Old/New Testament
جەژنی پەسخە
9 لە ساڵی دووەمی هاتنەدەرەوەیان لە خاکی میسر لە مانگی یەک لە چۆڵەوانی سینا یەزدان بە موسای فەرموو: 2 «با نەوەی ئیسرائیل جەژنی پەسخە لە کاتی خۆیدا بکەن، 3 لە ڕۆژی چواردەی ئەم مانگە لە زەردەپەڕدا[a]، لە کاتی خۆیدا دەیکەن، بەگوێرەی هەموو فەرز و ڕاسپاردەکان.»
4 موساش لەگەڵ نەوەی ئیسرائیل دوا بۆ ئەوەی جەژنی پەسخە بکەن، 5 جا لە چواردەی مانگی یەک لە زەردەپەڕدا لە چۆڵەوانی سینا جەژنی پەسخەیان کرد، بەگوێرەی هەموو ئەوەی یەزدان فەرمانی بە موسا کرد، نەوەی ئیسرائیل ئاوایان کرد.
6 بەڵام هەندێک کەس بەهۆی مردووێکەوە بەپێی ڕێوڕەسم گڵاو ببوون و دروست نەبوو بۆیان لەو ڕۆژەدا جەژنی پەسخە بکەن، جا لەو ڕۆژەدا هاتنە بەردەم موسا و هارون. 7 ئەو خەڵکە پێیان گوت: «ئێمە بەهۆی کەسێکی مردووەوە گڵاوین، بۆچی لە کاتی خۆیدا لەنێو نەوەی ئیسرائیلدا وەلابنرێین و قوربانی بۆ یەزدان پێشکەش نەکەین؟»
8 موساش وەڵامی دانەوە: «بوەستن با گوێم لێ بێت یەزدان سەبارەت بە ئێوە چی فەرمان دەکات.»
9 جا یەزدان بە موسای فەرموو: 10 «لەگەڵ نەوەی ئیسرائیل بدوێ و پێیان بڵێ: ”هەرکەسێک لە ئێوە یان لە نەوەکانتان، ئەگەر بە مردووێک گڵاو ببوو یان لە گەشتێکی دوور بوو، با جەژنی پەسخە بۆ یەزدان بکات. 11 لە ڕۆژی چواردەی مانگی دوو لە زەردەپەڕدا دەیکەن، بەرخەکە بە نانی فەتیرە و بە گیای تاڵەوە دەخۆن. 12 هیچی بۆ بەیانی ناهێڵنەوە و هیچ ئێسقانێکی لێ ناشکێنرێت. بەگوێرەی هەموو فەرزەکانی جەژنی پەسخە دەیکەن. 13 بەڵام ئەگەر یەکێک پاک بوو و لە گەشت نەبوو، جەژنی پەسخەی نەکرد، ئەو گیانە لە گەلەکەی دەبڕدرێتەوە، چونکە لە کاتی خۆیدا قوربانی یەزدانی پێشکەش نەکردووە، ئەو کەسە ئۆباڵی گوناهەکەی خۆی هەڵدەگرێت.
