Old/New Testament
خونچەکردنی گۆچانی هارون
17 یەزدان بە موسای فەرموو: 2 «لەگەڵ نەوەی ئیسرائیل بدوێ و گۆچانیان لێ وەربگرە، بۆ هەر هۆزێک گۆچانێک، لە هەموو سەرۆکەکانیان بەگوێرەی هۆزەکانیان دوازدە گۆچان و ناوی هەریەکەیان لەسەر گۆچانەکەی دەنووسیت و 3 ناوی هارونیش لەسەر گۆچانی لێڤی دەنووسیت، چونکە بۆ هەر سەرۆک هۆزێک یەک گۆچانە. 4 لە چادری چاوپێکەوتن لەبەردەم سندوقی پەیمان دایبنێ، لەو شوێنەی لەگەڵتان کۆ دەبمەوە. 5 جا ئەو پیاوەی هەڵیدەبژێرم گۆچانەکەی چەکەرە دەکات، ئەوسا ئەو بۆڵەبۆڵەی نەوەی ئیسرائیل لەسەر خۆم کپ دەکەم کە لە دژی ئێوە دەیکەن.»
6 ئینجا موسا قسەی لەگەڵ نەوەی ئیسرائیل کرد، هەموو سەرکردەکان هەریەکە گۆچانێکیان دایێ، دوازدە گۆچان بەگوێرەی ژمارەی سەرۆک هۆزەکان، گۆچانەکەی هارونیش لەنێو گۆچانەکانی ئەوان بوو. 7 جا موسا گۆچانەکانی لەناو چادری پەیمان لەبەردەم یەزدان دانا.
8 بۆ بەیانیش موسا چووە ناو چادری شایەتی و بینی گۆچانەکەی هارون کە سەر بە بنەماڵەی لێڤییە چەکەرەی کردووە، خونچەی کردووە و گوڵی کردووە و بادەمی گرتووە و پێگەیشتووە. 9 جا موسا هەموو گۆچانەکانی لەبەردەم یەزدان بردە دەرەوە بۆ هەموو نەوەی ئیسرائیل، تەماشایان کرد و هەریەکە گۆچانی خۆی بردەوە.
10 یەزدانیش بە موسای فەرموو: «گۆچانەکەی هارون بگەڕێنەوە بەردەم سندوقی پەیمان، بپارێزرێت بۆ ئەوەی یاخیبووان پەندی لێ وەربگرن. ئینجا بۆڵەبۆڵیان لە دژم دەوەستێت، بۆ ئەوەی نەمرن.» 11 موساش ئاوای کرد، هەروەک یەزدان فەرمانی پێ کرد.
12 ئینجا نەوەی ئیسرائیل بە موسایان گوت: «ئێمە لەناوچووین و ون بووین، هەموومان ون بووین! 13 هەموو ئەوانەی لە چادری پەرستنی یەزدان نزیک دەبنەوە دەمرن، ئایا هەموومان لەناودەچین؟»
خزمەتی کاهین و لێڤی
18 یەزدان بە هارونی فەرموو: «تۆ و کوڕەکانت و بنەماڵەکەت ئۆباڵی ئەو گوناهانە هەڵدەگرن کە لە پیرۆزگا دەکرێت، تۆ و کوڕەکانت ئۆباڵی ئەو گوناهانە هەڵدەگرن کە لە کاهینیێتییەکەتان دەکرێت. 2 هەروەها براکانت، هۆزی لێڤی، هۆزی باوکت، لە خۆت نزیک بکەوە، ئینجا بە تۆوە پابەند دەبن و پاڵپشتی تۆ و کوڕەکانت دەکەن لەبەردەم چادری پەیمان. 3 ئەوان بەردەستی خۆت و هەموو کاروباری چادرەکە دەکەن، بەڵام لە قاپوقاچاغی پیرۆزگاکە و لە قوربانگاکە نزیک ناکەونەوە، نەوەک ئەوان و ئێوەش، هەمووتان بمرن. 4 پابەندت دەبن و بەرپرسیاریش دەبن لە پارێزگاری چادری چاوپێکەوتن لەگەڵ هەموو خزمەتی چادرەکە، هیچ کەسێکی دیکەش لێتان نزیک ناکەوێتەوە.
