Old/New Testament
لێڤییەکان
3 ئەمەش نەوەی هارون و موسایە، ئەو ڕۆژەی یەزدان لەگەڵ موسادا لە شاخی سینا دوا.
2 ئەمەش ناوی کوڕەکانی هارونە، نادابی نۆبەرە و ئەبیهو و ئەلعازار و ئیتامار. 3 ئەمەش ناوی نەوەکانی هارونە، کاهینە دەستنیشانکراوەکان ئەوانەی ئەرکی کاهینیێتییان پێ سپێردراوە. 4 ناداب و ئەبیهو لەبەردەم یەزدان مردن، کاتێک لە چۆڵەوانی سینا ئاگرێکی نامۆیان لەبەردەم یەزدان پێشکەش کرد[a]. لەبەر ئەوەی هیچ کوڕیان نەبوو، ئەلعازار و ئیتامار لەبەردەم هارونی باوکیان خزمەتی کاهینیێتییان کرد.
5 هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو: 6 «هۆزی لێڤی بهێنە پێش و لەبەردەم هارونی کاهین ڕایانبگرە و با یاریدەدەری بن، 7 جا هەڵدەستن بە پارێزگاری بۆ ئەو و لە جیاتی هەموو کۆمەڵ لەبەردەم چادری چاوپێکەوتن، بەهۆی کارکردنیان لە چادرەکەی پەرستن. 8 پارێزگاری لە هەموو قاپوقاچاغەکانی چادری چاوپێکەوتن دەکەن و بە کارکردنیان لە چادرەکەی پەرستن کار بۆ نەوەی ئیسرائیل دەکەن. 9 لێڤییەکان دەدەیتە هارون و کوڕەکانی، لەنێو نەوەی ئیسرائیلدا ئەوان بە تەواوەتی پێشکەشکراون بەو. 10 هارون و کوڕەکانی دادەمەزرێنیت و کاهینیێتییەکەیان دەپارێزن و هەرکەسێکی دیکە لە پیرۆزگا نزیک ببێتەوە دەکوژرێت.»
11 یەزدان بە موسای فەرموو: 12 «ئێستا من لێڤییەکان دەبەم، لەنێو نەوەی ئیسرائیل لە جیاتی هەر نۆبەرەیەکی نێر لە سکی ئافرەت کە لە نەوەی ئیسرائیل بێت. ئیتر لێڤییەکان دەبنە هی من، 13 چونکە هەموو نۆبەرەیەک بۆ منە، ئەو ڕۆژەی لە خاکی میسردا لە هەموو نۆبەرەیەکم دا، ئەوا هەموو نۆبەرەیەک لە ئیسرائیلدا لە خەڵک و لە ئاژەڵ بۆ خۆمم پیرۆز کرد، بۆ من دەبن، من یەزدانم.»
14 هەروەها یەزدان لە چۆڵەوانی سینادا بە موسای فەرموو: 15 «نەوەی لێڤی بەگوێرەی بنەماڵەکانیان و خێڵەکانیان تۆمار بکە، هەموو نێرینەیەک لە کۆرپەی یەک مانگ بەرەو سەرەوە تۆمار دەکەیت.» 16 موساش بەگوێرەی فەرمایشتی یەزدان هەروەک فەرمانی کردبوو، تۆماری کردن.
17 ئەمانە ناوی نەوەکانی لێڤی بوو:
گێرشۆن و قەهات و مەراری.
18 ئەوەش ناوی دوو کوڕەکەی گێرشۆنە بەگوێرەی خێڵەکانیان:
لیبنی و شیمعی.
19 نەوەی قەهاتیش بەگوێرەی خێڵەکانیان:
عەمرام و یەسهار و حەبرۆن و عوزیێل.
20 دوو کوڕەکەی مەراریش بەگوێرەی خێڵەکانیان:
مەحلی و موشی.
ئەمە خێڵی لێڤییەکانە بەگوێرەی بنەماڵەکانیان.
21 بۆ گێرشۆن خێڵی لیبنییەکان و خێڵی شیمعییەکان.