14 «”ئەگەر نامۆیەک لەنێو ئێوەدا بژیێت و ویستی جەژنی پەسخە بۆ یەزدان بگێڕێت، بەگوێرەی فەرزی پەسخە و یاساکانی ئاوا دەکات، یەک فەرز دەبێت بۆتان، بۆ نامۆ و بۆ هاوڵاتی خاکەکە.“»
هەور لەسەر چادری پەرستن
15 لە ڕۆژی دامەزراندنی چادرەکەی پەرستن کە بە چادری پەیمان ناسراوە، هەورێک چادرەکەی پەرستنی داپۆشی. هەر لە ئێوارەوە هەتا بەیانی هەورەکە لەسەر چادرەکەی پەرستن وەک دیمەنی ئاگر بوو. 16 بە بەردەوامی ئاوا بوو، هەور دایدەپۆشی و بە شەویش هەورەکە دیمەنی ئاگری هەبوو. 17 هەر کاتێکیش هەورەکە لەسەر چادرەکە بەرز دەبووەوە، ئەوا نەوەی ئیسرائیل لەدوای ئەوە بەڕێ دەکەوتن. لەو شوێنەی هەورەکە بنیشتبایەوە ئەوا نەوەی ئیسرائیل لەوێ چادریان هەڵدەدا. 18 بە فەرمانی یەزدان نەوەی ئیسرائیل بەڕێ دەکەوتن و بە فەرمانی یەزدان چادریان هەڵدەدا، هەموو ڕۆژانی نیشتنی هەورەکە بەسەر چادرەکەی پەرستندا ئەوان لە چادرەکانی خۆیان دەمانەوە. 19 هەر کاتێک هەورەکە چەند ڕۆژێکی زۆر لەسەر چادرەکەی پەرستن دەمایەوە، ئەوا نەوەی ئیسرائیل گوێڕایەڵی یەزدان دەبوون و بەڕێ نەدەکەوتن. 20 هەر کاتێک هەورەکە چەند ڕۆژێکی کەم لەسەر چادری پەرستن دەمایەوە، ئەوا بەگوێرەی فەرمانی یەزدان چادریان هەڵدەدا و بەگوێرەی فەرمانی یەزدان بەڕێ دەکەوتن. 21 هەندێک جار هەورەکە لە ئێوارەوە هەتا بەیانی دەمایەوە و لە بەیانیدا بەرز دەبووەوە، ئەو کاتە بەڕێ دەکەوتن. یان شەو و ڕۆژێک بمابایەوە و بەرز بووایەوە، ئەوا بەڕێ دەکەوتن. 22 بەم جۆرە هەورەکە دوو ڕۆژ یان مانگێک یان ساڵێک، هەرچەندێک لەسەر چادرەکەی پەرستن بمابووایەوە و بنیشتبایەوە، ئەوا نەوەی ئیسرائیل لە چادرەکانیان دەمانەوە و بەڕێ نەدەکەوتن، هەر کاتێکیش بەرز بووایەوە ئەوا بەڕێ دەکەوتن. 23 بە فەرمانی یەزدان چادریان هەڵدەدا و بە فەرمانی یەزدان بەڕێ دەکەوتن و ئەرکی یەزدانیان دەپاراست، بەگوێرەی فەرمانی یەزدان لەسەر دەستی موسا.
کەڕەنا زیوەکان
10 یەزدان بە موسای فەرموو: 2 «دوو کەڕەنا لە زیوی کوتراو بۆ خۆت دروستبکە، بۆ بانگکردنی کۆمەڵ و بۆ بەڕێکەوتنی ئۆردوگاکان. 3 ئەگەر هەردووکیان لێدران ئەوا هەموو کۆمەڵ بۆ لای دەروازەی چادری چاوپێکەوتن لەلات کۆدەبنەوە، 4 ئەگەر تەنها یەکێکیان لێدرا ئەوا سەرکردەکان لەلات کۆدەبنەوە، کە سەرۆک خێڵەکانی ئیسرائیلن. 5 ئەگەر وەک نیشانەی ئاگادارکردنەوە لێتاندا ئەوا ئەو ئۆردوگایانەی لەلای ڕۆژهەڵات چادریان هەڵداوە بەڕێ دەکەون، 6 ئەگەر دووبارە وەک نیشانەی ئاگادارکردنەوە لێتاندا ئەوا ئەو ئۆردوگایانەی لەلای باشوور چادریان هەڵداوە بەڕێ دەکەون، بۆ بەڕێکەوتنەکانیان وەک نیشانەی ئاگادارکردنەوە لێدەدەن. 7 کاتێک کۆمەڵ کۆدەکەنەوە ئەوا کەڕەنا لێدەدەن، بەڵام وەک نیشانەی ئاگادارکردنەوە ناکەن.
