Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Old/New Testament

Each day includes a passage from both the Old Testament and New Testament.
Duration: 365 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
سەرژمێری 20-22

ئاو لە تاشەبەردەکەوە

20 ئینجا نەوەی ئیسرائیل، هەموو کۆمەڵەکە هاتنە چۆڵەوانی چن لە مانگی یەکدا و گەل لە قادێش چادریان هەڵدا و لەوێدا مریەم مرد و لەوێش نێژرا.

ئاو نەبوو بۆ کۆمەڵ، جا لە دژی موسا و هارون کۆبوونەوە و گەل کردیان بە دەمەقاڵێ لەگەڵ موسا و گوتیان: «خۆزگە وەک براکانمان لەبەردەم یەزدان لەناوبچووینایە! بۆچی کۆمەڵی یەزدانتان هێنایە ئەم چۆڵەوانییە هەتا تێیدا خۆمان و مەڕوماڵاتمان بمرین؟ بۆچی ئێمەتان لە میسرەوە هێنایە دەرەوە تاکو بمانهێنن بۆ ئەم شوێنە خراپە؟ ئەم شوێنە دانەوێڵە و هەنجیر و مێو و هەناری لێ نییە، ئاوی خواردنەوەشی لێ نییە!»

جا موسا و هارون لەبەردەم کۆمەڵەوە هاتنە لای دەروازەی چادری چاوپێکەوتن و بەسەر ڕوویاندا کەوتن و شکۆمەندی یەزدانیان بۆ دەرکەوت. یەزدانیش بە موسای فەرموو: «گۆچانەکە ببە و کۆمەڵ کۆبکەرەوە، تۆ و هارونی برات لەبەرچاویاندا بەو تاشەبەردە بڵێن هەتا ئاوەکەی بدات، جا لە تاشەبەردەکەوە ئاویان بۆ هەڵدەقوڵێت و کۆمەڵ و مەڕوماڵاتەکانیان ئاو دەدەیت.»

موساش گۆچانەکەی لەبەردەم یەزدانەوە برد وەک فەرمانی پێ کرد. 10 موسا و هارون جەماوەریان لەپێش تاشەبەردەکە کۆکردەوە، موسا پێی گوتن: «ئەی یاخیبووان گوێ بگرن، ئایا لەم بەردەوە ئاوتان بۆ دەربهێنین؟» 11 موسا دەستی بەرزکردەوە و بە گۆچانەکەی دوو جار لە تاشەبەردەکەی دا، جا ئاوێکی زۆر هەڵقوڵا و کۆمەڵ و مەڕوماڵاتەکانیشیان لێیان خواردەوە.

12 بەڵام یەزدان بە موسا و هارونی فەرموو: «لەبەر ئەوەی متمانەتان پێ نەکردم، تاکو لەبەرچاوی گەلی ئیسرائیل من بە پیرۆز نیشان بدەن، هەر لەبەر ئەوە ئەم کۆمەڵە نابەنە ناو ئەو خاکەی پێم داون.»

13 ئەمە مێرگی مەریبایە کە نەوەی ئیسرائیل لەگەڵ یەزداندا دەمەقاڵێیان کرد و ئەویش لەنێویاندا پیرۆزی خۆی نیشان دان.

ئەدۆم ڕێگا بە ئیسرائیل نادات

14 ئینجا موسا لە قادێشەوە چەند نێردراوێکی بۆ لای پاشای ئەدۆم نارد:

«ئیسرائیلی برات ئاوا دەڵێت: تۆ بە هەموو ناخۆشییەکانت زانی کە تووشمان هات. 15 باوکانمان چوونە میسر و ڕۆژانێکی زۆر لە میسر ماینەوە. میسرییەکان ئێمە و باوکانی ئێمەیان زەلیل کرد، 16 بەڵام هاوارمان بۆ یەزدان کرد و گوێی لە دەنگمان بوو، فریشتەیەکی نارد و لە میسر دەریهێناین.

