Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Old/New Testament

Each day includes a passage from both the Old Testament and New Testament.
Duration: 365 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
سەرژمێری 12-14

قسەکردنی مریەم و هارون لە دژی موسا

12 مریەم و هارون لە دژی موسا قسەیان کرد، لەبەر ئەو ژنە کوشییەی کە خواستی، چونکە ژنێکی کوشی[a] خواستبوو. جا گوتیان: «ئایا یەزدان تەنها لەگەڵ موسادا دواوە، باشە لەگەڵ ئێمەش قسەی نەکرد؟» یەزدانیش گوێی لێبوو.

موساش لە هەموو خەڵکی سەر ڕووی زەوی بێفیزتر بوو.

جا یەزدان دەستبەجێ بە موسا و هارون و مریەمی فەرموو: «ئەو سێیەتان وەرنە دەرەوە بۆ لای چادری چاوپێکەوتن.» ئینجا هەرسێکیان هاتنە دەرەوە. یەزدانیش لە ستوونی هەوردا دابەزی و لە دەروازەی چادرەکە وەستا، بانگی هارون و مریەمی کرد، هەردووکیان بەرەو پێشەوە چوون. جا فەرمووی: «باش گوێ لە قسەم بگرن:

«کاتێک پێغەمبەری یەزدان لەنێوتانە،
    ئەوا بە بینین خۆمی بۆ ئاشکرا دەکەم،
    لە خەوندا لەگەڵی دەدوێم.
بەڵام موسای بەندەم ئاوا نییە،
    بەڵکو بەوەفایە لە هەموو ماڵەکەم،
ڕوو بە ڕوو لەگەڵی دەدوێم،
    بە ڕوونی نەک بە مەتەڵ،
    شێوەی یەزدان دەبینێت.
ئیتر بۆچی نەترسان
    کە لە دژی موسای بەندەم دوان؟»

جا تووڕەیی یەزدان لێیان جۆشا و ڕۆیشت.

10 کاتێک هەورەکە لەسەر چادرەکە بەرزبووەوە مریەم گەڕوگول[b] بوو، وەک بەفر سپی هەڵگەڕا، جا هارون ئاوڕی لە مریەم دایەوە و بینی گەڕوگول بووە. 11 هارون بە موسای گوت: «گەورەم داوات لێدەکەم ئەو سزایەمان نەخەیتە سەر کە گێلایەتیمان کرد و گوناهمان پێی کرد، 12 تکایە با وەک ئەو کۆرپە لەبارچووە نەبێت کە پووکاوەتەوە.»

13 موساش هاواری بۆ یەزدان کرد و گوتی: «خودایە، تکایە چاکی بکەوە.»

14 یەزدانیش بە موسای فەرموو: «ئەگەر باوکی تفی لە چارەی دەکرد، ئایا حەوت ڕۆژ شەرمەزار نەدەبوو؟ با حەوت ڕۆژ لە دەرەوەی ئۆردوگاکە دەستبەسەر بێت و ئینجا بێتەوە.» 15 جا مریەم حەوت ڕۆژ لە دەرەوەی ئۆردوگاکە دەستبەسەر بوو و گەلیش بەڕێ نەکەوتن هەتا مریەم نەهاتەوە.

16 پاش ئەمە گەل لە حەچێرۆتەوە بەڕێکەوتن و لە چۆڵەوانی پاران چادریان هەڵدا.

سیخوڕی خاکی کەنعان

13 ئینجا یەزدان بە موسای فەرموو: «چەند پیاوێک بنێرە بۆ سیخوڕیکردن لە خاکی کەنعان کە من بە نەوەی ئیسرائیلم داوە، لە هەر هۆزێک لە باوکانیان پیاوێک دەنێرن، هەر یەکێکیان سەرکردە بێت لەناویاندا.»