5 «بەڵکو ئێوە بەرپرسیار دەبن لە پارێزگاری پیرۆزگاکە و قوربانگاکە، تاکو جارێکی دیکە تووڕەیی نەیەتە سەر نەوەی ئیسرائیل. 6 من خۆم لێڤییەکانی براتانم لەنێو نەوەی ئیسرائیل هەڵبژارد و دامەوە ئێوە، بۆ یەزدان تەرخانکراون تاکو خزمەتەکەی چادری چاوپێکەوتن بەجێبگەیەنن. 7 تەنها تۆ و کوڕەکانت لەگەڵت خزمەتی کاهینیێتی دەکەن، لەگەڵ هەموو ئەوەی پەیوەندی بە قوربانگاکە هەیە و ئەوەی لەناو پەردەکەیە دەپارێزن. کاهینیێتی پێدراوێکی تایبەت بە ئێوەیە و پێمداون و هەرکەسێکی دیکە ئەوەی لە پیرۆزگا نزیک بکەوێتەوە دەکوژرێت.»
بەشی کاهین و لێڤییەکان
8 یەزدان بە هارونی فەرموو: «ئێستا من بەرپرسیاریێتی پێشکەشکراوەکان کە بۆ منی بەرز دەکەنەوە داومەتە تۆ، هەموو پێشکەشکراوە پیرۆزەکانی نەوەی ئیسرائیل، دەیدەمە خۆت و کوڕەکانت وەک بەشە کاهینیێتیتان و بەشێکی چەسپاوە. 9 ئەم بەشە بۆ تۆ دەبێت لە پێشکەشکراوە هەرەپیرۆزەکان ئەوەی لە ئاگر دەپارێزرێت. لە هەموو قوربانییەکانیان و هەموو پێشکەشکراوەکانی دانەوێڵەیان و هەموو قوربانییەکانی گوناهیان و هەموو قوربانییەکانی تاوانیان کە بۆ منی دەهێنن، ئەو بەشە هەرەپیرۆزە بۆ تۆ و بۆ کوڕەکانتە. 10 وەک شتێکی هەرەپیرۆز دەیخۆیت، هەموو نێرینەیەک لێی دەخوات، بۆ تۆ پیرۆز دەبێت.
11 «ئەوەی لە بەخشین و قوربانی بەرزکردنەوەی ئیسرائیلییەکان بەلاوەدەنرێت، بۆ تۆیە. بەشێکی چەسپاوە داومەتە تۆ و کوڕ و کچەکانت. ئیتر هەموو کەسێک لە ماڵەکەت کە بەپێی ڕێوڕەسم پاکە لێی دەخوات.
12 «باشترین زەیت و باشترین شەراب و باشترین دانەوێڵە، یەکەمین بەرهەمەکانیان کە بە یەزدانی دەدەن، من هەموویم داوەتە تۆ، 13 یەکەمین بەرهەمی هەموو شتێکی زەوییەکەیان کە بۆ یەزدانی پێشکەش دەکەن بۆ تۆ دەبێت، هەموو کەسێک لە ماڵەکەت ئەوەی بەپێی ڕێوڕەسم پاکە لێی دەخوات.
14 «هەموو تەرخانکراوێک[a] بۆ یەزدان لە ئیسرائیل بۆ تۆ دەبێت، 15 هەر نۆبەرەیەکی سک کە پێشکەشی یەزدانی دەکەن لە مرۆڤ و لە ئاژەڵ، بۆ تۆ دەبێت، بەڵام پێویستە کوڕە نۆبەرەی مرۆڤ و نۆبەرە نێرینەی ئاژەڵی گڵاویش بکڕیتەوە. 16 پێویستە لە تەمەنی یەک مانگییەوە بیانکڕیتەوە، نرخی کڕینەوەش پێنج شاقل لە زیو بەگوێرەی خەمڵاندنی شاقلی پیرۆزگا، کە بیست گێرایە[b].