«ئێستا ئێمە لە قادێشین کە شارۆچکەیەکە لە نزیکی سنووری خاکەکەت. 17 تکایە ڕێمان بدە بە خاکەکەتدا تێپەڕین، نە بە کێڵگەیەکدا دەڕۆین و نە بە ڕەزێکدا و نە ئاوی بیرێک دەخۆینەوە، لە شاڕێگای پاشاوە[a] دەڕۆین، نە بەلای ڕاست لادەدەین و نە بەلای چەپ هەتا لە خاکەکەت دەچینە دەرەوە.»

18 بەڵام ئەدۆم وەڵامی دانەوە:

«بە خاکەکەماندا[b] ناڕۆن، ئەگینا بە شمشێرەوە پەلامارتان دەدەم.»

19 نەوەی ئیسرائیلیش گوتیان:

«بە ڕاستەڕێدا دەڕۆین، ئەگەر خۆمان و مەڕوماڵاتەکانمان لە ئاوی تۆمان خواردەوە ئەوا نرخەکەی دەدەین، هیچی دیکە ناکەین تەنها بە پێیەکانمان تێدەپەڕین.»

20 دیسان ئەدۆم وەڵامی دانەوە:

«تێناپەڕن.»

ئینجا ئەدۆم بە سوپایەکی گەورە و دەستێکی توندەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی دەرچوو. 21 ئەدۆم ڕازی نەبوو ئیسرائیل بە خاکی ئەودا تێبپەڕێت، ئیسرائیلیش لێی لادا.

مردنی هارون

22 هەموو کۆمەڵی نەوەی ئیسرائیل لە قادێشەوە کۆچیان کرد و هاتنە کێوی هۆر، 23 یەزدانیش لە کێوی هۆر لەسەر سنووری خاکی ئەدۆم بە موسا و هارونی فەرموو: 24 «هارون دەچێتە پاڵ گەلەکەی، چونکە ناچێتە ناو ئەو خاکەی بە نەوەی ئیسرائیلم داوە، چونکە ئێوە لەلای مێرگی مەریبا لە فەرمانم یاخی بوون. 25 هارون و ئەلعازاری کوڕی ببە سەر کێوی هۆر و 26 جلەکان لەبەر هارون دابکەنە و لەبەر ئەلعازاری کوڕی بکە، جا هارونیش دەچێتە پاڵ گەلەکەی و لەوێ دەمرێت.»

27 موساش ئاوای کرد وەک یەزدان فەرمانی دا و لەبەرچاوی هەموو کۆمەڵ بەسەر کێوی هۆر کەوتن. 28 ئینجا موسا جلەکانی لەبەر هارون داکەند و لەبەر ئەلعازاری کوڕی کرد، هارونیش لەوێ لەسەر لووتکەی کێوەکە مرد، ئینجا موسا و ئەلعازار لە کێوەکە هاتنە خوارەوە. 29 کاتێک هەموو کۆمەڵ بینییان هارون مرد، هەموو بنەماڵەی ئیسرائیل سی ڕۆژ بۆ هارون گریان.

وێرانکردنی عەراد

21 کاتێک کەنعانییەکەی پاشای عەراد کە لە نەقەب نیشتەجێ بوو بیستی نەوەی ئیسرائیل لە ڕێگای ئەتاریمەوە هاتووە، شەڕی لەگەڵ ئیسرائیلییەکاندا کرد و هەندێکی لێیان بە دیل گرت. نەوەی ئیسرائیلیش نەزرێکیان بۆ یەزدان کرد و گوتیان، «ئەگەر ئەو نەتەوەیە بخەیتە ژێر دەستمان، ئەوا شارەکانی بە تەواوی وێران دەکەین[c] یەزدانیش گوێی لە هاواری ئیسرائیل گرت و کەنعانییەکانی دایە دەست و خۆیان و شارۆچکەکانیان بە تەواوی وێران کردن، ئیتر ئەو شوێنە ناونرا حۆرما.[d]

موسا مارێک لە بڕۆنز دروستدەکات

ئینجا لە کێوی هۆرەوە بە ڕێگای دەریای سوور کۆچیان کرد هەتا بە خاکی ئەدۆمدا بسوڕێنەوە، جا گەل لە ڕێگادا ئارامییان لێ بڕا. گەل لە دژی خودا و موسا قسەیان کرد و گوتیان: «بۆچی لە میسر دەرتانهێناین هەتا لە چۆڵەوانی بمرین؟ چونکە نە نان هەیە و نە ئاو! ئەم خواردنە بێ تامەمان لەبەرچاو کەوتووە.»

