Old/New Testament
یەکەم پەیامی بەلعام
23 بەلعام بە بالاقی گوت: «لێرە حەوت قوربانگام بۆ دروستبکە و هەر لێرە حەوت گا و حەوت بەرانم بۆ ئامادە بکە.» 2 بالاقیش بەم جۆرەی کرد، وەک بەلعام گوتی. ئیتر بالاق و بەلعام بۆ سەر هەر قوربانگایەک گایەک و بەرانێکیان سەرخست.
3 ئینجا بەلعام بە بالاقی گوت: «تۆ لەلای قوربانی سووتاندنەکەت بوەستە و من دەڕۆم، لەوانەیە یەزدان بۆ بینینم بێت و هەرچی پیشانم بدات پێت دەڵێم.» ئینجا بۆ شوێنێکی بەرز و چۆڵ چوو.
4 خودا هاتە لای بەلعام، بەلعامیش پێی گوت: «حەوت قوربانگام ئامادە کرد و گایەک و بەرانێکم خستە سەر هەر قوربانگایەک.»
5 یەزدان وشەی خستە دەمی بەلعام و فەرمووی: «بۆ لای بالاق بگەڕێوە و ئاوا بڵێ.»
6 ئەویش گەڕایەوە لای و بینی وا لەگەڵ هەموو پیاوە گەورەکانی مۆئاب لەلای قوربانی سووتاندنەکەی وەستاوە. 7 ئیتر بەلعام پەیامەکەی ڕاگەیاند و گوتی:
«لە ئارامەوە بالاقی پاشای مۆئاب منی هێنا،
لە چیاکانی ڕۆژهەڵاتەوە،
گوتی ”وەرە نەفرەت لە یاقوب بکە بۆم،
وەرە جنێو بە ئیسرائیل بدە.“
8 چۆن نەفرەت بکەم
کە خودا نەفرەتی نەکردبێت،
چۆن جنێو بدەم
کە یەزدان جنێوی نەدابێت؟
9 چونکە لەسەر تاوێرەکانەوە دەیبینم،
لە گردەکانەوە تەماشای دەکەم،
گەلێک وا بە تەنها نیشتەجێ بووە،
خۆی بە یەکێک لە نەتەوەکان دانانێت.
10 کێ خۆڵی یاقوبی ئامار کردووە،
کێ چارەکی ئیسرائیلی ژماردووە؟
با وەک مردنی سەرڕاستان بمرم و
کۆتاییم وەک ئەوان بێت!»
11 بالاق بە بەلعامی گوت: «چیت پێکردم! بۆ نەفرەتکردن لە دوژمنانم تۆم هێنا، کەچی وا داوای بەرەکەتیان بۆ دەکەیت!»
12 ئەویش وەڵامی دایەوە و گوتی: «ئایا ئەوە نەڵێم، ئەوەی کە یەزدان دەیخاتە سەر زارم تاکو بیڵێم؟»
دووەم پەیامی بەلعام
13 ئینجا بالاق پێی گوت: «لەگەڵم وەرە بۆ شوێنێکی دیکە هەتا بیانبینیت، بەڵام تەنها بەشێکی دەبینیت و هەمووی نابینیت، لەوێوە نەفرەتیان لێ بکە.» 14 جا بردیە کێڵگەی چۆفیم بۆ سەری پسگە و حەوت قوربانگای بنیاد نا و هەر قوربانگایەک گایەک و بەرانێکی سەرخستە سەری.
15 بەلعام بە بالاقی گوت: «لێرە لەلای قوربانی سووتاندنەکەت بوەستە و من دەچمە ئەوێ بۆ گەیشتن بە یەزدان.»
16 یەزدان بە بەلعام گەیشت و وشەی خستە دەمی و فەرمووی: «بگەڕێوە لای بالاق و ئاوا بڵێ.»
17 ئەویش هاتە لای و بینی وا لەگەڵ پیاوە گەورەکانی مۆئاب لەلای قوربانی سووتاندنەکەی وەستاوە. بالاق لێی پرسی: «یەزدان چی فەرموو؟»
18 ئیتر پەیامەکەی ڕاگەیاند و گوتی:
«هەستە و گوێ بگرە بالاق،
گوێم بۆ شل بکە ئەی کوڕی چیپور،
19 خودا مرۆڤ نییە هەتا درۆ بکات،
کوڕی مرۆڤیش نییە هەتا بڕیاری بگۆڕێت.