بەپێی فەرمانی یەزدان موسا لە چۆڵەوانی پارانەوە ئەوانی نارد. هەموویان لە نەوەی ئیسرائیل ڕابەر بوون. ئەمەش ناوەکانیانە:

لە هۆزی ڕەئوبێن شەموعی کوڕی زەکور،

لە هۆزی شیمۆن شافاتی کوڕی حۆری،

لە هۆزی یەهودا کالێبی کوڕی یەفونە،

لە هۆزی یەساخار یەگالی کوڕی یوسف،

لە هۆزی ئەفرایم هۆشێیەعی کوڕی نون،

لە هۆزی بنیامین پەلتیی کوڕی ڕافو،

10 لە هۆزی زەبولون گەدیێلی کوڕی سۆدی،

11 لە هۆزی یوسف، لە هۆزی مەنەشە گەدیی کوڕی سوسی،

12 لە هۆزی دان عەمیێلی کوڕی گەمەلی،

13 لە هۆزی ئاشێر سەتوری کوڕی میکائیل،

14 لە هۆزی نەفتالی نەحبیی کوڕی ڤۆفسی،

15 لە هۆزی گاد گوئێلی کوڕی ماکی.

16 ئەوە ناوی ئەو پیاوانە بوو کە موسا ناردنی بۆ سیخوڕی خاکەکە. موساش هۆشێیەعی کوڕی نونی ناونا یەشوع.

17 جا موسا ناردنی بۆ سیخوڕی خاکی کەنعان و پێی گوتن: «لێرەوە بەناو نەقەبدا[c] بڕۆن و بۆ ناوچە شاخاوییەکە سەربکەون و 18 بڕوانن خاکەکە چۆنە، ئەو گەلەش تێیدا دەژیێت بە هێزە یان لاوازە؟ کەمن یان زۆرن؟ 19 ئەو خاکەی تێیدا نیشتەجێن چۆنە، باشە یان خراپە؟ ئەو شارۆچکانە چین کە تێیدا نیشتەجێن، خێوەتگان یان قەڵابەندن؟ 20 هەروەها ئەو خاکە چۆنە، بەپیتە یان بێپیتە؟ داری لێیە یان نا؟ چاونەترس بن و هەندێک لە بەروبوومی خاکەکە بهێنن.» ئەو ڕۆژانەش ڕۆژانی یەکەم بەری ترێ بوو.

21 ئەوانیش سەرکەوتن و سیخوڕی خاکەکەیان کرد، لە چۆڵەوانی چنەوە هەتا ڕەحۆڤ لە نزیک دەروازەی حەمات. 22 بەناو نەقەبدا سەرکەوتن و هاتنە حەبرۆن. لەوێش ئەحیمەن و شێشەی و تەلمەی نەوەی عەناقی لێبوو، حەبرۆنیش پێش چۆعەنی میسر بە حەوت ساڵ بنیاد نرابوو. 23 ئیتر هاتنە دۆڵی ئەشکۆل و لەوێ لقێکیان بە هێشووە ترێیەکەوە لێکردەوە و بە دارێک هەڵیانگرت لەنێوان دووانیان و لەگەڵ هەندێک هەنار و هەنجیر. 24 جا ئەو شوێنە ناونرا دۆڵی ئەشکۆل بەهۆی ئەو هێشووەی نەوەی ئیسرائیل لەوێ لێیان کردەوە. 25 ئینجا لەدوای چل ڕۆژ لە سیخوڕیەتی خاکەکە هاتنەوە.

هەواڵ هێنانەوە

26 سیخوڕەکان هاتنە لای موسا و هارون و هەموو کۆمەڵی نەوەی ئیسرائیل لە چۆڵەوانی پاران، لە قادێش، هەواڵیان بۆ ئەوان و بۆ هەموو کۆمەڵ هێنایەوە و بەروبوومی خاکەکەیان پیشاندان. 27 هەواڵیان پێیدا و گوتیان: «بۆ ئەو خاکە چووین کە تۆ ئێمەت بۆی نارد و بە ڕاستی شیر و هەنگوینی لێ دەڕژێت! ئەمەش بەرەکەیەتی. 28 بەڵام ئەو گەلەی لە خاکەکەدا نیشتەجێن بە هێزن و شارەکان قەڵابەند و زۆر مەزنن، هەروەها نەوەی عەناقیشمان لەوێ بینی. 29 عەمالێقییەکان لە خاکی نەقەبدا نیشتەجێن، حیتی و یەبوسی و ئەمورییەکان لە ناوچە شاخاوییەکەدا نیشتەجێن، کەنعانییەکانیش لەلای دەریا و لەسەر کەناری ڕووباری ئوردون نیشتەجێن.»