17 «بەڵام پێویستە نۆبەرەی مانگا و مەڕ و بزن نەکڕیتەوە، ئەوان پیرۆزن و خوێنەکەیان بەسەر قوربانگاکەدا دەڕژێنیت و پیوەکەیان[c] دەسووتێنیت، قوربانی بە ئاگرە، ئەو بۆنەی یەزدان پێی خۆشە. 18 گۆشتەکەشی بۆ تۆ دەبێت وەک سنگی قوربانی بەرزکردنەوە و ڕانی ڕاستە. 19 هەرچییەک کە بەلاوە دەنرێت لە پێشکەشکراوە پیرۆزەکانی نەوەی ئیسرائیل کە بۆ یەزدانی پێشکەش دەکەن وەک بەشێکی چەسپاو داومە بە تۆ و کوڕ و کچەکانت، دەبێتە پەیمانی نمەک بۆ تۆ و نەوەکەت کە هەتاهەتایە لەبەردەم یەزدان دەچەسپێت.»
20 هەروەها یەزدان بە هارونی فەرموو: «لە زەوییەکەیان هیچ میراتت بەرناکەوێت و لەنێویان بەشت نابێت، لەنێو نەوەی ئیسرائیل من بەش و میراتی تۆم.
21 «بەڵام نەوەی لێڤی لەبری ئەو خزمەتەی دەیکەن، خزمەتی چادری چاوپێکەوتن، ئەوا من لە ئیسرائیل وەک میرات هەموو دەیەکێکم پێداون. 22 لە ئێستا بەدواوە نەوەی ئیسرائیل لە چادری چاوپێکەوتن نزیک ناکەونەوە، هەتا گوناهێک هەڵبگرن کە بۆ مردن بێت، 23 بەڵکو لێڤییەکان خزمەتی چادری چاوپێکەوتن دەکەن، ئەوان بەرپرسیاریێتی هەڵدەگرن وەک فەرزێکی هەتاهەتایی نەوە دوای نەوە، لەنێو نەوەی ئیسرائیلدا هیچ میراتیان بەرناکەوێت. 24 دەیەکەکانی نەوەی ئیسرائیل کە بۆ یەزدانی پێشکەش دەکەن وەک بەخشینی بەرزکراوە، من داومە بە لێڤییەکان، میراتی ئەوانە، بۆیە پێیانم فەرموو کە لەنێو نەوەی ئیسرائیلدا هیچ میراتیان بەرناکەوێت.»
25 یەزدان بە موسای فەرموو: 26 «لەگەڵ لێڤییەکان دەدوێیت و پێیان دەڵێیت: ”کاتێک دەیەکەکە وەردەگرن لە نەوەی ئیسرائیل کە من وەک میرات بە ئێوەم داوە، بەخشینی بەرزکراوەی یەزدانی لێ پێشکەش دەکەن، دەیەک لە دەیەک. 27 جا بە بەخشینی بەرزکراوەتان دادەنرێت، وەک دانەوێڵەی جۆخین و پڕی بەرهەمی گوشەرەکە[d]. 28 بەم شێوەیە ئێوەش بەخشینی بەرزکراوەی یەزدان لە هەموو دەیەکەکانتان پێشکەش دەکەن کە لە نەوەی ئیسرائیلی وەردەگرن، لەوە بەخشینی بەرزکراوەی یەزدان بە هارونی کاهین دەدەن. 29 لە هەموو بەخشینەکانتان هەموو بەرزکراوەیەک بۆ یەزدان پێشکەش دەکەن کە لە هەرە باشترین و پیرۆزترین بێت.“