8 «کوڕانی هارونی کاهین کەڕەناکان لێدەدەن، جا بۆتان دەبێتە فەرزێکی هەتاهەتایی بۆ نەوەکانتان. 9 ئەگەر لە خاکی خۆتان بۆ جەنگ چوونە سەر دوژمنێک کە ستەمتان لێدەکات، ئەوا کەڕەناکان وەک نیشانەی ئاگادارکردنەوە لێدەدەن و لەبەردەم یەزدانی پەروەردگارتان یاد دەکرێنەوە و لە دوژمنەکانتان ڕزگارتان دەبێت. 10 هەروەها لە ڕۆژی خۆشیتان و لە جەژن و لە دەستپێکی مانگی نوێتان[b] کەڕەناکان لێدەدەن، لەسەر قوربانی سووتاندنەکانتان و قوربانییەکانی هاوبەشیتان، جا دەبێتە یادەوەریتان لەبەردەم خودایەکەتان. من یەزدانی پەروەردگارتانم.»
ئیسرائیلییەکان لە سیناوە بەڕێ دەکەون
11 لە بیستی مانگی دووی ساڵی دووەمدا هەورەکە لەسەر چادری پەیمان بەرزبووەوە. 12 جا نەوەی ئیسرائیل لە قۆناغەکەیان لە چۆڵەوانی سیناوە بەڕێکەوتن و هەورەکە لە چۆڵەوانی پاران نیشتەوە. 13 بەپێی فەرمانی یەزدان و لە ڕێگەی موساوە بۆ یەکەمین جار دەستیان بە کۆچەکەیان کرد.
14 لەژێر بەیداخەکەیان ئۆردوگای نەوەی یەهودا بەگوێرەی لەشکرەکانیان یەکەم جار بەڕێکەوتن و نەحشۆنی کوڕی عەمیناداب سوپاسالاریان بوو. 15 سەرلەشکری هۆزی نەوەی یەساخاریش نەتەنێلی کوڕی چوعەر بوو، 16 سەرلەشکری هۆزی نەوەی زەبولونیش ئەلیابی کوڕی حێلۆن بوو. 17 ئینجا چادرەکەی پەرستن هەڵگیرایەوە و نەوەی گێرشۆن و نەوەی مەراری چادرەکەی پەرستنیان هەڵگرت و بەڕێکەوتن.
18 لەدوای ئەوان لەژێر بەیداخەکەیان ئۆردوگای ڕەئوبێن بەگوێرەی لەشکرەکانیان بەڕێکەوتن، ئەلیسوری کوڕی شەدیئور سوپاسالاریان بوو. 19 سەرلەشکری هۆزی نەوەی شیمۆنیش شەلومیێلی کوڕی چووریشەدای بوو، 20 سەرلەشکری هۆزی نەوەی گادیش ئەلیاسافی کوڕی دەعوئێل بوو. 21 ئینجا قەهاتییەکان شتە پیرۆزکراوەکانیان هەڵگرت و بەڕێکەوتن، هەتا گەیشتن چادرەکەی پەرستن هەڵدرابوو.
22 ئینجا لەژێر بەیداخەکەیان نەوەی ئەفرایم بەگوێرەی لەشکرەکانیان بەڕێکەوتن و ئەلیشاماعی کوڕی عەمیهود سوپاسالاریان بوو، 23 سەرلەشکری هۆزی نەوەی مەنەشەش گەمالائیلی کوڕی پەداهچوور بوو، 24 سەرلەشکری هۆزی نەوەی بنیامینیش ئەبیدانی کوڕی گدعۆنی بوو.