30 بەڵام کالێب گەلی بۆ موسا بێدەنگ کرد و گوتی: «با سەربکەوین و دەستی بەسەردا بگرین، چونکە توانامان بەسەریدا هەیە.»

31 بەڵام ئەو پیاوانەی لەگەڵیدا چووبوون گوتیان: «ناتوانین سەربکەوین و دژایەتی ئەو گەلە بکەین چونکە لە ئێمە بەهێزترن.» 32 جا هەواڵێکی خراپیان لەنێو نەوەی ئیسرائیلدا بڵاوکردەوە سەبارەت بەو خاکەی سیخوڕیان تێدا کردبوو، گوتیان: «ئەو خاکەی پێیدا چووین هەتا سیخوڕی بکەین، خاکێکە کە دانیشتووانەکەی قووت دەدات. هەموو ئەو گەلەی تێیدا بینیمان باڵا بەرز بوون. 33 هەروەها لەوێ نەفیلیممان[d] بینی، نەوەی عەناق کە لە ڕەگەزی نەفیلیمن، لە چاوی خۆماندا وەک پێکوڕە وابووین، بە هەمان شێوەش لەچاو ئەوان.»

یاخیبوونی گەلەکە

14 کۆمەڵ هەموو دەنگیان بەرزکردەوە و هاواریان کرد و ئەو شەوە گەل گریان. هەموو نەوەی ئیسرائیل دەستیان بە بۆڵەبۆڵ کرد بەسەر موسا و هارون و هەموو کۆمەڵ، پێیان گوتن: «خۆزگە لە میسر دەمردین! خۆزگە لە چۆڵەوانیدا دەمردین! بۆچی یەزدان ئێمە دەهێنێتە ئەم خاکە بۆ ئەوەی بە شمشێر بکوژرێین و ژن و منداڵمان بە تاڵان ببردرێن؟ ئایا باشتر نییە بگەڕێینەوە میسر؟» جا بە یەکتریان گوت، «سەرۆکێک بۆ خۆمان دادەنێین و دەگەڕێینەوە میسر.»

ئینجا موسا و هارون بەسەر ڕوویاندا کەوتن لەبەردەم هەموو کۆمەڵی نەوەی ئیسرائیل کە لەوێ کۆببوونەوە. یەشوعی کوڕی نون و کالێبی کوڕی یەفونەش لەوانە بوون کە سیخوڕی خاکەکەیان کردبوو، جلەکانی خۆیان دڕاند و لەگەڵ هەموو کۆمەڵی نەوەی ئیسرائیلدا دوان و گوتیان: «ئەو خاکەی پێیدا چووین هەتا سیخوڕی بکەین خاکێکی زۆر زۆر باشە، ئەگەر یەزدان پێمان دڵشاد بێت ئەوا دەمانباتە ناو ئەو خاکەی پێمان دەدات، خاکێک کە شیر و هەنگوینی لێ دەڕژێت. بەڵام لە یەزدان یاخی مەبن و لە گەلی ئەو خاکە مەترسن، چونکە خواردنی ئێمەن، ئەوەتا سێبەریان نەماوە و یەزدان لەگەڵمانە، لێیان مەترسن.»

10 بەڵام هەموو کۆمەڵ گوتیان، با ئەو دووانە بەردباران بکرێن. ئینجا شکۆمەندی یەزدان لە چادری چاوپێکەوتندا بۆ هەموو نەوەی ئیسرائیل دەرکەوت. 11 یەزدانیش بە موسای فەرموو: «هەتا کەی ئەم گەلە سووکایەتیم پێ دەکەن و هەتا کەی باوەڕم پێ ناکەن، سەرباری ئەو هەموو نیشانانەی لەنێویاندا کردم؟ 12 من تووشی دەردیان دەکەم و لەناویان دەبەم، بەڵام تۆ دەکەمە گەلێکی گەورەتر و مەزنتر لەوان.»