یەزدانیش ماری ژەهراوی بۆ سەر گەل نارد و بە گەلیانەوە دا و خەڵکێکی زۆر لە ئیسرائیل مردن. ئینجا گەل هاتنە لای موسا و گوتیان: «گوناهمان کرد لە دژی یەزدان و لە دژی تۆش قسەمان کرد. لەبەر ئەوە نزا بۆ یەزدان بکە هەتا ئەو مارانەمان لەسەر هەڵبگرێت.» موساش لە پێناوی گەل نزای کرد.

یەزدانیش بە موسای فەرموو: «مارێکی ژەهراوی دروستبکە و لەسەر ستوونێک هەڵیبواسە، جا هەر یەکێک پێیەوەدرا و تەماشای کرد دەژیێت.» موساش مارێکی لە بڕۆنز دروستکرد و لەسەر ستوونێک هەڵیواسی، ئەوە بوو هەر کاتێک یەکێک مار پێوەی دەدا و تەماشای مارە بڕۆنزییەکەی دەکرد دەژیا.

بەرەو مۆئاب

10 ئینجا نەوەی ئیسرائیل کۆچیان کرد و لە ئۆڤۆت چادریان هەڵدا، 11 لە ئۆڤۆتەوەش کۆچیان کرد و لە عییی عەڤاریم لە چۆڵەوانی بەرامبەر مۆئاب ڕووەو خۆر هەڵاتن چادریان هەڵدا. 12 لەوێشەوە کۆچیان کرد و لە دۆڵی زەرەد چادریان هەڵدا، 13 لەوێشەوە کۆچیان کرد و لە قەراغی باکووری ڕووباری ئەرنۆن چادریان هەڵدا کە لە چۆڵەوانییە لە دەرەوەی سنووری ئەمورییەکانە، چونکە ئەرنۆن سنووری مۆئابە لەنێوان مۆئاب و ئەمورییەکان، 14 لەبەر ئەوە پەڕتووکی جەنگەکانی یەزدان دەڵێت:

«شاری واهێڤ لە سوفە و شیوەکانی،
ئەرنۆن و 15     نشێوی شیوەکان،
ئەوەی هەتا نشینگەی عار شۆڕ بووەتەوە،
    پشتی بە سنووری مۆئابەوە داوە.»

16 لەوێشەوە بۆ بئێر بەردەوام بوون، ئەوەش ئەو بیرەیە کە لەوێ یەزدان بە موسای فەرموو، «گەل کۆبکەرەوە ئاویان دەدەمێ.»

17 ئەوسا ئیسرائیل ئەم گۆرانییەیان چڕی:

«ئەی بیر هەڵبقوڵێ،
    گۆرانی لە بارەوە بڵێن،
18 بیرێک میرەکان لێیان داوە،
    پیاوماقوڵانی گەل هەڵیانکەندووە،
    ئەو پیاوماقوڵانە بە داردەست و گۆچانەکانیان.»

لە چۆڵەوانییەوە هەتا مەتانە چوون، 19 لە مەتانەوە هەتا نەحەلیێل و لە نەحەلیێلەوە هەتا بامۆت[e]، 20 لە بامۆتەوە هەتا دۆڵێک کە لە مۆئابە و لە لووتکەی چیای پسگە کە دەڕوانێتە سەر ڕووی چۆڵەوانی.

شکاندنی سیحۆن و عۆگ

21 ئینجا ئیسرائیل نێردراوی بۆ سیحۆنی پاشای ئەمورییەکان نارد و گوتی:

22 «ڕێمان بدە بە خاکەکەتدا تێپەڕین، نە بەلای کێڵگەیەک و نە بەلای ڕەزە مێوێک لانادەین و ئاو لە بیر ناخۆینەوە، هەتا لە خاکەکەت دەچینە دەرەوە بە شاڕێگادا دەڕۆین.»