25 لە کۆتاییدا لەژێر بەیداخەکەیان ئۆردوگای نەوەی دان بەڕێکەوت و پاشڕەو و پاسەوانی هەموو ئۆردوگاکان بوو، بەگوێرەی لەشکرەکانیان، ئەحیعەزەری کوڕی عەمیشەدای سوپاسالاریان بوو. 26 سەرلەشکری هۆزی نەوەی ئاشێریش پەگعیێلی کوڕی عۆخران بوو. 27 سەرلەشکری هۆزی نەوەی نەفتالیش ئەحیڕەعی کوڕی عێینان بوو. 28 ئەمە ڕێکخستنی نەوەی ئیسرائیلە بە لەشکرەکانیانەوە کاتێک بەڕێکەوتن.
29 موسا بە حۆڤاڤی کوڕی ڕەعوئێلی میدیانی گوت، کە ڕەعوئێل خەزووری موسا بوو: «ئێمە دەچین بۆ ئەو شوێنەی یەزدان فەرمووی: ”پێتانی دەدەم.“ لەگەڵمان وەرە و بۆت باش دەبین، چونکە یەزدان بەڵێنی داوە بۆ ئیسرائیل چاک دەبێت.»
30 ئەویش پێی گوت: «ناڕۆم، بەڵکو بۆ لای خاکی خۆم و گەلی خۆم دەچم.»
31 جا موسا گوتی: «تکایە بەجێمان مەهێڵە، لەبەر ئەوەی شارەزایت لە چۆڵەوانی لەکوێ چادر هەڵبدەین، ببە بە چاو بۆمان. 32 ئەگەر لەگەڵمان بێیت، ئەوا بەو چاکەیەی یەزدان لەگەڵ ئێمەی دەکات، ئێمەش چاکەت لەگەڵدا دەکەین.»
33 جا لە کێوی یەزدانەوە بۆ سێ ڕۆژە ڕێ بەڕێکەوتن و سندوقی پەیمانی یەزدانیش سێ ڕۆژە ڕێ پێشیان کەوتبوو، هەتا بۆ پشوودان نشینگەیەکیان بۆ بدۆزێتەوە. 34 هەوری یەزدانیش بە ڕۆژ بەسەریانەوە بوو، کاتێک لە ئۆردوگاوە بەڕێکەوتن.
35 لە کاتی بەڕێکەوتنی سندوقەکەش موسا دەیگوت:
«هەستە یەزدان!
با دوژمنانت پەرتەوازە بن و
ناحەزانت لەبەردەمت هەڵبێن.»
36 لە کاتی چادرهەڵدانیش دەیگوت:
«بگەڕێوە یەزدان،
بۆ لای هەزاران هەزارانی ئیسرائیل.»
ئاگر لە یەزدانەوە
11 گەل دەربارەی ناخۆشییان بۆڵەبۆڵیان کرد، گەیشتە لای یەزدان. یەزدان کە ئەمەی بیست پێی خراپ بوو، تووڕەیی جۆشا، ئیتر ئاگری یەزدان تێیاندا گڕی گرت و قەراغی ئۆردوگاکەی سووتاند. 2 لەبەر ئەوە گەل هاواریان بۆ موسا کرد، موساش لە یەزدان پاڕایەوە و ئاگرەکە کوژایەوە. 3 ئەو شوێنەش ناونرا تەبعیرە، چونکە ئاگری یەزدان تێیاندا گڕی گرت.
سوێسکە لە یەزدانەوە
4 ئەو ئاژاوەگێڕانەی لەنێویان دەژیان ئارەزووی گۆشتیان دەکرد، جا نەوەی ئیسرائیلیش گەڕانەوە و گریان و گوتیان: «کێ گۆشتمان دەرخوارد دەدات. 5 ئەو ماسیەی لە میسر بەخۆڕایی دەمانخوارد بەبیرمان هاتەوە، لەگەڵ خەیار و شووتی و کەوەر و پیاز و سیر. 6 ئێستاش وا گیانمان وشک بوو، هیچ شتێک نییە و هەر چاومان لەسەر ئەو مەنەیە!»