13 موساش بە یەزدانی گوت: «ئینجا میسرییەکان کە تۆ بە دەسەڵاتی خۆت ئەم گەلەت لەنێویان دەرهێنا گوێیان لێ دەبێت و 14 بە دانیشتووانی ئەم خاکەی دەڵێن. ئەی یەزدان، ئەوانەی گوێیان لێبووە تۆ لەنێو ئەم گەلە دایت. ئەی یەزدان، تۆ ڕوو بە ڕوو بۆیان دەرکەوتیت و هەورەکەت لەسەریان وەستاوە و تۆش بە ستوونی هەور بە ڕۆژ و بە ستوونی ئاگر بە شەو پێشیان دەکەویت. 15 ئەگەر ئەم گەلە لە هەمان کاتدا بکوژیت ئەوا نەتەوەکان کە گوێیان لە هەواڵت بووە، دەڵێن، 16 ”چونکە یەزدان نەیتوانی بیانباتە ئەو خاکەی کە سوێندی بۆیان خواردبوو، ئیتر لە چۆڵەوانی کوشتنی.“

17 «ئێستاش با توانای پەروەردگار مەزن بێت هەروەک فەرمووت: 18 ”یەزدان پشوودرێژە و خۆشەویستی نەگۆڕی زۆرە، لە گوناه و یاخیبوون خۆشدەبێت، بەڵام تاوانبار ئەستۆپاک ناکات، بەڵکو لەسەر تاوانی باوکان سزای نەوەکان دەدات هەتا نەوەی سێیەم و چوارەم.“ 19 تکایە لە گوناهی ئەم گەلە خۆشبە، ئەوەندەی مەزنی خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت، وەک چۆن لەم گەلە خۆشبوویت لە میسرەوە هەتا ئێرە.»

20 یەزدانیش فەرمووی: «لەسەر داواکەت لێیان خۆشبووم. 21 بەڵام بە گیانی خۆم و بەو شکۆمەندییەی یەزدانیش کە هەموو جیهان پڕ دەکاتەوە، 22 تەنها یەکێکیش لەو پیاوانەی شکۆمەندی من و ئەو نیشانانەی بینیبێت کە لە میسر و لە چۆڵەوانی کردم و هەتا ئێستا دە جار تاقییان کردمەوە و گوێیان لە قسەکانم نەگرت، 23 تەنها یەکێکیش لەوانە ئەو خاکە نابینێت کە سوێندم بۆ باوکانیان خوارد. هەموو ئەوانەی سووکایەتییان پێ کردووم نایبینن. 24 بەڵام کالێبی بەندەم لەبەر ئەوەی ڕۆحێکی دیکەی لەگەڵدا بوو و بە تەواوی دوام کەوت، ئەوا دەیبەمە ناو ئەو خاکەی بۆی چوو و دەبێتە میرات بۆ نەوەکەی. 25 لەبەر ئەوەی عەمالێقییەکان و کەنعانییەکان لە دۆڵ نیشتەجێن، ئێوە بەیانی لە ڕێگای دەریای سوورەوە[e] بڕۆن و بەرەو چۆڵەوانی بەڕێ بکەون.»