ئایا قسە دەکات و ئەنجامی نەدات؟
یان بەڵێن دەدات و نایباتە سەر؟
20 فەرمانم پێدراوە داوای بەرەکەت بکەم،
ئەو بەرەکەتداری کردووە و من ناتوانم بیگۆڕم.
21 «لە یاقوبدا بەدبەختی بەرچاو نەکەوتووە،
لە ئیسرائیلدا مەراقی نەبینیوە،
یەزدانی پەروەردگاریان لەگەڵیاندایە،
هوتافی پاشای لەنێویاندایە.
22 خودا لە میسر دەریهێنان،
ئەوانە هێزی گای کێوییان هەیە.
23 جادووگەری لە دژی یاقوب بە کەڵک نایەت،
فاڵگرتنەوەش لە دژی ئیسرائیل بێ سوودە.
ئێستا دەربارەی یاقوب و ئیسرائیل دەگوترێت،
”سەیر بکە خودا چی کردووە!“
24 گەلێک وەک شێرە مێ هەڵدەستێت،
وەک نەڕەشێر بەرز دەبێتەوە،
ناخەوێت هەتا نێچیرێک نەخوات و
خوێنی کوژراوان نەخواتەوە.»
25 ئینجا بالاق بە بەلعامی گوت: «نە نەفرەتی لێ بکە و نە داوای بەرەکەتی بۆ بکە.»
26 بەلعامیش وەڵامی دایەوە: «پێم نەگوتیت ئەوەی یەزدان بیڵێت، ئەوە دەکەم؟»
سێیەم پەیامی بەلعام
27 بالاقیش بە بەلعامی گوت: «وەرە بتبەمە شوێنێکی دیکە، بەڵکو لەبەرچاوی خودا باش بێت و لەوێوە بۆ من نەفرەتیان لێ بکە.» 28 ئینجا بالاق بەلعامی بردە سەر لووتکەی پەعۆر کە دەڕوانێتە سەر چۆڵەوانی.
29 بەلعامیش بە بالاقی گوت: «لێرە حەوت قوربانگام بۆ دروستبکە و هەر لێرە حەوت گا و حەوت بەرانم بۆ ئامادە بکە.» 30 بالاقیش وەک بەلعام چی گوت ئاوای کرد، بۆ سەر هەر قوربانگایەک گایەک و بەرانێکی خستە سەری.
24 کاتێک بەلعام بینی لەبەرچاوی یەزدان پەسەندە کە ئیسرائیل بەرەکەتدار بکات، وەک جاری یەکەم و دووەم بەڕێ نەکەوت بۆ جادووگەری، بەڵکو ڕووی لە چۆڵەوانی کرد. 2 کاتێک بەلعام چاوی هەڵبڕی نەوەی ئیسرائیلی بینی هۆز لەتەنیشت هۆز چادریان هەڵداوە، ڕۆحی خوداش هاتە سەری، 3 ئیتر پەیامەکەی ڕاگەیاند و گوتی:
«پەیامەکەی بەلعامی کوڕی بەعۆر،
پەیامەکەی ئەو پیاوەی چاوی کراوەیە،
4 پەیامی ئەوەی گوێی لە وشەکانی خودایە،
ئەوەی خودای هەرە بە توانا بینینی بۆ ئاشکرا دەکات،
ئەوەی بەسەر ڕوودا دەکەوێت، بەڵام چاو کراوەیە:
5 «چادرەکانت چەند جوانە ئەی یاقوب،
نشینگەکانت ئەی ئیسرائیل!
6 «وەک ئەو دۆڵانەی درێژ بوونەتەوە،
وەک باخچەی کەناری ڕووبار،
وەک ئەو درەختە ئەلوایانەی[a] کە یەزدان چاندبێتی،
وەک ئورزی قەراغی ئاو،
7 گۆزەکانی ئاویان لێ دەڕژێت و
تۆوی ئەوان لەسەر ئاوی زۆر دەبێت.
«پاشای لە ئەگاگ باڵاتر دەبێت و
شانشینەکەی پایەدار دەبێت.
8 «خودا لە میسر دەریهێنان،
وەک شاخی گای کێوییە بۆیان،
ئەو نەتەوانەی ناحەزی دەکەن دەیانخۆن و
ئێسکیان تێکدەشکێنن و
بە تیرەکانیان دەیانبڕن.