23 بەڵام سیحۆن نەیهێشت ئیسرائیل بە خاکەکەیدا تێبپەڕێت، بەڵکو هەموو سوپاکەی کۆکردەوە و بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئیسرائیل بۆ چۆڵەوانی دەرچوو، هاتە یەهەچ و شەڕی لەگەڵ ئیسرائیل کرد. 24 ئیسرائیلیش بە شمشێر لێیدا و دەستی بەسەر خاکەکەیدا گرت، لە ئەرنۆنەوە هەتا یەبۆق و هەتا نەوەی عەمۆن، چونکە سنووری عەمۆنییەکان بەهێز بوو. 25 ئیسرائیل هەموو ئەم شارانەی گرت، ئیسرائیل لە هەموو شارەکانی ئەمورییەکان نیشتەجێ بوو، لە حەشبۆن و لە هەموو گوندەکانی. 26 لەبەر ئەوەی حەشبۆن شاری سیحۆنی پاشای ئەمورییەکان بوو، شەڕی لەگەڵ پاشای پێشووی مۆئاب کردبوو و هەموو خاکەکەی لە دەستی سەندبوو هەتا ئەرنۆن.

27 لەبەر ئەوە شیعرەکان دەڵێن:

«وەرنە حەشبۆن بنیاد دەنرێتەوە،
    شاری سیحۆن نۆژەن دەکرێتەوە.

28 «چونکە ئاگرێک لە حەشبۆنەوە کڵپەی کرد،
    گڕێک لە شاری سیحۆنەوە،
عاری مۆئابی هەڵلووشی،
    پیاوانی بەرزاییەکانی ئەرنۆن.
29 قوڕبەسەرت مۆئاب!
    ئەی گەلی کەمۆش لەناوچوویت!
کوڕەکانی ئاوارە کرد و
    کچەکانی ڕاپێچ کرد
    بۆ سیحۆنی پاشای ئەمورییەکان.

30 «بەڵام وا ئەوانمان ڕووخاند،
    حەشبۆن لەناوچوو هەتا دیڤۆن،
تێکمان دا هەتا نۆفە
    کە هەتا مێدەبایە.»

31 جا ئیسرائیل لە خاکی ئەمورییەکاندا مایەوە.

32 ئینجا موسا هەندێک کەسی نارد بۆ سیخوڕیکردن لە یەعزێر، ئیتر گوندەکانیان گرت و ئەو ئەمورییانەیان دەرکرد کە لەوێ بوون. 33 ئینجا ڕوویان وەرگێڕا و بە ڕێگای باشاندا سەرکەوتن، جا عۆگی پاشای باشان لەگەڵ هەموو سوپاکەی بۆ بەرەنگاربوونەوەیان گەیشتە ئەدرەعی.

34 یەزدانیش بە موسای فەرموو: «لێی مەترسە، چونکە خۆی و هەموو سوپاکەی و خاکەکەیم داوەتە دەستت، ئەوەی پێ دەکەیت کە بە سیحۆنی پاشای ئەمورییەکانت کرد کە لە حەشبۆن فەرمانڕەوا بوو.»

35 جا لە خۆی و کوڕەکانی و هەموو سوپایەکەیان دا و کەس دەرباز نەبوو، بوونە خاوەنی خاکەکەی.

بالاق بانگی بەلعام دەکات

22 ئینجا نەوەی ئیسرائیل کۆچیان کرد و لە دەشتاییەکانی مۆئاب لەلای کەناری ڕووباری ئوردون بەرامبەر ئەریحا چادریان هەڵدا.

کاتێک بالاقی کوڕی چیپور هەموو ئەو شتانەی بینی کە ئیسرائیل بە ئەمورییەکانی کرد، مۆئاب لە گەلەکە تۆقی، چونکە زۆر بوون، مۆئاب بەهۆی نەوەی ئیسرائیل ترسی لێ نیشت.

مۆئابییەکان بە پیرەکانی میدیانیان گوت: «ئێستا ئەم ئاپۆرەی خەڵکە هەموو چواردەورمان دەلێسنەوە وەک چۆن گا سەوزایی کێڵگە دەلێسێتەوە.»

