Old/New Testament
پاکی ئۆردوگاکە
5 یەزدان بە موسای فەرموو: 2 «فەرمان بە نەوەی ئیسرائیل بکە کە هەرکەسێک نەخۆشی گواستراوەی پێست یان ئەوەی لێچوونی گڵاوی[a] هەبێت، یان ئەوەی بەپێی ڕێوڕەسمی ئایینی بە مردوو گڵاو بووبێت، لە ئۆردوگاکە دووریان بخەنەوە. 3 نێر و مێ دوور دەخەنەوە، بۆ دەرەوەی ئۆردوگا دووریان دەخەنەوە هەتا ئۆردوگاکانیان گڵاو نەکەن کە من لەنێویاندا نیشتەجێم.» 4 جا نەوەی ئیسرائیل ئاوایان کرد و بۆ دەرەوەی ئۆردوگاکە دووریان خستنەوە، هەروەک چۆن یەزدان لەگەڵ موسادا دوا، نەوەی ئیسرائیل ئاوایان کرد.
قەرەبووکردنەوەی گوناه
5 یەزدان بە موسای فەرموو: 6 «بە نەوەی ئیسرائیل بڵێ: ”ئەگەر پیاوێک یان ئافرەتێک گوناهێک لە گوناهەکانی مرۆڤ بکات، واتە ناپاکی لەگەڵ یەزدان کرد، ئەوا ئەو کەسە تاوانی کردووە، 7 با دان بە گوناهەکەیدا بنێت کە کردوویەتی و ئەوەی پێی تاوانبار بووە بە تەواوی بیگەڕێنێتەوە، پێنج یەکیشی بۆ زیاد بکات و بیداتە ئەوەی تاوانەکەی لە دژی کردووە. 8 بەڵام ئەگەر ئەو کەسە مردوو بوو و خزمی نزیکی نەبوو هەتا وەریبگرێتەوە، ئەوا ئەوەی پێی تاوانبار بووە دەگەڕێتەوە بۆ یەزدان و بۆ کاهین دەبێت، لەگەڵ بەرانێک کە کەفارەتی پێ دەکات بۆی. 9 هەموو پیتاکێک و دیارییەکی پیرۆزی نەوەی ئیسرائیل کە پێشکەشی کاهینی دەکەن بۆ ئەو دەبێت. 10 هەموو دیارییە پیرۆزکراوەکانی مرۆڤیش بۆ خۆی دەبێت، بەڵام ئەگەر کەسێک شتێکی دا بە کاهین ئەوا بۆ کاهین دەبێت.“»
سەلماندنی داوێنپاکی ژن
11 یەزدان بە موسای فەرموو: 12 «لەگەڵ نەوەی ئیسرائیل بدوێ و پێیان بڵێ: ”ئەگەر ژنی پیاوێک لەڕێ لایدا و ناپاکی لەگەڵ کرد، 13 لەگەڵ پیاوێک جووت بوو، ئەوەش لە چاوانی پیاوەکەی شاردراوە بوو و داوێنپیسییەکەی[b] ئاشکرا نەبوو، هیچ شایەتێکیشی بەسەرەوە نەبوو، چونکە لەسەر کردارەکە نەگیرا بوو، 14 کابراش ڕۆحی دڵپیسی دایگرت و لە ژنەکەی بە گومان بوو کە داوێنپیسە، یان ڕۆحی دڵپیسی دایگرت و لە ژنەکەی بە گومان بوو کە داوێنپیس نییە، 15 ئەوا پیاوەکە ژنەکەی دەهێنێتە لای کاهین و پێشکەشکراوەکەشی لەگەڵدا دەهێنێت، دەیەکی ئێفەیەک[c] ئاردی جۆ نە زەیتی بەسەردا دەکات و نە بخوور، چونکە پێشکەشکراوی دانەوێڵەی دڵپیسییە و قوربانی یادگارییە، یادی تاوان دەکاتەوە.