9 خۆیان وەک شێر ماتداوە و ڕاکشاون،
وەک شێرە مێ، کێ هەڵیاندەستێنێت؟
«بەرەکەتدار بن ئەوانەی بەرەکەتدارتان دەکەن،
نەفرەت لێکراو بن ئەوانەی نەفرەتتان لێ دەکەن.»
10 ئینجا تووڕەیی بالاق بەسەر بەلعامەوە گڕی گرت، چەپڵەی لێدا و بە بەلعامی گوت: «بۆ نەفرەتکردن لە دوژمنەکانم بانگم کردوویت، کەچی تۆ سێ جار داوای بەرەکەتت بۆ کردن، 11 ئێستاش بگەڕێوە شوێنی خۆت، گوتم پاداشتێکی گەورەت دەکەم، بەڵام یەزدان ڕێگری لێ کردیت کە پاداشتەکەت وەربگریت.»
12 بەلعامیش بە بالاقی گوت: «ئەی من بە نێردراوەکانتم نەگوت کە بۆ لای منت ناردبوون، 13 ”ئەگەر بالاق بە پڕی خانووەکەی زێڕ و زیوم پێبدات ناتوانم لە فەرمانی یەزدان دەربچم، بۆ ئەوەی لە خۆمەوە چاکەیەک یان خراپەیەک بکەم، ئەوەی یەزدان بیڵێت ئەوە دەڵێم؟“ 14 ئێستاش وا من بۆ لای گەلەکەم بەڕێ دەکەوم، بەڵام وەرە با پێت بڵێم کە ئەم گەلە لە دوارۆژدا چی لە گەلەکەت دەکات.»
چوارەم پەیامی بەلعام
15 ئیتر پەیامەکەی ڕاگەیاند و گوتی:
«پەیامی بەلعامی کوڕی بەعۆر،
پەیامی ئەو پیاوەی چاوی کراوەیە،
16 پەیامی ئەوەی گوێی لە وشەکانی خودایە،
کە زانینی هەیە لە هەرەبەرزەوە،
ئەوەی خودای هەرە بە توانا بینینی بۆ ئاشکرا دەکات،
ئەوەی بەسەر ڕوودا دەکەوێت، بەڵام چاوی کراوەیە:
17 «دەیبینم، بەڵام ئێستا نا،
چاوم پێی دەکەوێت، بەڵام بەم نزیکانە نا.
ئەستێرەیەک لە یاقوب دەردەکەوێت و
داردەستێک لە ئیسرائیل هەڵدەستێت.
ناوچەوانی مۆئاب دەشکێنێت،
کاسەسەری هەموو نەوەی شیت[b] تێکدەشکێنێت.
18 ئەدۆم داگیر دەکرێت،
سێعیری دوژمنیشی دەبێتە خاوەندار،
بەڵام ئیسرائیل قارەمانیێتی دەنوێنێت.
19 ئەوەی لە یاقوبەوەیە دەسەڵاتدار دەبێت،
بەجێماوەکان لە شار لەناودەبات.»
پێنجەم پەیامی بەلعام
20 ئینجا بەلعام عەمالێقی بینی و پەیامەکەی ڕاگەیاند و گوتی:
«عەمالێق یەکەمی نەتەوەکان بوو،
بەڵام کۆتاییەکەی لەناوچوونە.»
21 ئینجا قێنییەکانی بینی و پەیامەکەی پێ ڕاگەیاندن و گوتی:
«نشینگەکەتان پتەوە و
هێلانەکەتان لەناو تاشەبەردە،
22 بەڵام ئەی قێنییەکان ئێوە وێران دەبن،
کاتێک ئەشوورییەکان بە دیلتان دەگرن.»
23 ئیتر پەیامەکەی ڕاگەیاند و گوتی:
«ئای کێ دەژیێت کاتێک خودا ئاوا دەکات،
24 لەلای کەنارەکانی کیتیمەوە[c] کەشتییەکان دێن و
ئەشوور و عێبەر ژێردەستە دەکات،
بەڵام ئەوانیش بۆ لەناوچوونن.»
25 ئینجا بەلعام هەستا و بەڕێکەوت و گەڕایەوە شوێنی خۆی، بالاقیش بە ڕێگای خۆیدا ڕۆیشت.