7 مەنیش وەک تۆوی گژنیژ وابوو، دیمەنی وەک دیمەنی سرێشی دار درەوشاوە بوو. 8 گەلیش دەسووڕانەوە هەتا هەڵیبگرنەوە، ئینجا بە دەستاڕ دەیانهاڕی یان لە هاون دەیانکوتایەوە و لە مەنجەڵ لێیان دەنا و دەیانکردە کولێرە، تامەکەشی وەک تامی کولێرە برژاوی بە زەیت بوو. 9 هەر کاتێک بە شەو شەونم بەسەر ئۆردوگاکەدا دەهاتە خوارەوە، ئەوا مەنیش لەگەڵیدا دەهاتە خوارەوە.
10 کاتێک موسا گوێی لێبوو هەموو گەل دەگریێن، هەریەکە بەخۆی و بنەماڵەکەیەوە لەبەر دەروازەی چادرەکەی ڕاوەستاوە، تووڕەیی یەزدان زۆر زیادی کرد، موسا بەمە دڵگران بوو. 11 جا موسا بە یەزدانی گوت: «بۆچی لەگەڵ خزمەتکارەکەت خراپ بوویت؟ بۆچی لەلات پەسەند نەبووم، تەنانەت باری هەموو ئەم گەلەت خستە سەر من؟ 12 ئایا سکم بەم هەموو خەڵکە پڕ بووە یان لە منەوە لەدایک بوونە؟ بۆچی پێم دەڵێی بە باوەش هەڵیانبگرە، هەروەک چۆن دایەن منداڵی ساوا هەڵدەگرێت، بیانبە ئەو خاکەی سوێندت بۆ باوانیان خوارد؟ 13 گۆشتم لەکوێ بوو هەتا بە هەموو ئەم گەلەی بدەم؟ چونکە بەسەرمەوە دەگرین، دەڵێن: ”گۆشتمان بدەرێ بیخۆین!“ 14 من بە تەنها ناتوانم هەموو ئەم گەلە هەڵبگرم، چونکە بۆ من گرانە. 15 جا ئەگەر وام پێدەکەیت، بمکوژە ئەگەر لەلات پەسەندم، با تووشی بەڵای خۆم نەبم.»
16 یەزدانیش بە موسای فەرموو: «لە پیرانی ئیسرائیل حەفتا پیاوم بۆ کۆبکەرەوە، ئەوانەی دەزانیت کە ڕیش سپی و کوێخای گەلن و بیانهێنە لای چادری چاوپێکەوتن و با لەوێ لەگەڵتدا ڕاوەستن. 17 جا من دێمە خوارەوە و لەوێ لەگەڵتدا دەدوێم و لەو ڕۆحەی بەسەرتەوەیە دەبەم و دەیخەمە سەریان، جا لەگەڵتدا بارگرانی گەلەکە هەڵدەگرن، ئیتر تۆ بە تەنها هەڵیناگریت.
18 «بە گەلیش دەڵێیت: ”بۆ بەیانی خۆتان تەرخان بکەن ئینجا گۆشت دەخۆن، چونکە یەزدان گوێی لێبوو کە گریان و گوتتان، ’کێ گۆشتمان دەرخوارد دەدات؟ لە میسر حاڵمان خۆشتر بوو!‘ ئێستا یەزدان گۆشتتان دەداتێ و دەیخۆن. 19 نە ڕۆژێک، نە دوو ڕۆژ، نە پێنج ڕۆژ، نە دە ڕۆژ و نە بیست ڕۆژ، 20 بەڵکو ماوەی مانگێکی تەواو دەیخۆن، هەتا لە کونی لووتتان دێتە دەرەوە و ڕقتان لێی دەبێتەوە، چونکە یەزدانتان ڕەتکردەوە کە لەنێوتاندایە و لەبەردەمیدا گریان و گوتتان: ’بۆچی ئەمەمان کرد و لە میسر هاتینە دەرەوە؟‘“»
21 بەڵام موسا گوتی: «ئەو گەلەی من لەنێویانم شەش سەد هەزار پیادەیە، تۆش فەرمووت: ”گۆشتیان دەدەمێ لێی بخۆن بۆ ماوەی مانگێک!“ 22 ئایا مەڕ و مانگایان بۆ سەردەبڕدرێت هەتا بەشیان بکات، یان هەموو ماسی دەریایان بۆ کۆدەکرێتەوە هەتا بەشیان بکات؟»
23 یەزدانیش بە موسای فەرموو: «ئایا یەزدان بێ دەسەڵاتە؟ ئێستا دەبینیت ئاخۆ قسەکانم دێتە دی یان نا.»