لەو سەردەمە بالاقی کوڕی چیپور پاشای مۆئاب بوو. چەند نێردراوێکی بۆ لای بەلعامی کوڕی بەعۆر نارد بۆ پەتور کە نزیک ڕووباری فوراتە لە خاکی نەوەی گەلەکەی، بۆ ئەوەی بانگی بکات و بڵێت:

«وا گەلێک لە میسر هاتووە و ڕووی زەوی داپۆشیوە و لەتەنیشتم نیشتەجێیە. ئێستاش وەرە و نەفرەت لەم گەلە بکە بۆم، چونکە لە من مەزنترن. بەڵکو بتوانم بیانشکێنم و لە خاکەکە دەریانبکەم، چونکە زانیومە ئەوەی داوای بەرەکەتی بۆ بکەیت بەرەکەتدار کراوە و ئەوەی نەفرەتی لێ بکەیت نەفرەت لێکراوە.»

پیرانی مۆئاب و پیرانی میدیان بە کرێی فاڵگرتنەوە بەڕێکەوتن و هاتنە لای بەلعام و بە وتەکانی بالاق لەگەڵیدا دوان.

ئەویش پێی گوتن: «ئەمشەو لێرە بمێننەوە، یەزدان چیم پێ بڵێت، ئاوا وەڵامتان دەدەمەوە.» ئینجا پیاوە گەورەکانی مۆئاب لەلای بەلعام مانەوە.

ئینجا خودا هاتە لای بەلعام و فەرمووی: «ئەو پیاوانە کێن کە لەلاتن؟»

10 بەلعامیش بە خودای گوت: «بالاقی کوڕی چیپوری پاشای مۆئاب بەدوامدا ناردوویەتی و دەڵێت، 11 ”ئەو گەلەی لە میسرەوە هاتووە ڕووی زەوی داپۆشیوە. ئێستا وەرە و نەفرەتیان لێ بکە بۆم، هەتا بتوانم لەگەڵیاندا بجەنگم و دەریانبکەم.“»

12 بەڵام خودا بە بەلعامی فەرموو: «لەگەڵیاندا مەڕۆ و نەفرەت لە گەلەکە مەکە، چونکە بەرەکەتدارن.»

13 بەلعام بەیانی هەستا و بە پیاوە گەورەکانی بالاقی گوت: «بۆ خاکەکەتان بگەڕێنەوە، چونکە یەزدان ڕازی نەبوو ڕێم بدات لەگەڵتان بێم.»

14 پیاوە گەورەکانی مۆئابیش هەستان و هاتنە لای بالاق و گوتیان: «بەلعام ڕازی نەبوو لەگەڵماندا بێت.»

15 ئینجا بالاق دووبارە پیاوی گەورەی زۆرتر و بەڕێزتری لەوانەی پێشووتر نارد. 16 ئەوانیش هاتنە لای بەلعام و پێیان گوت:

«بالاقی کوڕی چیپور ئاوا دەڵێت: با هیچ شتێک ڕێت لێ نەگرێت بێیت بۆ لام، 17 چونکە پاداشتێکی گەورەت دەکەم، ئەوەی پێم بڵێی دەیکەم، ئێستا وەرە و نەفرەت لەم گەلە بکە بۆم.»

18 بەڵام بەلعام وەڵامی دایەوە و بە خزمەتکارانی بالاقی گوت: «ئەگەر بالاق بە پڕی کۆشکەکەی زێڕ و زیوم پێبدات ناتوانم لە فەرمانی یەزدانی پەروەردگارم دەربچم، بۆ ئەوەی شتێکی بچووک یان گەورە بکەم. 19 ئێوەش ئێستا ئەمشەو لێرە بمێننەوە، هەتا بزانم یەزدان ئەم جارە چیم پێ دەڵێت.»

20 خودا لە شەودا هاتە لای بەلعام و پێی فەرموو: «لەبەر ئەوەی ئەو پیاوانە هاتوون هەتا بانگت بکەن، هەستە و لەگەڵیاندا بڕۆ، بەڵام تەنها ئەو قسەیەی کە من پێت دەڵێم ئەوە دەکەیت.»