مۆئاب کوڕانی ئیسرائیل هەڵدەخەڵەتێنێت
25 کاتێک ئیسرائیل لە شەتیم چادریان هەڵدا و گەل دەستیان بە بەدڕەوشتی کرد لەگەڵ کچانی مۆئاب، 2 ئەوانیش گەلیان بانگهێشت کرد بۆ قوربانییە سەربڕدراوەکانی خوداوەندەکانیان. گەلیش خواردی و کڕنۆشی بۆ خوداوەندەکانیان برد. 3 ئیسرائیل پەیوەست بوو بە بەعلی پەعۆرەوە[d]، تووڕەیی یەزدانیش بەسەر ئیسرائیلدا جۆشا.
4 یەزدان بە موسای فەرموو: «هەموو ڕابەرانی گەل ببە و بۆ یەزدان بەرامبەر بە خۆر هەڵیانبواسە، ئەوسا کوڵی تووڕەیی یەزدان لەسەر ئیسرائیل دادەمرکێتەوە.»
5 موساش بە دادوەرانی ئیسرائیلی گوت: «هەر یەک لە ئێوە ئەو پیاوانەی خۆی بکوژێت کە پەیوەست بوونە بە بەعلی پەعۆرەوە.»
6 لەو کاتەدا پیاوێک هات کە لە نەوەی ئیسرائیل بوو و ژنێکی میدیانی هێنایە ناو کەسوکارەکەی، لەبەرچاوی موسا و هەموو کۆمەڵی نەوەی ئیسرائیل کە لەلای دەروازەی چادری چاوپێکەوتن دەگریان. 7 کاتێک فینەحاسی کوڕی ئەلعازاری کوڕی هارونی کاهین ئەمەی بینی، لەنێو کۆمەڵەکە هەستا و دەستی دایە ڕمێک، 8 بەدوای پیاوە ئیسرائیلییەکەدا چووە ناو چادرەکە، بە ڕمەکەی بە یەک جار سکی پیاوە ئیسرائیلییەکە و ژنەکەشی بڕی. ئینجا دەردەکە لە نەوەی ئیسرائیل بڕایەوە. 9 بەڵام ئەوانەی بە دەردەکە مردن بیست و چوار هەزار بوون.
10 هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو: 11 «فینەحاسی کوڕی ئەلعازاری کوڕی هارونی کاهین، تووڕەیی منی لەسەر نەوەی ئیسرائیل گەڕاندەوە، بەوەی کە دڵگەرم بوو بۆ شکۆمەندی من لەنێویان هەتا نەوەی ئیسرائیلم بە دڵگەرمی خۆم لەناو نەبرد. 12 لەبەر ئەوە پێی بڵێ ئەوەتا من پەیمانی ئاشتی خۆمی لەگەڵ دەبەستم. 13 بۆ خۆی و بۆ نەوەکەی دوای خۆی دەبێتە پەیمانی کاهینیێتی هەتاهەتایی، لەبەر ئەوەی دڵگەرم بوو بۆ خودا و کەفارەتی بۆ نەوەی ئیسرائیل کرد.»
14 ناوی ئەو پیاوە ئیسرائیلییەش کە لەگەڵ ژنە میدیانییەکە کوژرا زیمریی کوڕی سالو بوو، گەورەی بنەماڵەیەک بوو لە شیمۆنییەکان، 15 ناوی ژنە میدیانییە کوژراوەکەش کۆزبیی کچی چوور بوو، ئەویش سەرۆکی هۆزێک بوو لە بنەماڵەیەکی میدیانی.
16 یەزدان بە موسای فەرموو: 17 «تەنگ بە میدیانییەکان هەڵبچنن و لێیان بدەن، 18 چونکە ئەوان بە فریودانەکانیان تەنگیان پێ هەڵچنین، سەبارەت بە پەعۆر و کۆزبی خوشکیان، کچی سەرۆکێکی میدیان کە لە ڕۆژی دەردەکە بەهۆی پەعۆرەوە کوژرا.»
