3 پێشیان بڵێ: ”ئەمە ئەو قوربانی بە ئاگرەیە کە ڕۆژانە بۆ یەزدان پێشکەشی دەکەن: دوو بەرخی نێری یەک ساڵەی ساغ، قوربانی سووتاندنی بەردەوام. 4 یەکێک لە بەرخەکان لە بەیانی پێشکەش بکە و بەرخی دووەمیش لە کاتی خۆرئاوابوون. 5 لەگەڵ دەیەکی ئێفەیەک لە باشترین ئارد بۆ پێشکەشکراوی دانەوێڵە بە چارەکە هەینێک زەیتی زەیتوونی گوشراو شێلرابێت، 6 قوربانی سووتاندنی بەردەوام، ئەوەی لە شاخی سینا کراوە، بۆ ئەو بۆنەی یەزدان پێی خۆشە قوربانی بە ئاگرە بۆ یەزدان، 7 لەگەڵ شەرابە پێشکەشکراوەکەی، چارەکە هەینێک مەی بۆ بەرخی یەکەم، لە پیرۆزگا بۆ یەزدان پێشکەشی بکە. 8 هەروەها بەرخی دووەمیش لە کاتی خۆرئاوابوون پێشکەشی بکە، لەگەڵ پێشکەشەکراوی دانەوێڵەکەی و شەرابە پێشکەشکراوەکەی، وەک ئەوەی لە بەیانی کردووتە، قوربانی بە ئاگرە، ئەو بۆنەی یەزدان پێی خۆشە.
قوربانی و پێشکەشکراوەکانی ڕۆژی شەممە
9 «”لە ڕۆژی شەممە[c] دوو بەرخی یەک ساڵەی ساغ پێشکەش بکەن لەگەڵ دوو دەیەکی ئێفەیەک[d] لە باشترین ئاردی بە زەیت شێلراو وەک پێشکەشکراوێکی دانەوێڵە لەگەڵ شەرابە پێشکەشکراوەکەی، کە ئەمەش 10 قوربانی سووتاندنی هەموو ڕۆژێکی شەممەیە، سەرەڕای قوربانی سووتاندنی بەردەوام و شەرابە پێشکەشکراوەکەی.
قوربانی و پێشکەشکراوەکانی مانگانە
11 «”لە دەستپێکی هەموو مانگێکدا قوربانی سووتاندن بۆ یەزدان بکەن، دوو جوانەگا و بەرانێک و حەوت بەرخی نێری یەک ساڵەی ساغ، 12 لەگەڵ سێ دەیەکی ئێفەیەک[e] لە باشترین ئاردی بە زەیت شێلراو، پێشکەشکراوێکی دانەوێڵەیە بۆ هەر جوانەگایەک و دوو دەیەکی ئێفەیەک لە باشترین ئاردی بە زەیت شێلراو، پێشکەشکراوێکی دانەوێڵەیە بۆ هەر بەرانێک. 13 یەک دەیەکی ئێفەیەک لە باشترین ئاردی بە زەیت شێلراو، پێشکەشکراوێکی دانەوێڵەیە بۆ هەر بەرخێک، قوربانی سووتاندنە، ئەو بۆنەی یەزدان پێی خۆشە، قوربانی بە ئاگرە بۆ یەزدان. 14 شەرابە پێشکەشکراوەکەشیان نیو هەین[f] بۆ جوانەگا و سێیەکی هەین[g] بۆ بەران و چارەکە هەینێک بۆ بەرخ. ئەمە قوربانی سووتاندنە لە دەستپێکی هەموو مانگەکانی ساڵ. 15 سەرەڕای قوربانی سووتاندنی بەردەوام لەگەڵ شەرابە پێشکەشکراوەکەی، هەروەها گیسکێکی نێریش بۆ قوربانی گوناه بۆ یەزدان پێشکەش بکرێت.
جەژنی پەسخە
16 «”لە چواردەی مانگی یەک، جەژنی پەسخەیە بۆ یەزدان، 17 لە ڕۆژی پازدەی ئەم مانگەدا جەژنە، حەوت ڕۆژ نانی فەتیرە بخۆن. 18 لە ڕۆژی یەکەم کۆبوونەوەی پیرۆزبوون[h] ببەستن، هیچ کارێکی ئاسایی مەکەن. 19 قوربانی بە ئاگر، قوربانی سووتاندن بۆ یەزدان پێشکەش بکەن، دوو جوانەگا و بەرانێک و حەوت بەرخی نێری یەک ساڵەی ساغ لەلایەن ئێوەوە بێت. 20 پێشکەشکراوی دانەوێڵەشیان لە باشترین ئاردی بە زەیت شێلراو، سێ دەیەکی ئێفەیەک بۆ هەر جوانەگایەک، دوو دەیەک بۆ هەر بەرانێک، 21 دەیەکێک بۆ هەر بەرخێک لە حەوت بەرخەکە بکە. 22 گیسکێکی نێریش قوربانی گوناه بێت بۆ کەفارەتکردن بۆتان، 23 سەرەڕای قوربانی سووتاندنی بەیانییان کە بۆ قوربانی سووتاندنی بەردەوام دەیکەن. 24 بە هەمان شێواز بۆ ماوەی حەوت ڕۆژ هەموو ڕۆژێک ئاوا بکەن، خۆراک پێشکەش بکەن، قوربانی بە ئاگرە، ئەو بۆنەی یەزدان پێی خۆشە، سەرەڕای قوربانی سووتاندنی بەردەوام لەگەڵ شەرابە پێشکەشکراوەکەی. 25 لە ڕۆژی حەوتەمیش کۆبوونەوەی پیرۆزبوون ببەستن، هیچ کارێکی ئاسایی مەکەن.