ماکەری بەلعام

21 بەلعامیش بەیانی هەستا و ماکەرەکەی کورتان کرد و لەگەڵ پیاوە گەورەکانی مۆئاب بەڕێکەوت. 22 بەڵام کاتێک بەڕێکەوت تووڕەیی خودا جۆشا، ئینجا فریشتەی یەزدان لەسەر ڕێگا بۆی وەستا، هەتا بەربەرەکانێی بکات. لەو کاتەی بەلعام سواری ماکەرەکەی ببوو و هەردوو خزمەتکارەکەشی لەگەڵی بوون. 23 کە ماکەرەکە فریشتەی یەزدانی بینی لەسەر ڕێگاکە وەستاوە و شمشێرەکەی هەڵکێشاوە و بە دەستیەوەیە، ماکەرەکە لە ڕێگاکە لایدا و دایەوە ناو کێڵگە، بەلعامیش لە ماکەرەکەی دا هەتا بیگەڕێنێتەوە سەر ڕێگاکە.

24 ئینجا فریشتەی یەزدان لە ڕێچکەیەکی باریکدا لەنێوان دوو ڕەزدا وەستا کە لەملا و ئەولا دیواری هەبوو، 25 کاتێک ماکەرەکە فریشتەی یەزدانی بینی ملی دا بە دیوارەکە و پێی بەلعام بەر دیوارەکە کەوت. ئینجا دیسان لە ماکەرەکەی دایەوە.

26 دواتر فریشتەی یەزدان پێشیان کەوتەوە و لە شوێنێکی تەنگەبەر وەستا کە هیچ ڕێگا نەبوو بۆ سوڕانەوە، نە بەلای ڕاست و نە بەلای چەپدا. 27 کە ماکەرەکە فریشتەی یەزدانی بینی، لەژێر بەلعامدا خۆی کێشایەوە، تووڕەیی بەلعام جۆشا و بە گۆچانەکەی لە ماکەرەکەی دا، 28 ئینجا یەزدان دەمی ماکەرەکەی کردەوە و بە بەلعامی گوت: «چیم لێکردوویت؟ بۆچی هەتا ئێستا سێ جار لێت دام؟»

29 بەلعامیش بە ماکەرەکەی گوت: «چونکە سووکایەتیم پێ دەکەیت، ئەگەر شمشێرم لە دەست بووایە ئێستا دەمکوشتیت.»

30 ماکەرەکەش بە بەلعامی گوت: «باشە من ماکەرەکەی تۆ نیم کە لەو کاتەوەی هەی سوارم دەبیت هەتا ئەمڕۆ، ئایا من لێڕاهاتووم وات لێ بکەم؟»

ئەویش گوتی: «نا.»

31 ئینجا یەزدان چاوی بەلعامی کردەوە و فریشتەی یەزدانی بینی لەسەر ڕێگاکە وەستاوە و شمشێری هەڵکێشاوە و بە دەستیەوەیە، جا بەسەر ڕوویدا کەوت و کڕنۆشی برد.

32 فریشتەی یەزدانیش پێی فەرموو: «بۆچی هەتا ئێستا سێ جار لە ماکەرەکەی خۆتت داوە؟ ئەوەتا من بۆ بەربەرەکانێت هاتووم، چونکە لەبەرچاوی من ڕێگاکەت لاساریکردنە. 33 ماکەرەکە منی بینی هەتا ئێستا سێ جار لە بەرامبەرم خۆی لادا، ئەگەر لە بەرامبەرم خۆی لانەدەدا، ئێستا من تۆم دەکوشت و ئەوم دەهێشتەوە.»

34 بەلعام بە فریشتەی یەزدانی گوت: «گوناهم کرد، من نەمزانی کە تۆ بوویت ئەوەی لەسەر ڕێگا لەپێشم وەستاویت بۆ بەربەرەکانێم، ئێستاش ئەگەر پێت ناخۆشە من دەگەڕێمەوە.»

35 فریشتەی یەزدانیش بە بەلعامی فەرموو: «لەگەڵ پیاوەکاندا بڕۆ، بەڵام تەنها ئەو قسەیەی کە من پێت دەڵێم ئەوە دەکەیت.» ئیتر بەلعام لەگەڵ پیاوە گەورەکانی بالاق بەڕێکەوت.