ئەمە خێڵەکانی گێرشۆنییەکانە، 22 ژمارەی هەموو نێرینەیەکی کوڕی یەک مانگ بەرەو سەرەوە، تۆمارکراوان لێیان حەوت هەزار و پێنج سەد کەس بوون. 23 خێڵەکانی گێرشۆنییەکان لە پشت چادری پەرستنەوە بەلای ڕۆژئاوا چادر هەڵدەدەن، 24 گەورەی بنەماڵەی گێرشۆنییەکانیش ئەلیاسافی کوڕی لائێل بوو. 25 نەوەی گێرشۆن لە چادری چاوپێکەوتن بەرپرسیار بوون لە پارێزگاری چادرەکەی پەرستن و چادرەکە و پۆشەرەکەی، پەردەی دەروازەی چادری چاوپێکەوتن، 26 پەردەکانی حەوشەکە و پەردەی دەروازەی حەوشەکە کە لە دەوری چادرەکەی پەرستنە و لە دەوری قوربانگاکەن بە چواردەوری و گوریسەکانی، لەگەڵ هەموو ئەو خزمەتەی پەیوەست بوو پێیانەوە.
27 بۆ قەهاتیش خێڵی عەمرامییەکان، خێڵی یەسهارییەکان، خێڵی حەبرۆنییەکان و خێڵی عوزیێلییەکان بوون. ئەمە خێڵەکانی قەهاتییەکانە 28 ژمارەی هەموو نێرینەیەکی کوڕی یەک مانگ بەرەو سەرەوە هەشت هەزار و شەش سەد کەس بوون. قەهاتییەکان بەرپرسیار بوون لە پارێزگاری پیرۆزگا. 29 خێڵەکانی نەوەی قەهات لەلای باشووری چادرەکەی پەرستن چادر هەڵدەدەن. 30 گەورەی بنەماڵەکانی خێڵەکانی قەهاتییەکانیش ئەلیچافانی کوڕی عوزیێل بوو. 31 بەرپرسیار بوون لە پارێزگاری سندوقەکە، مێزەکە، چرادانەکە، قوربانگاکان، قاپوقاچاغی پیرۆزگاکە کە خزمەتی پێ دەکەن، پەردەی شوێنی هەرەپیرۆز و هەموو ئەوەی لەگەڵی بەکاردەهێنرێت. 32 بۆ سەرۆکی سەرکردەکانی لێڤییەکانیش ئەلعازاری کوڕی هارونی کاهین، سەرپەرشتیار بوو بەسەر ئەو کەسانەی کە بەرپرسیار بوون لە پارێزگاری پیرۆزگا.
33 بۆ مەراری، خێڵی مەحلییەکان و خێڵی موشییەکان، ئەمە خێڵەکانی مەرارییە. 34 تۆمارکراوان لێیان بەپێی ژمارەی هەموو نێرینەیەکی کوڕی یەک مانگ بەرەو سەرەوە شەش هەزار و دوو سەد کەس بوون. 35 گەورەی بنەماڵەی خێڵەکانی مەراریش چووریێلی کوڕی ئەبیحەیلە، لەلای باکووری چادرەکەی پەرستن چادر هەڵدەدەن. 36 سەرپەرشتیاری پارێزگاری لە نەوەی مەراریش چوارچێوەکانی چادرەکەی پەرستن و کاریتەکانی و کۆڵەکەکانی و بناغەکانی و هەموو کەلوپەلەکانی و هەموو ئەوەی لەگەڵیدا بەکاردەهێنرێت و 37 کۆڵەکەکانی حەوشەکە لە چواردەوری و بنکە و سنگ و گوریسەکانی بوون.
38 موسا و هارون و کوڕەکانی لەلای ڕۆژهەڵاتی چادرەکەی پەرستن، ڕووەو ڕۆژهەڵات لەبەردەم چادری چاوپێکەوتن چادر هەڵدەدەن. بەرپرسیار بوون لە پارێزگاری پیرۆزگا لە جیاتی نەوەی ئیسرائیل، هەرکەسێکی دیکەش کە لە پیرۆزگا نزیک بکەوتبایەوە دەکوژرا.
39 هەموو تۆمارکراوانی لێڤییەکان ئەوانەی موسا و هارون بەپێی فەرمایشتی یەزدان بەگوێرەی خێڵەکانیان تۆماریان کردن، هەموو نێرینەیەکی کوڕی یەک مانگ بەرەو سەرەوە بیست و دوو هەزار کەس بوون.