24 موساش چووە دەرەوە و بە فەرموودەی یەزدان لەگەڵ گەلدا دوا. حەفتا پیاوی لە پیرانی گەل کۆکردەوە، لە دەوروبەری چادرەکە ڕایگرتن. 25 یەزدانیش لە هەوردا هاتە خوارەوە و لەگەڵیدا دوا و لەو ڕۆحە پیرۆزەی کە لەسەری بوو بردی و خستییە سەر حەفتا ڕیش سپییەکە. کاتێک ڕۆحەکە هاتە سەریان ئیتر پەیامی خودایان ڕاگەیاند، بەڵام یەک جار و زیاتر نا.
26 دوو پیاویش لە ئۆردوگاکە مانەوە، ناوی یەکێکیان ئەلداد و ناوی ئەوەی دیکە میداد بوو، ڕۆحی خودا لەسەریان نیشتەوە، ئەوانیش لە ڕیش سپییەکان بوون، بەڵام نەچووبوونە لای چادرەکە، جا لە ئۆردوگاکە پەیامی خودایان ڕاگەیاند، 27 لاوێکیش ڕایکرد و هەواڵی دایە موسا و گوتی: «ئەلداد و میداد لە ئۆردوگاکە پەیامی خودا ڕادەگەیەنن!»
28 یەشوعی کوڕی نونیش کە لە گەنجیێتیەوە خزمەتکاری موسا بوو وەڵامی دایەوە و گوتی: «موسای گەورەم ڕێیان لێ بگرە!»
29 موساش پێی گوت: «ئایا لە جیاتی من ئیرەیی دەبەیت؟ خۆزگە هەموو گەلی یەزدان پێغەمبەر بوونایە، کە یەزدان ڕۆحی خۆی دەخستە سەریان!» 30 ئینجا موسا و پیرانی ئیسرائیل گەڕانەوە بۆ ئۆردوگاکە.
31 بایەکیش لەلایەن یەزدانەوە هەڵیکرد و سوێسکەی[c] لە دەریاوە هێنا بۆ ئۆردوگاکە. بۆ ماوەی ڕۆژە ڕێیەک لەم لا و ڕۆژە ڕێیەک لەو لا لە چواردەوری ئۆردوگاکە و بە بەرزی دوو باڵ[d] لەسەر ڕووی زەوییەوە بڵاوی کردنەوە. 32 گەلیش هەستان و بە درێژایی ئەو ڕۆژە و بە درێژایی شەو و ڕۆژی دواتریش سوێسکەیان کۆکردەوە، کەمترینیان دە حۆمەری[e] کۆکردەوە و بۆ خۆیان بە چواردەوری ئۆردوگاکە ڕایانخست. 33 لەو کاتەشدا کە هێشتا گۆشت لەژێر ددانەکانیان بوو پێش ئەوەی بیجوون، تووڕەیی یەزدان بەسەر گەلدا جۆشا و یەزدان گەلی تووشی دەردێکی گران کرد، 34 جا ئەو شوێنە ناونرا قیبرۆت هەتەڤا[f]، چونکە لەوێ ئەو خەڵکانەیان ناشت کە نەوسیان هەستا.
35 لە قیبرۆت هەتەڤاشەوە گەل بۆ حەچێرۆت بەڕێکەوتن، جا لەوێ چادریان هەڵدا.