26 هەروەها یەزدان بە موسا و هارونی فەرموو: 27 «هەتا کەی ئەم کۆمەڵە بەدکارە بۆڵەبۆڵەکەرە لە دژم دەوەستن؟ من گوێم لە بۆڵەبۆڵی نەوەی ئیسرائیل بوو کە لەسەر من دەیکەن. 28 پێیان بڵێ: ”یەزدان دەفەرموێت: بە گیانی خۆم، وەک ئەوەی کە لە ئێوەوە گوێم لێ بوو، ئاواتان لێدەکەم. 29 لەم چۆڵەوانییە لاشەکانتان دەکەوێت، هەموو تۆمارکراوەکانتان بەگوێرەی سەرژمێریتان لە گەنجی بیست ساڵ بەرەو سەرەوە لەوانەی بۆڵەبۆڵیان لە دژم کرد، 30 ناچنە ناو ئەو خاکەی کە سوێندم خوارد تێیدا نیشتەجێتان بکەم، تەنها کالێبی کوڕی یەفونە و یەشوعی کوڕی نون نەبێت. 31 بەڵام منداڵەکانتان کە گوتتان دەبنە نێچیر، ئەوا من دەیانبەمە ناوی و شارەزای ئەو خاکە دەبن کە ئێوە ڕەتتان کردەوە. 32 جا لاشەکانی ئێوە لەم چۆڵەوانییە دەکەوێت. 33 منداڵەکانیشتان بۆ ماوەی چل ساڵ لە چۆڵەوانی دەبنە شوان و ئازار دەچێژن بۆ بێوەفاییتان[f] هەتا دواهەمین لاشەکانتان لە چۆڵەوانیدا کۆتایی پێدێت. 34 وەک ژمارەی ئەو ڕۆژانەی سیخوڕی خاکەکەتان کرد کە چل ڕۆژ بوو، بۆ هەر ڕۆژێک ساڵێک، چل ساڵ گوناهەکانتان هەڵدەگرن و تێدەگەن دژایەتیکردنی من چۆنە.“ 35 من یەزدانم و فەرمانم کرد، دەبێت ئاوا لە هەموو ئەم کۆمەڵە بەدکارە ڕێککەوتووەی لە دژی خۆم بکەم، لەم چۆڵەوانییە لەناودەچن و دەمرن.»

36 بەڵام ئەو پیاوانەی موسا ناردنی بۆ سیخوڕی خاکەکە، هاتنەوە و هەموو کۆمەڵیان لێ هاندا بەوەی هەواڵی خراپیان لەسەر خاکەکە بڵاوکردەوە، 37 ئەو پیاوانە لەبەردەم یەزدان بە دەرد مردن، لەبەر بڵاوکردنەوەی هەواڵێکی خراپ لەسەر خاکەکە. 38 بەڵام یەشوعی کوڕی نون و کالێبی کوڕی یەفونە لەو پیاوانە بوون کە بۆ سیخوڕی خاکەکە چووبوون و ژیان.

39 کاتێک موسا باسی ئەم قسانەی بۆ هەموو نەوەی ئیسرائیل کرد، گەل دەستیان بە شیوەن کرد. 40 ئینجا بەیانی زوو هەستان و چوونە سەرەوە بەرەو بەرزاییەکانی ناوچە شاخاوییەکە و گوتیان: «ئەوەتا ئێمە دەچینە ئەو شوێنەی یەزدان بەڵێنی داوە، چونکە ئێمە گوناهمان کرد.»

41 موساش گوتی: «بۆچی لە فەرمانی یەزدان دەردەچن، ئەمە سەر ناگرێت! 42 مەڕۆن، چونکە یەزدان لەنێوتاندا نییە، نەوەک لەبەردەم دوژمنتان ببەزن، 43 چونکە عەمالێقییەکان و کەنعانییەکان لەوێن، لەپێشتانن و بە شمشێر دەکوژرێن، ئێوە لە یەزدان هەڵگەڕانەوە و یەزدان لەگەڵتاندا نابێت.»

44 بەڵام ئەوان خۆیان هەڵکێشا و بەرەو بەرزاییەکانی ناوچە شاخاوییەکە سەرکەوتن، نە سندوقی پەیمانی یەزدان و نە موساش لە ناوەڕاستی ئۆردوگاکە دەرنەچوون. 45 جا عەمالێقییەکان و کەنعانییەکانی دانیشتووی ئەو ناوچە شاخاوییانە هاتنە خوارەوە و هەتا حۆرما لە ئێوەیان دا و تێکیان شکاندن.