30 «پێیان دەڵێیت: ”کاتێک باشترینەکەی پێشکەش دەکەن، وەک بەرهەمی جۆخین و گوشەر[e] بۆ لێڤییەکان هەژمارد دەکرێت. 31 ئێوە و ماڵەکانتان لە هەموو شوێنێک دەیخۆن، چونکە کرێی ئێوەیە لەبری خزمەتتان لە چادری چاوپێکەوتن. 32 بەهۆیەوە گوناهباریش نابن ئەگەر لە باشترینەکەی پێشکەش بکەن، بەڵام پێشکەشکراوە پیرۆزەکانی نەوەی ئیسرائیل گڵاو مەکەن نەوەک بمرن.“»
ئاوی پاککردنەوە
19 یەزدان بە موسا و هارونی فەرموو: 2 «ئەمە فەرزی فێرکردنەکەیە کە یەزدان فەرمانی پێ کردووە و دەفەرموێت، بە نەوەی ئیسرائیل بڵێ با نوێنگینێکی[f] سووری ساغت بۆ بهێنن کە کەموکوڕی تێدا نەبێت و نیری نەخرابێتە سەر. 3 بدرێتە ئەلعازاری کاهین و دەبردرێتە دەرەوەی ئۆردوگا و لەبەردەمی سەردەبڕدرێت. 4 ئەلعازاری کاهینیش بە پەنجەی لە خوێنەکەی دەبات و بەرەو ڕووی چادری چاوپێکەوتن حەوت جار دەیپرژێنێت. 5 نوێنگینەکەش لەبەرچاوی دەسووتێنرێت، پێستی و گۆشتی و خوێنی و ڕیخی دەسووتێنرێت. 6 کاهینیش پارچە دارێکی ئورز و بەنی سووری ئاڵ و زوفا دەبات و هەڵیاندەداتە ناو ئاگری نوێنگینەکە. 7 ئینجا کاهین جلەکانی دەشوات و خۆی بە ئاو دەشوات و لەدوای ئەوە دێتە ناو ئۆردوگاکەوە، هەتا ئێوارەش بەپێی ڕێوڕەسمی ئایینی گڵاو دەبێت. 8 ئەوەش کە سووتاندی جلەکانی بە ئاو دەشوات و خۆی بە ئاو دەشوات و هەتا ئێوارەش گڵاو دەبێت.
9 «پیاوێکی پاکیش خۆڵەمێشی نوێنگینەکە کۆدەکاتەوە و لە دەرەوەی ئۆردوگاکە لە شوێنێکی پاک بەپێی ڕێوڕەسم دایدەنێت، جا بۆ کۆمەڵی نەوەی ئیسرائیل پارێزراو دەبێت بۆ ئاوی پاککردنەوە، چونکە پاکبوونەوەیە لە گوناه. 10 ئەوەی خۆڵەمێشی نوێنگینەکەشی کۆکردەوە جلەکانی دەشوات و هەتا ئێوارە گڵاو دەبێت، جا بۆ نەوەی ئیسرائیل و ئەو نامۆیەش کە لەنێویانە، دەبێت بە فەرزێکی هەتاهەتایی.
11 «ئەوەی دەست لە لاشەی کەسێکی مردوو بدات ئەوا حەوت ڕۆژ گڵاو دەبێت. 12 پێویستە لە ڕۆژی سێیەمدا خۆی پێ پاک بکاتەوە[g] و لە ڕۆژی حەوتەم پاک دەبێت، بەڵام ئەگەر لە ڕۆژی سێیەمدا خۆی پاک نەکاتەوە ئەوا لە ڕۆژی حەوتەم پاک نابێت. 13 هەرکەسێک دەست لە لاشەی کەسێکی مردوو بدات و خۆی پاک نەکاتەوە ئەوا چادری پەرستنی یەزدان گڵاو دەکات، ئەو کەسە لە ئیسرائیل دەبڕدرێتەوە، چونکە ئاوی پاککردنەوەی بەسەردا نەپرژێنراوە و گڵاوە، گڵاوییەکەی هێشتا تێدا ماوە.