دەرکردنی ڕۆحی پیس
5 ئینجا گەیشتنە ئەوبەری دەریاچەکە، بۆ هەرێمی گەراسین. 2 کاتێک عیسا لە بەلەمەکە دابەزی، یەکسەر لەناو گۆڕستان پیاوێکی تووشبوو ڕۆحی پیسی تێدابوو، 3 لەناو گۆڕستاندا دەژیا، کەس نەیدەتوانی چیتر بیبەستێتەوە، تەنانەت بە زنجیریش. 4 زۆر جار بە کۆت و زنجیر دەبەسترایەوە، بەڵام زنجیرەکانی دەپچڕاند و کۆتەکانیشی دەشکاند، کەس نەیدەتوانی بەسەریدا زاڵ بێت. 5 شەو و ڕۆژ بەردەوام لەناو گۆڕستان و لە چیاکاندا بوو، هاواری دەکرد و بە بەرد لەشی خۆی بریندار دەکرد.
6 کاتێک لە دوورەوە عیسای بینی، ڕایکرد و کڕنۆشی بۆ برد. 7 بە دەنگێکی بەرز هاواری کرد: «چیت لە من دەوێت، ئەی عیسای کوڕی خودای هەرەبەرز؟ سوێندت دەدەم بە خودا، ئەشکەنجەم مەدە!» 8 چونکە عیسا پێی فەرمووبوو: «ئەی ڕۆحی پیس، لە پیاوەکە وەرە دەرەوە!»
9 ئینجا لێی پرسی: «ناوت چییە؟»
پێی گوت: «ناوم لێگیۆنە[a]، چونکە ئێمە زۆرین.» 10 زۆریش لە عیسا پاڕایەوە نەیاننێرێتە دەرەوەی ناوچەکە.
11 لەوێ ڕانە بەرازێکی گەورە لە قەد شاخەکە دەلەوەڕان، 12 ڕۆحە پیسەکان لە عیسا پاڕانەوە: «بماننێرە ناو بەرازەکان، با بچینە ناویان.» 13 ئەویش ڕێی پێدان. ڕۆحە پیسەکان هاتنە دەرەوە و چوونە ناو بەرازەکان، ئینجا ڕانەکە کە نزیکەی دوو هەزار دەبوون، بە خێرایی لە قەراغی شاخەکەوە بۆ ناو دەریاچەکە هەڵدێران و خنکان.
14 بەرازەوانەکان ڕایانکرد، هەواڵیان دا بە شار و کێڵگەکان. خەڵکەکەش هاتن تاکو ببینن چی ڕوویداوە. 15 هاتنە لای عیسا، بینییان ئەوەی لەشکرێک ڕۆحی پیسی تێدابوو، دانیشتووە و پۆشتەیە و ئاقڵە، جا ترسان. 16 ئەوانەش کە بینیبوویان چی بەسەر بەرازەکان و کەسەکە هات کە ڕۆحی پیسی تێدابوو، ڕووداوەکەیان بۆ خەڵکەکە گێڕایەوە. 17 ئیتر دەستیان بە پاڕانەوە کرد لە عیسا تاکو لە ناوچەکەیان بڕوات.
18 کاتێک عیسا سواری بەلەمەکە دەبوو، ئەوەی ڕۆحی پیسی تێدابوو، لێی پاڕایەوە کە لەگەڵی بێت. 19 ڕێگای نەدا، بەڵکو پێی فەرموو: «بڕۆ ناو ماڵ و کەسوکارەکەت، بۆیان بگێڕەوە پەروەردگار چی بۆت کردووە و چۆن بەزەیی پێتدا هاتەوە.» 20 جا ڕۆیشت و لە دە شارەکە[b] دەستی بە جاڕدانی هەموو ئەوە کرد کە عیسا بۆی کردبوو. هەموو سەرسام بوون.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.