مەرقۆس 5:21-43

زیندووکردنەوەی کچێک

21 دیسان عیسا بە بەلەمەکە پەڕییەوە ئەوبەر، هەر لەدەم ئاوەکە بوو خەڵکێکی زۆر لێی کۆبوونەوە. 22 یەکێک لە پێشەوایانی کەنیشت هات، ناوی یایرۆس بوو، کاتێک عیسای بینی، لەبەرپێی کەوت و 23 زۆر لێی پاڕایەوە: «کچە بچووکەکەم لە سەرەمەرگدایە، وەرە دەستی لەسەر دابنێ تاکو چاک بێتەوە و بژیێت.» 24 عیسا لەگەڵی چوو، خەڵکێکی زۆر دوای کەوت و پاڵەپەستۆیان لێ دەکرد.

چاککردنەوەی ژنێک

25 ژنێک دوازدە ساڵ بوو خوێنبەربوونی هەبوو. 26 بە دەستی چەندین پزیشک ئازاری زۆری چێژتبوو، ئەوەی هەیبوو خەرجی کردبوو، بەڵام هیچ سوودێکی نەبوو، بەڵکو خراپتر ببوو. 27 باسی عیسای بیستبوو، بۆیە هاتە ناو خەڵکەکە و لە دواوە دەستی لە کراسەکەی دا، 28 چونکە لە دڵی خۆیدا گوتی: «ئەگەر تەنها دەست لە کراسەکەی بدەم، چاکدەبمەوە.» 29 دەستبەجێ خوێن لێچوونەکەی ڕاوەستا و لە لەشیدا هەستی بە چاکبوونەوە کرد لە نەخۆشییەکەی.

30 یەکسەر عیساش زانی هێزێک لێی هاتە دەرەوە، ئاوڕی لە خەڵکەکە دایەوە و فەرمووی: «کێ دەستی لە کراسەکەم دا؟»

31 قوتابییەکانی وەڵامیان دایەوە: «دەبینیت خەڵکەکە پاڵەپەستۆت لێدەکەن، کەچی دەفەرمووی کێ دەستی لێدام؟»

32 بەڵام عیسا چاوی دەگێڕا، تاکو بزانێت کێ بوو وای کرد. 33 ژنەکەش بە ڕووداوەکەی خۆی دەزانی، بە ترس و لەرزەوە هات، لەبەردەمی کەوت و هەمووی بە ڕاستی پێ گوت. 34 ئەویش پێی فەرموو: «کچم، باوەڕەکەت تۆی چاککردەوە، بڕۆ بە سەلامەت و لە نەخۆشییەکەت چاکببەوە.»

35 کاتێک عیسا قسەی دەکرد، کەسانێک لە ماڵی پێشەوای کەنیشتەوە هاتن، گوتیان: «کچەکەت مرد، ئیتر ئەزیەت مەخەرە بەر مامۆستا.»

36 بەڵام عیسا گوێی بە قسەکەیان نەدا، بە پێشەواکەی کەنیشتی فەرموو: «مەترسە، تەنها باوەڕت هەبێت.»

37 نەیهێشت کەس لەگەڵی بچێت، پەترۆس و یاقوب و یۆحەنای برای یاقوب نەبێت. 38 هاتنە ماڵی پێشەواکەی کەنیشت، بینی هەرا و گریان و شیوەنێکی زۆرە. 39 چووە ژوورەوە، پێی فەرموون: «بۆچی هەراتانە و دەگریێن؟ کچەکە نەمردووە، نوستووە.» 40 بەمە خەڵکەکە پێی پێکەنین.

بەڵام عیسا هەموویانی دەرکردە دەرەوە، دایک و باوکی منداڵەکەی برد لەگەڵ ئەوانەی لەگەڵی بوون و چووە ژوورەوە بۆ ئەو شوێنەی منداڵەکەی لێبوو. 41 دەستی منداڵەکەی گرت و پێی فەرموو: «تالیسا، قوم!» واتە: «کیژۆڵە، پێت دەڵێم هەستە!» 42 کچەکە کە تەمەنی دوازدە ساڵ بوو، دەستبەجێ هەستا و دەستی بە ڕۆیشتن کرد، جا هەموویان زۆر سەرسام بوون. 43 بە توندیش ڕایسپاردن کەس بەمە نەزانێت و فەرمووی شتێکی بدەنێ با بیخوات.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.