14 «ئەمە فێرکردنەکەیە، ئەگەر کەسێک لەناو چادرێکدا مرد ئەوا هەر یەکێک بێتە ناو چادرەکە و هەموو ئەوانەی لەناو چادرەکە بوون حەوت ڕۆژ گڵاو دەبن، 15 هەموو دەفرێکی[h] کراوەش کە بە باشی سەری دانەخرابێت ئەوا گڵاوە.
16 «هەرکەسێک لە دەشتودەر دەست لە کوژراوێکی بە شمشێر یان مردووێک یان ئێسکی مرۆڤێک یان گۆڕێک بدات، ئەوا حەوت ڕۆژ گڵاو دەبێت.
17 «جا بۆ گڵاو لە خۆڵەمێشی ئاگری قوربانی پاکبوونەوە دەبەن و لە گۆزەیەکدا ئاوێکی سازگاری بەسەردا دەکەن. 18 پیاوێکی پاکیش بەپێی ڕێوڕەسم زوفایەک دەبات و نوقومی ناو ئاوەکەی دەکات و بەسەر چادر و هەموو شتومەکەکانیدا دەپرژێنێت، بەسەر ئەو کەسانەشدا دەپرژێنێت کە لەوێ بوون، هەروەها ئەوەش کە دەستی لە ئێسک یان کوژراو یان مردوو یان گۆڕ داوە. 19 کەسە پاکەکەش لە ڕۆژی سێیەم و ڕۆژی حەوتەم ئاوەکە بەسەر کەسە گڵاوەکەدا دەپرژێنێت، لە ڕۆژی حەوتەم پاکی دەکاتەوە. ئەویش جلەکانی دەشوات و خۆی بە ئاو دەشوات و بۆ ئێوارە پاک دەبێت. 20 بەڵام ئەو کەسەی گڵاو دەبێت و خۆی پاک ناکاتەوە، ئەوا ئەو گیانە لەنێو کۆمەڵدا دەبڕدرێتەوە، چونکە پیرۆزگای یەزدانی گڵاو کردووە، ئاوی پاککردنەوەی بەسەردا نەپرژێنراوە، گڵاوە. 21 جا بۆیان دەبێتە فەرزێکی هەتاهەتایی.
«ئەوەی ئاوی پاککردنەوەی پرژاندووە جلەکانی دەشوات، ئەوەی دەستی لە ئاوی پاککردنەوە داوە، هەتا ئێوارە گڵاو دەبێت، 22 هەرچییەک ئەو گڵاوە دەستی لێ بدات گڵاو دەبێت و ئەو کەسەش کە دەستی لێ بدات هەتا ئێوارە گڵاو دەبێت.»
تێربوونی پێنج هەزار کەس
30 نێردراوان لە عیسا کۆبوونەوە، هەموو ئەوەی کردبوویان و فێریان کردبوو بۆیان گێڕایەوە. 31 ئەویش پێی فەرموون: «هەر خۆتان وەرنە شوێنێکی چۆڵ کەمێک پشوو بدەن.» لەبەر ئەوەی ئەوانەی دەهاتن و دەچوون زۆر بوون، دەرفەتی نان خواردنیان نەبوو.
32 ئیتر هەر خۆیان بە بەلەم چوونە شوێنێکی چۆڵ. 33 بەڵام خەڵکێکی زۆر ئەوانیان لە کاتی ڕۆیشتندا بینی و ناسیاننەوە، لە هەموو شارەکانەوە پێکەوە بە پێ بەرەو ئەوێ ڕایاندەکرد و پێشیان کەوتن. 34 کاتێک عیسا لە بەلەم دابەزی، خەڵکێکی ئێجگار زۆری بینی و دڵی پێیان سووتا، چونکە وەک مەڕی بێ شوان وابوون. دەستی پێکرد زۆر شتی فێرکردن.
35 کاتێک درەنگ داهات، قوتابییەکانی هاتنە لای، گوتیان: «ئەم شوێنە چۆڵە و ئێستا کاتیش درەنگە. 36 بەڕێیان بکە، تاکو بچنە ئەم کێڵگە و گوندانەی دەوروبەر خواردن بۆ خۆیان بکڕن.»