16 «”کاهینەکە ژنەکە دەهێنێتە پێش و لەبەردەم یەزدان ڕایدەگرێت. 17 کاهینەکە لە گۆزەیەکی گڵین ئاوێکی پیرۆز دەبات و لە تۆزی سەر زەوی چادرەکەی پەرستن هەڵدەگرێت و لەناو ئاوەکەی دەکات. 18 کاهینەکە ژنەکە لەبەردەم یەزدان ڕادەگرێت و سەری ڕووت دەکاتەوە، پێشکەشکراوی دانەوێڵەی یادەوەرییەکە کە پێشکەشکراوی دانەوێڵەی دڵپیسییە دەکاتە ناو دەستی ژنەکە و ئاوە تاڵەکەی نەفرەتیش لە دەستی کاهینەکە دەبێت. 19 ئینجا کاهینەکە ژنەکە سوێند دەدات و پێی دەڵێت: ’ئەگەر هیچ پیاوێک لەگەڵت جووت نەبووە و بە دزی پیاوەکەت بەرەو داوێنپیسی لەڕێ لات نەداوە، لە کاتێکدا ژنی پیاوەکەتی ئەوا بێتاوان بە لەم ئاوەی نەفرەت کە تاڵە. 20 بەڵام ئەگەر بە دزی پیاوەکەت لەڕێ لاتداوە و گڵاو بوویت و پیاوێکی دیکە جیا لە مێردەکەت لەگەڵت جووت بووە،‘ 21 لێرە کاهینەکە ژنەکە بە سوێندی نەفرەت سوێند دەدات، کاهینەکە بە ژنەکە دەڵێت، ’یەزدان دەتخاتە بەر نەفرەت و سوێند لەنێو گەلەکەت بەوەی کە یەزدان ڕانت لاواز دەکات و سکت دەئاوسێنێت[d]. 22 ئەم ئاوەی نەفرەت دەچێتە ناو هەناوت بۆ ئاوسانی سک و لاوازی ڕان.‘
«”ژنەش دەڵێت، ’ئامین، ئامین.‘
23 «”کاهینیش ئەم نەفرەتانە لە پەڕەیەک دەنووسێت، ئینجا لەناو ئاوە تاڵەکە دەیشواتەوە. 24 ئاوە تاڵەکەی نەفرەتیش دەرخواردی ژنەکە دەدات، ئاوەکەی نەفرەتیش دەچێتە ناوی و دەبێتە ئازاری تاڵی. 25 کاهینەکە پێشکەشکراوی دانەوێڵەی دڵپیسییەکە لە دەستی ژنەکە وەردەگرێت و پێشکەشکراوەکە لەبەردەم یەزدان بەرز دەکاتەوە، ئینجا دەیباتە لای قوربانگاکە. 26 کاهینەکە چنگێک بۆ یادەوەری لە دانەوێڵە پێشکەشکراوەکە دەبات و لەسەر قوربانگاکە دەیسووتێنێت، لەدوای ئەوە ئاوەکە دەرخواردی ژنەکە دەدات. 27 ئەگەر ژنەکە گڵاو بووبێت و ناپاکی لە پیاوەکەی کردبێت، کاتێک ئاوەکەی دەرخوارد دا، ئەوا ئاوە نەفرەتەکە دەبێتە ئازاری تاڵی، دەچێتە ناوی، سکی دەئاوسێت و ڕانی دەکەوێت، ژنەکە لەنێو گەلەکەی دەبێتە نەفرەت. 28 ئەگەر ژنەکەش گڵاو نەببوو بەڵکو پاک بوو، ئەوا بێتاوان دەبێت و سکی پڕ دەبێت.
29 «”ئەمە فێرکردنەکەیە سەبارەت بە دڵپیسی، ئەگەر ژنێک بە دزی پیاوەکەی لەڕێ لایدا و گڵاو بوو، لە کاتێکدا ژنی پیاوەکەیەتی، 30 یان ئەگەر پیاوێک ڕۆحی دڵپیسی دایگرت، جا دڵی لە ژنەکەی پیس کرد، ژنەکە لەبەردەم یەزدان ڕادەگیرێت و کاهینەکە هەموو ئەم فێرکردنەی بۆ دەکات. 31 جا پیاوەکە لە هەر هەڵەیەک بێتاوان دەبێت، بەڵام ئەو ژنە تاوانی گوناهی لە ئەستۆی خۆی هەڵدەگرێت.“»
نەزرکردن
6 یەزدان بە موسای فەرموو: 2 «لەگەڵ نەوەی ئیسرائیل بدوێ و پێیان بڵێ: ”ئەگەر پیاوێک یان ژنێک سوێندێکی تایبەتی خوارد بەوەی نەزر[e] بکات، خۆی بۆ یەزدان تەرخان بکات. 3 لە شەراب و مەی خۆی دوور دەخاتەوە و سرکەی شەراب و سرکەی مەی ناخواتەوە و خۆشاوی ترێ ناخواتەوە و ترێ و کشمیش ناخوات. 4 هەموو ڕۆژانی خۆتەرخانکردنەکەی هیچ شتێک لە هەموو ئەوەی لە بەری مێو دروستدەکرێت ناخوات، تەنانەت تۆو و توێکڵیش.