40 هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو: «هەموو نێرینەیەکی نۆبەرە لە نەوەی ئیسرائیل لە کۆرپەی یەک مانگ بەرەو سەرەوە تۆمار بکە و لیستی ناوەکانیان وەربگرە. 41 من یەزدانم، لێڤییەکان لە جیاتی هەموو نۆبەرەیەکی نەوەی ئیسرائیل و مەڕوماڵاتی لێڤییەکانیش لە جیاتی هەموو نۆبەرەیەک لە مەڕوماڵاتی نەوەی ئیسرائیل بۆ من دادەنێیت.»
42 جا موسا وەک یەزدان فەرمانی پێ کرد هەموو نۆبەرەیەکی لە نەوەی ئیسرائیل تۆمار کرد، 43 هەموو کۆرپەیەکی نۆبەرەی نێرینە لە تەمەنی یەک مانگ بەرەو سەرەوە لە لیستی ناوەکان تۆمارکران، بیست و دوو هەزار و دوو سەد و حەفتا و سێ کەس بوون.
44 یەزدان بە موسای فەرموو: 45 «لێڤییەکان لە جیاتی هەموو نۆبەرەیەک لە نەوەی ئیسرائیل دابنێ و مەڕوماڵاتی لێڤییەکانیش لە جیاتی مەڕوماڵاتەکانیان، جا لێڤییەکان بۆ من دەبن. من یەزدانم. 46 بۆ کڕینەوەی ئەو دوو سەد و حەفتا و سێیەش لە نۆبەرەکانی نەوەی ئیسرائیل کە لە لێڤییەکان زیاترن، 47 پێنج شاقل بۆ هەر سەرێک وەردەگریت، بەگوێرەی شاقلی پیرۆزگا وەریدەگریت. هەر شاقلێک بیست گێرایە. 48 زیوەکەش دەدەیتە هارون و کوڕەکانی، کڕینەوەی ئەوانەیە کە لێیان زیادن.»
49 جا موسا زیوی کڕینەوەیانی وەرگرت، لەوانەی لە کڕینەوەی لێڤییەکان زیاد بوون، 50 لە نۆبەرەکانی نەوەی ئیسرائیل هەزار و سێ سەد و شەست و پێنج زیوی[b] بەگوێرەی شاقلی پیرۆزگا وەرگرت. 51 موساش زیوی کڕینەوەکەی بە هارون و کوڕەکانی دا بەگوێرەی فەرمایشتی یەزدان، هەروەک یەزدان فەرمانی بە موسا کردبوو.
قەهاتییەکان
4 یەزدان بە موسا و هارونی فەرموو: 2 «سەرژمێری نەوەی قەهات لەنێو نەوەی لێڤییەکان بکەن، بەگوێرەی خێڵەکانیان و بنەماڵەکانیان، 3 لە پیاوی سی ساڵ بەرەو سەرەوە هەتا پەنجا ساڵ، هەموو ئەوانەی دەتوانن بچن بۆ خزمەت هەتا لە چادری چاوپێکەوتن کار بکەن.
4 «نەوەی قەهات خزمەتی شتە هەرەپیرۆزەکانی ناو چادری چاوپێکەوتن دەکەن. 5 هارون و کوڕەکانی لە کاتی کۆچکردنی ئۆردوگا دێن و پەردەکەی شوێنی هەرەپیرۆز هەڵدەگرنەوە و سندوقی شایەتی پێ دادەپۆشن. 6 ئینجا پۆشەرەکەی لە پێستی مانگای دەریا بەسەردا دەدەن و لەسەر ئەوەشەوە قوماشێک هەمووی ڕیسی مۆر بێت ڕایدەخەن و دارەکانیشی دەخەنە شوێنی خۆی.
7 «لەسەر مێزی نانی تەرخانکراو بۆ خودا قوماشێکی لە ڕیسی مۆر ڕادەخەن و لەگەن و قاپ و تاس و دۆلکەکانی شەرابی پێشکەشکراوی لەسەری دادەنێن و بەردەوام نانەکەی لەسەر دەبێت. 8 قوماشێکی سووری ئاڵیشی لەسەر ڕادەخەن و بە پۆشەرێک لە پێستی مانگای دەریا دای دەپۆشن و دارەکانی دەخەنە شوێنی خۆی.