جەژنی هەفتەکان
26 «”لە ڕۆژی یەکەمین بەرهەم، کاتێک پێشکەشکراوێکی دانەوێڵەیی نوێ بۆ یەزدان پێشکەش دەکەن، لە جەژنی هەفتەکانتان[i] کۆبوونەوەی پیرۆزبوون ببەستن، هیچ کارێکی ئاسایی مەکەن. 27 قوربانی سووتاندن پێشکەش بکەن، بۆ ئەو بۆنەی یەزدان پێی خۆشە، دوو جوانەگا و بەرانێک و حەوت بەرخی نێری یەک ساڵە، 28 هەروەها پێشکەشکراوی دانەوێڵەشیان لە باشترین ئاردی بە زەیت شێلراو، سێ دەیەکی ئێفەیەک بۆ جوانەگا، دوو دەیەک بۆ بەران، 29 دەیەکێک بۆ هەر بەرخێک لە حەوت بەرخەکە. 30 گیسکێکی نێریش بۆ کەفارەتکردن بۆتان. 31 سەرەڕای قوربانی سووتاندنی بەردەوام و پێشکەشکراوی دانەوێڵەکە بیکەن، دڵنیا بن لەوەی ئاژەڵەکان ساغن و لەگەڵ شەرابە پێشکەشکراوەکەیان بیکەن.
تێربوونی چوار هەزار کەس
8 لەو ڕۆژانەدا دیسان خەڵکێکی ئێجگار زۆر هەبوو هیچیان نەبوو بیخۆن، عیسا قوتابییەکانی بانگکرد و پێی فەرموون: 2 «دڵم بەو خەڵکە دەسووتێت، ئەوە سێ ڕۆژە لەگەڵمدان و هیچیان نییە بیخۆن. 3 ئەگەر بە برسیێتی بیاننێرمەوە ماڵ، لە ڕێگا بڕ ناکەن، هەندێکیشیان لە دوورەوە هاتوون.»
4 قوتابییەکانی وەڵامیان دایەوە: «کێ دەتوانێت لەم چۆڵەوانییە نانی ئەمانە بدات؟»
5 لێی پرسین: «چەند نانتان پێیە؟»
گوتیان: «حەوت.»
6 ئیتر فەرمانی دا خەڵکەکە لەسەر زەوی دانیشن. حەوت نانەکەی برد و سوپاسی خودای کرد، لەتی کردن و دایە قوتابییەکان تاکو دابەشی بکەن، ئەوانیش بەسەر خەڵکەکەدا دابەشیان کرد. 7 چەند ماسییەکی بچووکیشیان پێبوو، سوپاسی کرد و فەرمووی با ئەمەش دابەش بکرێت. 8 ئیتر خواردیان و تێربوون، حەوت سەبەتە پەلکەنانیان هەڵگرتەوە. 9 نزیکەی چوار هەزار دەبوون، ئینجا بەڕێی کردن. 10 پاشان یەکسەر لەگەڵ قوتابییەکانی سواری بەلەم بوو و هاتە ناوچەی دەلمانووسە.
داواکردنی نیشانەی ئاسمانی
11 فەریسییەکان هاتن و لەگەڵ عیسا دەستیان بە مشتومڕ کرد، هەروەها بۆ ئەوەی تاقی بکەنەوە، داوای نیشانەیەکی ئاسمانییان لێی کرد. 12 لە قووڵایی ڕۆحیدا هەناسەیەکی هەڵکێشا و فەرمووی: «بۆچی ئەم نەوەیە داوای نیشانە دەکات؟ ڕاستیتان پێ دەڵێم: نیشانە نادرێتە ئەم نەوەیە.» 13 ئینجا بەجێی هێشتن. دووبارە سواری بەلەمەکە بوو و پەڕییەوە ئەوبەر.
فێرکردنی فەریسییەکان
14 قوتابییەکان لەبیریان چووبوو نان بهێنن، لە بەلەمەکەدا تەنها یەک نانیان پێبوو. 15 عیسا ڕایسپاردن: «وریابن، ئاگاداری هەویرترشی فەریسییەکان و هەویرترشی هێرۆدس بن.»