5 «”هەموو ڕۆژانی نەزر و خۆتەرخانکردنەکەی گوێزان بە سەریدا ناهێنرێت، پێویستە هەتا تەواوی ئەو ڕۆژانەی خۆی تەرخان کردووە بۆ یەزدان، پیرۆز بێت و قژی بهێڵێتەوە. 6 هەموو ڕۆژانی خۆتەرخانکردنەکەی بۆ یەزدان لە لاشەی مردوو نزیک ناکەوێتەوە، 7 بۆ دایک و باوک و برا و خوشکیشی، خۆی بەپێی ڕێوڕەسم گڵاو ناکات لە کاتی مردنیان، چونکە خۆتەرخانکردنی بۆ خودای خۆی بەسەر سەرەوەیە. 8 هەموو ڕۆژانی خۆتەرخانکردنەکەی بۆ یەزدان پیرۆز دەبێت.
9 «”ئەگەر یەکێکیش کتوپڕ لەلای مرد و قژە تەرخانکراوەکەی گڵاوکرد، ئەوا لە ڕۆژی پاکبوونەوەکەی سەری دەتاشێت، لە ڕۆژی حەوتەم دەیتاشێت. 10 لە ڕۆژی هەشتەمیش دوو کوکوختی یان دوو بێچووە کۆتر دەهێنێتە لای کاهین بۆ دەروازەی چادری چاوپێکەوتن. 11 کاهینیش یەکێکیان دەکاتە قوربانی گوناه و ئەوەی دیکە قوربانی سووتاندن و کەفارەتی بۆ دەکات لەو گوناهەی بەهۆی ئەو مردووەوە کردوویەتی و لەو ڕۆژەدا سەری تەرخان دەکاتەوە. 12 کاتێک ڕۆژانی خۆتەرخانکردنەکەی بۆ یەزدان تەرخان کردەوە، ئەوا بەرخێکی نێری یەک ساڵە وەک قوربانی تاوان دەهێنێت، بەڵام ڕۆژەکانی پێشتری هەژمارد ناکرێت، چونکە خۆتەرخانکردنەکەی گڵاو کردووە.
13 «”ئەمەش فێرکردنەکەیە دەربارەی ئەوەی خۆی تەرخان دەکات، ئەو ڕۆژەی ڕۆژانی خۆتەرخانکردنەکەی تەواو دەبێت دەهێنرێتە لای دەروازەی چادری چاوپێکەوتن. 14 جا قوربانییەکەی بۆ یەزدان پێشکەش دەکات، بەرخێکی نێری یەک ساڵەی ساغ بۆ قوربانی سووتاندن، بەرخێکی مێیەی یەک ساڵەی ساغ بۆ قوربانی گوناه، بەرانێکی بێ کەموکوڕی بۆ قوربانی هاوبەشی[f]، 15 سەبەتەیەک نان بەبێ هەویرترش[g]، کولێرە بە باشترین ئارد، زەیت شێلراو و ناسکە نانی[h] بە زەیت چەورکراو، لەگەڵ پێشکەشکراوی دانەوێڵەیان و شەرابی پێشکەشکراویان.
16 «”جا کاهین لەبەردەم یەزدان پێشکەشی دەکات، قوربانی گوناهەکە و قوربانی سووتاندنەکەی دەکات، 17 کاهینەکە سەبەتە نانە فەتیرەکە و بەرانەکەش دەکاتە قوربانی هاوبەشی بۆ یەزدان، لەگەڵ پێشکەشکراوی دانەوێڵە و شەرابی پێشکەشکراو.
18 «”لەدوای ئەوە لەلای دەروازەی چادری چاوپێکەوتن خۆتەرخانکەرەکە سەرە تەرخانکراوەکەی دەتاشێت و مووی سەرە تەرخانکراوەکەی دەبات و دەیکاتە سەر ئەو ئاگرەی لەژێر قوربانییەکەی هاوبەشییە.
19 «”پاش ئەوەی خۆتەرخانکەرەکە قژی خۆتەرخانکردنەکەی دەتاشێت، کاهینەکە شانی بەرانەکە بە کوڵاوی و کولێرەیەکی فەتیرە لە سەبەتەکە لەگەڵ ناسکە نانێکی فەتیرە دەبات و دەیانخاتە ناو دەستی خۆتەرخانکەرەکە. 20 کاهینیش لەبەردەم یەزدان وەک قوربانی بەرزکردنەوە بەرزیان دەکاتەوە، ئەو بەشە بۆ کاهین پیرۆزکراوە لەگەڵ سنگی بەرزکراوە و ڕانەکەی کە پێشکەشکراوە، ئینجا ئەوەی خۆی تەرخان کردووە شەراب دەخواتەوە.
21 «”ئەمە فێرکردنەکەیە دەربارەی خۆتەرخانکەر کە نەزر دەکات، قوربانییەکەی[i] بۆ یەزدانە سەرباری خۆتەرخانکردنەکەی، بەگوێرەی ئەو نەزرەی کە کردی، ئاوا دەکات بەگوێرەی فێرکردنی خۆتەرخانکردنەکەی.“»
بەرەکەتی کاهین
22 یەزدان بە موسای فەرموو: 23 «لەگەڵ هارون و کوڕەکانی بدوێ و بڵێ: ”بەم شێوەیە داوای بەرەکەت دەکەن بۆ نەوەی ئیسرائیل. پێیان دەڵێن:
24 «”’با یەزدان بەرەکەتدارت بکات و
بتپارێزێت.