9 «قوماشێک لە ڕیسی مۆر دەبەن و چرادانەکەی ڕووناکی و چراکانی و مەقاش و مەقەڵی و هەموو قاپوقاچاغەکانی زەیتەکەی کە خزمەتی پێ دەکەن دادەپۆشن. 10 لەگەڵ هەموو قاپوقاچاغەکەی دەیخەنە ناو پۆشەرێک لە پێستی مانگای دەریا و دەیخەنە سەر هەڵگرێک.
11 «لەسەر قوربانگا زێڕینەکەش قوماشێکی ڕیسی مۆر ڕادەخەن و بە پۆشەرێک لە پێستی مانگای دەریا دایدەپۆشن و دارەکانی دەخەنە شوێنی خۆی.
12 «هەموو قاپوقاچاغەکانی خزمەتکردن کە خزمەتی پێ دەکەن لە پیرۆزگا دەیبەن و لەناو قوماشێکی ڕیسی مۆر دایدەنێن و بە پۆشەرێک لە پێستی مانگای دەریا دای دەپۆشن و دەیخەنە سەر هەڵگرێک.
13 «خۆڵەمێشی قوربانگا بڕۆنزییەکەش هەڵدەگرن و قوماشێکی ئەرخەوانی لەسەر ڕادەخەن. 14 هەموو قاپوقاچاغەکانی کە لە قوربانگاکە بۆ خزمەت بەکاریدەهێنن دەیخەنە سەری، مەقەڵییەکان، چەنگاڵەکان، خاکەنازەکان و تاسەکان[c]، هەموو قاپوقاچاغی قوربانگاکە، پۆشەرێک لە پێستی مانگای دەریاشی بەسەردا ڕادەخەن و دارەکانی دەخەنە شوێنی خۆی.
15 «کاتێک هارون و کوڕەکانی لە پۆشینی پیرۆزگاکە و هەموو قاپوقاچاغی پیرۆزگاکە دەبنەوە، لە کاتی کۆچکردنی ئۆردوگاکە، ئینجا نەوەی قەهات بۆ هەڵگرتن دێن، بەڵام دەست لە شتە پیرۆزکراوەکان نادەن نەوەک بمرن، ئەوە بارهەڵگرتنی نەوەی قەهاتە لە چادری چاوپێکەوتن.
16 «ئەلعازاری کوڕی هارونی کاهینیش سەرپەرشتی زەیتی ڕووناکی، بخوورە بۆنخۆشەکە، پێشکەشکراوی دانەوێڵەی بەردەوام و زەیتی دەستنیشانکردن دەکات. هەروەها سەرپەرشتی هەموو چادرەکەی پەرستن دەکات، هەموو ئەوەی تێیدایە، بە شتومەکە پیرۆزەکانی و قاپوقاچاغەکانییەوە.»
17 هەروەها یەزدان بە موسا و هارونی فەرموو: 18 «خێڵەکانی قەهاتییەکان لەنێو لێڤییەکان دامەبڕن، 19 بەڵکو ئەمەیان بۆ بکەن، جا دەژین و لە کاتی نزیککەوتنەوەیان لە شتە هەرەپیرۆزەکان نامرن، هارون و کوڕەکانی دەچنە ژوورەوەی پیرۆزگاکە و هەرکەسێک لەسەر خزمەتەکەی و بارەکەی دادەنێن. 20 بەڵام بۆ ساتێک قەهاتییەکان ناچنە ژوورەوە بۆ ئەوەی شتە پیرۆزکراوەکان ببینن نەوەک بمرن.»
گێرشۆنییەکان
21 یەزدان بە موسای فەرموو: 22 «سەرژمێری نەوەی گێرشۆنیش بکە بەگوێرەی بنەماڵە و خێڵەکانیان، 23 لە پیاوی سی ساڵ بەرەو سەرەوە هەتا پەنجا ساڵ تۆمار دەکەیت، هەموو ئەوانەی بچنە خزمەت هەتا لە چادری چاوپێکەوتندا خزمەت بکەن.