36 کاتێک بالاق بیستی کە بەلعام هاتووە، چوو بۆ پێشوازیکردنی بۆ ئەو شارۆچکەیەی مۆئاب کە لەسەر سنووری ئەرنۆنە، لەوپەڕی خاکەکەی. 37 بالاق بە بەلعامی گوت: «ئایا بەدوای تۆمدا نەنارد، هەتا بانگت بکەم، ئیتر بۆ نەهاتی؟ ئایا بەڕاستی من ناتوانم پاداشتت بکەم؟»

38 بەلعامیش بە بالاقی گوت: «ئەوەتا ئێستا هاتم بۆ لات، ئایا ئێستا هیچ توانایەکم هەیە کە خۆم شتێک بڵێم؟ ئەو وشەیەی خودا دەیخاتە دەمم ئەوە دەڵێم.»

39 بەلعام و بالاق بەڕێکەوتن و هاتنە قیریەت حوچۆت، 40 ئینجا بالاق مەڕ و مانگای سەربڕی و بەدوای بەلعام و ئەو پیاوە گەورانەی نارد کە لەگەڵی بوون. 41 بۆ بەیانی بالاق بەلعامی بردە سەرەوە بۆ بامۆت بەعل[f] و لەوێوە ئەوپەڕی گەلی بینی.

مەرقۆس 7:1-13

سەرپێچیکردنی ڕاسپاردەی خودا

فەریسی و هەندێک لە مامۆستایانی تەورات کە لە ئۆرشەلیمەوە هاتبوون لەلای عیسا کۆبوونەوە. بینییان هەندێک لە قوتابییەکانی بە دەستی پیس نان دەخۆن، واتە بێ دەست شوشتن، چونکە فەریسی و هەموو جولەکە نان ناخۆن ئەگەر بە باشی دەستیان نەشۆن، پەیوەست بوون بە نەریتی پیران، هەروەها کاتێک لە بازاڕ دێنەوە نان ناخۆن هەتا خۆیان نەشۆن. زۆر دابونەریتی دیکەش هەیە کە جێبەجێی دەکەن، وەکو شوشتنی کاسە و چاپەست و دۆلکەی مس.

فەریسی و مامۆستایانی تەوراتیش لێیان پرسی: «بۆچی قوتابییەکانت لەسەر نەریتی پیران ناڕۆن و بە دەستی پیس نان دەخۆن؟»

ئەویش پێی فەرموون: «دووڕووەکان، سەبارەت بە ئێوە ئیشایای پێغەمبەر پێشبینی باشی کردووە، وەک نووسراوە:

«[ئەم گەلە بەسەر لێوان ڕێزم لێ دەگرێت،
    بەڵام دڵی لێم دوورە.
بەخۆڕایی دەمپەرستن،
    تەنها ڕاسپاردەی مرۆڤانە فێری خەڵک دەکەن.][a]

ئێوە ڕاسپاردەی خوداتان پشتگوێ خستووە و دەستتان بە نەریتی مرۆڤەوە گرتووە.»

دیسان پێی فەرموون: «باش ڕاسپاردەی خودا ڕەت دەکەنەوە، بۆ ئەوەی پارێزگاری لە نەریتی خۆتان بکەن. 10 بۆ نموونە، موسا گوتوویەتی: [ڕێزی دایک و باوکتان بگرن][b]، [ئەوەی نەفرەت لە باوکی یان دایکی بکات، دەبێت بکوژرێت.][c] 11 بەڵام ئێوە دەڵێن: ”ئەگەر یەکێک بە دایک یان باوکی بڵێت: ئەوەی لە منەوە سوودت لێی وەردەگرت، دەیکەمە قوربانی،“ بە واتای دیاری بۆ خودا، 12 ئیتر نایەڵن شتێکی بۆ دایک یان باوکی بکات. 13 بەو نەریتەتان کە لە یەکتری وەردەگرن، دەسەڵاتی ڕاسپاردەی خودا ڕەت دەکەنەوە. زۆر شتی دیکەی وەک ئەمە دەکەن.»

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.