ئەوەی مرۆڤ گڵاو دەکات
14 دیسان خەڵکەکەی بانگکرد و پێی فەرموون: «هەموو گوێم لێ بگرن و تێبگەن. 15 شت نییە لە دەرەوەی مرۆڤەوە بێتە ناوی و گڵاوی بکات. بەڵام ئەوەی لە مرۆڤەوە دێتە دەرەوە، ئەوە مرۆڤ گڵاو دەکات. ⌟ 16 ئەوەی گوێی هەیە بۆ بیستن با گوێ بگرێت.⌞»
17 کاتێک خەڵکەکەی بەجێهێشت و هاتە ماڵەوە، قوتابییەکانی بۆ نموونەکە پرسیاریان لێکرد. 18 پێی فەرموون: «ئێوەش ئاوا تێنەگەیشتوون؟ ئایا تێناگەن کە هەرچی لە دەرەوەی مرۆڤەوە دێتە ناویەوە ناتوانێت گڵاوی بکات؟ 19 چونکە ناچێتە دڵییەوە، بەڵکو سکی، دەچێتە دەرەوەش بۆ ئاودەست.» بەمەش ڕایگەیاند کە هەموو خواردنێک پاکە.
20 ئینجا فەرمووی: «ئەوەی لە مرۆڤ دەردەچێت، ئەوەیە مرۆڤ گڵاو دەکات، 21 چونکە لە ناوەوە، لە دڵی مرۆڤەوە، بیری خراپ دەردەچێت: بەدڕەوشتی، دزی، کوشتن، 22 داوێنپیسی، چاوچنۆکی، خراپەکاری، هەڵخەڵەتاندن، بەڕەڵایی، چاوپیسی، کفر، لووتبەرزی، گێلی. 23 هەموو ئەم خراپانە لە ناخی مرۆڤەوە دەردەچن و گڵاوی دەکەن.»
باوەڕی ژنێکی کەنعانی
24 عیسا ئەوێی بەجێهێشت، چوو بۆ هەرێمی سور. چووە ماڵێک و نەیویست کەس بزانێت، هەرچەندە نەیتوانی خۆی بشارێتەوە. 25 لەبەر ئەوەی ژنێک کچەکەی ڕۆحی پیسی تێدابوو، کاتێک هەواڵی ئەوی بیست یەکسەر هات و لەبەرپێی کەوت. 26 ژنەکەش یۆنانی بوو، لە ڕەگەزی فینیکیای سوریا بوو، داوای لێکرد ڕۆحە پیسەکە لە کچەکەی دەربکات.
27 ئەویش پێی فەرموو: «جارێ با منداڵان تێر بن، چونکە ناشێت نانی منداڵان ببڕدرێت و فڕێبدرێت بۆ سەگ.»
28 بەڵام وەڵامی دایەوە: «گەورەم! سەگیش لەژێر خواندا لە پاشماوەی منداڵان دەخوات.»
29 پێی فەرموو: «لەبەر ئەم قسەیە، بڕۆ، ڕۆحە پیسەکە لە کچەکەت دەرچوو.»
30 گەڕایەوە ماڵەکەی، بینی منداڵەکە لەسەر جێگاکەی پاڵکەوتووە و ڕۆحە پیسەکە دەرچووبوو.
چاکبوونەوەی کەڕولاڵێک
31 ئینجا عیسا هەرێمی سوری بەجێهێشت و بە سەیدا دا بەرەو دەریاچەی جەلیل هات، بە هەرێمی دە شارەکەدا. 32 کەڕێکی لاڵوپتەیان بۆ هێنا، لێی پاڕانەوە دەستی لەسەر دابنێت.
33 عیسا بردییە لایەکەوە، دوور لە خەڵکەکە، پەنجەکانی خستە ناو گوێی کابراوە و تفی کرد بە دەستی خۆیدا و دەستی لە زمانی دا. 34 چاوی بەرەو ئاسمان هەڵبڕی و هەناسەیەکی هەڵکێشا و پێی فەرموو: «ئێففەسا!» واتە بکرێوە. 35 دەستبەجێ گوێیەکانی کرانەوە و گرێی زمانی شلبووەوە و بە ڕەوانی قسەی کرد.
36 ئینجا ڕایسپاردن بە کەس نەڵێن، بەڵام چەند ڕایدەسپارد ئەوان زیاتر بڵاویان دەکردەوە. 37 زۆر سەرسام بوون و دەیانگوت: «هەموو شتێکی بە باشی کردووە! وا دەکات کەڕ ببیستێت و لاڵ قسە بکات.»
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.