16 لەناو خۆیاندا بە یەکتریان گوت: «لەبەر ئەوەی نانمان پێنییە.»
17 عیسا زانی و پێی فەرموون: «بۆ باسی ئەوە دەکەن کە نانتان پێنییە؟ ئایا هێشتا جیا ناکەنەوە و تێناگەن؟ ئایا دڵڕەقن؟ 18 خۆ چاوتان هەیە، نابینن، گوێتان هەیە، نابیستن؟ هەروەها بیرتان نایەتەوە؟ 19 کاتێک پێنج نانەکەم بۆ پێنج هەزارەکە لەتکرد، چەند سەبەتەی پڕ لە پەلکەنانتان هەڵگرتەوە؟»
وەڵامیان دایەوە: «دوازدە.»
20 «کاتێک حەوتەکەش بۆ چوار هەزارەکە، چەند سەبەتەی پڕ لە پەلکەنانتان هەڵگرتەوە؟»
وەڵامیان دایەوە: «حەوت.»
21 ئینجا پێی فەرموون: «هێشتا تێناگەن؟»
چاکبوونەوەی کەسێکی نابینا
22 هاتنە بێتسەیدا، کەسێکی نابینایان هێنایە لای عیسا و لێی پاڕانەوە دەستی لێ بدات. 23 ئەویش دەستی نابیناکەی گرت، بردییە دەرەوەی دێیەکە و تفی لەسەر چاوی دا و دەستی لەسەر دانا و لێی پرسی: «هیچ دەبینیت؟»
24 سەیری کرد و گوتی: «خەڵک دەبینم وەک درەخت دەڕۆن.»
25 دیسان عیسا دەستی خستەوە سەر چاوی، چاوی تێبڕی و چاک بووەوە، هەموو شتێکی بە ڕوونی بینی. 26 ئینجا بۆ ماڵی خۆی ڕەوانەی کردەوە و فەرمووی: «جارێ مەڕۆ بۆ ناو دێ.»
پەترۆس دان بە مەسیحدا دەنێت
27 عیسا و قوتابییەکانی بەرەو گوندەکانی قەیسەرییەی فیلیپۆس بەڕێکەوتن، لە ڕێگا لە قوتابییەکانی پرسی: «خەڵکی دەڵێن من کێم؟»
28 وەڵامیان دایەوە: «هەندێک دەڵێن یەحیای لەئاوهەڵکێش، هەندێکیش دەڵێن ئەلیاس، هەندێکی دیکەش دەڵێن یەکێک لە پێغەمبەران.»
29 لێی پرسین: «ئەی ئێوە، دەڵێن من کێم؟»
پەترۆس وەڵامی دایەوە: «تۆ مەسیحەکەیت[a].»
30 جا ئاگاداری کردنەوە لەلای کەس باسی نەکەن.
یەکەم باسی مردنی عیسا
31 ئینجا دەستی بە فێرکردنیان کرد کە کوڕی مرۆڤ دەبێ زۆر ئازار بچێژێت، پیران و کاهینانی باڵا و مامۆستایانی تەورات ڕەتی بکەنەوە، بکوژرێت و لە ڕۆژی سێیەم هەستێتەوە. 32 بە ئاشکرا قسەکەی کرد، پەترۆسیش هێنایە ئەم لاوە و دەستی کرد بە سەرزەنشتکردنی.
33 بەڵام عیسا ئاوڕی دایەوە و سەیری قوتابییەکانی کرد، سەرزەنشتی پەترۆسی کرد: «لەبەرچاوم لاچۆ، ئەی شەیتان! تۆ بیر لە شتە خوداییەکان ناکەیتەوە، بەڵکو شتی مرۆڤانە.»
خۆ ئامادە کردن بۆ مردن
34 ئینجا خەڵکەکە و قوتابییەکانی بانگکرد و پێی فەرموون: «ئەگەر یەکێک ویستی دوام بکەوێت، با نکۆڵی لە خۆی بکات و خاچەکەی هەڵبگرێت و دوام بکەوێت. 35 ئەوەی بیەوێت ژیانی خۆی ڕزگار بکات، ژیانی دەدۆڕێنێت، بەڵام ئەوەی لە پێناوی من و مزگێنییەکەم ژیانی خۆی بدۆڕێنێت، ژیانی ڕزگار دەکات. 36 چی بەکەڵکی مرۆڤ دێت ئەگەر هەموو جیهان بباتەوە و خۆی بدۆڕێنێت؟ 37 یان مرۆڤ بۆ کڕینەوەی خۆی چی دەدات؟ 38 ئەوەی لەلای ئەم نەوە داوێنپیس و گوناهبارە شەرمی بە من و بە وتەکانم بێت، کوڕی مرۆڤیش کاتێک بە شکۆی باوکی لەگەڵ فریشتە پیرۆزەکاندا دێتەوە شەرمی پێی دەبێت.»
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.