24 «ئەمەش خزمەتی خێڵەکانی گێرشۆنییەکانە لە خزمەت و لە بارهەڵگرتن، 25 پڵاسەکانی چادرەکەی پەرستن و چادری چاوپێکەوتن و پۆشەرەکەی و پۆشەرە پێست مانگای دەریاکە کە لە سەرەوە لەسەریەتی و پەردەکەی دەروازەی چادری چاوپێکەوتن هەڵدەگرن. 26 هەروەها پەردەکانی حەوشەکە، ئەوانەی لە دەوری چادری پەرستن و لە دەوری قوربانگاکەن بە چواردەوریدا، پەردەی دەروازەی حەوشەکە، لەگەڵ گوریسەکانی و هەموو ئەوەی لەگەڵیدا بۆ خزمەت بەکاردەهێنرێت، هەموو ئەوەی بۆیان دیاری دەکرێت، گێرشۆنییەکان دەیکەن. 27 هەموو خزمەتی نەوەی گێرشۆنییەکان چ لە بارهەڵگرتن یان هەر کارێکی دیکە بە سەرپەرشتی هارون و کوڕەکانی دەبێت، تۆش دیاریکردنی بەرپرسیاریێتی هەموو بارەکانی خۆیان پێ دەسپێریت، 28 ئەمە خزمەتی خێڵەکانی نەوەی گێرشۆنییەکانە لە چادری چاوپێکەوتن و ئیتاماری کوڕی هارونی کاهین سەرپەرشتییان دەکات.
مەرارییەکان
29 «نەوەی مەراری بەگوێرەی خێڵەکانیان و بنەماڵەکانیان تۆماریان دەکەیت. 30 لە پیاوی سی ساڵ بەرەو سەرەوە هەتا پەنجا ساڵ تۆمار دەکەیت، هەموو ئەوانەی دەچنە خزمەت هەتا خزمەتەکەی چادری چاوپێکەوتن بکەن. 31 ئەمەش بەرپرسیاریێتی خزمەتەکەیانە لە چادری چاوپێکەوتن، چوارچێوەکانی چادرەکەی پەرستن و کاریتەکانی، کۆڵەکەکانی، بناغەکانی، 32 کۆڵەکەکانی حەوشەکە بە چواردەوریدا، بناغەکانی، سنگەکانی و گوریسەکانی لەگەڵ هەموو قاپوقاچاغ و هەموو ئەوەی لەگەڵیدا بەکاردەهێنرێت. بە ناویش هەر پیاوێک دیاری دەکەیت بۆ ئەو شتەی پێویستە هەڵیبگرێت. 33 ئەمە خزمەتی خێڵەکانی نەوەی مەرارییە، هەموو خزمەتەکەیان لە چادری چاوپێکەوتن بە سەرپەرشتی ئیتامار کوڕی هارونی کاهینە.»
تۆمارکردنی خێڵەکانی لێڤییەکان
34 جا موسا و هارون و ڕابەرەکانی کۆمەڵ نەوەی قەهاتییەکانیان تۆمار کرد، بەگوێرەی خێڵەکانیان و بنەماڵەکانیان، 35 لە پیاوی سی ساڵ بەرەو سەرەوە هەتا پەنجا ساڵ، هەموو ئەوانەی دەچنە خزمەتەوە بۆ خزمەتکردن لە چادری چاوپێکەوتن. 36 جا تۆمارکراوەکانیان بەگوێرەی خێڵەکانیان دوو هەزار و حەوت سەد و پەنجا کەس بوون. 37 ئەوانە تۆمارکراوەکانن لە خێڵەکانی قەهاتییەکان، هەموو ئەوانەی لە چادری چاوپێکەوتندا خزمەت دەکەن، ئەوانەی موسا و هارون بەگوێرەی فەرمایشتی یەزدان لەسەر دەستی موسا تۆماریان کردن.
38 تۆمارکراوەکانی نەوەی گێرشۆنیش بەگوێرەی خێڵەکانیان و بنەماڵەکانیان، 39 لە پیاوی سی ساڵ بەرەو سەرەوە هەتا پەنجا ساڵ، هەموو ئەوانەی دەچنە خزمەتەوە بۆ خزمەتکردن لە چادری چاوپێکەوتن، 40 تۆمارکراوەکانیان بەگوێرەی خێڵەکانیان و بنەماڵەکانیان دوو هەزار و شەش سەد و سی کەس بوون. 41 ئەوانە تۆمارکراوەکانن لە خێڵەکانی نەوەی گێرشۆن، هەموو ئەوانەی لە چادری چاوپێکەوتندا خزمەت دەکەن، ئەوانەی موسا و هارون بەگوێرەی فەرمایشتی یەزدان تۆماریان کردن.