25 با ڕووی یەزدان بەسەرتدا بدرەوشێتەوە و
لەگەڵت میهرەبان بێت.
26 با یەزدان ئاوڕت لێ بداتەوە و
ئاشتیت پێ ببەخشێت.‘“
27 «جا ناوم لەسەر نەوەی ئیسرائیل دادەنێن و منیش بەرەکەتداریان دەکەم.»
نموونەی جوتیارێک
4 دیسان عیسا لە کەناری دەریاچەی جەلیل دەستی کرد بە فێرکردنی خەڵک، خەڵکێکی ئێجگار زۆر لێی کۆبووەوە، تاکو وای لێهات چووە ناو بەلەمێکی ناو ئاوەکە دانیشێت، هەموو خەڵکەکەش لە نزیک ئاوەکە لەسەر وشکانی بوون. 2 بە نموونە زۆر شتی فێرکردن، لە فێرکردنەکەیدا پێیانی فەرموو: 3 «گوێ بگرن، جوتیارێک چووە دەرەوە تۆو بکات. 4 کە تۆوی دەوەشاند، هەندێکی کەوتنە سەر ڕێگا، باڵندەش هاتن و خواردیانن. 5 هەندێکیش کەوتنە سەر زەوییەکی بەردەڵان کە خۆڵی کەم بوو، خێرا سەریان دەرکرد، چونکە زەوییەکەی قووڵ نەبوو. 6 بەڵام کە ڕۆژ هەڵهات سووتان و وشک بوون، چونکە ڕەگیان نەبوو. 7 هەندێکیشیان کەوتنە نێو دڕکان، دڕکەکان گەورە بوون و خنکاندیانن و بەرهەمیان نەدا. 8 هەندێکیش کەوتنە سەر زەوییەکی باش، ڕوان، گەشەیان کرد و بەرهەمیان دا، یەک بە سی و یەک بە شەست و یەک بە سەد.»
9 ئینجا فەرمووی: «ئەوەی گوێی بیستنی هەیە، با ببیستێت!»
10 کاتێک بە تەنها بوو، ئەوانەی لە دەوروپشتی بوون لەگەڵ دوازدەکە[a]، دەربارەی نموونەکە لێیان پرسی. 11 ئەویش پێی فەرموون: «نهێنی شانشینی خودا بە ئێوە دراوە، بەڵام ئەوانەی لە دەرەوەن هەموو شتێکیان بە نموونە پێ دەگوترێت، 12 بۆ ئەوەی
«[بە سەیرکردن سەیر بکەن، بەڵام نەبینن،
بە بیستن ببیستن، بەڵام تێنەگەن،
نەوەک بگەڕێنەوە و ببەخشرێن!][b]»
13 ئینجا پێی فەرموون: «ئایا لەم نموونەیە تێنەگەیشتن؟ باشە چۆن لە هەموو نموونەکان تێدەگەن؟ 14 جوتیارەکە پەیامی خودا تۆو دەکات. 15 هەندێک کەس وەکو ئەو تۆوانەن کە دەکەونە سەر ڕێگاکە، کە پەیامەکەیان لێ تۆو دەکرێت، کاتێک دەیبیستن دەستبەجێ شەیتان دێت و ئەو پەیامەیە دەبات کە تێیاندا تۆوکراوە. 16 ئەوانەی تر کە لەسەر بەردەڵانەکە تۆوکران، ئەوانەن کە پەیامەکە دەبیستن و یەکسەر بە خۆشییەوە وەریدەگرن، 17 بەڵام بۆ ماوەیەکی کەم دەمێنن چونکە ڕەگیان نییە، دواتر لەبەر پەیامەکە تووشی تەنگانە و چەوسانەوە دەبن، یەکسەر دەکەون. 18 ئەوانەی دیکە کە لەنێو دڕکەکاندا تۆوکران، ئەمانە ئەوەن کە پەیامەکە دەبیستن، 19 بەڵام خەمی ژیان و فریوخواردنی دەوڵەمەندی و ئارەزووی شتەکانی دیکە دێنە ناوەوە و پەیامەکە دەخنکێنن، ئیتر بێ بەرهەم دەبن. 20 ئەوانەی دیکە کە لەسەر زەوییەکی چاک تۆوکران، ئەوانەن کە پەیامەکە دەبیستن و وەریدەگرن و بەرهەم دەدەن، یەک بە سی و یەک بە شەست و یەک بە سەد.»
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.