37 بەڵام وەڵامی دانەوە: «ئێوە شتێکیان بدەنێ با بیخۆن.» پێیان گوت: «ئایا بچین بایی دوو سەد دینار[a] نانیان بۆ بکڕین و بیاندەینێ، تاکو بیخۆن؟»
38 ئەویش پێی فەرموون: «بڕۆن بزانن چەند نانتان هەیە.» کە زانییان گوتیان: «پێنج نان لەگەڵ دوو ماسی.»
39 ئینجا فەرمانی پێدان خەڵکەکە کۆمەڵ کۆمەڵ لەسەر سەوزە گیا دابنیشێنن. 40 بە کۆمەڵ دانیشتن، سەد سەد و پەنجا پەنجا. 41 ئینجا پێنج نانەکە و دوو ماسییەکەی هەڵگرت و تەماشای ئاسمانی کرد، سوپاسی کرد و نانەکانی لەتکرد و دایە قوتابییەکانی تاکو لەبەردەمیان دایبنێن، دوو ماسییەکەشی بەسەر هەموویان دابەش کرد. 42 هەموو خواردیان و تێر بوون. 43 پاشان دوازدە سەبەتەی پڕ لە پەلکەنان و ماسییان هەڵگرتەوە. 44 ئەوانەی لە نانەکەیان خوارد پێنج هەزار پیاو بوون.
عیسا بەسەر ئاودا دەڕوات
45 دەستبەجێ عیسا قوتابییەکانی ناچار کرد سواری بەلەمەکە بن و پێشی بکەون بۆ ئەوبەری دەریاچەکە، بۆ شارۆچکەی بێتسەیدا، تاکو خۆی خەڵکەکە بەڕێ دەکات. 46 کە خواحافیزی لێکردن، بۆ نوێژکردن چووە سەر شاخ.
47 کە ئێوارە داهات، بەلەمەکە لەناوەڕاستی دەریاچەکە بوو، عیساش بە تەنها لەسەر وشکانی بوو. 48 کە بینی قوتابییەکانی بەهۆی سەوڵ لێدانەوە ماندوون، چونکە بایەک پێچەوانەیان بوو، لە بەرەبەیان هاتە لایان، بەسەر دەریاچەکەدا ڕۆیشت و ویستی لێیان تێبپەڕێت. 49 بەڵام کاتێک بینییان بەسەر دەریاچەکەدا دەڕوات، وایانزانی دێوەزمەیە، جا هاواریان کرد، 50 چونکە هەموو بینییان و پەشۆکان.
ئەو دەستبەجێ قسەی لەگەڵ کردن: «ورەتان بەرز بێ! منم. مەترسن.» 51 ئینجا بۆ لایان سەرکەوتە ناو بەلەمەکە و بایەکە وەستا. جا بە تەواوی سەرسام بوون، 52 لەبەر ئەوەی لە پەرجووی نانەکان تێنەگەیشتن. دڵیان هەر ڕەق بوو.
عیسا نەخۆشی دیکە چاک دەکاتەوە
53 کاتێک پەڕینەوە، هاتنە خاکی جەنیسارەت و لەنگەریان گرت. 54 کاتێک لە بەلەمەکە دابەزین، خەڵک عیسایان ناسییەوە. 55 بە پەلە ڕۆیشتن و دەستیان کرد بە هێنانی نەخۆشەکانیان بەسەر نوێنەکانیانەوە بۆ هەر شوێنێک کە دەیانبیست عیسای لێیە. 56 بۆ هەر شوێنێک دەچوون، گوند، شار، کێڵگە، خەڵک نەخۆشەکانیان لە بازاڕ دادەنا و لێی دەپاڕانەوە کە تەنها دەست لە چمکی کراسەکەی بدەن. جا هەموو ئەوانەی دەستیان لێیدا چاکبوونەوە.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.