42 تۆمارکراوان لە خێڵەکانی نەوەی مەراریش بەگوێرەی خێڵەکانیان و بنەماڵەکانیان 43 لە پیاوی سی ساڵ بەرەو سەرەوە هەتا پەنجا ساڵ، هەموو ئەوانەی دەچنە خزمەتەوە بۆ خزمەتکردن لە چادری چاوپێکەوتندا، 44 تۆمارکراوەکانیان بەگوێرەی خێڵەکانیان سێ هەزار و دوو سەد کەس بوون. 45 ئەوانە تۆمارکراوەکانن لە خێڵەکانی نەوەی مەراری کە موسا و هارون بەگوێرەی فەرمایشتی یەزدان لەسەر دەستی موسا تۆماریان کردن.
46 هەموو تۆمارکراوەکانی لێڤییەکان کە موسا و هارون و سەرکردەکانی ئیسرائیل تۆماریان کردن بەگوێرەی خێڵەکانیان و بنەماڵەکانیان، 47 لە پیاوی سی ساڵ بەرەو سەرەوە هەتا پەنجا ساڵ، هەموو ئەوانەی دەچنە خزمەتەوە بۆ کاری خزمەت و کاری بارهەڵگرتن لە چادری چاوپێکەوتندا، 48 تۆمارکراوان لێیان هەشت هەزار و پێنج سەد و هەشتا کەس بوون. 49 بەپێی فەرمایشتی یەزدان لەسەر دەستی موسا، هەرکەسێک بەگوێرەی خزمەتەکەی و بارهەڵگرتنەکەی تۆمارکرا.
بەم شێوەیە موسا تۆماری کردن وەک چۆن یەزدان فەرمانی پێ کرد.
عیسا و سەرۆکی ڕۆحە پیسەکان
20 عیسا چووە ماڵێک و دیسان خەڵکێکی زۆریان لێ کۆبووەوە، بە شێوەیەک نەیانتوانی نان بخۆن. 21 کاتێک کەسوکاری بیستیان، هاتن بیگرن، چونکە دەیانگوت: «مێشکی تێکچووە.»
22 مامۆستایانی تەوراتیش کە لە ئۆرشەلیمەوە هاتبوون، گوتیان: «بەعلزەبول[a] دەستی بەسەردا گرتووە، بە سەرۆکی ڕۆحە پیسەکان، ڕۆحی پیس دەردەکات.»
23 عیسا بانگی کردن و بە نموونە قسەی بۆ کردن: «شەیتان چۆن دەبێت شەیتان دەربکات؟ 24 ئەگەر شانشینێک دووبەرەکی تێدابێت، ئەو شانشینە خۆی ڕاناگرێت. 25 ئەگەر ماڵێکیش دووبەرەکی تێدابێت، ئەو ماڵە خۆی ڕاناگرێت. 26 ئەگەر شەیتان لە خۆی هەڵگەڕایەوە و دووبەرەکی تێکەوت، خۆی ڕاناگرێت، بەڵکو کۆتایی پێ دێت. 27 کەسیش ناتوانێت بچێتە ماڵی بەهێزێک و شتەکانی تاڵان بکات، ئەگەر یەکەم جار نەیبەستێتەوە، ئینجا ماڵەکەی تاڵان بکات. 28 ڕاستیتان پێ دەڵێم: هەموو گوناه و کفرکردنێکی مرۆڤ کە دەیکات دەبەخشرێن، 29 بەڵام ئەوەی سەبارەت بە ڕۆحی پیرۆز کفر بکات، هەرگیز نابەخشرێت، بەڵکو بە گوناهێکی هەتاهەتاییەوە تاوانبارە.» 30 ئەمەی گوت چونکە دەیانگوت: «ڕۆحی پیسی هەیە.»
دایک و براکانی عیسا
31 دایک و براکانی عیسا هاتن، لە دەرەوە ڕاوەستان و ناردیان بەدوایدا. 32 خەڵکیش لە دەوروبەری دانیشتبوون، پێیان گوت: «وا دایک و براکانت لە دەرەوە بەدواتدا دەگەڕێن.»
33 وەڵامی دانەوە و فەرمووی: «دایکم کێیە و براکانم کێن؟»
34 چاوی گێڕا بەسەر ئەوانەی لە دەوروپشتی دانیشتبوون و فەرمووی: «دایک و برای من ئەمانەن. 35 ئەوەی بە خواستی خودا بکات، خوشک و برا و دایکمە.»
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.